يه‌كێتى و پارتى
1400 جار بینراوە 31/8/2015 12:03 PM

ورده‌كارى و ڕاستيه‌كانى 31ى ئابى شه‌ڕى خوێناوى نێوان يه‌كێتى و پارتى



سنور ميديا 

31ی‌ ئاب رۆژێكی‌ ئه‌وه‌نده‌ مێژوییه‌ كه‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ نه‌وه‌كانی‌ ئێستا‌و داهاتوی‌ كوردستاندا ناسڕرێته‌وه‌، لێپرسراوێكی‌ یه‌كێتی‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ تێپه‌ڕینی‌ 17 ساڵ‌ به‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌دا، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر رۆڵی‌ وڵاتانی‌ ئێران‌و توركیا‌و ئه‌مه‌ریكا له‌و روداوه‌داو ده‌ڵێت "ئێرانیه‌كان وه‌ك باوكی دو منداڵی چه‌تون هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ ده‌كرد".



شه‌ڕێك كه‌ ده‌بو روبدات!
ئه‌م لێپراسراوه‌ی‌ یه‌كێتی‌ كه‌ به‌سه‌رنجدان له‌دۆخی‌ سیاسی‌ ئێستای‌ كوردستان‌و په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ نێوان یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ نایه‌وێت ناوی‌ خۆی‌ ئاشكرا بكات، پێیوایه‌ له‌دوای‌ ته‌قاندنی‌ یه‌كه‌م پریشكی‌ شه‌ڕی‌ ناوخۆوه‌ له‌سه‌ر ریزه‌ دوكانێك له‌قه‌ڵادزێ‌، له‌به‌ر زیاد له‌هۆكارێك ئه‌سته‌م بو یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ خۆیان له‌شه‌ڕ لابده‌ن بۆ یه‌كلایی‌ كردنه‌وه‌ی‌ كێشه‌و ململانێكانیان، ئه‌و وتی‌ هه‌ر كه‌ شه‌ڕ ده‌ستیپێكردو به‌خێرایی‌ ته‌شه‌نه‌ی‌ كرد بۆ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ناوچه‌كانی‌ كوردستان‌و هه‌ردولا ده‌ستیان چوه‌ خوێنی‌ یه‌كتر‌و سه‌نگه‌ریان له‌یه‌كگرت‌و دیواری‌ توره‌كه‌ خۆڵیان له‌شارو شارۆچكه‌و دۆڵ‌‌و چیاكاندا به‌رامبه‌ر یه‌كتر هه‌ڵچنی‌، وه‌ستانی‌ زه‌حمه‌ت بو، به‌تایبه‌تی‌ دوای‌ شكستهێنانی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئاشتكردنه‌وه‌ له‌دبلن‌و درۆگیداو دوای‌ رێگرتن له‌گه‌یاندنی‌ نامه‌كه‌ی‌ نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ بارزانی‌ له‌لایه‌ن قوتبه‌ سه‌ره‌كی‌و به‌هێزه‌كانی‌ شه‌ڕه‌وه‌ له‌ناو یه‌كێتیدا‌و دوای‌ ئه‌وه‌ش كه‌ یه‌كێتی‌ دڵنیابو له‌وه‌ی پارتی مه‌رجی‌ ته‌عجیزیی هه‌یه‌و پێش هه‌مو شتێك داوای چۆڵكردنی هه‌ولێر ده‌كه‌ن ئیتر هیچ ئومێدێك نه‌ماو بژارده‌ی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ململانێكانی‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌شه‌ڕی سه‌ربازیی، بو به‌باشترین بژارده‌.


ئێران هه‌میشه‌ له‌سه‌ر خه‌ت بو
لێپرسراوه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ تا شه‌ڕی‌ ناوخۆ ده‌ستیپێكرد، وه‌ك یه‌ك سه‌یری یه‌كێتی‌و پارتییان ده‌كردو مامه‌ڵه‌ی‌ هاوشێوه‌یان ده‌كرد، جارێك له‌گه‌ڵ یه‌كێتی‌‌و جارێك له‌گه‌ڵ پارتی هه‌م باش بون‌و هه‌میش به‌خراپ ره‌فتاریان ده‌كرد.


ئه‌و وتی‌ "ئێرانیه‌كان وه‌ك باوكی دو منداڵی چه‌تون هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵمان ده‌كرد، ئێرانیه‌كان چاویان له‌سه‌ر سێ‌ خاڵی‌ گرنگ بو كه‌ تا ئه‌مڕۆش جێی‌ بایه‌خن‌و گرنگن: یه‌كه‌م، رێگه‌ خۆشكردن بۆ گروپه‌ ئیتلاعاتیه‌كانی ئێران‌و رێگه‌ پێدانیان كه‌ هه‌ر چالاكیه‌ك له‌ناو كوردستاندا له‌دژی نه‌یارانی ئێران‌و له‌دژی‌ رژێمی‌ عێراق بكه‌ن. دوه‌م، پاراستنی‌ سنوره‌كانی ئێران له‌مه‌فره‌زه‌ی چه‌كدارو كاری نایاسایی ئۆپۆزیسیۆنی‌ ئێران. سێهه‌م، كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نفوزی ئه‌مه‌ریكاو ئیسرائیل‌و ئه‌وروپی‌و توركی له‌هه‌رێمی‌ كوردستاندا"

 


وتیشی‌ "دوای ئه‌وه‌ی بێئومێدبوین له‌هه‌وڵه‌كانی ئاشتی له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌مه‌ریكاو ئه‌وروپا‌و توركیا ناچار ی،ن،ك په‌نای برد بۆ ئێرانیه‌كان‌و چوه‌ ژێر باری گشت داواكاریه‌كانیانه‌وه‌، له‌و كاته‌دا داواكارییه‌كانیشیان زیادیكرد بۆ داخستنی رادیۆی‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ كورد‌و لێدانی سه‌ربازیی ئه‌وان، له‌به‌رامبه‌ریشدا ئێرانیه‌كان چه‌ند گولله‌ تۆپێكیان نا به‌سه‌ری ره‌شه‌وه‌‌و هێزه‌كانی ی،ن،ك یش له‌دیوی حاجی ئۆمه‌رانه‌وه‌ بۆ سیده‌كان‌و ناوچه‌ی بارزان گوازرانه‌وه‌".


عێراق ئاماده‌بو
به‌پێی‌ لێدوانی‌ ئه‌و لێپرسراوه‌، ئه‌و كات‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌زگا ئیستخباری‌و ئه‌منی‌و سه‌ربازییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ هه‌مو هێزه‌كانی كوردستاندا به‌جۆرێك له‌جۆران په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆو ناراسته‌وخۆیان هه‌بو، جگه‌ له‌ ی،ن،ك كه‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نه‌مابو، "به‌قه‌ولی مام جه‌لال، حه‌وت به‌ردمان له‌دو نابون".


به‌ڵام پارتی‌ له‌و كاته‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ له‌گه‌ڵ‌ رژێمی‌ به‌عس تا ده‌هات تۆكمه‌تر ده‌بو، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ زیاتر له‌ساڵێك بو به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چوبو، پشتیوانیی‌ مادی‌و سه‌ربازی‌و مه‌عنه‌وی ده‌كران، كار گه‌یشت به‌وه‌ی به‌ئاشكراو به‌(مه‌حزه‌ر)و به‌كۆبونه‌وه‌ی ره‌سمی چه‌كی‌ قورس‌و سوكیان به‌"زرپۆش"ه‌وه‌ وه‌رده‌گرت‌و بۆ شاردنه‌وه‌شی‌ پارتی ده‌یوت "له‌وڵاتانی‌ ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاتمان كڕیوه‌".
لێپرسراوه‌كه‌ وتی‌ "له‌و كاته‌دا كه‌ هێزی ی.ن.ك به‌ره‌و ناوچه‌كانی‌ سیده‌كان‌و برادۆست‌و بله‌و بارزان ده‌كشێت، مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌ك بۆ سه‌دام حسێن ده‌نێرێت‌و داوای فریاكه‌وتن‌و رزگاركردنی كوردستانی لێده‌كات له‌ژێر چنگی ئێرانیه‌كان، كه‌ مه‌به‌ستی‌ ده‌رپه‌ڕاندنی ی.ن.ك بو له‌هه‌ولێر، ئه‌و نامه‌یه‌ تاریق عه‌زیز باسیكردوه‌و كاتی خۆشی بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ له‌ 23/8/ 1996 ده‌گاته‌ ده‌ستی سه‌دام حسێن‌و بڕیاری گرتنی هه‌ولێر به‌هێزه‌ چه‌كداره‌كان ده‌دات".


ئه‌مه‌ریكاو توركیا له‌په‌یوه‌ندی‌ یه‌كێتی‌‌و ئێران ناڕازی‌ بون
لێپرسراوه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ سه‌باره‌ت به‌رۆڵی‌ ئه‌مه‌ریكاو توركیاش له‌زه‌مینه‌ خۆشكردنی‌ 31ی‌ ئابدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان له‌و دۆستایه‌تیه‌و رێكه‌وتنه‌ی ی،ن،ك‌و ئێران بێزاربون، تیمه‌كانی CIA و MET هاتوچۆكانیان له‌گه‌ڵ زۆنی سه‌وزو قه‌ڵاچوالان بڕی، ته‌نیا له‌رێگه‌ی ته‌له‌فون‌و فاكسه‌وه‌ قسه‌و هه‌واڵ‌و زانیارییه‌كان ده‌هاتن‌و ده‌چون، نوێنه‌ری ی،ن،ك له‌ئه‌مه‌ریكا د. به‌رهه‌م ساڵح بو، له‌نێوان رای حكومه‌تی ئه‌مه‌ریكی‌و CIA و METی توركی سه‌ری لێشێوابو، هه‌رجاره‌وه‌ بۆچونكێی به‌سكرتێری گشتی ده‌گه‌یاند".


ئه‌و وتی‌ "د.به‌رهه‌م بێزاری ئه‌مه‌ریكیه‌كانی نه‌شارده‌وه‌، به‌ڵام مام جه‌لالیشی له‌وه‌ دڵنیا ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان ناهێڵن رژێمی‌ عێراق ته‌ده‌خول بكات، ده‌نا لێیانئه‌ده‌ن، ئه‌وه‌بو مام جه‌لال تا ئێواره‌ی 31 ئاب هه‌ر ده‌یوت ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌دام ئه‌دات ئه‌گه‌ر گه‌وجێتی وابكات، به‌كورتی رای ره‌سمی USAو CIA به‌دروستی نه‌گه‌یشته‌ سكرتێری گشتی، ئه‌م مه‌ته‌ڵه‌ تا ئێستاش گرێ كوێره‌یه‌كه‌ یان خه‌وشێكه‌ به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی ی،ن،ك‌و USAه‌وه‌. چونكه‌ كه‌ دواجار 31ی‌ ئاب رویدا، ئه‌مه‌ریكیه‌كان بێده‌نگ بون، د.به‌رهه‌م له‌واشنتۆنه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی وتی كه‌ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌و یه‌كشه‌ممه‌ ده‌وام نیه‌ هیچ وه‌ڵامێكی تری نه‌بو، توركیاش كه‌ ئه‌وكات به‌ئاشكرا یه‌كێتی به‌دۆستی PKKه‌و پارتی به‌دۆستی خۆی ده‌زانی له‌رێكه‌وتنی (دبلن)یشدا یه‌كێتی ملی بۆ ئه‌و خاڵه‌ نه‌دا كه‌ ده‌ڵێ ده‌بێت PKK به‌تیرۆریست بناسرێت، له‌یه‌كێتی‌ پڕ بو.


له‌رێكه‌وتنه‌كه‌ی فه‌ره‌نساشدا دیسان پرسی پێنه‌كرابون وه‌ك پیلانێك سه‌یری ده‌كرد، دواجار رای له‌گه‌ڵ رای پارتی‌و تیمه‌كانی CIA له‌توركیاو سلۆپی یه‌كانگیر بو، ئاسوده‌ بو به‌وه‌ی‌ له‌31ی‌ ئابدا رویدا".


یه‌كێتی.. ئه‌وساش قوتبه‌كان له‌ململانێدا بون
لێپرسراوه‌كه‌ی‌ یه‌كێتی‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "وه‌ك هه‌مو سه‌رده‌م‌و كاتێك، ئه‌وده‌مه‌ش ی.ن.ك فره‌ راو بیرو بۆچونی‌ تێدا بو، له‌وباره‌یه‌وه‌ جێگری سكرتێری گشتی كه‌ ئه‌وكات تازه‌به‌تازه‌ وه‌ك جێگر ناوی چوه‌ ناوانه‌وه‌ ته‌حه‌مولی ئه‌و فره‌ كوێخاییه‌ی نه‌كردو گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ به‌ریتانیا. هێزه‌كانی یه‌كێتی‌ كه‌ ئاودیوی ئێران ببون له‌به‌ر بێ سه‌رپه‌رشتیاری‌و نارێكوپێكی‌و تاڕاده‌یه‌ك مونافه‌سه‌ی قوتبه‌ سه‌ربازییه‌كانی ناو یه‌كێتی توشی شكست هاتن له‌جێبه‌جێكردنی پلانه‌كه‌یاندا".


ئه‌و وتی‌ "بارزانی ئه‌و هێزه‌ی به‌وه‌ وه‌سفكرد كه‌ گۆڕیان هه‌ڵكه‌نیوه‌و به‌پارتی ده‌ڵێن بڕۆ ناویه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ناچاری هانایان بۆ به‌غدا بردوه‌. سه‌روه‌ختی رۆژه‌كانی پێش 31/8 مه‌كته‌بی سیاسی قورسایی خۆی برد بۆ هه‌ولێرو بانگه‌وازی شه‌ڕو به‌رگرییان ده‌كرد، له‌ناویاندا یه‌كێك له‌هه‌ڤاڵانیان پێشنیازی كشانه‌وه‌ی‌ ئازایانه‌ی‌ كرد له‌هه‌ولێر، به‌ڵام روبه‌روی‌ ره‌خنه‌ بۆوه‌، بۆیه‌ بڕیاری شه‌ڕ درا به‌رامبه‌ر به‌هێزه‌كانی‌ سوپای‌ رژێمی‌ به‌عس گه‌ر هێرشبكاته‌ سه‌ر هه‌ولێر‌و سكرتێری گشتی‌و هه‌موشیان ئومێدێكیان به‌وه‌ هه‌بو كه‌ ئه‌مه‌ریكا ئینزاری عێراق ده‌كات گه‌ر ئه‌وه‌ روبدات سوپاكه‌ی‌ ته‌فروتونا ده‌كه‌ن بۆیه‌ به‌و گیانه‌وه‌ بڕیاری به‌رگری درا، سه‌ره‌نجام هێرش كراو چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌مه‌ریكاش هیچی‌ لێسه‌وز نه‌بو".

 

سه‌رچاوه‌ ئاوێنه‌ 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure