بۆرما
3008 جار بینراوە 4/9/2017 01:02 PM

بۆیه‌كه‌مجار ڕاستی ڕووداوه‌ كاره‌ساتاویه‌كه‌ی بۆرما بزانه‌



سنورمیدیا 

لەماوەی یەک هەفتەدا زیاتر لە (400) هاوڵاتی موسڵمانی میانمار لەلایەن سوپای ئەو وڵاتەوە کوژراون و (1200) خانویان سوتێنراوە و زیاتر لە (80) هەزار کەسیان ئاوارەی بەنگلادیش بون، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی تائێستا کەمترین کاردانەوە بەرامبەر روداوەکانی ئەو وڵاتە هەیە.

 

فیفیان تان، وتەبێژی کۆمسیۆنی پەنابەرانی جیهان رایگەیاند: زیاتر لە (80) هەزار هاوڵاتی میانمار کە زۆرینەیان موسڵمانانی کەمینەی رۆهینگای میانمارن ئاوارەی بەنگلادیش بون، کە لەترسی کوشتن و سوتاندن و پاکتاوی رەگەزی ناچاربون وڵاتەگەیان بەجێبهێڵن.

 

راشیگەیاند: تەنها لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە (58) هەزار و (600) هاوڵاتی لە ویلایەتی راخین ئاوارەبون و ئەگەری ئاوارەبونی ژمارەیەکی زیاتری دانیشتوانی ئەو وڵاتە هەیە.

 

بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵ؛ تەنها لەسەرەتای دەست پێکردنی توندوتیژییەکانی سەرەتای ئەم هەفتەیەوە زیاتر لە (400) موسڵمانی رۆهینگا کوژراون و ژمارەیەکیان لەکاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بەنگلادیش کوژراون.

 

هاوکات نوسینگەی بەرنامەی خۆراکی نەتەوەیەکگرتوەکان جەختی کردەوە؛ (250) هەزار هاوڵاتی موسڵمانی رۆهینگا لە میانمار خۆراکی پێویستیان دەست ناکەوێت و بەهۆی توندوتیژییەکانەوە ناچاربون گەیاندنی خۆراک بەو بەشەی میانمار رابگرن کە لە ئێستادا لەلایەن سوپای میانمارەوە هەڵمەتێکی کۆمەڵکوژی و سوتاندنی هاوڵاتیانیان لە ویلایەتی راخین دەست پێکردوە.

 

بۆرما - میانمار

بۆرما، یان میانمار، یه‌كێكه‌ له‌ وڵاتانی‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ ئاسیا و له‌ باكوری‌ رۆژهه‌ڵاته‌وه‌ دراوسێ چینه‌، له‌ باكوری‌ رۆژئاواشه‌وه‌ دراوسێی هیندستان و به‌نگلادیشه‌. سنوره‌كانی‌ باشوری به‌سه‌ر كه‌نداوه‌كانی به‌نگال و زه‌ریای‌ هیندییدا درێژ ده‌بێته‌وه‌ و به‌شێكی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر نیمچه‌ دورگه‌ی‌ مه‌لایۆ.

 

به‌پێی‌ ئاماره‌كان (70%)ی‌ میانمار بوزین و (20%)ى موسڵمانن و (3%)ى هیندۆسین و (2%)ى سه‌ر به‌ ئایینه‌كانی دیکەن.

 

بۆچی‌ موسڵمانه‌كانی‌ میانمار کۆمەڵکوژ دەکرێن؟

محه‌مه‌د نه‌سر، یه‌كێك له‌ چالاكوانه‌ موسڵمانه‌كان باسی له‌وه‌كردوه‌ كه‌ هۆكاری‌ كوشتاره‌كانی ئه‌مدواییه‌ی‌ موسڵمانه‌كان ئه‌وه‌یه‌؛ حكومه‌ت رایگه‌یاندوه‌، "فۆرمی‌ هاوڵاتیی بون" بدات به‌ موسڵمانه‌كان له‌ ئه‌راكان، كۆمه‌ڵگه‌ی‌ بوزی‌-یش كه‌ زۆرینه‌ن، ئه‌م بڕیاره‌ به‌ جه‌نگ دژ به‌ خۆیان ده‌زانن، چونكه‌ تائێستاش پێیانوایه‌ موسڵمانه‌كان نه‌ژادێكی ره‌سه‌نی‌ بۆرمی‌ نین و نیشته‌جێ كراون.


زنجیره‌ی‌ مێژویی مه‌رگه‌ساتی‌ موسڵمانه‌كانی میانمار

له‌ سه‌ده‌ی‌ حه‌وته‌می زایینی‌-یدا ئیسلام له‌سه‌ر ده‌ستی‌ بازرگانه‌ موسڵمانه‌كان چوه‌ته‌ میانمار، باس له‌وه‌ده‌كرێت زۆر پێش ئه‌و مێژوه‌ ئیسلام چوبێته‌ میانماروه‌.

 

ساڵی‌ (1420)، میرنشینی‌ ئه‌راكان-ی‌ ئیسلامی دروست بو، بۆ ماوه‌ی‌ (350) ساڵ (48) پادشای‌ موسڵمان ده‌سه‌ڵاتیان له‌ ده‌ستدا بو.


ساڵی‌( 1784)، میرنشینه‌كه‌ روخێنراو له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داگیركاری‌ بوزییه‌كان كرا به‌ هه‌رێم و له‌وكاته‌وه‌ راگواستن و كوشتنی‌ موسڵمانه‌كان ده‌ستی پێكرد.


ساڵی‌ (1824)، سه‌رجه‌م خاكی‌ میانمار كه‌وته‌ ژێر ده‌ستی‌ به‌ریتانیاوه‌و له‌سه‌ر حسابی كه‌مینه‌ی‌ (رۆهنجا)ی‌ كه‌مینه‌ موسڵمان، بوزییه‌ بۆرمییه‌كانی‌ به‌هێزكرد.

ساڵی‌ (1942)، موسڵمانه‌كان له‌ ئه‌راكان روبه‌ڕوی‌ كوشتار بونه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ نه‌ته‌وه‌ی (ماگ)ی‌ بوزی و (100) هه‌زار كه‌س له‌ ژن و پیاوی‌ پیر و منداڵ كوژران و به‌ ناچاری‌ نیو ملیۆنیان كۆچیان كرد بۆ ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات.


ساڵی‌ (1948)، میانمار سه‌ربه‌خۆیی له‌ به‌ریتانیا وه‌رگرت، مافی چاره‌ی‌ خۆنوسین-یش درا به‌ موسڵمانه‌كانی‌ ئه‌راكان، به‌ڵام تا ئه‌مڕۆ بوزییه‌ بۆرمییه‌كان ره‌تی‌ ئه‌و مافه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌.


ساڵی‌ (1062) نی وین، ژه‌نه‌راڵی‌ بۆرمی‌ و شیوعی، له‌ رێگه‌ی‌ كوده‌تای‌ سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ستیگرت به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدا و قۆناغێكی دیکەی له‌ كوشتاری‌ موسڵمانه‌كان ده‌ستی پێكرد.
ساڵی‌ (1978)، به‌هۆی‌ زه‌برو زه‌نگی ده‌سه‌ڵاتی‌ سه‌ربازی شیوعییه‌كانه‌وه‌، نیو ملیۆن موسڵمان ناچاربون وڵات جێبهێڵن.


ساڵی‌ (1982)، به‌بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ دوای‌ ساڵی‌ (1824) چونه‌ته‌ میانماروه‌، ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی یاسایه‌كی ده‌ركرد و موسڵمانه‌كانی له‌ مافی "هاوڵاتیی بونی بۆرمی‌" بێبه‌شكردو له‌ بری‌ شوناسنامه‌، فۆرمێكی تایبه‌تی‌ پێدان.


ساڵی‌ (1988) قۆناغی ده‌سه‌ڵاتی‌ ژه‌نه‌راڵ نی وین كۆتایی هات و بۆماوه‌یه‌كی كه‌م، میانمار به‌شێوه‌ی‌ دیموكراتی‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، پێش ئه‌وه‌ی‌ تا ئه‌مڕۆ سوپا ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست.


ساڵی‌ (1991) ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ستیان كرد به‌ كوشتاری‌ موسڵمانه‌كان و زۆرێك له‌ مزگه‌وته‌ مێژوییه‌كان روخێنران و هه‌زاره‌ها موسڵمان كوژران، هه‌ر له‌وكاته‌شدا (350) هه‌زار موسڵمانه‌ به‌ره‌و وڵاتی‌ به‌نگلادیش هه‌ڵاتن.


ساڵی‌ (2001)، سه‌رله‌نوێ كوشتارێكی‌ دیكه‌ی‌ موسڵمانه‌كان ده‌ستی پێكرده‌وه‌ به‌ بیانوی‌ ده‌ستدرێژیی كردن بۆ سه‌ر راهیبه‌ بوزییه‌كان، دواتریش ده‌ركه‌وت ئه‌و راهیبانه‌ سه‌رباز بون و جل وبه‌رگی راهیبیان له‌به‌ردا بوه ‌و مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بوه‌ وه‌ك پاساوێك بۆ كوشتنی‌ موسڵمانه‌كان، ئاشوب بنێنه‌وه‌.

ره‌چه‌ڵه‌كی موسڵمانه‌كان

موسڵمانه‌كان كه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ "رۆهینگا" ناسراون، سه‌ر به‌ ره‌چه‌ڵی‌ (مۆرۆ، تورك، مه‌غۆل، باتان، به‌نگال)ن و ژماره‌یان (10) ملیۆن کەس ده‌بێت، كه‌ (20%)ی‌ میانمار پێكدێنن، زۆربه‌یان له‌ هه‌رێمی راكان نیشته‌جێن، به‌ڵام له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ به‌ شه‌ش ملیۆن ده‌درێنه‌ قه‌ڵه‌م و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش هه‌وڵی‌ ئه‌وه‌ ده‌درێت باری‌ دیمۆگرافی هه‌رێمی‌ به‌ نیشته‌جێكردنی بوزییه‌كان بشێونرێت.

موسڵمانه‌كان له‌ میانمار چۆن ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌؟

به‌پێی‌ ئاماره‌كان، تائێستا (1.5) ملیۆن بۆ دو ملیۆن موسوڵمان ده‌ركراون و به‌شێوه‌یه‌كی جیاجیاو به‌ كۆمه‌ڵ، زیاتر له‌ (200) هه‌زار كه‌سیان لێ كوژراوه‌.

(20) هه‌زار حاڵه‌تی‌ ده‌ستدرێژی‌ و ئه‌تككردن و گێچه‌ڵی‌ سێكسی، تۆماركراوه‌، زیاتر له‌ (40) هه‌زاریان له‌ زینداندان و پێنج هه‌زار خوێندنگه‌و مزگه‌وتیان روخێنراون.

 

ده‌سه‌ڵاتداران، له‌بری‌ پیتی‌ عه‌ره‌بی، پیته‌كانی‌ قورئانیان وه‌رگێڕاوه‌ته‌وه‌ سه‌ر زمانی‌ بۆرمی‌ و خوێندنی‌ بوزیان بردوه‌ته‌ خوێندنگای‌ موسڵمانه‌كانه‌وه‌.
ناچار ده‌كرێن ناوه‌كانیان بۆ ناوی‌ بوزی‌ بگۆڕن و جل و به‌رگه‌ ئیسلامییه‌كانیان داماڵن.


ناچارده‌كرێن به‌بۆنه‌ی‌ جه‌ژنه‌ بوزییه‌كانه‌وه‌ ئاهه‌نگ بگێڕن و رێگه‌ش ناده‌ن ئه‌وان جه‌ژنه‌ ئیسلامییه‌كان بگێڕن.

بوزییه‌كان ده‌ستكاری‌ مزگه‌وته‌كان ده‌كه‌ن و به‌بیانوی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ كردنیان زۆرێكیان ده‌ڕوخێنن، به‌كارهێنانی‌ بڵنگۆش له‌سه‌ر مزگه‌وته‌كان قه‌ده‌غه‌یه‌.


رێگه‌ نادرێت له‌ جه‌ژنی‌ قورباندا موسڵمانه‌كان ئاژه‌ڵ سه‌رببڕن و به‌زۆر گۆشتی‌ به‌راز و خواردنه‌وه‌ سه‌رخۆشكه‌ره‌كان ده‌به‌نه‌ ناو بازاڕه‌كانیان و ناچاریان ده‌كه‌ن به‌ كڕینیان.
هیچ گۆڕستانێكی نوێ بۆ موسڵمانه‌كان ته‌رخان ناكرێت.

رێگه‌ی‌ چون بۆ حه‌ج و عه‌مره‌یان نادرێت، به‌ مۆڵه‌ت نه‌بێت ناتوانن له‌ گوندێكه‌وه‌ بۆ گوندێكه‌ دیكه‌ سه‌فه‌ر بكه‌ن و چه‌ندین جۆر سزا و باجیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌، پێویستكراوه‌ له‌سه‌ریان به‌روبومه‌ كشتوكاڵیه‌كانیان ته‌نها به‌ سوپا بفرۆشن.


ژماره‌ی‌ منداڵبونیان دیاریكراوه‌، پێش (25) ساڵ، كچه‌ موسڵمانه‌كان ناتوانن شو بكه‌ن، پیاوه‌ موسڵمانه‌كانیش ده‌بێت له‌ (30) ساڵیدا ژن بێنن.


له‌كاتی‌ سكپڕیدا ده‌بێت ژنه‌ موسڵمانه‌كان بچن بۆ نه‌خۆشخانه‌ سه‌ربازییه‌كان و له‌وێش به‌ بیانوی‌ پشكنینی‌ كۆرپه‌كانیان، زۆرێكیان ده‌ستدرێژیان ده‌كرێته‌ سه‌ر.


له‌مدواییانه‌دا به‌ بیانوی‌ ئه‌وه‌ی‌ منداڵیان زۆره‌، بۆ ماوه‌ی‌ سێ ساڵ منداڵبونیان لێ قه‌ده‌غه‌كرا.

 

له‌سبه‌ی یه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure