گه‌ڕانه‌وه‌ی ململانێی میحوه‌ره‌كان له‌ ناوچەکە
477 جار بینراوە 13/8/2017 09:35 PM

قه‌یرانی كه‌نداو و لێكه‌وته‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌



 ن: سقرات ئه‌ل عه‌لو
و: به‌ختیار كاكی

پوخته‌
سه‌ردانه‌كه‌ی دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕیاز له‌ 20 ئایاری 2017 ، سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ گۆڕانكاری گه‌لێكی گه‌وره‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌خۆوه‌ی ببینێت به‌ تایبه‌ت له‌ سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی. لێدوانه‌كانی ترامپ و هه‌ڵبژاردنی ڕیاز تا ببێت به‌ یه‌كه‌مین وێستگه‌ی ده‌ره‌كی و بڕی گرێبه‌سته‌كانی له‌گه‌ڵ سعودییه‌، ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ ترامپ نیه‌تی وایه‌ گۆڕانكاری ڕیشه‌یی له‌ سیاسیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیداری ئۆباما بكات به‌ تایبه‌ت ئه‌وه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ به‌ هاوپه‌یمانێتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ نێوه‌نده‌كانی قه‌یران له‌ ناوچه‌كه‌. ئه‌م گۆڕانكارییه‌ له‌ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكادا، پاڵنه‌ر بوو بۆ گۆڕانكارییه‌كی دیكه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارسه‌نگی هێز له‌ ناوچه‌كه‌ كه‌له‌ ساڵی 2015 به‌ پێی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی وڵاتانی كه‌نداو داڕێژرابوو، به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی ڕیاز ، میحوه‌ری (سعودییه‌، ئیمارات و میسڕ) بڵێسه‌یان به‌ ئاگری قه‌یران دا له‌ گه‌ڵ قه‌ته‌ر كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ پێك هێنه‌ره‌كانی سێكوچكه‌ی (توركی - ئیسلامی) داده‌نرێت له‌ ناوچه‌كه‌، ئه‌وه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ململانێی میحوه‌ره‌كان له‌ ناوچه‌كه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا، ئه‌زمونی پێشوو له‌ ململانێی میحوه‌ره‌ ناوچه‌ییه‌كان، هێمایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ پشتیوانی وه‌ڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ ته‌نها به‌س نییه‌ بۆ سه‌ركه‌وتنی میحوه‌رێك به‌سه‌ر میحوه‌رێكی دی له‌ ناوچه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر میحوه‌رێك خاوه‌ن ئامرازی تایبه‌ت به‌ خۆیه‌تی بۆ گۆڕینی هاوكێشه‌كان و نغرۆكردنی ناوچه‌كه‌ به‌ ململانێی كاره‌ساتباری دیكه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام بوونی قه‌یرانی كه‌نداو و په‌ره‌سه‌ندنی به‌ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت كه‌ ئیدی ئه‌م جاره‌ ئه‌سته‌م ئه‌بێت كۆنتڕۆڵ كردنی و كه‌نداویش به‌دوور نابێت له‌ كاریگه‌ریه‌كانی. ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك ده‌بێت به‌ هه‌ره‌س هێنانی ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ سیاسیانه‌ی كه‌ ئاشته‌وایی ساڵی 2015 سیمای كێشابوو و ئه‌مه‌ش به‌ نۆبه‌تی خۆی ئه‌بێته‌ ئاڵۆزتر كردنی دۆسێ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی ناوچه‌كه‌ (سوریا، لیبیا و یه‌مه‌ن)، ئه‌و دۆسێیانه‌ی كه‌ هه‌ردوو میحوه‌ره‌كه‌ به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ تێوه‌ی گلاون، ئه‌مه‌ش په‌راوێزی زیاتر دروست ئه‌كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی میحوه‌ری (ئێران - ڕوسیا) بۆ مانۆر دان و كه‌م بایه‌خ كردنی پێكهاتنی ئه‌مه‌ریكا و سعودییه‌ له‌سه‌ر ئێران و بریكاره‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌. هه‌روه‌ها ده‌رگا ئه‌كاته‌وه‌ به‌ ڕووی نێو ده‌وڵه‌تی كردنی قه‌یرانه‌كه‌، ئه‌مه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی وڵاتانی كه‌نداو نابێت و ده‌بێته‌ خاڵی فشار و له‌دژی وڵاتانی كه‌نداو به‌كار ئه‌هێنرێت له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌.
سه‌ره‌تا
ئه‌و په‌ره‌ سه‌ندنه‌ی كه‌ دژایه‌تی قه‌ته‌ر به‌ خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ له‌ ده‌ركردنی بڕیاره‌وه‌ بیگره‌ تا ده‌گاته‌ بڕیاری گه‌مارۆ و به‌كار هێنانی میدیا، له‌چاو وێستگه‌كانی پێشووتری ناكۆكییه‌كانی كه‌نداو بێ وێنه‌ بووه‌ و ئه‌مه‌ش پێشه‌كییه‌كه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ململانێی میحوه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ كه‌ تیایدا وڵاتانی كه‌نداو ڕۆڵی نوكه‌ ڕمه‌كه‌ ده‌بینن تیایدا، ئه‌مه‌ش به‌نۆبه‌ی خۆی ده‌بێته‌ هۆی ئاڵۆز تر كردنی دۆسێ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی ناوچه‌كه‌ (سوریا، لیبیا و یه‌مه‌ن)، ئه‌و دۆسێیانه‌ی كه‌ هه‌ردوو میحوه‌ره‌كه‌ به‌ شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ تێوه‌ی گلاون وئه‌مه‌ش په‌راوێزی زیاتر دروست ده‌كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی میحوه‌ری (ئێران - ڕوسیا) بۆ مانۆر دان و كه‌م بایه‌خكردنی نزیك بوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و سعودیه‌ له‌مه‌ڕ ئێران و بریكاره‌كانی له‌ناوچه‌كه‌، به‌ پێی ئه‌وه‌ی كه‌ باسی لێوه‌ كرا، ئه‌م كاره‌ شیكارییه‌ هه‌وڵ ده‌دات ململانێی كه‌نداو / كه‌نداو شرۆڤه‌ بكات له‌ دیارترین وێستگه‌كانی دا و شیكاری كاریگه‌رییه‌كانی بكات له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ و دۆسێكانی تا ده‌گاته‌ به‌ ئاشته‌وایی ساڵی 2015 و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وته‌كانی چاره‌سه‌ری سیاسی له‌ ناوچه‌كه‌ و دواتر خوێندنه‌وه‌یه‌ك بۆ لێكه‌وته‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی به‌رده‌وام بوونی قه‌یرانی كه‌نداو ئه‌كرێت له‌سه‌ر دۆسێ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان (سوری و یه‌مه‌نی ولیبی)، به‌ ئامانجی كێشانی سیمای نه‌خشه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌ ناوچه‌ییه‌ نوێكان له‌ ژێر ڕۆشنایی قه‌یرانه‌ی ئێستای كه‌نداو.
یه‌كه‌م: كه‌نداو قه‌ته‌ر (قه‌یرانێكی درێژ خایه‌ن)
قه‌یرانی كه‌نداو له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر نوێ نییه‌، به‌ڵكو ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1995، كاتی به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی حه‌مه‌د كوڕی خه‌لیفه‌ و خۆ جیاكردنه‌وه‌ی قه‌ته‌ر له‌ كه‌نداو له‌ ڕێگه‌ی سیاسه‌تی نێوه‌ند گیری كردن له‌نێوان دژه‌كاندا (ئیسڕائی و حه‌ماس، وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و تاڵیبان، ڕوسیاو ئیسلامییه‌ دژه‌كانی) به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ سیاسه‌ت و هاوپه‌یمانه‌كانی ناڕوون كرد، هه‌روه‌ها بوونی "كه‌ناڵی جزیره‌ی" شێوه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئازاد و نوێی سه‌پاند به‌سه‌ر ڕاگه‌یاندنی عه‌ره‌بی دا، ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ سیسته‌می سیاسی وڵاتانی كه‌نداو نه‌خوازراو بن سه‌رباری گۆڕانی قه‌ته‌ر و بوونی به‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئاسایش بۆ جوڵانه‌وه‌ ئیسلامییه‌كان و عه‌ره‌به‌ ڕۆشنبیره‌كان ئه‌وانه‌ی كه‌ مه‌یلیان به‌لای بیری نه‌ته‌وه‌ییدا ده‌چوو، ئه‌مه‌ش شتێك نه‌بوو كه‌ به‌دڵی وڵاتانی كه‌نداو بێت.
تێكڕای ئه‌و هۆكارانه‌ ، قه‌یرانێكی چه‌پێنراوی دروست كرد له‌نێوان وڵاتانی كه‌نداو و قه‌ته‌ردا و وای كرد ناو به‌ناو ئه‌و قه‌یرانه‌ ده‌ر بكه‌وێته‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌ گه‌لی جیاوازدا و بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌نداو به‌سه‌ر میحوه‌ره‌ هه‌رێمایه‌تییه‌كاندا دابه‌ش ببێت هه‌روه‌ك له‌ كاتی شه‌ڕی تموزی 2006 له‌ باشوری لوبنان و پڕۆسه‌ی "گولله‌ی ڕژاو" له‌ غه‌زه‌ له‌ساڵی 2009 ڕووی دا، له‌و شه‌ڕانه‌دا به‌ ڕوونی ناكۆكییه‌كان له‌ نێوان قه‌ته‌ر و وڵاته‌كانی دیكه‌ی كه‌نداو ڕوویان دا و تیایدا هه‌ڵوێستی عه‌ره‌بی دابه‌ش بوو به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا كه‌ یه‌كه‌میان (قه‌ته‌ر، سوریا، توركیا، ئێران، حیزبوڵا) له‌خۆ ده‌گرێت و دووه‌مینیشیان (سعودییه‌ و وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو، میسڕ و ئه‌رده‌ن) له‌ خۆ ده‌گرێت.
له‌ ساڵی 2011 ، به‌هاری عه‌ره‌بی سه‌ره‌تای ده‌ست پێكردنی قۆناغێكی نوێ بوو له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی قه‌ته‌ڕ و وڵاتانی كه‌نداو به‌هۆی پشتیوانی كردنی قه‌ته‌ر له‌ شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و هاتنه‌وه‌ی دیدی قه‌ته‌ڕ له‌گه‌ڵ دیدی توركیا و ئه‌مه‌ریكا له‌مه‌ڕ گه‌یشتنی ئیخوان موسلمین به‌ ده‌سه‌ڵات، ئه‌م كاره‌ش ترسی له‌لای وڵاتانی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو دروست كرد به‌ تایبه‌ت سعودییه‌ و ئیمارات له‌وه‌ی كه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ شه‌پۆله‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی بگاته‌ كه‌ناراوه‌كانی كه‌نداو، ئه‌مه‌ش پاڵی به‌ وڵاتانی كه‌نداوه‌وه‌نا تا قۆناغی "چوونه‌وه‌ یه‌ك و به‌رگری له‌ خۆ كردن و خۆلادان له‌ زریانه‌كه‌ تا ئارام ئه‌بێته‌وه‌" هه‌ڵبژێرێت، تا دواتر ناكۆكییه‌كانی كه‌نداو ده‌ركه‌وێته‌وه‌ و له‌ ساڵی 2013 بگاته‌ لوتكه‌ و ناوچه‌كه‌ دابه‌ش بكاته‌وه‌ به‌سه‌ر دوو میحوه‌ری ڕكابه‌ردا، میحوه‌ری شۆڕشه‌كان (توركیا،قه‌ته‌ر و ئیسلامییه‌كان) و میحوه‌ری دژه‌ شۆڕش (سعودییه‌، ئیمارات و وڵاتانی دیكه‌ی كه‌نداو)، میحوه‌ری سێهه‌میش ئێران بوو كه‌ له‌ په‌راوێزی ململانێی هه‌ردوو میحوه‌ره‌كه‌ كاری ده‌كرد. ململانێی میحوه‌ره‌كان پاشه‌كشێیه‌كی گه‌وره‌ی دروست كرد له‌ شۆڕشه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌ وڵاتانی ناوچه‌كه‌
دووه‌م: ململاێنی میحوه‌ره‌كان (شكستی به‌هاری عه‌ره‌بی)
دیارترین ده‌ره‌نجامی ململانێی میحوه‌ره‌كان له‌ نێوان ساڵه‌كانی 2013- 2014 ، له‌ده‌ست دانی ده‌ستكه‌وته‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی و دروست كردنی قه‌یران بوو، ده‌ره‌نجامه‌كانی ململانێكه‌ش له‌و ماوه‌یه‌دا به‌م شێوه‌یه‌ی لای خواره‌وه‌ دابه‌ش بوو:
أ‌. سوریا (له‌ شۆڕشه‌وه‌ به‌ره‌و قه‌یران)
كاریگه‌ری ململانێی كه‌نداو له‌ ساڵی 2013 به‌ چه‌ند ئاڕاسته‌یه‌ك كاری كرده‌ سه‌ر شۆڕشی سوریا، له‌سه‌ر ئاستی سیاسی ئه‌م ململانێیه‌ "قه‌یرانی سه‌ركردایه‌تی" دروست كرد له‌ناو ڕیزه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و پێك هاته‌ی نوێی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی، ئه‌مه‌ش وای كرد كه‌ هاوپه‌یمانی نیشتیمانی هێنده‌ی سه‌رقاڵی به‌ده‌ست هێنانی ڕه‌وایه‌تی نێوه‌ده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی بێت، هێنده‌ سه‌رقاڵی به‌ده‌ست هێنان ڕه‌وایه‌تی ناوخۆ و به‌ده‌ست هێنانی ده‌ستكه‌وت نه‌بێت، ده‌ره‌نجام ئه‌م كاره‌ بووه‌ هۆی لاواز كردنی سه‌ركردایه‌تی ئۆپۆزسیۆنی سوریا و پشت به‌ستنی زیاتر به‌ هاوكاری ده‌ره‌كی و شكست پێهێنانی ئه‌زمونی حكومه‌تی كاتی سوریا. له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربازیش: ناكۆكی و ململانێی پشتیوانی لێكه‌ره‌ ناوچه‌یه‌یكانیش كاریگه‌ری دروست كرد له‌سه‌ر چۆنییه‌تی به‌ڕێوه‌ بردنی دۆسێی سوریا له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌، ئه‌م كاره‌ش به‌ شێوه‌یه‌كی نێگه‌تیڤ پشتیوانی سوپای ئازادی كه‌م كرده‌وه‌ و له‌ به‌رامبه‌ر دا بووه‌ هۆی به‌هێز كردنی كه‌تیبه‌ ئیسلامییه‌كان، ئه‌و كه‌تیبانه‌ی كه‌ له‌ دوای پاشه‌كشێی سوپای ئازاد، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌لیان كێشاو گه‌وره‌ بوون، ئه‌م كاره‌ش بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێت بۆ ڕژێمی سوریا و میلیشیا ئێرانیه‌یكان تا له‌ سه‌ر زه‌وی و له‌ ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ ده‌ست پێشخه‌ر بن، په‌لكێشانی ڕێكخراوی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له‌ سوریا و ڕاگه‌یاندنی خه‌لافه‌ت له‌ 29 حوزه‌یرانی 2014 ، شۆڕشی سوریای كرده‌ قه‌یرانێكی نێوده‌وڵه‌تی به‌ناونیشانی "تیرۆر و په‌نابه‌ره‌كان".
ب‌. میسڕ (دژه‌ شۆڕش)
میسڕ یه‌كێك بوو له‌ پڕ مه‌ترسی دارترین وێستگه‌كانی ململانێی كه‌نداو ، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌زگای ڕاگه‌یاندن به‌ هاوكاری پاشماوه‌كانی ڕژێمه‌كه‌ی موباره‌ك ، ڕۆلێكی گه‌وره‌یان گێڕا له‌ جوڵاندنی شه‌قامی میسڕ له‌ دژی ئیخوان موسلیمینی هه‌ڵبژێردراو، تا ببێته‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ پشتیوانی كردن له‌و كوده‌تایه‌ی كه‌ عه‌بدول فه‌تاح سیسی وه‌زیری پێشه‌وایه‌تی ده‌كرد له‌ دژی محه‌مه‌د مورسی هه‌ڵبژێردراو كه‌ بووه‌ هۆی شكست هێنان به‌ ته‌واوی ده‌ست كه‌وته‌كانی شۆرشی میسڕ، هه‌روه‌ها كه‌لێنێكی له‌ شوناسی كۆمه‌ڵگه‌ی میسڕیدا دروست كرد كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ دابه‌ش بوو به‌سه‌ر ئیخوانی و ئه‌وانه‌ی كه‌ ئیخوانی نه‌بوون و ده‌رگای به‌ ڕووی تیرۆردا كرده‌وه‌ وه‌ك كاردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ داپڵۆسینی ده‌سه‌ڵات، شه‌كه‌ت كردنی میسڕ له‌ ڕووی ئابورییه‌وه‌ دواجار بووه‌ هۆی ده‌ركردنی میسڕ له‌ بازنه‌ی بڕیاری عه‌ره‌بی له‌ به‌رژه‌وه‌ندی پاشكۆیه‌تی ڕژێمه‌كه‌ی سیسی كه‌ به‌ دوای ڕه‌وایه‌تییدا ده‌گه‌ڕا بۆ پشتیوانی لێكه‌رانی له‌ سعودییه‌ و ئیمارات.
ت‌. تونس (دووباره‌ بوونه‌وه‌ی سیناریۆ)
له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵی بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی ئه‌زمونی میسڕ له‌ خستنی ده‌سه‌ڵاتی ئیخوانه‌كان، چه‌ند هه‌وڵێك ده‌ستی پێكرد بۆ دووباره‌ كردنه‌وه‌ی هه‌مان سیناریۆ له‌ تونس كه‌ ئه‌گه‌ر دانایی "جوڵانه‌وه‌ی نه‌هزه‌" نه‌بوایه‌ - كه‌ وه‌ك دیار بوو دركی به‌ ململانێی میحوه‌ره‌كان كردبوو - كه‌ بڕیاری دا تونس به‌دوور بگرێت له‌وه‌ی كه‌ له‌ میسڕ ڕووی دا، هه‌مان سیناریۆش له‌ تونس دوو باره‌ ئه‌بۆوه‌. له‌ تونس حكومه‌تی جوڵانه‌وه‌ له‌ دوای كۆنگره‌ی گفتوگۆی نیشتیمانی ، حكومه‌تێكی ته‌كنۆقرات دروست كرا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌هدی جومع له‌ كانونی دووه‌می 2014 .
پ‌. یه‌مه‌ن (ئاڵۆزكردنی قه‌یران)
فۆبیای ئیخوان موسلمین وای له‌ ئیمارات و سعودییه‌ كرد كه‌ به‌ بێ ڕه‌چاوكردنی لێكه‌وته‌كان، بكه‌ونه‌ دوو هه‌ڵه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی مۆڵه‌ت دان به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی له‌سه‌ر كار لابراو بۆ یه‌مه‌ن له‌ شوباتی 2012 له‌ به‌رامبه‌ر بێ ده‌نگی كردن له‌ په‌لكێشانی حوسییه‌كان له‌ یه‌مه‌ن تا پارسه‌نگی هێز ڕابگرێت له‌ به‌رامبه‌ر "گردبوونه‌وه‌ی یه‌مه‌ن بۆ چاكسازی" كه‌ سه‌ر به‌ ئیخوان موسلمین بوون، ئه‌م كاره‌ وای كرد كه‌ هاوپه‌یمانێتییه‌ك بێته‌ ئاراوه‌ له‌ نێوان حوسییه‌كان و سه‌رۆكی پێشوو ولایه‌نگرانی له‌ پارتی كۆنگره‌ی نیشتیمانی گشتی و سوپا تا له‌ ده‌ره‌نجامی ئه‌م هاوپه‌یمانییه‌ سه‌نعا بكه‌وێته‌ ده‌ست حوسییه‌كان له‌ 21 ئه‌یلولی 2014 ، له‌ به‌رامبه‌ریشدا ئه‌نجومه‌نی هاریكاری به‌یان نامه‌یه‌كی توندی دژی حوسییه‌كان ده‌ر كرد و تیایدا ڕایگه‌یاند كه‌ یه‌مه‌ن به‌ شێكه‌ له‌ ئاسایشی كه‌نداو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كار له‌ كار ترا زابوو.
ج‌. لیبیا (له‌به‌ر گرتنه‌وه‌ی كوده‌تا)
لیبیاش پشكی خۆی له‌ ململانێی میحوه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ی به‌ركه‌وت، دوای ئه‌وه‌ی كه‌ میحوه‌ری "دژه‌ شۆڕش" سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ی كات بۆ دواوه‌ له‌ میسڕ و جێگیر كردنی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازه‌كان، هه‌مان ئه‌زمون له‌ لیبیا له‌به‌ری گیرایه‌وه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و كوده‌تایه‌ی كه‌ خه‌لیفه‌ حه‌فته‌ر ڕابه‌رایه‌تی كرد له‌ دژی حكومه‌تی كۆنگره‌ی نیشتیمانی نزیك له‌ ئیخوام موسلمینه‌وه‌ له‌ 14 شوباتی 2014 به‌ پشتیوانی ئیمارات و سعودییه‌ و میسڕ كه‌ بووه‌ هۆی هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕێكی ناوخۆ له‌ لیبیا و وڵاتی كرده‌ گۆڕه‌پانێكی گڕ گرتوو و نێوه‌ندێك بۆ تیرۆر له‌ باكوری ئه‌فه‌ریقا و هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ بۆ سه‌ر كه‌ناراوه‌كانی ئه‌وروپا.
سێهه‌م: ئاشته‌وایی 2015 (ڕه‌هه‌نده‌كانی ئاشتی)
له‌ ساڵی 2015 ، گۆڕانێكی ڕیشه‌یی له‌ سیاسه‌تی سعودییه‌ ڕویدا به‌ ئاڕاسته‌ی نه‌هێشتنی ناكۆكییه‌كانی كه‌نداو و نزیك بوونه‌وه‌ی له‌ توركیا به‌ ئامانجی دروست كردنی میحوه‌رێكی سونه‌ كه‌ بتوانێت بۆشایی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا پڕبكاته‌وه‌ و سنورێك بۆ په‌لكێشانی ئێران و ڕێكخراوه‌ ئیسلامییه‌ توند ڕه‌وه‌كان دابنێت. ڕاسته‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ شتێكی نوێی لێ سه‌و نه‌بوو به‌ڵام ده‌ره‌نجامه‌كانی له‌چاو پێشووتر باشتر بوو و هۆكار بوو بۆ دیاری كردنی سیمای ڕه‌هه‌نده‌كانی چاره‌سه‌ری سیاسی به‌ پشتیوانی نێو ده‌وڵه‌تی و جوڵه‌یه‌كی سه‌ربازی وڵاتانی كه‌نداو بۆ ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئێران ، دیارترین ده‌ره‌نجامی ئه‌و ئاشته‌واییه‌ش بریتی بوو له‌ :
أ‌. ده‌ست پێكردنی پڕۆسه‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ یه‌مه‌ن (گه‌رده‌لولی حه‌زم)له‌ 25 ئازاری 2015 به‌ سه‌ركردایه‌تی سعودییه‌ و پشتیوانی كه‌نداوی ئیسلامی و به‌شداری كردنی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی قه‌ته‌ر.
ب‌. دروست كردنی سوپای فه‌تح له‌ باكوری سوریا له‌ 24 ئازاری 2015 كه‌ به‌ به‌ری گه‌ڕانه‌وه‌ی هاوئاهه‌نگی (سعودییه‌، توركیا و قه‌ته‌ر) ئه‌ژمار ئه‌كرێت له‌ دۆسێی سوریا بۆ ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی پێشڕه‌وی هێزه‌كانی ڕژێم و میلیشیا ئێرانییه‌كان، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هێزی ده‌ست وه‌شێن له‌ سوپای فه‌تح ، هێزه‌ سه‌له‌فییه‌ جیهادییه‌كان بوون وه‌ك به‌ره‌ی فه‌تحی شام (نوسڕه‌) كه‌ ئه‌مڕۆكه‌ له‌سه‌ری، قه‌ته‌ر ئیدانه‌ ئه‌كرێت.
ت‌. دیارترین ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌م نزیك بوونه‌وه‌یه‌ به‌ستنی كۆنگره‌ی ڤێنایه‌ له‌ 30 تشرینی یه‌كه‌می 2015 كه‌ تیایدا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ ڕكابه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ تیایدا به‌شداربوون (سعودییه‌، ئێران، توركیا، میسرش، قه‌ته‌ر و ئیمارات)، سه‌رباری بوونی یه‌كێتی ئه‌وروپا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، ده‌ره‌نجامی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ش سه‌ره‌تایه‌ك بوو بۆ چاره‌سه‌ر كردنی دۆسێكانی ململانێ له‌ ناوچه‌كه‌ و بریتی بوون له‌ :
• كۆبوونه‌وه‌كانی سویسرا له‌ نێوان حوسییه‌كان و حكومه‌تی دانپیانراو له‌ یه‌مه‌ن له‌ كانونی یه‌كه‌می 2015.
• پێك هاتن له‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌ی خزێڕات له‌ نێوان لایه‌نه‌كانی ململانێ له‌ لیبیا و دروست كردنی حكومه‌تی پێكهاتنی نیشتیمانی له‌ 17 كانونی یه‌كه‌می 2015.
• ته‌رخان كردنی ده‌ره‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كانی ڤێیه‌نا له‌مه‌ڕ چاره‌سه‌ری سیاسی به‌ بڕیارێكی نوێ ده‌وڵه‌تی ژماره‌ 2254 له‌ به‌رواری 18 كانونی یه‌كه‌می 2015.
چواره‌م: شكستی ئێستا (پلانی ترامپ)
دیاره‌ كه‌ ئاشته‌وایی ساڵی 2015 ده‌ره‌نجامی نه‌ببوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ته‌نها ئاگر به‌ست بووه‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی كاره‌كان و چاوه‌ڕوانی كرنی هاتنه‌ سه‌ركاری ئیداره‌ی نوێ ئه‌مه‌ریكی و زانینی سیاسه‌ته‌كانی ده‌رهه‌ق به‌ ناوچه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی قووڵی ناكۆكیی و ئه‌جێندا دژ به‌یه‌كه‌كه‌كان له‌نێوان وڵاتانی كه‌نداو و ناوچه‌كه‌ له‌ چاره‌سه‌ره‌كانی (نه‌ براوه‌ و نه‌دۆڕاو) گه‌وره‌ تر بوو، هه‌ستیاری سعودییه‌ به‌رامبه‌ر ڕۆڵی توركیای ڕكابه‌ر له‌سه‌ر سه‌ركردایه‌تی كردنی میحوه‌ری سونه‌، هه‌نگاوه‌كانی دروست كردنی هاوپه‌یمانییه‌كی سونه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ بۆ ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئێران په‌ك ئه‌خات. له‌ هه‌مان كاتدا ئیمارت و میسڕیش هه‌مان ترسیان له‌ پشتیوانی توركیا و قه‌ته‌ر هه‌یه‌ بۆ ئیخوان موسلمین كه‌ بۆی هه‌یه‌ هه‌ر هه‌وڵێك شكست پێ بینێت بۆ چاره‌ سه‌ر كردنی ململانێكانی ناوچه‌كه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نوێ بوونه‌وه‌ی قه‌یران له‌نێوان وڵاتانی كه‌نداو و قه‌ته‌ر شتێكی چاوه‌ڕوان كراو بوو له‌م كاته‌دا به‌تایبه‌ت دوای سه‌ردانی ترامپ بۆ سعودییه‌ و ڕاگه‌یاندی پشتیوانی نیمچه‌ ته‌واوه‌تی بۆ میحوه‌ری سعودییه‌ و ئیمارات و میسڕ به‌ شێوه‌یه‌ كه‌ پاڵنه‌ر بوو بۆ میحوه‌ره‌كه‌ تا هه‌ستێت به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ناوماڵی كه‌نداو وه‌ك سه‌ه‌رتایه‌ك بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ته‌واوی ناوچه‌كه‌ به‌ پشتیوانی ترامپ، خودی ترامپیش ئه‌مه‌ی نه‌شارده‌وه‌ و به‌ شانازییه‌وه‌ ده‌یوت "قه‌یران له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر، ده‌ره‌نجامی سه‌ردانی كردنێتی بۆ ناوچه‌كه‌"، ئه‌كرێت گرنگترین لێكه‌وته‌كانی ئاڵۆزتر بوونی قه‌یرانی ئێستای كه‌نداو له‌ دوو خاڵی سه‌ره‌كیدا كورت بكه‌ینه‌وه‌:
1. گه‌ڕانه‌وه‌ی میحوه‌ره‌كان (دا دۆشینی كه‌نداو)
قه‌یرانی كه‌نداو سه‌ره‌تایه‌ك ئه‌بێت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سیاسه‌تی میحوه‌ره‌كان بۆ ناوچكه‌ و كه‌نداو به‌ ته‌واوی وڵاته‌كانییه‌وه‌ گه‌وره‌ ترین دۆڕاو ئه‌بن له‌م ڕوو به‌ڕوو بوونه‌وه‌یه‌دا له‌ هه‌ردوو ڕووی مادی و سیاسیه‌وه‌، سه‌رباری ئاڵۆزتر بوونی دۆسێ قه‌یراناوییه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی ململانێی میحوه‌ره‌كان، ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تی زیاتر ئه‌ڕه‌خسێنێت بۆ ده‌ست تێوه‌ردانی گه‌وره‌ تر له‌ پرسه‌ عه‌ره‌بییه‌كان له‌سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوچه‌یی و جیهانییه‌وه‌، ئه‌م كاره‌ش له‌ به‌ر ژه‌وه‌ندی سعودییه‌ نابێت كه‌ ده‌یه‌وێت ڕۆڵی "ده‌وڵه‌تی نێوه‌ند" بگێڕێت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وپه‌راوێزی زیاتر ده‌به‌خشێت به‌ئێران تا كار له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی كه‌نداو بكات و كاریگه‌ری نه‌رێنی دروست بكات له‌سه‌ر نزیك بوونه‌وه‌ی سعودییه‌ و ئه‌مه‌ریكا.
له‌ به‌رامبه‌ر دا پێویستی سعودییه‌ و قه‌ته‌ر بۆ دروست كردنی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ وڵاته‌ زلهێزه‌كاندا، ده‌رفه‌ت ئه‌كاته‌وه‌ بۆ زۆرێك له‌ لایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌ییه‌كان تا وڵاتانی كه‌نداو دادۆشن له‌سه‌روی هه‌موشیانه‌وه‌ قه‌ته‌ر و سعودییه‌، ئه‌مه‌ش زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوو وڵات ئه‌گه‌یه‌نێت.
هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكاش له‌مه‌ڕ ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ كه‌نداو ڕوو ئه‌دات دژ به‌ یه‌كییه‌كه‌ی تێدایه‌ له‌نێوان دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی و دامه‌زراوه‌كانی دیكه‌ حوكمڕانی له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا واژۆی له‌سه‌ر گرێبه‌ستێك كرد به‌ به‌های 12 ملیار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بۆ فرۆشتنی فڕۆكه‌ی شه‌ڕ كه‌ر له‌ جۆری ئێف 15 به‌ قه‌ته‌ر سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ دۆناڵد ترامپی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له‌م ماوه‌یه‌ی ڕابوردوودا ڕه‌خه‌نه‌ی له‌قه‌ته‌ر گرت و تۆمه‌ت باری كرد به‌وه‌ی كه‌ پشتیوانی له‌ تیرۆر ئه‌كات، سه‌رباری ئه‌نجامدانی مانۆر له‌ ئاوه‌كانی كه‌نداوی سه‌ر به‌ قه‌ته‌ر به‌ به‌شداری زیاتر له‌ 9 یه‌كه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و قه‌ته‌ری. ڕه‌نگه‌ ئه‌م پارادۆكسه‌ له‌ هه‌ڵوێستی دامه‌زاروه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌كاندا بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لۆبییه‌كانی كه‌نداو له‌ناو ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكیدا، بێ گومان ئه‌م كاره‌ش كاریگه‌ری داده‌نێت له‌سه‌ر ئاڕاسته‌ی كاری ئیداره‌ی نوێ بۆ سنور دار كردنی هه‌ژمونی ئێران و چاره‌سه‌ر كردنی دۆسێ هه‌ڵپه‌سێرداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وام بوونی قه‌یرانی كه‌نداو.
به‌ڵام ڕوسیا كه‌ وا نیشان ئه‌دات نێوه‌ند گیری ئه‌كات له‌ نێوان هه‌ردوو لادا، له‌و ململانێیه‌دا به‌دوای ده‌رفه‌تدا ده‌گڕێت تا وه‌به‌ر هێنانی سیاسی بكات له‌سه‌ر بوونی سه‌ربازی خۆی له‌ناوچه‌كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڕاكێشانی میحوه‌ری توركیا وقه‌ته‌ڕ به‌لای خۆیدا، ئه‌مه‌ش به‌یه‌كێك له‌ بنه‌ماكانی سه‌ركه‌وتنی ڕۆڵی ڕوسیا ئه‌ژمار ئه‌كرێت له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ تایبه‌ت ڕه‌هه‌ندی "ئاستانه‌" ، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ڕوسیا ده‌رفه‌تی گه‌مارۆدانی ئابوری قه‌ته‌ڕی له‌ده‌ست نه‌داوه‌ و پێشنیاری ئه‌وه‌ی كردووه‌ كه‌ هاوكاری قه‌ته‌ر به‌كات به‌ دابین كردنی خۆراك بۆ ئه‌و وڵاته‌.
سه‌باره‌ت به‌ ئێرانیش، ئه‌توانین بڵێین كه‌ ئێران پێی وایه‌ كه‌ ناكۆكییه‌كانی كه‌نداو ده‌رفه‌تێكه‌ له‌ سه‌ر ئاستی سیاسی بۆ به‌ده‌ست هێنانی كاتی زیاتر و خۆ ئاماده‌ كردن بۆ ئه‌و گۆڕانه‌ی كه‌ له‌ سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكادا دێته‌ ئاراوه‌ له‌ ده‌ره‌نجامی ناكۆكییه‌كانی كه‌نداو، هه‌روه‌ها ئێران هه‌وڵ ئه‌دات سوود له‌ پێویستی قه‌ته‌ر وه‌ربگرێت بۆ هاوپه‌یمان تا جارێكی دی له‌ خۆی نزیك بكاته‌وه‌ یاخودلانی كه‌م بیكاته‌ وڵاتێكی بێلایه‌ن، له‌سه‌ر ئاستی ئابوریش، گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ر قه‌ته‌ڕ به‌ده‌رفه‌تێك داده‌نرێت بۆ ئێران تا ئاستی ئاڵووێری بازرگانی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ڕ به‌رز تر بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستادا له‌ 300 ملیۆن دۆلار تێ ناپه‌ڕێت، ئه‌مه‌ش شتێكه‌ كه‌ به‌رپرسه‌ ئێرانییه‌كان به‌ ئاشكرا وتویانه‌.
ئه‌نقه‌ره‌ش وه‌ك دیاری هه‌وڵ ئه‌دات ئه‌و قه‌یرانه‌ بقوازێته‌وه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی شوێن پێیه‌كی سه‌ربازی له‌ كه‌نداودا، ئه‌مه‌ش به‌ ده‌رفه‌تێك داده‌نرێت بۆ توركیا تا گه‌مارۆی سعودییه‌ بدات كه‌ به‌ ڕكابه‌ری توركیا داده‌نرێت له‌ پێشه‌وایه‌تی كردنی جیهانی سونه‌، ئه‌مه‌ش نه‌به‌سوودی سعودییه‌ یه‌ و نه‌ به‌سوودی قه‌ته‌ڕ. سه‌رباری قه‌یاری كه‌نداو كه‌ به‌ ده‌رفه‌تێكی ئابوری گونجاو داده‌نرێت بۆ ئه‌نقه‌ره‌، توركیا خوازیاره‌ ئاستی ئاڵوێری بازرگانی له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر له‌ 700 ملیۆن دۆلاره‌وه‌ له‌ ساڵی 2016 به‌رز بكاته‌وه‌ بۆ 5 ملیارد دۆلار له‌ دوای دروست بوونی قه‌یرانه‌وه‌.
2. په‌ك خستنی ڕه‌هه‌نده‌كانی چاره‌سه‌ر (تارمایی فیدڕالی)
له‌ حاڵه‌تی به‌رده‌وام بوونی ململانێكانی كه‌نداو و نه‌گه‌یشتن به‌ ڕێگه‌ چاره‌، به‌ ئه‌گه‌ری زۆر ده‌بێتـه‌ هۆی سه‌ره‌تایه‌ك بۆ هه‌ره‌س هێنانی ئه‌و ڕه‌هه‌نده‌ سیاسیانه‌ی كه‌ ئاشته‌وایه‌كه‌ی 2015 وێنه‌ی بۆ كێشا، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ ئه‌و هه‌وڵه‌ نێو ده‌وڵه‌تییانه‌ش شكست پێ ده‌هێنێت كه‌ درا له‌ پێناو ئاشته‌وایی له‌ دۆسێكانی لیبیا و سوریا و یه‌مه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ به‌رده‌وام بوونی قه‌یران ، سه‌ر له‌ نوێ ئه‌و وڵاتانه‌ ئه‌بنه‌وه‌ به‌ گۆڕه‌پانی ململانێ هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی له‌ 2013 له‌ ڕووی دا و ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ كاریگه‌ری گه‌لێكی زۆر دورست بكات كه‌ی دیارترینیان بریتییه‌له‌ :
أ‌. سوریا: به‌رده‌وام بوونی قه‌یرانی كه‌نداو ده‌ره‌نجام كاریگه‌ری دروست ئه‌كات له‌سه‌ر دۆسێی سوریا له‌ ڕووی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه‌ كه‌ ئه‌كرێت له‌م چه‌ند خاڵه‌دا كورتی بكه‌ینه‌وه‌:
ئاستی سیاسی:
• گه‌ڕانه‌وه‌ی میحوه‌ره‌كان بۆ ناوچه‌كه‌ دابه‌ش بوون دروست ئه‌كات له‌ناو ئۆپۆزسیۆنی سوریا به‌ تایبه‌ت هاوپه‌یمانی نیشتیمانی و شاندی باڵای دانوستان، ئه‌م كاره‌ش كاریگه‌ری دروست ئه‌كات له‌سه‌ر ڕه‌وتی دانیشتنه‌كانی داهاتوی جنێف و دروست كردنی شاند بۆ گفتوگۆكان و پشتیوانی دیبلۆماسی ناوچه‌یی بۆ شانده‌كان.
• به‌ ئامانج كردنی قه‌ته‌ڕ له‌ چوارچێوه‌ی جه‌نگی ئاشكرا به‌ مانای به‌ ئامانج كردنی توركیاش دێت، لێره‌وه‌ ڕه‌نگه‌ سعودییه‌ و ئیمارات - كه‌ خاوه‌ن په‌یوه‌ندی زۆر تایبه‌تن له‌گه‌ڵ پارتی یه‌كێتی دیموكرتی PYD و هه‌رێمی كوردستان له‌ عێراق - هه‌وڵ بده‌ن كه‌ گه‌مارۆی هه‌ژمونی توركیا بده‌ن له‌ ڕێگه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی توركیا له‌ ناوچه‌ی عه‌ره‌بی له‌ ڕێگه‌ی پشتیوانی كردنی دروست بوونی هه‌رێمێك بۆ كورد له‌ سوریا و سه‌ربه‌خۆ بوونی كورد له‌ عێراق.
• هه‌ر جۆره‌ نزیك بوونه‌وه‌یه‌ك له‌ نێوان میحوه‌ری (قه‌ته‌ڕ - توركیا) له‌ ئێران و ڕوسیا، وه‌ك كردانه‌وه‌یه‌ك به‌رامبه‌ر به‌ ئاڵۆزتر كردنی قه‌یرانه‌كه‌ له‌ لایه‌ن میحوه‌ری سعودییه‌وه‌، ده‌ره‌نجام كاریگه‌ری له‌ سه‌ر دۆسێی سوریا دروست ئه‌كات و ئه‌چێته‌ خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕوسیا و ئێرانه‌وه‌.
ئاستی سه‌ربازی:
ناكۆكییه‌كان كار ئه‌كاته‌ سه‌ر هێزه‌شه‌ڕ كه‌ره‌كان له‌سه‌ر زه‌وی، به‌ تایبه‌ت هێزه‌ ئیسلامییه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی باشیان هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ قه‌ته‌ر و توركیا، ئه‌مه‌ سه‌رباری ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ ئیخوان موسلمینه‌وه‌ نزیكن، ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌بێت :
• په‌ك خستنی دانیشتنه‌كانی ئاستانا له‌ ڕێگه‌ی گوشار خستنه‌ سه‌ر هێزه‌كان له‌ ڕێگه‌ی میحوه‌ره‌كانه‌وه‌، ئاماژه‌كه‌شی له‌ دواخستنی گه‌ڕێ نوێی ئاستانا به‌دی كرا كاتێك كه‌ بڕیار بوو له‌ 12-13 مانكی حوزه‌یران ئه‌نجامبدرێت.
• گه‌وره‌ بوونی بازنه‌ی پۆلێن كردنی هێزه‌كان به‌ تیرۆر و گرتنه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن قه‌ته‌ڕ و توركیاوه‌ پشتیوانی لێ ئه‌كرێت به‌و هێزانه‌ش كه‌ له‌ ئیخوان موسلمینه‌وه‌ نزیكن . به‌مه‌ش بازنه‌ی لێدانی ئه‌و هێزانه‌ له‌ لایه‌ن هاوپه‌یمانی نێو ده‌وڵه‌تییه‌وه‌ زیاتر ده‌بێت.
• جوڵه‌ی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ قه‌ته‌ڕ و توركیا له‌ دژی هێزه‌كانی سه‌ر به‌ میحوه‌ری سعودییه‌ و ئه‌مه‌ریكا بۆ گرتنی ناوچه‌ی زیاتر، ئه‌م كاره‌ دۆسێی سوریا ئاڵۆزتر ئه‌كات و سوریا ئه‌كاته‌ گۆڕه‌پانی به‌ریه‌ك كه‌وتنی هه‌ردوو میحوه‌ره‌كه‌ ، به‌و پێیه‌ی كه‌ كه‌نداو نابێته‌ شوێنی به‌ریه‌ك كه‌وتنی ڕاسته‌وخۆ.
ب‌. لیبیا
لێدوانه‌كانی عه‌قید ئه‌حمه‌د ئه‌لمسماری وته‌بێژی هێزه‌كانی حه‌فته‌ر كه‌ تیایدا هێرشی كرده‌ سه‌ر قه‌ته‌ڕ، به‌مانای چوونه‌ ناوه‌وه‌ی لایه‌نێك له‌ لایه‌نه‌كانی ململانێی لیبیابه‌ بۆ قه‌یرانی كه‌نداو. ئه‌م كاره‌ هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه‌ و ئاماژه‌ یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ لیبیا به‌های ئه‌م هه‌ڵه‌یه‌ی خۆی ده‌دات به‌و پییه‌ی كه‌ ململانێی كه‌نداو دانوستانه‌كانی ئه‌لسخێرات په‌ك ئه‌خات و دره‌نجامی دانوستانه‌كانی ئه‌لسراج و حه‌فته‌ر ناهێڵێت كه‌له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئایار له‌ ئه‌بو زه‌بی ئه‌نجام درا، له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سوور بوونی حه‌فته‌ر به‌ پشتیوانی ئیمارات و میسڕ له‌ سه‌ر یه‌كلایی كردنی كێشه‌كان به‌ ڕێگه‌ی سه‌ربازی ، ئه‌گه‌ره‌كانی گۆڕانی لیبیا بۆ گۆڕه‌پانێكی خوێناوی شه‌ڕ له‌ نێوان میحوه‌ره‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌هێزتر ئه‌كات و كه‌لێنی نێوان لایه‌نه‌ لیبیه‌كان و كه‌تیبه‌كانی باكوری ڕۆژئاوی لیبیا زیاتر ئه‌كات، ئه‌م كاره‌ش په‌ل ئه‌كێشێت بۆ به‌ فیدڕاڵی كردنی لیبیا وه‌ك ته‌نها ڕێگه‌ چاره‌ بۆ چاره‌سه‌ر كردنی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی لیبیا كه‌ بۆته‌ مایه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئه‌وروپا و وڵاتانی دراوسێ.
ت‌. یه‌مه‌ن
قه‌یرانی كه‌نداو بۆی هه‌یه‌ بێته‌ مایه‌ی له‌ده‌ست دانی ئه‌و ده‌ستكه‌وته‌ كه‌مانه‌ی كه‌ ده‌ست وه‌ردانی سه‌ربازی هێزه‌كانی سعودییه‌ و ئیمارات و قه‌ته‌ر به‌ ده‌ستیان هێنا له‌ یه‌مه‌ن، له‌ لایه‌ك ئه‌گه‌ر سعودییه‌ و ئیمارات ده‌ست به‌ردای پشتیوانییه‌ سه‌ربازی و مادیی و میدیایی بن یاخود بیگۆڕن به‌ هێزێكی دیكه‌، ئه‌بێـته‌ هۆی ئاڵۆزتر كردنی یه‌مه‌ن و جارێكی دی كاردانه‌وه‌ی بوار بۆ حوسییه‌كانی تا ده‌ست پێشخه‌ری بگرنه‌ ده‌ست، سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی تێچوونه‌وه‌ ده‌ستوه‌ردانی سعودییه‌ و ئیمارات له‌ یه‌مه‌ن قورستر ته‌واو ئه‌بێت و له‌ ڕووی مرۆییشه‌وه‌ تا دێت قه‌یرانه‌كه‌ زیاتر ده‌بێت. له‌ لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ دژ به‌ یه‌كی ئه‌جێنداكانی سعودییه‌ و ئیمارت له‌ یه‌مه‌ن و هاوشان له‌گه‌ڵ قه‌یرانی كه‌نداو بۆی هه‌یه‌ كه‌ یه‌مه‌ن بگێڕێته‌وه‌ بۆ پێش ئازاری 2013 به‌ تایبه‌ت كه‌ ئیمارات ئه‌یه‌وێت پڕۆسه‌ سه‌ربازییه‌كانی ڕابگرێت و كه‌ناڵی گفتوگۆ بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ حوسییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی عومانه‌وه‌ له‌ ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ك سه‌نعا بكه‌وێته‌ ده‌ست به‌رگری میللی یه‌مه‌نی كه‌ نزیكه‌ له‌ ئیخوان موسلمینه‌وه‌، هه‌روه‌ها پشتیوانی جوڵانه‌وه‌ی باشوری جودا خوزا ئه‌كات كه‌ ئه‌مه‌ش نایه‌ته‌وه‌ له‌گه‌ڵ خواستی سعودییه‌.
كۆتایی
پێویسته‌ له‌سه‌ر هێزه‌ڕكابه‌ره‌كانی كه‌نداو كه‌ له‌وه‌ بگه‌ن ئه‌م وێستگه‌یه‌ی ململانێ له‌ وێستگه‌كانی دیكه‌ ناچێت و ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و هه‌ستیارییه‌ی كه‌ ناوچه‌كه‌ پێیادا تێ په‌ڕ ده‌بێت سه‌رباری مه‌ترسییه‌كه‌ی. ئه‌م گه‌ڕه‌ی ململانێش ئه‌گه‌ر سنوری سیاسی وئابوری و ڕێوشوێنه‌كانی پچڕاندنی په‌یوه‌ندی و گه‌مارۆدان تێپه‌ڕێنێت به‌ ئاڕاسته‌ی ڕوو به‌ڕِوو بوونه‌وی ڕاسته‌وخۆ، ململانێكات زیاتر ئاڵۆز ده‌كات و هه‌ڕه‌ش له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی كه‌نداو دروست ده‌كات زیادتر له‌ هه‌ر كاتێكی دیكه‌، ئه‌زمونی پێشووی ململانێی میحوه‌ره‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ ته‌نها پشتیوانی ئه‌مه‌ریكا به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی میحوه‌رێك به‌سه‌ر میحوه‌رێكی دیكه‌دا سه‌ركه‌تن به‌ده‌ست بهێنێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر میحوه‌رێك هێنده‌ ئامرازی له‌به‌ر ده‌ستدا هه‌یه‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ كاره‌ستبار تر بكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌رده‌وام بوونی قه‌یرانی كه‌نداو و ئاڵۆزتربوونی وا ئه‌كات كه‌ هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت كۆنتڕۆڵی بكات و كه‌نداویش به‌دوور نابێت له‌ لێكه‌وته‌كانی.
له‌ هه‌فته‌نامه‌ی ئاژانس بڵاو بۆته‌وه‌

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure