یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن!
2865 جار بینراوە 18/1/2018 06:24 PM

لەشکرکێشی تورکیا بۆ عەفرین؛ قەربووی شکست یان دۆڕانێکی تر؟



سنور میدیا

ڕاپۆرتی شیکاری- ئارام هادی

 

کورتەیەک پێش باسەکان

تادەچێت تورکیا تۆپ بارانەکانى بۆسەر کانتۆنى عفرین لەڕۆژئاواى کوردستان چڕتردەکاتەوە و هەڕەشەى هێرشى زەمینیش دەکات لەچەند ڕۆژى داهاتودا، ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە تورکیا ڕوبەڕوى شکستى گەورەبوە لە ڕەوشى ئاڵۆزى چەند ساڵى ڕابردوى سوریا، تورکیا لەڕابردوودا بە هەموو هێزى خۆى هاوکارى چەند گروپێکى تیرۆرستى دەکرد ویستى لەڕێگەى ئەم گروپانەوە لەئایندەى سوریادا "قەپێکى چەورى کێکەکەى بەرکەوێت" لەکاتێکدا دەبینین ئێستا تەنها "پیاڵەیەک ژەهرى پێبڕاوە".

 

تورکیا دۆڕاوی یەکەم لە جەنگی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان

 هاوکات تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەى ڕۆڵى سەرەکى بینى لە تێکچونى ڕەوشى سوریادا بەمەش ویستى بەداگیرکردنى چەند ناوچەیەکى سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان "ژمارەى پارێزگاکانى خۆى پێ زیادبکات" و درێژە بەزیندوکردنەوەى خەونى عوسمانیەکان بدات، گەرچى خۆشبەختانە ئێستا دەبینین تورکیا لەچى ئاستێکدایە و "بەهەموو پێوەرەکان هیچ کاتێک و لەهیچ شوێنێک هێندەى سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان دۆڕاو نەبوە".

 

قەربووی شکست یان دۆڕانێکی تر؟

دواجار وەک "دوا هەنگاو و دوادەرفەت دەیەوێت بە هێزى خۆى و سوپاکەى قەرەبوى شکستەکەى بکاتەوە و هێرش بکاتە سەر عفرین"، لێدوانە یەک لەدواى یەکەکانى بەرپرسانى تورکیا تادەگاتە لوتکەى دەسەڵاتەکەیان کە ئەردۆغانە ئێستاش دوو دڵە لە هێرشکردنە سەر ئەو شارەى ڕۆژئاواى کوردستان، نازانێت کە کاردانەوەى ناوخۆیى وڵاتەکەى و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى چى دەبێت، بەتایبەتیش "ڕوسیا و ئەمریکا"، هاوکات بەرگرى یەکانى شەڕڤانان لە "کوبانى بەو ئیمکانە کەمەى بەردەستیانەوە تورکیاى ترساندوە" لەکاتێکدا ئێستا هاوپەیمانان بەتایبەت ئەمریکا چەکێکى زۆرى سەربازى تادەکاتە چەکى قورسیش خستۆتە بەردەست شەڕڤانان کە تورکیا بە دوژمنى سەرسەختى خۆى ناوزەندیان دەکات، لەلایەکیترەوە تورکیا لە ناچاریدا ئامادەیە "سیستەمى کوردان بەپێشەنگایەتى پەیەدە لە ڕۆژئاواى کوردستان قبوڵ بکات!!" بەچەند مەرجێک،  هاوکات هەڵوێستى "ڕوسیا و ئەمریکا"  لەم تۆپباران و هەڕەشەى هێرشکردنى تورکیا لەم ڕاپۆرتە شیکارى یەدا ڕون دەکەینەوە.

 

بۆچی تورکیا خوازیارە ڕەوشی سوریا و کوردستانی ڕۆژئاوا وەک خۆی بمێنێتەوە؟

لەپەیوەندى یەکى تەلەفونیدا لەگەڵ بەڕێز(ئاسیا عبدالڵا)هاوسەرۆکى دەستەى بەڕێوەبەرى(تەڤدەم)، سەبارەت بەم هێرشانەى تورکیا بۆسەر کانتۆنى عفرین پێمانى ڕاگەیاند"ئەوەى ئێستا ڕوودەدات لەشکرکێشى یە چونکە ماوەى چەند ڕۆژێکە تورکەکان بە چەکى قورس تۆپبارانى ناوچەکانى "شەهبا و عفرین" دەکەن، تورکیا لەپیلانگێڕى یەکیترى نوێدایە و بە هەرنرخێک بێت دەخوازێت ڕەوشى سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان بە ئاڵۆزى بمێنێتەوە، تا لەگەڵ "ڕوسیا و ئەمریکا" مامەڵەى پێبکات و نەهێڵێت کوردان لەسنورى عفرینەوە بگەنە سەر دەریاى ناوەڕاست، بەڵام دۆزى ڕەواى کوردان لە سوریا ئێستا دەتوانین بڵێین چوارچێوەیەکى فەرمى وەرگرتوە و کەس ناتوانێت نکوڵى لەوەبکات، ئەو سیستەمە خۆبەڕێوەبەرییەى کە لە کانتۆنەکان هەیە سیستەمێکى پێشکەوتوە و تیایدا سەرجەم پێکهاتە نەتەوەیى و ئاینى و ڕەگەزى یەکانى ڕۆژئاواى کوردستان خاوەندارى لێدەکەن، هاوکات بەهۆى ڕەوشى سوریاوە ئاوارەیەکى زۆر لە عفرین دەژین ئێستاش بە تۆپبارانکردنى تورکیا و هەڕەشەى هێرشى زەمینى کە بەردەوام دەیکەن دۆخى عفرین و تیایدا ئاوارەکانیش ناجێگرە.

 

گومان لە نەرمنوێنی ڕوسیا دەکرێت 

لەبەشێکیترى قسەکانیدا هاوسەرۆکەکەى تەڤدەم وتى" کاتى خۆ یەکلایى کردنەوەى ڕوسەکان هاتوە (کە بەبڕواى ئەو نەرمتر لە ئەمریکا مامەڵە لەگەڵ تورکیا دەکەن)، گەر ڕوسیا دەیەوێت ڕۆژئاواى کوردستان بە هاوپەیمانى لەگەڵیان بمێنێتەوە دەبێت سنورێک بۆ داگیرکارى یەکانى تورکیا بۆسەر ڕۆژئاواى کوردستان دابنێت، وە لە ئەگەرى هێرشى تورکیا بۆسەر عفرین، ڕوسیا هەڵوێستى نەبێت کەواتە هیچ هاوپەیمانێتى یەک لەنێوان ڕۆژئاواى کوردستان و ڕوسیا بونى نامێنێت.

 

بەرگرییەکی پۆڵاین؛ بە ئەزمونێکی دەوڵەمەندەوە 

ئاسیا عبداڵڵا وتیشى"ئێمە هەمیشە وتومانە دەمانەوێت لەگەڵ تورکیا و وڵاتانیتریش بە دۆستایەتى بژین بەڵام لەکاتى هێرشى تورکیا بۆسەر عفرین بەرگرى یەک دەکەین کە نمونەى نەبوبێت لە پێشتردا"، سەبارەت بە ورەى شەڕڤانانیش وتى " ئێمە بە کەمترین و سوکترین چەکەکانى دەستمان توانیمان گەورەترین و بەهێزترین گروپى تیرۆرستى داعش لە کوبانى تێکبشکێنین و ئیرادەمان نەشکا، لەئێستاشدا ئەزمونى شەڕڤانان لە ڕابردوو زۆرترە و ئیرادەمان بەهێزتر و لەڕوى سەربازیشەوە لە ئاستێکى زۆر بڵندترداین، بە هەرنرخێک بێت عفرین بەجێناهێڵین.

 

ئەرکی کوردستانی باشور لە ئیدانەکردنی پیلانەکانی تورکیا

لەکۆتایى قسەکانیدا (ئاسیا عبداڵڵا) وتى" داوا دەکەم لە گەلەکەمان لە هەرکوێ یەکى دنیا هەن، عفرین جێنەهێڵن"، (بەتایبەت ڕوى قسەکانى کردە باشورى کوردستان) و وتى" سەربارى دۆخى خراپى باشورى کوردستان لە ڕوى ئابورى و سیاسى یەوە ئێستاش وەک هەمیشە چاومان لەدەستى ئەوانە پاڵپشتمانبن، داواشى لە لایەنەسیاسى و چالاکوان و ڕێکخراوە مەدەنى و ڕۆژنامەنوس و ئەکادیمیەکانى باشورى کوردستان کرد هەرچى لەدەستیان دێت وەک ڕابردوو پشتگیریمان بکەن، گەر بەخۆپیشاندان و چونە بەردەم نوێنەرایەتى یوئێن بێت، یان هەرجۆرە چالاکى یەکیترى مەدەنى، چونکە ئەم هێرشانەى تورکیا تەنیا بۆسەر ڕۆژئاواى کوردستان نیە تورک دژایەتى هەر کوردێک دەکات لە هەر کوێ یەکى جیهان بێت، ئێمەش پێویستە ڕوبەڕویان بینەوە جا لەهەر شوێنێک بین.

 

قبوڵکردنی سیستەمی کوردانی ڕۆژئاوا لەلایەن تورکیاوە؛ مەرجەکانی چین؟

بۆهەمان مەبەست و لەسەر تۆپبارانکردن و هەڕەشەى هێرشکردنە سەر کانتۆنى عفرین لە لایەن تورکیاوە، پەیوەندیم کرد بە بەڕێز (ڕێبوار ڕەشید)، هاوسەرۆکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان، بەڕێزیان بەم جۆرە دوان" تورکیا لەناچاریدا ئێستا ئامادەیە سیستەمى کوردانى ڕۆژئاوا بەپێشنەگایەتى پەیەدە قبوڵ بکات بەڵام چەند مەرجێکى هەیە لەوانە

یەکەم/ نابێت کوردانى ڕۆژئاوا لەعفرینەوە سنورەکەیان بگاتەوە سەر دەریاى ناوەڕاست

دووەم/ ئەمریکا دەست بەردارى دروستکردنى ئەو هێزە پەنجا هەزار شەڕڤانە بێت کە بەتەمایە دروستى بکات.

سێ یەم/ ئەنەکەسە ڕۆڵى گرنگ ببینن لە سەرجەم کایەکانى ئەو سیستەمەدا

چوارەم/ لەڕوى ئابورى یەوە بە پلەى یەک پشت بە تورکیا ببەستن.

 

ویستی تورکیا بۆ سەپاندنی هەمان سیناریۆیی باشوری کوردستان

تورکیا دەیەوێت ڕۆژئاواى کوردستان بە داخراوى بمێنێتەوە و نەگاتە سەر دەریاى ناوەڕاست و وەک باشورى کوردستان تەنها چاویان لەدەستى تورکیا بێت ئەویش هەمان سیاسەتى باشوریان بەسەردا فەرزبکات، کە ئەم داوایەى تورکیا بەهیچ جۆرێک قبوڵناکرێت، لەلایەکیترەوە مەلەفى ئەمنى عفرین لەڕوى نێودەوڵەتى یەوە بەدەست ڕوسەکانە ستراتیژى ڕوسیاش بەهێزکردنى پێگەى ڕژێمى بەشار اسد و گەڕانەوەى دەسەڵاتەکەیەتى بۆ تەواوى ئەو جوگرافیایەى پێى دەوترێت سوریا، هەربۆیە ڕوسەکان لەم نێوەندەدا گەمە دەکەن و نایانەوێت تورکیا و پەیەدە نێوانیان ئاسایى بێتەوە و کارلەسەر ئەوەدەکەن هەمیشە ئاڵۆزى هەبێت تا لەم ڕێگەیەوە فشار لە کوردەکان بکەن تا بەقازانجى ڕژێمى سوریا تەنازولیان پێبکەن و دەستکەوتى زیاتر بۆ بەشار ئەسەد بەدەست بێنن، بەڵام لەدواجاردا باوەڕناکرێت ڕوسیا بێدەنگ بێت لەهێرشى سەرعفرین لەلایەن تورکیاوە چونکە لە ئەگەرێکى وادا ئەو هاوپەیمانێتى یەى لەنێوان پەیەدە و ڕوسەکان هەیە هیچ ئەرزشێکى نابێت و لەحاڵەتێکى وادا ئەمریکى یەکانیش دەتوانن ڕێگربن لە داگیرکارى یەکانى تورکیا بۆ عفرین وەک چۆن لە کوبانى و جزیرە ڕێگرن.

 

یان سەرکەوتن یان سەرکەوتن!

لەبەشێکیترى قسەکانیدا هاوسەرۆکەکەى کۆنگرەى نەتەوەیی وتى" لەڕاستیدا تورکیا بەو چەکانەى کە هەیەتى دەتوانێت زەرەر لە کوردانى ڕۆژئاوا بدات بەڵام هەرگیز ناتوانێت ئیرادەیان بشکێنێت لەبەر ئەوەى لە زهنیەتى شەڕڤاناندا تەسلیم بون نیە و ئەوان کار لەسەر پرەنسیپى (یان سەرکەوتن، یان سەرکەوتن)دەکەن.  لەلایەکیترەوە هاوسەرۆکەکەى کۆنگرەى نەتەوەیى وتى" بەدەر لەمانە ئەردۆغان نیەتێکیترى لەم ئاڵۆزى و شەڕانەدا هەیە ئەویش مانەوەى خۆیەتى لەسەر حوکم ئەو لە سوپاکەى دەترسێت، لە ناو سوپاى وڵاتەکەیدا لە هەر ئەفسەر و چەند سەربازێک بترسێت ڕەوانەى باشورى کوردستان یان سنورى ڕۆژئاواى کوردستان و سوریاى دەکات تا بەردەوام لەدۆخى شەڕدا بیان هێڵێتەوە و مەترسی یەکانى سەر دەسەڵاتەکەى لەخۆى دووربخاتەوە.

 

دۆزی کورد گرێدراوی یەکە

دواجار ڕێبوار ڕەشید وتى" پێویستە هەموو گەلى کورد هەریەکە لەئاستى خۆیەوە هەرچى لەدەست دێت بۆ پاڵپشتى لە عفرین و فشارخستنە سەر تورکیا بیکات، داواشى لە کوردانى ئەوروپا و باشورى کوردستان کرد کە بە چالاکى یە مەدەنیەکانیان پاڵپشتى لە عفرین بکەن، چونکە دۆزى کورد هەمووى گرێدراوى یەکەو تەنها بە یەکێتى یەکى نەتەوەیى دەتوانین ئەو بەر بەستانە تێکبشکێنین کە ڕوبەڕومان دەبنەوە.

 

لەکەداربوونی سومعەی نێودەوڵەتی تورکیا

تورکیا زیاتر بەلەدەستدانى دەورەکەى هاربوە کە لەسەردەمى جەنگى سارد هەیبوو، ئێستاش ئەو کاریگەرى یەى نەماوە و بەپێى پێویست ئەمریکا و ئەوروپا چاولەسەدەستی نین، هۆکارى ئەمەش بۆ خودى تورکیا خۆى دەگەڕێتەوە بەهۆى تێوەگلانى لە زۆر دۆسیەى مەترسیدار لەوانە هاوکاریکردنى گروپە تیرۆرستیەکان و حساب نەکردن بۆ ئەمریکا و هاوکاریکردنى تیرۆرستەکان و ناردنیان بۆ پایتەختەکانى ئەوروپا بۆ کردەى تیرۆرستى و هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل و لەگۆڕنانى دیموکراسیەت لەناوخۆى تورکیا و خۆ بەسوڵتان زانین و هەوڵى سەرلەنوێ گەڕانەوەى بۆ خەونى ئیوپڕاتۆرێتى تورکیا لە بەرگى عوسمانى یە نوێ یەکاندا و یاریکردن لەنێوان هەردوو زلهێزى جیهانى ڕوسیا و ئەمریکا .

 

دەرئەنجام

 لە ئێستدا تورکیا  سەرى لێشێواوە و نازانێت چى دەکات، بۆ گێڕانەوەى پێگەکەى کە لەڕابردوو هەیبو ئامادەى هەر هەڕەشە و هێرشێکە لە کوردى بکات تاکو دواجار بیکاتە مامەڵەوە و خۆى لە ئەمریکا پێ نزیک بکاتەوە ، یان ویستی ئەوەیە قەرەبووی ئەو شکستە کەمەرشکێنە بکاتەوە، کە لە جەنگی سوریا بەدەستی هێنا، چونکە هەر لەسەرەتاوە بە پلانێکی دیراسەنەکراوەوە بوو لایەنێک لەم جانگە، کاتێکیش بۆی دەرکەوت سوریا ئەو نێچیرە لاوازە نیە بە گورزەکانی ئەو بکرێتە داوەوە، بۆیە هەر زوو هانای بۆ روسیا و ئێران برد و کەوتە دژبەری ئەمریکاوە، لە ئیستاشدا ویستی ئەوەیە کوردەکان بە گەیشتن بە زۆنی ئاوی پەکبخات، کە ئەمەش هیچ نیە بێجگە لە شکستێکی تر، ڕاى چاودێرانى سیاسیش تورکیا جارێکیتر ناتوانێت خۆى بخاتەوە ئەو ئاستەى کە لەپێشوو هەیبو، ئەمەش بەهۆى هاتنە پێشەوەى هێزى نوێی لە ناوچەکە و گۆڕانکارى لە جوگرافى ناوچەکە.

تێبینی: دانانی ناونیشان و تایتڵی نوسینەکان، لە لایەن سنورمیدیاوە بووە.

 

1423151812018_٦٦.PNG

ئارام هادی - ڕۆژنامەنوس و چاودێری سیاسی

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure