مووچه‌
1509 جار بینراوە 8/12/2017 11:30 PM

دوای بایۆمەتری پەرلەمان وردبینی بۆ مووچەخۆران دەکات



سنور ميديا 

تۆمارکردنی مووچەخۆران بە سیستمی بایۆمەتری و ژمارەیان دوای جێبەجێکردنی سیستمەکە قەناعەتی بە پەرلەمانتارانی پەرلەمانی کوردستان نەکردووە و ئێستا پەرلەمان لە بەدواداچووندایە بۆ ڕێژەی ڕاستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم و پەرلەمانتارانیش گومانیان لەو ژمارەیە هەیە کە حکومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە.

 

هه‌فته‌نامه‌ى ئاژانس كه‌ ڕۆژى چوار شه‌ممه‌ بڵاو بوويه‌وه‌ هاتووه‌ , حكومەتی هەرێم لە سەرەتای ئەمساڵەوە دەستی كرد بە تۆماركردنی مووچەخۆرانی لە سیستمی بایۆمەتریدا بە ئامانجی نەهێشتنی فرەمووچەیی و مووچەخۆری بندایوار و چاكسازیكردن لە لیستی مووچەخۆراندا، بەڵام دوای زیاتر لە چوار مانگ بەسەر كۆتاییهێنان بە تۆماركردنی فەرمانبەراندا لە سیستمی بایۆمەتریدا، هێشتا لیستی مووچەخۆران پاك نەكراوەتەوە و پەرلەمانتارانیش گومانیان لەو ژمارەیە هەیە کە حکومەت بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی ئاشکرا کردووە.

 

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان وتى: ״ژمارەی پێویست واژۆ كۆ كراوەتەوە بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك بۆ پاكسازی لە لیستی فەرمانبەراندا.״

 

وتیشی: ״بەڵگەمان هەیە لەسەر خانەنشینی نایاسایی و دوومووچەیی، بایۆمەتری چارەسەری ئەو گرفتانەی نەكردووە تەنها تۆماری كردوون.״

 

بە پێی دوایین ئاماری سیستمی بایۆمەتری، ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481 كەسە، لەو ژمارەیە 244 هەزار و 656 كەسیان خانەنشینن و 96 هەزار و 53 وارسی شەهیدان و ئەنفالكراوان و 159 هەزار كەسیان فەرمانبەر و پۆلیسن، هێزەكانی ئاسایش و پێشمەرگە 266 هەزار و 465 كەسن، بە پێی ئامارەكە حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە 897 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

 

خەڵەف ئەحمەد ئەندامی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ״ئاژانس״ی ڕاگەیاندوه‌، دەستمان كردووە بە بەدواداچوونی لیستی موچەخۆران و پاککردنەوەی لیستی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم.

 

وتیشی: ״پەرلەمان لەگەڵ سیستمی بایۆمەتریدا هەوڵی تەواو دەدات بۆ یەکلاییکردنەوەی لیستی مووچە و فەرمانبەرانی هەرێم.״

 

ژمارەی فەرمانبەران لە نێوان هەرێم و بەغدادا بووەتە کێشە، بەغدا پێی وایە هەرێم ئەو هەموو فەرمانبەرەی نییە و زیاد لە جارێک ڕایگەیاندووە مووچەی تەنها ٦٥٠ هەزار فەرمانبەر دەنێرێت و هەرێمیش دەڵێت ئەوە تەنها نیوەی مووچەخۆرانی هەرێمە.

 

سەمیر هەورامی، وتەبێژی سیستمی تۆماری بایۆمەتری بە ״ئاژانس״ی وتوه‌: ״لە سیستمی بایۆمەتریدا ژمارەیەک مووچەخۆری دوومووچەیی سێمووچەیی هەن کە یاسایین و کەسوکاری شەهید و کەمئەندامی سەنگەرن و بە پێی یاسا دەتوانن دوو مووچە وەربگرن.״

 

بە پێی یاسای خزمەت لە عێراقدا، هەر کەسێک بوو بە مووچەخۆری حکومی ناتوادرێت مووچەکەی ببڕدرێت.

 

ڕاشیگەیاند: ״پاككردنەوەی لیستی خانەنشینان پەیوەندیی بە سیستمی بایۆمەترییەوە نییە و وەزارەتی پێشمەرگە بەرپرسە لەو مەلەفە.״

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure