تورکیا و ئێران
1010 جار بینراوە 22/9/2017 07:45 PM

کورد لەنێوان نزیکبونەوەی تورکیا و ئێراندا



 ئامادەکردنى: هاوکار ڕەفیق

کورتەیەک پێش باسەکان
سەردانى سوپاسالاری ئێران دواى 37ساڵ ڕووداوێکى مێژووییە، دیداری له‌و شێوه‌یه‌ له‌ نێوان ئێران و توركیا له‌ ساڵی 1979ەوە، هەتا ئێستا هاوشیوه‌ی نه‌بینراوه، زیاتر لەوەش باقرى بانگهێشتى سەرۆکی ئەرکانى تورکیاى کردووە بۆ تاران، بێجگە لەوەى بەڵێنى سەردانیکردنى ئەردۆگانیشى بۆ ئێران وەرگرتووە، ئەمەش هەماهەنگى دوانەیی لەسەر ئاستى سیاسى و ئابورى و سەربازى تۆختر دەکاتەوە، بەم شێوەیە لەم توێژینەوەیەدا باس لە مەترسى نزیکبوونەوەى تورکى_ئێرانى دەکەین بەرامبەر بە کوردەکان، چونکە لەئێستادا سەرکەوتنەکانى هێزەکانى سوریایی دیموکرات و پرسى ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و جوڵانەوەى چەکدارى کوردەکانى باکور و ڕۆژهەڵات، بابەتى ڕێکەوتنن بە نیسبەت تورکیا وئێرانەوە.

بیرهێنانەوەی چەند پەڕەیەکى مێژوو
پەیوەندییەکانى تورکیا و ئێران پێش شۆڕشى ئیسلامى ئێران، لەسەر بنەماى متمانەیەکى باڵا دامەزرابوو. بەڵام دواى ئەم وادەیە پەیوەندییەکانیان کەوتە دۆخێکى پەلەکوتەوە، زۆرێک ئەگەرى ڕوودانى جەنگى نێوانیانى پێشبینى دەکرد، بەڵام ڕێکارى حەکیمانەى تورکیا و مامەڵەکردن لەگەڵ ڕژێمى نوێ و هەڵگیرسانی جەنگى عێراق _ئێران ئەم کردەیەى لەباربرد. خومەینى بەرامبەر تورکیا چەندینجار ئەم ڕستەیەى دوپاتدەکردەوە و دەیگوت " تورکیا خزمەتکارێکى گوێڕایەڵى ئەمریکایە " بەڵام دواى وەفاتى خومەینى، على خامنەیی بەشێک لە پەیوەندییە پچڕاوەکانى وڵاتەکەى لەگەڵ تورکیا لە چوارچێوەیەکى نوێدا زیندووکردەوە، تا دواتر هاشمى ڕەفسنجانى لەسەر بنەماى پراگماتیکى و واقیعبینى، گوزێکى دیکەى دایەوە بە پەیوەندییەکانى تورکیا وئێران، لە ئێستاشدا تەنگژەکان لەبیرکراون و دەربارەى زۆر پرسى ناوچەیی و هەرێمى کۆک و هەماهەنگن. بێجگە لەوە له‌ بیست ساڵى ڕابردوودا ئابورى هه‌ردولا زیاتر پشتى به‌یه‌كتر به‌ستوه‌. ئێران یه‌ك له‌سه‌ر پێنجى نه‌وت و گازى توركیا دابین ده‌كات و توركیا یه‌كه‌م دراوسێ و ده‌روازه‌ى ئێرانه‌ بۆ ئه‌وروپاو زیاتر یه‌ك له‌سه‌ر پێنجى ئاڵوگۆڕى بازرگانى ئێران به‌خاكى توركیادا تێده‌په‌ڕێت. بۆیە چەندین پێدراوی جۆسیاسی و ئابوری و هەرێمی ناچار بە ڕێکەوتنیان دەکات.
خاڵە ناکۆکەکان ڕێگا لە ڕێکەوتن ناگرن
ئێران و تورکیا بە درێژایی چوار دەیە، چەندین خاڵى ناکۆک بەیەکیان هەبووە، لە گرنگترینیان دژبەیەکى ئایدۆلۆژى و ئاینی، لێکدانەوەى ڕوداوەکانی مێژووی(سەفەوى - عوسمانى)، ڕەوەندى ئێرانى لە تورکیا و بە پێچەوانەشەوە، هاوپەیمانیەتى تورکیا و ئەمریکا، ئەندامێتى تورکیا لە ناتۆ، بڵاوکردنەوەى تەوژمى شیعى لە لایەن ئێرانەوە، تورکیا لە ناو میحوەرى دەوڵەتانى سوننە مەزهەب، پێشبڕکێى هەرێمى بەردەوام، قەڵەمڕەوى ئێران لە کەنداو و ئاسیاى ناوەند، دژبەیەکیان لە عێراقى دواى 2003 و سوریایی دواى 2011....هتد. بەڵام هەڵکەوتەى جیۆپۆلەتیکى و چەندەها پرسى هاوبەشى وەک ئاسایشى سنور و دۆسیەى کورد و بەرژەوەندى ئابورى و دابەشکارى قەڵمڕەوى هەرێمى، وایکردووە ئەم دوو دەوڵەتە خاڵە ناکۆکەکان وەلا بنێن، لە سەروهەموو ئەمانەوە دۆسیەى سوریا هۆکارى بنەڕەتى لێکنزیکبوونەوەى ئەم دوودەوڵەتەبوو بە تایبەتى لە ئەمساڵدا، چونکە هەردوولا دژ بە هەژموونى ئەمریکا و سەرکەوتنى هێزە کوردییەکانن لە سوریا، ترسى گەیشتنى کورد بە دەریاى ناوەڕاست ئەم دوو دەوڵەتەى هەراسان کردوە، ئەمەش ڕوانگەى تورکیاى بەرامبەر بە ئەسەد گۆڕى، تورکیا 2011 داواى دورخستنەوەى لە دەسەڵات دەکرد و ئێستاش هاوشێوەى ئێران وەک بەشێک لە چارەسەر وێناى دەکات ،هاتنە دەرەوەى تورکیا لەو بازنەیەی سعودییە لە ناوچەکە کێشابووى و وەرگۆڕانى پەیوەندییەکانیشى لەگەڵ میسری دواى ئیخوان و وەلانانى هاوپەیمانى ئەمریکا و هەماهەنگى لەگەڵ ئێران لە قەیرانى کەنداو و سوریادا و بێدەنگى بەرامبەر چەکى ئەتۆمى ئێران، نزیکبوونەوەى تورکیا و ئێرانی کردە ڕوداوێکى حەتمى، ئەمە لە پاڵ ترسى هاوبەشیان لە جوڵانەوە چەکدارییەکانى پارتە کوردییەکان لەسەر سنورى هەردوو وڵات. لە دۆخێکى لەم شێوەیەدا سەرجەم خاڵە ناکۆکەکان وەک بەستەڵەکى بەرهەتاو توانەوە و کرانە قوربانى ڕێکەوتن و دانوستان.
داهاتویی پارێزگاى ئیدلیب، یەکەم بژاردە بۆ رێکەوتن
لە ئێستادا ئیدلیب نائارامترین ناوچەى باکورى سوریایە، تاکە ناوچەشە کە لە دەرەوى سنورى ناوچە ئارامەکانە، سەربارى ئەوەى سەنتەرى گروپە توندڕەوەکانیشە، ئەگەرى هەڵاتنى داعش لە دواى شکستى ڕەقە، گۆڕەپانی ئیدلیب هێندەى تر گەرم دەکات، پارێزگاکە بە تەواوی لەژێر دەسەڵاتی بەرەی نوسرەدایە (ئێستا بۆ فەتحی شام ناوەکەی گۆڕاوە)، بەڵام ئەم ناوچە ستراتیژییە، بەنیسبەت تورکیاوە پڕبایەخە، شەڕی تورکیاو ئێران بۆ ئەوەیە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان پێکەوە گرێنەدرێن، بۆیە تورکیا بە هەرنرخێک بێت ویستی خۆسەپێنی هەیە بەسەر ئەم پارێزگایەدا، بۆ ئەوەی هاوشێوەی ڕەقە نەبێتە مەیدانی هێزەکانی سوریایی دیموکرات و ئەمریکا، ڕوونە کە هەریەکە لە ڕوسیاو تورکیا و ئەمریکاو ئێران دەیانەوێت ئیدلیب کۆنتڕۆڵ بکەن، بەڵام پێدەچێت تورکیا و ئێران ڕێککەوتبن لەسەر شوێنپەنجەکانیان لە داهاتووی ئام شارەدا، تەنانەت مۆسکۆش لە لایەن تورکیاوە بانگهێشتی ئەم ڕێکەوتنە کراوە، بەمەش سێکوچکەیەکی بەهێزیان دروستکردووە، هەروەک چۆن شاندێکی هاوبەش پێکهاتووە لە ڕوسیا و ئێران و تورکیا بۆ نەخشەڕێژی سنور وهەژموون لەئیدلیبدا، پێدەچێت قسەی دڵی ئەردۆگان لەم ڕستەیەدە کورت بکرێتەوە، "من ئیدلیب دەبەخشم پێتان، لەبەرامبەر لە باربردنی ئەو کیانە کوردییەیی لە باکوری سوریا دروستبووە". هەروەک چۆن دەبینین لە ١٢ئەیلولدا، جۆرێک لە ڕێکەوتن لە نێوان ئەنقەرە و تاران بە سەرپەرشتی ڕوسیا بۆ لە خۆگرتنی سەربازی لە ئیدلیب کراوە، لەبەرامبەدا ئێران لە باشوری دیمەشق زاڵدەست دەبێت و ناوچەی سەید زەینەبش فراوانتر دەکات . هەر بە پیێی ئەو ڕێکەوتنە بێت مۆسکۆ فشاری کردوە لەڕژێمی سوریا بۆ ئەوەی بونی سەربازی تورکیا لە باکوری سوریا قبوڵ بکات، بە شێوەیەکی قوڵتر لە ڕۆڵی سوپای تورکی لە ئۆپەراسیۆنی (قەڵغانی فورات) کە پێشوتر لە باکوری حەلەب دەستی پێکردبوو، سەرباری ئەوەی دەستە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن پرۆسەی وشکانی دژ بە (هەیئەی تەحریری شام) دەست پێدەکەن، لەژێر بەرگە هەوایی (غطاء جوي) ڕوسی و تورکی لە کۆتایی ئەم مانگەدا.
پەکەکە و پژاک فۆبیای دوو دەوڵەتی هاوسنور
سوپاسالاری ئێران لە تورکیا باسی لە ڕێکەوتنێک کرد دەربارەی پاراستنی ئاسایشی سنورەکانیان، کە دەکەونە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پێناو بەرەنگاربووەی تیرۆر و ئاستەنگدانان لە تێپەڕینی تیرۆرستان، کە مەبەستی سەرەکی جولانەوە چەکدارییەکانی پەکەکە و پەژاک و پارتەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات بوو، ئەردۆگان ڕونتر ڕایگەیاند "چۆن پەکەکە بۆ ئێمە هەڕەشەیە، پژاکیش بۆ ئەوان هەڕەشەیە" هەروەها ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دژیان باسکراوە، بە تایبەتی لە قەندیل و شنگال. ئەمەش واتای ئەوەیە بە درێژایی چوار دەیە لە خەباتی ڕەوای کوردەکان، بە توندکردنی سنور و دروستکردنی دیوار و ئۆپەراسیۆنی سەربازی وەڵامیان دەدرێتەوە، وەک چۆن تورکیا دیواری ئەمنی لە سنوری وڵاتانی سوریا و ئێران و عێراق دروست دەکات. حکومەتی ئێرانیش بە فەرمی پێشوازی لەم کردەیە دەکات، بەمەرجێک بۆ پاراستنی ئاسایش بێت، کە ئاسایشیش لای ئەوان لەناوبردنی خەباتی چەکداری کوردەکانە. بەڵام بیرمان نەچێت لە ڕابردوودا و لە ساڵی ١٩٨٤ و ٢٠١٤شدا، هەریەکە لەم دوودەوڵەتە، باسیان ئاسایشی سنور و هاریکاری ئەمنی و سەربازی کردووە، بەڵام سەرکەوتوونەبوون لە جێبەجێکردنیدا، ئەمە بێجگە لەوەی تورکیا متمانەی بە ئێران نیە لە بەرامبەر پەکەکە وگومانی هاریکاریکردنی دژی توکیا لێدەکات، هەربۆیە پرۆژەی دروستکردنی دیوار زیاتر بۆ ئەم مەبەستەیە. لە هەمان کاتدا قورسە ئێران جەنگی قەندیل و شنگال لەگەڵ تورکیا بکات، ئەگەر تورکیا زیاتر لەمە پێشکەشی ئێران نەکات. هەر وەک چۆن هەفتەیەک دوای لیدوانەکە ئەردۆگان سوپاى پاسدارانى كۆمارى ئيسلامى ئێران لێدوانێکانی ره‌تكرده‌وه‌، كه‌ رايگه‌ياندبوو، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ هه‌يه‌ ئێران و توركيا به‌ يه‌كه‌وه‌ شه‌ڕى په‌كه‌كه‌ بكه‌ن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ڕیكەوتنی ئەم خالە بە شێوەی زارەکیش هەفتەیەک کاتی نەخەیاند.
ئێران توندتر لە تورکیا؛ دژایەتی ڕیفراندۆم دەکات
ئێران لە پەرەسەندن و بەهێزبوونى باشورى کوردستان دەترسێت، ویستیەتی باشور لە دۆخى لاوازیدا بمێنێـتەوە، بۆ ئەوەى هەمیشە مەیدانى دەستوەردانەکانی بێت، نەوەک ببێتە کیانێکى سەربەخۆ و چونەپاڵ میحوەرەکان دژى بەرژەوەندییەکانی، هەربۆیە ئێران گومانی هەیە لەوەی تورکیا کوردەکانی باشور لە کیانێکی سەربەخۆدا دژ بە ئەو بەکار بهێنن، بیانکاتە ئامرازێک بۆ لێدان لە نفوزی ئێران و دابڕینی هیلالی شیعی کە بە خاکی کوردستاندا لە ئێرانەوە تێپەڕدەبێت(پێشتریش ئێران بەرامبەر ئەمریکاو ئیسرائیل، ئەمەی وتووە)، سەربارى ئەوەى هەردووکیان ترسى هاوبەشیان لە ورژاندنى کوردە لە ناوخۆی دەوڵەتەکانیاندا، ئەمەش لە دیدى ئەواندا گەورەترین مەترسى ئاسایشى نەتەوەییە، بۆیە لەم گۆشەیەوە ئەگەری ڕێکەوتن هەیە و هەریەکە لە بەژەوەندی خۆی مامەڵە لەگەڵ باشور دەکات، ئێران خوازیارە تورکیاش توندتر لەوەى ئێستا بەرهەڵستى ئەم کردەیە بکات، چونکە دۆسیەی باشورى کوردستان بە نیسبەت ئەم دوو دەوڵەتەوە خاڵى ناکۆکیان بووە، بە جۆرێک تێڕوانینى جیاواز و مامەڵەى جودایان بەرامبەرى هەیە، تورکیا پێدەچێت تەنیا ڕوکەشانە ڕیفراندۆم ڕەتبکاتەوە و لەبەرژەوەندی خۆیی دژی پلانی ئەمریکا لە ڕۆژئاواو هەژموونی ئێران بیخاتەگەر (هەرچەندە ئەمە باجەکەی قورس دەبێت)، بەڵام ئێران بە تەواوی دژی دەوەستێت چونکە پارچەبوونی عێراق لێدانە لە بەهێزی شیعەکان و وروژاندنی سونننەکانی تر. سه‌ره‌ڕای لە بەرچاوگرتنی سوودی هه‌ر دوو لایان له‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ كوردییه‌كانی ناو حكومه‌تی هه‌ریمی كوردستان هه‌یانه‌. هەروەک چۆن ئێران په‌یوه‌ندییه‌ سیاسی و ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان لە ئاستێکی به‌هێزدایە، له‌ به‌رامبه‌ریشدادا توركیا په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌ رێگه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە لە ئاستێکی په‌ره‌سەندوودایە بە نیسبەت هەردوولاوە بایه‌خێكی گه‌وره‌ی هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر هاتوو ئه‌نقه‌ره‌ و تاران هاوكاری بكه‌ن بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ریفراندۆم، پێویسته‌ هه‌ر یه‌كێكیان به‌ وردی و هه‌ستیارییه‌وه‌ لەگەڵ هاوپەیمانە کوردییەکانیان لە باشور مامەڵەبکەن، ئەم دوو ئاراستەیە لە مامەڵەی جیاواز ئەگەری شێواوی دەدات بە ڕێکەوتنە تیۆرییەکەیان. (هەرچەندە پێشهاتەکانی ئێستا پێمان دەڵێن ڕیفراندۆم لەم وادەیی کە دیاریکراوە ئەنجام نادرێت)
پەلکێشکردنى ڕوسیا بۆ ناو یارییەکە
دژایەتیکردنی کورد لە ڕۆژئاوا، تەنیا بە ئێران تەواو ناکرێت، بۆیە تورکیا خوازیارە ڕوسیاش بهێنێتە ناو گەمەکەوە، بۆئەوەی بێدەنگی و نەرمنوێنی بەرامبەر کوردەکان بگۆڕێت بۆ دژایەتی لە دروستنەبوونی هەرێمێکی فیدڕاڵی لە باکوری سوریادا، سەرەکیترین پاڵنەری زیندووکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ڕوسیاش، ترسی تورکیا بوو لە پشتگیریی زیاتری هێزەکانی سوریایی دیموکرات، بەلام لەگەڵ ئاسایی بونەوەشدا ڕوسیا لێزانانە لەگەڵ ئەم پرسەدا مامەڵەی کرد، بەڵام پاڵپشتی ئەمریکا و پڕچەککردنی پەیەدە بە ئاراستەی لێدان لە ڕێژێـمی سوریا، تێڕوانینی ڕوسای تاڕادەیەک گۆڕی، هەروەک چۆن ئێران و ڕوسیا لەگەڵ تورکیا هەماهەنگن لە پلانی ئێستایان لە ئیدلیب و ڕێکەوتنەکان دەربارەی ناوچەی ئارام چەندین دۆسییەی دیکەی سوریادا (هەرچەندە لە چەندین بابەتدا ناکۆکی جەوهەریان هەیە)، بەمشێوەیە بەرەیەکی سیانیان، لەبەرامبەر بەرەی ئەمریکا و لایەنگرەکانی دروستکردووە یان ویستیانە دروستی بکەن. تورکیا سەرەتا بە تەنیا چووە جەنگی سوریاوە، وای پێشبینی دەکرد سوریاش زنجیرەیەکە لە دەوڵەتە لەرزۆکەکانی بەهاری عەرەبی، بەڵام بە شکستێکی گەورەوە هاتەدەرەوە و هانای بۆ ڕوسیا و ئێران برد، لەم پێناوەشدا بۆچوونەکانی بەرامبەر ئەسەد و ڕژێمەکەی گۆڕی و بە ڕێژەیەکی زۆر لە ئەمریکای هاوپەیمانی هەڵگەڕایەوە و چووە بەرەی دوژمنە دێرینەکانیەوە کە ڕوسیاو ئێرانن. هەر بۆیە نابێ رووسیا له‌ بیر بكرێت، چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ ركابه‌ری یه‌كه‌می ئه‌مریكایه‌ به‌ هۆی هه‌ژموونی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ده‌وروبه‌ریدا. ڕێی تێناچێت له‌ دانووستانه‌كانی ئێران و توركیا له‌ باره‌ی سووریاوه ڕۆلی نەبێت‌، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌م نزیكانه‌دا، هەماهەنگی زیاتر لەبارەی دواین پێشكه‌وتنه‌كانی به‌ریوه‌چوونی ئۆپراسیۆنی ئیدلب لە نێوان تورکیا و ڕوسیادا هەبێت، چونکە ڕوسیا لە ئازاری ئەمساڵەوە ویستی دەستبەسەراگرتنی ئیدلیبی هەبووە، لە عەفرینەوە بە هاوکاری کوردەکان ئەمەش واتای ئەوەیە بە ئیعازی تورکیا سەنگەر لە کوردەکان ناگرێت، چونکە بەرژەوەنی ڕوسیا لەوەدا نیە، بەلام لە چەنین بابەتی دیکەدا دەتوانن گفتوگۆ و ڕێکەوتن بکەن. بەلام نابێت ئەوەمان لەیادبچێت ڕوسیا نایەوێت بە ڕەهایی دژی هەژموونی ئەمریکا بێت، بەڵکو هەردولا دانپێدانانی بەرامبەرییان بۆ یەکتری هەیە.
دۆسیەی دژ بەیەک لە نێوان ئیران و تورکیا و ڕوسیادا
هەم ڕوسیا و ئێران هەم تورکیا و ئێران خاڵی ناکۆک و دژ بەیەکیان هەیە، ئێڕان لە پشتگیرییە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ ئۆپۆزسیۆنی سوریا نیگەرانە، چونکە ئۆپۆزسیۆن دژ بە ئەسەد دەجەنگێت، تورکیاش پێنج ساڵی بەردەوامە پارەداری دەکات، بە بێ ئەوەی دەستکەوتێکی ئەوتۆی بۆ تورکیا هەبووبێت.بە واتایەکی تر ئێران، توركیا به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كات كه‌ كۆمه‌كى گروپه‌ جیهادیه‌ سوننه‌ توندڕه‌وه‌كان ده‌كات له‌ سوریاداو ئاسانكارى بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌چنه‌ ناو داعش له‌ سوریا و عێراق، ترسی تورکیاش لە ئێران هەماهەنگیەتی لەگەڵ پەکەکە و کوردەکانی سوریا هەمیشە بە گومانەوە لەم پرسە دەڕوانێت، هەرواها ئێران ترسی لەوە هەیە کە تورکیا هەوڵی بەهێز‌کردنی سوننەکان دەدات، لەهەمان کاتدا ئەمە ترسێکی بەرامبەریشە، تورکیا ئێران بە فروانکرانی هەژمونی شیعە لە سوریاو عێراق تۆمەتبار دەکات، پێی وایە جەنگی داعش لەلایان ئێرانەوە بە مەبەستی خۆسەپێنی ئێرانە لەو ناوچانەی ئازاددەکرێن و داعش چۆڵیان دەکات، واتا شەڕی زیادکردنی هەژومونی شیعەو سوننە هەم لە سوریا هەم لە عێراق، بابەتی ناکۆکی ئەم دوو دوولەتەیە، ڕوونە ستاریژییەتی ئێران لە سوریا مانەوەی ئەسەدو هاوپەیمانەکانیەتی، بۆ ئەوەی لە سنوری لوبنانەوە بگات بە ئیسرائیل و ڕێگە بازرگاینییەکانی سوریا کۆنترؤل بکات و پێکهاتەی شیعە بکاتە پێکهاتەی ژمارە یەک لە داهاتووی سوریادا، تورکیاش ویستی لەباربردنی کیانی کورد و سیستمەی ڕاگەیانراوی فیدرالی کوردەکانە، لەپاڵ هەوڵدانی کارای بۆ بەهێزکردنی سوننەکان و لێدان لە بەرژەوەندی کوردەکان و پاراستنی ئاسایشی سنورەکانی، بە دیوێکی تریشدا ڕوسیا بە هەژموونی ئێران دڵخۆش نیە، بەڵکو ویستی سنوردانانی هەیە بۆ خۆسەپێنی ئێران، لەبەرئەوەی ئێران خوازیاری ئەوەیە سوریای داهاتوو هاوشێوەی عیراق دەوڵەتێکی لەرزۆک بێت، بۆ ئەوەی هەمیشە لەژێرهەژموونی خۆیدابێت، ڕوسیاش بەپێچەوانەوە خوازیاری سیستەمێکی بە‌هێزە لە سوریا کە لەژێر هەمیمەنەی ئێراندا نەبێت، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی هەژمونی ئەمریکا و ڕێگەنەدان بە دابەشبوونی سوریا و کۆکبونیان لەسەر ڕێگە بازرگانیەکان، ئەم ناکۆکیەی لەبیر بردونەتەوە.
ڕوسیا لە نێوان بەرتاشی کوردەکان و تورکیادا
ڕوونە کە لە شوباتی ئەمساڵدا تورکیا بە چڕی لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی (قەڵغانی فورات)ەوە، ویستی خۆسەپێنی هەبوو بەسەر مینبج و ڕەقەدا، بۆئەوەی کوردەکان بێ بەشبکات لە پێشەڕەویکردنیاندا لەم دوو ناوچەیە، بەڵام تیۆری ئەم پلانە هەر لەسەر کاغەز مایەوە و لە واقیعدا بەرجەستە نەبوو، بۆیە تورکیا دوای هەوڵدانێکی زۆر شکستی هێنا لە وەگیرخستنی ستراتیژە داڕێژروەکانیدا، تەنانەت دژی ئاراستەی تورکیا، ڕوسیا لە عەفرینەوە کەوتە هەماهەنگی لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەل، ئەمەش بووە ئاستەنگێک بۆ سوپای تورکیا، چونکە لەم ڕووەوە ڕوسیا نەیوست بچێتە سەنگەری هاوپەیمانەکەی ئەمریکاوە کە کوردەکانن، ئەمەش واتای ئەوە نیە ڕوسیا لە پێناو بەرژەوەندی ئەمریکا هەنگاو دەنێت، بەڵکو واتای ئەوەیە لەم گۆشەیەوە هەم ئەمریکا هەم ڕوسیا سودمەند دەبن لە هاریکاریکردنی کوردەکان، ڕوسیا هەتا ئێستاش لەهەمبەر کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا نەرمنوێنە، یان ڕاسترە بڵێین دژایەتی جدی نەنواندووە چونکە لەوە تێگەیشتووە کە هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکان سودی زیاترە بەراورد لەگەڵ تورکیا، بە تایبەت لە ئۆپەراسێۆنی ئیدلیبدا، ڕوونە کە ئیدلیب بە شێوەیەکی سەرەکی لەژێر هەژموونی فەتحی شامدایە، ئەم بەرەیەش گومانێکی زۆر دەکرێت کە لەگەڵ تورکیا لە پەیوەندی نهێنیدایە، لە هەمان کاتیشدا دژی سوپای ئەسەد جەنگاوە و دەجەنگێت، کە ئەمەش بە نیسبەت ڕوسیاوە قبوڵکراو نیە، بۆیە دەبینین ڕوسیاو کوردەکان لە ڕابروودا و لە ئیستاشدا لە عەفرین هەماهەنگن، پێشبینی زۆریش دەکرێت ڕوسیا لەپاڵ ئەمریکادا لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگاری ئیدلیبدا، متمانە زیاتر بە کوردەکان هەبێت، لە هەرشوێنێکی دیکەش هەست بکات بەرژەوەندی لەوەدایە لەگەڵ تورکیا هەماهەنگی بکات بێ دودڵی دەیکات، بەڵام پێناچێت بە ڕەهایی دژ بە ویست و ئامانجی کوردەکان بێت، چونکە ڕوونە لە دیدی ڕوسیادا کوردەکان هێزی کاریگەرن لە داهاتووی سوریادا، بەراود بە هێزە ئیسلامی وتوندڕوەکای تر بونیان مەترسی ناخاتەوە، کوردەکانیش سود لە ڕوسیا وەردەگرن لە داهاتووی سوریادا، چونکە کەوتن و شکتپهێنانی ڕژێمەکەی ئەسەد تاڕادەیەکی زۆر لە مەحاڵ نزیک بۆتەوە.
سێ هێڵی ستراتیژی تورکیا دژ بە کوردەکان
تورکیا بە سێ ‌هێڵی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ کێشەی کورد دەکات، یەکەمیان بنیاتنانی دیوارێکی بەربەستە لەسەر سنور، بە شێوەیەکی سێگۆشەیی لەگەڵ ئێران و عێراق بۆ ئەوەی سنوری کوردەکان دابخات، ئەمە بەرژەوەندی ئێرانیشی تێدایە بۆ ئەوەی هاوڵاتیەکانی بەرەو تورکیا هەڵنەیەن (هەرچەندە لەمپەریشە لەبەردەم فراوانخوازیی ئێراندا)، لە سنوری سوریاشەوە بۆ ڕێگری لە ئاوارەکان و سنوردارکردنی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا دیواری دروستکردووە، دووەمیان دروستکردنی هێڵێک یان بەربەستێکە لە ناو خاکی سوریا و عێراق، بۆ پەراوێزخستنی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێگەگرتن لە جوڵەکردن و گەڕانەوەی، چونکە فروانبوونی چالاکییەکانی پەیەدە و پەکەکە لە سوریاو شنگال تورکیایی نیگەران کردووە، ئەم هێڵە پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕژێمی سوریا لە دیمەشق پشتگیری لێدەکەن، بەلام پەیەدە لە سوریا نیگەران دەکات، هێڵی سێهەمیان دەربارەی دروستکردنی هاوپەیمانییەکی هەرێمیە کە ئێران و ڕوسیا و عێراق دەگرێتەخۆی بۆ دژایەتی کوردەکان.

دەرئەنجام:
یەکەم: تورکیا و ئێران قورسە لە بارەى گۆڕینى جوگرافیایی سیاسى، لە عێراق و تەنانەت سوریاش ڕازیبن، چونکە ئەمە لە بەرژەوەندى کوردە و واتاى دانپێدانانە بە دابەشکارى دەوڵەتەکانى خۆشیان لە داهاتوودا. بۆیە بەرامبەر هەر پرسێک ناکۆک بن، بەرامبەر بە تەوقدانى کوردەکان ڕێکدەکەون.
دووەم: نزیکبوونەوەى تورکى _ ئێرانى، مەترسیەکى جدیە بەرامبەر بە کودەکانى هەر چوارپارچە، چونکە ئەم دوو دەوڵەتە لە برى عێراق و سوریاش بڕیار دەدەن، ئەمە بێجگە لەوەى هەر پلانێکیان دژ بە کورد بە نیسبەت عێراق و سوریاوە نەک قبوڵکراوە، بەڵکو جێگەى دەستخۆشیشە،وەک ڕیزپەڕێک گومانی ئەوەش دەکرێت تورکیا ڕیفراندۆم لە بەرژەوەندی خۆیی دژ بە فراوانخۆزی ئێران وهەوڵەکانی ئەمریکا بخاتەگەڕ، ئێران لەمە تێدەگات.
سێهەم: هەڵکشان و بەهێزبوونى کوردەکانی ڕۆژئاوا، وەک هێزێکى نادەوڵەتى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، بووەتە مایەى هەراسانکردنى ئەم دوو دەوڵەتە، تورکیا بە تەنیا ناتوانێت بەرەنگاریانبێـتەوە، بۆیە هاناى بۆ ڕوسیابرد کە تێگەیشت ڕوسیا گەرموگوڕ نیە، لەگەڵ ئێران ڕێکەوت، هەرچەندە ئێستاش قورسە بە ئاسانى پەکەکە و لایەنگرەکانى لە ڕۆژئاوا و قەندیل و شەنگال کۆنتڕۆڵ بکات، هەردولاش لەوە تێدەگەن نابنە دۆستێکی باوەڕپێکراو، بۆیە لە پشتی ڕێکەوتنەوە ئەگەری موئامەرەی بەرامبەری هەیە. سەرباری ئەوەی تورکیا چەنیدنجار ناڕاستەوخۆ ڕایگەیاندوە ترسى له‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ په‌كه‌كه‌ و ئێران له‌ موئامه‌ره‌یه‌كى گه‌وره‌دا بن و پێكه‌وه‌ كاربكه‌ن، دژ بە تورکیا، کە ئەمەش بووتە لاوازی متمانەبوون لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا.
چوارەم: هەنگاونانی بەرەو ئێران نیگەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل وئەوروپا و دەوڵەتانی کەنداو (بێجگە لە قەتەر) بە دوا خۆیدا دەهێنێ، پێدەچێت لە کاردانەوەدا تورکیا زیاترلە ئێستا کەنارگیر و لاوازتر بکرێت، ئەم لاوازییەش چەند لە بەرژەوەندی کوردە ئەوەندەش لە بەرژەوەندی ئێرانە.
پێنجەم: له‌ میانی هاوكاریی هاوبه‌شدا، توركیا و ئێران ده‌توانن ئامانجه‌كانیان به‌ ده‌ستبهێنن، به‌ڵام ئه‌و هاوكارییه‌ی نێوانیان بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ، ده‌بێته‌ هۆی خراپبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.
شەشەم: لە گۆڕەپانی سوریادا، ڕوسیا یاریکەرێکی لێزانە لە پێناو بەرژەوەنی تورکیا جەنگ ناکا، لە پێناو دەستکەوتی ئەمریکاشدا یارمەتی کوردەکان نادا، بەڵکو لەیەککاتدا و بە لە بەرچاوگرتنی ستراتیژ و پلانەکانی هەنگاو دەنێت.
حەوتەم: چەندینجار مامەڵەی جیاواز و به‌رژه‌وه‌ندى جیاواز زاڵبووە،‌ به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان تورکیا و ئێران، به‌تایبه‌تى سه‌باره‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندى ئه‌وان له‌ سوریا و عێراق چەندین خاڵی ناکۆک بەیەکیان هەبووە، بە تایبەت لە دوای ٢٠١١ەوە، لەهەریەکە لە شارەکانی موسل و تەلەعفەر لە عێراق و ڕەقە و حەلەب لە سوریا، بەلام لە ئێستادا لەیەکترتێگەیشتنی ڕێژەیی لە نێوانیاندا هەیە، وەک ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنەوەی تەلەعفەر درکی پێکرا، نیشانەکانی ڕێکەوتنی پێشوەختە لە نێوانیاندا زۆر زەقبوون.
هەشتەم: ئه‌گه‌ر بێت و پارتى یه‌كێـى دیموكراتى سوریا (پەیەدە) و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، لە سوریادا بیانە‌وێت ناوچه‌ و هه‌رێمى زیاتر بخەنە ژێر ڕكێفى خۆیانەوه‌ ئه‌وا توركیا و ئێران بەرەنگاریان دەبنەوە، به‌تایبه‌تى دواى له‌ناوبردنى داعش له‌وناوچانه‌ . سیستەمی فیدڕاڵی و خۆبەڕێوەبەری کوردەکانی ڕۆژئاوا بابەتێکە بە نیسبەت هەردوو دەوڵەتەوە ڕەتکراوەیە، چونکە هەردوولا کۆکن لەسەر ئەوەی هه‌رێمێكى ئۆتۆنۆمى كوردى (له‌ سوریا) ده‌بێـه‌ هۆى دابه‌ش بوون و له‌ت له‌ت بوونى ئێران و عێڕاق و سوریا و توركیا. ئەمە خاڵی هاوبەشیانە لەپاڵ خالە ناکۆکەکانیان لە سوریا.

لیستی سەرچاوەکان
(1)فيلب روبنس، تركيا والشرق الأوسط، ترجمة ميخائيل نجم خوري، دار قرطبة،1993.
(2)حدود التقارب التركي ـ الإيراني،شرق الاوسط.
(3)إيران وتركيا وروسيا والسعي لمثلث إقليمي جديد،شرق الاوسط
(4)تركيا وإيران.. تقارب الأضداد ضد الأكراد،روسيا اليوم
(5)Erdoğan conveys ‘unease' to Mattis over US backing for PYD
(6)روسيا وإيران وتركيا تناقش تخفيف التصعيد في إدلب،روسيا اليوم
(7)زيارة رئيس الأركان الإيراني لتركيا.. أسباب ودلالات،شبكة تركيا العربية.
(8)كواليس زيارة رئيس أركان الجيش الإيراني إلى تركيا،جريدة زمان التركية.
(9) In the midlle east, longtime rivals rty a temporary alliance, worldview stratfor.
(10) صفقة بين تركيا و إيران برعاية روسية فى سوريا، الشرق الاوسط.
(11) مصالح تركيا وروسيا وإيران تقاطعت في سوريا، لفورين بوليسي.

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure