سنور میدیا
2042 جار بینراوە 23/1/2018 06:57 PM

ئامانجه‌کانی په‌لاماری سوپای تورکیا بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای کوردستان



نوسینی: هیما نیازی 

 

دوای ئه‌وه‌ی هێرشێکی به‌ربڵاو بۆ شاری عه‌فرین-ی ڕۆژئاوای کوردستان له‌لایه‌ن سوپای تورکیا و سوپای ئازادی سوریا ده‌ستیپێکردووه‌، سێ ڕۆژه‌ شه‌ڕه‌که‌ به‌رده‌وامی هه‌یه‌. ده‌کرێت ئامانجه‌کانی هێرشه‌که‌ له‌م خاڵانه‌دا بخرێنه‌ به‌رچاو:



١- تورکیا هه‌وڵ ده‌دات له‌دوای شکانی داعش و پێش به‌لاداخستنی دۆخی قه‌یراناوی سوریا، ڕێگه‌ له‌ درووستکردنی هه‌رێمێکی کوردیی ڕۆژئاوا بگرێت که‌ هاو سنووره‌ له‌گه‌ڵیدا و حزب و هێزه‌کانی په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ به‌ڕێوه‌یده‌بات، تورکیا نه‌یشاردۆته‌وه‌ که‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی یه‌په‌گه‌ و په‌یه‌ده‌ په‌یوه‌ندی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌ هه‌یه‌، به‌ مه‌ترسییان ده‌زانێت به‌ سه‌ر ئاسایشی تورکیا و پێیوایه‌ دامه‌زراندنی هه‌رێمێکی فیدرالی له‌ باکوری سوریا، جوڵاندن و هاندانی هه‌رێمی باکوری کوردستانیشی به‌دوادا دێت، تورکیا به‌ هێرشکردنه‌ سه‌ر (عه‌فرین) که‌ جوگرافیای کرانه‌وه‌ی ڕۆژئاوای کوردستانه‌ به‌سه‌ر ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاستدا، گه‌مارۆی کانتۆنه‌کانی ڕۆژئاوا ده‌دات و خه‌ونی فیدرالیزمی ڕۆژئاوا قورس ده‌کات. یان لانی که‌م که‌ عه‌فرین زۆرترین ئاڵوگۆڕی ئابوری تێدایه‌، به‌ اتگیرکردنی شاره‌که‌ کانتۆنه‌کانی ڕۆژئاوا تووشی کێشه‌ی ئابوری قورس و برسییه‌تی ده‌کات، هه‌ربۆیه‌ له‌ ڕوانگه‌ی سیاسیی تورکیاوه‌، ملکه‌چکردنی کورد له‌ ڕۆژئاوا، به‌ خستنی عه‌فرین وه‌کو ستراتیژیترین شاری ئابوری و سیاسیی ڕۆژئاوا ده‌ستپێده‌کات.


٢-به‌ داگیرکردنی عه‌فرین، هێزه‌کانی تورکیا، ده‌روازه‌یه‌ک به‌سه‌ر تورکیادا ده‌که‌نه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ناوچه‌ی مه‌نبه‌ج و له‌ هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ پاکده‌کرێنه‌وه‌، ئه‌مه‌ش به‌لای تورکیاوه‌ ته‌واوکردنی پڕۆسه‌ سه‌ربازییه‌کانی پێشوویه‌تی که‌ ناوی لێنابوو (قه‌ڵغانی فورات)، به‌وه‌ش تورکیا سێگۆشه‌ی (ئیعزاز و باب و جه‌رابلس) به‌یه‌که‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌ و گه‌یشتنی به‌ ئیدلب ئاسانتر ده‌بێت، که‌واته‌ عه‌فرین ڕێگه‌ی سه‌ره‌کی هه‌ژموونی تورکیایه‌ بۆ پارێزگای مه‌نبه‌ج که‌ هاوکێشه‌ی سیاسی له‌ سوریادا بۆ ده‌گۆڕێت، ئه‌مه‌ش زه‌برێکی سه‌ربازیی گه‌وره‌ ده‌بێت که‌ به‌ر هه‌ژموونی سه‌ربازی ئه‌مریکا ده‌که‌وێت له‌ سوریادا، هه‌ر ئه‌وه‌ش واده‌کات گومان بکرێت له‌وه‌ی کشانه‌وه‌ی ڕووسیا له‌ ناوچه‌که‌دا ئه‌و مه‌به‌سته‌ی تێدابووبێت.


٣- به‌ر له‌ کۆتاییهاتنی قه‌یرانی سوریا و دابه‌شکردنه‌وه‌ی ناوچه‌کانی وڵاته‌که‌، تورکیا ده‌یه‌وێت بوونی خۆی له‌سه‌ر خاکی سوریا به‌هێزبکاته‌وه‌ و یه‌کێک بێت له‌ ئه‌کته‌ره‌ سیاسییه‌ به‌هێزه‌کانی دانووستاندن له‌ باره‌ی قه‌یرانی سووریاوه‌، به‌شێوه‌یه‌ک که‌ بتوانێت به‌ سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازی کۆمه‌ڵێ مه‌رج له‌ قازانجی خۆیدا و به‌ دژی هه‌ژموونی شیعه‌گه‌ری له‌ سوریادا بسه‌پێنێت، له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ تورکیا ده‌یه‌وێت قه‌ره‌بووی ڕێگرییه‌کانی ئه‌مریکا بۆخۆی بکاته‌وه‌ که‌ پێشووتر له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ ڕێگری لێکرا به‌شداری ئۆپه‌راسیۆنی (ره‌قه‌ و موسڵ) بکات له‌ دژی داعش که‌ تێیدا هێزه‌ به‌شداره‌کانی دیکه‌ی وه‌کو عێراق و ئێران و سوریا پێگه‌ی خۆیان به‌و شه‌ڕه‌وه‌ به‌هێزکرده‌وه‌.


٤- خواستی سه‌ره‌کی تورکیا له‌ ڕێکخستنه‌وه‌ی سنووره‌کانی له‌گه‌ڵ سووریادا، ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی ئاستی داواکارییه‌کانی له‌ خستنی به‌شار ئه‌سه‌د-ه‌وه‌ گۆڕا بۆ گه‌ڕان به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندی بچوکتره‌ له‌نێوان سنووره‌کانی خۆی و سووریادا. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ له‌ کۆنگره‌کانی ئه‌ستانه‌ و سۆچیدا، هه‌ر یه‌ک له‌ ڕووسیا و ئێران ڕۆڵی گرنگ ده‌گێڕن له‌ گفتوگۆکردنی داهاتووی سووریا، جگه‌ له‌وه‌ی گفتوگۆکانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و ده‌سه‌ڵاتی سووری له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه‌ سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێن.



٥-تورکیا ده‌یه‌وێت له‌ دابه‌شکردنی سووریادا هه‌رێمێک له‌نێو خودی سووریادا له‌ پێکهاته‌ی کورد و عه‌ره‌ب پێکبهێنێت و له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌سته‌نبولدا بێت، ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ ناوچه‌ی (باب- ڕۆژهه‌ڵاتی حه‌له‌ب) درێژده‌بێته‌وه‌ تاکو (ئه‌دلب-باکوری ڕۆژئاوای سوریا). ئه‌مه‌ش ئه‌و خه‌ونه‌ی تورکیایه‌ که‌ له‌ کۆنگره‌ی لۆزان ١٩١٩ داوایده‌کرد، ئه‌م ئامانجه‌ی تورکیاش جگه‌ له‌وه‌ی پڕۆژه‌ی فیدڕاڵی ڕۆژئاوای کوردستان له‌ناوده‌بات، داهاتوویه‌کی هه‌ژمونکارانه‌شی له‌ ئاینده‌ی سووریا و ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بۆ دابینده‌کات. 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure