تورکیا
628 جار بینراوە 18/11/2017 09:17 PM

بارى نائاسایی لە تورکیا؛ وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر ئازادییە مەدەنى و سیاسیەکان



توێژینەوەی زانستی

ئامادەکردنی: هاوکار ڕەفیق

پێشەكى 

حکومەتى تورکیا پێنج ڕۆژ دواى کودەتاکەی تمووزی 2017ە، پشت بەست بە مادەى 120ى دەستور بارى نائاسایی ڕاگەیاند كە هەتا ئێستا بەردەوامە، کۆتاجار لە ساڵیادى کودەتا شکستخواردووەکە، پەرلەمانى تورکیا بۆ جارى چوارەم بارى نائاسایی بۆ سێ مانگى تر درێژکردەوە. نائارامى و توندوتیژى، هەڕەشەى تیرۆر، مەترسى بۆسەر دیموکراسیەت  بیانووی ڕاگەیاندن و درێژکردنەوەى بارى نائاسایین، بەڵام لە پراکتیکدا ئەردۆگان بەسود بینین لەم دۆخى ڕیزپەڕە، دەسەڵاتەکەى  خستووەتەگەڕ بۆ پاکتاوکردنى نەیارەکانى و پاککردنەوەى دامەزراوە جیاوازەکانى دەوڵەت لەو کەسانەى ئەو بە نەیارى و مەترسى خۆى دەیان بینێت. هەرچەندە حکومەت دریژکردنەوەى بارى نائاسایی وەک گرەنتی پاراستنى ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان وێنا دەکات، بەڵام لە واقیعدا کردەکانى پشتى بارى نائاسایی هەموویان هەڕەشەى جدین بۆسەر ماف و ئازادییە جیاوازەکانى هاوڵاتیانى تورکیا، ئامارەکانى گرتن و لەکارخستن و دادگاییکردن و پاکتاوکردنى دامەزراوەکان و کپکردنى ئازادییە جیاوازەکان  گەواهى دەرى ئەو ڕاستیەن. هەتا ئێستا، بەهەزاران سەرباز و پۆلیس و دادوەر و کارمەندى حکومى و  کەسانى ئەکادیمى، دەستگیرکراون، یان لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، بۆیە لەم توێژینەوەیەدا وەڵامى ئەو گریمانەیە دەدەینەوە کە پێمان وایە"ڕاگەیاندن و  درێژکردنەوەى بارى نائاسایی، پێدانى دەسەڵاتى فراوانە بە حکومەت، بۆ هەڵپەساردن و سنوردارکردنى  ئازادییە مەدەنى و سیاسییەکان و پاکتاوکردنى نەیارانى ئاکپارتى"، کە ئەمەش کاردانەوەى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى لێکەوتووەتەوە و بووتە هێمایەکى نەرێنى بەسەر سیستەمى سیاسى تورکیادا. 
پێناسەى بارى نا ئاسایی و ڕێکارەکانی ڕاگەیاندنی
کۆمەڵێک ڕێکار و ڕێوشوێنە کە دەسەڵاتى دەوڵەت لەسەر ئاستى نیشتیمانى پەیڕەوى لێدەکات، یان لە بەشێکى دیاریکراوى ژێر دەسەڵاتیدا پیادەى  دەکات، بە ئامانجى کۆنترۆڵکردنى ئاسایش و پارێزگارى لە سیستەمى گشتى، لە کاتى دروستبوونى دۆخێکى ڕیزپەڕ، کە دەبێتە هەڕەشە بۆ ئاسایشى گشتى، وەک خۆپیشاندانى توندوتیژئامێز(عارمە)، یان کردەى گێرەشێوێنى لە چوارچێوەیەکى فراواندا، یان هێرشى فراوان، یان ڕووداوى سروشتى و چەندان بابەتى تر، کە دەبنە هەڕەشەى سەرەکى بۆ ئاسایشى نیشتیمانى و تێکدانى سەقامگیرى وڵات.(1) بە شێوەیەکى گشتى لە حاڵەتى بارى نائاسایدا، حکومەت بەشێک لە ئەرکەکانى دەسەڵاتى یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەرى هەڵدەپەسێرێت، هاوڵاتیان ناچاردەکات ڕەفتاریان بگۆڕن و ماف و ئازادییەکانیان سنورداربێت، تەنانەت ئەگەر دەستور ئەو ماف و ئازادیانەشى گرەنتى کردبێت. سەربارى ئەوەى دەستورى وڵاتان ئەو حاڵەتانەیان دیاریکردووە کە دەبێتە هۆکارى ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی، کە تێیدا ڕەوشى ئاسایی پێشوو دەگۆڕدرێت، ئەم حاڵەتەش زۆرکات لە لایەن دەسەڵاتى جێبەجێکردنەوە دەخرێتەبەردەم پەرلەمان، پەرەلەمانیش مافى دیاریکردنى ماوەکە و درێژکردنەوە و هەڵوەشاندنەوەى هەیە. بەڵام ڕوویەکى نەرێنى بارى نائاسایی لە زۆرینەى دەوڵەتانى نادیموکراسیدا ئەوەیە، کە دەسەڵات لە پێناو بەرژەوەندى گرووپێک دەخرێتەگەڕ، و هاوڵاتیانى پێ سزا دەدرێت و زیندانى وسەرکوت دەکرێن، وەک ئەوەى لە میسر و تونس سودان و ئەسیوبیا و تورکیا ڕوویداوە و ڕوودەدا، چونکە لەم بارەدا دەزگاکانى لێپرسینەوە و چاودێرکردن بێ ڕۆلدەکرێن، بە بێ لێپرسینەوە و ترسى دادگاکان، سیاسەتى داپڵۆسینى و پاکتاوکردن تەبەنى دەکەن.(2-3).
بارى نائاسای و ڕێکارەکانى دیاریکردنى له یاساى نێودەوڵەتیدا
سەرەکیترین ئاستەنگ کە لەگەڵ پیادەکردنى بارى نائاسایی ڕوودەدات، ترسى  دەستبردنە بۆ  ئازادییەکان، بەمەش دۆخێکى ڕیزپەڕى باو دروستدەکرێت، کە دەبێـتە بیانوو بۆ بەرتەسکردنەوەى ئازادى لایەنێک یان کەسێک، بە هۆکارى بیروباوەڕى سیاسى، یان ئینتیماى ڕەگەزى. بارى نائاسایی دەبێـە هۆکارى تێکدانى هاوسەنگى  کلاسیکى لە نێوان دەسەڵاتدا. دەکرێت بارى نائاسایی ئاستەنگ و ڕێگر بێت لە کۆبوونەوەى تاکەکان و مافە گشتیەکانیان، یاخود زۆرکردن لە هاوڵاتیان لە نیشتەجێکردنى زۆرەملێ، بەجۆرێک گەر هەستکرا سەفەر و جوڵەکردنى هاوڵاتیان دەبێتە مەترسى بۆ ئاسایشى گشتى، تەنانەت بارى نائاسایی دەسەڵاتى هەڵکوتانە سەر ماڵانى هەیە لە کاتى هەستکردن بە مەترسى. بەم چەشنە ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی، پێدانى دەسەڵاتى ڕیزپەڕە بە دەسەڵاتە کارگێڕییەکان، لە سەروو هەموویانەوە هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس. لەم دۆخەدا، هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس دەبنە مەترسى بۆ هەندێک لە ئازادییەکان و سنوردارکردنى مافە سیاسى و تاکەکەسى و کۆمەڵییەکان، وەک ئازادى ڕۆژنامەگەرى، ئازادى خۆپیشاندان و کۆبوونەوە و ڕادەربڕین . (4) تەنانەت لە زۆربەى وڵاتان یاسایی بارى نائاسایی، ئەو دەسەڵاتەى داوە بەهێزە ئەمنیەکان، بۆ ئەوەى ئازادییە کەسى و سیاسییەکان بەتەسک بکرێنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕیکەوتى  16ى کانونى یەکەمى 1966دا، بە بڕیارى ژمارەى (2200)ى،   پەیماننامەى نێودەوڵەتى بۆ ئازادییە مەدەنى و سیاسییەکانى (العهد الدولی للحقوق المدنیه‌ والسیاسیه‌)، بەزۆرینەى دەنگ بە  (106) دەنگى بەڵێ دەرکرد، وەک یاسایەکى نێودەوڵەتى ڕێکارەکانى بارى نائاسایی خستۆتەڕوو، کە بە شێوەى پراکتیکى لە 23/ئازارى/1976دا، بە پێی ئەحکامەکانى مادەى 49 جێبەجێکراوە،(5)، بەم شێوەیە لە مادەى (4) دا و بە سێ بڕگە، ڕێکارەکانى پابەندبوونى بارى نائاسایی دیاریکردووە: (6)
یەکەم: مەرجى سەرەکى لە سەپاندنى بارى نائاسایدا، بوونى مەترسى گشتى و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشى نەتەوە.
دووەم: پێویستە بارودۆخى نائاسایی بە شێوەیەکى فەرمى بێت، بۆ ئەوەى ڕێگرى بکات لەو پیادەکردنە باوانەى کە زیان دەگەیەنێت بە ئازادى و مافەکانى تاکەکان. 
سێهەم: نابێت ئەو ڕێکارانەى دەگیردرێنەبەر، دژ بە پابەندییە دیاریکراوەکانى دەوڵەت بێت، کە بە پێى یاساى نێودەوڵەتى دیاریکراون.
چوارەم: نابێت ئەو ڕێکارە نائاساییەیانە شێوازێکى جیاکارى و ناکۆکى وەربگرێت، لەسەر بنەماى جیاکارى ڕەگەز، ڕەنگ، زمان و ئاین.
پێنجەم: نابێت لە هەر حاڵەتێک لە حاڵەتەکاندا، بارى نائاسایی بەکار بهێنرێت بۆ بێبەریکردنى تاکەکان لە مافە بنەڕەتییەکانیان، وەک مافى ژیان، بیرکردنەوە و  بیروباوەڕى. 
شەشەم: نابێت بیانویەک بێت بۆ پیادەکردنى نامرۆییانە، کە لێدان بێت لە ڕێز و شکۆى مرۆڤایەتى، یاخود ئەشەنجەدان و کۆیلەکردن و سەرکوتکردن بێت. 
هەر دەوڵەتێکى بەشداربوو ئەگەر هاتوو، پابەند نەبوو بە ناوەڕۆکى ئەم ڕێکەوتنامەیەوە، ئەوا پێویستە ڕاستەوخۆ دەوڵەتانى ترى بەشداربوو ئاگادار بکاتەوە، لە ڕێگەى سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، لەگەڵ خستنەڕووى ئەو هۆکارانەى کە وایکردووە پابەند نەبێـت پێوەی.
 ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی له دەستور و  یاسا کارپێکراوەکانی  تورکیادا
بۆ شیکاریکردنى ئەم پرسە، شەش پرسیاری سەرەکی دەکەین و وەڵامیان دەدەینەوە، کە تێیدا بە پێى دەستور و یاسای تورکیا، چۆنیەتى ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی و ڕێکارەکانى پیادەکردنى دەخەینەڕوو. 
یەکەم: کەى دەتوانرێت بارى نائاسایی ڕابگەیەنرێت؟ 
بە پێى مادەکانى (119 و 120) دەستورى تورکیا، ئەنجومەنى وەزیران بە سەرۆکایەتى سەرۆك کۆمار، دەتوانێت بارى نائاسایی ڕابەگەینێت لە بەشێک یان چەند بەشێک یان تەواوى وڵاتدا، لە حاڵەتى کارەساتى سروشتى و بڵاوبوونەوەى نەخۆشى مەترسیدار و قەیرانى ئابوورى سەخت، بۆ ماوەیەک کە لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات. ئەمە بە پێى مادەى (119)، لە مادەى 120یشدا هاتووە، ئەنجومەنى وەزیران بە سەرۆکایەتى سەرۆك کۆمار، و دواى ڕاوێژکردن بە ئەنجومەنى ئاسایشى نەتەوەیی، دەکرێت بارى نائاسایی ڕابگەیەنێت، لە حاڵەتى دەرکەوتنى ئاماژەى ڕوون و ئاشکرا لەسەر هەبوونى جوڵەى توندوتیژئامێزانە، کە ئاماژەداربێت بۆ پەکخستن و لەناوبردنى سیستەمى دیموکراسى و  ئازادى دامەزراو، یان ئامانجدار بێت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکانى هاوڵاتیان، یان لە حاڵەتى زیانگەیاندن بە سیستەمى گشتى بە قەبارەیەکى گەورە، بە هۆکارى ئەو ڕووداوە توندوتیژیانە، ماوەى ڕاگەیاندنى بارى ئنائاسایش لە شەش مانگ تێپەڕ نەکات.
دووەم: پەرلەمان چۆن ڕێکارەکان  دەگرێـتەبەر؟
بە پێى مادەى (121)، لە حاڵەتى ڕاگەیاندنى بارى نائاساییدا پێویستە بڕیارەکە لە ڕۆژنامەى فەرمیدا بڵاوبکرێتەوە، دواى ئەوەى بە ڕاستەوخۆیی دەخرێتە بەردەم پەرلەمان، پەرلەمان بانگێشتدەکرێت بۆ بەستنى خولێکى ڕیزپەڕى (خولى نائاسایی) تەنانەت ئەگەر هات و لە کاتى پشوودابوو، سەربارى ئەوەى پەرلەمان دەتوانێت  ماوەى بارى نائاسایی بگۆڕێت یان هەڵیبوەشنێیتەوە، یان دەتوانێن لەسەر داواکارى حکومەت ماوەکەى درێژ بکاتەوە (ئەم مادەیە لە ئێستادا ئەردۆگان هاناى بۆ بردووە)، بە شێوەیەک ماوەى درێژکردنەوەکە بۆ هەر جارێک لە چوار مانگ تیپەڕنەکات. لە حاڵەتى جێبەجێکرنى ماوەى  بارى نائاسایدا، ئەنجومەنى وەزیران بە سەرۆکایەتى سەرۆک کۆمار، دەتوانێن بڕیارێک بە گوێرەى یاسا دەربکات، لەو بابەتانەى کە بارى نائاسایی دەیخوازێت، ئەو بڕیارانەش لە رۆژنامەى فەرمیدا بڵاودەکرێنەوە و دواتر لە هەمان ڕۆژدا دەخرێتە بەردەم پەرلەمان، بۆ ئەوەى  پەسەند بکرێت.
سێهەم: یاسای بارى نایاسایی تورکیا  چۆن باس لە ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکان دەکات؟
   یاساى بارى نائاسایی تورکیا بە ژمارە (6175) ئەو ڕێکارانەى خستۆتەڕوو کە دەکرێت لە حاڵەتى ڕاگەیاندنى بارى نائاساییدا بیگرێتە بەر، بە تایبەتى لە کارخستنى ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان، بە شێوەى بەشى یان تەواوەتى جزئیاً و کلیاً. لە ژێر ڕۆژنایی ئەو هۆکارنەى کە لە مادەى 15ى دەستوردا باسی لێوەکراوە، لە حاڵەتى جەنگ یان تێکچوونى بارودۆخى وڵات، یان لە حاڵەتى سەپاندنى ئەحکامى عورفى و بارى نائاسایدا، دەتوانرێت ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکان لەکار بخرێت، بە شێوەى بەشى یان تەواوەتى، بەو ڕادەیەى کە بارودۆخەکە دەیخوازێت، بەشێوەیەک سەرپێچى پابەندییەکانى یاسای نێودەوڵەتى نەبێت، هەروەک چۆن دەکرێت ئەمەش گرتنەبەرى ڕێکار بێت، دژ بەو گرنتاینەیە کە دەستور دەیبەخشێت، لە بارەى ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکانەوە.
بەڵام بە پێى ئەم مادەیە حاڵەتێکى ڕیزپەڕ هەیە کە لەو بارانەى لەسەرەوە خرایەڕوو، نابێت ئازادییە بنەڕەتییەکان بە شێوەیەک سنورداربکرێن، کە دەست بردنبێت بۆ مافى ژیان، بەڵام ئەمەش ئەو مردنە ناگرێتەوە کە  ڕوودەدات و پێچەوانەوەى یاساى جەنگ نیە، نابێت دەست ببرێت بۆ خاوەندارێتى مادى و مەعنەوى تاکەکان، نابێت تاکەکان ناچاربکرێن بە ڕاگەیاندنى بیروباوەڕى دینى یان  بیرکردنەوەکانى، ناکرێت کەسێک  تۆمەتى ئاراستە بکرێت، لەسەر بیروباوەڕ و بیرکردنەوەکانى، هەروەک چۆن ناتوانرێت کەسێک بەتاوانبار دابنرێت تاوەکو بە بڕیارى دادگا نەسەلمێنرێت (بەڵام ئەم ڕیزپەرە لە پراکتیکدا، لە تورکیا بەدینایەت، بە پێچەوانەوە زۆرینەى ئەمانە  ڕوویانداوە و ڕوودەدەن، پەیوەند بەم پرسە، نموونەی هەرە بە ناوبانگى مادەی ٤٨ دەستووری وایمار بوو کە ڕێگەی بە سەرۆک کۆمار دەدا تا بۆ ماوەیەکی کاتی ماف و ئازادییە بنچینەیەکانی خەڵک هەڵپەسێرێ، ئەم مادەیە ڕێخۆشکەر بوو بۆ سەرهەڵدانی نازیسم لە ئاڵمان و کارەسەتاکەنی ئەو سەردەمە).
چوارەم: ئەو ڕێکارانه‌ى بە پێى یاسا دەگیردرێنەبەر کامانەن؟ 
هەر بە پێى یاساى بارى نائاسایی تورکیا ژمارە 6175، لە بەشێکى یاساکەدا بە ناونیشانى " ئەو ڕێکارانەى دەکرێت بگیردرێنەبەر لە حاڵەتى  کردەى (یان جوڵانەوە)توندئاژۆدا" بەم شێوە چەند ڕێکارێکى بۆ حاڵەتى تایبەت دیاریکردووە وەک: قەدەغەکردنى هاتوچۆ بە شێوەیەکى بەشى یان تەواوەتى، پشکنینى ئۆتۆمبیل، تاکەکان و کەلوپەلەکانیان، یان هەر شتێکى تر کە بەڵگەى لەسەر هەبێت دەستى بەسەردا دەگیردرێت، نیشتەجێبوونى هاوڵاتیان لەو ناوچانەى کە بارى نائاسایی تێدا ڕاگەیەندارە و پابەندکراوە، هەروەها ئەوانەشى دێن بۆ ئەو ناوچەیە پێویستە ناسنامە هەڵبگرن، هەر بە پێى هەمان یاسا هەڵگرتن و گواستنەوەى چەک و پێداویستیەکانى تەقەمەنى قەدەغەیە، تەنانەت ئەگەر مۆڵەتى گواستنەوە و هەڵگرتنیشیان هەبێت. پێویستە ئاماژە بەوەبدرێت کە سەرجەمى ئەم ڕێکارانە لە ماوەى یەک ساڵى بارى نائاساییدا، بە زیادەوە جێبەجێکراون، بە تایبەت لە ئەنقەرەى پایتەخت و باکورى کودستان. ئەمە بێجگە لەوەى بە پێى یاسایی بارى نائاسایی هەرکەسێک خۆپیشاندان ئەنجامبدات، دەخرێتە زیندانەوە و بە تۆمەتى تێکدانى ئاسایشى وڵات دادگایی دەکرێت، هەر لەبەر ئەمەشە هەتا ئێستا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە چالاکى و خۆپیشاندانە مەدەنیەکانى هەدەپە و جەهەپە نەدراوە، لە باکورى کوردستان و تورکیادا.
پێنجەم: لەم دۆخەدا بە پێى یاسا چۆن هەماهەنگى دەکرێت؟
  مادەى 12ى یاسای بارى نائاسایی تورکیا، ئەرکى هەماهەنگى دەخاتە ئەستۆى سەرۆک وەزیران، یان ئەو وەزارەتەى سەرۆک وەزیران ڕایدەسپێرێت، هەروەک چۆن دەکرێت "ئەنجومەنى هەماهەنگى بارى نائاسایی" پێکبهێنرێت لە نوێنەرى وەزارەتە پەیوەندیدارەکان (المعنیە)، بە پێى مادەى 14ى  یاسایی بارى نائاسایی تورکیاش، لە کاتى ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی لە تەواوى وڵاتدا، دەسەڵاتەکان ڕادەستى شارەوانییەکان دەکرێن، هەروەها هەماهەنگى و هاریکارى لە بەرپرسیارێتى سەرۆکایەتى وەزیرانە، لە ڕێگەى والى ناوچەکانەوە، ئەویش لاى خۆیەوە هەڵدەسێت بە جێبەجێکردنى تەواوى ڕیکارە پێویستەکان.
شەشەم: ئایا بارى نائاسایی بە واتاى ڕاگەیاندنى حوکمى عورفى دێت؟ جیاوازى چیە  لە نێوانیاندا؟
بە پێى مادەى 122ى دەستورى تورکیا، ئەنجومەنى وەزیران بە سەرۆکایەتى سەرۆک کۆمار، ڕاگەیاندنى جێبەجێکردنى ئەحکامى عورفى، لە بەشێک یان کۆمەڵێک بەش یان تەواوى وڵات ڕادەگەیەنێت، ئەو حاڵەتانەى وادەکات کار بە ئەحکامى عورفى بکرێت لە وڵاتدا، جیاواز و مەترسیدارترە لەو بارودۆخەى بارى نائاسایی تێدا بەیان دەکرێت، حاڵەتەکانیش بریتین لە کاتى جەنگ، یان مەترسى ڕوودانى جەنگ، یان دەرکەوتنى جوڵەى توند و خوێناوى، کردەى توندوتیژ بە جۆرێک یەکێتى نیشتیمان و گەل بکاتە ئامانج. جیاوازى جەوهەریشى لەگەڵ بارى نائاسایدا ئەوەیە، لە بارى نائاسایدا دەسەڵاتەکان لە دەستى یەکە مەدەنیەکان و سەرۆک شارەوانیەکاندایە، بەڵام لە حاڵەتى حکومى عورفیدا، دەسەڵاتەکان دەدرێتە سوپا، یان یەکەى سەربازى وڵات. (بەڵام پاکتاوکردنى سوپا و دانانى لایەنگرانى ئەردۆگان لە لایەن خۆیەوە و جڵەوکردن و جوڵە پێکردنى سوپا، بە پێى فەرمانى خۆى و بەژەوەندى خۆى، لە حاڵەتى بارى نائاسایدا، بووه‌تە ڕەخنەى جەوهەرى بەرامبەر ئەردۆگان). . (7= 14)
لێکەوتەکانى بارى نائاسایی لەماوەى یەک ساڵى ڕابردوودا
کودهتا شکستخواردوه‌که‌ی تمووزى 2016، له‌بری ئه‌وه‌ی ببێته هه‌وێنی ئاشتیی و دیموکراسی زیاتر، به‌پێچهوانه‌وه بووه مایه‌ی نه‌گبه‌تی و نه‌هامه‌تی گه‌وره بۆ گه‌لانی تورکیا و سه‌ره تای دامه‌رزاندنی  فەرمانڕەواییەکی دیکتاتۆری گه‌وره. بەم شێوەیە ئاماری یەکەم ساڵی دوای کودەتا دەخەینەڕوو، کە هەموو ئەو پێشێلکار و زیادەڕەوییانە لە ژیر یاسایی باری نائاسایی وڵاتدا بوون:
یەکەم: تورکیا وەک زیندانێکی گه‌وره: تورکیا کرایه زیندانێکی گه‌وره بۆ کارمه‌ندانی حکومی و سه‌ربازیی و ئه‌کادیمی و ڕۆژنامه‌نووس و سیاسییه نه‌یاره‌کانی ئه‌ردۆغان و پارته‌که‌ی، ئه‌مه‌ش وایکردووه که‌زۆرێک له‌ڕێکخراوه جیهانییەکان تورکیا له‌سه‌رده‌می ئه‌ردۆغاندا به به‌زیندانێکی گه‌وره دابنێن، زۆرێک لە داتاکان باس لە گرتنی ٥٠هەزار کەس دەکەن، لە ماوەی یەک ساڵی باری نائاساییدا، بەشێوەیەک هەتا ئێستا لە زینداندا چاوەڕوانی دادگاییکردنن. 
دووەم: دەرکردن و پاکتاوکردنی کارمەندان: گه‌ورهترین هه‌ڵمه‌تی پاکتاوکردن له‌مێژووی تورکیا و ناوچه‌که‌ ده‌ستیپێکرد کاتێک حکومه‌تی تورکیا نزیکه‌ی 150 هه‌زار کارمه‌ندی حوکمی لایەنگری ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوی خزمەت له کاره کانیانی ده رکران، که هه موو که‌رته‌کانی  ده‌وڵه‌تی گرته‌وه.  بە پیێی ئەو داتایانەش بێت کە  بینالی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی تورکیا رۆژی هه‌ینی 14ی تەمووز رایگه‌یاند، به‌هۆی تێوه‌گلانیان به‌کوده‌تای سه‌ربازیی و ئه‌ندامبوونیان له‌گرووپی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن، 168 هەزار و 796 که‌س لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا کراوه. 142 هه‌زار و 46 که‌س له‌کاره‌کانیان ده‌رکراون"

سێهەم: دەرکردنی یەکجارەکی:بە فەرمانی ئەردۆگان لە ٢٥ئابی ئەمساڵدا، ٩٨٢ فەرمانبەر و موچەخۆر لە وەزارەت و دامەزراوە جیاوازەکان و سوپاى تورکیا ، بە یەکجارى لەکارەکانیان دوورخرانەوە، بەبێ ئەوەى هیچ مافێکیان پێبدرێت.لەناو ئەو فەرمانبەرانەدا ١٤٢ کەسیان لە وەزارەتى داد و ٢٩ کەسیان لەوەزارەتى ناوخۆ و ١٩ کەسیان لە وەزارەتى بەرگرین و ١٢٠ مامۆستاى زانکۆشیان تێدایە.
چوارەم: هەڵمەتی ڕەشبگیری: لەماوەی یەک ساڵی دوای کودەتا گه‌وره‌ترین هه‌ڵمه‌تی ده‌ستگیرکردن له‌مێژووی تورکیادا ده‌ستی پێکرد و نزیکه‌ی 115827 که‌س به‌تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیکردن به‌م کوده‌تایه و بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ته‌وه‌ ده‌ستگیرکراون. : دادگایکردنی کوێرانە: حکومەتی تورکیا لە دوای کودەتاوە سەربەخۆیی دادوەری وەلاناو دادوەرەکانی بە لایەنگرانی ئەردۆگان پڕکردوە، بەهەزاران کەسی بە خێرایی دادگایی کردووە، نوێترین دادگاییش لە ١ئابی ٢٠١٧دابوو، کە تێیدا زیاتر لە ٥٠٠کەس بەس لەوڕۆژەدا ئامادەی بەردەم دادگا کرابوون، سەرباری ئەوەی ئەردۆگان ئێستاش سورە لە دەرکردنی بڕیاری لەسێدارەدان بۆ پلانداڕێژەرانی کودەتاکە و دادگاییکردنی گوله‌ن بە غیابی. 
پێنجەم: دوورخستنەوەی که‌سانی ئه‌کادیمی: هه‌ڵمه‌ته‌که ته‌نها که‌رتی سه‌ربازیی و پۆلیس و حکومی نه‌گرته‌وه، بگره‌ که‌رتی ئه‌کادیمیشی گرته‌وه. لەم هه‌ڵمه‌تدا 8271 کەسانی ئه‌کادیمی ده‌ستگیرکران، یان له‌کاره‌کانیان دوورخراونه‌وته‌وه ، بە پێى ڕاپۆرتێکى سى ئێن ئێن تورک، لە ئەیلولى 2016ەوە، هەتا ئێستا 23 هەزار و 427 کەسایەتى ئەکادیمى و 111هەزار و 240 کەسى دیکە، لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە، بەڵام دواى لێکۆڵینەوە لەو ژمارەیە تەنیا 35 هەزار و 639 کەسیان بۆسەر کارەکانیان گەڕێنراونەتەوە.
 شەشەم: پاکردنه‌وه‌ی سوپا و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان: یه‌که‌مین هه‌وڵی ئه‌ردۆغان پاکردنه‌وه‌ی سوپا و ده‌زگا ئه‌منییه‌کان بوو. له‌م هه‌ڵمه‌ته‌دا نزیکه‌ی 50 هه‌زار که‌س ده‌ستگیرکران، له‌ناویاندا 169 جه‌نه‌ڕاڵ و 7 هه‌زار عه‌قید و 8815 پۆلیس و پله‌داری ده‌زگای پۆلیس و ئه‌منییه‌کان، دوای کۆتایی هاتنی تەمەنی یاسایی، سەرکردەی سەربازیی ئاوی و وشکانی و ئاسمانی گۆڕیی و ماوەی خزمەتی ١٦٨ عەقیدی بۆ ماوەی ٢ ساڵ زیادکرد، ٦٨ عەقیدیشی بۆ پلەی عەمید بەرزکردەوە، هەموو ئەم گۆڕانکارییانەش تەشکیلاتی نوێی سوپایە لە پێناو بەرژەوەندی ئاکپارتی.
حەوتەم: داڕشتنەوەی سیسته‌می ئیداری: هه‌ڵمه‌ته‌که هه‌موو لایه‌نه‌کانی ده‌زگا حکومییه‌کانی گرتەوەو له‌م هه‌ڵمـه‌ته‌دا 24 والی ده‌ستگیرکران و دواتر له‌پۆسته‌که‌یان لابران، هه‌روەها 116 پارێزگاریش به تۆمه‌تی په‌یوه‌ندیبوون به‌م کوده‌تایه و بزووتنه‌وه‌ی خزمه‌ته‌وه‌ ده‌ستگیرکران. جگە لەوەش دەستی بەسەر زۆربەی شارەوانییەکانی باکوری کوردستاندا گرتووە و لەبری ئەوان کەسانی سەر بە پارتەکەی بۆ راپەڕاندنی کاری شارەوانییەکان داناوە. هەروەها دوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان، رۆژی چوارشەممە 19-7-2017 بینالی یڵدرم، چوار یاریدەدەری سەرۆک وەزیران و 7 وەزیرى گۆڕى. 
هەشتەم: پاکتاوکردنی دهزگای دادوه‌ری: هه‌ڵمه‌تێکی گه‌ورەی تر به‌ر ده‌زگای دادوه‌ری کراوه، له‌م ده‌زگایه‌شدا  4244 پارێزه‌ر و دادوه‌ر و داواکاری گشتی له‌پۆسته‌کانیان لابران وبە لایانگرانی ئاک پارتی پڕکراونەتەوە.

نۆیەم:دەزگای هەواڵگری لەژێر هەیمەنی ئەردۆگاندا: لە ٢٥ ئابی ٢٠١٧ ئەردۆگان بە مەرسومێکی سەرۆکایەتی دەزگاى هەواڵگریى تورکیای میت، خستەژێر دەسەڵاتی خۆیەوە، لە مەولا دەبێت بۆ لیپرسینەوە لە سەرۆکى دەزگاکە یان وەرگرتنى وتە لێى ڕەزامەندى ئەردۆغان وەربگیرێت، سەرباری ئەوەی مەرسومەکە ئاماژەى بە پێکهێنانى دەزگایەکى تر کردووە بەناوى ڕێکخەرى هەواڵگریى نیشتمانى.سەرچاوەکان باس لە دورخستنەوەی هاکان فیدان سەرۆکی دەزگای هەواڵگریش دەکەن، بە بیانووی کەمتەرخەمی لە ئاشکراکردنی پێشوەختی کودەتاکەدا.
 دەیەم:  پاککردنەوەی که‌رتی خوێندن: له‌بواری که‌رتی خوێندنیش هه‌ڵمه‌تێکی گه‌وره‌ ده‌ستیپێکرد  1061 دهزگای په‌روه‌رده‌ داخراو 223 سه‌نه‌ه‌تری ده‌وراتی خوێندن داخراو. هه‌روها، 11125 رێکخراوی مه‌ده‌تی و 129 ده‌زگای خێرخوازی و 19 سه‌ندیکای پیشه‌یی داخراون. 
یانزەیەم: سنوردانان بۆ کاری ڕۆژنامەوانی: هەر لەماوەى ئەو ساڵەشدا، ناوەندە میدیاکان  و میدیاکانى سەر بە ئۆپۆزسیۆنى تورکیا، کەوتونەتە بەر شەپۆلى ئۆپەراسیۆنەکان، بەجۆرێ: بە بڕیارى حکومەت تا ئێستا 16 کەناڵى تەلەفیزیۆنى و 3 ئاژانسى هەواڵ و 23 ڕادیۆ و 45 ڕۆژنامە و 15 گۆڤار و 29 چاپخانە داخراون. بە پێى ئامارى ناوەندەانى مافى مرۆڤ و میدیاکانى ئۆپۆزسیۆن، لەماوەى ساڵێکدا 78 ڕۆژنامەنووس دەستگیرکران و دوو هەزار و 500 ڕۆژنامەنووس بەهۆى داخستنى شوێنەکانیانەوە، بێ کاربوون. ئەمە جگە لەوەى هەزار و 125 کۆمەڵە و 129 وەقف و 19 سەندیکاش کارکردنیان لێ قەدەغە کراوە، 
 دوازدەیەم: دژایەتیکردنی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی: ئەوەى بە شێوەیەکى لێشاو بەر ئۆپەراسوێنەکەى ئاک پارتى کەوتووە هەدەپەیە، بەجۆرێک پارێزبەندى پەلەمانى لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە لابرا کە ئەندامى باڵاى پارتى دیموکراتى گەلانن (هەدەپە)، سەربارى ئەوەى  کە نزیکەى 10 هەزار کەسیان دەستگیرکراون و کە لە ناویاندا هاوسەرۆکەکانى هەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغ  و 11 پەرلەمەنتار و 117 هاوسەرۆکى شار وشارۆچکەکانى باکورى کودستان و تورکیا هەن، لە جێى 82 سەرۆک شارەوانى هەدەپە، لەباکورى کوردستان قەیوم دانراون و دووهەزار و 22 کارمەندى شارەوانیەکانیش لە کارەکانیان دورخراونەتەوە.هەروەها پارتى گەلى کۆمارى (جەهەپە)، کە گەورەترین پارتى ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیادا، بە شێوەیەکى زۆر توندئامێزانە لە لایەن ئاک پارتیەوە مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت، لایەنگرانى و ئەندامە چالاکەکانى ئەم پارتە دەستگیردەکرێن، چونکە ئەم پارتە دژى سیاسەتەکانى ئەردۆگانە، بەم شێوەش لە کاردانەوەدا حکومەتى تورکیا هەڕەشەى دەستگیرکردنى لە  سەرۆکى پارتى گەلى کۆمارى ( کمال قلیتش دار ڕوغلو) کرد،  لە کاتێکدا ئەم پارتە سەرپەرشتى ئەو ناڕەزاییانەى دەکرد کە لە ئەنقەرە دژ بە ئەردۆگان ڕێکخرابوون. (15- 22).
پاساوەکانی درێژکردنەوەى بارى نائاسایی
حکومەتى تورکیا، چەندین بیانوویی جۆربەجۆریان هینایەوە بۆ درێژکردنەوەى ماوەى بارى نائاسایی هەتا ئێستا، لە گرنگترینیان بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و توندوتیژى ناوخۆیی، دوورخستنەوەى گیڕەشوێنان و تیوەگلاوەکانى کودەتا، لابردنى هەڕەشەکانى دیموکراسیەت، گرەنتى ماف و ئازادییەکان و پاراستنیان، گەڕانەوەى ئارامى و خۆشگوزەرانى. بەڵام لە واقیعدا پێچەوانەى ئەمانەکرا و ئەردۆگان تەنیا بۆ پاکتاوکردنى نەیارەکانى و فراوانکردنى زیاترى دەسەڵاتەکانى بارى نائاسایی ڕاگەیاند، ئەو هەستى بە مەترسى داڕمانى دەسەڵاتەکى کردبوو، بە تایبەتى لە شێوازى پیادەکردنى بنەماکانى دیموکراسى و ڕێکارەکانى دەنگدان و شێوازى مەدەنیانە، بۆیە لە پێناو درێژکردنەوەى تەمەنى فەرمانڕەواییەکەى هەنگاوى بەسەر دیموکراسیەتدا هەڵگرت، بە هەوڵەکانى خۆیشى دیموکراسى لەباربرد و لە ماوەى یەکساڵى دوای کودەتاکە، زیاتر لە هەرکاتێکى تر نیشانەى ستەمکارى تاکڕەوى لە پیادەکردنى بڕیار و  سیاسەتەکانیدا نمایشکرد، (23)هەرچەندە ئەنقەرە، گرووپی خزمەتی سەر بە فەتحوڵا گولەن بە ئەنجامدانی کودەتاکە تۆمەتبار دەکات، بەڵام بەقۆستنەوەی دەرفەتی باری نائاسایی، هەزاران سیاسەتمەدار و، ئەندام و لایەنگری پارتی دیموکراتی گەلان-یشیان دەستگیرکردووە، کە لەناویشیاندا سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی هەدەپە و زیاتر لە 11 پەرلەمانتاری دیکەی پارتەکە هەیە. (24)
 توێژەرى ناودارى تورکى (جان ئاجوى) باس لەوە دەکات، دەوڵەتى تورکیا بارى نائاسایی سەپاندووە، وەک بیانویەک بۆ ئەوەى هەوڵى کودەتاى نوێ نەدرێت بە بێ ئەوەى ئەو توانایە هەبێت، لەژێر ئەم بیانووە ناواقیعیەشدا، بەردەوامى دەدات بە پاککردنەوەى دامەزراوەکانى دەوڵەت لە نەیارەکانى، (بۆ ئەوەى ئەو بەربەستانە نەهێڵێت کە سنورییان بۆ زیادەڕوویەکانى دادەنا و بەرەنگاریی دەبوونەوە)، لێرەدا مەبەستى، بزوتنەوەى خزمەت و  لایەنگرانى گولەنە، كه‌ دزەیان کردۆتە ناو زۆرینەى دامەزراوەکانى دەوڵەتەوە، بۆیە لە ڕێگەى بارى نائاساییەوە بە ڕێکارى توند و نائاسایی دەکەوێتە وێزەى ئەوانەى بە هەڕەشەى دەسەڵاتەکەى خۆیانى دەزانێت. هەروەها ئاجون باسى لەوەش کردووە، کە  بارى نائاسایی فراوانبوونى دەسەڵاتى سوپا لە خۆناگرێت، ئەوەى کە ئەردۆگان خۆى بەسەرۆکى دەزانێـت، بەڵکو بریتییە لە قۆناغى ئاسانکردنى دەرکردنى بڕیار و ئاسانکردنى لە دادگاییکردنى ئەندامە دزەکراوەکانى ناو دامەزراوەکانى دەوڵەتە (٢٥)، ئەردۆگان پێکهاتەى سوپاى هەڵوەشاندۆتەوە و بە لایەنگرانى خۆى شوێنى نەیارەکانى پڕکردۆتەوە و سوپاش بۆ مەرامى سیاسى خۆى دەخاتەگەڕ، بەم شێوەیە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ زاڵبوون بەسەر سوپادا و دانانى سنورێک بۆ دەسەڵاتەکانى، بۆئەوەى دەستوەردان نەکات لە کاروبارى سیاسیدا، تەنانەت ویستى ئەوەیە سوپا بە شێوەیەک تەوقبکات، کە هەرگیز نەتوانێـت ببێتەوە بە هەڕەشە بۆ دەسەڵاتەکەى، بەمەش ئەوانەى دژى دەسەڵاتەى ئەون ڕاپێچى زیندان و بەردەم دادگایان دەکات، هەتا لە کۆتاییدا سوپاش، هاوشێوەى پەرلەمان و دادگاکان، دەکاتە شوێنکەوتەى خۆى و لە پێناو بەرژەوەندى و مەرامە تایبەتەکانى خۆى ئاراستەى دەکات. (26)
کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەهەمبەر باری نائاسایی تورکیا
دەربارەى لایەنگرى بارى نائاسایی، هەریەکە لە پارتى دادوگەشەپێدان و بزوتنەوەى نەتەوەیی، دەنگیان بە درێژکردنەوەى ئەم یاسایەدا، بە بیانویی ئەوەى مەترسى دروستبوونەوەى کودەتا و هەڕەشەکانى سەر دیموکراسیەت و شوێنکەوانى بزتنەوەکەى فەتحولا گولەن و توندوتیژى ناوخۆیی و مەترسی تیرۆر بەردەوامن، بەڵام لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان دژى بارى نائاسایی وەستاونەتەوە، بە تایبەت پارتى نەتەوەیی کۆمارى کە گەورەترین پارتى ئۆپۆزسیۆنە(27)، سەربارى ئەوەى لە پەرلەمانەوە دەنگى بەم پرۆژەیەى ئەردۆگان نەدا، هەدەپە پێى وایە ئەردۆگان هەوڵى دەست بەسەراگرتنى بارودۆخەکە دەدات، لە پێناو بەدەستهێنانى دەسەڵاتى زیاتر بە پێى ئەوەى وەک ڕیزپەڕێک یاسای بارى نائاسایی پێى دەبەخشێت، (28) لە سەر ئاستى دەرەکیش چەندین دەوڵەتى ئەورپى داوایان لە حکومەتى تورکیا کردووە، زیادەڕەوییەکانى بەرامبەر هاوڵاتیان کەمبکاتەوە. ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دوایکرد بە پێى یاسا مامەڵە لەگەڵ کودەتا چییەکان بکات، لە سەر چەند ئاستێکیش ڕەخنەگرى درێژکردنەوەى بارى نائاسایی تورکیا بوون، سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکانیش، داوایکردووە کە ڕێز لە مافى مرۆڤ بگرێت و درێژبوونەوەى بارى نائاسایی ڕابگرێت، نەمساش باڵوێزى تورکیاى لە وڵاتەکەى ناچارى ڕوونکردنەوەکرد دەربارەى ئەو بابەتە بدات. (29) ڕێکخراوى ئاسایش و هاریکارى لە ئەورپا ( OECD) (30)، هەر لەیەکەمین قۆناغى ڕاگەیاندنى بارى نائاساییەوە پێى وابوو، تورکیا هەندێک ئاستنەگى بۆسەر ئازادى کۆمەڵگە و ڕادەربڕین سەپاندووە، هاوكات یەکێتى ئەوروپاش (31)، لە زمانى بەرپرسیارى سیاسەتى دەرەوەى یەکێتیەکە (فیدیریکا موغیرینى) بە نیگەرانیەوە لە بارى نائاساییدا لە دۆخى پەروەردە و دادگا و ڕاگەیاندنى تورکیا دەڕوانێت، هەروەها پێى وابە پێویست ناکات دامەزراوە دیموکراسییەکانى تورکیا بۆ تێکدانى مافى مرۆڤ بخرێنەکار، سەربارى ئەوەى یەکێـتى ئەوروپا چەندینجار داواى کردووە ئەردۆگان کۆتایی بە بارى نائاسایی بهێنیت و  دەستهەڵبگرێت لە ڕەشبگیرى نەیارەکانى.(32)
لەهەمووى نامۆتر ئەردۆگان کەوتە ڕەخنەگرتن لەو  لە لایەنە دەرەکى و ناوخۆییەکانە، کە دژى پێشێلکارییەکان هاتبوونە دەنگ، پێى وابوو ئەوانە تۆمەتن و تورکیاى پێ تاوانباردەکرێت. ئەردۆگان پێى وابوو درێژکردنەوەى بارى نائاسایی لە پێناو فراوانکردنى ڕێکارەکانى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆرە، بۆئەوەش بارى نائاسایی تورکیاى شوبهاند بەوەى لە فەڕەنسا ڕوودەدات، زیاتر لەوەش بە پاساوى ئەوەى بە بڕیارى پەرلەمان بارى نائاسایی درێژکراوەتەوە مافى دەدا بە زیادەڕەوییەکانى، تەنانەت ئەو وەڵامى ئەو ڕەخنانەى بە شێوەیەکى سەرسوڕهێنەردایەوە، کە تورکیا لە مامەڵەى خراپ و داپڵۆسێنەردابووە لەگەڵ تێوەگلانى کودەتاکەى پارساڵ، بەڵام ئەو پێى وایە ئەو زیاتر مافخوراوبووە، چونکە بە پێى داتاکانى ئەو تەنیا 35 کەس لە دەیان و هەزاران تێوەگلاوى کودەتاکە کوژراون، بەڵام لە بەرامبەردا 250 کەس شەهید بوون (لێرەدا مەبەستى لە لایەنگرانى خۆیەتى)، لە وەڵامى ڕەخنەکانى یەکێتى ئەوروپاشدا ووتى تورکیا ئەندامى ئەکێتى ئەوروپا نیە، بۆیە ئەو مافى ڕەخنەگرتنى لە تورکیا نیە.(33)
بەم شێوەیە حکومەتى تورکیا هەوڵدەدات قەبارە و ژمارەکان بچووکاتەوە، ئەو ویستى ئەوەیە لە بارى نائاسایدا هەموو ئامانجەکانى خۆى بهێنیتەدى وزاڵبێت بەسەر نەیار و بەربەستەکانیدا. هەرچه‌نده‌ ڕایگەیاندووە ماف و ئازادییە بنەڕەتیەکان لە تورکیادا، لە بارى نائاسایدا هیچ کۆت و بەندێکیان نەخراوەتەسەر، بەڵام لە واقیعدا دەبینین، تورکیا بووتە مەیدانى کپکردنەوەى دەنگى ئازاد و مافى سیاسى بنەڕەتى هاوڵاتیەکانى، دۆخی ئەو وڵاتە هاوشێوەى بارى نائاسایی (ئەسیوبیایە) کە لە 31ى تشرینى یەکەمى 2016ەوە، وەزیرى بەرگرى ئەو وڵاتە ڕایگەیاند، بە جۆرێک  هەتا 12 تشرینى دووەمى هەمان ساڵ، زیاتر لە  11هەزار و 500 کەس  لەکارخراون ، بێجگە لەوەى 2500 کەس زیندانى کراون. ئەمەى لە تورکیا ڕوویداوە، زیاتر لە بارى ئاسایی ئەو وڵاتە دەچێت، نەک ئەوەى لە فەڕەنسا تەنیا بۆ ڕێوشوێنى بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر خراوەتەگەڕ. (34)
چۆنیەتی هەلومەرجى باکورى کوردستان لە ژێر هەیمەنەى بارى نائاساییدا 
 ئادەم گەڤەرى پەرلەمانتارى هەدەپە، لە بارەى درێژکردنەوەى بارى نائاسایی تورکیاوە دەڵێت" ئێمە دەزانین ئەمە لە پێناو ئاسایشى تورکیا نیە، بەڵکو دەیانەوێت کۆمەڵکوژى بەرامبەر بە کورد بکەن، وە دۆخى تورکیا ئارامە و هیچ بیانویەک نیە بۆ ئەوەى بارى نائاسایی تێدا درێژبکرێتەوە،  بەڵکو ئەمە تەنیا بۆ ئەوەیە زیاتر چالاکوانى سیاسى و کۆمەڵگەى مەدەنى بخەنە زیندانەوە و ئاسایش و ئارامی باکورى کوردستان تێکبدەن، هەر پەیوەند بەم پرسە نادر ئالکان، کە پێَشتر پۆستى سەرۆک شارەوانى یەکێک لە شارەکانى باکورى کوردستانى لابووە، دەڵێت: "دەوڵەتى ئاکەپە بە بیانووی بارى نائاسایی و بوونى تیرۆرەوە، بەشى زۆرى شارەکانى (شێرناخ، سورى ئامەد، سلۆپى، نسێین، گەڤەر، جەزیرە و فارقین)ى وێرانکرد و خەڵکەکەشى دەربەدەرکردن. بۆیە لە بنەڕەتدا بارى نائاسایی پەیوەندى بە کودەتاوە نەبوو، بەڵکو تەنیا دوورخستنەوەى هەموو ئەو کەسانەبووە کە سەر بە ئاکەپە نەبوون. بەم شێوەیە لە ساڵى 2015ەوە لەو کاتەوەى بارى نائاسایی لە تورکیا ڕاگەیاندراوە هەتا ئیستا، زیاتر لە 26 هەزار هاوڵاتى کورد بە پەرلەمانتار و هاوسەرۆکى شارەوانیەکانى باکورى کودرستانەوەوە دەستگیرکراون، هەتا ئێستاش هەڵمەتى دەستگیرکردنەکە بە بیانووى تێکدانى  ئاسایشى وڵاتەوە بەردەوامە و ڕۆژانە بەدەیان هاوڵاتى کورد دەستگیردەکرێت (35) جگە لەوەش تا ئێستا لە کۆی ٥٩ پەرلەمانتارى هەدەپە، ١٥ یان بە هاوسەرۆکانی پارتەکەوە بە تۆمەتی بوونی پەیوەندی و بانگەشەکردن بۆ پەکەکە دەستگیرکراون، بە پێى نوێترین ئامارى کۆمەڵەى مافى مرۆڤى باکورى کوردستانیش بێت تەنیا لە 20/7/2016ەوە، دادگاکانى تورکیا سزاى زیندانیان بۆ 16 هەزار هاوڵاتیی کورد دەرکردووە، کە لە ناویاندا تێدایە بە 20 ساڵ زیندانى سزادراوە، بە هەزارانى دیکەش چاوەڕوانى دادگایی کردنن.
سەربارى ئەوەى  لە ڕابردوودا حکومەتى تورکیا بەمەبەستی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی پەکەکە لە ٣٠ ناوچە و گوندی پارێزگای چەولیک قەدەغەی هاتووچۆی ڕاگەیاندبوو، بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی تورکیا، لە ١٠ی ئابی ٢٠١٥وە بۆ یەکی حوزەیرانی ٢٠١٧ لە ١٠ شار و ٤٣ ناوچەی باکوری کوردستان سەرجەم ٢١٨ جار قەدەغەکردنی هاتووچۆ ڕاگەیەنرابوو، ئەو ڕێژە زۆرەی قەدەغەکردنی هاتووچۆ تەنانەت لە ساڵەکانی ١٩٩٠یشدا نموونەی نەبووە، لە ساڵی ١٩٨٧ەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٢ لە ماوەى پازدە ساڵدا سەرجەم ١٠٠ جار باری نا ئاسایی و قەدەغەکردنی هاتووچۆ ڕاگەیەنراوە. لە ماوەی ڕابردوودا بەرپرسانی تورکیا زۆر جار جەختیان لەوە کردوەتەوە تا لەناوبردنی پەکەکە  شەڕ بەردەوام دەبێت و تا ئێستاش هیچ هیوایەک نییە بۆ کۆتایی هاتن و ڕاوەستانی شەڕ، بۆیە ئامانجی ئێستای باری نائاسایش لە پاڵ لێدان لە هەدەپە لە ناو تورکیادا لێدان و جەنگە دژ بە پەکەکەش لە دەرەوە.
لەژێر ئەم دۆخەشەوە ئەردۆگان گەیشتووە بە مەرامە سییاسیە کەسیەکانى خۆیى، پشت بەست بەو دەسەڵاتەى هەیەتى، زۆر بە ئاسانى دەسەڵاتێکى فراوانى بەسەر دەسەڵاتى یاسادانان و دادوەرییەوە هەیە و کۆنترۆڵى کردوون، لە پێناو پراکتیزەکردنى سیاسەتەکانى، بەم شێوەیە هاوڵاتیانى تورکیا لە دۆخێکى ترساودا دەژین، چونکە ئازادییەکانیان کۆتکراوە،  پشکنین لە شوێنەگشتیەکان و بۆ ئامرازەکانى گواستنەوە دەکرێت، هێزەکانى پۆلیس و ئاسایش باکیان نیە لە بەکارهێنانى هێز هەرکاتێک پێویست بکات، لە حاڵەتى بەرگرى و ڕێگرى هاوڵاتیاندا .بەم واتایە درێژکردنەوەى بارى نائاسایی لە تورکیا واتاى پێدانى دەسەڵاتێکى فراوانە بە حکومەت، بەمەش سود دەبینێت لە هەڵپەساردن و سنوردارکردنى مافە سیاسى و ئازادییەکان. هەروەها، بەردەوامن لە ڕێگریکردن لە کۆچکرن و سەفەرکردنى کەسێتیە ئەکادیمیەکان بۆ دەرەوەى وڵات، هەرچەندە بارى نائاسایی ماف و ئازادییەکان لە دەوڵەت ڕەتناکاتەوە، بەڵام ئامانجى سەرەکى پاکتاوکردن و پاککردنەوەى ئەو دامەزراوانەیە کە شوێنکەوتەى فەتوحلا گولەینن، ئەوەى حکومەتى تورکیا بە هەڵگیرسانى کودەتاکەى 15 تمووزى 2016 تۆمەتبارى دەکات .(36-44) هەروەها ئەردۆگان دواى کردووە ئەوانەى زیادمەندبوون لە بڕیارەکانى ئەو، لە دوورخستنەوەى و گرتنى ئەوانەى تۆمەتبارن لە تێوەگلان لە هەوڵى کودەتا شکستخواردووەکە، پێویستە  لەبەردەم دەستەیەکى دادوەرى تایبەت لە تورکیا تانە بدەن، بەڵام هاوڵاتیانى تورکیا باش لەوە تێگەیشتوون کە  ئەندامانى دەسەڵاتى دادوەرى و شوێنکەوتە و لایەنگرى پارتەکەى ئەردۆگانن و بە فەرمان و ئاراستەى ئەو جوڵەدەکەن و  بۆیە کەمتر هاناى بۆدەبەن، بۆیە بە ناچارى هانا بۆ دادگاى ئەورپى بۆ مافى مرۆڤ دەبەن، تەنانەت وەزارەتى دادى تورکیا ئەوەى بە ئاشکرا بەیانکردووە، کە نزیکەى نیوەى ئەو تانانەى هاوڵاتیان پێشکەشى دادگاى ئەوروپی بۆ مافى مرۆڤیان کردووە، دەربارەى پرۆسەى پاکتاوکردنى ئەوانەى تۆمەتى بەشدارى کودەتاى تورکیان کردووە ڕەتکراونەتەوە، بە پێى ئەو داتاکانى وەزارەتى دادى تورکیا بێت، 12600 تانە لە کۆى 24600 تانە ڕەتکراونەتەوە، بە هۆکارى ئەوەى پێویست بوو ئەو تانانە بخرێنەبەردەم دەستەى تایبەت لە تورکیادا. (45-47)
کۆتایی دیموکراسیەت لە تورکیادا
سونر چاغاپتاى بەڕێوەبەرى پرۆژەى توێژینەوەى تورکی لە پەیمانگاى واشنتۆن و نوسەرى کتێبى (سوڵتانى نوێ: ئەردۆغان و تەنگژە هاوچەرخەکانى تورکیا - The New Sultan: Erdogan and the Crisis of Modern Turkey)، لە نوسینێکیدا، چەندین ئاماژەى خستۆتەڕوو کە سەلمێنەرى ئەوەن دیموکراسیەت لە تورکیا کۆتایی پێهاتووە، لێرەدا بە کورتى گرنگتین ئاماژەکان دەخینەڕوو (تورکیا دژى خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بووە، دەزگاکانى ڕاگەیاندن سنوربەندکراون، ئەندامانى پارتى گەلى کۆمارى و دیموکراتى گەلان دەچەوسێنەوە،  پارتى دادوگەشەپێدان و خۆسەپێنى و ستەمکارى بە شێوەى پلەبەندى دەسەپێنێ،  ئەردۆگان وەک سوڵتانى نوێ بە دەسەڵات و هێزێکى زۆرەوە خۆى نمایش دەکات، گرتنى لایەنگرانى  ئۆپۆزسیۆن و توێژەران و ڕۆژنامەنووسان و سەرجەمى ئەوانەى بە نەیارى ئاکپارتى دەناسرێن، سەرکەوتنى ریفراندۆمى دەستورى دەسەڵاتى زیاتر دەدەت بە ئەردۆگان بۆ زاڵبوون بەسەر دادگا و پەرلەمان و سوپا،  ئەردۆگان لە ڕێگەى ریفراندمەوە تەمەنى مانەوەى درێژتر کردەوە و بەزۆر خۆى دەسەپێنێت ، ئەردۆگان و خێزانەکەى بە گەندەڵى و بەهەدەردانى سامانى وڵات تاوانبارن، گۆڕانى سیتەمى سیاسى تورکیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتى، بارى نائاسایی بۆ کۆتکردنى ئازادى تاکەکانى کۆمەڵگەیە، ئاک پارتى کودەتا شکستخواردووەکەى قۆستەوە بۆ فراوانکردنى دەسەڵاتەکانى، دامودەزگاکانى دەوڵەتى لە ئەندامانى بزوتنەوەى خزمەت پاککردەوە، بە هەزاران کەسى لە چەپڕە و لیبراڵ و کوردەکان  دەستگیرکرد، نزیکەى 40 هەزار کەسى لە تمووزى 2016ەوە هەتا ئێستا زیندانى کردووە، کۆمەڵگە بۆ چەندین جەمسەرى جیاواز و دژبەیەک دابەشکراوە و بۆنى جەنگى ناوخۆیی لێدەکرێت، کۆنترۆڵکردنى تەواوەتى دەسەڵات لە لایەن ئەردۆگانەوە وێراى سیفەتێکى شەخسى لە پیادەکردنى سیاسەتیدا، ناکۆکییەکانى لەگەڵ پێکهاتەکانى تورکیا و جەنگى لەگەڵ پارتى کرێکارانى کوردستان لەسەر ناوخۆ لە لایەک لەسەر ئاستى دەرەکیش لە سوریا لە لایەکى ترەوە، زیادبوونى قەیرانە جۆربەجۆرەکان، بارگرژى لە پەیوەندییەکانى لەگەڵ ئەمریکا و ڕووسیا و ئیران و ڕژێمى ئەسەد.
بەم شێویە دەبینین ناوەندییەتى ئەردۆگان و زیادەڕووییەکانى لە خۆسەپاندن و داپڵۆسینى نەیارەکانى، وایکردووە سەرجەمى بنەماکانى دیموکراسى لە تورکیادا بکرێتە قوربانى، سیاسەتە کەسیەکانى خۆى و پارتەکەى، بەجۆرێک دامەزراوەکانى دیکەى دەوڵەتیش بوون بە ڕۆبۆتێکى ئاراستکراو بە دەست ئەردۆگانەوە، بەشێکى دیکەشى کۆمەڵگەش کە هەدەپە و پارتى ئۆپۆزسیۆن ئاراستەى دەکات، دژى سیاسەت و هەنگاوەکانى ئەردۆگانن، بەڵام نەیانتوانییوە ڕێگە بگرن لە ستەمکارى ئەردۆگان، بەڵکو بوونەتە قوربانى یەکەمى سیاسەتەکانى. (48-49)
دەرەنجام 
  ڕاگەیاندنى بارى نائاسایی هیچ نیە بێجگە لە پراکتیزەکردنى سیاسەتە ستەمکارییەکانى ئەردۆگان، بەو شێوەیەى کە خۆى دەیەوێت، کە ئەویش وەلانان و پەراوێزخستنى  سەرجەم دامەزراوەکانى لێپرسینەوە و چاودێرییە بەسەر کارەکانیەوە، بۆیە لەم دۆخەدا بە شێوەیەکى بێ سنور چى بوێت لە پێناو سیاسەتى سەرکوتکارى و  هەوڵى مانەوە و تەمەندرێژکردنەوەى خۆیدا دەیخاتەگەڕ. سەربارى ئەوەى لەژێر ئەم دۆخەدا سەرجەمى دامەزراوەکانى وەک  دادوەرى و یاسادانانى، تادەگاتە پێکهاتەى سوپاش کردووەتە شوێنکەوتەى خۆى، نەیارەکانى ئەم دامازراوانەى  لەکارخستوون یان زیندانى کردوون و بەلایەنگرانى خۆی پڕیکردوونەتەوە، بێجگە لەم دامەزراوانە تەنانەت ئەنجومەنى وەزیران و ئەنجومەنى شوراش، وەک ڕۆبۆتێک وان بەدەست ویستەکانى ئەردۆگانەوە، بەم شێوەیە ئەردۆگان و پارتەکەى بەسودبینین لە شوێنکەوتەى دامەزراوە کاریگەرەکانى وڵات، هەرچیان بوێت و ویستیان بێت دەیکەن بە یاسا و بەرگێکى فەرمى دەکەن بەبەردا. ڕاگەیاندن و درێژکردنەوەى چەندینجارەى بارى نائاساییش  هیچ نیە بێجگە لەم سیناریۆیە، چونکە بارى نائاسایی  ڕێکارەکانى بەرەنگاربوونەوەى نەیارەکانى ئەردۆگان و پارتەکەى خێراتر و کاراتر دەکات، بەم شێوەیە دەتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەى کە بارى نائاسایی تروکیا لە ماوەى دوو ساڵى ڕابردوودا، بووتە هەڕەشەیەکى جدى بۆ سەر ماف و ئازادییە  بنەڕەتیەکانى هاوڵاتیانى تورکیا، هەروەها ئازادییە سیاسییەکانى قبوڵکراو نیە، هەڕەشەکان بەرامبەر پارتى ئۆبۆزسیۆنى سیاسى و گرتنى هاوسەرۆک ولایەنگرانى هەدەپە باشترین نموونەن. 
ئەمەش واتاى ئەوەیە کە بارى نائاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر و مەترسیەکانى سەر دیموکراسیەت و ماف و ئازادییەکان نیە، بەڵکو تەنیا بۆ کپکردن و زیندانیکردنى دەنگە ئازادەکانە، پێشێلکارییەکانى بارى نائاسایی تورکیا بە جۆرێکن کە تەواو پێچەوانەى ئەو ڕێکارانەیە، کە پەیماننامەى نێودەوڵەتى بۆ ئازادییە مەدەنى و سیاسیەکان دیاریکردووە، کاردانەوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەکان باشتر ئەم ڕاستیە دەسەلمێنن، پێشبینى بەردەوامبوونى بارى نائاسایش بۆ چەندین مانگى تر پێشبینیەکى واقیعیە.

 

 

لیستی سەرچاوە و پەراوێزەکان

(1)حالة الطوارئ.. صلاحيات استثنائية، موقع الجزيرة،

http://www.aljazeera.net/encyclopedia/conceptsandterminology/2015/11/26/%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%B5%D9%84%D8%A7%D8%AD%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D8%AB%D9%86%D8%A7%D8%A6%D9%8A%D8%A9

(2)State of emergency,

 https://en.wikipedia.org/wiki/State_of_emergency

(3)A "STATE OF EMERGENCY" - WHAT IT MEANS TO YOU

http://www.state.nj.us/emergency/general/stofemergdef.html

(4)حالة الطوارئ.. صلاحيات استثنائية، مصدر سابق.

 (5)العهد الدولي للحقوق المدنية والسياسية، PDF

http://www.uobabylon.edu.iq/uobColeges/ad_downloads/5_22745_340.doc

 

(6)العهد الدولي الخاص بالحقوق المدنية والسياسية، مكتبة حقوق الانسان، جاميعة منيسوتا،

http://hrlibrary.umn.edu/arab/b003.html

(7) لە وەڵامدانەوەی ئەم شەش پرسیارەدا، سودمان لە چەندین سەرچاوەی جیاواز بینی، لە 8 بۆ 14.

(8)حالة الطوارئ في تركيا والفرق بينها وبين الأحكام العرفية وكيف ستؤثر على حياة المواطنين، موقع ديلى الصباح،

https://www.dailysabah.com/arabic/politics/2016/07/21/difference-between-martial-law-and-state-of-emergency

(9)ماذا تعني حالة الطوارئ بالدستور التركي؟ موقع الجزيرة

http://www.aljazeera.net/encyclopedia/events/2016/7/21/%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D8%AA%D8%B9%D9%86%D9%8A-%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A

 (10) حالة الطوارئ بالدستور التركي، مركز الروابط للبحوث و الدراسات الاستراتيجية،

http://rawabetcenter.com/archives/29907

  (11)على حسين باكير، حالة الطوارئ في تركيا: لماذا وما هي انعكاساتها؟،موقع السورية،

 

https://www.alsouria.net/content/%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%84%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D9%88%D9%85%D8%A7-%D9%87%D9%8A-%D8%A7%D9%86%D8%B9%D9%83%D8%A7%D8%B3%D8%A7%D8%AA%D9%87%D8%A7%D8%9F

(12) هوشنك أوسي، الدستور التركي (الجديد): إعادة إنتاج النسخة القديمة بنكهة أقلّ عسكريّة!،

http://www.akhbaar.org/home/2010/09/96502.html

(13)ماذا يقول الدستور التركي عن إعلان حالة الطوارئ ؟

http://www.masrawy.com/News/News_PublicAffairs/details/2016/7/20/904756/%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D9%8A%D9%82%D9%88%D9%84-%D8%A7%D9%84%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D9%88%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D8%B9%D9%86-%D8%A5%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%86-%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-

(14) ماذا يعني إعلان حالة الطوارئ في تركيا؟،

https://medium.com/thenewkhalij/%D9%85%D8%A7%D8%B0%D8%A7-%D9%8A%D8%B9%D9%86%D9%8A-%D8%A5%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%86-%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-bf4c3e329ac2

(15)  لە کۆکرنەوە و شیکاری داتاکاندا، سودمان لە چەندین سەرچاوەی جیاوز بینی، کە لە سەرچاوەی ژمارە ١٦ بۆ ٢٢دەستثیدەکات، بەلام سەرچاوەی ١٦ لە سەرچاوە بنەڕەتییەکانە.

 

(16) الانصات المرکزی(نافذتك على الحدث و التطورات وسجلك لتوثيف المواقف و البيانات ) .العدد. 6693.  16-7-2017، فايل PDF، تالی موقع عربی PUK midea

 (17)Turkish government extends state of emergency rule for another 3 months, dailymail,

 

http://www.dailymail.co.uk/wires/reuters/article-4704238/Turkish-government-extends-state-emergency-rule-3-months.html

(18)حکومەتی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگی تر باری نائاسایی وڵاتی درێژکردەوە، پێگەی NRT

http://www.nrttv.com/media-video-detail.aspx?Cor=2&Jimare=13345

(19)سونر چاغاپتاي، أردوغان أكثر استبداداً من أي وقت مضى بعد عام على الانقلاب الفاشل،تحلیل السیاسیات (ترکیا)، معهد واشنطن، 

http://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/view/one-year-on-from-the-failed-coup-recep-tayyip-erdogan-is-more-autocratic-th

(20)محاولة انقلاب تركيا الفاشلة: محاكمة جماعية لنحو 500 شخص، موقع بى بى سى عربى،

http://www.bbc.com/arabic/middleeast-40788613

(21)تغيير قادة القوات البرية والجوية والبحرية بالجيش التركي، ديلى صباح،

https://www.dailysabah.com/arabic/politics/2017/08/02/%D8%AA%D8%BA%D9%8A%D9%8A%D8%B1-%D9%82%D8%A7%D8%AF%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D9%82%D9%88%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%88%D9%8A%D8%A9-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%A8%D8%AD%D8%B1%D9%8A%D8%A9-%D8%A8%D8%A7%D9%84%D8%AC%D9%8A%D8%B4-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A

(22)تعديل وزاري محدود في تركيا، موقع الجزيرة

http://www.aljazeera.net/news/international/2017/7/19/%D8%AA%D8%B9%D8%AF%D9%8A%D9%84-%D9%88%D8%B2%D8%A7%D8%B1%D9%8A-%D9%85%D8%AD%D8%AF%D9%88%D8%AF-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7

*ئەردۆگان لە لە ٢٥ ئابدا، دوومەرسومی دەرکرد، کە تیایدا دەزگای هەواڵگری خستەژێر دەستی خۆیەوە و ٩٨٢فەرمانبەریشی بەیەکجاری دورخستەوە،  خاڵی سێهەم و نۆیەم لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە بۆ زانیاری زیاتر لێروەوە سەردانی بکەن:

إقالة مئات الموظفين بتركيا وتعزيز سلطة إردوغان على جهاز المخابرات، https://aawsat.com/home/article/1008066/%D8%A5%D9%82%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D9%85%D8%A6%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D9%85%D9%88%D8%B8%D9%81%D9%8A%D9%86-%D8%A8%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%88%D8%AA%D8%B9%D8%B2%D9%8A%D8%B2-%D8%B3%D9%84%D8%B7%D8%A9-%D8%A5%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D8%B9%D9%84%D9%89-%D8%AC%D9%87%D8%A7%D8%B2-%D8%A7%D9%84%D9%85%D8%AE%D8%A7%D8%A8%D8%B1%D8%A7%D8%AA

23)Soner Cagaptay, One Year on from the Failed Coup, Recep Tayyip Erdogan Is More Autocratic than Ever, POLICY ANALYSIS (Turkey) WASHNGTON INSTITUTE,

 http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/one-year-on-from-the-failed-coup-recep-tayyip-erdogan-is-more-autocratic-th

توركیا باری نائاسایی درێژكردەوە، پێگەی میللەت پرێس (24)

https://milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=43777&T=%D8%AA%D9%88%D8%B1%D9%83%DB%8C%D8%A7%20%D8%A8%D8%A7%D8%B1%DB%8C%20%D9%86%D8%A7%D8%A6%D8%A7%D8%B3%D8%A7%DB%8C%DB%8C%20%D8%AF%D8%B1%DB%8E%DA%98%D9%83%D8%B1%D8%AF%DB%95%D9%88%DB%95

الطوارئ بتركيا.. مسوغات "التطهير" وهواجس الحريات، موقع الجزيرة، (25)

http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2016/7/23/%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%A8%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D8%B3%D9%88%D8%BA%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%87%D9%8A%D8%B1-%D9%88%D9%87%D9%88%D8%A7%D8%AC%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%8A%D8%A7%D8%AA

(26)نور نعمة، تركيا في الطوارئ، موقع الديار

 http://www.addiyar.com/article/1411702-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%81%D9%8A-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6

(27)تمديد الطوارئ يفجر انقساماً سياسياً في تركيا، شرق الاوسط،

https://aawsat.com/home/article/961916/%D8%AA%D9%85%D8%AF%D9%8A%D8%AF-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D9%8A%D9%81%D8%AC%D8%B1-%D8%A7%D9%86%D9%82%D8%B3%D8%A7%D9%85%D8%A7%D9%8B-%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D8%B3%D9%8A%D8%A7%D9%8B-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7

(28)حزبا "الجمهوري" و"الشعوب" ينتقدان إعلان الطوارئ بتركيا، موقع الجزيرة،

http://www.aljazeera.net/news/international/2016/7/22/%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%83%D8%B1%D8%A7%D8%AF-%D9%88%D8%AD%D8%B2%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B4%D8%B9%D8%A8-%D9%8A%D9%86%D8%AA%D9%82%D8%AF%D9%88%D9%86-%D8%A5%D8%B9%D9%84%D8%A7%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%A8%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7

(29)الطوارئ بتركيا.. مسوغات "التطهير" وهواجس الحريات، موقع الجزيرة،

http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2016/7/23/%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%A8%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D9%85%D8%B3%D9%88%D8%BA%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B7%D9%87%D9%8A%D8%B1-%D9%88%D9%87%D9%88%D8%A7%D8%AC%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%8A%D8%A7%D8%AA

(30) بۆ ئاشنابوون بەم ڕێکخراوە سەردانی ئەم لینکە بکەن:-

http://www.dw.com/ar/%D9%85%D9%86%D8%B8%D9%85%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%85%D9%86-%D9%88%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B9%D8%A7%D9%88%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D8%A3%D9%88%D8%B1%D9%88%D8%A8%D8%A7/t-18634698

سونر چاغاپتاي، نهاية الديمقراطية في تركيا،،تحلیل السیاسیات (ترکیا)، معهد واشنطن،  (31)

 http://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/view/the-death-of-democracy-in-turkey

(32) حزبا "الجمهوري" و"الشعوب" ينتقدان إعلان الطوارئ بتركيا، مصدر سابق.  

(33( نفس مصد.

(34)توقيف الألاف في إثيوبيا بموجب حالة الطوارئ، روسيا يوم،

https://arabic.rt.com/news/849387-%D8%AA%D9%88%D9%82%D9%8A%D9%81-%D8%A7%D9%84%D8%A3%D9%84%D8%A7%D9%81-%D8%A5%D8%AB%D9%8A%D9%88%D8%A8%D9%8A%D8%A7-%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6/

  (35)  بارى نائاسایی لە کوردانى باکور نابێتەوە، رۆژنامەى ئاژانس، ژمارە 49، سلێمانى 2017، ل 7.

(36)حکومەتی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگی تر باری نائاسایی وڵاتی درێژکردەوە، هەمان سەرچاوەی پێشوو.

  (37)ماذا تعني حالة الطوارئ بالدستور التركي؟ مصدر سابق.

(38)أردوغان يعلن حالة الطوارئ في تركيا لمدة 3 أشهر، روسيا اليوم،

https://arabic.rt.com/news/833121-%D8%A8%D8%AB-%D9%85%D8%A8%D8%A7%D8%B4%D8%B1-%D8%AE%D8%B7%D8%A7%D8%A8-%D8%A7%D9%84%D8%B1%D8%A6%D9%8A%D8%B3-%D8%A7%D9%84%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A-%D8%B1%D8%AC%D8%A8-%D8%B7%D9%8A%D8%A8-%D8%A7%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%81%D9%8A-%D8%A3%D9%86%D9%82%D8%B1%D8%A9/

(39)البرلمان التركي يمدد حالة الطوارئ 3 أشهر

http://www.dostor.org/1473771

(40)حکومەتی تورکیا بۆ ماوەی سێ مانگی تر باری نائاسایی وڵاتی درێژکردەوە، هەمان سەرچاوەی پێشوو.

  (41)ماذا تعني حالة الطوارئ بالدستورالتركي؟ مصدر سابق.

( 42)Turkish government extends state of emergency rule for another 3 months

http://www.reuters.com/article/us-turkey-security-emergency-idUSKBN1A212S?feedType=RSS&feedName=worldNews&utm_source=feedburner&utm_medium=feed&utm_campaign=Feed%3A+Reuters%2FworldNews+%28Reuters+World+News%29&utm_content=Yahoo+Search+Results

(43) أردوغان: حالة الطوارئ ستستمر حتى ننتهي من الإرهاب، موقع الجزيرة، http://www.aljazeera.net/news/international/2017/7/14/%D8%A3%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%B3%D8%AA%D8%B3%D8%AA%D9%85%D8%B1-%D8%AD%D8%AA%D9%89-%D9%86%D9%86%D8%AA%D9%87%D9%8A-%D9%85%D9%86-%D8%A7%D9%84%D8%A5%D8%B1%D9%87%D8%A7%D8%A8

(44)كتب أحمد جودة، تداعيات استمرار حالة الطوارئ في تركيا بعد إقراره من برلمان أنقرة،

http://www.soutalomma.com/Article/610070/%D8%AA%D8%AF%D8%A7%D8%B9%D9%8A%D8%A7%D8%AA-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%85%D8%B1%D8%A7%D8%B1-%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D9%81%D9%8A-%D8%AA%D8%B1%D9%83%D9%8A%D8%A7-%D8%A8%D8%B9%D8%AF-%D8%A5%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B1%D9%87-%D9%85%D9%86-%D8%A8%D8%B1%D9%84%D9%85%D8%A7%D9%86

(45)Turkey coup: What does the state of emergency mean for democracy?, CNN ,

http://edition.cnn.com/2016/07/21/europe/turkey-coup-emergency/index.html

(46)أردوغان يعلن استمرار العمل بحالة الطوارئ حتى استقرار الوضع، موقع روسيا اليوم،

https://arabic.rt.com/world/866020-%D8%A3%D8%B1%D8%AF%D9%88%D8%BA%D8%A7%D9%86-%D9%8A%D8%B9%D9%84%D9%86-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%85%D8%B1%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D8%B9%D9%85%D9%84-%D8%A8%D8%AD%D8%A7%D9%84%D8%A9-%D8%A7%D9%84%D8%B7%D9%88%D8%A7%D8%B1%D8%A6-%D8%AD%D8%AA%D9%89-%D8%A7%D8%B3%D8%AA%D9%82%D8%B1%D8%A7%D8%B1-%D8%A7%D9%84%D9%88%D8%B6%D8%B9/

(47) أردوغان: حالة الطوارئ ستستمر حتى ننتهي من الإرهاب،  مصدر سابق.

(48)Soner Cagaptay, The Death of Democracy in Turkey,

http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/the-death-of-democracy-in-turkey

(49)Soner Cagaptay, One Year on from the Failed Coup, Recep Tayyip Erdogan Is More Autocratic than Ever,

http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/one-year-on-from-the-failed-coup-recep-tayyip-erdogan-is-more-autocratic-th

(50)  بۆ ئاشنابوونی زیاتر دەربارەی دۆخی ئێستای تورکیا و پێشێلکارییەکان لەم سەرچاوەیە بڕوانن:-

Policy analysis: turkey,  Washington institute

http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/topic/turkey#categories=63

  تێبینی: ئەم بابەتە وەک توێژینەوەیەکی زانستی، لە ڕێکەوتی ٢٣/٨/٢٠١٧، لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان، بڵاوکراوەتەوە.

6141818112017_212a.PNG

هاوکار ڕەفیق - بەکالۆریۆس لە زانستە ڕامیارییەکاندا.

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure