بزوتنەوەی گۆڕان
492 جار بینراوە 23/7/2017 06:55 PM

گۆڕان و مۆدێلی نوێنەرایەتی ڕاستەقینە



ئامادەکردن: گمۆ محمد

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن

پێشگووتن

نوێنەرایەتی لە دونیای دیموكراسی و سیاسی ئێمەی ڕۆژهەڵاتیدا چەندین وێنەی هەیە، ئەگەر سەرنجێك بدەین لە كاری ڕێكخراوەیی و حیزبایەتی ٢٦ ساڵی ڕابردوو لە هەرێمی كوردستاندا ،بۆمان دەردەكەوێت وێنەی ڕاستەقینەی نوێنەرایەتی ون بووە، یاخود هێندە لێڵ كراوە كە كاتێك هاوڵاتیەكی ئاسایی یاخود ئەندامانی حیزب دەنگدەدات بە نوێنەرەكانی ، ئیتر بۆ هەتایە نوێنەرایەتیەكە ڕادەستی ئەو كەسە دەكات كە دەنگی پێداوە و پەیوەندیەكی ڕاستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ لە نێوان كەسی دەنگدەر و نوێنەرەكەدا نامێنێت، بەڵكو كەسی هەڵبژێردراو بە میزاجی شەخسی خۆی ،یاخود حیزب و ڕێكخراوەكەی بڕیار لەسەر پرسە جیاوازەكان دەدات ، بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەو كەسەی بەهۆیەوە لەو پۆست و پلەیەدایە ، واتە لە بەرپرسیارێتێەوە دەگۆڕێت بۆ ئیمتیاز و وێنە تەڵخ و شێواوەكەی نوێنەرایەتی خۆی بەیاندەكات .

ونبوونی نوێنەرایەتیش هۆكارە بۆ دروستبوونی چەند ئەنجامێك لەوانە:
١. بێمتمانەیی كەسی دەنگدەر یاخود ئەوانەش كە بەشداری دەنگدانەكەشیان نەكردووە بە نوێنەرەكان و كەسە هەڵبژێردراوەكان چونكە دەنگی ڕاستەقینەی خۆی وندەكات لە بڕیاڕە سیاسیەكاندا .
٢. بیانوو دەداتە دەست هاوڵاتیان و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە كە بەشداری دەنگدان نەكەن بە بیانووی ئەوانە بۆ بەرژەوەندی حیزب كاردەكەن نەك كەسی دەنگدەر .
٣. بوونی تەزویر و یاریكردن بە دەنگەكان و بێدەنگبوونی كەسی كاندید ، چونكە خۆی بە نوێنەری حیزبەكەی دەزانێت بە تەنها ، نەك نوێنەری هاوڵاتیان .
٤. هەڵبژاردن و نوێنەرایەتی بەهای ڕاستەقینەی خۆی لەدەستت دەدات و وادەكات كە هاوڵاتیان بە گرنگیەوە چاوەڕێی ئەنجامی دەنگدانەكە نەكەن
نوێنەرایەتی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕاندا
جڤاتی گشتی و نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندن و ڕێكخەری گشتی بە نمونە .
پێچەوانەی ئەو نوێنەرایەتیەی كە باسمانكرد لە حیزبەكاندا، نوێنەرایەتی لە بزوتنەوەی گۆڕاندا دەگۆڕێت لە نوێنەرایەتی لێڵ و شێواوەوە بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەقینە . ئەگەر سەرنج بدەینە ئەم دێڕەی سەرەوەشمان و هەوڵبدەین سەلماندنێكی وردی بۆ بكەین، دەبێت ورد ببینەوە لە سەرجەم ئۆرگانەكانی بزوتنەوەكە .
١. جڤاتی گشتی
جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وەك دەستەیەكی ڕاوێژكاری لە چەند ئەندامێك پێكهاتوە ، كە ئەم ئەندامانە لە كەسانی بە ئەزمون و شارەزا پێكهاتوون ، بە پێی دەستوری بزوتنەوەكەش دەستەیەكی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت بۆ جڤاتی گشتی ، بە دەنگدانی ئەندامانی جڤاتەكە و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی گشتی كە بەدەنگدانی ئەندامانی پەسەندكراوە ، لە لایەن دەستەی سەرۆكایەتی جڤاتەوە دەسپێردرێت بە جڤاتی نیشتمانی ، بۆ كاركردن لەسەری و قبوڵكردنی .
واتە دەستەی سەرۆكایەتی نوێنەرایەتی خۆی ناكات ، بەڵكوو نوێنەرایەتی ئەندامانی جڤاتی گشتی دەكات و بەرپرسیارە لە گەیاندنی ڕاسپاردەكان .
سەركۆی جڤاتی گشتیش ڕاستەخۆ دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەرایەتی ئەندامانی جڤاتی گشتی دەكات و بەرپرسیارە لە بەردەم گەیاندنی ڕاسپاردەكانیان بە جڤاتی نیشتمانی و خانەی ڕاپەڕاندن.
٢ . جڤاتی نیشتمانی
جڤاتی نیشتمانی باڵاترین دامەزراوەی بزوتنەوەی گۆڕانە و لە باژێروانەكانی بزوتنەوەكە لە ناوەو دەرەوەی كوردستان پێكدێت، ئەم ئەندامانە دەبێت نوێنەرایەتی ناوچەكانی خۆیان بكەن و داواكاری هەر ناوچەیەك بگەیەننە ناو جڤاتی نیشتمانی سەبارەت بە هەر پرسێك كە بزوتنەوەكە بڕیارە قسەی دەربارە بكات. هەروەها جڤاتی نیشتمانی بەپێی دەستوری بزوتنەوەی گۆڕان دەستەیەكی سەرۆكایەتی دەبێت كە ئەم دەستەیە لە لایەن ئەندامانی جڤاتی نیشتمانیەوە هەڵدەبژێردرێن و نوێنەرایەتی ئەندامانی جڤات دەكەن و بە دەنگدان بڕیاری كۆتایی بزوتنەوەكە دەگەیەننە خانەی ڕاپەڕاندن ، بۆ كاركردن لەسەر بڕیاری پەسەندكراو.
هەروەها ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگدان لە ناو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە هەڵدەبژێردرێت و بڕیارو راسپاردەكانی بزوتنەوەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ خانەی ڕاپەڕاندن جێبەجێدەكات.
خانەی ڕاپەڕاندن
خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان وەك دەستەیەكی جێبەجێكار كار دەكات بۆ جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی جڤاتی نیشتمانی و سكرتێرەكانی دیكە و بەرپرسیارە لەبەردەم جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكە .
خانەی ڕاپەڕاندن پێك دێت لە :
١. رێكخەری گشتی بزوتنەوەكە كە نوێنەرایەتی بزوتنەوەكە دەكات
٢. سەرۆكی جڤاتی گشتی، كە نوێنەرایەتی جڤاتی گشتی دەكات.
٣. سكرتێری كارو باری جڤاتی نیشتمانی ، كە نوێنەری ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی دەكات
٤.سكرتێری كار و باری فراكسیۆنەكان، كە نوێنەرایەتی فراكسیۆنەكانی گۆڕان دەكات لە پەرلەمانی عێراق و كوردستان و ئەنجومەنی پارێزگاكان ، و ڕاسپاردە و بڕیارەكانی بزوتنەوەكە دەگەیەنێتە فراكسیۆنەكان و ڕاسپاردەشیان وەردەگرێت .
٥.سكرتێری كاروباری باژێرەكان. كە نوێنەرایەتی باژێروانەكانی بزوتنەوەكە دەكات و بڕیاڕ و ڕاسپاردەی بزوتنەوەكەیان پێدەگەیەنێت و بڕیاڕ و ڕاسپاردەشیان وەردەگرێت .
٦.سكرتێری كاروباری ژورەكان . كە نوێنەرایەتی ژورەكانی بزوتنەوەكە دەكات و بڕیار و ڕاسپاردەیان پێدەكات و لێشیان وەردەگرێت .
٧.سكرتێری كاروباری خەڵك.
سكرتێری كارو باری خەڵك لە ناو جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەكەوە هەڵدەبژێردرێت و نوێنەرایەتی دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات لە ئاستە جیاوازەكاندا. واتە دەنگدەرانی ئەم بزوتنەوەیە ڕاستەخۆ داواكاری و ڕاسپاردەی خۆیان لە ڕێگەی سكرتێری كارو باری خەڵكەوە دەگەیەننە بزوتنەوەكە و سەركردایەتیەكەی .
کۆبەند
١. دروستبوونی متمانەیەكی بەهێز لە نێو كەسانی دەنگدەر بە نوێنەرەكانیان، چونكە ئەم نوێنەرانە نوێنەرایەتی ئەو دەستە و گروپە دەكەن كە هەڵیدەبژێرن نەك خۆیان .
٢.سەرجەم بیانوەكان كۆتایی پێدەهێنێت بۆ دەنگنەدان و بەشداری نەكردن، چونكە نوێنەراكان هەمیشە بەرپرسیارن لەبەردەم دەنگدرانیان لە ئاستە جیاوازەكان
٣. ئەگەرەكانی تەزویر بە ڕێژەیەكی زۆر كەم دەكاتەوە ، چونكە نوێنەر بە تەنها نوێنەرایەتی حیزب ناكات، بەڵكوو نوێنەرایەتی ئەو كەس و گروپ و دەستەیە دەكات كە هەڵیبژاردووە، بۆیە حیزب لە تەزویر كردن هیچ سودێك نابینێت
٤.هەڵبژاردن و دەنگدان بەهای ڕاستەقینەی خۆی بەدەستدەهێنێت و دەنگدەران چاوەڕوانی نوێنەرەكانیان دەكەن بۆ دەرچوون و كاركردن.
٥. پلە و پۆست لە ناو بزوتنەوەكە و ئاستە جیاوازەكانی تردا دەگۆڕێت لە ئیمتیازەوە بۆ بەرپرسیاریەتی .
لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە نوێنەرایەتی ڕاستەقینە بەهاو گرنگی بۆ دەگەڕێتەوە لە رێگەی بزوتنەوەی گۆڕانەوە و حیزبەكانی دیكەش ناچار دەكات بە گۆڕینی كاری حیزبایەتی و نوێنەرایەتیان ،لە لێڵ و شێواوەوە بۆ نوێنەرایەتی ڕاستەقینە. لە پێناو لە دەستنەدانی پێگە و دەسەڵاتیان ، چونكە ئەگەر پێشوتر نوێنەرایەتیە لێڵەكە بە ڕاستەقینە زانرابێت، چیتر ئەو وێنەیە ڕاست دەبێتەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure