ئیسرائیل و کوردەکان مێژوو ی هاوبەش و چارەنوسی جودا
1767 جار بینراوە 9/1/2018 12:10 AM

پشتگیریی ئسرائیل بۆ هەرێمی کوردستان؛ لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی



ئامادەکردنی: هاوکار ڕەفیق ڕەحمان

توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان

 

پێشەکى

کارکردن لەگەڵ کوردەکان دەکرێت وەک بەشێک لە ستراتیجیەتی کەنارەکان (strategic periphery)، ئەوەی کە دەیڤد بنگۆریۆن، خستبویەڕوو تەماشابکرێت. بەمشیوەیە کوردەکان کرانە دۆست و هاوپەیمانی ئیسرائیل لە پەنجاکانەوە هەتا ئێستا، سەرباری ئەوەی پەیوەندى نێوان ئیسرائیل و کوردەکانى عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە دەمەزرابوو کە دەڵێت: دوژمنى دوژمنەکەم دۆستمە. " My enemy's enemy is my friend"  چونکە دوژمنى باوى هەردوولا حکومەتى عێراق بوو، ئەمەش هاریکاریکردن و پشتگیریکردنی کوردەکانی لێکەوتەوە لە ساڵی ١٩٦٥ەوە هەتا ١٩٧٥ و دواتریش لە ١٩٩١دا گەشەی تەواوی بەخۆیەوە بینی ولە دواى پرۆسەى جەنگى عێراقیشەوە، پاڵپشتى و پەیوەندییەکانى بۆ کوردەکانی باشور لە هەڵکشاندابوون، ئەمە بێجگە لەوەى لە وێستگە هەستیارەکانى ساڵانى 1991 و 2003 و 2014 و2017،  یەکەمین  دەوڵەت بووە کە پشتگیرى سەربەخۆیی هەرێمى کودرستانى کردووە. لەمەوە زۆرینەی سیاسیەکانی کورد، هەمیشە شانازی بەوە دەکەن، کە ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت دەبێت پشتگیری لە سەربەخۆیی کوردستان دەکات، تەنانەت ئیسرائیل خۆیشی لەسەر ئاستی فەرمی لە ڕابردوودا ئەمەی دەربڕییوە، بەڵام ئێمە لە توێژینەوەکەدا لێکەوتەکانی ئەو پشتگیرییە بە وردی دەخەینەڕوو.

 

بەم شێویە توێژینەوەکە تەرخانکراوە بۆ وەڵامدانەوەى چەندین پرسیاربەم شێوەیە، یەکەمین دەستپێکى   مێژوویی و پشتگیریی ئیسرائیل بۆ کوردانى باشورى کوردستان کەى بوو؟ سیاسەتى پەراوێزى ستراتیژى چیە؟  کوردەکانى باشور لە کوێى ئەم سیاسیەتەدان؟ پەیوەندییە  نهێنیەکان و سەردانیکردنە دوولایەنەکانیان کامانەن؟ سنورى یارمەتى و پشتگیرییەکانى ئیسرائیل لە چ ئاستێکدابووە؟ و چۆنیەتى و جۆرێتیەکەى چۆن بوو؟ لەبەرامبەر یارمەتى کوردەکان، ئیسرائیل چى بەدەستدەهێنا؟  ڕۆڵى  جولەکە کوردەکانى ئیسرائیل لە پشتگیریکردنى  کوردانى باشور چی بوون؟ قۆناغەکانى پەیوەندى و هاریکارى ئیسرائیل و کوردەکانى باشور لە 1965 هەتا ئێستا چەند قۆناغ بوو؟ گرنگترینیان کامە بوو بۆ کوردەکان؟ پەیوەندییەکانى ئێستایان لە چ ئاستێکدایە؟ ئەى پەیوەندى ئیسرائیل لەگەڵ کوردەکانى پارچەکانى دیکەى کوردستان چۆنبووە و چۆنە؟ ڕوانگەى عێراق بۆ پشتگیریکردنى کوردەکانى باشور چۆن بووە و چۆنە؟ پشتگیرییە ڕاگەیاندراوەکانى ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان کامانەن؟ ئیسرائیل بۆچى پشتگیرى دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟ بەرژەوەندییەکانى چین؟ نەوت و غازى کوردستان لە ستراتیژییەتى ئیسرائیلدا چ گرنگیەکى هەیە؟ئایا ئیسرائیل پەراوێزخستنى هەرێمى کوردستان لە لایەن(تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا) دەقۆزێتەوە؟ لێکەوتەکانى پشتگیرى ئیسرائیل بۆ دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان چین؟ لێکەوتە نەرێنییەکانى پشتگیریکردنى  ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی چین؟ یان بە پێچەوانەوە لێکەوتە ئەرێنیەکانى پشتگیریکردنى ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان چین؟

 

  دەستپێکى مێژوویی  یارمەتیەکانى ئیسرائیل بۆ کوردەکانی باشور

مێژوونوسی ناوداری ئیسڕائیلی شلومو نەکدیمون  نزیکەی ٢٠ ساڵ لەمەوپێش کتێبێکی لە ژێر ناونیشانی "ئەو هیوایەی کە تێکشکا " بڵاوکردەوە، کە لە کتێبەکەیدا دەڵێت سەرکەوتنەکانی کورد سێ کەسی ئیسڕائیلی لە پشتەوەبوو، کە ئەوانێش (لیڤی ئاشکول) سەرۆکی حکومەت و وەزیری بەرگری پێشووی ئیسڕائیل بووە و (ئەسحەق ڕابین) سەرۆکی ئەرکانی پێشوو و (مائیر عەمیت) سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل موساد. لەم سۆنگەیەوە دەگەڕێینەوە بۆ یەکەمین دەستپێکی هاوکاری ئیسرائیل بۆ کوردەکانی باشوری کوردستان، پشتبەست بە لێدوانەکانی (ئۆری میلیشتاین)  مێژوونوسێکی دیکەی ئیسڕائیلی، لەم بارەیەوە لە چاوپێکەوتنێکدا، لە ئازاری ٢٠١٦ ڕایگەیاندووە، ڕەگی مێژوویی هاوکاریکردنی کورد لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش ١٩٦٧، کە ئیسڕائیل بەشێوەیەکی ئاشکرا دەیویست سوپای عێراق بە کوردەکانەوە سەرقاڵبکات. تەنانەت  دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتی  (مائیر عەمیت) و بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ دەزگا هەواڵگریەکانی ئێران، مەشق و ڕاهێنانیان بە دەیان ئەفسەری کورد کردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چەکداری لە ناوخۆی عێراقدا.  (2-1)، کاتێک لە ئابى  1961دا، بارزانى پەیوەندییەکانى لەگەڵ عێراق تێکچوو و یاخیبوونى دژى عێراق ڕاگەیاند، دەستە و گروپى چەکدارى دژى عێراق دامەزراند. بەکردارى ئیسرائیل پشتگیریی کوردەکانى کرد لە ڕاهێنان و پلان و تەکتیکى جەنگیدا.(3)

 

سیاسەتى پەراوێزى ستراتیژى و لەخۆگرتنى کوردەکانی باشور، لەلایەن ئیسرائیلەوە

 دیڤید بن گۆریون (کە بەباوکى رۆحى ئیسرائیل ناسراوە) لە 1950دا سیاسەتى رۆخى ستراتیژى (strategic periphery) هێنایە کایەوە. (4)، کە پێى وابوو لە ناوچەکەدا، دەبێت بگەڕێت بەدواى هاوپەیمانى نوێدا، هاوپەیمانیەک لەدەرەوەو ناوەوەى دەوڵەتانى عەرەبى، بەم شێوەیە لەبەرامبەر بەرەى عەرەبیدا هەوڵى دروستکردنى هاوپەیمانى نوێى دەدا، لەگەڵ کەمینەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، کەوتە پەیوەندى و هەماهەنگى، کوردەکان لەوکاتەدا چەوسێنەرى دەستى دوژمنەکانى ئیسرائیل بوون، بۆیە کەوتە هەماهەنگى لەگەڵیاندا.(5)، ئەم دیدەى (بن گۆریون) پێى دەگوترێت دۆکترین یان پرینسیپى پەراوێزى ستراتیژى، بە پێى ئەم مەبدەئەش گرنگە ئەو هێزانەى کە لە رۆخ (پەراوێز)ى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدان و دەوڵەتانى ناعەرەبین و بە زەرورەت دۆستى عەرەب نین، وەک هێزەکانى (تورکیا، ئێران و ئەسیوپیا)، دۆست و پشتگیرى ئیسرائیل بن، کوردستان و کوردیش، وەک بونێکى نادەوڵەتى، بەشێکى زۆرى یان ڕاسترە بڵێین بەشى ڕۆژهەڵات و باکورى کوردستان،  دەکەوێتە ئەو ڕۆخە ستراتیژییەى ئیسرائیلەوە.(6)، بەم شێوەیە هاوکاریکردنی کورد له‌ پلانی ستراتیژی (داڤید بن گوریۆن)دا بوونی هەبووە، که‌ یه‌که‌مین سه‌رۆک وه‌زیرانی ئیسرائیله‌ له‌ نێوان ساڵانی (1955-1963) و یه‌کێکیشه‌ له‌ 100 که‌سایه‌تیه‌ کاریگه‌ره‌که‌ی جیهان، بەم چەشنە لە سیاسەتی (بن گۆریۆن)دا کوردەکان دۆستی کوردن، پێویستە بەهێزبکرێن و بۆ ئەوەی لە داهاتوودا کاریگەری باشتریان هەبێت(7).

 

 پەیوەندى نهێنى و  پاڵپشتیەکانى ئیسرائیل، بۆ کوردەکانی باشور  لە نێوان ساڵانى   1973-1965

  عیسمەت شەریف ( Ismet Sherif Vanly)  لە یاداشتەکانیدا دانیبەوەداناوە کە لە ساڵى 1964 لەو ساتەى شۆرشى کوردى لە قۆناغێکى هەستیاردابووە، پێشنیاریکردووە بۆ (مستەفا بارزانى) کە ئیسرائیل یارمەتى کوردەکان دەدات، بەم پێیە بە  ڕەزامەندى بازرانى (عیسمەت شەریف) سەردانى ئیسرائیلى کردووە و سەرۆکوەزیران لیفى ئشکول ( Levi Eshkol) دیدەنى کردووە، لەدوای ئەم وێستگەیەش حکومەتى ئیسرائیلى نوێنەرێکى تایبەتى خۆى دەنێرێت بۆ کوردستانى  باشور، تەنانەت نوێنەرەکەى ئیسرائیل هەوڵیداوە کۆبوونەوەى نێوان (عیسمەت شەریف) لەگەڵ بەرپرسێکى ئەمریکى ڕێکبخات، بەڵام ئەم هەوڵە لە لایەن ئەمریکاوە ڕەتکرایەوە!، هەر بە گوێرەى یاداشتنامەکە ئیبراهیم ئەحمەد (Ibrahim Ahmad) ئەوەى کە دواتر لە پارتەکەى بارزانى جیابۆوە، پێشتر بە نهێنى سەردانى ئیسرائیلى کردووە، دواتر جیابوونەوەى (ئیبراهیم ئەحمەد) و دەستەکەى، پرسێکى گرنگ بوو، چونکە لە ساڵانى دواتردا پەیوەندى نهێنى نێوان ئیسرائیل و بارزانى ئاشکراکرد. لەم دیدەوە لە نێوان سالانى 1968  هەتا 1975 پەیوەندییەکانیان هەڵکشانى باڵایان بەخۆیانەوە بینى، بەجۆرێک (مستەفا بارزانى) دووجار بە نهێنى سەردانى ئیسرائیلى کرد، ساڵى 1968 جارى یەکەم و جارى دووەم ساڵى 1973، هەردووجارەکە لەگەڵ بەرپرسى باڵاى ئیسرائیل لەوانە سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە. (8)، پێویستە ئەوە بوترێت کە پەیوەندى نێوان ئیسرائیل و کوردەکانى عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە دەمەزرابوو کە دەڵێت: دوژمنى دوژمنەکەم دۆستمە. " My enemy's enemy is my friend"  چونکە دوژمنى باوى هەردوولا حکومەتى عێراق بوو "پارتى بەعسى عێراقى"، کە مەترسیدارترین دوژمنى هاوبەشبوو، کە بە درێژایی نێوان ساڵانى 1968 بۆ 2003 فەرمانڕەواییکرد.(9)، ئیسرائیل هاوشێوەى پەیوەندى لەگەڵ کوردەکان لەسەر هەمان بنەما، لەگەڵ ئازەرباینجان، ئسیوبیا و یۆنان مامەڵە دەکات. (10)

 

یارمەتییە راگەیانداروەکان بۆ کوردانی باشور، لە زمانى (مناحم بیجن)ى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیلەوە

  لە 29ئەیلولى 1980دا، کاتێک سەرۆکوەزیران (Menachem Begin) دەستبەکاربوو،ئەوەى ئاشکراکرد کە ئیسرائیل پشتگیرى کوردەکانى کردووە، لە شۆڕش و ڕاپەڕینەکاینان دژ بە عێراق لە نێوان ساڵانی 1965_1975، تەنانەت ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش ئاگادارى ئەم بابەتە بووە، بەڵام بە ئاگاییەوە ئەوەى ڕاگەیاندبوو، کە ئیسرائیل تەنیا ڕاهینەر و تیمى فێرکارى ناردووە بۆ کوردەکان نەک یەکەى سەربازى" Israel had sent instructors and arms but not military units" . (11)

بەم شێوە دەتوانین ئەوە بڵێن کە یارمەتییەکانى ئیسرائیل بۆ کوردەکان لە سەرەتادا سنوراربووە، وەک یارمەتى مرۆیی و تەندروستى، بەڵام دواتر فراوانکرا بۆ دابینکردنى جبەخانە و چەک و تەقەمەنى بچوک، پاشان ئامرازى ئاڵۆزترى وەک دژە دەبابە و چەکى فرۆکە شکێن، هەروەها ڕاهێنانى سەربازى بەردەوامى لێکەوتەوە. (12)، یارمەتییەکان هەتا ساتى ڕێکەوتنى جەزائیر لە 1975 بەردەوم بوون، بەڵام دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلول، پەیوەندییەکان بۆماوەیەم وەستان، چونکە بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل لەگەڵ ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا لەم ساتەدا وایاندەخواست.

 بەگشتی  هاریکارى لە نێوان ئیسرائیل و کوردەکانى باشور، بە شێوەیەکى سەرەکى لە سەردەمى ڕژێمى (سەدام حسێن) دابوو، لەنێوان ساڵانى 1968 بۆ 2003، بۆ نمونە ئیسرائیل ڕاهێنانى سەربازى  بە چەکدارە کوردەکان (مەبەست پێشمەرگەیە) دەکرد دژ بە ڕژێمى سەدام، لە بەرامبەردا کوردەکان هاریکارى ئەو جەولەکە عێراقیانەیان دەکرد بۆ گەڕانەوە بۆ نیشتیمانى خۆیان ، سەربارى هاریکارى لە سیخوڕیکردن بەسەر ڕژێمەکەى سەدام حسێنەوە (13).

لە ئیسرائیلەوە جولەکە کوردەکان  ڕۆڵیان چی بوو، لە پشتگیریکردنى  کوردانى باشوردا؟

لە هەمووى گرنگتر ئەو جولەکە کوردانەبوون، کە لە نێوان ساڵانى 1940 بۆ 1950 گەڕانەوە بۆ  ئیسرائیل، ئەوان سەربارى ئەوەى هەمیشە ستایشى ئەو مامەڵە ئەرێنیەى کوردەکانیان دەکرد، بەرامبەر جولەکەکان، هەر ئەمەش وایکرد لە کاتى گەڕانەوەدا وەک باڵوێزى نایاب " EXCELLENT  AMBASSADORS"  بەرگرى لە مافى کوردەکانى عێراق بکەن،(14). بەم شێویە لە چەندین ڕووداودا پشتى کوردیان گرتووە، لە گرنگترینیان ڕاپەڕینى ساڵى 1991بوو، لە دەرئەنجامى تێکشکانى (سەدام حسێن) لە جەنگى کوەیتدا، بە خۆپیشاندانى ناڕەزایی هاوخەمیان بۆ کوردەکان دەربڕى، سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى ئیسرائیل (YITZHAK SHAMIR)داواى لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا کرد، کە کوردەکانى لە هەڕەشەى (سەدام حسێن) بپارێزن، بەم شێویە لە کۆبوونەوەى لەگەڵ وەزیرى دەرەوەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا (James Baker) هانى ئیدارەکەیدا بۆ ئەوەى بەرگرى لە کوردەکان بکەن (تەنانەت زۆرێک لە شارەزایان دروستکردنى ناوچەى دژە فڕین لە باکورى عێراق بە فشارى ئیسرائیل تێدەگەن) (15). دواى ئەوە لەشارى قودس کۆمەڵەیەکى دۆستایەتى کوردى - ئیسرائیلى " Israeli-Kurdish friendship " دامەزارا، کە ئامانجەکەى بنیاتنان و بەرەوپێشبردنى پەیوەندیی ئیسرائیل و کوردەکان بوو.(16)

 

پەیوەندییەکانى ئیسرائیل و هەرێمى کوردستان لە 2003ەوە هەتا ئێستا

 لەدواى ڕووخانى (سەدام حسێن) و ڕژێمەکەى، ئیسرائیل و کوردستان دوژمنە هاوبەشەکەیان لەناوچوو، ئەمەش دەرچەیەک بوو بۆ کرانەوەى زیاتر لە نێوان ئیسرائیل و کوردەکان، لە پەیوەندییەکى شاراوە و نهێنیەوە بۆ پەیوەندییەکى ئاشکرا و ڕاگەیەندراو، هەرچەندە بە پێى میدیاکانى ئیسرائیل کۆبوونەوەى نهێنى لە ساڵى 2004دا لە نێوان (ئیرل شارۆن، جەلال تاڵەبانى و مەسعود بازرانى) ئەنجامدراوە، بە شێوەى ئاشکراش (مەسعود بارزانى) سەرۆکى ئەوکاتى هەرێمى کوردستان لە 2005دا، ڕایگەیاند کە ئەو پەیوەندى دادەمەزرێنیت لە نێوان کوردەکان و ئیسرائیلدا، ئەمەش وەک تاوانێک نابینێت، چونکە زۆرینەى دەوڵەتانى عەرەبیش پەیوەندییان هەیە لەگەڵ دەوڵەتى ئیسرائیل(17)، هەروەها جەلال تاڵەبانى سەرۆککۆمارى پێشووى عێراق، لە پشکى پارتى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان،  لە نیسانى 2008دا، بە بێ دودڵى و  شڵەژان لەگەڵ ئەهود بارەک (Ehud Barak) وەزیرى بەرگرى ئیسرائیلى، لە لوبنان لە کۆنگرەیەک بەرامبەر یەکتر بوونەوە(18). دواتر لە لایەن ئەندامانى پەرلەمانى عێراقى تاڵەبانى ڕوونکردنەوەى دا، کە ئەو کۆنگرەیە لەگەڵ وەزیرى بەرگرى ئیسرائیل، وەک سەرۆکى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان ئەنجامیداوە، نەک  وەک سەرۆکۆمارى عێراق. هەر بە گوێرەى سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان لەم دواییانەشدا  کۆبوونەوەى نهێنى لە نێوان سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل (بنیامین نەتەنیاهۆ) و سەرۆک وەزیرانى کوردستان (نێچیرڤان بارزانى)دا هەبووە.

به‌پێی راپۆرتێکی (یەدیۆت ئارۆنۆت) چەندین شارەزاو ڕاوێژکارى سەربازى لە هەرێمى کوردستان، یارمەتى کوردەکانیان داوە، لە دروستکردنى یەکەکانى دژ بە تیرۆر و چۆنیەتى بەرەنگاربوونەوەیان، هەر بە گوێرەى ڕاپۆرتەکە کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان گرێبەستیان لەگەڵ هەرێمى کوردسان کردووە، لە بوارەکانى ئاسایش و ڕاهینانى سەربازى بە هێزە کوردییەکان و ئاشناکردنیان بە ئامرازى مۆدێرن، ئەمە سەربارى ئەوەى کۆمپانیا ئیسرائیلیەکان گرێبەستى دروستکردنى فرۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێریان دەستکەوتووە، کە لێیەوە قازانجێکى زۆریان بەدەستهێناوە (هەرچەندە ئیسرائیل بە فەرمى ئەمە رەتدەکاتەوە). (19)، لە سێپتەمبەرى 2014شدا کاتێک داعش هێرشى سەربارزى کردە سەر هەرێمى کوردستان، ئیسرائیل دژى ئەم هێرشە وەستا و ئامادەیی هاریکارى و پاڵپشتى مەسیحیى و یەزیدییەکانى دەربڕى. (20)، ئەمە سەربارى ئەوەى پێداویستیەکانى ئیسرائیل بە نەوت واى کردووە، هانا بهێنێت بۆ کوردستان، بە پێى هەواڵێکى فایننشال تایمز، لە ئابى 2015 ئەوەى خستەڕوو کە ئیسرائیل بە ڕێژەى 77% نەوتى لە هەرێمى کوردستانەوە هاوردە کردووە، هەر بە پێى هەواڵى ئەو ڕۆژنامە بەریتانیە بێت، کۆمپانیاکانى ئیسرائیل لە مانگى ئایارەوە هەتا  11ى نیسانى 2015،  19 ملیۆن بەرمیل نەوتیان، لە  کێلگە نەوتییەکانى هەرێمى کوردستانەوە هاوردە کردووە. هەر بە پێى ئەم ڕێژەیەش پێداویستى نەوتى ئیسرائیل بۆ کوردستان بە لە 77% مەزەندەکراوە، کە تەنیا لە یەک ڕۆژدا 244 هەزار بەرمیل هاوردەکراوە، بە پێى نرخى ڕۆژ بڕى هەموو ئەو نەوتە دەگاتە ملیارەها دۆلارى ئەمریکى. (21)

 

قۆناغەکانى پشتگیرى و هەماهەنگى ئیسرائیل بۆ  کوردەکانی باشور لە ١٩٦٥ەوە هەتا ئێستا

قۆناغى یەکەم: لە نێوان ساڵانى 1965 بۆ 1975: لەم قۆناغەدا بەرهەڵستکارى گەلى کورد دژ بە حکومەتى عێراقى فاشیزم هەڵگیرسا، لەم کاتەدا ئیسرائیل چەک و پێداویستى سەربازى بەخشیە کوردانى عێراق، سەرباى کردنەوەى خولى ڕاهێنانى ئیسرائیلى لە لایەن شارەزا و ڕاوێژکارانى مۆساد، و داڕشتنى پلانى سەربازى دژ بە عێراق، بە بێ ئەوەى هێزى سەربازى بنێرێت، زیاتر لەوەش ئیسرائیل لەم قۆناغەدا  ڕەزامەندى ئێرانى هاوپەیمانى بەدەستهێنا بۆ یارمەتیدانى کوردەکان دژ بە عێراق، ناکۆکى سنور لە نێوان ئێران و عێراق بووە هۆکارى ئەم ڕەزامەندییە. (بەڵام ڕێکەوتنامەى جەزائیر و ڕێکەوتنى ئێران و عێراق، بۆ ماوەیەک کوردەکانى کردە دۆخى پەلەکوتەوە).

قۆناغى دووەم:  لە نێوان ساڵانى 1991 بۆ 1998: ئەم قۆناغە جەنگى کەنداوى دووەمى بەدوادا هات، لەم کاتەدا ئیسرائیل بەهەموو تواناوە  کەوتە بەرگرى لە مافى  کوردەکانى باکورى عێراق، ئامادەیی پشتگیرى سەربازى و ئاسایشى و ئابورى و کۆمەڵایەتى پیشاندا، بە ئامانجى دروستکردنى قەوارەیەکى کوردى سەربەخۆ لە باکورى عێراق و دەربازبوون لە حکومەتى ناوەندى عێراق، بەڵام نەسازانى ژینگەى سیاسى کوردى و بەرهەڵستکارى توندى تورکیا ڕێگربوو لە هەوڵێکى لەم شێویە. (22)

قۆناغى سێهەم: 2003 هەتا ئێستا:   پەیوەندییەکانى ئیسرائیل و هەرێمى کوردستان   لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە پەیوەندى ئابورى و بازرگانیان لە دۆخێ:ى باشدایە. سەرباى مانەوەى پەیوەندییە سیاسیەکان لە دۆخێکى شاراوە و کۆبوونەوەى نهێنیدا، بەڵام زارەکیانەش   هەماهەنگى و سازانى پەیوەندى گەرمى دوولایەنە دوپاتکراوەتەوە، گرنگترینیان ساڵى 2014 بوو، کە وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل و سەرۆک وەزیران پاڵپشتى دەوڵەتى ئیسرائیلیان دەربڕى بۆ سەربەخۆیی هەرێمى کودرستان، لە ئێستاشدا چەندین بەرپرسى ئیسرائیلى ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان بە هەنگاوى ئەرێنى دەبینن.

 

 سروشتى پەیوەندییەکانى ئیسرائیل و  پارتى کرێکارانى کوردستان  (PKK)

لەم سۆنگەیەوە (Amikam Nachmani) نوسەر و وانەبێژى سیاسی لە زانکۆى بار_یلان(Bar-Ilan) ئیسرایل لەگەڵ کوردانى تورکیا (پەکەکە) دۆستایەتیەکى گەرمى نەبووە، هاوشێوەى کوردانى باشور نەبووە، وەک باسمانکرد پەیوەندى کوردانى  باشور و ئیسرائیل لەسەر بنەماى " دوژمنى دوژمنەکەم دۆستمە" دامەزرابوو، بەڵام بە پێچەوانەوە پەیوەندى کوردانى باکور و ئیسرائیل، لەسەر بنەماى ئەو پەندەى کە دەڵێت " دوژمنەکەم دۆستى دوژمنەکەمە _My enemy's friend is my enemy.، کە ئەمەش مەبەستى هاوڕییەتى پەکەکە و سوریایە، بەجۆرێک سوریا دژى ئیسرائیل بووە و جەنگى دژى بەرپاکردووە و لایەنگرى فەلەستینیەکانە، کە پێى وایە لە دیمەشقەوە پەروەردە دەکرێن، بەم شێوە لەم کاتەدا ئیسرائیل و تورکیا دۆستى یەکتر بوون، بەڵام پەیوەندى لە نێوان ئیسرائیل و سەرکردایەتى کوردى لە تورکیا لە دۆخێکى ئاڵۆزدابووە، سەرکردەى پەکەکە (عەبدولە ئۆجەلان) دژ بە ئیسرائیل و زایۆنیست لێدوانى داوە، پەیوەندییەکانیان لە شوباتى 1999 بە تەواوى گەیشتە بنبەست، کاتێک مۆسادی ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبارکرا کە دەستى سەرەکی هەبووە لە گرتن و ڕادەستکردنەوەى سەرکردەى پەکەکە بە تورکیا،  (23).

بەم شێوە چەندین هۆکار هەبوون کە واى لە ئیسرائیل کردبوو دژ بە (پارتى کرێکارانى کوردستان)ى باکور بێت، لە دیاریترینیان ئەوەبوو کە ئەم پارتە لە خولگەى یەکێتى سۆڤییەتدا بوو هەر ئەویش  پشتگیری دەکرد و یارمەتیدادە، لە لایەکترەوە (پارتى کرێکارانى کودرستان) لایەنگرى دەولەتى سوریابووە و لە هەمانکاتدا لەگەڵ هەندێک لە ڕێکخراوە فەلەستینیەکان هەماهەنگى هەبووە و  دژ بە ئیسرائیل و تورکیا و ئەمریکا بووە، و پێى وابووە سەرچاوەى هەڕەشەن بۆ ناوچەکە،  وەک کاردانەوەش ئیسرائیل و تورکیا ڕێکەوتن دژ بە (پارتى کرێکارانى کوردستان)، جەنگی لوبنان لە ١٩٨٢دا دیاریترین بەریەککەوتنی پەکەکە و ئیسرائیل بوو، بەم شێوەیە ئیسرائیل بە پێدانى زانیارى نهێنى و هەوڵگرى و سەربارزى دەربارەى (پارتى کرێکارانى کوردستان) یارمەتى تورکیاى دا، بێجگە لە پێدانى یارمەتى سەربازى و ئاسایشى و تەکنەلۆجى لەسەر ئاستى باڵا، بۆ چاودێریکردنى سنورى تورکیا، تا ئەوەى پشکداربووە لە دانانى مین و تەقەمەنى و سنور بەستندا، سەربارى ناردنى ڕاوێژکار و شارەزایی ئاسایشى بۆ یارمەتى حکومەتى تورکیا بە بەرەنگاربوونەوە ئۆپەراسیۆنى دژ بە (پارتى کرێکارانى کوردستان)، هەتا ئەوەى لە ساڵى 1998_بۆ 1999، بەهاوکارى دەزگاى هەواڵگرى توکیا و ئەمریکا لە کینیا (عبدوللە ئۆجەلان)یان دەستگیکرد و ڕادەستى تورکیا کرایەوە، ئەم بابەتەش لە کاتیخۆیدا کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و لەبەردەم باڵوێزخانەى ئیسرائیل لە بەرلین، لەلایەن کوردەکانەوە، خۆپیشاندانى فراوان سازکرا، ئەمە بێجگە لەوەى ئیسرائیل تۆمەتبارە بە کوشتنى زۆرینەى چالاکوانەکانى پارتى کریکارانى کوردستان لە ئەورپا. (24)

 

پەیوەندییەکانى ئیسرائیل و کوردەکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواى کوردستان

بە پێى نوسنێکى دەستەى نوسەرانى ڕۆژنامەى (ئۆرشەلیم پۆست)، کە لە 1/ئابى/2016دا بڵاوکراوەتەوە، پێى وایە ئیسرائیل پەیوەندییەکانى لەگەڵ کوردەکانى ئێران پێویستە بەرەو پێش بەرێت، چونکە هەردوولا دوژمن و ئامانجى هاوبەشیان هەیە، دوژمنەکەیان ئێرانە و ئامانجەکەشیان بەرەنگاربوونەوە و دژایەتی فراوانخوازی ئێرانە، بەم شێوەیە ئیسرائیل پشتگیرى خەباتى چەکدارى کوردەکانى ئێران دەکات، سەرباری ئەوەی لە ڕابردووشدا عێراق دوژمنە هاوبەشەکەی ئیسرائیل و کوردەکان بوو، ئێستاش لەگەڵ کوردەکانی ڕۆژهەڵای کوردستان ئێران دوژمنی هاوبەشیانە، لە سوریاش بە هەمان شێوە کوردەکان و ئیسرائیل دۆستن بەرامبەر ڕژێمی سوریایی نادۆست، هاوشان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا، پشتگیری کوردەکان دەکەن، لە بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی سوریادا، تەنانەت لە رێگەی کوردە شەرفانەکانەوە توانیویانە بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوبن،  هەر بە پێی نوسراوی ڕۆژنامەکە پێیان وایە کوردەکان لە سوریا بەشێکی ئەو وڵاتەیان بۆ خۆیان دابڕیوە و ئەگەرەکانی یەکگرتنەوەی سوریا وەک جاران ئێجگار کەمە.

بەم شێوەیە بەرژەوەندى ئیسرائیل لە سوریا، ئامانجێکى ستراتیژى بەرزى لە پشتەوەیە، سەرەتا ئەو ویستى یەکلاکردنەوەى دەوڵەتى تورکیایە، بەو شێوەیەى کە خۆى دەیەوێت، لەپاڵ سود وەرگرتن لە هاوپەیمانى کورد و سوننەکانى سوریا، چونکە سوریا خاڵى دەرچونە بۆ گەیشتن بە قوڵایی ئیسرائیل و هەڕەشەکردن لێی. بەڵام کوردەکانی باکوری کوردستان، نایانتوانی دۆستایەتی ئیسرائیل بەدەست بهێنن. ڕۆژنامه‌که‌ ئه‌وه‌ش ناشارێته‌وه‌ که‌ مامه‌ڵه‌کردن و بونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ کوردا بۆ ئیسرائیل هه‌م ئاڵۆزه‌ و هه‌میش پێویسته‌ نهێنی بێت، په‌یوه‌ندیه‌که‌ ئاڵۆزه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسرائیل ناچاره‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ چوار پارچه‌ی جیاوازی کورددا بکات له‌ عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا و هاوسه‌نگی له‌ نێوانیاندا بپارێزێت، له‌ کاتێکدا  "هه‌ر چواریان ئه‌جێندای سیاسیان زۆر له‌ یه‌ک جیاوازه‌"پێویستیشه‌ په‌یوه‌ندیه‌که‌ نهێنی بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده‌کان ناتوانن به‌ ئاشکرا باسی بونی په‌یوه‌ندی خۆیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بکه‌ن و سه‌رجه‌م وڵاتانی ده‌وروبه‌ر له‌ خۆیان بکه‌ن به‌ دوژمن.(25)

 

ڕوانگەى عێراق لە بەرامبەر پشتگیرییەکانى ئیسرایل،  بۆ سەربەخۆیی کوردستان

وەزیرى بەرگرى عێراق (عبدولعەزیز ئەلوقایلى) لە 1966دا، سەرزەنشتى کوردەکانى بەوەدەکرد، کە هەوڵى دامەزراندنى ئیسرائیلى دووەم (a second Israel) دەدەن لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەروەها ئەوەشى ڕاگەیاند کە ڕۆژئاواو ڕۆژهەڵات پشتگیرى دروستکرنى دەوڵەتى نوێى ئیسرائیل دەدەن، لە باکورى عێراق، هاوشێوەى ئەوەى ساڵى  1948 دروستیانکرد، کە ئەمەش هیچ نیە بێجگە لە دووبارەکردنەوەى مێژوو " It is as if history is repeating itself.". عەرەبەکان لەوکاتەدا هۆشداریاندا لە دژوەستانەوەى ئەم بابەتە، چونکە ئەوان پێیان وابوو دروستکردنى دەوڵەتى کوردى، لە چوار دەیەى دروستبوونى دەوڵەتى عێراقدا، گەورەترین هەڕەشە ومەترسییە بۆ عێراق. بەم چەشنە لە لایەن عەرەبەکانەوە هەمیشە کوردەکان بە شوێنکەوتەى پلان و هەنگاوەکانى ئیسرائیل تۆمەتبادەکران.(26)

سەرکردە و سیاسیەکانى عێراق هەر لە ساتى دروستبوونى دەوڵەتى عێراقەوە، نەیانهێشتووە  دەنگ و ڕەنگى جودا لە هەناوى عێراقەوە دروستببێت، هەرچەندە بنەڕەتى دروستبوونى عێراق وەک  دەوڵەتێکى داهێنراو و دروستکراوە، بە بێ لەخۆگرتنى جیاوازى قبوڵکردنى ئەویتر،  کۆکردنەوەى چەند  نەتەوە و نەژاد و مەزهەبێکە لەسەر سنورێکى دیاریکراو، بەڵام هەرگیز پەیوەندى ئەم پێکهاتە و گروپە جیاوازانە لە کەشێکى لەباردا نەسازاوە، بەڵکو هەوڵدراوە بەزۆر هەموویان بکەنە یەک ڕەنگ و یەک نەتەوە و یەک مەزهەب، چونکە پێان وایە عێراق پێکهاتووە لەیەک گەل،   کورد پێکهاتەیەک بووە لەبرى ئەوەى وەک نەتەوەیەکى جیاوازتر لە عێراق لێبڕوانرێت، بە زەبرى ئاگر و ئاسن هەڕەشەیان لە ناسنامە و نەژادى ڕەسەنى کردووە، بۆ ئەوەى لەگەڵ نەژادى عەرەبى بیکەن بەیەک، ئێستاکەش لە میراتى ئەم عەقڵیەتەوە، بیردەکەنەوە و هەڵوێست وەردەگرن.

لەم دواییانەشدا عەممار حەکیم وەک ئاماژەیەک بۆ هەڵویستی حکومەتی عێراقی، دەربارەی ڕیفراندۆمی  هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، لەئێستادا عێراق ئامادەنیە هەنگاوێکی لەوجۆرە قبوڵبکات و ئەگەر هەرێم بیەوێت بەبێ ڕەزامەندی بەغدا ببێتە دەوڵەت ئەوا ڕوبەڕووی شەرعیەتی دانپێدانان دەبێتەوە، چونکە   ئێستادا   ئەگەر دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەندرێت تەنها ئیسرائیل دانیپێدادەنێت. (27)، لە ساڵى 2014شدا کاتێک ناتانیاهۆ پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانى کرد، کاردانەوەى توندى (نورى مالکى) سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى عێراقى بەدواوەبوو، چەندینجاریش بۆ میدیاکان ڕایگەیاند، هەوڵ هەیە کوردستان بکرێتە (ئیسرائیلى دووەم). (28)، ئەمەش   دوبارەکردنەوەی هەمان دەربڕینی ساڵی ١٩٦٦ی وەزیری بەرگری عێراق بوو لە ٢٠١٤ و ئێستادا، واتە عێراق لە ساتی دروسبوونیەوە بەم شێوە بیر دەکاتەوە.

 

 پشتگیرییە ڕاگەیاندراوەکانى ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە ڕابردوو و ئێستادا

 هیچ گومانی تێدا نییە کە ئۆرشەلیم پشتیوانی لە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەکات.(29)، سێ ساڵ لەمەوبەر، سەرۆکوەزیران (ناتانیاهۆ) رایگەیاند، ئیسرائیل پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دەکات، لەو بەشەی عێراقدا کە ئێستا کورد ئۆتۆنۆمییان تێیدا هەیە. ووتی "ئێمە پێویستە پشتیوانی لە ئارەزووی کورد بۆ سەربەخۆیی بکەین. ئەوان شایانی سەربەخۆیین". ئەمانە قسەی (ناتانیاهۆ) بوون لە گوتارێکیدا کە لە ئەنیستیتیوتی ئاسایشی نیشتمانی لە  تەلئەبیب پێشکەشی کرد.(30)، بە هەمان شێوە، پێش ڕیفراندۆم لە ١٢/ئەیلولدا، لە وتارێکدا لە پەیمانگایەکی لێکۆڵینەوەی سەر بەزانکۆی تەلئەبیب، لەبەردەم ٣٥ کۆنگرێسمانی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە عێراق و ھەندێ وڵاتانی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست بەرەو رووخان دەچن، لە ئەنجامی ململانێی سونەو شێعە. هەروەها بە ئاشکرا ئەوەی خستەڕوو، وڵاتەکەی پشتیوانی ھەوڵی رەوای، گەلی کورد دەکات، بۆ دروستکردنی دەوڵەت. هەروەها لە مارسى 2016شدا (رون درمر)باڵوێزى ئیسرائیل لە واشنتۆن، پشتیوانى خۆی دەربڕى بۆ خەباتى سەربەخۆیی کوردەکانى باشور، ئەو ڕایگەیاند کوردەکان ڕۆحێکى جەنگاوەرى بەرزیان هەیە، دژ بە ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش،(31)، لە نۆیەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ساڵانەی ئینستیوتی لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان بۆ ئاسایشی نیشتمانیش (INSS) ئایلێت شاکید وەزیری دادی ئیسرائیل داوای دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی کرد.(32)، نۆ جاری دووەمیش لە ١١ی ئەیلولدا و لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوەکرد، ئیسرائیل و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرژەوەندی زۆریان لەگەڵ بنیادنانی دەوڵەتی کوردستاندا هەیە. هەروەها سه‌رۆکی پێشوی ئیسرائیل (شامۆن پرس) پشتگیری خۆی بۆ سەربەخۆیی کورده‌کان ده‌ربڕیوه‌. Avigdor Liberman  وەزیرى دەرەوەى ئیسرائیل لە 2014دا، وتى " پێدەچێت دەوڵەتى ئیسرائیل یەکەمین دەوڵەت بێت، کە داندەنێت بە دەوڵەتى کوردستاندا (34)، پشتگیرییەکانى ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەڵقوڵاوى ساتى ئێستا و چەند ساڵى ڕابردوو نین، بەڵکو ساڵى 1991 ساڵى 2003 پێش ئەم وادەیەش سەرکردە سیاسى و نوسەر و ڕۆشنبیرانى ئیسرائیل، پشتگیرى خۆیانیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دوپاتکردۆتەوە، بە بێ ئەوەى لە ژینگەى ناوخۆیی و دەرەکى و پێشمەرجە بابەتییەکانى سەربەخۆیی کوردستان تێبگەن.

زۆریک لە سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەدەن، کە لۆبى ئیسرائیل هەوڵى کاریگەری داوەدە، بەسەر ناوەندى بڕیارى ئەمرکییەوە بۆ ئەوەى قەناعەت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بهێنن، بۆ ئەوەى ڕەزامەند بێت بە گۆڕینى کوردستان، لە هەرێمێکەوە بۆ دەوڵەتێکى سەربەخۆ، لەم چوارچێوەیەدا وەزیرى دەرەوەى پێشوو  ئیسرائیل (افیغدور لیبرمان) لە 22 حوزەیرانى 2014 داواى لە وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا (جۆن کیرى) کردبوو بۆ گۆڕینى هەڵوێستى دەوڵەتەکەى بۆ سەربەخۆیی کوردستان، هەر بە پێى سەرچاوە ئیسرائیلیەکان، (ناتانیاهۆ) و دواى کردووە لە سەرۆکى پێشووى ئیسرائیل (شەمعون بیریز) بۆ ئەوەى هەوڵبدات کاریگەرى لەسەر ئیردارەى ئەمریکا دابنێت، بۆ ئەوەى قەناعەت بە ڕاگەیاندن و پشتگیرى سەربەخۆیی کوردەکانى عێراق بکەن. (35)، لە ئێستاشدا کە بارزانى ڕێکەوتى 25 ئەیلولى 2017 دیاریکردووە بۆ ڕیفراندرمى سەربەخۆیی، هەرێمى کودرستان.(36)، هەرچەندە گومانەکانى پشتى ئەم کردەیە یەکجار زۆرن، بۆچوونى باویش پێى وایە ئەم هەنگاوە زیاتر وەک کارتێکى فشار و بانگەشەى هەڵبژاردنى بەکار دێت، چونکە پێشمەرجی یاسایی، سیاسى، ئابورى، سنور، سەربازی، ناسنامە،  هەرێمی و نێودەوڵەیتەکان، لەگەڵ ئەم بابەتە نەگونجێنراون، سەربارى ئەوەى سەرجەمى هێزە سیاسیەکانی ناوخۆ دەربارەى ئەم پرسە نەگەیشتوونەتە کۆدەنگى و یەکڕایی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرینەى نوسەر و ڕۆژنامەنوس  توێژر و ئەکادییمیە ئیسرائیلییەکان پشتگیرى ئەم کردەیە دەکەن، بە بێ ئەوەى لە ئامادەسازى و هەلومەجە ناوخۆیی و بابەتیەکانى ئەم پرسە تێبەگەن، بەڵکو ئەوان بە چاویلکەیەکی دیکەوە دەڕوانن و زیاتر لە سۆنگەى بەرژەوەندى دەوڵەتەکەیانەوە، شیکارى و هەڵسەنگاندن دەکەن.

 

ئیسرائیل بۆچى پشتگیرى دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان دەکات؟ بەرژەوەندییەکانى چین؟

بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە پشت بە نوسینێکى (Ido Rabin)ى دەبەستم،  ناوبراو نوسەرێکى ئیسرائیلى ناسراوە  و هەڵگرى بڕوانامەى دکتۆرایە لە زانستى سیاسیدا، ئەو بە هەمیشە بەرگری لەوە دەکات، کوردەکانی هەرێمى کودرستان، ببنە خاوەنى دەوڵەتى خۆیان، هۆکارەکانى پشتگیرى ئیسرائیلیش بۆ دەوڵەتى کوردى بە 5 خاڵ دەخاتەڕوو، ئێمە لێرەدا سێ خاڵى  سەرەکی دەخەینەڕوو:

یەکەم: سەرەکیترین مەبەستى ئیسرائیل، لە پشتگیریکردنى دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردى، بەردەستخستنى سامانى سروشتى (نەوت و غاز)ى هەرێمى کوردستانە، بە نرخێکى هەرزان و تێچوونێکى کەم و مەودایەکى کەمى گواستنەوە، ئیسرائیل بە نافەرمیش نەوتى هەرێمى کوردستانى کڕیووە و بەهۆى ئەوەى کوردستان هەرێمێکە لە عێراقدا، بە پێى دەستورى عێراق ئەم مافەى نیە، لەڕابردوودا ئیسرائیل توشى ڕەخنەگرى هات، دەوڵەتى سەربەخۆی کوردستان سنوردارى  لە فرۆشتنى نەوتەکەى ناهێڵێت، ئیسرائیلیش سودمەندى یەکەم دەبێت.

دووەم: ئیسرائیل واى دەبینێت کە پێوستە هەر لە یەکەم هەنگاوەوە، کوردەکان بکاتە هاوپەیمانى سەرەکى خۆى، لە ڕۆژهەڵاـى ناوەڕاستدا. چونکە بڕواى وایە ئەگەر بێت و لەسەرەتاوە هاوپەیمانى لەگەڵ کوردەکان نەبەستێت، ئەوە پێدەچێت کوردەکان لەگەڵ دەوڵەتانى دیکە یەکبگرن و لە خولگەى دژوەستانەوەى ئیسرائیلدا  سیاسەت بکەن.

سێهەم: هۆکارێکى دیکە پەیوەندى بە هەڵکەوتەى جوگرافى (Geographically) کوردستانەوە هەیە، ئیسرائیل سود وەردەگرێت لەم  پێگەیە بۆ  ئاستەنگدانان لە نێوان ئێران و عێراق لە لایەک و ئێران و سوریا لە لایەکى ترەوە، ئێران لە ئێستادا بە پاساوى جەنگی داعش بە تەواوى خزاوتە ناو عێراقەوە، بەڵام ئێران لە هەوڵدایە ڕیزبەندێک لە  دەوڵەتى تەوەر (میحوەر) لە شێوەى سنورێک دروستبکات،  کە ئێران، عێراق، سوریا و لوبنان، هەتا سنورى ئیسرائیل دەگرێتەخۆ، بەم شێوەیە ئیسرائیل زۆر ئارەزوومەندە ئەم زنجیرەیە بپچڕێنت، لە ڕێگەى هاوپەیمانى کوردستانەوە، چونکە سنورى کوردستان دەبێتە  پچڕانى زەمینى ئەم هێڵە زنجیرییەى ئێران.  (37)

 

  دیدى هەریەکە لە  (ڕافى شانکار، د.ئیدى کوهین، راچڵ ئەفراهامى)، بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە

" Ravi Shankar "  لە چەندن نوسینیدا پێى وایە ئیسرائیل 75%ى نەوت لە کوردستانى عێراقەوە دەکڕیت، بۆیە پشتگیرکردنى لە پێناو پڕکردنەوەى پێداویستیەکانى وزەدایە بە پلەى یەکەم، سەرباى ئەوەى ئیسرائیلیەکان موسوڵمانى هاوچەرخ و لیبڕال و کراوەیان دەوێت لە ناوچەکە، تا ئەوەى بیانکەنە دۆست و هاوپەیمانى بەهێزى خۆیان، چونکە ئەوان تا ئێستا لە ناوچەکە دۆستێکى وەک کوردیان نیە، کە بەو شێوەیە لە ئیسرائیلیەکان تێبگەن و هاوسۆزیانبن، ئیسرائیلییەکانیش ویستیانە هەمان شێوە لەگەڵ کوردەکان مامەڵە بکەن، تەنانەت بۆچونەکانى  (Ravi Shankar)بەرەو ئەوە دەڕوات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا جەنگى داعش بە نهێنى وەک بەهانەیەک بەکار دەهێنێت بۆ ئەوەى کوردەکان بگەیەنێت بە سەربەخۆیی و   دەوڵەتى  ئازاد. (38)، هەروەک لەم دواییەدا ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت بوو، کە بە بێ گەڕانەوە بۆ عێراق نەوتى هەرێمى کوردستانى دەکڕى، بە شێوەک زارەکیانە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاش دژى ئەم هەڵوێستەى ئیسرائیل بوو. (39).

 د. ئێدی کۆهێن،(Dr. Edy Cohen)   توێژەرێکی ناسراوە لە (سەنتەری بنگۆریۆن- سادات)ی ئیسرائیلی.  نوسەرى پەرتوکێکە بەناونیشانى هۆلۆکۆست لە روانگەی مەحموود عەباسەوە (Holocaust in the Eyes of Mahmoud Abbas)، پێى وایە جولەکە و کوردەکان لە زۆر ڕووەوە مێژووى هاوبەشیان هەیە، پەیوەندییان هەمیشە لە باشیدابووە،   ئەمە بێ لەوەی ئیسرائیل هەم لەڕووی ئابوورییەوە و هەم لەڕووی ئاسایشیشەوە، دەوڵەتی کوردستان سودی پیدەگەیەنێت.( Israel has an economic and security interest in supporting a Kurdish state)،  بۆ  ئاستەنگدانان بۆ جووڵەی میلیشیا جیهادییەکان (مەبەست چەکدارە شیعەکانە) لە سووریا و عێراق، پێویستە  ئیسرائیل رۆڵی هەبێت، لە گۆڕانکارییەکانی نێو کوردستان. دەکرێ لەوەش  زیاتر بنکەیەکی سەربازی لە کوردستان بکەنەوە، بۆئەوەی بەهۆیەوە دەوڵەتی کوردستان بپارێزن. هەروەها دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان دەتوانێ رێگە خۆش بکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو جووانەی کاتی خۆی لەوێوە هاتوونەتە ئیسرائیل و کاتی خۆی دەوڵەتی عێراق دەریکردوون و ماڵ و موڵکیانی تاڵان کردووە. ئەمە پێگەی ئیسرائیل لە رێککەوتنەکانی داهاتووی ئاشتیدا لەگەڵ عەرەب بەهێزتر دەکات. (40)، ئەمە بێجگە لەوەى (Dr. Edy Cohen)  پێى وایە ئیسرائیل  لە هەوڵى پەرەسەندنى پەیوەندییەکانیەتى لەگەڵ کورەکاندا، تەنانەت پێشبینى ئەوە دەرێت لە داهاتوودا ئیسرائیل یارمەتیدەرى کاراى کوردەکان بێت لە مەشقى سەربازى و ڕاهێنان و تەکتیکدا بە هێزى پێشمەرگە. (41)

هەر پەیوەند بەم پرسە (راچڵ ئەڤراهامى)  ژنە نوسەرو  لێکۆڵەرى ئیسرائیلی، لە ناوەندى لێکۆڵینەوە بۆ سیاسەتى ڕۆژهەڵاتى نزیک، زۆر بە توندی پشتگیری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان دەکات، لە نوسینەکانیشیدا وتەی ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک بەڵگە دەخاتەڕوو، ئەو وای دەبینێت بودجەی هەرێم بێ مەبەست لە حکومەتی عێراقەوە بڕاوە، ئەو بەهەمان شێوە بابەتی تیرۆر و پەنابەر و جەنگی داعش دەکاتە بیانویی قەیرانی سیاسی و ئابوری کوردستان، ئەمەش ناوردی وناشارەزایی ئەو دەخاتەڕوو(یان بە مەبەست و لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکەیدا، لەژێر ئەم چاویلکە تاریکەوە دەڕوانێت) دەربارەی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی لای من مەبەستە پشتگیریی ئەوە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، ئەو پێی وایە کوردەکان گروپێکی نەژادی جیاوازن لە عێراقدا، هەروەها زمان و کلتور و مێژوو جیاوازیان هەیە، تەنانەت لەژێر سەرکردایەتی سوننەکانی عێراق کۆمەڵکوژ و ئەنفال  و کیمیاباران کراون، کە ئەمەیان تێگەیشتنێکی وردە بۆ مێژووی پڕ نەهامەتی کورد. کاریگەرترین نوسینی (راچڵ ئەڤراهامى) لە ٢٠/٦/٢٠١٧  بڵاوکرایەوە، کە لە ڕۆژنامەی واشنتۆن تایمزدا   ئەوەی خستەڕوو، کە  پێویستە ئەمریکا پشتیوانى لە ڕیفراندۆمى هەرێمى کوردستان بکات بۆ سەربەخۆیى. بەبۆچوونى ئەو پشتیوانیکردنى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان هۆکارێک دەبێت بۆ ڕێگرى کردن لە دروستکردنى ناوچەیەکى فراوانى هەژموونى شیعە کە بە مانگیى شیعە ناوزەد دەکرێت. ئەو لێکۆڵەرە ئیسرائیلییە لەوباوەڕەدایە پێویستە ئەمریکا پشتیوانى لە دەوڵەتێکى سەربەخۆى کورد بکات، چونکە هاوشێوەى بەعسییەکان، لەدواى ٢٠٠٣ شیعەکانیش کوردیان چەوساندووەتەوە. ئەڤراهام ڕاشیگەیاندووە کورد زمان و کلتور و مێژوویەکى نیشتمانى تایبەتیان هەیە و هیچ هۆکارێک نیە کە ئەوان دەوڵەتى تایبەت بەخۆیان نەبێت. (42-44).

 

لە ئاستی ناوخۆ هانی ئیسرائیل دەدرێت، بۆ پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان

لە لەسەر ئاستی ناوخۆیی ئیسرائیل، چەندین نوسەر و ڕۆژنامەنوس و توێژەری ناودار، بە توندی لەگەل پشتگیری دەوڵەتەکەیاندان بۆ سەربەخۆیی کوردستان، لەسەرەوە ناوی گرنگترین ئەو کەسانەم خستەڕوو، کە هەمیشە بە نوسینەکانیان فشار دەکەن لە ئیسرائیل، تەنانەت هەوڵی قەناعەتپێکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش دەکەن بۆ ئەم پرسە، لە هەموویان گرنگتر ڕۆژنامەیەکى بەناوبانگى ئیسرائیلىیە، بە ناوى (جۆرشەلیم بۆست)، کە گرنگترین ئەو هۆکارانەیان خستۆتەڕوو کە پێویستە ئیسرائیل لەبەر چاویبگرێت بۆ پشتگیرى سەربەخۆیی هەرێمى کوردستان، گرنگییەکەشى لەوەدایە ئەم بابەتە بەناوى ڕۆژنامەکەوە نوسراوە نەک تەنیا نوسەر و ڕۆژنامەنوسَیک، ئەمە بێجگە لەوەى ئەم هۆکارانە هەمان ئەو هۆکارانەن کە   سیاسیەکانى ئیسرائیل (بەتایبەت ئیسرائیلیە توندڕەوەکان) بۆ پشتگیرى کردنى کوردستان لەبەرچاوى دەگرن، بەم شێوەیە ڕۆژنامەکە بە نزیکەى 18 خاڵ هۆکاراەکانى پشتگیریکردنى کورد دەخاتە ڕوو، هانی حکومەتی ئیسرائیل دەدات بێ دودڵی پشتگیری سەربەخۆیی کوردستان بکات، لێرەدا من گرنگترینیان پیشاندەدەم،  یه‌کێک له‌و هۆکارانه‌ بونی دوژمنی هاوبه‌شه‌، به‌و پێیه‌ی ئێستا پێشمه‌رگه‌ شه‌ڕی گروپی تیرۆریستی داعش ده‌که‌ن، که‌ دوژمنێکی سه‌ره‌کی ئیسرائیل و کوردن، هەروەها  شه‌ڕی پێشمه‌رگه‌کانی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران  دژ به‌ سوپای ئێران،  دیسانەوە جەنگی خەباتگێرە کوردەکانە، دژ بە دوژمنی هاوبەشییان هەردوولا کە ئێرانە، بۆیە داوایان کردووە ئیسرائیل بێ دودڵی پشتگیری کوردەکانی عێراق و ئێران بکەن، چونکە هەریەکێک لەمانە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل دەپارێزن و هەڕەشەنابن بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل لە حاڵەتی بەهێز بوننیشیاندا. چونکە هەردوولا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، ئەمە بۆ کوردەکانی ڕۆژئاواش هەر ڕاستە.  یه‌کێکی دیکه‌ له‌و هۆکارانه‌ی که‌ وا ده‌کات ئیسرائیل پشتگیری کورد بکات دروستبونی ده‌وڵه‌تی که‌مه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه‌یه‌ له‌ ناوچه‌که‌ جگه‌ له‌ عه‌ره‌ب، چونکە ئەمە هۆکارە بۆ ئەوەی مافی کەمە نەتەوایەتییەکان باشر پارێزراوبن لە ناوچەکە، که‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئیسرائیل وه‌ک تاقه‌ ده‌وڵه‌تی (نا عه‌ره‌ب) و شاز  له‌ ناوچه‌که‌دا نه‌مێنێته‌وه‌، هه‌ر به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرجار هه‌رێمی کوردستان وه‌ک (ئیسرائیلی دووه‌م) ناوده‌برێت، هۆکارێکی دیکە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستانە بە ئیسرائیل، لە کاتێکدا زۆرێک لە دەوڵەتانی ناوچەکە نایانەوێت نەوت بە ئیسرائیل بفرۆشن، بۆیە کورد بێ دودڵی پێداویستییەکانی وزەی ئیسرائیل دابین دەکات، بۆیە پێیان وایە پێویستە هەمیشە کارکردن لەگەڵ کوردەکان وەک بەشێک لە (ستراتیژییەتی کەنارەکان)، ئەوەی(دەیڤید بنگۆریۆن)سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل خستبوویەڕوو(45).

 

ئیسرائیل پەراوێزخستنى هەرێمى کوردستان لە لایەن (تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا)ەوە دەقۆزێتەوە

بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل پشتگیرى سەربەخۆیی کوردەکان دەکات، لە هەرچوار دەوڵەتى (ئێران، تورکیا، سوریا و عێراق) (هەرچەندە لە ڕابردوودا تورکیا و ئیسرائیل هاوڕابوون لە دژوەستانەوەى پەکەکەدا بۆە پێدەچێت پشتگیرى ئیسرائیل بۆ کوردەکانى توکیا لە ئاستى پێوستدا نەبێت)، بەڵام بە تەواوى سیاسەت و ستراتیژییەتى ئیسرائیل لە ڕێگەى کارتى کوردەوە ئامانج لاوازکرن و بێهێزکردنى (ئێران، عێراق وسوریا)یە، بۆ ئەم مەبەستەش سود لە سەربەخۆیی و جیابوونەوەى کوردەکان وەردەگرێت،  دواتر ویستى ئەوەیە ڕێگە بگرێت لە لەشکرکێشى شیعەکان لە عێراق و سەرجەمى ئەو گروپ و دەستانەى لەژێر سەرکردایەى ئێراندان.(46)  هەر تایبەت بەم بابەتە (Dr. Edy Cohen) پێى وایە ئێران، تورکیا و وڵاتانی عەرەبی قەت دان بە سەربەخۆیی کوردستاندا نانێن. بەڵام کورد نابێ  ئەمانە لەبەرچاوبگرێت و پێویستە دەستبەجێ دوای  ڕیفراندۆم سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق رابگەیەنن. هەر بە بڕاوای (کوهین) ئەگەری زۆر بەهێز هەیە کە دەوڵەتی کوردستان ببێتە دوورگەی سەقامگیری و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ. ئەوەش وای لێدەکات زۆر جیاواز بێت لە وڵاتانی دەوروبەری. بۆیە دەبێ ئیدارەی ترەمپیش پشتیوانی لە  ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق بکات. چونکە ئەم گۆڕانکارییە لەبەرژەوەندیی تەواوی ناوچەکەدایە. (47)

بۆیە ئیسرائیل سو دەبینێت لەم هەلە و قۆستنەوەى ئەو پەراوێزخستنە لە لایەن (تورکیا، ئیران و عێراق) دژ بە کوردەکان، بە لەبەرچاوگرتنى زانیارى و هەڵوێستەکانى سەرەوە، ئەگەرێکى زۆرە کە ئیسرائیل یەکەم دەوڵەت بێت لە پشتگیریکردى سەربەخۆیی کوردستان، لەم سۆنگەیەوە هەر لە کۆنەوە کوردەکانی  باشورى کوردستانى گرتۆتەخۆ و یارمەتى و هاریکارى و ڕاهێنانى سەربازى چەکى بۆدابینکردوون، لە ئێستاشدا بەهەمان ستراتیژى پێشوو ویستى ئەوەیە دۆستە تەقلیدییەکەى جارانى، لە چوارچێوەیەکى فراوان و لە کیانێکى سەربەخۆدا ببینێت، بۆئەوەى بەرژەوەندییە سیاسى و ئابورى و ستراتیژییەکانى خۆى باشتر و بێ بەربەستتر پەرەپێبدات، هەروەها پشتگیرى کوردەکانى ڕۆژئاوا دەکات دژ بە دوژمنە کۆنەکەى (مەبەست سوریایە) کە لە ڕابردوودا لە گەڵیدا جەنگاوە، لە لایەکى دیکەشەوە دێت کوردەکانى ڕۆژهەڵات دەگرێتە خۆى بۆ ئەوەى ببنە بەربەست لەبەردەم دەوڵەتى ئێراندا، بەم شێیوە ئەم پەیوەندییانە لەسەر بنەماى بەرژەوەندى ئیسرائیل دامەزراون، بێ گومان کوردەکانیش خاوەن بەرژوەندین لەم سیاسیەتەدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار باکارهێنەربوون و دەبن، بەدەست  ئیسرائیلەوە.

 

  بۆچی کوردەکان پێویستیان بە پشتگیری دەوڵەتی ئیسڕائیلە؟

بە هۆی کۆمەڵێک فاکتەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستی بە دەوڵەتی ئیسرائیلە، بە واتایەکی تر بۆچی کوردەکان دەیانەوێت پەیوەندییەکی باشیان لە ئیسرائیل هەبێت و پشتگیری ئەو وڵاتە بەدەست بهێنن؟

 ١- لەڕووی سیاسی دبلۆماسیەوە: لەبەر ئەوەی سەرکردە کوردەکان لەو بڕوایەدان کە ئیسرائیل دەتوانیت باشترین لۆبی بێت بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕۆژئاوا، بۆ پڕۆژەی دەوڵەتی کوردی، بەڵگەش بۆ ئەمە کە سەرۆکی ئیسرائیل لە حوزەیرانی ٢٠١٤دا، کاتێک چاوی کەوت بە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (بارەک ئۆباما)، باسی بیرۆکەی دروستکردنی دەوڵەتی کوردی کرد، سەرەڕای نەترسی وڕیسکی بۆ هەردولا، دەشێت ئەم پەیوەندیانە لە بواری هەوڵگری و ئەمنی لە داهاتوشدا بەردەوام دەبێت.

 ٢- لەڕووی سەربازییەوە: پاڵنەری دووەم ئەوەیە کە کوردەکان چاوەڕوانی بەدەستهێنانی چەک و هاوکاری لۆجیستین لە لایەن حکومەتی ئیسرائیلەوە، کە ئەم هاوکارییانە هەرزوو پێشهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ عێراق لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ حکومەتی هەرێم دابینکراوە.

٣- لەڕووی ئابورییەوە: لەم ڕەهەندەوە حکومەتی ئیسرائیل ئۆڤەرێکی باش بوو بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥دا، لە کاتێکدا هیچ وڵاتێکی تر ئامادەیی نەبوو بۆ کڕینی ئەو نەوتە بە هۆی هەڕەشەکانی حکومەتی بەغداد، تۆمارکردنی سکاڵا دژی دەوڵەتی کڕیار. ئەوەبوو وەزیری سامانە سروشتییەکان (ئاشتی هەورامی)، دانی بەوادا نا لە پێناو ڕێگرتن لە ئاشکرابوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم ڕێوشوێنی باشیان گرتۆتەبەر بۆ بردنە دەرەوەی ئەو نەوتە لە ڕێگەی ئیسرائیلەوە. (48)

 

لێکەوتەکانى پشتگیرى ئیسرائیل بۆ دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان

ئیسرائیل بۆ پرۆسەى سەربەخۆیی کوردستان، وڵاتێکى کاریگەرە بەڵام لە هەمانکاتدا وڵاتێکى زیانبەخشیشە ، ئیسرائیل وەک بونێکى جیۆسیاسى لە دۆخێکى تایبەتدایە، بەشى زۆرى ئەو دۆخە تایبەتە بریتیە لە گۆشەگیرى و دوژمنایەتى لە گەڵ زۆربەى درواسێکان، بە گشتیش لەگەڵ جیهانى ئیسلامیدا. (49)، بۆیە لێرەدا پێویستە لە دوو  ڕەهەندەوە لێکەوتەکانى پشتگیریکردنى ئیسرائیل بۆ دەوڵەتى  سەربەخۆیی کوردستان بخیەنەڕوو، لە لایەکەوە لێکەوتە زیانبەخشەکان پیشاندەدەین، لە لایەکى تریشەوە لێکەوتە ئەرێنیەکانى پشتگیریکردنى ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی دەخەینەڕوو:

 

 لێکەوتە نەرێنیەکانى پشتگیریکردنى  ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی

یەکەم: هەریمى کوردستان هەڵکەوتە جیۆستراتیژییەکەى، وایلێکردووە ببێتە ناوچەیەکى هەستیار، عێراق وەک دڵی ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەناسێنرێت، هەرێمى کوردستانیش بەشێکە لەو هەڵکەوتە گرنگەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، سەرباى ئەوەى دراوسێکانى (عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا) سەرجەمیان نەیارى ئیسرائیلن، (بەلەبەرچاوگرتنی ڕۆڵی لاوازی سوریا لە ئێستادا)، لەحاڵەتى یەکلابوونەوەى کوردەکان لەگەڵ ئیسرائیل بچوکترین کارت بەدەست ئەم دەوڵەتانەوە، گەمارۆدانى ئاویی هەرێمى کوردستانە، تادەگات بە داخستنى سنور و هێرشى سەربازى، چونکە جیابوونەوەى کوردانى باشور، کارتى سورە بە نیسبەت ئەم دەوڵەتانەوە،  هەریەکەیان بە قەبارەى جیاواز نەیار و دوژمنى ئیسرائیلن، لە ئیستا و ڕابردوودا. بۆیە ئەم هەڵوێستەى ئیسرائیل بە لێدان لە ئاسایشى نەتەوەیی دەوڵەتەکانیان تێدەگەن.

 

دووەم: گەر بێت و ئیسرائیل سوربێت لەسەر پشتگیرییەکانى، دورنیە عێراق سود ببینیت لە دروستکردنى بەرەیەکى عەرەبى فراوان دژ بە سەربەخۆیی، کە تێیدا دەوڵەتانى عەرەبى و جیهانى ئیسلامى بگرێتەخۆ،  یەکبوونى عەرەب دژ بە مافەکانى کورد ئاسانترین کۆدەنگیە لەرابروو و ئێستاو داهاتوشدا،  دوژمنایەتى لە مێژیینەى دەوڵەتانى عەرەبى و ئیسرائیل دروستبوونى بەرەیەکى لەم شێوەیە ئاسانتر دەکات، هەرچەندە سعودییە یەکێکە لە دەوڵەتانى عەرەبى کە پێدەچێت نەرمنوێنبێت بەرامبەر سەربەخۆیی کوردەکان، بەڵام ئەمەش زیانبەخشە بۆ کوردەکانى باشور، چونکە سعودییە ویستى ئەوەیە دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان دژ بە ئێران و فراوانخوازى شیعە، بخاتە بەرەى خۆیەوە، کە ئەمەش دەر ئەنجامەکەى کەمتر نیە لە پشتگیرییەکانی ئیسرائیل.

 

سێهەم: ئەگەر ئیسرائیل بەو مەرجە پشتگیری کورد بکات، کە هاوشانى ئیسرائیل ببێتە جەمسەرێک دژ بە ئێران و شیعەکان، ئەمە دەبێتە خوڵقاندنى کارەساتى نەتەوەیی و هەر لە دەستپێکەوە دەبێتە  دروستبوونى کاردانەوەى توند بۆ هەوڵى سەربەخۆیى، ئەمە بێجگە لەوەى کوردەکان لە سوریا و عێراق دەکاتە قەلغان، لەبەردەم لەشکرکێشى و فراوانخوازى شیعەى ئیرانیدا.

 

چوارەم: زۆرینەى دەوڵەتانى عەرەبى و دەوڵەتى ئێرانیش لە ئیستادا بوونەتە هەڕەشە  بۆسەر ئاسایش و بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل،  دوور نیە ئیسرائیل بەم هەڵوێستە مەیدانى ڕەخنە و هەڕەشەکان لە ئیسرائیلەوە بەرەو ئاراستەى کوردستان بەرێت و  بە پێى بەرژەوەندییە سیاسى و ئابورییەکانى، خۆی سەرقالبکات بەم پرسەوە، لە هەمووى گرنگتر نامۆیی ئیسرائیلە بە شەقامى عەرەبى و ئیسلامى، ڕەنگە بەهەمان دید لە مافى کورد تێبگات، زۆرجار کوردەکان بەوە دەناسێنن کە شوێنکەوتەو بروادارى کوێرانەى ئیسلام نین (blind believers of Islam) و بیرکردنەوەیەکى مۆدێرنانەیان هەیە  بۆ دین، ئەمەش واتاى دابڕانى کوردە لە دەوڵەتانى عەرەبى و ئیسلامى، ئەمەش واتاى دروستکردنى هەمان دەوڵەتە لە جۆرى ئیسرائیل، کە نامۆ و نەخوازراوە بە ناوچەکە. بەمەش لەیەکەم دەستپێکەوە دەوڵەتانى ئیسلامى، پێش دەوڵەتانى ڕۆژئاوا، دژى دەوڵەتى سەربەخۆى کوردستان دەوەستنەوە، بەمەش دەوڵەتانى رۆژئاوا تاوانى بەرهەڵستکارى ناکەوێـتە ئەستۆیان و ئامانجیش بەدەست دەهێنن.

 

پێنجەم: نزیکبوونەوەى ئێران لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و دەوڵەتانى ڕۆژئاوا، ئەمەش لە ڕێکەوتنى ئەتۆمى نێوانیان بەرجەستەبوو، بەم پێیە  ئێران وەک یەکەکى فەرمى نێودەوڵەوتى و دەوڵەتێکى بەهێزى هەرێمى، گرنگترە لە دەوڵەتێکى نوێی  خۆنەگرتوو، بۆیە دەگونجێت زۆربەی دەوڵەتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەلای ئێراندا بکشێنەوە، ئەمە بۆ تورکیا و عێراقیش ڕاستە، لەهەمووى گرنگتر بەرژەوەندییە ئابورییەکانى دەوڵەتانى ڕۆژئاوا و ئەمریکایە لە هەرێمى کوردستان، لە زۆرباردا ئەو دەستکەوتانەى ئیستا هەیانە لە حاڵەتى دروستبوونى دەوڵەتدا زیاد ناکەن، بەڵام ئەمە بۆ ئیسرائیل بە تەواوى ڕاست نیە. 

 

شەشەم: دەوڵەتى ئیسرائیل دەوڵەتێکى عەقلانى و دوربینە، بەو واتایەى پشتگیریکردن هەروا بەئاسانى ناکات، چونکە عەقلانیە بە واتاى ئەوەى بەرژەوەندى و ستراتیژییەتى خۆى ڕێبەرى دەکات، نەک باوەڕ یان سۆز یان ئایدۆلۆژیا، ئەمەش واتاى ئەوەیە ئیسرائیل لە خەمى ئەوەدا نیە بەرژەوەندى یان چارەنوسى دەوڵەتى نوێى کوردستان چی لێبەسەر دێت،  چونکە ئەو لە گۆشەى بەرژەوەندى خۆیەوە دەڕوانێتە ڕووداو پێشهاتەکان.

 

حەوتەم: ئەو کێشەیەى کە لە پشتگیرى ئیسرائیلەوە بۆ دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان دروست دەبێت، بریتیە لەوەى مۆرى ئیسرائیل دەخاتە سەر ئەم دەوڵەتە سەربەخۆییە، هەرچەندە زۆرینەى دەوڵەتانى ناوچەکە پەیوەندى ڕاستەخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە، بەڵام عەرەب و موسوڵمانێکى زۆر ئەم پەیوەندییە بەکورد ڕەوانابینن، بەڵکو کورد تۆمەتباردەکەن بەوەى دەیەوێت ببێتە (ئیسرائیلى دووەم).

 

هەشتەم: ئیسرائیل بە سروشت لە ناوچەکەدا، بێ دۆستە یان ڕاسترە بڵێن بە دراوسێى دوژمن دەورە دراوە (کە لەمەدا هاوشێوەى کوردستانە)، لەم سۆنگەوە گەڕانى ئیسرائیل بەدواى دۆستدا بەردەوام تەبا بووە لەگەڵ ململانێى لەگەڵ نەیارەکانیدا، بەم پێیە ئیسرائیل هەوڵدەدات ئەو ئابڵوقەیەى لەسەریەتى لە کۆمەڵێک ڕێگاوە تێپەڕێنێت، لاوازى بکات، درزى تێبخات و لەدەرەوەڕا فشارى بخاتە سەر، لە ڕێگەى ئاشتى، یان شەڕ، یان پەیوەندى ئابورى و هەروەها لە ڕێگەى دروستکردنى لایەنگر لە ناو وڵاتانى درواسێ (تەنانەت وڵاتانى عەرەبیش)، وەک ئەوەى لە لوبنان لە هەشتاکان ڕوویدا و ئەمرۆ لە سوریا ڕوودەدات، بەدۆستکردن و بەهاوپەیمانیکردنى دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستانیش لەژێر هەمان ستراتیژى ئیسرائیلدایە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایە دۆستایەتى ئیسرائیل بۆ دەوڵەتى کوردستان دەبێتە دروستبوونى چەند دوژمنى نوێ لە ناوچەکە؟(50-59)

 

لێکەوتە ئەرێنیەکانى پشتگیریکردنى ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان

یەکەم: ئیسرائیل هەڵگرى سیاسەتى نەهێشتنى هەژموونی یە لە ناوچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، بەم پێیە ئەگەر دەوڵەتانى وەک تورکیا، ئێران و سعودییە، لە هەوڵی ئەوەدابن کە چۆن پانتاییەک یەکبخەن لە ژێر ڕکێفیاندا، لە پێناو دروستکردنى هەژموندا، ئەوا ئیسرائیل دژى ئەم جۆرە هەژموونیە تەقلیدییە دەوەستێتەوە، بەم پێیەش خواستى بچوککردنەوەى زلهێزە هەرێمیەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە لە سوودى کوردە، ( ئەمە ئەگەر لەسەر حسابى کورد نەبێت، یان بێ بەشداریکردنى کورد بێت، سودەکە زیاتر دەبێت).

 

دووەم: ئێمە لەرۆژگارى  وەچەرخانێکى چاوەڕواننەکراوداین لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ئەگەر گریمانەى ئەوە بکەین ئێران یان شیعە بتوانن بە تەواوى زاڵبن بەسەر ناوچەکەدا، ئەوا پێدەچێت ئیسرائیل ببیتە دۆستى هەندیک لە دەوڵەتانى سوونە، بە ئاشکرا یان بە نێهنى لە پێناو بەرەنگاربوونەوەى هەژموونى شیعیدا، بەم شێوە بە پشتبەستن بە هەردوو لۆجیکى گۆڕانى هاوسەنگى هێز و نەبوونى تابو (ممنوع) لە سیاسەتدا، ئەوا لەم کاتەدا دۆستایەتى یان پشتگیرى ئیسرائیل بۆ کورد سودى زیاترى دەبێت.(60)

 

سێهەم: سعودییە و ئیسرائیل لە ئیستادا زیاتر لە هەر قۆناغێک پەوەندییەکانیان لە دۆخێکى ئاساییدایە و بە فشارى ئەمریکا لەیەکتر نزیبوونەتەوە، بێگومان هەرێمى کوردستان پەیوەندى باشى لەگەڵ ئەم دوو دەوڵەتە هەیە، پێدەچێت سعودییەش بێتە ڕیزى پشتگیرى دەولەتى کوردییەوە، ئەگەرهەیە ئەمەش ڕازیکردنى دەوڵەتانى دیکەى عەرەبیشى لێبکەوێتەوە، بەتایبەتى دەوڵەتانى کەنداو، ئەوانەى لە گەڵ عێراق لە پەیوەندى گەرمدا نین، سەرکردایەتى بەرەى ئیسلامى سوننى لە لایەن سعودییەوە ڕەنگە ببیتە هۆکارى ڕەزامەندى دەوڵەتانى دیکەش، بەڵام پێدەچێت سعودییە زیاتر پرسى دەوڵەتى کوردى دژى عێراق و ئێران وەک کارتێک بەکاربهێنتت، وەک چۆن لە بەرامبەر یارمەتیەکانى تورکیا بۆ قەتەر یارمەتیدانى پارتى کرێکارانى کودرستانى بۆ سەربەخۆیی، وەک کارتێکى فشار بەرامبەر تورکیا بەرزکردەوە.

 

چوارەم: بێگومان ئیسرائیل گەر بەتەواوى خۆى یەکلاکردبێتەوە، دەربارەى پشتگیرى دەوڵەتى کوردى لە ئێستادا، ئەوا سودى دەبێت لە شکاندنى گەمارۆیی سەر دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان و پێدانى یارمەتى مرۆیی و ئابورى و تەندروستى، سەربارى یارمەتى سەربازى و ئاسایشى، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین بە پشتگیرییە ڕەهاکانى زۆر دۆخى نەخوازراو ڕوودەدەن ، پێدەچێت هاریکارییەکانیشى بێ مەرج و بێ چاوەڕاوانى دەستکەوتیش نەبن. (دیارە  ئەمەش واقیعى هەبوو (دۆخى ڕانەبردوو) بڕیارى لەسەر دەدات، پێدەچێت ئەم جۆرە پشتگیرییە بە زیانێکى گەورەش بشکێتەوە).

 

پێنجەم: پشتگیریکردنى ئیسرائیل لەوەدا سود بەخشە کە کارتى فشاربێت بۆسەر ئەمریکا و دەوڵەتانى دیکەى ڕۆژئاوا، بۆ ئەوەى پشتگیرى سەربەخۆیی کوردستان بکەن، ئگەر بێت و ئیسرائیل لۆبى خۆى بەم ئاراستەیە بجوڵێنت نەوەک تەنیا بەرژەوەندى خۆى بکاتە پێوەر، ئەوە سودى زۆرى هەیە، بەڵام پێناچێت ئیسرائیل ئەو کاریگەرییەى هەبێت، بە ئاشکرا بەکارهێنانى ئەم پرسە ڕەنگە وەک کارتێکى فشار بێت دژ بە نەیارە هەرێمیەکانى، چونکە هەتا ئێستا ئەمریکا نەکەوتۆتە ژێر فشارەکانى ئیسرائیلەوە، بۆ بڕوابوونى بە سەربەخۆیی کوردستان.

 

شەشەم: وەک گریمانەیەک ئەگەر بێت و ئیسرائیل پشتگیرى هەرێمى کوردستان بکات و داکۆکیکارى مافى سەربەخۆییان بێت، ئەوە لەم حاڵەتەدا بۆشایی هێز دروست دەبێت،لەبەر پێگەی جوگرافی چەندین بەرژەوەندی تری سیاسی و ئابوری، درواسێیەکانی هەریەکە لە ئێران و تورکیا بەرژەوەندییان لەوەدایە، پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمى کوردستان بمێنیتەوە، بەمەش پێدەچێن بەناچارى نەرمنوێنبن بەرابمەر بە هەرێمى کوردستان، چونکە لە حاڵەتى دەستوەردانى سەربازیدا، کەس نیە گرەنتی ئەوە بکات کە  هاوشێوەى یەمەن و سوریا کوردستانیش دەبێتە مەیدانى جەنگى بەوەکالەتى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتیەکان.(61-62)

 

دەرئەنجامەکان

   یەکەم: ئیسرائیل لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە، کوردەکانی  باشوری کوردستانی، وەک دۆستی ستراتیژی خۆی لێکدایەوە، هەتا ئەوەی لە ساڵی ١٩٦١ەوە هەتا ١٩٧٥ ئیسرائیل، چەک و پێداویستى سەربازى بەخشی یە کوردانى عێراق، سەربارى کردنەوەى خولى ڕاهێنانى ئیسرائیلى، لە لایەن شارەزا و ڕاوێژکارانى مۆساد، و داڕشتنى پلانى سەربازى دژ بە عێراق، تەنانەت ئیسرائیل قەناعەتى بە ئێرانیش کرد بۆ ئەوەى یارمەتى کوردەکان بدا دژ بە عێراق.

 

دووەم: سەربارى ئەوەى پشتگیرییەکانى ئیسرائیل لە ساڵى 1991دا بەتەواوى بەدەرکەوتن، بەجۆرێک فشارەکانى ئیسرائیل بەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە، بۆ دانانى ناوچەیەکى دژە فڕین بۆ کوردەکان گرنگترین پشتگیریکردن بوو. هەتا ئەوەى لە 2003ەوە، ئیسرائیل و هەرێمی کوردستان، پەیوەندییە نهێنى و ئاشکراکانیان زیاتر بەرەوپێشچوو.

 

سێهەم: دەوڵەتى ئیسرائیل لە زۆر بارودۆخدا پشتگیرى سەربەخۆیی کوردستانى کردووە، لە ساڵى 1991دواى شکستى عێراق لە جەنگى کەنداوى دووەم، دووەمجاریش لە 2003 دواى ڕووخانى ڕژێمەکەى (سەدام حسێن) لە جەنگى کەنداوى سێهەم، لە ئێستاشدا پشتگیرى لە ڕیفراندۆمى سەربەخۆیی 25 ئەیلول دەکات، کە گوایە دەگاتە ئەنجام!، بەڵام هەر سێ قۆناغەکە چەند  سیفەتێکى لە یەکچووى هەیە کە ڕێگرە لە  پشتگیریەکانی ئیسرائیل  کاریگەرى دابنێت، لەوانەش ڕازینەبوونى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکایە بەم بابەتە، لەهەر سێ قۆناغەکەدا،  دواتر کۆدەنگنەبوون  و یەکڕانەبوونى هێزە سیاسیەکانى ناوخۆیە دەربارەى سەربەخۆیی کوردستان.

 

چوارەم: یەکبوونى هەڵوێستى ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ئەگەر یەکیشبگرێت، دەربارەى پرسى سەربەخۆیی کوردستان، پێدەچێت توکیا وەک هاوپەیمان و ئەندامى ڕێکخراوى ناتۆ، دژى بەژەوەندییەکانى ئەمریکا کاردانەوە بنوێنێت، وەک ئەوەى کە ئێستا بەرامبەر چەکدارکردنى کوردەکانى ڕۆژئاوا گازندە و هەڕەشەى توند دەکات، لە لایەکى تریشەوە ئێران لە ڕێگەى کارتى شیعە و میلیشاکانیەوە بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکە دەخاتە ژێر هەڕەشەوە.

 

پێنجەم: بەبێ ئەوەى ئیسرائیل پشتگیریی سەربەخۆیی کوردستانیش بکات، دەوڵەتانى دراوسێ وەک (ئێران، تورکیا، عێراق) تەنانەت سوریا بەم دۆخەى ئێستاشیەوە، هەڵوێستى توند وەردەگرن بەرابمەر ئەم پرسە، ئەم چوار دەوڵەتە دەربارەى هەموو شتێک ناکۆکبن ئەوا دەربارەى تەوقدان و بێ ڕۆلکردنى کوردەکان یەکدەنگ و یەکهەڵوێستن، ئەگەر پشتگیریی ئیسرائیلیش ببێتە ئەمرى واقع، ئەوا ئەوان زیاتر و زیاتر بەرەنگارى سەربەخۆیی کوردستان دەبنەوە.

 

شەشەم: هەڵکەوتەى جوگرافى و بەرژەوەندى نەتەوەییمان وادەخوازێت نەرم بین لەگەڵ دەوڵەتانى دراوسێمان، قەناعەتکردن و دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەتانى (تورکیا ، ئێران، عێراق و سوریا) لە دژوەستانەوە و جەنگ باشترە، چونکە ئەوان سەربەخۆیی کوردستان  وەک هەڕەشە دەبینن بۆ سەر دەوڵەتەکانیان، چونکە هەر یەکێک لەم چوار دەوڵەتە پێکهاتەی کوردیان گرتۆتەخۆیان، بەم شێوەیە تواناى چوار دەوڵەت بۆ وەستاندن، زۆر بەهێزترە لە پشتگیرى یەک دەوڵەت، لە کاتێکدا لە ڕووى هێز و تواناى سەربازیشەوە تواناى بەرەنگابوونەوەى دەوڵەتێکى وەک ئێرانمان نیە کە خاوەن چەکى ئەتۆمیە.

 

حەوتەم: ئیسرائیل لە سۆنگەى بەرژەوەندى و ئامانجى خۆیەوە لە پرسى کورد تێدەگات، بەشێوەیەک کورد دژى دوژمنە دێرینەکەى لە سوریا هاندەدا، لە عێراق بەهەمان شێوە، لە ڕابردوودا دژى ( سەدام حسێن) و لەئێستاشدا دژى شیعەى لایەنگرى ئێران هاندەدا، پشتگیرى کوردەکانى ڕۆهەڵاتیش دەکات  بە بیانووى بەرژەوەندى هاوبەش و ئامانجى بەرەنگابوونەوەى ئێران، بەڵام کاتێک کوردەکانى باکور نەهاتنە ژێر بارى ئیسرائیلەوە، لەبەرامبەر دا ئیسرائیل لەگەڵ تورکیا یەکی گرت دژ بە کوردەکانى تورکیا. جەنگى 1982 لە لوبنان و گرتن و بەدەستەوەدانى (عەبدولا ئۆجەلان) نیشانەى ئەو دژوەستانەوەیەن، بۆیە پێویستە هەرێمى کوردستانیش لە سۆنگەى بەرژەوەندى خۆیەوە لە پشتگیرى و پەیوەندى لەگەڵ دەوڵەتی ئیسرائیل تێبگات، کە نەوتى هەرێمى کودستان و پێکە جیۆپۆلەتیکەکەى سەرەکیترین هۆکارن، کە وا لە ئیسرائیل دەکات پشتگیرى سەربەخۆیی کوردەکان بکات.

 

هەشتەم: ئەگەر بێت و ئیسرائیل لەو دیدەوە پشتگیرى سەربەخۆیی کوردستان بکات، کە لە داهاتوودا  کوردستانى سەربەخۆ بخاتە خولگەى خۆیەوە دژ بە فراوانخوازیی ئێران و شیعەکان، ئەوا ئێران هیچ دوودڵ نابێـت لە هێرشى سەربازى و بەرەنگابوونەوەى توند، لە کاتێکدا ئەو لە ئێستادا وەک فشار ئاوى زێى بچوکى گرتۆتەوە، و ناوچە سنورییەکانی باڵەکایەتی بە چڕی بۆردوومانکرد، لە کاتێکدا هەرێمى کودرستان هیچ هەنگاوێکى کردارى نەناوە دەربارەى سەربەخۆیی.

 

نۆیەم: لێره‌وه‌ ئه‌م خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت که‌ ئیسرائیل ده‌یه‌وێ له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ لاوازی پشتگیری نێوده‌وڵه‌تی و نه‌بوونی هاوسۆزی زلهێزەکان و دژایه‌تی نه‌ته‌وه‌کانی (عه‌ره‌ب و فارس و تورک) بۆ کورد و پرسی به‌ ده‌وڵه‌تبوون بقۆزێته‌وه‌،  کەلەمەشدا هەوڵدەدا هاوبه‌ش و هاوڕێیه‌کی تری دژه‌ عه‌ره‌ب - فارس و تورکه‌کان بۆ خۆی مەیسەربکات، کە ئەمەش دەبێتە هاندانی دەوڵەتانی عەرەبی بۆ دروستکردنی بەرەیەکی فروان دژ بە سەربەخۆیی کوردستان، چونکە ئەوان وای دەبینن پشتگیری سەربەخۆیی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان، هیچ نیە بێجگە لە دروستکردنی ئیسرائیلێکی تر لە ناوچەکەدا.

 

دەیەم: بڕواکردن سەختە کە ڕیفراندۆم سەربەخۆیی بەدوادا بێت، چونکە چەندین پێش مەرجى گرنگ هەن یەکلانەکراونەتەوە وەک ( پێش مەرجى یاسایی، هەلومەرجى ئابورى، تۆکمەیی سەربازیی، کێشەى سنور و خاک وناسنامە، لاوازى کارگێرى، پەرتبوونى هێزە کوردییەکان و یەکدەنگ نەبوونیان، ڕەتکردنەوەى ڕیفراندۆم لەسەر ئاستى نیودەوڵەتى و هەرێمى و ناوخۆی، لاوازییەکان لە ڕووى دیبلۆماسى و پەیوەندى دەرەکیەوە و قەیرانى سەرکردەى خاوەن شەرعیەت و دیموکراسیانە) .

 

یانزەیەم: بە ڕوانین لە ڕوداوەکانی دوای ڕیفراندۆم وهاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و دەستبەسەرداگرتنەوەی ناوچە جێناکۆکەکان و گەڕانەوە بۆ هێڵی تەماسی پێش جەنگی داعش، شکستی بڕیارلێدەرانی ڕیفراندۆمی دەرخست، بەجۆرێک ئەو خۆشباوەڕییەی بە ئیسرائیل هەیانبوو بۆیان سەلمێنرا، هەرچەندە باس لەوە دەکرا ئیسرائیل کەوتۆتە لۆبی بۆ پشتگیریکردنی کوردستان و دژی هێزەکانی عەشدی شەعبی بەڵام بە ئێستاشەوە نەیتوانی کاریگەر بخاتە سەربۆچوونی نەگۆڕێ ئەمریکا و دەوڵەتانی ئەوروپا لە بەرژەوەندی کورد.

 

پێشنیار و ڕاسپاردەکان

یەکەم: پێویستە کوردستان پێش هەر دەوڵەتێک بە لیژنەى دانوستاندنى هاوبەش لەگەڵ عێراق، ئێران و توکیا، دانوستاندن بکات و دڵنیایی بدات کە دەوڵەتى سەربەخۆ دژى بەرژەوەندى و ئاسایشى ئەم دەوڵەتانە نیە، و کوردستانى سەربەخۆ ناچێتە بەرەى هیچ دەوڵەت و هاوپەیمانیەکى ترەوە دژ بەم سێ دەوڵەتە. (سوریا لە ئێستادا بێ ڕۆڵە، بۆیە ئاماژەى پێنەدراوە).

 

دووەم: پێویستە کوردستان پێش سەربەخۆیی و دوایی سەربەخۆیش، هەوڵی ئەوە بدات ببێت بـە دۆستى باشى هەموو لایەک،  دابەشبوونى هێزە کوردییان بە جۆرێک پارتێک دژ بە ئێرانە و لە خولگەى تورکیادایە و پارتێکى تر دۆستى تورکیا و دژى ئێرانە، ئەمە لابدرێت و هەوڵی یەکخستنی خۆیی بدەن لەسەر ئاستی سیاسەتی دەرەوە، چونکە بەردەوامی ئەم حاڵەی ئێستا، گەورەترین مەترسیە بۆ دروستکردنى درز و دەستوەدان لە داهاتووى دەوڵەتى کودرستاندا.

 

سێهەم: گرنگە وەک ئەزموونێکى مێژوویی و لێهاتوویی سیاسى سوود لە ئیسرائیل وەربگیردێت، نەک وەک تاقە دۆستێک، کە بە پشتگیرى ئەو چەندین دەوڵەت بکەینە دوژمنى خۆمان، بەتایبەتى دەوڵەتانى دراوسێ کە زیاتر لە هەر دەوڵەتێکى تر توانای گەمارۆ و سزادانى کوردستانیان هەیە. بەدڵنیاییەوە دۆستایەتى دەوڵەتێک باشتر نیە لە دوژمنایەتى چوار دەوڵەتى تر .

 

چوارەم: هیچ پێویست نیە هەرێمى کوردستان لەبەر خاترى پەیوەندییەکانى لەگەڵ  ئیسڕائیلدا، زۆرینەى دەوڵەتانى عەرەبى لە خۆى بکات بە دوژمن، بەشێکى زۆر لە دەوڵەتانى عەرەبى پەیوەندی نهێنیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، بەڵام هەرگیز ئەم مافە بۆ کورد بە ڕەوا نابینن.

 

پێنجەم:  گومانەکانى پشتى  ریفراندۆمى 25 ئەیلول پێمان دەڵێت، ڕیفراندۆم ئامانجێک نیە بۆ سەربەخۆیی هێندەى ئامرازێکە بۆ باگەشەى هەڵبژاردن و دەستکەوتى سیاسى نوخبەیەک، باشترە ئەم پرسە نەکرێتە گەمەى سیاسى و بەرژەوەندى کەسى، یاریکردن بە پرسێکى نەتەوەیی لەم شێوەیە،  درێژ مەودا باجەکانى لەسەر ئاستى ناخۆ و دەرەکى قورس دەبن.

 

شەشەم: بەرژەوەندى نیشتیمانى، عەقلانى بوون و هەڵسەنگاندنى ستراتیژى لە بەستنى پەیوەندیی لەگەڵ هەر دەوڵەتێکدا گرنگە، هەڵکەوتەى جوگرافى و بەرژەوەندییە جیاوازەکان، وادەخوازێت دەوڵەتانى عەرەبى بکرێن بە دۆست (ئەگەر خۆشمان حەزى پێنەکەین)، ئەگەر پێگەى هەرێمى کوردستان لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و لەو ناوچەیە نەبووایە ئەوا هەرگیز ئەم ڕاسپاردەیە پێشنیار نەدەکرا.

 

حەوتەم: کوردستان خاوەن سامانێکى سروشتى زۆرە، پێویستە بەپلان سود لەم سامانەى وەربگرێت، نەوەک بە یەکجار بیخاتە قورگى یەک دەوڵەتەوە، چونکە لە ئەگەرى تێکچوونى پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەو دەولەتە کارەساتى ئابورى دەخوڵقێت.

 

هەشتەم: دەوڵەتى نوێى کوردستان پێویستە لەگەڵ دەوڵەتانى درواسێ و  ناوچەکە بەتایبەتى دەوڵەتانى کەنداوى عەرەبى، دەوڵەتانى ڕۆژئاوا، بکەوێتـە بازرگانى و پەیوەندى ئابورییەوە، بۆیە خۆبەستنەوە بە دەوڵەتى ئیسرائیلەوە بە تەنیا، بوارى بازگانى و پرۆژەى ئابورى سنوردار دەکات، ئەگەر گەمارۆیی ئابوریى توندیشى بەدوادا نەیات.

 

نۆیەم: دەوڵەتى ئیسرائیل لە دۆخێکى تایبەتدایە و بەجۆێک لە ناوچەکە گۆشەگیرکراوە، بەڵام توانا سەربازیی و پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکانى و سیاسەتە سەرکەوتووەکانى تواناى بەرەنگاربوونەوەى پێداوە، بۆیە پێناچێت بەمزوانە دەوڵەتى سەربەخۆیی کوردستان، ببێت بـە خاوەنى ئەو تایبەتمەدیانە، بۆیە بە گۆشەگیکردنی کوردستان لێکەوتەکانى خراپتر دەبن. ئەمە بێجگە لەوەى خەیاڵپڵاوییە  وا هەست بکەین، ئیسرائیل جەنگى بەرگرى و سەربەخۆییمان بۆ دەکات.

 

دەیەم: کوردەکان و ئێسرائیل ڕاستە مێژووى لەیەکچوویان هەیە، هەردوولا چەوساونەتەوە و جینۆسایدیان بەرامبەر کراوە، هەردوولا لە ناوچەیەکى دەورەدراو بە دوژمندان، بەڵام ئەمانە پاساوى ئەوە نین کە کوردستانیش هاوشێوەى ئیسرائیل مێژوویی سەربەخۆیی تۆماردەکات، ئەمە ڕادەستکردنى سیاسیەتە بۆ سۆز و عاتیفە، نەک عەقڵانى بوون و واقیعى بوون.

 

سەرچاوە و پەراوێزەکان

(1)پەیوەندییە سەبازییەکانی کورد و ئیسرائیل لە مێژوودا، پێگەی NRT،

(2) مؤرّخ إسرائيلي: دعم تل أبيب للأكراد بدأ بطلب إيراني

 (3)The Kurdish Rebellion،Harvard crimson، 

 (4) Strategic Sourcing: From Periphery to the Core، Harvard Business Review،  

 (5)Sergey Minasian، "The Israeli-Kurdish Relations،" Noravank Foundation، Yerevan،(pdf) p.22-24.

(6) د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ. یاسین، دەوڵەتى سەربەخۆی کوردستان "لە ناوەوە بونیاتنان، لەدەرەوە دانپێدانان"، چاپخانەى کارۆخ، سلێمانى 2017، لاپەڕە 196_197.

(7)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، JERUSALEM POST,

(8)Ofra Bengio، Israel support the Kurdish in Iraq ،  Summer 2014، pdf، p. 5.

(9)Ofra Bengio،  op.cit.،p.4(9)

(10)Itamar Ban، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، quora، 

(11)Ofra Bengio، op.cit.،p5(11)

(12) Sergey Minasian، "The Israeli-Kurdish Relations،" Noravank Foundation، Yerevan، p. 22.

(13)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، Israel national news ،

Ofra Bengio،  op.cit.،p.2. (14)

(15)Kurdistan: The Next Flashpoint Between Turkey، Iraq، and the Syrian Revolt، Jerusalem center for public Affairs،

(16)Ofra Bengio،  op.cit.،p3-2

(17)Ofra Bengio،  op.cit.،p.8(17)

(18)Iraqi(19)Ofra Bengio،  op.cit.،p.8-9(19)p

(20)Israeli NGO delivers aid to refugees in Iraq، timesofisrael،

 http://www.timesofisrael.com/israeli-ngo-delivers-aid-to-refugees-in-iraq/

(21) فايننشال تايمز: 77بالمائة من النفط الإسرائيلي مصدره كردستان العراق، العربى الجديد.

 (22).حنان اخميس، العلاقة الكردية الإسرائيلية، عمان، 2006،  PDF، ص 1.

(23)Amikam Nachmani، The Remarkable Turkish-Israeli Tie، June 1998،

 (24)  د.حنان اخميس، مصدر سايق، ص3.

(25) JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).

(26)Mahmud al-Durra، al-Qadiya al-Kurdiya (Beirut: Manshurat Dar-at-Tali'a، 1966)، p. 388.

(27)Iraq's Shi'ite ruling coalition opposes Kurds' independence referendum، reuters،

(28)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence،unitycoalitionforisrael،

 (29)  OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).

 (30)إسرائيل تدعم قيام دولة الأكراد في العراق، موقع العربية،

(31)ماذا قال سفير "اسرائيل" في واشنطن عن الاكراد؟، قناة العالم،

 (32)مؤرّخ إسرائيلي: دعم تل أبيب للأكراد بدأ بطلب إيراني، مصدر سابق.

(33)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).

(34)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).

(35)  هل تتعاون تل أبيب مع أكراد العراق لتحقيق حلم "اسرائيل الكبرى"؟ نبض الوطن.

(36)Iraqi Kurds plan independence referendum on Sept. 25

(37)Ido Rabin، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state? 

(38)Ravi Shankar Pandey، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، quora، 

(39)Kurdish State 'A Foregone Conclusion' - One Israel Would Support، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES

(40)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence, OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES

(41)OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES). 

(42)Rachel Avraham، Israel should support the Kurdish Independence Referendum، israelnationalnews, OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES). 

(43) Rachel Avraham،The case for Kurdish independence، washingtontimes،

(44)لەم لینکگەلەوە گەڵویستی زیاتری ببینن

(45) JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).

(46)  هل تتعاون تل أبيب مع أكراد العراق لتحقيق حلم "اسرائيل الكبرى"؟ مصدر سابق.

(47)Kurdistan: From Referendum to the Road to Independence

 (48) ofra benigo, israel and the kurds: love by proxy, the American interest, (march 

(49)د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ. یاسین سەرچاوەى پێشوو، لاپەڕە 196.

(50) Ofra Bengio، Surprising Ties between Israel and the Kurds، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES). 

 (51)هل تتعاون تل أبيب مع أكراد العراق لتحقيق حلم "اسرائيل الكبرى"؟ مصدر سابق

(52) لماذا تدعم اسرائيل قيام دولة كردية مستقلة عن العراق؟، كنوز ميديا،

(53)Ido Rabin، Why does Israel support the establishment of a Kurdish state?، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).

(54)Ofra Bengio، Ofra Bengio، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES)، P.8-12. 

(55) د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ. یاسین سەرچاوەى پێشوو، ل 199_200.

(56)JPOST EDITORIAL: SUPPORT THE KURDS، OP.CIT.(PREVIOUS SOURCES).

 (57)Christopher Helman، Iraq's Kurds Sell Oil To Israel، Move Closer To Independence،

(58)Xelîlof، Does Israel support the Kurdish in Iraq and Syria?، quora، 

(59)Will Israel conquer Iraq and Syria in the future for a greater Israel project?

(60)Israel's prime minister backs Kurdish independence، theguardian،

(61) د.سەردار عەزیز و د.بورهان ڕ.یاسین، سەرچاوەى پێشوو،ل 198-200.

(62) بۆ نوسنی ئەم  چەند خاڵە سودم لە   زانیاریی وخوێندنەوەی پێشوەخەتەم بینیوە.

تێبینی:

١: ئەم توێژینەوەیە، یەکەمجار (ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان)، مامەڵەی لەگەڵ کردووە و لە گۆڤاری جۆرناڵدا و  لە ژمارە ١٦-١٧ی ئابی ٢٠١٧دا، بڵاوکراوەتەوە.

٢: ناونتشانەکەی گۆڕدروە، پێشتر ئەم ناونیشانەی بۆ دانرابوو(پشتگیری ئیسرائیل بۆ سەربەخۆیی کوردستان و لێکەوتەکانی). 

432621812018_14519931_1776913309255209_6745943915937499973_n7.jpg

هاوکار ڕەفیق ڕەحمان - توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستەڕامیارییەکان

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure