سنور ميديا
857 جار بینراوە 30/6/2018 01:09 PM

حكومەتی عێراق پۆلیسی فیدراڵی رەوانەی ئه‌م ناوچه‌ى كوردستان كرد



سنور ميديا

حكومەتی عێراق هێزێكی پۆلیسی فیدرالی رەوانەی ناوچە كاكەیی نیشینەكانی باشوری كەركوك كردووە، بۆ پاراستنیان لە هێرشی داعش، بەڵام كاكەییەكان "متمانەیان بەهێزەكەی عێراق نیە و بەردەوامن لە بەجێهێشتنی ناوچەكە".

 

ماوەیەكە ناوچە كاكەیی نیشینەكانی كەركوك كەوتونەتەبەر هێرشی چڕی داعش و تائێستا سێ گوندیان چۆڵكردووە، لەكاتێكدا هیچ هێزێكی عێراق لەناوچەكەیان جێگیرنەكراوە بۆ پاراستنیان، ئەوەش لەكاتێكدایە هێزە عێراقیەكان چەك هەڵگرتنیان لێسنورداركردوون.

 

هاوڵاتیەكی كاكەیی دانیشتوی گوندی عەلی سەرای باشوری كەركوك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریكا-ی وت، "هێزە عێراقیەكان خۆیان نامانپارێزن، كەچی رێگەش نادەن خۆمان پڕچەك بكەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش".

 

ئاماژەی بەوەشكرد، "رێگەیان پێداوین تەنها چەكێك و یەك مەخزەن فیشەك هەڵبگرین، كە بەشی 10 خولەكمان ناكات تا بەكاری بهێنین بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش."

 

چوارشەمەی رابردوش ئەلیس ولبول ی نوێنەری سكرتێری نەتەوە یەكگرتوەكان سەردانی گوندە كاكەیی نیشینەكانی باشوری كەركوكی كرد، بەڵێنی فشارخستنە سەر حكومەتی عێراق و گێرانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكەیان پێدابوون.

 

هاوكات زیاد كاكەیی، هاوڵاتیەكی دانیشتوی قەزای داقوق ی رۆژئاوای كەركوكە، كاتێك قسەی بۆ دەنگی ئەمەریكا كرد سەرقاڵی گواستنەوەی ماڵەكەی بوو بۆ شاری هەڵەبجە، وتی، "ئێمە متمانەمان بە سوپای عێراق نییە بمانپارێزێت."

 

ئەو هاوڵاتیە كاكەییە، ئاماژەی بەوەكرد، حكومەتی عێراق توانای پاراستنی ناوچە كاكەیی نیشینەكانی نییە و كاكەییەكانیشی لەچەك داماڵیوە، وتیشی، "حكومەتی عێراق نەك نامانپارێت، بەڵكو چەكەكانمان لێدەسێنێت، داعشیش بەئارەزووی خۆی هێرشمان دەكاتە سەر، تەنها چارەسەریش گەڕانەوەی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەكە."

 

جمو جۆڵەكانی داعش نەك گوندەكانی دەوروبەری كەركوك، بەڵكو ترسی لەنێو دانیشتوانی كەركوكیشدا دروستكردووە، بەتایبەت شەوی رابردوو پۆلیسی كەركوك خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و دانیشتوانی ناو شاریش شەوێكی پڕ لەترس و دڵەراوكێیان بەڕێكرد.

 

نەقیب سۆران حسێن ئەفسەر لە سوپای عێراق، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووەە، "داعش جم و جۆڵەكانی لە شەواندا تۆقێنەرە، بە مەفرەزەی گەورە دەسورێنەوە بەناوچەكەدا، تەنانەت هەندێكجار ژمارەی چەكدارانی مەفرەزەكانیان دەگاتە 70 چەكدار."

 

ئاماژەی بەوەشكرد، "داعش لەرۆژدا دەچنە نێو حەشارگەكانیان و نابینرێن، بەڵام بەشەوان هێرشەكانیان دەست پێدەكەن."

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure