عێراق و کوردستان
1327 جار بینراوە 6/11/2017 10:08 PM

سیناریۆكانى داهاتووى په‌یوه‌ندییه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم و به‌غدا



هاوڕێ حه‌سه‌ن حه‌مه‌ - مامۆستای زانکۆ و توێژەر
له‌ئێستادا كێشه‌ دارییه‌كانى هه‌رێم و به‌غداو چۆنێتى چاره‌سه‌ركردینان بۆته‌ پرسێكى گه‌رم و سه‌ره‌نجى زۆربه‌ى هاوڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان، به‌تایبه‌تى موچه‌ خۆرانى به‌لاى خۆیدا ڕاكێشاوه‌. لێره‌دا ده‌كرێت ئاماژه‌ بۆ چوار سیناريۆى سه‌ره‌كى بكه‌ین سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌ دارییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى ناوه‌ندى:
1- به‌غدا پشكى له‌سه‌دا 17 بۆ هه‌رێم ده‌نێرێت و هه‌رێمیش داهاتى خۆى ڕاده‌ستى به‌غدا ده‌كات، ئه‌م سیناریۆیه‌ سینارۆیه‌كى واقعى نیه‌، یه‌كه‌م له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌حاڵى حازردا به‌غدا خۆى به‌ براوه‌ ده‌بینێ و هه‌رێمیش به‌ دۆڕاو، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ نابێت ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت. دووه‌م، به‌رپرسانى به‌غدا هه‌ڵبژاردنیان له‌پێشه‌، بۆیه‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌و هه‌ڵَه‌یه‌ ناكه‌ن كه‌پاره‌ بۆ هه‌رێم هه‌ڵبڕژن و دۆخى خراپی ئابورى و داریی هه‌رێم ڕاستبكه‌نه‌وه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنى داهاتوودا براوه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ده‌بێت كه‌ هه‌رێمى زه‌لیل كردوه‌. سێهه‌م و كۆتایی، هه‌رگیز به‌رپرسانى به‌غدا جارێكى تر متمانه‌ به‌هه‌رێم ناكه‌ن كه‌ پاره‌و بودجه‌یه‌كى وه‌هاى بۆبنێرن هه‌رێمیش له‌به‌رامبه‌ردا باسى سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ بكات له‌ عێراق. به‌رپرسانى حكومه‌تى عێراقى له‌ئێستادا له‌و په‌ڕى بِێمتمانه‌یدان به‌رامبه‌ر به‌هه‌رێم، واى ده‌بنین به‌ره‌و پێشچوونى هه‌رێم له‌ڕووى ئابوریی و دارییه‌وه‌ دواجار ته‌رجه‌مه‌ ده‌كرێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی سیاسىی، هه‌ربۆیه‌ ئه‌مه‌ وایان لێده‌كات كه‌ كۆمه‌ڵێك ڕێوشوێنى توند به‌رامبه‌ر هه‌رێم ده‌گرنه‌به‌ر كه‌ لایه‌نى كه‌م بۆ ده‌ساڵى تر جوڵه‌و به‌ره‌و پێشچوونه‌كانى هه‌رێم سڕده‌كه‌ن.

2- به‌غدا ئاماده‌یه‌ پشكى له‌سه‌دا 12.7 بۆ هه‌رێم بنێرێت، ڕه‌نگه‌ له‌ باشترین حاڵه‌تدا ئه‌م ڕێژه‌یه‌ سه‌ركه‌وێت بۆ له‌سه‌دا 14، ئه‌مه‌ش به‌مه‌رجێك ده‌بێت هه‌رێم ڕازى بێت لیژنه‌ى ڕه‌قابه‌ى مالی عێراق وردبینى بۆ سه‌رجه‌م داهات و خه‌رجییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكات. له‌م حاڵه‌ته‌شدا دوو حزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گه‌وره‌كانیان ده‌كه‌وێته‌وه‌ مه‌ترسیه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ڕه‌نگه‌ دژایه‌تى ئه‌م بژارده‌یه‌ بكه‌ن، ئاماده‌ نه‌بن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و به‌شه‌ بودجه‌یه‌دا داهاتى خۆیان بۆ به‌غدا ئاشكرا بكه‌ن، لێره‌شه‌وه‌ هه‌رێم و به‌غدا به‌ ڕێكه‌وتن ناگه‌ن.

3- له‌ئه‌گه‌رى ڕێكنه‌كه‌وتنى هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غداو زیاتر خراپبوونى دۆخى دارایی هه‌رێم، ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ پارێزگاى سلێمانى به‌شێوه‌ى تاكلایه‌نه‌و سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا بكات، سه‌رجه‌م داهاته‌كانى بۆ به‌غدا ئاشكرا بكات له‌پێناو ئه‌وه‌ى به‌غدا مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كانى دابین بكات. ئه‌مه‌ش بێگومان لێكه‌وته‌ى سیاسى مه‌ترسیدارى ده‌بێت بۆ سه‌ر هه‌رێمى كوردستان، له‌وانه‌ش دابه‌شبوونى هه‌رێم بۆ دوو ئیداره‌یی وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ڕابردوودا بوونى هه‌بوو.

4- باشترین ستراجیه‌ك كه‌ پێویسته‌ هه‌رێم په‌یڕه‌وى بكات له‌ ئێستادا، بریتیه‌له‌وه‌ى كه‌ هه‌رێم هه‌ڵبسێت به‌ ئه‌نجامدانى چاكسازییه‌كى ڕه‌گ و ڕیشه‌یی له‌سه‌رجه‌م كه‌رته‌كانداو كه‌مكردنه‌وه‌ى ژماره‌ى فه‌رمانبه‌ره‌كانى بۆ نیو ئه‌وه‌نده‌ ئه‌مه‌ش له‌ڕێگه‌ى ده‌ركردنى ناوى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ فه‌رمانبه‌رى حه‌قیقى نه‌بوون و نین یان ده‌كرێت نیو موچه‌ به‌م كه‌سانه‌ بدرێت. ، یان مووچه‌ى ئه‌م كه‌سانه‌ له‌رێگه‌ى پارته‌ سیاسیه‌كانیانه‌وه‌ دابین بكرێت، ئه‌مه‌ش له‌پێناو دابینكردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ڕاسته‌قینه‌، ئه‌مه‌ واده‌كات چیتر هه‌رێم به‌تام و له‌زه‌تى پشكى له‌سه‌دا 17 دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدادا نه‌كات كه‌ خۆى بۆخۆى داوایه‌كى واقعى نیه‌ له‌ئێستادا، وه‌هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ ڕێگه‌ خۆشده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رێم چیتر ئه‌وه‌نده‌ ملكه‌چى به‌غدا نه‌بێت، كه‌ له‌پێناو پرسى مووچه‌دا هه‌مووشتێك بكاته‌ قوربانى، ئه‌م بژارده‌یه‌ پێویتسه‌ هه‌م له‌حاڵه‌تى دابینكردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌و هه‌میش له‌ حاڵه‌تى دابینكردنى مووچه‌ له‌لایه‌ن هه‌رێم خۆیه‌وه‌.به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم، ئه‌م بژارده‌یه‌ش ئه‌گه‌رى جێبه‌جێكردنى له‌ئێستادا زۆر كه‌مه‌، ئه‌مه‌ش به‌هۆى ئه‌وه‌ى به‌رپرسانى هه‌رێم له‌ماوه‌ى 26 ساڵى ڕابردوودا سه‌ره‌ڕاى ڕاگه‌یاندنى چه‌ندین پڕۆژه‌ى چاكسازى نه‌یانتوانیه‌وه‌ هیچ جۆره‌ ڕیفۆرمێك ئه‌نجامبده‌ن، به‌رده‌وام له‌ ئه‌نجامدانى ڕیفۆرم ترساون و نه‌یانتوانیه‌وه‌ یه‌ك هه‌نگاوى عه‌مه‌لى هه‌ڵبگرن.
تێبینی: ئەم بابەتە لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان وەرگیراوە

 366196112017_٥٤٥.PNG

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure