بومەلەرزە
4495 جار بینراوە 15/11/2017 10:42 PM

پڕۆژە ئاوییەکانى ئێران و بوومەلەرزەکەى ڕۆژهەڵات و باشورى کوردستان



ئامادەکردن: بەختیار کاکی - شارەزا لە دۆسیەی ئێران

سەرەتا

کاتژمێر نۆ و هەژدو خولەکى بەروارى 12/11/2017 زەوی لەرزەیەک (بومەلەرزەیەک) بە پلەى 7.4 پلە شارەدێى ئەزگەلەى/شارۆچکەى پاوە / پارێزگاى کرمانشاى هەژاند و کاریگەرییەکەى سنە و هەمەدان و ڕەزاییە و لوڕستان لە ڕۆژهەڵات و لە هەرێمى کوردستانیش دەرەندیخان، هەڵەبجە، پێنجوێن، نێوەندى پارێزگاى سلێمانى، خانەقین و بەشێک لە هەولێر گرتەوە. سەربارى هۆکارى سروشتییەکان کە زیاتر پەیوەندى هەیە بەو گۆڕانکارییانەى کە بەسەر توێژاڵە سروشتیەکانى زەویدا دێت ، هۆکار گەلێکى دیکە هەیە کە دروست کراوى مرۆڤە و زیاتر ڕێى تێدەچێت کە هۆکارى سەرەکى زەویی لەرزەکە بوو بێت لەوانە ئەو گۆڕانکارییە بەردەوامانەى کە کۆماریى ئیسلامى ئێران لە ژینگەى دەوروبەرى ڕووبارى سیرواندا دروستى کردووە وەک:
1. دروست کردنى بەنداو و دەریاچەى دروست کراو : دروست کردنى بەنداو گوشارێکى زۆر بەهێز دروست دەکات لەسەر توێژاڵى زەوى لە دەرەنجامى گوشارى ئاو.
2. هەڵدڕینی زەوى دروست کردنى تونێل بە مەبەستى گۆڕینی ڕێڕەو وئاڕاستەى ئاو.
3. لێدانى ئاو بۆ ژێر زەوى بە ئامانجى دەرهێنانى نەوت لە ژێر زەویدا.

چەند زانیارییەک لەسەر جۆرەکانى زەوی لەرزە
1. کەم قوڵایی: نزیکە لە زەوی و قوڵییەکەى 60کم زۆرترین وێرانى دروست دەکات.
2. نیمچە قووڵ : دوورتر ئەکەوێـتەوە لە ڕووى زەوى و قوڵاییەکەى لە نێوان 60 بۆ 300کم دایە.
3. زەوی لەرزەى قووڵ: قوڵاییەکەى دەگاتە نزیک بە 300 کم بە حوکمى قوڵاییەکەى زیانێکى ئەوتۆى نییە.

قۆناغەکانى زەوى لەرزە
یەکەم: وەک پێشەکییەک وایە و سووکە و زۆر جار بە چەند مانگێک یاخود چەند ڕۆژێک ئەکەوێتە پێش زەوى لەرزە سەرەکییەکەوە.
دووەم : زەوى لەرزەى سەرەکیی کە توانایەکى وێرانکردنى زۆرى هەیە.
سێهەم : قۆناغى دواى ڕوو دانى زەوى لەرزەکەیە کە لە شێوەى شەپۆلى گڕاوەدایە و بە هۆى جوڵەى بەردەوامى توێژاڵەکانى ناو گۆى زەوى ڕوو دەدات و هەندێک جار بۆ ماوەیەکى زۆر درێژە ئەکێشێت.

جیاوازییەکانى ئەم زەوی لەرزەیە
1. بە پێچەوانەى زەوى لەرزەى ئاسایی کە چەند چرکەیەک ئەخایەنێت، ئەم زەوى لەرزەیە زیاتر لە خولەکێکى خایاندووە.
2. هەر زەوی لەرزەیەک ، لەرزەى گەڕاوەى هەیە و هاوشێوەى شەپۆل ئەگەڕێتەوە ، لە دواى ڕوودانى ئەم زەوى لەرزەیە، ئەم کارە ڕووى نەداوە.
3. قووڵى ئەم زەمین لەرزەیە 11کم بووە و کەمترە لە ستانداردى زەمین لەرزەى ئاسایی.
4. کەمى زیانە گیانى و مادییەکانى ئەم زەوی لەرزەیە بە بەرارود بە پلە بەرزەکەى 7،3 (پلەى ڕیختەر).

ڕۆڵى پڕۆژە ئاوییەکانى سەر ڕوبارى سیروان لەسەر زەوى لەرزەکە
ڕووبارى سیروان کە لە شاخى زاگرۆسەوە سەرچاوەى گرتووە ، درێژییەکەى دەگاتە 445کم لە سنورى پارێزگاى هەڵەبجەوە دێتە باشورى کوردستان و دواتر دەچێتە سنورى پارێزگاى دیالەوە. لەسنورى هەرێمى کوردستان و دوو بەنداو لەسەر ئەم ڕووبارە دروست کراوە، یەکێکیان بەنداوى دەربەندیخان و ئەوی تریشیان بەنداوى حەمرینە و لە (20%) ڕووبارى دیجلە پێک ئەهێنێت. لە دیوى ڕۆژهەڵاتەوە ئێران ئەم بەنداو و پڕۆژانەى لەسەر ڕووبارى سیروان دروست کردووە :
1. بەنداوى ئازادی: ئەم بەنداوە ئەکەوێتە باکورى پارێزگاى کرمانشا بە دوورى 110کم لە ناوەندى پارێزگاکە. ئەم بەنداوە تواناى گل دانەوەى 70 ملیۆن مەتر چوار گۆشەى هەیە و ئەکەوێتە سەر ڕووبارى زمکان (یەکێک لە سەرچاوەکانى ڕووبارى سیراون) . ئەم بەنداوە لە ساڵى 2012 کراوەتەوە و ئاوى 4200 هکتار زەوى دابین ئەکات سەربارى دابین کردنى 5 ملیۆن مەتر موکەعەب ئاوى خواردنەوە و 5 ملیۆن مەتر چوار گۆشە ئاو سبۆ پێویستی کشتوکاڵى.
2. بەنداوى جافا: ئەم بەنداوە ئەکەوێتە نزیک شارۆچکەى سنە نێوەندەى پارێزگاى کوردستانى ئێران و لەسەر یەکێک لە سەرچاوەکانى ڕووبارى سیروان دروست کراوە. ئەم بەنداوە لە تواناى دایە 350 ملیۆن مەتر موکەعەب ئاو گل بداتەوە، ئەم بەنداوە لە ساڵى 2012 کراوەتەوە و لە تواناى دایە 220 ملیۆن مەتر موکەعەب ئاو دابین بکات بۆ ئاودێرى.
3. بەنداوى زمکان: ئەم بەنداوە لەسەر یەکێک لە سەرچاوەکانى ڕووبارى سیروان دروست کراوە و ئەکەوێتە ڕۆژئاواى نێوەندى پارێزگاى کرمانشا بە دوورى 120کم، ئەم بەنداوە لە ساڵى 2012 کراوەتەوە دەتوانێت 23 ملیۆن مەتر موکەعەب ئاو گل بداتەوە. ڕووبەرى خەزانى ئاوەکەى 1 کم چوار گۆشەیە و ئەتوانێت ئاوى 3850 هکاتر زەوى دابین بکات.
4. بەنداوى ئازاد: ئەم بەنداوە ئەکەوێتە سەر ڕووبارى گورا کە بە یەکێک لە سەرچاوەکانى ئاوى سیراون ئەژمارە ئەکرێت و 40کم دوورە لە نێوەندى شارۆچکەى سنە. ئەم بەنداوە ئەتوانێت 300 ملیۆن مەتر موکەعەب ئاو گل بداتەوە و 30 مێگاوات کارەبا بەرهەم بهێنێت و 190 ملیۆن مەتر چوارگۆشە ئاو بە شێوەی ساڵانە بگوازێتەوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان لە ڕێگەى تۆڕێکى گواستنەوەوە بە درێژایی 76کم .
5. بەنداوى ئەزگەلە: لە ساڵى 2012 لە گوندى ئەزگەلە دروستکراوە و لە لایەن دامەزراوەی "خاتەم ئەل ئەنبیا"ى سەر بە سوپاى پاسدران. بەنداوى ئەزگەلە ئەکەوێتە گوندى ئەزگەلە/ناحیەى سەلاس باباجانى/شارۆچکەى پاوە/ پارێزگاى کرمانشا. ئەم بەنداوە نزیک بە 30 ملیۆن مەتر موکەعەب ئاو لە خۆ دەگرێت و ئەتوانێت 40 هەزار هکتار زەوى ئاودێرى بکات.
6. تونێلى زاگرۆس : کە بە گەورە ترین تونێلى ئاوى دادەنرێت لە ئێران لە ساڵى 2004 ەوە کارى تێدا دەکرێت لە ژێر ناوى "پڕۆژەى گەرمەسێرى"بە درێژایی 49 کم . لە ڕێگەى ئەم تونێلەوە 850 بۆ 900 ملیۆن مەتر موکەعەب ئاو ئەگوازرێتەوە لە بەنداوى داریانەوە بەرەو دەشتى زەهاو. ئامانج لەم پڕۆژەیە گەیاندنى ئاوى سیروانە بە زەوییەکانى ڕۆژئاواى کرمانشا تا دەگاتە ناوچەى مهران لە پارێزگاى ئیلام. ئەم تونێلە ئەتوانێت لە چرکەیەکدا زیاتر لە 70مەتر موکەعەب ئاو بگوازێتەوە.
7. بەنداوى داریان: بڕیار وایە لە ساڵى 2018 بەنداوى داریان تەواو ببێت و بە تەواو بونیشی هەردوو پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە پێى کاریگەر دەبن و نزیک بە 3200 هکتار زەوى لە هەڵەبجە و سەید سادق و دەربەندیخان بە شێوەیەکى سەرەکى دەکەونە ژێر کاریگەرى ئەم بەنداوەوە. سەربارى دوورى بەنداوى داریان لە سنورى باشورى کوردستان (28کم)، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەنداوە کاریگەرى زور نێگەتیڤ دروست ئەکات لەسەر ئاستى ئاو. دابینکردنى 1378 ملیون مەتر موکەعەب ئاو لە ساڵێکدا و گواستنەوەى لە ڕشێگەى تونێلێکەوە بە درێژى 48 کم وبە کار هێنانى بۆ ئاودێرى ناوچەکانى ڕۆژئاواى ئێران.

ئەزگەلە خاڵى دەست پێک
شارۆچکەى ئەزگەلە سەربارى ئەوەى کە خاڵى دەست پێکى زەوى لەرزەکە بووە، لە هەمان کاتدا خاڵى دەست پێکى ئەو تونێلانەیە کە دروست کراوە بۆ گواستنەوەى ئاوى بەنداوى ئەزگەلە بەرەو سنورى دەشتى زەهاو لە پارێزگاى کرمانشا. سەربارى ئەو گوشارە زۆرەى کە دروست کردنى بەنداوەکە دروستى دەکات لەسەر خاکەکە ، هەڵدڕینی خاکى ناوچەکە بۆ دروست کردنى دوو تونێلى زەبەلاح لە کاتێکا کە ئاو لەم وەرزەدا دەگاتە بەرز ترین ئاستى ، بە ئەگەرى زۆر هۆکارى لە پشت هۆکارى زەوى لەرزەکەى ئەزگەلەبووە بەو پێەى کە زۆرترین زیان بەر ئەزگەلە و سنورى پارێزگاى کرمانشا و شارۆچکەى دەربەندیخان کەوتووە لە بەر نزیکیان لەشوێنى زەوى لەرزەکەوە.

دەرەنجام

1. لە پارێزگاى کرمانشا و بە تایبەت تر لەسەر ڕووبارى سیراون، ئێران زۆر ترین بەنداوى دروست کردووە.
2. یەکێک لە گەورەترین تونێلەکانى گواستنەوەى ئاوى لە بەنداوى ئەزگەلەوە لێداوە بۆ گواستنەوەى ئاوى ڕووبارى سیراوان بۆ سنورى پارێزگاکانى کرمانشا و ئیلام.
3. ئاوى ڕووبارى سیراون لە وەرزى پاییز و زستاندا دەگاتە ئەو پەڕى خۆی.
4. لە مانگى ئایارى 2017 ەوە پڕۆژەى گەرمەسێرى ئێران کۆتایی پێهاتووە دەست کراوە بە گواستنەوەى ئاوى سیروان بەرەو سنورى ڕۆژئاواى کرمانشا.
5. ئەو زیانە زۆرەى بەر خاکى ناوچەکە گەیشتەوە لە دەرەنجامى پڕۆژەکانى دروست کردنى بەنداو و هەڵدڕینی زەوى زۆرترین ئەگەرى دورست کردنى زەوى لەرزەکەیە بەو پێیەى کەدروست کردنى بەنداو و دەریاچەى دروست کراو گوشارێکى زۆر بەهێز دروست دەکات لەسەر توێژاڵى زەوى لە دەرەنجامى گوشارى ئاو و هەڵدڕینی زەوى بۆ گۆڕینی ڕێڕەو وئاڕاستەى ئاو.
6. زۆرترین زیانى مرۆیی و مادى زەوی لەرزەکە لە دەوروبەرى پڕۆژە ئاوییەکانى سەر ڕووبارى سیراون ڕوویان داوە لە هەر دو دیوى ڕۆژهەڵات و باشور. 

وێنەی یەکەم: وێنەى ئەو ئامێرە زەبەلاحەى کە بەکار هاتووە لە دروست کردنى تونێلى گواستنەوەى ئاوى سیروان

وێنەی دووەم: ئەو ئامێرە زەبەلاحەى کە بەکار هاتووەش لە دروست کردنى تونێلەى گواستنەوەى ئاوى سیروان

ئەم بابەتە پێشتر لە سایتی میللەت بلاوکراوەتەوە

 

11391915112017_٤.jpg

20391915112017_٣.jpg

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure