پێشکەشکار
1242 جار بینراوە 21/11/2017 08:01 PM

گرنگی زمانی جەستە بۆ پێشەکەشکار و پەیامنێران



ئامادەکردنی: هاوکار ڕەفیق

زمانی جەستە چییە؟

نیشانه‌كانی جه‌سته‌ و ڕوخسار و ئه‌ندامه‌كانه‌، بۆ دەربڕین له‌و بیركردنه‌وه‌یه‌ی له‌ مێشكماندا هه‌یە. بە واتایەکی دیکە زمانی جه‌سته،‌ په‌یوه‌ندییه‌كی نازاره‌كیی ڕاستگۆیانه‌یه‌، ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ له‌ ڕێگه‌ی جوڵه‌ و ده‌ركه‌وته‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ڕاده‌سپێرێت، بۆ ئه‌داكردنی ئه‌و ڕاستیانه‌ی له‌ ناخی مرۆڤدا ڕه‌نگده‌ده‌نه‌وه‌. به‌مه‌ش پێكدادان دروست ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌ربڕینه‌ زاره‌كیه‌ ناڕاسته‌كان. کەواتە دەتوانین بڵێن زمانی جەستە، به‌سه‌رجه‌می ئه‌و په‌یامه‌ ناوه‌خنیانه‌ی ناخی مرۆڤه‌كان ده‌گوترێت، كه‌ به‌ شێوه‌ی خۆویست و خۆنه‌ویست، له‌ ڕێگه‌ی هه‌سته‌كانه‌وه،‌ ڕه‌نگدانه‌وه‌یان به‌سه‌ر ڕووكاری ده‌ره‌وه‌ی جەستەمانەوە ده‌بێت، له‌ ده‌رئه‌نجامدا جوڵه‌ و بزاوتی(ناخودئاگا)، لە شێوەی پەیامی نەرێنی یان ئەرێنی، به‌سه‌ر جه‌سته‌وه‌ به‌جێده‌هێڵن. لەم پرۆسەیەشدا سەرجەمی ئەندامەکانی جەستە و بە تایبەتیش ڕوخسار پشکی سەرەکی بەردەکەوێت. 
ئایە زمانی جەستە ساختەکاری تێدا دەکرێت؟
زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی لە پێگه‌ی ڕۆشنبیری، كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی باڵادان و له‌ دیدی جه‌ماوه‌ره‌وه‌ شایه‌نی گرنگی پێدانن، هه‌وڵی ساخته‌كاری زمانی جه‌سته‌یان ده‌ده‌ن. تێده‌كۆشن بۆ ئه‌وه‌ی خۆویستانه‌ سه‌رجه‌م ئاماژه‌ و جوڵه‌ و بزاوته‌كان، له‌ ژێر سه‌ركردایه‌تی خۆیاندا پرۆگرام بكه‌ن. به‌ڵام ئه‌م پرۆسه‌یه‌ وریایی و وردی و موماره‌سه‌ی به‌هێزی ده‌وێت، تا سه‌رجه‌می ئاماژه‌كان له‌ به‌رگێكی ساخته‌ هه‌ڵبكێشین و له‌ ڕێگه‌ی زمانی جه‌سته‌وه‌ فریوی به‌رامبه‌ر بده‌ن. بۆ نموونه‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ی ڕاستەقینە یان سروشتی، كه‌  دەربڕە لە هه‌سته‌كانی ناخی مرۆڤ، كاریگه‌ری له‌سه‌ر زۆرینه‌ی ڕووبه‌ری ڕووخسار دروست ده‌كات، له‌ لێوه‌كانه‌وه‌ تا ڕوومه‌ت و چاو و برژنگ درێژ ده‌بێته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی پێكه‌وه‌یی ئاماژه‌كانی تریشی شاهیدی ڕاستێتی ئه‌م دۆخه‌ی بۆ ده‌ده‌ن. به‌ڵام زه‌رده‌خه‌ی ساخته‌ زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كه‌ ته‌نیا له‌ ڕووبه‌ری لێوه‌كاندا په‌نگ ده‌خواته‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كانی ناگات به‌ چاوه‌كان، ته‌نانه‌ت زۆر جار دانەکانیش ده‌رناكه‌ون. خۆ ئه‌گه‌ر ده‌ست بخه‌ینه‌ سه‌ر لێوه‌كانی ئه‌و كه‌سه‌ی به‌ ساخته‌وه‌ پێده‌كه‌نێت، ئه‌وا ده‌بینین زه‌رده‌خه‌نه‌كه‌ ته‌نیا له‌سه‌ر ڕووبه‌ی لێوه‌كانیه‌تی و ڕوخسار و پانتایی چاو و ڕوومه‌ته‌كان له‌م زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ بێئاگان. به‌ڵام زۆر كه‌س وشیایه‌كی باڵایان هه‌یه‌ لە ساختەکاریدا، بەجۆرێک كتومت لاسایی زه‌رده‌خه‌نه‌ی ڕاسته‌قینه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام لە یەک خاڵدا سەرکەوتوون نابن، ئەویش ئەوەیە ناتوانن چاوه‌كانیان نوقمی پێكه‌نین و گه‌شی و دره‌وشاوه‌یی بكەن. هەر لەبەر ئەمەشە ساختەکاری لە زمانی جەستەدا زۆر قورسە، ناتوانرێت سەرکردایەتی بکرێت، بۆ ماوەیەکی درێژ.

گرنگی زمانی جەستە، بۆ پێشکەشکار و پەیامنێران 
هه‌میشه‌ ئه‌وانەی له‌ سه‌ر شاشه‌ی تیڤییه‌كانه‌وه‌ زۆرترین كات ده‌رده‌كه‌ون و شیكاری و هه‌واڵ و به‌رنامه‌ پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، پێویسته‌ گرنگیی ته‌واو بده‌ن به‌ زمانی جه‌سته‌یان، تابتوانن به‌ وریایی و ئاگاییه‌وه‌ جوڵه‌ بكه‌ن. پێویستە بە دەرکەوتنی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌یان و چۆنیەتی جوڵەپێکردن و نواندنیان، ڕێز و خۆشەویستی و متمانە بۆ ئەو کەسانە دەربڕن کە لێیان دەڕوانن. بۆیە زۆر گرنگە ڕاگەیاندنکاران، گرنگی زۆر بده‌ن به‌شیوازی ده‌ركه‌وتن و دانیشتن و به‌ پێوه‌ وه‌ستان و سەرجەم جوڵەکانی تری جەستە. زۆركات بێژه‌ر و پێشكه‌شكاران به‌ حوكمی تایبه‌تمه‌ندی به‌رنامه‌كانیان و شێوازی ڕێخكستنی مێز و كورسییه‌كانیان، نیوه‌ی جه‌سته‌یان (له ‌كه‌مه‌ر بۆ سه‌ره‌وه‌) ده‌رده‌كه‌وێت. بۆیه‌ پێویسته‌ به‌ ورییایه‌وه‌ ئاماژه‌كانی ده‌ست و ڕوخساریان به‌كاربهێنن، چونکە لەم دۆخەدا دەست و ڕوخسار ئەندامی هەرە سەرەکین لە کۆپیکردنی ناخی کەسی قسەکەر، بۆیە به‌و به‌شه‌ كه‌مه‌ی جه‌سته‌یان پێویسته‌ زۆرترین په‌یامی ئه‌رێنی و ڕێز و هاوسه‌نگی، بۆ میوانی به‌رامبه‌ر و بینه‌رانی به‌رنامه‌كه‌ پیشانبده‌ن.  به‌ڵام بە داخەوە هەتا ئیستا ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه،‌ نه‌بۆته‌ به‌شێك له‌ جه‌سته‌ی زۆرینه‌ی پێشكه‌شكاران، زۆرێكیان ئاماژه‌ی نه‌رێنی و نه‌گونجاو به‌رامبه‌ر به‌ میوان و بینه‌ران به‌كار ده‌هێنن. زۆر کات دەگاتە دۆخی توڕەیی و لەدەستدانی کۆنترۆڵ، یان جۆرێک لە ساردی و ناڕێکخراوەیی دەبەخشێت بە بەرنامەکە، یان بە ئاماژەکانی جەستەی میوان و بینەران بێزار دەکات.

لێرەدا بە کورتی چەند جوڵە وهەڵسوکەوتێکی ناباش دەخەینەڕوو:
١: زەردەخەنە و پێکەنینی ساختە و دروستکراو.
٢: کۆکرنەوەی باڵەکان لە کاتی وێنەگرتن و پێشەکەشکردنی بەرنامەدا، یان لە کاتی گوێگرتن لە میوان. ئەمەش زۆرینەی کات واتای بەرهەڵستی و بێزاری و بەرگریکاری دەگەیەنێت. 
٣.کرانەوەی دوگمەی چاکەت لە کاتی بە پێوە وەستاندا، و داخستنی لە کاتی دانیشتندا.لە ڕاستیدا پێچەوانەی ئەم دۆخە ڕاستە.
٤. شڵەژاوی و پەلەکردن، بە جۆرێک بە زمانی ڕوخسار و جەستەوە، ئاشکرا دیارە. زۆر کاتیش بەرەو هەڵەکردن و ناڕێکخروای دەیبات.
٥. هەڕەشەکردن بە پەنجەی شایەتمان، چەندین ئاماژەی تری نەرێنی پەنجە و دەستەکان، بە تایبەتی لە کاتی وەستاندنی میوان لە قسەکردنیدا. یان داخستنی توندی دەستەکان و جوڵەپێکردنی زۆر.
٦. بڵاوکردنی قاچەکان بە شێوەیەکی فراوان، یان جوتکردنی تەواوەتی. بەڵکو پێوستە هاوسەنگی لە بڵاوکردنەوەی قاچەکان ڕابگیردرێت. ئەمە زیاتر بۆ پەیامنێرەکان ڕاستە، یان ئەوانەی بە پێوە بەرنامە پێشکەش دەکەن.
٧. وەرسوڕاندنی جەستە و سەر بەرەو لای دەرهێنەر، یان هەر کەس و شتێكی تر. کاتێک کامێرا لەسەر میوانە. ئەمەش نیشانەی گوێنەگرتن و بە گرنگ نەزانینە، لەمەشەوە میوان لە دەربڕیندا گرفتی بۆ دروست دەبێت. 
٨. پچرانی کۆنتاکتی چاو، یان بێتاقەتی و بێزاری بە ئاشکرا بەسەر ڕوخسارەوە دیارە.ئەمەش بە توندکردنی برۆکان، یان گەستنی لێوەکان و گیرکردنی دانەکان لەیەکتر دەبێت. 
٩. یان پیشاندانی ئەو هەستە بۆ میوان، کە بە دەرکەوتەکانی جەستە پێی بڵێت، من لەتۆ بەتواناترم، کێ تۆی هێناوە بۆ ئیرە؟.
١٠. دەست و پەنجەبردن بۆ ئەندامەکانی ڕوخسار، یان تێکهەڵکێشکردنی پەنجەکانی دەست لەگەڵ یەکتر، یان شێوازی دانیشتنی زاڵ، جوڵەکردنی زۆر بە قاچ و دەستەکان، پیاهەڵدان و وەسفکرنی خود، پیاکێشانی توند بەسەر مێزدا، جوڵەکردنی زۆری چاوەکان بۆ لای ڕاست و چەپ، لەگەڵ چەندان ئەماژە و دەرکەوتنی دیکە، کە هەریەکەیان واتای نەرێنی هەیە  وپێوستە پێشەکەشکار و بێژەران، خۆی لێ بەدوربگرن.
  خستنەڕووی چەند دەرکەوتەیەک، لە پێناو ئەدایەکی باشتردا
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا چەندین ئاماژە و دەرکەوتنی ئەرێنی هەن، پێوستە پێشەکەشکار و ڕاگەیاندکاران پێوەی پابەندبن بەم شێوەیە: (دروستکردنی بورج بورجی بەرز لە کاتی گوێگرتن بورجی ستونی یان سەربەرەوخوار لە کاتی گفتوگۆدا، هاتنە پێشەوە بەرەولای میوان، لارکردنەوەی سەر بە ئاستێکی کەم لەکاتی گوێگرتن لە وتەی بەرامبەر، زەردەخەنی ڕاستەقینە و گەرم ،کردنەوەی قاچەکان بە شێوەی هاوسەنگ لە کاتی دانیشتن ووەستاندا، لەبەرچاوگرتنی زمانی جەستەی بەرامبەر و وەڵامدانەوەی بەئاستێک نەبێتە هێرشکردن یان بێڕێزی یان پشتگوێخستن، سوڕاندنی جەستە و ئاراستەی پێکان بەرەو  کەسی قسەکەر، پاراستنی مەودای نزیکی و دوری لەگەڵ بەرامبەر"ئەمەش بە پێی جۆری بەرنامەکان دەگۆڕێت"، تەوقەکردنی هاوسەنگ نەک تەوقەکردنی ملکەچانە یان زاڵدەستی، ڕەفتارکردن بە شێوەیەک خۆت بچوک پیشان نەدەیت و خۆشت گەورە لە میوان و بینەر نەزانی، خۆپاراستنی لە یەکنائاڵندنی توندی دەست و پەنجە یان داخستنیان لە شێوەی بۆکس بە تایبەت ئەگەر لەگەڵ بۆچوونی بەرامبەر هاوڕا نەبووی،خۆپاراستن لە توڕەبوون و خۆپاراستن لە کاتی فشاری ومیوان و ئامادەبوان و جەماوەردا، خۆپاراستن لە دەستخستە گیرفانەوە، خۆ خەریککرن بە هەرکەرەستەیەکی بەردەستەوە  کارێکی باش نیە، کەمتر پشتبەستن بە نوسراوی سەر پەڕاو بۆ ئەوەی سەر بە داخروای نەمێنێتەوە، دەست و پەنجەبردن بۆ ڕوخسار باش نیە، بەڵام هەندێ ئاماژەی هەڵسەنگاندن هەن گرنگە ئەنجامدرێن لە کاتی گوێگرتندا، زەردەخەنە نەکرێت باشترە لەوەی زەردەخەنەی فێلاوی و ساختە بکەین، دانەنیشتن لەسەر لێواری کورسی و پاڵدانەوەی هاوسەنگ، بە پێی جۆری بەرنامەکە و کات و شوێن زمانی جەستەت بسازێنە، خۆپاراستن لە جوڵە و دەرکەوتەی زەق و ناباو، بەزکرنەوەی کەمی برۆکان لەگەڵ ڕوخسارێکی گەشدا، دانەخستنی دەم بە بەردەوامی و کردنەوەیەکی کەم بەتایبەتی لە کاتێکدا زانیاریەکت لا گرنگە، ئاماژەی چاوەکان زیاتر بەرەو لای ڕاست بسوڕێندرێت، خۆپاراستن لە بچوککردنەەی گلێنەی چاو پێویستە گلێنەی چاو فروان بکرێت   "ئەمەش زیاتر نیشانەی سەرسامی و خؤشەویستی"، جۆری کورسی و مێزەکان بە شێوەیەک بێت ناڕێکخراوی و شلەژاوی نەدات بە میوان، کورسی فراوان و جێگر باشترین شێوازە). ئەمانەو سەدان ئاماژەو دەرکەوتنی تر، کە لێرەدا ناتوانین جۆر و واتاکەی بخەینەڕوو، لە شوێنی تر و فراوانتر ئەم بابەتە درێژە پێدەدەین. 



لەو وێنەیەی کە دانراوە، زمانی جەستەی چیمان پێدەڵێت؟
 بە دڵنیاییەوە لەو وێنەی کە دانراوە، یان بەگەڕانەوە بۆ گرتەڤیدۆییەکەی دەبینین، زمانێکی جەستەی سەرکەوتویی تێدا پەخشکراوە، لە گرنگترینیان بریتین لە:
١. گرتنی دەستەکانی بە شێوەی بورجی ڕووبەڕوو، هەرچەندە ئەم دەستگرتنە زۆرکات خۆویستانە دەکرێت، بەڵام لە زمانی جەستەدا واتایەکی ئەرێنی هەیە، زیاتر وەک  دڵنیایی و متمانە بەخۆبوونە.
٢. دوگمەی چاکەتەکەی نەکراوەتەوە، ئەمەش گرنگە چونکە دەرکەوتنێکی ڕێکخراو پیشاندەدات. 
٣. بێزەردەخەنەیە، بەڵام نەگەیشتۆتە بێزاری و بێتاقەتی، ئەمەش باشترە لەوەی زەردەخەنەی ساختە بکات.
٤. گەر لە گرتەی ڤیدۆییەکەی بڕاوانین دەبینین، جوڵەی سەر و جەستە و قاچەکانی
بە هاوسەنگی پاراستووە. زیاتر لە جارێک خۆ بەرزکردنەوەیەکی کەم هەیە، ئەمەش واتای جەختکردنەوەیە.
٥. لەگەڵ دانانی دەستی بەشێوەی بورجی، چەندجارێک هەردوو دەستی بە شێوەی (بۆکس) دادەخات، ئەمەش ئەو زانیارییەی دەیبەخشێت لای گرنگە، یان بە گرنگیەوە باسی دەکات، یان ئاماژەی هێزی تێدایە، بە تایبەت کاتێک باسی چینی بە‌هێز، یان بەریەککەوتنی پلێتەکانی زەویدەکات،  (بەلام هەموو کات داخستنی دەستەکان ئەو واتایەیی نیە، دەشێت لەگەڵ توڕەبوون و بێزاری و سەرکەوتنیشدا بەکار بێت).
٦. هەرچەندە لە خولەکی نۆزدە توندکردنی پەنجەکانی لەیەکتر، نیشانەیەکی نەرێنی بوو، بەلام نەبووە دەرکەوتنێکی هەمیشەیی وزوو چارەسەرکرا، دەشێت هۆکارەکەی پەیويست بێت بە بارودۆخەوە.
٧. وەرسوڕانی جەستەی بەرەو لای ئینفۆگرافیکی پشتی، بەجۆرێک نیە، بە تەواوی پشتبکاتە بینەرەکانی، بەڵکو لاکردنەوەیەکی کەمە.
٨. بە دەرکەوتنی دەستەکانی وێنەی ئەو بابەتە دروست دەکات، کە باسی دەکات.بە جۆرێک  لە باسی کردنی گۆی زەویدا، دەستی خڕدەکات. لە باسکردنی بەرزایی وشاخدا، دەستەکانی بەرز دەکاتەوە. یان لە باسی دەرچونی هەوادا دەستەکانی دادەخات و دەیکاتەوە. چەندان نمونەی تر.
٩.  ئەم دەرکەوتنە  شپرزەیی و ناهاوسەنگی و پەلەکردنی پیێوە دیار نیە، بە تایبەتی پەیوەنی دەنگ وڕەفتارەکانی، ئەگەر ناهاوسەنگیەک هەبوایە، نەیدەتوانی لەسەر ڕووبەری جەستەی پیشانی نەدا. 
پێوستە ئاماژە بەوە بدرێت، لەم گرتە ڤیدۆییەدا، بە دەگمەن ئاماژەو دەرکەوتنی نەرێنی دەبینین. دەشێت بە هۆکاری جۆری بەرنامەکە لە ڕووی ڕێکخستن و تەکنیکەوە، جۆرێک لە جوڵە و دەرکەوتنی تایبەت هەبێت، بەلام نەگیشتۆتە ئەوەی ناڕێکخراویی پێوە دیاربێت. هەرچەندە کاتی بەرنامەکە، جۆری پێشکەشکردنی، شێوازی دەرکەوتن و  وەستانی، چۆنیەتی وێنەگرتنی، چەند هۆکارێک بوون  لە بەرژەوەندی ئەودابوون، بۆ ئەوەی بەم شێوەیە دەربکەوێت. ئەم نمونەیە بۆئەوەیە سودی لێببینرێت و ببێتە ئەزمونێکی گرنگ، بۆ ئەوانەی وەک پێشکەشکار و بێژەر ویستیانە دەرکەوتنێکی باشیان هەبێت، نەک وەک پیاهەڵدان لێی بڕوانرێت. ئەوانەی نوسراون سەرجەمیان بە بەڵگەی زانستی  پشتڕاست دەکرێنەوە، یاخود سەرجەمیان زادەی ئەو پەرتوکانەن کە دەربارەی زمانی جەستە زانیارمان پێدەدەن.  

ئامادەکردنی: هاوکار ڕەفیق (شارەزا لە زمانی جەستە)


دەربارەی زمانی جەستە و تێگەیشتن لە واتاکانی، بگەڕێنەوە بۆ یەکێک لەم سەرچاوانە:
١. پ.ی. د.دانا علی سالح، کاریگەری زمانی جەستە لە دانوستانە سیاسیەکاندا، وەرگێران و زیادکردن؛ هاوکار ڕەفیق، چاپخانەی چوارچرا، سلێمانی، ٢٠١٧.
٢. هاوکار ڕەفیق، یانزە بەش دەربارەی زمانی جەستە لە بوارە جیاوازەکاندا، ماڵپەڕی پیوکەی میدیا، بەشی ڕیپۆرتاژ. یان ١٤ بەش لەم ماڵپەڕە(سنور میدیا) لە بواری سیاسیدا، لە بەشی ڕاپۆرتدا.
٣. جيمس بورغ، لغة الجسد، ترجمة: د.أميمة الدكاك، الهيئة العامة السورية للكتاب، دمشق، 2015.
٤. تونيا ريمان، قوة لغة الجسد،ترجمة: رفيف غدار،  الدار العربية للعلوم ناشرون، بيروت، 2009.
٥. د.أيمن ابو الروس، الفرانسة والكاريزما فن الاتصال بدون كلام، مكتبة ابن سينا للنشر و التوزيع، القاهرة،2011.
٦. شارون سايلر، ما يقوله جسدك، ترجمة: مكتبة جرير، السعوديية، 2013.
٧. د.ليليان جلاس، لغة جسد الكاذبين، مكتبة جرير، السعوديية،2015. 

بۆ بینینی سەرجەم بەشەکانی نوسەر دەربارەی زمانی جەستە لەماڵپەڕی سنورمیدیا، بگەڕێرەوە بۆ ئەم لینکانەی دانراون.

بەشی یەکەم: دەروازەیەک بۆ ناساندنی زمانی جەستە.

بەشی دووەم: واتا شاراوەکانی زمانی جەستەی سیاسیەکان.

بەشی سێهەم: گرنگی زمانی جەستەی سیاسیەکان لە ناوخۆ و دەرەوەدا.

بەشی چوارەم: ئاماژەکانی درۆکردن و ڕەنگدانەوەی بەسەر زمانی جەستەی سیاسیەکانەوە.

بەشی پێنجەم: ئاماژەکانی بەکارهێنانی چاویلکە لە زمانی جەستەی سیاسیەکاندا.

بەشی شەشەم: ئاماژەکانی گریان وەک بەشێک لە زمانی جەستەی سیاسیەکان.

بەشی حەوتەم: وەرگێڕدراو: چۆن دەزانیت کەسێک درۆت لەگەڵ دەکات، لەرێگەی زمانی جەستەوە.

بەشی هەشتەم: ڕۆڵ و گرنگی تەوقەکردن لە زمانی جەستەی سیاسیەکاندا.

بەشی نۆیەم:واتاکانی حەڤدە جۆری تەوقەکردن لە زمانی جەستەی سیاسیەکاندا.

بەشی دەیەم: ئاماژەکانی بەرزکردنەوەی دوو پەنجە، لە زمانی جەستەی سیاسیەکاندا.

بەشی یانزەیەم: لە ئەمریکا کاندیدی سەرکەوتوو دەبێت زمانی جەستەی چۆن بێت.

بەشی دوانزەیەم: گرنگی زمانی جەستەی کاندیدەکان، لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا لەساڵی (١٩٦٠هەتا٢٠١٢).

بەشی سیانزەیەم: زمانی جەستەی ١٦ کاندیدی ئەمساڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بەشی چواردەهەم: کاریگەری زمانی جەستەی هیلاری کلینتن، لە بانگەشەکانی هەڵبژاردندا.

بەشی پازدەیەم: واتا شاراوەکانی زمانی جەستەی دۆنالد ترەمپ.

بەشی شازدەهەم: گرنگی زمانی جەستە بۆ پێشکەشکار و پەیامنێران.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure