سالانە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار بۆ لۆبیکردن خەرجکراوە
1478 جار بینراوە 30/12/2017 04:21 PM

لۆبى کورد لە واشنتۆن؛ لە نێوان شکست و سەرکەوتندا



ئامادەکردن: هاوکار ڕەفیق ڕەحمان

لۆبی چییە؟
جۆرێکە لە جۆرەکانی فشاری سیاسی، هاوشێوەی گروپێکی ڕێکخراو لەسەر سیاسەت و بڕیار و ئاراستەی حکومەت ویستی کاریگەریدانانی هەیە، بە ئامانجی کۆکردنهوهی پشتگیری یان ئاستەنگدانان، بەرامبەر وڵاتێک یان حکومەت و گروپ و کۆمانیایەک، جا بەشێوەی ئاشکرابێت یان بە شێوەیی پەنهانی، بەبێ ئەوەی دەستوەردان یان کۆنتڕۆڵکردنی ناوەندە فەرمیەکانی دەوڵەت لەخۆیبگرێت، لەم پێناوەدا گروپەکانی لۆبی بەشێوەیەکی بەربڵاو لە ڕۆژئاوادا بڵاوبوونەتەوە، وەک (بەریتانیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، هۆڵەندا، برۆکسل، سوید و ئەڵمانیا)، بەجۆرێک له وڵاتانی ئهوروپا زیاتر له (١٥)ههزار لۆبی جۆراوجۆر ههیه که نوێنهرایهتی (٢٦٠٠) رێکخراوی جیاجیا دهکهن و به شێوازی جۆراوجۆریش پهیوهندیان لهگهڵ سیاسهتمهداران ههیه، شێوازی کارکردنی ئەم گروپانەش جیاوازە و پشت بە هۆکاری جیاواز دەبەستن، وەک (کاریگەری ڕازیکردن، هەڕەشە، هەڵخەڵەتاندن، بەرتیل و پارەدارکردن).

 

قۆناغە مێژووییەکانی لۆبیکردنی کورد لە ئەمریکا 
قۆناغی یەکەم: ساڵی 1988 هەتا 1990: سەرەتای هەنگاوەکانی لۆبی کورد لە واشنتۆن داڕیژران، (کۆمەڵکوژی، ئەنفال وکیمیاباران)، بۆ ناسینی دۆسیەی کورد لە واشنتۆن هەنگاونانی فەرمی بوون.

 

قۆناغی دووەم:1991هەتا 1994، واشنتۆن لە هەڵمەتی فراوانخوازی عێراق بۆ سەر کوەیت دڵگرانبوو، ئەمریکاش بەرژەوەندی لە یارمەتی کوردەکاندا بوو دژ بە عێراق، (ناوچەی دژەفڕین) مەزنترین دەستکەوتی ئەوکاتەی لۆبی کورد بوو. هەرچەندە زۆرێک پێیان وایە ئەوە لۆبی ئیسرائیل بوو، ئەم خەڵاتەی بە کوردەکانی باشور بەخشی.

 

قۆناغی سێهەم: 1994هەتا 1998، سەخترین قۆناغ بوو بەنسیەت کوردەوە، لە هەمانکاتیشدا پاشەکشەیەکی بەرچاوبوو بە هەوڵی دیبلۆماسی و لۆبیکردنی کورد لە واشنتۆن، چونکە (جەنگی ناوخۆ) بە ئاستێکی زۆر متمانەی کوردی لاوازکرد. نوێنەرایەتیەکانیشی لە واشنتۆن کرد بە دووبەشەوە، نوێنەری ئیدارەی سڵێمانی (یەکێتی)و ئیدارەی هەوڵێر (پارتی).

 

قۆناغی چوارەم: 1998هەتا 2003، ئەمریکاو کوردەکان بەرژەوەندی هاوبەش لەیەکتری نزیککردنەوە، لۆبی کورد سەرکەوتوو بوو، لە هاوپەیمانی سەربازی لەگەڵ ئەمریکا دژ بە دوژمنە هاوبەشەکەیان، (هەرچەندە ئەمریکا بەرژەوەندی خۆی زیاتر لەبەرچاوگرتبوو)، دواتر لە دەستکەوتەکانی عێراقی دوای سەدام، کورد پشکدارێکی گرنگبوو.


قۆناغی پێنجەم: 2004هەتا ئێستا: یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەی هەرێم لە 2006 ڕویدا، لە 2008دا نوسینگەی حکومەتی هەرێم بە فەرمی لە واشنتۆن کرایەوە، ئەمە هەوڵێکی کارا بوو بۆ یەکخستنی نوێنەرایەتی کورد، لەم سۆنگەوە زیاتر لە جاران کاری لۆبیکردن پێشخرا. جەنگی داعش و مەترسیەکانی هۆکارێکی تر بوون بۆ سرنجڕاکێشانی ئەمریکا.

 

لە نیسانی ٢٠١٦دا، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی شاندێکی کوردی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە.

 

شکستی نوسینگەی حکومەتی هەرێم لە سیاسیەتی لۆبیکردندا
حکومەتی هەرێمی نووسینگەیەکی تایبەتی له واشنتۆن کردووەتەوه، هاوکات وەک کۆمپانیای بواری لۆبی وهەماهەنگی تۆمارکراوه، له کۆنگرێسیشدا، لۆبی کورد، به (کۆکەسی) کورد ناسراوه، ئەم نوسینگەیە لە ڕێگەی بەکرێگرتنی چەند کۆمپانیایەکی لۆبیکردن و ڕاوێژکاری هەوڵی دانانی کاریگەری دەدات لەسەر سیاسەت و ڕای گشتی ئەمریکا، بەڵام چەندینجار لە ئامانجەکانیدا شکستی هێناوە، دیاریترینیان پرۆژە یاسای پرچەککردنی پێشمەگەبوو بە شێوەی ڕاستەوخۆ، لەم بابەتەدا حکومەتی هەرێم تەنانەت نەیتوانی قەناعەت به دیبلۆماتکارە ئەمریکیەکانی کوردستانیش بهێنێت.


لۆبی کوردو هەوڵی سەربەخۆیی 
لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیدا لۆبی کورد نەیتوانی پشتیوانی ئەمریکا بەدەست بهێنیت، لەکۆی ٤٠ کۆنگرێسمانی گروپی پشتیوانی کورد تەنیا دوو دانەیان به فەرمی پشتیوانی سەربەخۆییان کردووە، کە ئەوانیش هیچ رۆڵێکیان نەبوو له ئیدارەی ترەمپدا. بێجگە لەوەی سود وەرگیراوە لە(پۆڵ مانەفۆرت)، کە پێشتر بەرێوەبەری کامپینەکەی ترەمپ بووە، بەڵام بەهۆی بێمتمانەیی لە ناوەندی بڕیاری ئەمریکا شکستی هێناوە. هەرچەندە ئیدارەی ئەمریکا هەمیشە باسی لە قارەمانێتی پێشمەرگە کردووە، لەم سۆنگەوە لۆبی کورد توانی دەستکەوتی مادی بۆ پێشمەرگە مسۆگەر بکات، بەڵام ئەمە بەرژەوەندی خودی ئەمریکای تێدابووە، نەک وەڵامدانەوەی هەوڵە لۆبیستییەکانی کورد لە واشنتۆن. هەروەک چۆن سەربەخۆیی کوردستان بەژەوەندی ئەمریکا تێدانەبوو.

 
پارەدارکردنی کوێرانەی کۆمپانیاکانی لۆبیکردن
بە پێی داتاکانی وەزارەتی دادی ئەمریکا نوسینگەی حکومەتی هەرێم، هەتا ساڵی٢٠١٣بودجەی ساڵانەی زیاتر له ١ ملیۆن دۆلار بووه. نیۆرک تایمزیش لە 2016دا، هەوڵێکی کوردی خستەڕوو، کە تاکتیکی لۆبیکردن هاوشێوەی کۆمپانیا گەورەکان بەکاردەهێنن، کە تێیدا ملیۆنان دۆلار خەرج دەکەن، بەجۆرێک لە 2010 هەتا ئێستا زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار لە واشنتۆن سەرفکراوە، ئاماژەش بەوەکراوە پێش ئەوەی نرخی نەوت دابەزێت پارەیەکی زۆری لە لۆبیکردندا خەرجکردووە، بەجۆریک خەرجی لۆبی کوردستان زیاتر بووە لە خەرجی لۆبی ھەندێک دەوڵەتی وەک کازاخستان و پاکستان، ھەروەھا باسی گرێبەستی نێوان کۆمپانیای دینتۆنی دەکات کە بە بڕی ٢٠هەزار دۆلار بۆھەرمانگێک واژوو کراوە، بەڵام بە هۆکاری قەیرانی ئابورییەوە ئەم رێژەیە کەم کراوەتەوە، بە پێی بڵاوکراوەیەکی دیکە بێت هەتا ساڵی ٢٠١٤ حکومەتی هەرێم، سالانە زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری بۆ کاری لۆبی خەرجکردووە، خەوشی ئەمە لەوەدایە نازانرێت لە پێناوچی ئەم پارەیە سەرفدەکرێت؟ کێ ئەم میزانیە خەرج دەکات؟.

کێن ئەوانەی لە ئەمریکا کاری لۆبی بۆ کورد دەکەن
بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی نیۆرک تایمز بێت، کۆمەڵێک کۆمپانیایی یاسایی لە واشنتۆن کاری لۆبیکردن بۆ کوردستان دەکەن، کە گرنگترینیان کۆمپانیای یاسای دینتۆنی نێودەوڵەتیه، هەروەها (پاتەن بۆگر) کۆمپانیایەکی کاریگەرە لەگەڵ کوردەکان کاری کردووە. بێجگە لە کۆمپانیاکان (ئدڕۆگیرس) یاریدەدەری پێشوو لە کۆشکی سپی و دامەزرێنەری (BGR Group) بۆ لۆبیکردن، ھەروەھا (جۆی ڕیدەر) نوێنەری وەزیری هێزی سەربازی سەردەمی (بیلکلینتن)، کە ئێستا کار دەکات بۆ کۆمپانیای (گرینبیرگ ترۆرچ )، هەروەها لە ڕابردوودا (ئایل فرانک)، وەک لۆبیست کاری بۆ کوردستان کردووە، لە ڕاپۆرتێکی دیکەی نیۆرک تایمزدا ئاماژە بە هەوڵەکانی (پۆڵ مانەفۆرت)کراوە، بۆ لۆبیکردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، بۆیە دەبینن ئەو کەسێتیە سیاسی و کۆمپانیا ئەمریکیانە بە شێوەیەکی کارا نەیانتوانیوە کێشەی کورد ویستەکانی وەک خۆی بگەیەنن. لەم پاشکەوتنەشدا نوێنەرایەتی کورد و حکومەت بەرپرسیاری سەرەکین.

 
بۆچی کورد نەیتوانیوە لۆبییەکی بەهێز بنیاتبنێت؟
چەند هۆکارێکی بابەتی هەن کە وای کردووە کوردەکان لە کاری لۆبییدا زۆر سەرکەوتوونەبن، یان نەیانتوانیوە لۆبییەکی باش بنیاتبنێن، لە دیاریترینیان:

١: بە شەخسیکردنی لۆبیکردن، نەک دامەزراوەیی بوون و نیشتیمانی بوون.

٢: گرنگیدانی زیاتر بە سیاسەتی ناوخۆی پارت، نەک هەوڵی کۆدەنگی و پەلکێشان بۆ دەرەوە.

٣: جەنگی ناوخۆ و ململانیی بەردەوامی هێزە سیاسیەکان.

٤: پشتبەستنی سەرەکی بە کۆمپانیاکانی لۆبیکردن، کەمتر گرنگیدان بە سەردانی وەفدی بالا بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەل سەرۆکی ئەمریکا و سیاسییە کاریگەرەکانی تر.

٥: کەمی ئەزمون و نەبوونی لێهاتووی لە کاری لۆبیکردندا، ستراتیژییەکی بەردەوام و دورمەودا لەم بوارەدا نیە.

٦: لە پێناو کاری لۆبیکردندا میدیا ورۆشنبیران و سیاسەتمەداران و سەرمایەداران و ڕەوەندی کوردی و چەندین کەناڵی تر بەباشی نەخراوەتەگەڕ و ڕێکنەخراون.

٧: پارەدارکردنی کوێرانەی کۆمپانیا و لۆبیستە ئەمریکییەکان.

٨: نەبوونی سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی لۆبی کوردی بۆ ئاشنابوونی زیاتر بەم پرسە، هەروەها سود وەرنەگرتن لە هێزی نەرم و ناساندنی کلتوری کورد بە ئەمریکا.

٩: لاوازی پەیوەندی ڕێکخراوە کوردییەکانی ناوخۆ لەگەڵ دەرەوە، نەبوونی کاری ڕێکخراوەیی فرەڕەهەند لە ئەمریکا و تەواوی ئەوروپا.

١٠: نەبوونی بەشداری سیاسی بەرچاوی کوردەکان لە ناوەندە حکومییەکانی ئەمریکادا.

 

ئەوەی مانەوەی ئیسرائیلی مسۆگەرکردووە کاریگەری لۆبییەکانیەتی

زۆرێک پێیان وایە ئەوەی لە ئەمریکا سیاسەتی دەرەوە، سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داڕشتەدەکات، وەزارەتی دەرەوە نیە، بەڵکو لۆبی جولەکەیە، بەجۆرێک سەرجەمی دەوڵەتەکانی ناوچەکەو لۆبییە پارەدارەکانیان نەیانتوانی توانای ئەتۆمی ئیسرائیل بخەنە ژێر چاودێرییەوە و بەسەر تواناکانی لۆبی جولەکەدا بازبدەن (هەرچەندە باس لەوە دەکرێت کە لۆبی ئێران لە ڕێکەوتنامە ئەتۆمیەکەیدا بەسەر ئیسرائیلدا سەرکەوت، ئەمەش واتای ئەوەیە دۆستایەتی مەرجی بردنەوە نیە لە هەموو کاتێکدا)، لە ئەمریکا لۆبی ئایپاک کاریگەرترین ڕێکخراوی لۆبیستە کە لە ساڵی ١٩٥٤ەوە، دامەزراوە و ٤٥٠٠ جولەکەی ئەمریکی لەخۆی دەگرێت، کۆنگرێس و ڕایگشتی ئەمریکی وسەرجەمی ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکای لە بەرژەوەندی خۆی کۆنترۆڵکردووە، لەبەر ئەمەیە سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکان، هیچ کات پرسیار لە یارمەتییە زۆرە سەربازیی و دارایی و دبلۆماسییەکانی وڵاتەکەیان بۆ ئیسرائیل ناکەن، چونکە زۆرینەیان بە پاڵپشتی ئیسرائیل دەگەنە دەسەڵات، سەرپێچی و بڕیارە سەربەخۆکانی (هیلاری کلنتۆن) لە کۆنگرێسدا، وای کرد جولەکەکانی ئەمریکا پشتگیری نەکەن و لەبەرامبەردا لۆبی ئیسرائیل کاریکرد بۆ سەرخستنی ترەمپ، لەهەمبەر ئەم بەڵێنانەی دابوونی بە ئیسرائیل لە کاریگەرترینیان گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکابوو لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس. خستنەڕووی ئەم نمونەیە بۆ ئەوەیە بزانین لۆبی کورد چەندی ماوە بگات بەم ئاستە بەرزە.

 
دەرئەنجام
لەستراتیژیەتی ئەمریکادا کورد لە خانەی دۆستدا جێگەی بۆتەوە، سەرباری ئەوەی هەردوکیان زیاتر لە جارێک خاوەنی دوژمنی هاوبەش بوون، ئەمانەش هۆکار بوون بۆئەوەی کورد ئاسانتر سەرنجی ئامریکا بەرەولای خۆی ڕابکێشێت، ئەم دۆستایەتییەش ناوچەی ئارامی ١٩٩١ و جەنگی هاوبەشی ٢٠٠٣ و پەلکێشکردنی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ کوردستان و هەماهەنگی کورد دژ بە داعش و پارەدارکردنی هێزی پێشمەرگەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەموو ئەمانە بۆیە کران چونکە تەریببوون لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، ئەگەر بێتو واشنتۆن بەرژەوەندی لەگەڵ عێراقدا بێت، ئەوە بێ چەندوچون پشت لە کورد دەکات، پرۆسەی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر باشترین نمونەیە، لەوە بترازێت کورد نەیتوانییەوە هاوشێوەی ئەرمەن و جولەکە، لۆبییەکی نیشتمانی لە واشنتۆن بەگەڕبخات، تا بە شێوەیەکی بابەتی سود لە کەیسە جینۆسایدییەکەی وەربگرێت، لە دروستبوونی کیانی سەربەخۆیدا، تەنانەت نەیتوانیوە ئەم کەیسە لەسەر ئاستی دەرەوە وەک جینۆسایدیش بناسێنێت، بەڵکو لەسەرجەم قۆناغەکاندا لوبیکردن وەک هەوڵێک لە چوارچێوەی مەودای حیزب و ئامانج و بەرژەوەندی دەستەبژێرێک تێپەڕنەبووە، زۆرکاتیش دژبەیەکی نوێنەرەیاتییەکانی کورد، وای لە ئەمریکا کردوە بە دوو ئاراستەی جیاواز و بە دوو مامەڵەی جیاواز بەکاریان بهێنێت، نەک ببێتە وەدیهێنەری داواکارییەکانیان.

 

لە نوسینی ئەم بابەتەدا سودم لەم سەرچاوانە بینی

سەرچاوەی کوردی
(1). هاوکار ڕەفیق و گەیلان عەباس، فەرهەنگی زانستی ڕامیاری، سلێمانی، ٢٠١٧، لا٢٧٤-٢٧٥.
(2). لۆبی کورد لە ئەمەریکا، بەرنامەیەکی دۆکۆمێنتاری ئین ئار تی.

سەرچاوەی عەرەبی
(4). جون میر شایمر و ستیفن والت،اللوبی اڵاسرائیلی و السیاسە الخارجیە اڵامركیە، ترجمە مدحت گە، 2007.
(5). دور جماعات الچغگ العربیە فی صنع السیاسە اڵامریكیە، شرق اڵاوسگ. 
(6). امیرە سالم، مسئول كردی: لدینا لوبی فی الكونجرس للچغگ والاعتراف بالدولە الكردیە، موقع البلد.
(7). الكونغرس اڵامیركی یعتزم اقرار مساعدە "غیر مشروگە" موقع الجورنال.

سەرچاوەی ئینگلیزی
(8). History of Lobbying in America,howstuffworks.
(9). ERIC LIPTON, Iraqi Kurds Build Washington Lobbying Machine to Fund War Against ISIS,new York times.
(10).Kurds use well-oiled lobbying to plead for help in Washington,reuters.
(11). Andrew Tilghman, Iraqi Kurds Out-Lobby Iraqi Arabs In Washington, talking points memo.

سەرچاوە: دبلۆماتیک مەگەزین - Diplomatic Magazine

25181330122017_14519931_1776913309255209_6745943915937499973_n7.jpg

هاوکار ڕەفیق ڕەحمان - توێژەری سیاسی و بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکان

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure