گەڕانەوەی جیهادییەکان بووەتە هۆی نیگەرانی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەڵمانیا
841 جار بینراوە 19/12/2017 11:13 PM

داعشەکانی سوریا وعێراق بۆ کوێ چوون؟



سنور میدیا 

دزۆرێک لە جیهادییەکان دوای شکستی داعش بزربوون. ژمارەیەکیان هێشتا لە گۆشە و کەنارەکانی سوریا و عێراق لە کەمیندان و ژمارەیەکیان گەڕاونەتەوە بۆ ئەوروپا.

دەزگا ئاسایشییەکانی بەریتانیا بەنیازن رێگە لەو داعشە بەریتانیاییانە بگرن کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکەیان. (گوین ویلیامسۆن) وەزیری بەرگری بەریتانیا چەند رۆژێک لەمەوبەر رایگەیاند کە دەزگا ئاسایشییەکانی وڵاتەکەی سەرجەم تواناکان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی رێگە لە گەڕانەوەی جیهادییە بەریتانییەکان بگرن.
دەزگا ئاسایشییەکانی بەریتانیا رایانگەیاندووە، کە نەک تەنیا رێگری گەڕانەوەی ئیسلامگەرا بەریتانییەکان دەکەن، بەڵکو هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ لەناوبردنیان لە ناوچەکە. وەزیری بەرگری بەریتانیا وتویەتی "تەنیا تیرۆریستێکی مردوو ناتوانێت مەترسی لەسەر بەریتانیا دروستبکات".
وتەکانی وەزیری بەرگری بەریتانیان پەردە لەسەر نیگەرانییەکانی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەوروپا هەڵدەماڵێت، نیگەرانی لە خۆحشاردانی داعشییەکان. ئەو دەزگایانە نیگەرانی ئەوەن کە ئەو دەستەیە لە چەکدارەکانی داعش دوای شکستی سەربازی لە عێراق و سوریا خۆیان بگەیەننە ئەوروپا.
وەزارەتی بەرگری سوریا ئازادکردنی شاری دێرلزوری بە نیشانەی سەرکەوتنی تەواو بەسەر داعشدا راگەیاند. شکستی سەربازی داعش بووەتە هۆی ئەوەی ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە توانای رابەرایەتی هێزەکانی خۆی لەدەستبدات، بەمشێوەیە چەکدارەکانیان بڵاودەبنەوە لە گوندە دوورە دەستەکان خۆیان دەشارنەوە.
بەپێی راگەیانراوێکی وەزارەتی بەرگری سوریا چەکدارە پەرش و بڵاوبووەکانی داعش لە سوریا دوو رێگە زیاتریان نییە، یان دەبێت خۆیان بەدەستەوە بدەن یان لە شەڕدا لەگەڵ سوپای سوریا بکوژرێن.

پڕوپاگەندەی پەیوەندی ئەمەریکا لەگەڵ داعش
لە بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری سوریادا خاڵێکی هەستیاری هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هێزە ئاسایشییەکانی سوریا بە وردی نازانن چەکدارانی داعش لە سوریا و عێراق دوای شکستەکانیان بۆ کوێ هەڵاتوون.
وتەی تەلال سیلۆ یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی سوپای سوریای دیموکراتی هەفتەی رابوردوو وروژێنەر بوو، کە رایگەیاند دوای بەرەنگاربوونەوەی داعش لە رەقە هەزاران داعشی بە ئاگاداری ئەمەریکا لە شارەکە کشاونەوە.
ئەمەریکا ئەو وتانەی رەتکردەوە و سوپای ئەمەریکا لە هەڵوێستیدا بەرامبەر ئەو وتانە رایگەیاند کە زانیارییەکان هەڵەن و سوپای ئەمەریکا هەرگیز لەگەڵ تیرۆریستان گفتوگۆ ناکات.
هەروەها BBC لە زمانی یەکێک لە شۆفێرەکانی داعشەوە بڵاویکردووەتەوە کە چەکدارانی داعش بە چەک و جبەخانەوە لە رێگەی 50 بارهەڵگر و 13 پاس و نزیکەی 100 ئۆتۆمبێل ناوچەکەیان چۆڵکردووە.
روونە کە ناتوانرێت ئامارێکی وردی هێزەکانی داعش کە توانیویانە رابکەن بەدەستبێت، بەڵام حکومەتی وترکیا لە ئەگەری خۆحاشاردانی ژمارەیەک لەو چەکدارانە لەناو تورکیا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە.
ئەگەری ئەوە هەیە کە ژمارەیەک لە چەکدارانی داعش کۆچیان کردبێت بۆ ئەفغانستان، لەوبارەیەوە (کارل ئورتن) لە شیکەرەوانی ناوەندی (جاکسۆن سۆسایەتی) وتویەتی "ئەگەری ئەوە زۆرە کە داعشە بەریتانییەکان کە لە شەڕەکانی عێراق و سوریا بەشدار بوون پەنایان بۆ ئەفغانستان بردبێت."
ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرچاوە ئاسایشییە ئەفغانییەکان راپۆرتیان لەبارەی خۆشاردنەوەی ژمارەیەک لە داعشە فەڕەنسییەکان لەو وڵاتە بڵاوکردووەتەوە.

گەڕانەوەی جیهادییەکان مەترسییە
دەزگا ئاسایشییە ئەوروپاییەکان خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی گەڕانەوەی جیهادییەکان ئامادە دەکەن. (ئاندرۆ پارکەر) سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی بەریتانیا (MI5) رایگەیاندووە، مەترسییەکانی گەڕانەوە و خۆشاردنەوەی جیهادییەکان زۆر زیادی کردووە.
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوە کردووە، کە "هەڕەشەکان بۆ سەر ئاسایش بە هۆی گەڕانەوەی داعشییەکان فرە لایەنە. لەوانەیە ئەم کەسانە بە خێرایی ژمارەیان زیاد بکات و بە ئاستێک بگەن کە تا ئێستا بۆ ئێمە نەناسراوە."
هەروەها پارکەر لەبارەی بەرنامە تیرۆریستییەکانی جیهادییەکان لە بەریتانیا وتویەتی "ژمارەیەک لە بەرنامەکان لەناوخۆی بەریتانیا ئامادەکراون و ژمارەیەکی تریان لە دەرەوە رێنمایی دەکرێن. ژمارەیەک لە بەرنامە تیرۆریستیانە زۆر ئاڵۆزن، ژمارەیەکی تریان سادەن وەک هێرش بە چەقۆ. جیهادییەکان لە تەمەنە جیاجیاکان پێکدێن و لە هەموو چینە کۆماڵایەتییەکانن و ژن و پیاویشن. تەنای بازنەی بەیەکەوە گرێدانیان بریتییە لە جیهانبینی ژەهراوی و سەرکەوتنێکی توندڕەوانە."

نیگەرانییەکانی ئەڵمانیا
بابەتی گەڕانەوەی جیهادییەکان بووەتە هۆی نیگەرانی دەزگا ئاسایشییەکانی ئەڵمانیاش، بە تایبەتی ئەو تازاە پێگەیشتوانەی لەگەڵ خێزانەکانیان چوونە ئەو ناوچانەی شەڕی لێبووە. (هانس گورک ماسن) سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئەڵمانیا وتویەتی، نیگەرانی ئەو منداڵانەیە کە لەلایەن داعشەوە پەروەردەکراون. ئەو مەترسییە هەیە کە ئەو منداڵانە نەوەی داهاتووی جیهادییەکان پێکبێنن.
بەپێی زانیاری دەزگای ئاسایشی ناوخۆی ئەڵمانیا بە گشتی 950 ئیسلامگەرا لە ئەڵمانیاوە چوون بۆ ناو داعش لە سوریا و عێراق. یەک لەسەر پێنجیان ژن بوون و 5% تازە پێگەیشتوو بوون. گومانی ئەوە هەیە کە یەک لەسەر سێیان گەڕابنەوە بۆ ئەڵمانیا. بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی دەزگای ئاسایشی ئەڵمانیا نزیکەی 1870 ئیسلامگەرای مەترسیدار لەو وڵاتە بوونیان هەیە.

 

سەرچاوە ماڵپەڕی DW ی ئەڵمانی.

وەرگێڕان: ماڵپەڕی میللەت پرێس.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure