داخستنی لیستی نیمچەکراوە لە پای چی؟
663 جار بینراوە 9/1/2018 08:33 PM

پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن داوا دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا کار بە لیستی داخراو نەکرێت



لە/ پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردنKIE

بۆ/ ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان - داخستنی لیستی نیمچەکراوە لە پای چی؟

 

پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن KIE، یاداشتنامەیەک ئاراستەی ئەندام پەرلەمانەکانی کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی بۆ هەڵبژاردەنەکانی داهاتووی کوردستان کار بە  لیستی داخراو  نەکەن".

هەر لەم چوارچێوەیەدا پییان وایە:"ئەگەر لیستى نیمچە کراوە نیمچە ئازادییەک لەبەردەم دەنگدەردا بڕەخسێنێت بۆ هەڵبژاردنى پاڵێوراوى دڵخوازى خۆى، ئەوا لیستى داخراو ئەو نیمچە ئازادییەشى لێدەسەنێتەوە"

 

دەقی یاداشتنامەکە:

ئێوەى ئەندامانى خولى چوارەمى پەرلەمانى کوردستان بە لیستى کراوەى سنوردار چوونە نێو کێبڕکێى هەڵبژاردنى (ئەیلولى ساڵى 2013)ەوەو بوونە پەرلەمانتار(لەهەموارى حەوتەمی یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستانداو بەپێى یاساى ژمارە (15)ى ساڵى (2013)، ماددەى 2ى یاساکە بەم شێوەیە هەموارکرایەوە هەڵبژاردنەکان بەشێوەى هەڵبژاردنى گشتی نهێنى ڕاستەوخۆ بەپێى لیستى کراوەى سنوردار ئەنجامدەدرێت)، یەکێک لەو هەنگاوانەى کە جێگەى دەستخۆشى خولى سێهەمى پەرلەمانى کوردستانە گۆڕینى لیستى داخراوە بۆ لیستى کراوەى سنوردار، هەربۆیە چاوەڕوانى ئێمە لەبەڕێزتان ئەوەیە کە ئەگەر ئەم لیستى کراوەی سنوردارە ناگۆڕن بۆ لیستى کراوەى ئازاد، ئەوا لانیکەم وەکخۆى بمێنێتەوە، ئەگەرنا، ئەوا هەر هەنگاوێک بەرەو لیستى داخراو گەڕانەوەیەکى ئاشکرایە بەرەو دواوە لەرووى چەسپاندنى دیموکراسیء دەستەبەرکردنى مافى دەنگدەر لەهەڵبژادنى پاڵێوراوى دڵخوازى خۆیدا. 

 

لەدواى ئەنجامدانى چوار خولى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، لۆژیکی دیموکراسى ئەوە لە ئێوەى پەرلەمانتار دەخوازێت، بە هەماهەنگى لەگەلڕ کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانء رێکخراوو کەسانى تایبەتمەند بە بوارى هەڵبژاردن، هەڵسەنگاندنێکى ورد بۆ سیستمى نوێنەرایەتى رێژەیى/ بە لیستى کراوەى سنوردارو یەک بازنەییەوە بکەن، لەپێناو ئەوەى بزانرێت تا چەند ئەم سیستمى هەڵبژاردنە توانیویەتى عەدالەتى نوێنەرایەتىء عەدالەتى نوێنەرایەتى جوگرافى لەهەرێمى کوردستاندا دەستەبەربکات، بۆ ئەوەى ئەگەر زانرا ئەم سیستمە خەوشء کەموکوڕى گەورەى تێدایە بەهۆى رەگەزە گۆڕاوەکانى سیستمەکەوە: (هاوکێشەى گۆڕینى دەنگ بۆ کورسی، باقى الاقوى، جۆرى لیستەکە، ژمارەو قەبارەى بازنەکان)، لەوکاتەدا باشترەو پێویستە کار بۆ گۆڕینى یەکێک یان زیاتر لەو رەگەزە گۆڕاوانە بکرێت بۆ ئەوەى سیستمى کارپێکراوى لیستى نوێنەرایەتى رێژەیى بەشێوەیەکى کاراو کارامەتر کاربکات. خۆ ئەگەر زانیمان ئەمەش چارەسەرى خەوشەکانى دنیاى هەڵبژاردنى ئێمە ناکات، واوەتر بچینء بیر لەسیستمێکى هەڵبژاردنى گونجاوتر بکەینەوە، بۆ نمونە وەک "سیستمى یەک دەنگى گوێزراوە STV، سیستمى هاوتەریبى تێکەڵاو، سیستمى ئەندامێتى هاوڕێژەیى تێکەڵاو".

 

 

بەڕێزان ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان:

بەکارهێنانى هەریەک لەلیستى داخراو یان لیستى نیمچەکراوە یاخود لیستى کراوەى ئازاد، پرسێکى تەکنیکى نییە بەڵکو هەریەکەیان، بە بڕو ئاستى جیاواز، دەرخەرى جۆری پەیوەندیى نێوان سێیانەى (دەنگدەر - پاڵێوراو - حزبى سیاسى)ن. بۆ نموونە لیستى داخراو لەبەرئەوە پێیدەگوترێت داخراو چونکە لەمجۆرە لیستەدا پەیوەندى نێوان دەنگدەرو پاڵێوراوان داخراوەو دەنگدەر ناچاردەکات ریزبەندی ئەو پاڵێوراوانەى ناو لیستەکە قبوڵ بکات کە سەرکردایەتى حزب دایناوە، بەبێ ئەوەى بتوانێت دەستکارى ریزبەندییەکە بکات. ئەمەش لەواقیعى سیاسىء حزبایەتى ئێمەدا لەم ئامانجانەوە سەرچاوەیگرتووە:

١:  سەرکردایەتى دەستڕۆیشتوى حزب ئەو کەسانە لەریزى سەرەوەى لیستە داخراوەکەیدا کاندید دەکات، کە وەلائیان بۆ خۆیان یان بۆ تەکەتولەکانى ناو سەرکردایەتى حزبەکە هەیە.

 

٢: لیستى داخراو یارمەتى تەکەتولەکانى ناو سەرکردایەتى حزب دەدات لەوەى بتوانن لەنێوان خۆیاندا رێکبکەون لەسەر ریزبەندى پاڵێوراوەکانیان یاخود وەک ئامرازێک بۆ لاوازکردنء پاکتاوى نفوزى یەکتر بەکاریبهێنن.

 

٣:  ئەو ئەزموونانەى لەپاشخانێکى دیکتاتۆرییەوە هاتوونء هێشتا ژینگەى ناوخۆى حزبە سیاسییەکانیان دیموکراسی نییەو کاندیدەکان لەرێکخستنەکانى خوارەوە بە هەڵبژاردن دیارى ناکرێن، لەم دۆخەدا لیستى داخراو بۆ بەهێزکردنى پێگەى سەرکردایەتى تەقلیدىء درێژەدانە بە سوڕى ژیانیان لەناوەندى بڕیاردانى حزبدا. 

 

٤: لەلیستى داخراودا پاڵێوراوان چاوبەرەوژێرى سەرکردایەتى حزبنء زۆر باکیان بە دەنگەکانى دەنگدەران نییە، ئەمەش وادەکات لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردندا پاڵێوراوەکان ناچار نەبن بچنە نێو خەڵکەوەو لێرەوە پەیوەندی نێوان دەنگدەرو پاڵێوراو لاواز دەبێتء دواتریش ئەم لاوازییە رەنگدانەوەى نەرێنى لەسەر ئەداى نوێنەرانى هەڵبژێردراو لەناو پەرلەماندا دەبێتء هەستى بەرپرسیارێتیان لەئاست خواستەکانى هاوڵاتیاندا کەمدەکاتەوە.

 

یەکێک لەئەنجامى خراپء نێگەتیڤى گەڕانەوە بۆ لیستى داخراو لەدۆخى ئێستاى حزبەکانى هەرێمى کوردستاندا، دابەزینى ئاستى بەشدارى دەنگدەرانە لەپرۆسەى هەڵبژاردندا، لەسەروشیانەوە بەهۆکارى ئەوەى تەنها بژاردەى هەڵبژاردنى حزبى سیاسى دەخاتە بەردەم دەنگدەران، لەکاتێکدا ئەگەر لیستەکە کراوەى سنوردار بێت بژاردەکانى بەردەم دەنگدەر بە ئەندازەى ژمارەى پاڵێوراوەکانى نێو هەموو لیستەکان فراواندەبێت.

 

دەرئەنجام

لەکۆتاییدا دەڵێین ئەگەر ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان دەیانەوێت هەموارى ماددەى 2ى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەنء دەستکارى پەیوەندى نێوان (دەنگدەر- پاڵێوراو - قەوارەى سیاسی) بکەن، ئەوا پێشنیارى ئێمە ئەوەیە کە لیستى پاڵێوراوان بکرێتە لیستى کراوەى ئازاد، بۆئەوەى دەنگدەر بتوانێت بە ئەندازەى ژمارەى کورسییەکانی بازنەکە دەنگ بە پاڵێوراوەکان بدات، ئەمەش دەرفەت لەبەردەم دەنگدەردا دەڕەخسێنێت کە لەنێوان پاڵێوراوە جیاوازەکانى حیزبەکاندا ریزبەندییەکى نوێ بۆخۆى دروست بکاتء دەرفەتێکى زیاتر بۆ کاندیدانى ئافرەتیش بڕەخسێت کە ژمارەى دەنگەکانیان بەرزبێتەوە. خۆ ئەگەر ئەوەش ناکەن، با ماددەى 2ى یاساکە وەکخۆىء بە لیستى کراوەى سنوردار بمێنێتەوە. 

بۆ داگرتنی ئەم بابەتە بە فایلی pdf کلیک لێرە بکە:

 

312417912018_٢٣.PNG

 

422617912018_26803614_585097771836042_1774802492_n.jpg

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure