ئەمریکا و کوردستان
3178 جار بینراوە 13/1/2018 02:59 PM

جێگرەوەکەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان؛ لە نێوان واقیع و خەیاڵدا



ڕاپۆرتی شیکاری: ئارام هادی

 

پیکەوەلکانی ڕۆژئاوا و باشور؛ بەڵێنێک بۆ سەربەخۆیی

 

ئه‌مریكا له‌ساڵی 2015نه‌خشه‌ رێگایه‌كی خسته‌ به‌رده‌م سه‌ركردایه‌تی سیاسی "باشوری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان"، نه‌خشه‌ ڕێگاكه‌ سه‌ره‌تاكه‌ی به‌ دروستكردنی سوپایه‌كی یه‌كگرتوی تۆكمه‌ بو له‌نێوان "پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕڤان" دواتر هه‌ماهه‌نگی نێوان ئه‌و دوو به‌شه‌ی كوردستان له‌ڕوی ئابوری و سیاسییه‌وه‌، دواجاریش پێكه‌وه‌لكاندنی هه‌ردوكیان و دروستكردنی "ده‌وڵه‌تێك به‌ناوی كوردستان"، ئه‌مریكا په‌یمانی دابو كه‌ هاوكاریان ده‌بێت له‌ "عه‌فرینه‌وه‌ سنوری ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ بگه‌یه‌نێته‌ سه‌ر ده‌ریای ناوه‌ڕاست"، به‌ڵام پارتی دیموكراتی كوردستان به‌هاوكاری توركیا پڕۆژه‌ی گاڵته‌جاڕی ڕیفراندۆمی خسته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌ و ڕێگربو له‌به‌رده‌م پڕۆژه‌كه‌ی ئه‌مریكا و دروستكردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌دا!!.

 

پێشنیاری دانوستانکردن لەگەڵ بەغداد

 دواجار بینیمان گاڵته‌جاڕی ڕیفراندۆم پێگه‌ی كوردی له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ برده‌وه‌ خاڵی سه‌ره‌تا، به‌پێی هه‌ندێ زانیاری له‌م ماوانه‌شدا و دوای پڕۆژه‌ گاڵته‌جاڕی یه‌كه‌ی ڕیفراندۆم ئه‌مریكییه‌كان دووباره‌ به‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی باشوریان وتوه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ بغداد و كێشه‌كانتان له‌گه‌ڵ ناوه‌ند به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ربكه‌ن له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ژێر هه‌ژمونی "توركیا و ئیران" وه‌رنه‌ ده‌ره‌وه‌ و ئێمه‌ش پاڵپشتیتان لێ ده‌كه‌ین.

 

ئەجێندای تورکیا لە هەرێمی کوردستان؛ نیگەرانیە زۆرەکەی ئەمریکا

ئه‌مریكا زۆر نیگه‌رانه‌ له‌په‌یوه‌ندی لایه‌نه‌ سیاسی یه‌كانی باشوری كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ندی یه‌كانی پارتی دیموكرات له‌گه‌ڵ توركیا و بونی بنكه‌ سه‌ربازی یه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ له‌خاكی باشوری كوردستاندا به‌هاوكاری پارتی، هه‌ربۆیه‌ به‌ هه‌ر نرخێك بێت ده‌خوازێت ده‌ستی توركیا و ئیران له‌ باشوری كوردستان ببڕێت، بۆئه‌مه‌ش ناڕاسته‌وخۆ پێی ڕاگه‌یاندون گه‌ر ئێوه‌ به‌قسه‌ی ئه‌و دوو وڵاته‌ نه‌كه‌ن ئه‌وا له‌ڕوی دبلۆماسی یه‌وه‌ ئه‌مریكا فشار له‌سه‌ر "ئه‌نقه‌ره‌ و تاران" دروست ده‌كات تا كاردانه‌وه‌ی خراپیان به‌رامبه‌رتان نه‌بێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا "پێنج هه‌زار له‌سوپای ئه‌مریكا ده‌هێنێته‌ باشوری كوردستان" بۆ پارێزگاریكردن له‌و كه‌سه‌ پله‌ باڵایانه‌ی مه‌ترسی یان له‌لایه‌ن ئه‌و دوو وڵاته‌وه‌ بۆ دروست ده‌كرێت.

 

نزیکبوونەوەی پارتی لە کاندیدەکەی ئێران

به‌ڵام ئه‌مجاریش وه‌ك پڕۆژه‌ گاڵته‌جاڕی یه‌كه‌ی ڕیفراندۆم، پارتی خه‌ریكی دروستكردنی هاوپه‌یمانی یه‌ له‌گه‌ڵ "نوری مالكی" كاندیدی ئیرانیه‌كان به‌دژی كاندیده‌كه‌ی ئه‌مریكا كه‌ "عه‌بادی" یه‌، هاوكات له‌باشوری كوردستانیش كارئاسانی زیاتری بۆ توركیا كردوه‌ تا "بنكه‌ی سه‌ربازی زیاتر له‌ سنوری باشوری كوردستان بكاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت هاوئاهه‌نگه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و كار بۆ دروستكردنی ناوچه‌ی سه‌ربازی له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن"!.

 

 خەمی سەرمایە پێش خەمی بەرژەوەندی گشتی

ئه‌مه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نوخبه‌ی بازرگانی باڵاده‌ستی كوردستان كه‌ سه‌رتاپای باڵایان شكسته‌ ته‌نها له‌خه‌می سه‌رمایه‌كانیانن كه‌ له‌بانكه‌كانی ئه‌و وڵاتانه‌دان و خه‌می گیرفان دای ماڵیون له‌ ئه‌خلاقی سیاسی و مرۆیی و نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی، ئیدی ئه‌مریكا له‌وه‌ دڵنیا بوو كه‌ ئه‌مانه‌ سیاسه‌تێكی "كلاسیكی لۆكاڵیانه‌" په‌یڕه‌و ده‌كه‌ن، ده‌ستی لێشۆردون و به‌دوای به‌دیلی ئه‌م نوخبه‌ فشۆڵه‌دا ده‌گه‌ڕێت.

 

جێگرەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان

 هه‌ر بۆیه‌ له‌ دوای ڕووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌مریكا وتی هه‌رێمێكی به‌هێزمان له‌ كوردستان ده‌وێت له‌ ناو عیراقێكی دیموكراسیدا، و به‌بێ ناوهێنانی هیچ لایه‌نێكیش ته‌نها پاڵپشتی خۆی بۆ "سه‌رۆك و جێگر"ی حكومه‌ت ده‌ربڕی تا هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌، ئێستاش ئه‌وه‌ی ده‌بینین بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو هه‌ندێك هێزی نوێ له‌سه‌ر هه‌مان عه‌قڵیه‌ت دروست بون، كێشه‌ی ئێمه‌ نه‌بونی هێزنیه‌ به‌ڵكو له‌ نه‌بونی عه‌قڵێكه‌ كه‌ توانای نیه‌ سیاسه‌تی كاركردنی سنوری جوگرافیاكانی ناوچه‌كه‌ تێپه‌ڕبكات و ببێته‌ هێزێك سیاسه‌تی خۆی له‌سه‌ر ئاستی جیهانی پیاده‌ بكات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ به‌بڕوای من ئه‌وانه‌ی ئێستا خۆیان به‌ جیاوازتر ده‌بینن په‌یوه‌ستن به‌ هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كانه‌وه‌.

 

 

ئیرادەی باشوری کوردستان لەبەردەم تورکیا و ئێراندا 

له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌شدا وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ هه‌ردوو وڵاتی "توركیا و ئیران" ڕۆژ له‌دوای ڕۆژ پێگه‌ی خۆیان له‌ باشوری كوردستان به‌هێزده‌كه‌ن تا زوتر ئیراده‌ی سیاسی یه‌كان كۆنترۆڵی خۆیان بكه‌ن هه‌رچی له‌ده‌ستیان بێت ده‌یكه‌ن، ئه‌وه‌ی ده‌مه‌وێت بڵێم گرفته‌كه‌ به‌وه‌ چاره‌سه‌رنابێت چه‌ند هێزی نوێ له‌ باشوری كوردستان سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، به‌ڵكو گرفته‌كه‌ له‌ ئه‌و "كه‌سه‌ به‌هێزه‌یه‌" كه‌ حساباتی خۆی له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌ هه‌ڵنه‌چنێت و پشت به‌ ئیراده‌ی خۆی و گه‌له‌كه‌ی ببه‌ستێت، ئه‌وه‌ش به‌دیدی من هێشتا زوه‌ تا "كه‌س و لایه‌نی له‌وجۆره‌" بێنه‌ پێشه‌وه‌، هاوكات ئه‌مریكا وه‌ك زلهێزێكی جیهانی باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوه‌ باشوری كوردستان مێرگێكی به‌پیتی كراوه‌یه‌ و توركیا و ئیران ده‌میان تێژه‌نیوه‌ له‌ڕوی سیاسیشه‌وه‌ ئیراده‌ی كوردیان به‌هۆی ئه‌م نوخبه‌ تێكشكاوه‌وه‌ ته‌سلیم به‌خۆیان كردوه‌.

 

نزیکبوونەوەی هەرێم لە بەغداد گرەنتی دەستوری و لادانی دەستوەردانی زیاترە 

به‌لای ئه‌مریكییه‌كانه‌وه‌ چاره‌سه‌ری ڕیشه‌یی باشوری كوردستان له‌ڕێگه‌ی بغداده‌وه‌ ده‌كرێت، له‌وه‌ش گه‌یشتون هه‌تا هه‌رێمی كوردستان له‌ بغداد نزیكتربێته‌وه‌ ده‌ستی ئه‌و دوو وڵاته‌ی دراوسێ له‌ هه‌رێم ده‌بڕێت، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆبغداد و پاراستنی یه‌ك پارچه‌یی خاكی عیراق و سنوره‌كانی یه‌كسانه‌ به‌ ستۆپكردن به‌ ئه‌و دوو وڵاته‌ كه‌ ده‌ست درێژی نه‌كه‌نه‌ سه‌ر خاكی باشوری كوردستان، له‌ڕوی ده‌ستوریشه‌وه‌ زۆر ئاساییه‌ هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه‌ و كاربكات تاكو چی ئه‌ركێكی له‌سه‌ر شانه‌ جێبه‌جێی بكات و مافه‌كانیشی به‌ده‌ست بێنێت به‌ گرنتی نیو ده‌وڵه‌تی یه‌وه‌، جا ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ بغداد له‌ ئێستادا كه‌ بۆته‌ ناچاری. هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌ی عیراق و هه‌رێمی كوردستان به‌كرده‌وه‌ ده‌بێته وه‌ڵامێك بۆ ئه‌مریكیه‌كان كه‌ ئایا ئه‌و به‌دیله‌ی به‌دوای ده‌گه‌ڕان بۆیان په‌یدابو؟، كه‌ به‌بڕوای من نه‌خێر.

 

تێبینی: پیشتر ئەم بابەتە لە هەمان ماڵپەڕ بە ناونیشانی(ئەمریکا لە باشوری کوردستان بەدوای کام بەدیلدا دەگەڕێت؟) لە بەشی بیروڕادا بڵاوکراوەتەوە. بەڵام ناونێشانەکە کەمێک دەستکاری کراو لە بەشی راپۆرتدا دانرایەوە، دانانی تایتڵەکانیش بۆ پەرەگرافەکان هەر لەلایەن سنورمیدیاوە بووە.

2454111312018_0.PNG

                ئارام هادی - چالاکوان و چاودێری سیاسی

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure