پارتیو یەکێتی |
921 جار بینراوە |
30/4/2018 01:58 PM |
|
دروشمە سەرەکییەکانی پارتیو یەکێتی؛ دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان و بەدەستهێنانەوەی ئایندەمان
د.محمەد علی
(دەستکەوتی زیاتر بۆ کوردستان) و (بەدەستھێنانەوەی ئایندەمان)، دوو دروشمی کۆمیدیو تراژیدی ئەم هەڵبژاردنەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، ئەم دروشمانە جگە لەوەی چەواشەکاریو ناراستگۆییەکی ئاشکرای پێوە دیارە، هاوکات تەعبیرە لەسەرلێشێواوی سیاسی ئەم دوھێزە. پارتی جگە لەشکستی ئابوری و ئیفلاسی سیاسی، کام دەستکەوتەی ھەبوە لە ڕابردودا ھەتاوەکو دەستکەوتی زیاترمان بۆ بەدەست بھێنێت؟! یەکێتی ئێستەو ئایندەی خۆی لە مەترسیدایە، بەڵام باس لە ئایندەی میللەتەکەمان دەکات...! لەلایەکی دیکەوە دروشمەکەی یەکێتی، خاڵی خاڵی لە جدیەتو مەغزای سیاسی، لەڕوی رێزمانو واتاشەوە بێماناو ناتەواوە. ئەم دوو حیزبە نەک ناتوانن دەستکەوتی زیاتر بەدەست بھێنن و ببنە حیزبی ئایندە، بەڵکو لە ڕابردوشدا شکستیان ھێناوەو ئێستایەکی باشیان نیەو جێگای ئومێدی داھاتوش نین بەم بەڵگانەی خوارەوە :
یەکەم: لەڕوی دامەزراوەییو سەروەری یاساوە، پەرلەمانیان داخست، ئێستاش پەرلەمانێکی بێ گیانو بێ کاریگەر ھەیە. شتێک نەماوە بەناوی حکومەتی ھەرێمەوەو دەسەڵاتی دادوەریش بەکاردەھێنن بۆ مەرامی حیزبی و بنەماڵەییو بێ بەهاکردنی تەواوی دامەزراوەکانی تر.
دوەم: مومارەسەکردنی کوردایەتیەکی ساختەو بێئەرزشکردنی ڕیفراندۆمو پرسی دەوڵەتی کوردی.
سێیەم: گەورەترین ناھەقیان کردوە بەپێشمەرگە. لەبری سوپای نیشتمانی، ھێزی حیزب و گروپ و بنەماڵەو ئەشخاسیان دروستکردوە.
چوارەم: نەبونی ھیچ بنەمایەکی ئابوری لە ھەرێمو مومارەسەکردنی حکومڕانی چەتەکان (کلێپتۆکراسی)و قەرزدارکردنی نەوەکانی ئایندە.
پێنجەم: شکاندنی سومعەی ھەرێم لە سەرئاستی ناوخۆییو ھەرێمیو نێودەوڵەتی.
شەشەم: خراپترین جۆری پەیوەندی دیبلۆماسیان مومارەسەکردوە، کە بریتی بووە لە دیبلۆماسیەتی حیزبی و شەخسی و بنەماڵەیی.
حەوتەم: بێئومێدکردنی ھاوڵاتیانی ھەرێم لە ئێستاو داھاتوی پرسی کورد.
هەشتەم: بچوککردنەوەی حەزو خەونو خولیاو خەیاڵی هاونیشتمانیانی کوردستان لەچوارچێوەی موچەی مانگانەدا، لەکاتێکدا موچە مافی هاوڵاتیانە، بەڵام وەک بەخشش پێیان دەبەخشرێ.
نۆیەم: موجازەفەکردن بە موقەدەراتی ھەرێمو سەرکێشیکردن بەبەرژەوەندییە گشتیەکانەوە. سەرەنجام، لەدەستدانی زیاد لەنیوەی خاکی کوردستان.
ئەمانەو دەیان نمونەی تر سەلمێنەری ئەو ڕاستیەن دەشێ ئێوە لەداھاتودا لەبری دەستکەوت، شکستی دیکە تۆمار بکەن، بەڵام ئەستەمە بتوانن ئایندەیەکی گەش بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان زامن بکەن !