گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ(وينه‌كه‌ له‌ئه‌رشيفه‌وه‌ )
2728 جار بینراوە 9/2/2018 02:33 PM

هيومان ڕايست ۆوچ تاوانێكى جه‌نگى هێزه‌كانى ئاسايشى حكومه‌تى هه‌رێم ئاشكرا ده‌كات



سنور ميديا _ هيومان ڕايست ۆوچ

(هه‌ولێر)—هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ ڕاپۆرته‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا ڕایگه‌یاند، به‌ڵگه‌ی نوێ پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌ نێوان ٢٨ی ئاب و ٣ی ئه‌یلولی ٢٠١٧ هێزه‌كانی ئاسایشی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌شی ڕۆژئاوای دیجله‌ هه‌ستاون به‌ ئه‌نجامدانی گوله‌بارانی به‌كۆمه‌ڵی چه‌ند ده‌ستگیركراوێك كه‌ گوایه‌ چه‌كداری داعش بوون، ئه‌وه‌ش به‌ تاوانی جه‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێت.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستان به‌ ده‌ستگیركردنی ئه‌م پیاوانه‌ كه‌ عێراقی و بیانی بوون له‌ قوتابخانه‌ی گووندی سهل الملحه‌ كه‌ به‌ دووری ٧٠ كیلۆمه‌تر ده‌كه‌وێته‌ باكوری ڕۆژئاوای موسڵ. به‌پێی ووته‌ی ئه‌ندامێكی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كه‌ ئێستا خانه‌نشین بووه‌، هێزه‌كانی ئاسایش ئه‌م پیاوانه‌یان گواستوه‌ته‌وه‌ بۆ زیندانێك له‌ شلگیا كه‌ ٤٥ كیلۆمه‌تر له‌و شوێنه‌وه‌ دوور بووه‌و له‌وێشه‌وه‌ بردوویانن بۆ دوو شوێن له‌ ده‌وروبه‌ری شارۆچكه‌ی زووماروکە له‌وێ گوله‌بارانیان كردوون. هیومان ڕایتس ۆوچ توانی گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵ له‌وشوێنه‌ بدۆزێته‌وه‌ كه‌ به‌پێی ووته‌ی ئه‌ندامه‌ خانه‌نشین بووه‌كه‌ی ئاسایش و شه‌ش دانیشتووی ئه‌و گوونده‌، ئاسایش هه‌ندێك له‌ لاشه‌كانی تێدا كردوون به‌ژێر خۆڵه‌وه‌ له‌ دوای گوله‌باران كردنه‌كه‌. ده‌بێت به‌رپرسانی دادوه‌ری تاوانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م تاوانه‌ ئاشكرایه‌ی جه‌نگ بكه‌ن و لێپرسینه‌وه‌ له‌وانه‌ش بكه‌ن به‌ به‌زرترین ئاستی باڵاشه‌وه‌ كه‌ به‌رپرسیار بوون له‌ ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانه‌.

 

© 2018 هيومن رايتس ووتش

له‌ما فه‌قیه‌، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری هیومان ڕایتس ۆوچ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ووتی، '' به‌ڵگه‌كان پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش هه‌ستاون به‌ گوله‌بارانكردنی ده‌ستگیركراوانی گومانلێكراوانی داعش شه‌و له‌دوای شه‌و بۆ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ ژماره‌ی گوله‌باران كراوه‌ ده‌ستگیركراوه‌كان زۆربێت و بگاته‌ سه‌دان پیاو. ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ست به‌جێ و به‌شێوه‌یه‌كی شه‌فاف لێكۆڵینه‌وه له‌ تۆمه‌ته‌كانی گوله‌بارانی به‌ كۆمه‌ڵ بكه‌ن و لێپرسینه‌وه‌ له‌ به‌رپرسیارانی بكه‌ن.''

 

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، له‌به‌ره‌وه‌ی شوێنی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌ی لافاوی سه‌دی موسڵ، زۆر گرنگه‌ به‌خێرایی ڕێگه‌ به‌ شاره‌زایانی نێوده‌وڵه‌تی گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵ بدرێ هه‌ستن به‌ پشكنینێكی تێروته‌سه‌ل و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و گۆڕه‌ به‌رله‌وه‌ی وه‌رزی باران دووباره‌ ڕووباری به‌ر سه‌ده‌كه‌ له‌ دواترو ئه‌م ساڵ پڕبكات و گۆڕه‌كه‌ بكه‌وێته‌ ژێر ئاو كه‌ ئه‌وه‌ش ناسینه‌وه‌ی ناسنامه‌ی لاشه‌كان ئاڵۆز ده‌كات.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی قسه‌ له‌گه‌ڵ شاهێدحاڵانی گوله‌بارانه‌كان بكات. به‌ڵام، به‌ڵگه‌ی ترپێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانی ئاسایش هه‌ستابن به‌ گوله‌بارانكردنی ئه‌م گومانلێكراوانه‌ی داعش. هیومان ڕایتس ۆوچ قسه‌ی له‌گه‌ڵ (نازم) كرد كه‌ ئه‌ندامێكی هێزه‌كانی ئاسایش بووه‌و ئێستا خانه‌نشینه‌و له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامدا بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ئاسایش كه‌ پێیان گووتوه‌ به‌شداریان  له‌ گوله‌بارانه‌كان كردووه‌. هه‌روه‌ها توێژه‌ران هه‌ستاون به‌ شیكاركردنی گرته‌ی ڤیدیۆیی و وێنه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌یی كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكراونه‌ته‌وه‌و وێنه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان كه‌ نیشانی ده‌ده‌ن گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ نێوان ٥ی ته‌مووز و ٣ی ئه‌یلول به‌ بلدۆزه‌ر هه‌ڵكه‌نراوه‌، له‌گه‌ڵ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ دانیشتوانی گووندێكی دراوسێ ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌.

 

نازم چووه‌ته‌سه‌ر یه‌كێك له‌ گۆره‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان له‌ ٢٩ی ئاب و ووتی له‌وێ‌ ٣٠ لاشه‌ی به‌دیكردووه‌ كه‌ باوه‌ڕوایه‌ چه‌ند كاتژمێرێك پاش گوله‌بارانكردنی گرووپی یه‌كه‌م بووه‌. هیومان ڕایتس ۆوچ سه‌ردانی گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵی كرد كه‌ نازم و گووندنشینه‌كان ووتیان له‌وێ‌ لاشه‌ نێژراوه‌ له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ و هه‌روه‌ها بۆ جاری دووه‌م له‌ ٦ی شوبات.

 

نازم ووتی له‌ ٢٩ی ئاب هاوڕێیه‌كی له‌ ئاسایش ووتویه‌تی كه‌ ئه‌ و وئه‌ندامانی تری ئاسایش كه‌ هه‌موویان به‌شێك بوون له‌ ئاسایشی ڕۆژئاوای دیجله‌ شه‌وێك به‌رله‌و به‌رواره‌ نزیكه‌ی ٨٠ ده‌ستبه‌سه‌ری گومانلێكراوی داعشیان له‌ زیندانی شلگیاوه‌ بردووه‌و نزیكه‌ی ٥٠ كه‌سیان لێ گوله‌باران كردوون له‌ده‌ره‌وه‌ی گووندی تل ئه‌حمه‌د ئاغا الكبیر، باقیه‌كه‌ی تریان له‌ده‌وه‌ری گووندی باردیه‌ گوله‌بارانكراون كه‌ توێژه‌ران سه‌ردانی شوێنه‌كه‌یان كرد.

 

نازم ووتی، چه‌ند كاتژمێرێك دواتر سه‌ردانی ئه‌و شوێنه‌ی له‌ نزیك باردیه‌ كردووه‌. ووتیشی له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری گووندنشینه‌كان كه‌ پێیان گووتوه‌ لاشه‌یان له‌وێ دۆزیوه‌ته‌وه‌ شوێنه‌كه‌ی دۆزیوه‌ته‌وه‌. له‌وێ، نزیكه‌ی ٣٠ لاشه‌ی نه‌نێژراو ده‌ژمێرێ كه‌ هه‌موویان گوله‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌و سێ وێنه‌ی لاشه‌كان و دوو گرته‌ی ڤیدیۆیی ده‌گرێت.

 

نازم ووتی، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئاسایش پێشی ووتوه‌ كه‌ له‌ ئێواره‌ی ٣٠ی ئاب تا به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی دواتر خۆیی و چه‌ند ئه‌ندامێكی تری ئاسایش ١٠٠ تا ١٥٠ پیاویان باركردۆته‌ ناو بارهه‌ڵگرێكی گه‌وره‌ی سه‌لاجه‌یی و بۆماوه‌ی ٧ كاتژمێر له‌ فرێزه‌ره‌كه‌یدا هێشتویاننه‌ته‌وه‌. پاشان بردویانن بۆ شوێنی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ی پێشتر له‌ نزیك باردیه‌ و له‌وێ لاشه‌ی پیاوه‌كانیان كه‌ به‌هۆی سه‌رمای فرێزه‌ره‌كه‌و خنكانی پاڵه‌په‌ستۆی ناوچاڵه‌كه‌وه‌ مردوون‌ خستۆته‌ ناو گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌و ئه‌وانه‌شیان گوله‌باران كردووه‌ كه‌ هێشتا زیندبوون، ئه‌و ووتی.

 

وێنه‌ به‌ڵگه‌ییه‌كان كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرابوونه‌وه‌ و ووته‌ی شایه‌تحاڵانی تر به‌شێك له‌ ووته‌كانی (نازم)یان پشت ڕاست كرده‌وه‌. وێنه‌ی بارهه‌ڵگرێك كه‌ ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌و بارهه‌ڵگره‌ بووه‌ ده‌ستگیركراوه‌كانی له‌ ٢ی ئه‌یلول گواستۆته‌وه‌ له‌ دوو ئه‌كاونتی تۆڕی توویته‌ر ده‌ركه‌وت كه‌ یه‌كێك له‌ ئه‌كاونته‌كان هه‌ڵپه‌سێردراوه‌. یه‌كێك له‌ توویته‌كان ده‌ڵێ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ٣٧٥ ئه‌ندامی داعشیان له‌ باكوری ڕۆژئاوای ته‌له‌عفه‌ر گوله‌بارانكردووه‌ كه‌ له‌دوای ٢٧ی ئابه‌وه‌ ده‌ستگیركراون. توویته‌كه‌ی تر ده‌ڵێ له‌ نێوان ٢٧ی ئاب و ١ی ئه‌یلول ٣٧٥ هه‌ڵهاتووی داعش له‌ ته‌له‌عفه‌ره‌وه‌ بۆ زوومارو باكوری ڕۆژئاوای العیاضیه‌ گوله‌باران كراون.

 

له‌وێنه‌كه‌دا بارهه‌ڵگرێكی سپی ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ كۆمه‌ڵێ لاشه‌ له‌ناو چاڵێكدا له‌ژێردایه‌. هه‌روه‌ها گووندنشینێكی باردیه‌ به‌ هیومان ڕایتس ۆوچی ووت، له‌ ئێواره‌یه‌كی كۆتای مانگی ئاب بینیوویه‌تی كه‌ هێزه‌ كوردیه‌كان به‌ دوو بارهه‌ڵگری سپی سه‌لاجه‌ییه‌وه‌‌ به‌ ناوچه‌كدا تێپه‌ڕیوون.

 

هه‌روه‌ها له‌ دوو توویته‌كه‌دا دوو وێنه‌ی تر هه‌بوون. له‌ یه‌كێكیاندا ده‌رده‌كه‌وێ‌ پیاوێك به‌ جل و به‌رگی ئاسایشه‌وه‌و ده‌موچاوی بۆیه‌ كردووه‌ بۆ شاردنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی به‌پێوه‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك لاشه‌ی خوێناوی وه‌ستاوه‌. له‌ وێنه‌ی دووه‌مدا ١٥ لاشه‌ی خوێناوی له‌سه‌ریه‌ك هه‌ڵچنراو له‌ گۆڕێكی كراوه‌ ده‌رده‌كه‌وێ. له‌ هه‌ردوو وێنه‌كه‌دا ده‌رده‌كه‌وێ ده‌ستی هه‌نێك له‌ پیاوه‌كان به‌ستراوه‌.

 

دانیشتوانی ناوخۆیی و ژنانی بیانی هاوسه‌ری گومانلێكراوانی داعش كه‌ دواجار پیاو كه‌س و كاره‌كانیان به‌ ده‌ستگیركراوی له‌ قوتابخانه‌ی سهل الملح بینیبوو، نیگه‌رانی ئه‌وه‌یان ده‌ربڕی كه‌ ڕه‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ گوله‌باران كراوه‌كان منداڵ بووبن و تا ته‌مه‌نی ١٣ ساڵیان تێدا بووبێ. ئه‌ندامانی خێزانی ته‌مه‌ن ١٧ ساڵێك گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی منداڵه‌كه‌یان نیشانی هیومان ڕایتس ۆوچ دا ‌كه‌ تێیدا له‌گه‌ڵ گومانلێكراوه‌ عێراقی و بیانیه‌كان خۆی ڕاده‌ستی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و پشكنین. ئه‌و گرته‌ ڤیدیۆییه‌ له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی میدیایی له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی ئاب بڵاوكرایه‌وه‌. خزم و كه‌س و كاره‌كه‌ی ووتیان له‌وكاته‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ له‌ هیچ به‌ندیخانه‌یه‌كی عێراقی منداڵه‌كه‌ بیدۆزنه‌وه‌.

 

نازم ووتی له‌ ڕۆژانی دواتردا سێ ئه‌ندامی ئاسایش پێیان گووتوه‌ له‌هه‌مان شوێن چه‌ند گرووپێك له‌ پیاوی به‌ندكراوی به‌ندیخانه‌ی شلگیایان گوله‌باران كردووه‌و بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی كردوویانن به‌ژێر خۆڵه‌وه‌و دواتر هه‌ڵیانداونه‌ته‌وه‌و هه‌موو لاشه‌كانیان له‌ یه‌ك گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵدا ناشتووه‌ كه‌ به‌ ئامێری گه‌وره‌ هه‌ڵیانكه‌ندوه‌. ئه‌فسه‌رەکانی ئاسایش پێیان ووتوه‌ ڕۆژی ٨٠ بۆ ١٥٠ كه‌سیان گوله‌باران كردووه‌ بۆ ماوه‌ی ٧ ڕۆژ.

 

نازم ووتی، نزیكه‌ی ٢٠ ڕۆژ له‌ دوای دوا گوله‌باران، هاوڕێ ئاسایشه‌كانی پێیان گووتوه‌ كه‌ ئه‌فسه‌رێكی باڵای ئه‌منی سه‌ردانێكی له‌ ئاستی باڵادا بۆ بنكه‌ی ئاسایشی زوومار ئه‌نجام داوه‌. ئه‌و ووتی كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری به‌رپرسی ئاسایشی ناوخۆی له‌دوای ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ له‌ زوومار نه‌بینراون و هاوڕێكانی له‌ ئاسایش پێیان گووتوه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ ده‌ستگیركراون. هیومان ڕایتس ۆوچ نه‌یتوانی هیچ شتێك پشت ڕاست بكاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ سزادانی هیچ ئه‌فسه‌رێك و له‌به‌ر چی.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ داوای كۆمێنتی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد سه‌باره‌ت به‌و گوله‌بارانانه‌ و له‌ ئیمه‌یڵێكدا له‌ ٥ی شوبات، دكتۆر دیندار زێباری ڕێكخه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ داكۆكی نێوده‌وڵه‌تی، نكۆڵی كرد له‌وه‌ی كه‌ گوله‌باران ئه‌نجام درابێ. ئه‌و گووتی، به‌پێی ووته‌ی به‌رپرسی هێزه‌كانی ئاسایش، پێشمه‌رگه‌ به‌درێژای ٧١ كیلۆمه‌تر له‌گه‌ڵ داعش له‌به‌ره‌ی جه‌نگدا بووه‌ له‌كاتێكدا ئه‌ندامانی گرووپه‌كه‌ له‌ هه‌وڵی دەربازبووندا بوون بۆ ناو سووریا. له‌ شه‌ڕه‌كاندا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ چه‌كدارانی داعش و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كوژراون و ''ڕه‌نگه‌ لاشه‌ی هه‌موو كوژراوانی داعش هێنرابن و له‌یه‌ك شوێندا نێژرابن. ئه‌و به‌ره‌یه‌ی شه‌ڕ كه‌ له‌ وه‌ڵامه‌كه‌دا باسكراوه‌ ٤٠ كیلۆمه‌تر له‌و شوێنه‌وه‌ دووره‌ كه‌ توێژه‌ران گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه‌یان تێدا دۆزیوه‌ته‌وه‌.

 

 

ئه‌م ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ هاوتا نیه‌ له‌گه‌ڵ شێوه‌ی لاشه‌كان به‌ دۆزراوی، كه‌ به‌پێی ووته‌ی نازم و سێ گووندنشینی باردیه‌ گوله‌ به‌سه‌ریانه‌وه‌ بووه‌و له‌ ناوچه‌یه‌كی گۆشه‌گیری بیابانی و دوور له‌ هه‌ر شوێنێك كه‌ شه‌ڕی تێدا بووه‌ كراون به‌ژێر خۆڵه‌وه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و وێنانه‌ی له‌ ٢ی ئه‌یلول له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرابوونه‌وه‌ نیشانی ده‌ده‌ن ده‌ستی هه‌ندێك له‌ پیاوه‌كان به‌ستراو بووه‌. زوومارو باردیه‌ له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٤ بۆماوه‌ی كه‌متر له‌ مانگێك له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ داگیركرا و له‌دوای ئه‌و كاته‌وه‌ هیچ شه‌ڕێك له‌وێ نه‌بووه‌، به‌پێی ووته‌ی چه‌ندین ئه‌فسه‌ری ئه‌منی و سووپا كه‌ توێژه‌ران چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كردوون.

 

به‌پێی نووسراوه‌كه‌، خه‌ڵكانی ناو قوتابخانه‌كه‌‌ ئاواره‌بوون نه‌ك ده‌ستگیركراو له‌وێوه‌ هه‌موویان بۆ كامپی ئاواره‌كان گوێزراونه‌ته‌وه‌. ئه‌و ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیانه‌ی كه‌ له‌ سه‌نته‌ره‌كانی پێشوازی ئه‌و كامپانه‌ی خێزانه‌ ئاواره‌كانیان بۆ ڕه‌وانه‌ كرابوو ئاماده‌ییان هه‌یه‌ ئه‌وه‌یان پشت ڕاستكرده‌وه‌ كه‌ جگه‌له‌ چه‌ند پیاوێكی كه‌می عێراقی هیچ پیاوێكی بێگانه‌ له‌ نێو ئاواره‌ هاورده‌كان نه‌بووه‌.

هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ده‌بێت به‌رپرسانی دادوه‌ری تاوانه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ستن به‌ ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی خێراو شه‌فاف و كاریگه‌ر له‌به‌رزترین ئاستی باڵادا له‌ هه‌موو تۆمه‌ته‌كانی ئه‌نجامدانی ئه‌م تاوانانه‌، به‌ كووشتنی نایاسایشه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هه‌ر لایه‌نێكی شه‌ڕه‌كه‌و ئه‌نجامدرابێ. ئه‌وانه‌ی ده‌ستیان له‌م تاوانانه‌ هه‌بووه‌ ده‌بێت ڕوبه‌ڕوی سزای گونجاو ببنه‌وه‌. گوله‌باران و ئه‌شكه‌نجه‌ی كوێرانه‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا له‌كاتی شه‌ڕو جه‌نگدا به‌ تاوانی جه‌نگ له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ. هه‌روه‌ها ده‌بێت به‌رپرسان لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ چاره‌نووسی بێسه‌روشوێنه‌كانیش بكه‌ن.

 

فه‌قیه‌ ووتی، ''چه‌ندین مانگه‌ بێده‌نگی هه‌یه‌، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شه‌فاف بێت له‌ ئاست ئه‌م كوشتارانه‌و سزای هه‌ركه‌سێك بدات كه‌ به‌رپرسیار بووه‌ له‌ كووشتنی نایاسایی.''

 

له‌ سهیل الملیحه‌وه‌ بۆ زیندانی شلگیا

هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ده‌یان خێزانی عێراقی و ٢٧ ژنی بیانی كرد كه‌ گووتیان له‌ نێوان ٢٢ بۆ ٢٩ی ئاب ئه‌وان و هه‌زاران عێراقی و بیانی تر به‌ره‌وه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ڕۆیشتوون له‌ نزیك سهیل الملیح بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و پشكنین. له‌ گرته‌یه‌كی ڤیدیۆی ٣٠ی ئابدا كه‌ له‌ چه‌ندین تۆڕی میدیاییه‌وه‌ بڵاوبوویه‌وه‌‌ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی بیابانیدا پیاوانی عێراقی و بیانی ڕیزده‌كه‌ن و ژنان و منداڵان به‌جیا كۆده‌كه‌نه‌وه‌.

 

September 7, 2017
September 29, 2017
JuxtaposeJS

دیمه‌نی سه‌ته‌لایتی كه ‌له‌ به‌یانی ٣ و ٢٩ی ئه‌یلولی ٢٠١٧ تۆمار كراون هه‌ڵكه‌ندنی به‌رده‌وام له‌ شوێنی گۆڕی به‌ كۆمه‌ڵی باردیه‌ نیشان ده‌دات.

نازم و خێزانه‌كان ووتیان پاش گه‌یشتنی خه‌ڵكه‌كه‌، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ خه‌ڵكه‌كه‌یان برده‌ ناو قوتابخانه‌كه‌ له‌ سهیل الملیح و له‌وێ ده‌ستبه‌سه‌ریان كردن. شاهێدحاڵه‌كان ووتیان، هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ژن و منداڵ و پیروپه‌كه‌وته‌كانیان خسته‌ ناو ١٢ پۆله‌كه‌ی ناو قوتابخانه‌كه‌و پیاوان و كوڕانی سه‌رو ته‌مه‌ن ١٢ ساڵیان له‌ حه‌وشه‌كه‌دا ده‌ستبه‌سه‌ركرد.

 

له‌ وێنه‌یه‌كدا كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرابوویه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌ نزیكه‌ی ١٥٠ پیاو له‌ حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌كه‌دا دانیشتوون. نازم پشت ڕاستی كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ له‌ قوتابخانه‌ی سهیل الملیح گیراوه‌. جگه‌له‌وه‌ش، نازم گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی قوتابخانه‌كه‌ی نیشانی توێژه‌ران دا كه‌ تێیدا گرووپێك پیاو ده‌رده‌كه‌ون كه‌ هه‌ندێكیان بریندارن و له‌به‌رده‌م دیواری حه‌وشه‌كه‌ دانیشتوون. وێنه‌یه‌كی هه‌مان شوێن كه‌ له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بڵاوكرابوویه‌وه‌ به‌روار‌و( ٢٩ی ئاب) شوێنه‌كه‌ پشت ڕاست ده‌كاته‌وه‌.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ وێنه‌كان كردو هه‌مان دیمه‌نی له‌ وێنه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كاندا كه‌ له‌ ڕۆژی ٣٠ و ٣١ی ئابی ٢٠١٧ گیرابوون به‌دیكرد ئه‌وه‌ش زیاتر به‌روارو شوێنی وێنه‌كان پشت ڕاست ده‌كاته‌وه‌. هه‌روه‌ها هیومان ڕایتس ۆوچ بۆی ده‌ركه‌وت كه‌ كاتی تۆماركردنی وێنه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان له‌ نێوان ٢٨ی ئاب و ٥ی ئه‌یلولدا بووه‌، ئه‌م به‌ڵگه‌یه‌ش هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ست به‌سه‌ركردنی كاتی سه‌دان پیاو له‌ حه‌وشه‌ی قوتابخانه‌كه‌دا. هه‌روه‌ها له‌ وێنه‌كاندا پاشماوه‌ی وێرانكاری له‌سه‌ر زه‌ویه‌كه‌ به‌دیده‌كرێ له‌گه‌ڵ جوڵه‌ی ئۆتۆمبێلی گه‌وره‌و بوونی چه‌ند پاسێكی گه‌وره‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی قوتابخانه‌كه‌ له‌ به‌یانی ٣١ی ئاب.

 

نازم ووتی، هه‌رله‌گه‌ڵ گه‌یشتنی خه‌ڵكه‌كه‌ بۆ قوتابخانه‌كه‌، هێزه‌كانی ئاسایشی زوومار پشكنینی ئه‌منی ڕۆژانه‌یان بۆ پیاوه‌كان ئه‌نجام ده‌داو دواتر هه‌موو ڕۆژێك به‌ بارهه‌ڵگری گه‌وره‌ به‌ گرووپ ده‌یان بردن. هه‌روه‌ها خێزانه‌كانیش باسیان له‌ پشكنینی ئه‌منی ڕۆژانه‌و بردنی پیاوه‌كان كرد‌ كه‌ گووتیان له‌ په‌نجه‌ره‌ی پۆله‌كانه‌وه‌ بینیوویانه‌. نازم ووتی كه‌ بینیوویه‌تی هێزه‌كانی ئاسایش یه‌كه‌م جار هه‌ندێك له‌ ده‌ستگیركراوه‌كانیان بردووه‌ بۆ بنكه‌ی ئاسایشی زوومار بۆ پشكنینی زیاتر پاشان له‌وێوه‌ بۆ شوێنێكی تر. ئه‌و ووتی كه‌ هاوڕێ ئاسایشه‌كانی پێیان ووتوه‌ كه‌ پیاوه‌كانیان له‌ زووماره‌وه‌ بۆ زیندانێكی ئاسایش له‌ شیلگیا بردووه‌. پێشیان گووتوه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا  ڕاسته‌وخۆ پیاوه‌كانیان له‌ قوتابخانه‌كه‌وه‌‌ بۆ زیندانی شیلگیا بردووه.

نازم چوار وێنه‌ی نیشانی توێژه‌رانی هیومان ڕایتس ۆوچ دا كه‌ گووتی وێنه‌كانی له‌ ئه‌ندامانی ئاسایشه‌وه‌ له‌ ٣١ی ئاب پێگه‌یشتووه‌. له‌ دوو له‌ وێنه‌كاندا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ بارهه‌ڵگر ده‌گاته‌ شوێنه‌كه‌و ده‌ستگیركراوه‌كان لێی دێنه‌خواره‌وه‌. نازم ووتی، بارهه‌ڵگره‌كانی ناسیوه‌ته‌وه‌ به‌ نووسراوه‌كانی سه‌ر ته‌نیشتیان هه‌مان ئه‌وانه‌ بوون كه‌ بینیوویه‌تی ئاسایش له‌ قوتابخانه‌ی سهیل الملیح به‌كاری هێناون بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌ستگیركراوه‌كان. له‌ دوو وێنه‌كه‌ی تردا ده‌رده‌كه‌وێ گرووپێكی گه‌وره‌ له‌ پیاو له‌ حه‌وشه‌ی زیندانه‌كه‌دان كه‌ نازم ووتی شوێنه‌كه‌ی ناسیوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌ردانی پێشوتری بۆ زیبندانه‌كه‌.

 

زیندانی شلگیا گه‌وره‌ترین زیندانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌و له‌ژێر فه‌رمانده‌ی ئاسایشی زووماردایه‌.

 

شوێنی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان

 

نازم و ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی فیدراڵی و شه‌ش گووندنشینی باردیه‌ و چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌ك هیومان ڕایتس ۆوچیان له‌ شوێنی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كه ئاگاداركرده‌وه‌‌. له‌ ٣٠ی شووبات، توێژه‌ران سه‌ردانی شوێنه‌كه‌یان كردو له‌وێ خۆڵی هه‌ڵدراو ئاسه‌واری حه‌فاره‌یان له‌ هه‌ندێك شوێنی خۆڵه‌ هه‌ڵدراوه‌كان به‌دیكرد. هیومان ڕایتس ۆوچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ شوانێك كرد كه‌ گووتی له‌سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلول بینیوویه‌تی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی كورد له‌وێ لاشه‌كانیان كردووه‌ به‌ژێر خۆڵه‌وه‌.

 

هیومان ڕایتس ۆوچ شیكاری وێنه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كانی ئه‌م شوێنه‌ی كرد كه‌ له‌ نێوان ٥ی ته‌مووزو ٢٩ی ئه‌یلول تۆمار كرابوون و به‌ڵگه‌ی جموجوڵی زه‌وی له‌شوێنی ڕووباره‌ ووشك كراوه‌كه‌ به‌هۆی ئامێری گه‌وره‌وه‌ به‌دیكرد كه‌ ئه‌وه‌ش هاوتایه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵكه‌ندنی گۆڕێكی به‌ كۆمه‌ڵی گه‌وره‌ وه‌ك شاهێدحاڵان باسیان كرد.

 

له‌به‌ره‌وه‌ی شوێنی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزو به‌هۆی بارانی وه‌رزیه‌وه‌ به‌ ته‌واوی كه‌وتبووه‌ ژێر ئاوه‌وه‌ وه‌ك له‌ وێنه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كاندا دیار بوو، هه‌ڵكه‌ندنی ئه‌و گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ له‌ مانگی ته‌مووز یان ئاب ده‌ستی پێكردووه‌ له‌پاش ووشك بونه‌وه‌ی ڕوباره‌كه‌. وێنه‌ی مانگی ده‌ستكرد كه‌ له‌به‌یانی ٣ی ئه‌یلول تۆماركراوه‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندنی به‌رده‌وام به‌ دوو ڕیز نیشان ده‌دات كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان نزیكه‌ی ٣٥ تا ٤٠ مه‌تر درێژن. ئه‌و وێنه‌ سه‌ته‌لایتیانه‌ی له‌ به‌یانی ٢٠ی ئه‌یلول تۆماركراون پرۆسه‌ی هه‌ڵكه‌ندنی به‌رده‌وام له‌ شوێنه‌كه‌ نیشان ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ شوێن تایه‌ی گه‌وره‌ كه‌ ئه‌وه‌ش نیشانی ده‌دات ئامێرو بیلدۆزه‌ری گه‌وره‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی خۆڵی زیاتر له‌سه‌ر دوو شوێنه‌ هه‌ڵكه‌نراوه‌كه‌.

 

به‌راوردكردنی ئه‌و وێنانه‌ی هیومان ڕایتس ۆوچ گرتوونی له‌ ٣٠ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٨ له‌گه‌ڵ وێنه‌ی مانگه‌ ده‌ستكرده‌كان كه‌له‌ ٢٩ی ئه‌یلول تۆمار كراون پێشنیازی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ شوێنه‌كه‌ له‌وكاته‌وه‌ ده‌ستكاری نه‌كراوه‌.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure