د.رێبوار كەریم
2312 جار بینراوە 30/4/2018 04:03 PM

د.رێبوار كەریم له‌چاوپێكه‌وتنێكى تايبه‌ت دا بۆيه‌كه‌مجار چه‌ندين زانيارى ئاشكرا ده‌كات له‌سه‌ر پلان و داهاتووى هاوپه‌يمانى



سنور ميديا 

لە چاوپێككەوتنێكی تایبەتدا له‌گه‌ڵ سنور ميديا  وتەبێژو سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری جەختی لەوەكردەوە، نوسراوەكەی دلێری سەید مەجید، بەرپرسی مەكتەبی دارایی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ساختە نییە.

 

سنور ميديا: بەرنامەی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری چییە بۆ چوار ساڵی ئایندە؟

 

د. رێبوار كەریم: ئێمە پلانێكمان داناوە لە سێ‌ ئاست و 22 تەوەردا خۆی دەبینێتەوە، پلانمان هەیە كەچۆن هاوڵاتیانی خۆمان لەم نەهامەتییەی ئێستا تێیدان رزگار بكەین، ئەوەش پاش ئەوەی دەسەڵاتی كوردی بەهۆی سیاسەتە هەڵەكانی و سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆی تاڵانكارییەوە ئێمەیان گەڕاندەوە بۆ بەغدا.


بەدڵنییاییەوە بەشێكی زۆری پرسە گرنگەكانی كورد ئێستا پەیوەندی بە بەغداوە هەیە، ئێمە بۆ چارەسەری ئەو كێشانە دەچینە بەغدا.

 

سنور ميديا: خەڵكی كوردستان لە دۆخێكی دارایی خراپدایە، ئێوە چی دەكەن بۆ ئەم پرسە لە بەغدا؟

 

د.رێبوار كەریم: ئێمە زۆر بەروونی بەخەڵكمان وتووە، دوای ئەوەی دەنگی هاوڵاتیانی خۆمان بەدەست دەهێنین، لەماوەی شەش مانگ بۆ یەك ساڵ، پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران ناهێڵین، پێش هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقیش، پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران لەڕێگەی بەغداوە دەگەڕێنینەوە بۆ فەرمانبەران، ئەویش بەشێوازی قیست.


ئەمانە بەشێكی پەیوەندی بە بەغداوە هەیە، بەشێكیشی پەیوەندی بە مامەڵەكردنی نەوتەوە هەیە، ئێمە لەگەڵ مامەڵەیەكی دەستورین بۆ پرسی نەوت، تاوەكو مافەكانی خەڵك بەدەست بهێنینەوە، پارەی هاوڵاتیان لای حكومەتی هەرێم و لای بەغدایە، ئێمەوادەیكەین پارەی پاشەكەوتی فەرمانبەران بدرێتەوە پێیان.

 

سنور ميديا : دەوترێ‌ دروستبوونی هاوپەیمانی بەشێكە لە سیاسەتی یەكێتی و دوای ئەوەی دەنگ بەدەست دەهێنن جارێكی دیكە بەڕێز بەرهەم ساڵح و هاودیدەكانی دەچنەوە ناو یەكێتی، تا چەند ئەمە راستە؟

 

د. رێبوار كەریم: كاتی خۆی كە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو، هەتا ئەو رۆژەی كاك نەوشیروان كۆچی دوایی كرد، دەیانووت دەگەڕێتەوە ناو یەكێتی.


ئێمە خەڵكی كوردستان دڵنیادەكەینەوە، هاوپەیمانی هێزێكی پڕاوپڕە لە راستگۆیی، هێزێك نییە دروست كرابێت بۆ كاتێكی دیاریكراو، هاوڵاتیان دڵنیادەكەینەوە بەهیچ شێوەیەك ئێمە لەسەر ئەساسی تاكتیك و فێڵ ئەم هاوپەیمانییەمان دروست نەكردووە.

 

سنور ميديا : لەبانگەشەكانتاندا زۆر باسی قەیرانی دارایی دەكەن، بەڵام حزبە دەسەڵاتدارەكان دەڵێن، لەكاتی حكومڕانی بەرهەم ساڵح، بەبێ‌ بەرنامەو پلان سولفەی عەقارو زەواج و چەند كارێكی دیكەی كردووە، ئێوە قسەتان چییە بۆ ئەم رەخنانە؟

 

د.رێبوار كەریم: با من زانیارییەكت پێبدەم، لەسەردەمی كابینەی د.بەرهەم، چوار هەزارو 424 خوێندكار لەڕێگەی تواناسازییەوە نێردراوەتە دەرەوە بۆ خوێندن، 36 پێشینەی پیشەسازی دراوە، حەوت هەزار و 289 پێشینەی كشتوكاڵ دراوە، 15 هەزار و 47 قەرزی سەرمایەگوزاری دراوە، 171 هەزار و 303 سولفەی خانوبەرە دراوە، 214 هەزار و 764 سولفەی هاوسەرگیری دراوە.


ئەمانە لەپارەی حكومەت دراون، كەهی هاوڵاتیان خۆیان بووە، ئێمە بڕوامان بەوەهەیە كەپارەی خەڵك دەبێت بۆ خەڵك بێت، نەك بۆ گروپ و دەستە و تاقمی جیاواز، ئێمە ئەگەر دەسەڵات بگرینەوە دەست بەدڵنیاییەوە دووبارە ئەم سولفانە دەدەینەوە بە خەڵك.


ئەوەی زیانی گەیاندووە بە حكومەتی هەرێم ئەم سولفانە نییە، چونكە ئەم سولفانە بە قەرز بووەو ئەگەر ژیانی هاوڵاتیان باش بوایە دەیاندایەوە بە حكومەت، جگە لەوەش د.بەرهەم كە حكومەتی رادەستی كابینەی حەوت كردووە چوار ملیار دۆلاری بۆ بەجێهێشتوون، چی لەو پارەیە كرا؟ ئەی كوا ئەو پارەیەی لە نەوت فرۆشتن لە ساڵی 2012ەوە دەست كەوتووە؟، ئەوەی قەیرانی دارایی دروستكردووە دزی و تاڵانی نەوت بووە نەك سولفەی ئەقار و زەواج و ئەوانی دیكە.

 

سنور ميديا  : ئێوە گۆڕانكاری دەكەن لە فرۆشتن و هەناردەكردنی نەوت؟


د. رێبوار كەریم: د.بەرهەم یەكەم كەس و دواین كەس بوو، گرێبەستی نەوت و بوودجەی بردە پەرلەمان، لەوكاتەدا ئەوان لەزگەیان دەدا لە جامی پەرلەمان و كارەبای ناو پەرلەمانیان دەكوژاندەوە، خەڵكی كوردستان با باش بزانن، ئێمە پڕۆژەیەكمان هەیە بۆ ڕێگریكردن لە تاڵانكردنی نەوت، ئەگەر دەنگی ئەوانمان هەبێت بێگومان ڕێگری دەكەین لەم تاڵانكارییە.

 

سنور ميديا : بەڕێزت سەرۆكی لیستی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری لە سلێمانی، جیاوازی تۆ چییە دەبێت لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارانەی پێشتر دیومانن؟


د.رێبوار كەریم: من مامۆستایەك بووم لە زانكۆ، بە دڵنییاییەوە ئەگەر ئەم بارودۆخە باش بوایە هەر مامۆستا دەبووم، من دكتۆرام لە سیاسەت هەیە و بۆماوەی 13 ساڵیشە لە بوارەكەدام، كەهاتووم لەناو كیانێكی سیاسی كار دەكەم و دامەزرێنەریم و سەرۆكایەتی لیستەكەشیم وەرگرتووە، لەو باوەڕەوە بووە كە دەبێت لەگەرمەی بێئومێدیدا ئومێدێك دروست ببێت، چونكە منیش یەكێك بووم لەو كەسانەی ئومێدم نەمابوو بەچاكردنی ئەم وڵاتە، بەڵام كاتێك لەگەڵ كۆمەڵك دۆستدا گفتوگۆمان كرد و پلانمان دانا، ئێستا ئومێدی گەورەمان هەیە كە گۆڕانكاری گەورە بكەین.

 


بەهیچ شێوەیەك هیچ كەسێك من نابینێت بەهەمان شێوەی ئەو نوێنەرایەتیانەی كە لەرابردوودا كراوە، من بڕیارم داوە و هەر ئەوەش دروشمم بووە كە پەرلەمانتاری خەڵك بم نەك پەرلەمانتاری خۆم بم، من بۆ ئەوە ناڕۆمە پەرلەمان خزم و كەسوكاری خۆم دابمەزرێنم و دەستكەوتی حزبی و شەخسی بەدەست بهێنم، من بڕوام بەوە نییە كە هەندێك شتت نەبێت ژیانت تێكچووە، نەخێر من بڕوام بەوە هەیە سومعە و كەرامەت لە هەموو شتێك گرنگترە.


چۆن ئێستا رووم یەت و سنگ دەردەپەڕێنم و بەناو خەڵكدا دەڕۆم، بەهەمان شێوە لەبەغداش كارێك دەكەم رووم بێت بێمە ناوخەڵك، من بۆ خۆدەوڵەمەنكردن و گیرفان پڕكردن ناچم، من بۆ ئەوەدەچم خەمی خەڵك بگەیەنمە پەرلەمان و چارەسەری كێشەكانیان بۆ بكەم.

 

سنور ميديا : بەڕێزت مامۆستای زانكۆی سلێمانی و زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیت، ماوەیەكە بەهۆی كاری حزبییەوە لە زانكۆ دابڕاون، بیری زانكۆ و خوێندكارەكانت ناكەیت؟

 

د.رێبوار كەریم: بەرەوەڵا بیری زانكۆ و خوێندكارەكان دەكەم، لە زانكۆی سلێمانی بڕیارێك دەركراوە كە كاندیدەكان بۆیان نییە بچنەوە بۆ زانكۆ، منیش رێزم لەو بڕیارە گرتووەو نەچوومەتەوە زانكۆی سلێمانی.


بەڕاستی پڕبەدڵ بیری زانكۆ و خوێندكارەكان دەكەم، چونكە هەمیشە وزەیەكی زۆر لەو خوێندكارانەم وەردەگرم، هەمیشەش كە سەیریان دەكەم بیر لەوە دەكەمەوە كە ئەو خوێندكارانە بڕوانامەیان وەرگرت هەلێكی كاری باشیان هەبێت و ژیانێكی شایستەی بۆ دابین بكرێت، نەك هەتا ماوە رابكات بەدوای كار و ژیاندا، ئێمە وڵاتێكی هەبووین بەداخەوە كە گروپێكی كەم ئەو خێر و بێرەیان برد و كەسە باشەكانیش لە خێر وبێری ئەم وڵاتە بێبەری بوون.


نازانم تاچەند یاسا ڕێگەم پێدەدات، بەڵام پلانم هەیە لەماوەی كاری پەرلەمانتاریم بەشێوەی خۆبەخشانە وانە بڵێمەوە لە زانكۆكان.

 

سنور ميديا: هاوڵاتیان بانگەشەیەكی ساردیان بینی لە پارێزگای سلێمانی، بەپێی زانیارییەكانیش لە 10 رۆژی كۆتایی بانگەشەی هەڵبژاردن گەرم دەبێت، دەشوترێت ئێوەش بەشدارن لە گەرموگوڕكردنی بانگەشەكە و چەند سەركردەیەكی یەكێتیش دێنە ناو حزبەكەی ئێوە، ئەم قسانە تاچەند راستە؟

 

د.رێبوار كەریم: ئێمە لەسەرەتای بانگەشەی هەڵبژاردنەوە داوامانكرد ئەم بانگەشەیە بەشێوەیەكی مەدەنیانە بێت، خۆی فەلەسەفەی بانگەشەی هەڵبژاردن ئەوەیە زۆرترین خەڵك بەیتە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگیش بە تۆ بدەن، خۆشبەختانە ئێمە ئێستا لە خەڵكی دەبیستینەوە كە پێمان دەڵێن هاوپەیمانی راقیترین بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجام داوە.


ئەوەی بەرامبەرمان بوترێت چەواشەكارییە، هەرشتێكیشمان بەرامبەر بكرێت چەواشەكارییە و بە بەڵگە تەخت و تاراجیان هەڵدەوەشێنین.


ئەوەشی دەوترێت سەبارەت بەهاتنە دەرەوەی كەسی دیكە، ئەوە پەیوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێمە بڕیار بۆكەس دەرناكەین، خەڵك خۆی خاوەنی پێگە و رۆڵی خۆیەتی و هەرخۆشی بڕیار دەدات، ئێمە داواكارین هەموو خەڵكی كوردستانمان لەگەڵ بێت و دەنگمان پێبدەن، چونكە ئێمە بەتەنها رەخنە ناگرین، بەڵكو پرۆژەی چاككردنی ئەم وڵاتەشمان پێیە.

 

سنور ميديا : بەپێی هەندێك زانیاری كە دەستم كەوتوون، لە ماوەی داهاتوو هێرشی توند دەكرێتە سەر هاوپەیمانی، لەناویشیاندا خودی د.بەرهەم و بەڕێزت، ئێوە هیچ زانیارییەكتان هەیە لەو بارەیەوە؟

 

د.رێبوار كەریم: سێ‌ شت هەیە لە دونیا زۆر خراپە و ئەگەر بیكەی ناتوانی توخنی سیاسەت و ئەم كێبڕكێیانە بكەویت، ئەوانیش دزی و گەندەڵی، ئازاردانی خەڵك، لەگەڵ كێشەی ئەخلاقی، سوپاس بۆ خوا هیچیمان نەكردووە.


ئەوان دەیانەوێت دەنگ تەزویر بكەن، ئیتر چۆن شتی دیكە تەزویر ناكەن؟، ئێمە خۆمان بەوانەوە سەرقاڵ ناكەین، كاری ئێمە زۆر لەوە گەورەترە، ئەوان هەزار چەواشەكاری بكەن، ناتوانن ئێمە لە ئەقڵ و لە ویژادانی خەڵك دەربهێنن، ئەوان دەزانن ئێمە بەڕاستمانە بۆیە ئەو هەموو هێرشە دەكەنە سەرمان.

 

سنور ميديا: چەند رۆژی رابردوو، نوسراوێك بڵاوكرایەوە كە بەڕێز دلێری سەید مەجید، بەرپرسی دارایی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە، بەڕێز د.بەرهەم موڵك و ماڵی یەكێتی رادەست كردۆتەوە، بەڵام لەدوای بڵاوبونەوەی ئەو بەڵگەیە، دەنگۆی ئەوەش بڵاوكرایەوە كە ئەو نوسراوە ساختەیە، ئێوە دەتوانن ئەو نوسراوە پشتڕاست بكەنەوە؟

 

د.رێبوار كەریم: لە رۆژی 14\4\2018، بەڕێز كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی داوای لە بەرپرسی دارایی حزبەكەی كردووە روونكردنەوەیان بداتێ سەبارەت بەوەی كە د.بەرهەم چ موڵك و ماڵێكی یەكێتی لایە، دواتر لە 18\4\2018، بەرپرسی مەكتەبی دارایی یەكێتی كاك دلێری سەید مەجید، وەڵامێكی نوسیوە كە بەراستی ئێمە سوپاسی دەكەین بە ئینسافانە وەڵامی داوەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە موڵكی یەكێتی لای بەرهەم ساڵح نەماوە و پێشتریش ئیمتیازی رەتكردۆتەوە.

 


ئەمەوێت ئەوەت پێبڵێم ئەو نوسراوە %100 راستە، ئێمە چەنێكە دەڵێین كاك بەرهەم هیچی یەكێتی لانییە، هەر دەڵێن لایەتی، ئێمە وەڵامان بۆ هەموو ئەو قسانە ئەم نوسراوەیە.

 

سنور ميديا : ئاساییە بەلاتانەوە هەر بەرپرسێكی هاوپەیمانی موڵك و ماڵەكانیان لەلایەن یەكێتییەوە وەربگیرێتەوە؟

 

د.رێبوار كەریم: ئێمە زۆربەمان بە رەنجی خۆمان موڵك و ماڵمان كڕیوە، هەركەسێكیش موڵكی هەر حزبێكی دیكەی لایە، زۆر ئاساییە بەلامانەوە لێیوەربگیرێتەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure