قەیرانی یەمەن حەوت ساڵی تەمەنە
614 جار بینراوە 20/12/2017 06:42 PM

هەڵکشانی هەژموونی حوسییەکان وەک فاکتەری بەردەوامبونی جەنگی ناوخۆیی یەمەن



توێژینەوەی زانستی

ئامادەکردنی: هاوکار ڕەفیق ڕەحمان

پێشەکی
قەیرانی یەمەن حەوت ساڵی تەمەنە و وابەستەیە بە ڕووداوەکانی بەهاری عەرەبییەوە، لەو ساتەوە هەتا ئیستا ئاگری شەڕ لە وڵاتە دانەمرکاوەتەوە، جەمسەرە دژ بەیەکەکانی ناوخۆ و نەبوونی هاوپەیمانی ڕاستەقینە و دەستوەردانی دەوڵەتانی سعودیە و ئێران وەک جەمسەری دژ بەیەک، هێندەی تر ئاگری جەنگەکەی گەرمتر کردووە، بۆیە لەم توێژینچەیەدا باس لە قەیرانی یەمەن و لایەنە پێکهێنارەکانی ئەم قەیرانە دەکەین، لەگەڵ هۆکارەکانی بەهێزبوونی حوسیەکان و ڕوداوەکانی ئەم دواییەی یەمەن، ڕۆڵی هەریەکە لە سعودییە و ئێرانیش لەم جەنگەدا دەخەینەڕوو، دواتر ولە کۆتایدا سیناریۆکانی داهاتوو شرۆڤە دەکەین. بە وەڵامدانەوەی ئەو گریمانەیەش کۆتایی بە بابەتەکە دەهێنین، کە پێمانوایە قەیرانی یەمەن لە دوای کوژرانی علی عەبدوڵا سالح و دەستوەردانی زیاتری ئێران و بەهێزبوونی حوسیەکان و گەمارۆدانی ئاوی و ئاسمان و وشکانی، یەمەن دەخاتە قۆناغێکی مەترسیدارەوە، کە تێیدا ملێۆنان هاوڵاتی مەدەنی دەبنە قوربانی، لەگەڵ بەردەوامبونی ناسەقامگیری و تێکچووی ئاسایش بۆ چەندین ساڵی تر. 


قەیرانى یەمەن و خراپی دۆخی مرۆیی


لە ساڵی 2014ەوە، دۆخەکە بەتەواوی تێکچوو، کاتێک حوسییەکان بە پاڵپشتی ئێران و هێزە حکومییەکانی یەمەن بە پشتگیری سعودیە هاندەدران دژ بەیەکتر، لە مانگی ئاداری ساڵی 2015شەوە، سعودییە سەرکردایەتی هاوپەیمانی عەرەبی دەکات دژ بە حوسییەکان. دوای کوژرانی  سەرۆکی پێشووی یەمەنیش ململانێکان چوونە قۆناغێکی نوێوە. قەیرانەکە بە شێوەیەکە، لە ئازاری 2015ەوە، لە یەمەندا زیاتر لە8400 کەس بوونەتە قوربانی، کە ٤٨هەزاریان لە کەسانی مەدەنین، لە ناو ئەوانیشدا 1500منداڵ هەن(١)بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرووەکانیش بێت، زیاتر لە ٨٠٠ هەزار توشبووی کۆلیرا لەیەمەندا هەن، پێشبینی کراوە لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ یەک ملیۆن توشبوو بەرزبێتەوە، ئاوی پاک و خۆراکی تەندروست، بە زەحمەت دەستدەکەوێت. گەمارۆکانی سەر یەمەن وای کردووە ٨٠٪ دانیشتوانەکەی پێداویستی سەرەتایی پێناگات، سەرباری ئەوەی ئەم قەیرانە زیاتر لە سێ ملیۆن هاوڵاتی یەمەنی ئاوارە کردووە،(٢)بەپێی ئاماری  ڕێکخراوی منداڵپارێزی جیهانی، (لمنڤمه‌ إنقاژ الگفوله‌) تەنیا لە یەک ڕۆژدا ١٣٠ منداڵ دەمرن، نزیکەی ١٧ ملیۆن کەسی تریش، کە لە ناویاندا ١١ ملیۆن منداڵ هەیە، پێوستیان بە هاریکاری مرۆیی و تەندروستی بە پەلەیە(٣).بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا لە سەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەراورد بە جەنگی عێراق و سوریا، بایەخی ئەوتۆ بە دۆخی ناهەموای یەمەن ناردێت.


لایەنە سەرەکییەکان لە قەیرانى یەمەندا
یەکەم: حوسییەکان
حوسییەکان(ئەنسارولا)، وەک جوڵانەوەیەک سەرەتا لە ساڵی ١٩٩٢دا، دروستبوون. بەئامانجی پشتگیریکردن لە مافی تایفەی یەزیدی شیعە. بەدرەدین حوسی، دامەزرێنەری سەرکردەی رۆحی بزوتنەوەکەیە، دوای ئەویش لەلایەن براکەی (حسێن حوسیی)ەوە سەرکردایەتی کرا، دوای کوشتنی لەلایەن سوپای عەلی عەبدولا سالحەوە، سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بۆ(عەبدولمەلیک بەدرەدین) گواسترایەوە، تا ئەوەی بزوتنەوەکە لە کۆتاییدا وەک جوڵانەوەیەکى  سیاسى یاخی چەکدار دەرکەوت. شارى سەعدەیان لە یەمەن کردە بنکەى سەرەکیان.لە 2004 هەتا 2009، لەگەڵ حکومەتەکەى على عەبدولا ساڵح، بەرەنگارى یەکتربوونەوە، لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠ش، لە لەسەر سنوری یەمەن، لەگەڵ سعودییە کەوتنە جەنگەوە،لە تەموزی  2014شدا،توانیان باکوری یەمەن کۆنترۆڵ بکەن، دواترلە پایزی هەمانساڵدا پایتەختى یەمەنیان (سەنعا) کۆنترۆڵ کرد، بەم شێوەیە سەنعا دواى شارى عمران و سەعدە بووە سێهەم شار، کە کەوتە ژێر سەرکردایەتى حویسیەکان.


هەتا ئەوەی لە مارسی ٢٠١٥ توانیان عەدەن کۆنترۆل بکەن، کە سێهەم گەورەترین شاری یەمەنە. پشتگیری بەشێک لە سوپاوهاوپەیمانی لەگەڵ سالح، دوو هۆکاری سەرەکی بەهێزبوونی قەڵەمرەوی حوسییەکان بوون، کە دواتر بە شکستی لایەنی دووەم کۆتایی هات. بەهێزی حوسیەکان بەڕادەیەکبوو توانیویانە ئاب و حەدیدەی کۆنترۆڵ بکەن، کە دوو ناوچەی گرنگن. هەتا ئەوەى بووتە مەترسى بۆ پرۆژە ئاوییەکانى سعودییە لە  کەنارەکانى دەریاى سور و میناى مەخا. هاوکات لە ئاوە نێودەوڵەتیەکانى یەمەن، بە موشەک هێرشیان کردەسەر کەشتیەکى جەنگى ئەمریکا. زیاتر لە دووجاریش بە ئاراستەی سعودییە موشەکی بالیستیان هەلداوە، لە ئێستاشدا پێگەیەکی سەربازی گرنگیان هەیە لە یەمەندا.بە تەواوی  ناوچەکانی ڕۆژئاوای یەمەنیان کۆنتڕۆڵکردووە، کە تێیدا پایتەختی دەولەتەکە دەگرێتەخۆی کە ستراتیژیترین ناوچەیە. بە پیێ داتا نافەرییەکانی ٢٠٠٥ بێت، ژمارەی چەکدارە حوسییەکان نزیکەی ٥٠٠٠چەکداربووە، ئەم ڕێژەیە لە ٢٠٠٩ بۆ ١٠٠٠٠چەکدار بەرزبۆتەوە، لە ئیستاشدا نزیکەی ١٥٠٠٠چەکداری هەیە. کە ئەمەش هەڵکشانێکی گرنگە لە هێزی سەربازیی ئەم بزوتنەوەیەدا.


دووەم: عبد ربە منسور هادی  و  پارتی کۆنگرەی گشتی


عبد ربە منسور هادی، لە ماوەى راگوزەرى دیموکراسیدا، وەک سەرۆکى کاتى لە ساڵى 2012، بۆ سەرکردایەتى یەمەن دیاریکرا. بەڵام هەر زوو حوسییەکان بنکەى مانەوەیان لە سەنعا کۆنتڕۆڵکرد، تا ئەوەى دەستى لەکارکێشایەوە. دواتر بە ناچارى لە ماڵەکەى خۆیدا لە ژێر چاودێرى حوسیەکان مایەوە، دواتر بەرەو عەدەن هەڵهات، لەوێ پاشگەزبووەوە لە دەستلەکارکێشانەوەکەى و حکومەتی پێکهینا و داواى لە سوپا کرد بێـتەپاڵى. لە ئێستاشدا بە پاڵپشتی هاوپەیمانی عەرەبی، زۆرینەی ناوچە کەناراویی و سنورییەکانی کۆنترۆلکردووە، کە ئەوانیش بریتین لە ناوچەکانی (فەیزە، مئارب، زنجبار و مەخا).هەمیشە سعودییە و ئیمارات، لە هاوپەیمانی عەرەبیدا، دوو دەوڵەتی کارابوون، لە پشتی حکومەتەکی هادیەوە، بۆ ئەوەی بەسەر حوسیەکاندا سەری بخەن، وەک ئەو پشتیوانە ئاسمانیەی بۆ پاڵپشتی سوپاکەی هادی خرایە گەر، بۆ گەڕانەوەی پێنج پارێزگای باشوری یەمەن و گەروی بابولمەندەب(ئەم گەرووە لە دیدی سعودییە و ئیماراتدا وەک بەدیلی گەروی هورمزە، بۆ گواستنەوەی نەوت و بەدەستهێنانی وزە، بەڵام حوسییەکان هەمیشە لە هەوڵی کۆنترۆڵکنردیدان)، و کەناراوەکانی دەریای سور لە رۆژئاوای یەمەن، لەگەڵ هەوڵەکانیان بۆ کۆنترۆڵکرنەوەی سەنعای پایتەخت. بەڵام ئەم ڕوداوانەی دوایی هاوکێشەی ملمانێکانی لە بەرژەوەندی حوسیەکان گۆڕی. 


عەلى عەبدولا سالحیش، هەر لەسەرەتاوە ناکۆک بوو لەگەڵ عبد ربە منسور،  دواتر بە ڕێکەوتن لەگەڵ حوسیەکان، نفوزى سیاسى و سەربازى بەکارهێنا، بۆ  دژایەتى سەرۆکى نوێ و گەڕانەوەى دەسەڵات بۆ خۆى. ئەمەش بە مەرگى خۆى کۆتایی پێهات. دواى کوشتنیشى، بۆ ماوەیەکى دورمەودا  ئەم بابەتە دەبێتە فاکتەرى پێکدادان،  لە نێوان لایەنگرانى سالح و حوسیەکاندا. کوشتنی سالح و خزم وکەسەکانی و دەسبەسەرکردنی ئەندامانی حیزبی کۆنگرەی گشتی، دەشێت هەڵمەتی تۆڵەسه‌ندنەوەی بەدوادابێت، بە بێ ئەوەى لایەنگرانى سالح چیتر، دژى سەرۆکى شەرعى نوێ بوەستنەوە .لەخوارەوە زیاتر لەسەر ئەم پرسە وەستاوین.


سێهەم: ڕێکخراوى قاعیدە و داعش


 ڕیکخراوى قاعیدە، لەنیمچە دورگەی عەرەبی یەمەن ڕۆڵی هەیە، لە ساڵی ٢٠٠٩دا، هەریەکە لە  لقی سعودییە و یەمەنی قاعیدە یەکیانگرت. بە هێرشکردنە سەر کۆمپانیاى فرۆکەوانى نێودەوڵەتى و ئەنجامدانى هێرش لە سعودییە بوونی خۆی سەلماندووە، لەگەڵ دەستپێکردنى زنجیرەیەک لە هێرشى خوێناوى دژ بە سوپا و ئاسایشى یەمەن.لە ساڵی ٢٠١١شدا، لە دەرئەنجامی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکەی یەمەن دژی حکومەتەکەی سالح، نفوزییان لە باکوری وڵات برەویسەند. لە ساڵی ٢٠١٥شەوە، قاسم ئەلریمی، سەرکردایەتی دەکات، سەربارى پرۆسە سەربازییە چەندبارەکان، بۆ ڕاوەدونانى ئەم ڕیکخراوە، لە باشورى و ڕۆژهەڵاتى ولاتەکە )کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا، فڕۆکەکانی ئەمریکاش بەشداربوون)، تا ڕادەیەک بەرەو لاوازی ڕۆیشت، بەڵام دواتر داعش شوێنی گرتەوە، دۆخی ئێستای یەمەنیش پێدەچێت جارێکی تر ئەم ڕێکخراوە زیندوو بکاتەوە. 


بێجگە لەوەی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشیش، لەیەمەن چەندین چالاکی خوێناوی ئەنجامداوە، گرنگترینیان لە ئەستۆگرتنی ئەو هێرشە تیرۆرستەی بوو کە لە ٢٠مارسدا، بۆ مزگەوتێکی شیعەکان، لە سەنعای پایتەخت ئەنجامدرا، کە تێیدا ١٤٢ قوربانی لێکەوتەوە،دواتر پرۆسە تیرۆرستیەکانی لە باشوری وڵاتەکە فراوانکرد، بە تایبەتی ئەو شوێنانەی لە نیمچە دورگەی عەرەبی وەک حەشارگەی قاعیدە هەژماردەکران، کە تێدا ژمارەیەکی زۆر لە هێرشی تیرۆرستی ئەنجامداوە، لە ئیستاشدا سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، ئەم ڕێکخراوە  بەشێک لە سنورو کەناراوەکانی یەمەنی کۆنتڕۆڵکردووە، کە ئەوانیش بریتین لە قەسیعەر، ئەحوار و مودەیتە.


چوارەم: جوڵاندنەوەکانى باشور


ئەمەش جۆرێکە لە هاوپەیمانى دەستەو گروپەکان،کە ویستان ئەوەیە، یەکگرتوویى یەمەن هەڵبوەشێننەوە و دەوڵەتى یەمەنى باشور زیندوو بکەنەوە.ئەم جوڵانەوەیە ژمارەیەکى زۆر لە خەڵکى، لە شەقامى باشوری یەمەندا لەگەڵە، بە تایبەتى لە عەدەن، مەکلا و عەزان. لەگەڵ ئەوەشدا لایەنگری سەرۆکی شەرعی یەمەنن، بەڵام سەرکردەیەکى شایستە نیە بۆ ئەوەى ئەم پشتگرییە جەماوەرییە بکاتە کردار.


پێنجەم: ڕەوتى چاکسازی


ئەم رەوتە، وەک پارتێکی ئیسلامی نمایندەى بەرژەوەندییە ئیسلامى و هۆزگەراییەکان دەکات، سەرباری ئەوەی لە گروپی ئیخوان موسلیمینەوە نزیکە، هەروەها پاڵپشتەییەکی گەورەى لە  یەمەن هەیە،پێشتر لە هەوڵدابوو دەسەڵاتێکى زیاتر بەدەست بهێنیت لە ماوەى راگوزەریدا، بەڵام لەبەرامبەر حوسیەکاندا شکستى هێنا. دواتریش لە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ لیوا(على محسین ئەحمر)کە رابەرایەتى لیوایەکى گرنگى دەکرد، شکستیهێنا. سەرباری ئەوەی دژ بە دەسەلاتی سەرۆکی پێشوش دەوەستایەوە، لە ئیستاشدا دژی حوسییەکانە و بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندامەکانی لە هۆزە سونیەکان، پڕۆسەی چەکدارکردنی دامەزراندە، کە بە شێوەیەکی باش خۆی چەکدارکردووە.(7-4)


لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە هەریەکە لە لایەنگرانی هادی و سالح و جوڵانەوەکانی باشور و ڕەوتی چاکسازی، دژ بە حوسییەکانن، بەڵام هەتا ئیستا نەیانتوانییوە، لەبەرەیەکی هاوبەشدا یەکبگرن و دژیان بجەنگن، زۆرکاتیش دەکەونە جەنگەوە لەلایەک دژ بە حوسییەکان و لەلایەکی تریشەوە بەرامبەر بە یەکتری، بۆیە هەتا ئیستا نەیانوانیوە یەک دەنگبن بەرامبەر بە بەرەنگاروبونەوەی حوسییەکان. 


عەلى عەبدولا سالح سەرەتا و کۆتاییەکى دوبارە
یەکەم: هەڵگەڕانەوە لە سعودییە و هاوپەیمانى لەگەڵ حوسییەکان


عەلى عەبدولا سالح لە ساڵى 2004 هەتا کۆتایی 2009، شەش جەنگى لەگەڵ حوسییەکان ئەنجامدا،  بە بیانووى ئەوەى ئێران پشتگیرى ئەو گروپە شیعیانە دەکات. لەم هەوڵەشدا سعودییە پشتگیری دەکرد، دواى ڕوداوەکانى بەهارى عەرەبیش، سعودییە و دەوڵەتانى کەنداو لە ترسى گواستنەوەى ئەم تەوژمە بۆ وڵاتەکەیان، پشتگیرى حکومەتى یەمەنیان کرد، بەڵام دواترهاوپەیمانە ناوخۆییەکان و بەشێک لە سوپا و هۆزەکان، پشتیان کردە ساڵح و چوونە پاڵ هێزە یاخییەکان (القوات المنشقە)، لەمەوە هیچ شتێک لەبەردەم سالحدا نەما، بێجگە لە سعودییە بۆ ئەوەى رزگارى بکات، لە دادگاییکردن یان کوشتن، وەک ئەوەى لە هەندێک دەوڵەتانى بەهارى عەرەبى رویدا. لەمەوە دەستپێشخەرییەک لە دەوڵەتانى کەنداوەوە(المبادرە الخلیجیە) خرایە بەردەم على عەبدولا سالح و تێدا باسکرابوو باشترەبەسەلامەتى  وڵات بەجێبهێلێت واز لە دەسەڵات بهێنێت(8).هەر لە چوارچیوەی دەستپێشخەریەکەی کەنداودا و لە شوباتی 2012،دەسەڵات لە علی عەبدولا ساڵحەوە گواسترایەوە بۆ عبد ربە منسور هادی. بەڵام   لە ئەیلولى 2014دا، بە هاوپەیمانى لەگەڵ حوسیەکان خیانەتى لە دەستپێخەرییەکەى کەنداوکرد. دوای لادانیشی  ئەکتەرێکی سەرەکی بوو لە گۆڕەپانی یەمەندا. هەتا ئەوەی بەهاوبەشى لەگەڵ حویسیەکان کەوتە دژایەتیکردنى سەرۆکی نوێ و هاوپەیمانی عەرەبی، هەتا ئەوەی کەوتە پشتگیرى مادى و سەربازى بۆ حوسیەکان،  دواتر یارمەتیدان بۆ کۆنترۆڵکردنى سەنعاى پایتەخت، هەتا گەیشتنە گەمارۆدانى کۆشکى سەرۆکایەتى. تەگژەکان بەجۆرێکبوون هادی ناچار بەدەستلەکارکێشانەوەکرا(9).دوای ئەوەی لە ئاداری ٢٠١٥دا، سعودییە، هاوپەیمانی (عاێفە الحزم) ڕاگەیاند بۆ بەرەنگاروبنەوەی حوسیەکان، لە پیناو گەڕانەوەی شەرعیەت بۆ سەرۆکی نوێ،علی عەبدولا سالح، هێرشی کردە سەر سعودییە و بە تێکدانی دۆخی یەمەن تاوانباری کرد.(10)


دووەم:هەڵگەڕانەوە لە حوسییەکان و گەڕانەوە بەرەو لای سعودییە


بەلام دواتر ناکۆکى وململانێ کەوتە هاوپەیمانى سالح و حوسیەکانەوە،هەتا ئەوەى لە کۆتایی تشرینى دووەمى ئەمساڵدا، لە ئەنجامى پێکدادانى چەکدارى لە ناوچەکانى باشورى سەنعا، 14کەس لە هەردوولا کوژران. دوو ڕۆژ دواى ئەوە ساڵح، لە لێدوانێکى لە ناکاودا ڕایگەیاند"بە هۆی ئەوەى ترس و تۆقاندنیان لە ناو خەڵکدا بڵاوکردووەتەوە، داوا لە هاوڵاتیانى یەمەن دەکەم دژ بە حوسییەکان ڕابپەڕن". دواتریش دەستپێشخەری کرد بۆ هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ دراوسێکانیدا، هاوپەیمانی عەرەبیش هەر زوو پێشوازی لەم کردەیەکرد و بە (ڕاپەڕینی پیرۆز) ناوزەندی کرد. بەڵام حوسییەکان ئەمەیان وەک خیانەت لێکدایەوە و دوو ڕۆژ دوای ئەوە، عەلی عەبدولا سالحیان کوشت. ئەمە لە کاتێکدا هەمیشە دەیگووت" فەرمانڕەوایی یەمەن، وەک سەماکردنە لەسەر سەری مارەکان" وەک ئاماژەیەک بۆ قورسی سیاسەتکردن لە یەمەن، بەڵام لە کۆتایدا نەیتوانی لەسەر سەری حوسییەکان یاری بکات(11).لە بنەڕەتدا ئەم هاوپەیمانیە هەڵەیەکی ستراتیژی سالح بوو، چونکە حوسیەکان هەمیشە سالح و پارتەکەیان بە دوژمنی سەەکی خۆیان دەزانی، ئەوەی ئەم دوانەشی کۆکردبۆوە ناچاری و ئەمری واقیع بوو، چونکە لە ٢٠٠٤دا، سەرکردەی رۆحی حوسییەکان (حوسەیەن بەدرەدین ئەلحوسی)، لەلایەن حکومەتەکەی سالحەوە کوژرا، بۆیە هەمیشە حوسییەکان لە بیانوویەک دەگەڕان بۆ تۆڵەکردنەوە. 


 سێهەم:حوسییەکان و هۆکارەکانى بەهێزبوون


1:لە سەرەتادا حوسیەکان  سیاسەتى مناوەرەکردنیان پەریڕەو دەکرد، کە بە دەستێک چەک و بەدەستێکى تر دروشمى گفتوگۆکردنیان بەرزکردبووەوە، ئەمەش کاتى زیاترى پێبەخشین بۆ ڕیکخستنى ڕیزەکانیان و کۆکردنەوەى هێزى سەربازى.


2: ئەو شارەزایی و تواناییەى لە دەرئەنجامى شەڕى شەش ساڵە بەدەستیان هێنا، پاڵنەرێکى لۆژیکى بوو، بۆ هەڵکشانى فراوانخوازى  زیاتر لە یەمەندا. 


3:لەو شوێنانەى سەردەکەوتن، دەستیان دەگرت بەسەر کەلوپەلە سەربازییە گرنگەکاندا، سەنعاى پایتەخت باشترین نمونەیە، بەمەش بە تەواوى چەکە قورس و مامناوەند و سوکەکانیان بەردەست دەخست.


4:دواى شەش شەر لە جەنگى بەرامبەرى،سالح دەستى خستە ناو دەستى حوسییەکان، ئەم هاوپەیمانییە حوسیەکانى چەند هێندەى تر بەهێزترکرد و  پشتگیریی زیاتی جەماوەری بۆ مەیسەرکردن. 


5: سەربارى ئەوەى هەندێک لە سەرکردە باڵاکانى سوپا و هۆزە ناوخۆییەکان، بە جدى بەرەنگارى حوسیەکان نەدەبوونەوە، یان دەچونە پاڵیان، یان لە زۆرکاتدا هەڵوێستى بێ لایەنیان دەنواند. دابەشبوونی سوپاش لەنێوان هادی  و حوسییەکاندا، هۆکارێکی دیکەی بەهێزبوون بوو. 


6:پشتگیریکردنی سەربازى و دارایی ئێران بۆ حوسیەکان، سەرەکیترین فاکتەرى بەهێزبوونیانە، پێدانى موشەکى بالیستى، ئەوپەڕى پشتگیرى سەربازییە. یارمەتى مادى قەتەریش بابەتێکی حاشاهەڵنەگرە.


7:ململانێکان لەسەر دەسەڵات و دابەشبوونە سیاسیەکان، لە سەروبەندى ڕاپەڕینى شوباتى 2011دا، (ئەوەى بە بەهارى عەرەبى ناسراوە)، پاڵنەرێکى تر بوو بۆ فراوانبوونى هەژمونى سەربازى و سیاسى ئەم بزوتنەوە.


8:دواى ئەوەى عەبد رەبە منسور هاتە سەر دەسەلات)٢٠١٢-٢٠١٤(، حوسیەکان ژمارەیەک گۆڕانى سیاسیان لە بەرژەوەنى خۆیان بەکارهێنا، بۆ لێدان لەو هێزە سیاسیانەى بەرهەڵستىان دەکردن، لە لایەکى تریشەوە پشتگیرى ئەو هێزە سیاسانەیان دەکرد، کە بەرژەوەندى و دوژمنى هاوبەشیان هەبوو.(13-12)
گرنگە ئەوە بخەینەڕوو، کە حوسییەکان بە هاوپەیمانی لەگەڵ سالح، بەهێزتربون بەراورد بە ئێستا، چونکە کوتلەو هێزەکانی دژ بە حوسییەکان لە ئیستادا زۆرترن بەراورد بە جاران. 


ڕۆڵی هەریەکە لە سعودییە و ئێران لە جەنگی یەمەندا
یەکەم: سعودییە وەک دۆڕاو  وتاوانبار لە جەنگی یەمەندا


 حوسییەکان بە تەواوی بونەتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی سعودییە، لە ماوەی ڕابرودا زیانی گەورەی کردووە، لەو بۆسانەی حوسییەکان بۆ سەر قافڵە سەربازییەکانی ناویانەتەوە(14).هەروەها چەندینجار پاسەوانانی سنوری سعودییەیان دەستگیرکردووە و کۆنترۆڵی ئەو دێهاتانەیان کردوە کە دورەدەستن و ئاوەدانین، وەک ربوعە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی عەسیر. بێجگە لەوەی حوسییەکان بە ئاراستەی کەناراوەکانی دەریایی سور ساروخیان هەڵداوە، کەجەدە و مەککەی پیرۆزی لێوە نزیکە. لە مانگى ڕابردووشدا، بە مووشەکی بورکانی ئێچ 2 دوورمەودا، مەلیک خەلیلیان، لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سعودییە بە ئامانجگرت، پێشتریش یەک ڕۆژ پێشهاتنی ترەمپ بۆ سعودییە حوسییەکان موشەکێکی دورمەودایان، بە  ئاراستەی سعودییە هەڵدا،سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن بۆجاری سێهەم و لە ڕێکەوتی ١٦ی تشرینی یەکەمدا، بە موشەکی بالیستی فەرماندەی سوپای سعودییەیان لە ناوچەی جیزان لەسەر سنووری یەمەن و سعودیە بە ئامانج گرتووە.  لەبەر ئەوە سعودییە هەر  لە ٢٦ ئازاری ٢٠١٥وە، وەڵامی عبد ربە منسورهادی دایەوە، بۆ دەستوەردانی سەربازی لە پێناو پاراستنی یەمەن لە هەڕەشەی میلیشیا شیعەکان، لەمەوە سعودییە لەگەڵ هەشت دەوڵەتی دیکەی سوننی، هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکهێنا، بۆ لادانی حوسسیەکان و گەڕانەوە هادی بۆ دەسەلات(15).


 بە شێوەیەک لەماوەی دووساڵدا پرۆسەیەکی فراوانی ئاسمانی دژ بە حوسییەکان خستەگەڕ، کە تێیدا هەزاران بۆمبی خستەخوارەوە، کە ئەم کردەیەش زیاتر  کەسانی مەدەنی کردە ئامانج، بە پێی هەندێک لە ئامارە فەرمیەکان، لە ماوەی ئەو دووساڵەدا هاوپەیمانی عەرەبی لە ژێر ناوی (گەردەلولی زبر)، نزیکەی ٨٦٠٠ بۆردومانی ئاسمانی لە یەمەن خستۆتەخوارەوە، کە تێیدا ٣٥٧٧ بنکەی سەربازی بە ئامانج گرتووە، وێڕای ئەوەی زیاتر لە ١٥١٠ ناوچەی نیشتەجێبون و خوێندنگە و نەخۆشخانە و ناوەندی مەدەنی بۆردومان کردووە.(16)بروس ڕیدل، لە نوسنێکدا پشتبەست بە توێژینەوەیەکی زانکۆی هارفارد، ئەوە دەخاتەڕوو کە تیچووی جەنگی یەمەن لە لایەن سعودییەوە، نزیکەی ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری ڕۆژانەیە، بۆیە پێشنیار بۆ ئەمریکا دەکات، جەنگی یەمەن بە کۆتا بهێنێت، چونکە سعودییەی هاوپەیمانی لە مردنیکی هێواشدایە(17).بە پێی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری فۆره‌ن پۆلیسی ئەمریکی، لە ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەم سێ مانگەی دواییدا، سعودییە شکستی هێناوە، لە زاڵبوون بەسەر حوسییەکاندا، ئەمە بێجگە لەوەی کوژران و برینداربوونی هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لیکەوتۆتەوە.(18) ئەمەش بووەتە ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرکردایەتی سعودییە بکاتە لیستی ڕەشەوە.(19)دوای ئەوەی نۆفەمبەری ڕابردوو، ساروخێکی حوسییەکان سعودییەی کردە ئامانج،  وەک کاردانەوەیەک سعوسییە سەرجەمی دەروازە ئاوی، ئاسمان و وشکانیەکانی لەگەڵ یەمەن داخست. ئەمە لە کاتێکدا یەمەن سەرجەمی پێداویستیە سەرەتاییەکانی لە خواردن وخۆژیان، لە رێگەی دەریاوە پیدەگات، ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت ملیۆنان هاوڵاتی ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە. لەمەوە سعودییە ڕوبەڕوی ڕەخنەی دەوڵەتانی رۆژئاوا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆتەوە (بە ئەمریکای هاوپەیمانیشیەوە). سومعەی نێودەوڵەتی لەکاداربووە و ڕۆژانە فشار دەخرێتەسەری بۆ ئەوەی سنورەکانی بەڕووی یەمەندا بکاتەوە.(20)


دووەم: ئێران وەک پاڵەوانێک لە پشتی سەرکەوتنی حوسیەکانەوە


دوای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، وەک ستراتیژێکی نەگۆڕ بنەماکانی شۆڕش بۆ دەوڵەتانی دەوروبەر گواسترایەوە، دوای سەرکەوتنی ئەم تاقیکردنەوەیە لە لوبنان، هەر زوو ئیران تاقیکردنەوەکەی گواستەوە بۆ یەمەن. باڵوێزخانەی ئێران لە یەمەن، لە هەشتاکانەوە هەستا بە بانگێشکردنی گەنجانی یەمەن بۆ ئێران، بۆ ناساندنی ئەزمونی شۆڕشی ئێران، لە دیاریترین ئەوانەش حسێن حوسی، دامەزرێنەی بزوتنەوەی حوسییەکان بوو، لەگەڵ سەرۆکی ئیستای حوسییەکان عەبدول مەلیک، ئەمانە سەرسامی نمونەی شۆڕشی ئیرانی بوون،  لە ڕووی بیرۆکەی سەرکردایەتی سیاسیەوە، کە دەبێت مەشروعیەتی دینی هەبێت هاوشێوەی ڕژێمی ئێران. تا ئەوەی حوسییەکان هەندێک لە دروشمەکانی شۆڕشی ئێرانیان دەگوتەوە، (مردن بۆ ئەمریکا مردن بۆ ئیسرائیل). دوای ئەوەی کە حوسییەکان کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ حکومەتی یەمەن، لە خولی چوارەمی ئەم جەنگەدا ولە ساڵی ٢٠٠٧دا، کاریگەری حیزبوڵا بە شێوەیەکی پلەبەندی لەسەر شێوازی شەرکردنی حوسیەکان دەرکەوت، دواتر لە لوبنان، لە لایەن حیزبولاوە ڕاهێنان بە شەرکەرەکانیان دەکرا(21).


 ئێران هەمیشە پێێ وایە حوسیەکان لاسایکەرەوەی حیزبوڵان و وەک نمونەیەکی خۆیان لیی دەڕوانن، هەرچەندە وەک حیزبوڵا کۆنترۆلی تەواوی بەسەریاندا نیە، هەتائەوەی بەشێک لە حوسیەکانیش ڕەتی دەکەنەوە ببنەگوێڕایەڵی ئێران، زۆرجاریش ڕێنمایی ئێرانیان فەرامۆش کردووە، ئێرانیش هەتا ئێستا ڕاستەوخۆ دانی بەوەدانەناوە کە پشتگیری حوسیەکان دەکات (ئەمەش پێدەچێت جۆرێکبێت لە سیاسەتی چاوبەستی)(22).بەمشێوەیە ئێران هەر لەسەرەتاوە پاڵپشتی حوسیەکان بووە، لە ساڵی ٢٠٠٤شەوە، پاڵپشتی مادی، سەربازی، تەکنەلۆجی و ڕاوێژکاری  ئەم ڕێکخراوەی کردووە، دژ بە حکومەتەکەی سالح، دواتر دەستوەردانەکانی لە ساڵی ٢٠١١ەوە بە چری دەرکەوت.هەتا ئەوەی سعودییە هاوپەیمانی عەرەبی پێکهێنا بۆ لێدان لە حوسییەکان، ئێرانیش بە توانا و چەکی زیاترەوە کەوتە پشتگیری حوسییەکان، تا ئەوەی موشەکی بالیستی دورمەودای پێدان(23).لەدوای تێپەڕبوونى مانگێکیش بەسەر هەڵدانی دوو موشەکی دوورهاوێژ لە خاکی یەمەنەوە بە ئاراستەی سعودیە،  نیکی هێلی باڵیۆزى ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان،  پاشماوەی موشەکە دوورهاوێژەکانى لەناو بارەگاى نەتەوە یەکگرتووەکاندا نمایشکرد، ڕاستەوخۆش ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد موشەکى داوەتە چەکدارە حوسییەکانی یەمەن تا ئاسایشی ناوچەکەى پێ تێکبدات و بە وەکالەت شەڕی خۆی لەگەڵ سعودییە پێ بکات.(24).

 

ستراتیژی ئێران لە جەنگی یەمەندا :


١: ئێران ویستی ئەوەیە یەمەنیش بکاتە نمونەیەکی مەزهەبی شیعی. بە شێوەیەک لەژێر هەیمەنەی ئێراندا بێت.


٢: یەمەن نزیکیەکی جوگرافی هەیە لە گەروی بابولمەندەب، کە ڕاڕەوێکی گرنگ و ناوچەیەکی وزەیی جیهانیە، کە نزیکەی ٣.٢ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەیە.


٣: ویستی ئەوەیە لە باشوری سنوری یەمەنەوە، حوسیەکان بکاتە کارتێکی هەڕەشە لە بەرامبەر ڕکابەرە دێرینەکەی کە سعودییەیە.


٤: ویستی ئەوەی هەیە، هاوشێوەی عێراق، یەمەن بکاتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکانی  و درێژەپێدانی پڕۆژە ئابوری و بازرگانیەکانی.(25)


سێهەم: سیناریۆکانى داهاتوو: دواى کوشتنى سەرۆکى پێشووى یەمەن


1: ڕوودانى کەلێنیک لە نێوان حوسیەکان و ئێراندا: پارە میکانیزمى سەرەکیە بۆ بەدیهێنانى ئەم ئامانجە، بەڵام حوسییەکان هەتا ئێستا هەست بە فشارێکى تەواو ناکەن، بۆ قبوڵکردنى ئەم جۆرە داواکارییە، بۆهەڵگەڕانەوە لە ئێران.


2:فشارى سەربازى زیاتر بۆسەر حوسیەکان لە باکورەوە: ئەمەش لە ڕێگەى پێشخستنى بنکەکانى سعودییە و جێگرکردنیان بە شێوەیەکى باشتر دەبێت، بە یارمەتى سوپاى ئیماراتى کە لێهاتویی زیاترە. 


3:پشتگیریکردنى ئەو هۆزانەى سەر بە حوسیەکان نین: دەکرێت هۆزەکانى تر لە باکورى وڵات، بۆ بەرەنگاربوونەوەى حوسیەکان بەسودبن. بەتایبەتى ئەوهۆزانەى لە(پارتى کۆنگرەى گشتی) دابوون، و سەرۆک هۆزەکانیان لەلایەن حوسیەکانەوە لە سێدارە دراون(26).


4:کۆنتڕۆلکردنى دەسەڵات لە لایەن حوسیەکانەوە: دەشێت حوسیەکان تاکڕەوى بکەن لە پیادەکردنى دەسەلاتدا، لە ڕێگەى زیاتر بەکارهێنانى هێزەوە، وەک پەیڕەوکردنى شێوازى هەمیشەییان(لە سێدارەدان، روخاندنى ماڵان، چەکدارکردنی ناچاری  و بەزۆر کۆچکردن)


5:بەرگرى نەتەوەیی: دەتوانین گریمانەى ئەوە بکەین، هەندێک لە ئەندامانى پارتى کۆنگرەى گشتی، هەڵبستن بەڕیکخستن و پێکهێنانى شانەى بەرگرى، لەسەر ئاستى هەموو ناوچەکە،یان هاوپەیمانیکردن لەگەڵ  ئەو گروپانەى زیانیان پێگەیشتووە، لە لایەن دەسەڵاتى حوسیەکانەوە. 


6:پرۆسەی تۆڵەکردنەوە:دەکریت سەرکردایەتی پارتی کۆنگرەی گشتی هەماهەنگی بکات، لەگەڵ هێزە شەرعەییەکانی یەمەن، هەروەها ڕاگەیاندنی ئینتیما بۆ حکومەتی شەرعی ئەو ولاتە،و ئامادەیی بۆ شەرکردن لەژێر سەرپەرشتی ئەودا(27).


7: ناسەقامگیری بەردەوام تا چەندین ساڵی تر: دابەشبوونەی جەمسەرەکانی ناوخۆ و نەبوونی هەماهەنگی تەواو دژ بە حوسییەکان و پاڵپشتی  ئێران و بەردەوامبونی سعودییە لە سەپاندنی گەمارۆکان و بەڵێنی ئەحمەد علی عەبدولا، کوڕی سەرۆکی پێشوو، بۆ تۆڵە سەندنەوەی لە خوێنی باوکی، هۆکارێکی تری ناسەقامگیری و نەمانی ئاسایشە لە یەمەندا، بۆ ماوەی چەندین ساڵی تر. (28)

 

دەرئەنجام
1:چارەنوسی یەمەن لە دوای ئەم ڕوداوانەی دوایی، پێناچێت بەرەو ئارامی بڕوات. تەنگه‌ژەکان بەرەو قوڵبوونەوە زیاتر دەڕۆن. ئەگەری سەرکەوتنی ئاشتیش لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا  یەکجار کەمە.
2:جەنگی بە وەکالەتی نێوان سعودییە و ئێران گەرمتر دەبێت، هاوشێوەی لوبنانیش دۆڕاوى یەکەم سعودییەو سودمەندی سەرەکی ئێرانە.
3:یەمەن دەوڵەتێکی سوننە مەزهەبە، لە ستراتیژی سعودییە ڕێگە پێدراونیە، گروپێک لە شیعە کە لەلایەن ئێرانەوە هاندەدرێن، کۆنترۆلی دەوڵەتێک بکەن کە هاوسنورە لەگەڵ سعودییە.
4:ئێران حیزبوڵای لوبنان، وەک کارتێکی هەڕەشە دژ بە ئیسرائیل دەخاتەگەڕ، بە سودبینن لە حوسییەکان هەمان سیناریۆ بەسەر سعودییەدا دوبارە دەکاتەوە.
5:سیناریۆیی لوبنان دوبارەدەبێتەوە، حکومەتێکی شەرعی لاواز بە سەرۆکایەتی هادی و میلشیایەکی بە‌هێزی تونڕەو بە پاڵپشتی ئێران، هاوکێشە سیاسی و سەربازییەکان  دەبەن بەڕێوە.
6:هاوپەیمانی عەرەبی،بەم تاکتیک و سیاسەتەی ئێستا، ناتوانێت بەرەنگاری حوسییەکان بێتەوە، ئەمە بێجگە لەوەی ئەم هاوپەیمانیە لە ٢٠١٥ەوە، سەرکەوتوو نەبوە، لە چارەسەرکردنی قەیرانی یەمەن.
7: گەمارۆدانی یەمەن بەمزوانە ناشکێت و دۆخی مرۆیی زیاتر لەوەی هەیە خراپتر دەبێت.
8: ئەگەری زیندووبونەوەی گروپە تیرۆرسیەکان هەیە، بە تایبەتی ڕێکخراوی قاعیدەو داعش. 
9:ئەوەی حوسییەکان کردیان گۆڕانکاری ڕیشەیی لە هاوسەنگی هێزدا دەکات، بەڵام پێدەچێت ئەمە دورمەودا لە بەرژەوەندی ئەوان نەبیت، چونکە لە ئێستادا سەرجەمی پارت و هێزە سیاسیەکان لە ڕەفتاری حوسییەکان نیگەرانن. 

لیستی سەرچاوەکان
(1)ملیون اصابه‌ بالكولیرا قریبا،موقع النهار.
(2)حالات الكولیرا فی الیمن تتجاوز نصف ملیون خلال أربعه‌ شهور،بی بی سی. 
(3)Amanda Erickson, Yemen is on the brink of a horrible famine. Here‌s how things got so bad. Washington post.
- لە باسکردنی لایەنە پێکهێنەرەکانی جەنگی یەمەن، سود لە سەرچاوەی ٤هەتا٧ بینراوە.
(4)من هی الأگراف الرئیسیه‌ فی الأزمه‌ الیمنیه‌؟موق النهار. 
(5)من هم الحوپیون؟،موقع مونت كارلو الدولیه‌.
(6)الوچع المیدانی فی الیمن بعد7سنوات من الأزمه‌،روسیا الیوم.
(7)الاگراف الرئیسیه‌ فی النزاع الیمنی،موقع ایلاف.
(8)محمد بن گارق، رقصه‌ الموت الأخیره‌، صالح لم یكمل الرقص على رۆوس الپعابین،موقع الساسه‌ بوست.  
(9)صالح والرقص على رۆوس الپعابین، بى بى سى عربى.
(10) Saudi Arabia's war in Yemen 'a strategic failure'.
(11)صالح والحوپی.. خلاف الشركا‌و،بى بى سى عربى.
(12)أنصار الله‌ فی الیمن: أسباب الصعود و عوامل القوه‌،البیت الخلیجى للدراسات. 
(13)د. احمد یوسف، ایران تدعم الحوپیین بقوه‌ للاستیلا‌و على السلگه‌ الیمنیه‌.  
(14)معارك الحد الجنوبى والنزیف السعودی المستمر، الجزیره‌، 12/12/2017. 
(15)بگل بلا انتصارات.. كیف فشل ابن سلمان من الیمن الى لبنان؟الساسه‌ بوست، 12/12/2017.
(16)Amanda Erickson,Yemen is on the brink of a horrible famine.Here‌s how things got so bad,Washington post. 
(17) بروس ریدل، إیران تتفوّق على السعودیه‌ فی الیمن، موقع المونتر. 
(18)From the War on al Qaeda to a Humanitarian Catastrophe:How the U.S. Got Dragged Into Yemen,foreign policy.
(19)إدراج التحالف بقیاده‌ السعودیه‌ فی الیمن على قائمه‌ سودا‌و تابعه‌ للأمم المتحده‌، بى بى سى. 
Amanda Erickson,OP.CIT.(20)
(21)MAYSAA SHUJA AL-DIN ,Iran and Houthis:Between political alliances and sectarian tensions,opendemocracy.
(22)بروس ریدل،مصدر سابق. 
(23) Mohsen Milani, Iran's Game in Yemen,foreign affairs. 
(24)Phil Stewart,In first, U.S. presents its evidence of Iran weaponry from Yemen,reuters.
(25)نبیل البكیرى،حقیقه‌ التدخل الأیرانی فی الیمن،موقع الجزیره‌. 
(26)سایمون هندرسون،مستقبل الیمن المحفوف بالمخاگر ما بعد صالح،معهد واشنگن.
(27)د. حمود ناصر القدمی، سیناریوهات ما بعد مقتل "علی عبدالله صالح"، مركز مستقبل.
(28)د. شملان یوسف العیسى، ما مصیر الیمن؟،موقع الشرق الأوسگ.

ئەرم بابەتە وەک توێژینەوە لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە. 

27351520122017_14519931_1776913309255209_6745943915937499973_n7.jpg

   هاوکار ڕەفیق - توێژەر و ئەکادیمی

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure