پەیەدە
621 جار بینراوە 31/12/2017 04:20 PM

نزیكبوونەوەی ڕوسیا لە کوردانی سوریا، تاكتیكە یان ستراتیژ؟



ئامادەکردن: بەختیار کاکی

کورد لە نێوان بەرتاشی ڕوسیا و ئەمریکادا

سەرباری ناڕەزایەتییەكانی ئەنقەرە، مۆسكۆ ڕێگەی دا بە پارتی یەكێتی دیموكراتی لە سوریا تا نوسینگەی نوێنەرایەتی كردن بكاتەوە لە مۆسكۆ، سەرباری داواكارییەكانی توركیا بۆ داخستنی ئەو نوسینگەیە، بەڵام ئەو داوایەی جێبەجێ نەكردووە.  ڕوسیا ئەیەوێت جۆرێك لە هاوسەنگی لەگەڵ ئەمەریكا ڕابگرێت لە سوریا لەسەر كورد بە تایبەت كە ئەزانێت كورد لە سوریا لەوە دڵنیایە كە بەكار دەهێنرێت لە لایەن ئەمەریكاوە و هەر كاتێك جۆرێك لە نزیك بوونەوە لە نێوان توركیا وئەمەریكا بێتە ئاراوە، ئەگەر هەیە ئەمەریكا دەست بەرداری كورد بێت، لە لایەكی دیكەوە ڕوسیا پێی وایە كە ئەگەر وەك پێویست نزیك نەبێـتەوە لە كورد لە سوریا، پێ ئەچێت ڕژێمی سوریا خاكی زیاتر لەدەست بدات.


ستراتیژی تورکیا بەرامبەر بە کورد
كاتێك كە ئەمەریكا هاوكاری كورد ئەكات لە سوریا، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان هیچ دەرفەتێك لە دەست نادات بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی و ڕەخنە گرتن لەئەمەریكا، بەڵام كاتێك كە ڕوسیا  پشتیوانی لە هێزەكانی پاراستنی گەل ئەكات لە دێر زور و پڕۆسەی سەربازی هاوبەش لەگەڵ كورد ئەنجام ئەدات، دەزگاكانی ڕاگەیاندن لە توركیا بێ دەنگی هەڵدەبژێرن. كاتێكیش كە فەرماندەكانی یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سەربازگەی حمێمیم لە سوریا لەگەڵ فەرماندەی هێزەكانی ڕوسیا دەركەوتن، نە ئەردۆگان و نە بەرپرسەكانی پارتی داد و گەشەپێدانیش لێدوانێكیان لەو بارەوە نەدا. هەروەها كاتێك كە فڕۆكە ڕوسیەكان لە پڕۆسەكانی ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فوڕات پشتیوانیان لە هێزەكانی كورد كرد و كوردەكانیش پشتیوانیان لە هێزە پیادەكانی ڕوسیا كرد، دووبارە بەرپرسان لە توركیا هیچ كاردانەوەیەكیان ئەنجام نەدا.


کوردەکان لە نێوان تورکیا و ڕوسیادا
ئەمە ئەوە دەردەخات كە توركیا لە بەرامبەر پشتیوانی كردنی ڕوسیا لە كورد لە سوریا هیچ شتێكی پێناكرێت. ئەو كاتەی كە پەیوەندییەكانی نێوان ڕوسیا و توركیا شێواو بە هۆی خستنە خوارەوەی فڕۆكە جەنگییەكەی ڕوسیا و ئاشكرا بوونی تێوەگلانی توركیا لە بارزگانی كردنی نەوت لە گەڵ داعش و هاوكاری كردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا، توركیا ئەیتوانی بە ئاشكرا هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە ڕوسیا دەرببرێت، بەڵام ئێستا دۆخەكە جیاوازە و توركیا بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت گوشار لەسەر ڕوسیا دروست بكات بەو پێیەی كە بە هۆی هەڵوێستەكانی هەم ئەوروپا و هەم ئەمەریكای لە خۆی دوور خستۆتەوە و تەنها ڕوسیای وەك زلهێز و ئێران و قەترەی لە ناوچەكە بەدە ستەوە ماوە. توركیا لە ئێستادا تەنها ئومێدەكانی لەسەر ئەوە هەڵچنیوە كە بە كۆتایی هاتنی شەڕی داعش لە سوریا، ئەو نزیكایەتییە لە نێوان ڕوسیا و كورد لە لایەك و ئەمەریكا و كورد لە لایەكی دیكەوە لەسوریا كۆتایی پێ بێـت. بەڵام هەر وەك ئاماژەكان پێمان ئەلێن، پێناچێت پەیوەندی نێوان ڕوسیا و كورد لە سوریا هەروا بە ئاسانی كۆتایی پێ بێت و پێئەچێت زۆر لەوە زیاتر بخایەنێت كە توریكا چاوەڕوانی ئەكات .


ستراتیژی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كار لەسەر ئەوە ئەكات كە كورد لە ئەمەریكا دوور بخاتەوە و زیاتر لە خۆ نزیكا بكاتەوە. لە باشوریش ڕوسیا هەوڵ ئەدات هەر هەمان سیاسەت پیادە بكات زیاتر نزیك بێتەوە لە كورد. 
ڕوسیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست كار لەسەر ئەوە ئەكات كە نزیك بێتەوە لەهاوپەیمانەكانی وڵاتە یەكرگرتووەكانی ئەمریكا و لەهەر شوێنێك سستی ببینێت لە پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی، ڕوسیا هەوڵ ئەدات ئەو بۆشاییە پڕ بكاتەوە لە بەرژەوەندی خۆی. ئەوەی كە بۆ ڕوسیا گرنگە لە ئێستادا لە سوریا ئەوەیەكە كە دوای كۆتایی هێنان بە بوونی داعش لە سوریان، چ هێزێك ئەتوانێت شەڕەكان یەكلایی بكاتەوە و لە لایەكی دیكەشەوە چەندە كارتی فشاری بەدەستەوە دەبێت بۆ دانوستان كردن لەگەڵ ئەمەریكا لەسەر سوریا.

تێبینی: دانانی تایتڵەکان بۆ پەرەگرافی نوسینەکان، لە لایەن سنور میدیاوە بووە.

 

51171331122017_4435921122017_بەختیار کاکی.jpg

بەختیار کاکی - شارەزا لە دۆسییەی ئێران

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure