دادگا
779 جار بینراوە 29/12/2017 08:10 PM

بەپێی یاسا لە چ حاڵەتێکدا بەرگریکردن لە ژیان و ماڵ و سامان، بە تاوان دانانرێت و سزای لەسەر نیە؟



 مافناس؛ گۆران ئەنوەر حەمە ئەمین

لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ماددەکانی(٤۲، ٤۳، ٤٤، ٤٥، ٤٦) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە(۱۱۱)ی ساڵی(۱۹٦۹) هەموارکراو کە تایبەتن بەم حاڵەتە.

 

دەقی ماددەی (٤۲) لە یاساکە دەڵێ:
بە تاوان دانانرێت ئەگەر هاتوو کردەوەیەک وەک بەرگریکردن لە خۆ ئەنجامدرا،لەم سێ حاڵەتەشدا ئەنجامدانی کردەوەکە بە مافی بەرگریکردنی ڕەوا دادەنرێت:
۱/ ئەگەر ئەو کەسەی کە بەرگری لەخۆی دەکات ڕووبەڕووی مەترسییەک یان تاوانێک بوبوویەوە لەسەر گیانی یان ماڵی،یاخود باوەڕی وابوو کە مەترسییەکی لەسەرە و پێویستە بەرگری لەخۆی بکات و ئەو باوەڕەش بە چەند هۆکارێکی مەعقول و دروستی هەبێت.

۲/ لەوکاتەدا نەتوانێت پەنا بۆ دەسەڵاتە گشتیێەکان ببات بۆ دورخستنەوەی مەترسییەکە، بۆ نمونە دەستی نەگاتە بنکەی پۆلیس یان ئاسایش یان لەشوێنێکدا بێت کە دەستی نەگاتە هیچ کەسێک بۆ داواکردنی یارمەتی.

۳/ لەو کاتەدا هیچ ئامڕازێکی لەبەردەستدا نەبێت بۆ دوورخستنەوەی مەترسیەکە، جا ئەو مەترسییە لەسەر ژیان و ماڵی خۆی بێت یان ژیان و ماڵی کەسێکی تر فەرق ناکات و لەڕووی یاساییەوە بە بەرگریکردن لەخۆ دادەنرێت و سزای لەسەر نیە.

 

دەقی ماددەی(٤۲):
ناکرێت بە بیانووی بەرگریکردن لە گیانی خۆت هەستی بەکوشتنی کەسێک تەنها لەم سێ حاڵەتەدا نەبێت:
۱/ تووشبوون بە مەترسییەک کە ئیحتیمالی مردن یان برینیێکی سەختی لێبکرێت و ئەو مەترسییەش هۆکاری مەعقول و دروستی هەبێت.

۲/ بەزۆر ئەنجامدانی کاری جووتبوون یان کۆمبازی لەگەڵ ئافرەتێک یان پیاوێک.

۳/ ڕفاندنی کەسێک.

 

ماددەی(٤۳):
ناکرێت بەبیانووی بەرگریکردن لە ماڵ و سامانت کەسێک بکوژیت تەنها لەم چوار حاڵەتەدا نەبێت:
۱/ سوتاندنی بە ئەنقەست(الحریق عمدا)
واتە کەسێک بێت و بە ئەنقەست بیەوێت ماڵەکەت بسووتێنێت.

۲/ گەورە تاوانی دزی(جنایات السرقة)
واتە کەسێک لە شەودا بیەوێت دزیت لێبکات یان دزەکان لە دووکەس زیاتر بن یاخود هەڵگری چەک یان دەمانچە بن.

۳/ چوونە ژوورەوە لە شەودا بۆ ناو ماڵێکی نیشتەجێبوون یان یەکێک لە پاشکۆکانی ئەو ماڵە وەک باخ یان هەورەبان یان گەراجی ماڵەکە( الدخول لیلا فی منزل مسکون ٲو فی ٲحد ملحقاتە).

٤/ تووشبوون بە مەترسیەک کە ئیحتیمالی مردن یان برینێکی سەخت و گەورەی لێبکەوێتەوە و ئەو مەترسییەش هۆکاری مەعقول و دروستی هەبێت.

 

شایانی باسە بەپێی ماددەی(٤٥):

ئەگەر کەسەکە زیادەڕەوی کرد لە مافی بەریگردن لەخۆی جا ئەم زیادەڕەویکردنە بە هەڵە بێت یان بەبێ گوێدانە سنووری مافی بەرگریکردن{بۆ نمونە کەسەکە تەنها زلەیەک یان بۆکسێک بدات لەکەسەکە بەڵام ئەو بە دەمانچە و فیشەک بەرگری لەخۆی بکات، یاخود کەسەکە دار یان پارچە ئاسنێک بکێشێت بە کەسەکەدا بەڵام ئەو بە چەقۆ یان دەمانچە ڕووبەڕووی ببێتەوە و هتد...) واتە زیادەڕەوی بکات لە بەرگریکردن لەخۆی لەو حەددەی کە پێویستە بۆ دوورخستنەوە و لابردنی مەترسییەکە، ئەوا لەم حاڵەتەدا کەسەکە بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر ئەو زیادەڕەوییەی کە کردوویەتی بەڵام لەم کاتەدا دادگا بۆی هەیە لەجیاتی سزای تاوان(الجنایة) سزای کەتن(الجنح) و لەجیاتی سزای کەتن سزای سەرپێچی(المخالفة) بسەپێنێت بەسەر کەسەکەدا.

 

بەڵام بەپێی ماددەی(٤٦):

ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی ناوخۆ یان فەرمانبەرانی دەوڵەت لەکاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا بەهیچ شێوەیەک بە بەرگریکردن لە خۆ دانانرێت بەڵکو بە تاوان دادەنرێت و سزای لەسەرە.


سەرنج/
سزای کەتن(الجنح) لەهەموو حاڵەتێکدا ماوەکەی لە (٥ ساڵ) زیاتر نیە،بەڵام سزای(الجنایات) لە (٥ ساڵ)ەوە دەستپێدەکات تا (لەسێدارەدان).

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure