سنور ميديا
532 جار بینراوە 4/6/2018 11:47 AM

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق پلانی خۆی بۆ قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو ئاشکراکرد



سنور ميديا 

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق دوێنێ یەکشەممە بە سەرۆکایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پلانی چارەسەرکردنی کەمی ئاو، بۆئەوەی پێداویستییەکانی هاووڵاتییان و ئاودێری دابینبکرێت لە وەرزی هاویندا.

 

لە بەیاننامەیەکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدرەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی عەبادی کۆبووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق دا.

 

بەگوێرەی بەیاننامەکە ئەنجومەن گوێبیستی کورتەیەک لە وتەکانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بوو، کە پلانی چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی ئاوی لەخۆدەگرت بۆ ئەم وەرزی هاوینە.

 

هەروەها ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کرا لەسەر ئاستی داهاتی ئاو و ئەو ڕێوشوێنانەی کە وڵاتانی هاوسێ گرتوویانەتەبەر بەتایبەتیش پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ لە تورکیا.

 

هەروەها ئەنجومەنەکە چەند بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو لە ماوەی ئەم وەرزی هاوینەدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتییان و ئاودێری، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی چۆنێتی بەکارهێنانی ئاو.

 

ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێران و ڕووباری دیجلە لەلایەن تورکیا، بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە و لە هەندێک ناوچەی عێراق، هاووڵاتییان بە پیادە بەناو ئاوڕێژی ڕوباری فوراتدا لە بەر بۆ بەر پەڕیونەتەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure