زەینەب
3234 جار بینراوە 19/7/2017 01:15 PM

له‌كۆلێژی‌ ئه‌ندازییاری به‌غداوه‌ بۆ له‌شفرۆشیكردن له‌شاری‌ هه‌ولێر



سنور میدیا 

خەونی زەینەب ئەوە بوو كۆلێژ تەواو بكات و ببێتە ئەندازیار، بەڵام تەقینەوەیەك كە سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی لەنێوبرد، هەموو خەونەكانی زەینەبی وەكوو ئەندامانی خێزانەكەی خستە ژێر گڵ، زەینەب دوور لە ویستی خۆی، لەجیاتی ئەوەی ببێتە ئەندازیار، بووە لەشفرۆش.

زەینەب تەمەنی 23 ساڵە و خەڵكی بەغدایە، وەك خۆی دەیگێڕێتەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر سەرجەم ئەندامانی خێزانەكەی بەر تەقینەوەیەك كەوتوون. ئەوكات ئەم قوتابی بەشی تەلارسازیی كۆلێژی ئەندازیاریی زانكۆی بەغدا بووە، بەڵام دوای ئەو رووداوە ناچار بووە و شوو بكات و دواتر هاوژینەكەی نەیهێشتووە بگەڕێتەوە زانكۆ.

 

زەینەب باسی چیرۆكە تراژیدییەكەی كوژرانی خێزان و كەسوكارەكەی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "لە خێزانێكی بەڕەوشت و سەربەرز پەروەردە بووم، 8 خوشك و برام هەبوو، هەموویان خاوەنی بڕوانامە بوون، منیش قوتابی قۆناغی یەكەمی بەشی تەلارسازی كۆلێژی ئەندازیاری بووم، رۆژێك لە زانكۆ هاتمەوە، بینیم لەبەردەم ماڵی ئێمە تەقینەوە بووە و هەموو كەسوكارەكەم كوژراون، بە تەنیا من لەو خێزانە مامەوە".

بە یەك ئەڵقە هاوسەرگیرم كرد

هیچ كەس لە خزمەكانی، ئامادە نەبوون باوەش بۆ زەینەب بكەنەوە، بۆیە بەناچاری شوو دەكات. زەینەب دەڵێت: "بەناچاری لەگەڵ كوڕێكی تەمەن 30 ساڵان هاوسەرگیریم كرد، تەنیا بە یەك ئەڵقە رازی بووم. سەرەتا هاوژینەكەم لەگەڵم باش بوو، بەڵام كاتی دەستپێكردنەوەی دەوام، نەیهێشت درێژە بە خوێندنەكەم بدەم، زۆر دڵگران بووم، بەڵام هیچ چارەیەكم نەبوو جگە لە رازیبوون".
زەینەب ژیانێكی ئاسایی لەگەڵ هاوژینەكەی بەڕێدەكرد، تا ئەو رۆژەی مێردەكەی ژنێكی دیكەی بەسەردێنێ.

 

ئەو كاتێك بەوە دەزانێ، جلوبەرگەكانی دەخاتە نێو جانتایەك و بەبێ‌ ئەوەی پلانێكی هەبێ‌، ماڵەكە جێدەهێڵێ. زەینەب دەڵێت: "نەمدەزانی چی دەكەم و بۆ كوێ دەچم، كەس نەبوو رووی تێبكەم، لەسەر شەقامەكان بووم، تا دونیا تاریك داهات، كوڕێكی سمێڵ رەش كە دواتر بە خالید خۆی پێ ناساندم، بەرەوڕووم هات و گوتی خوشكم چ كێشەیەكت هەیە؟".

 

خالید یەكەمین كەس بووە لەو رۆژەدا لە حاڵی زەینەب بپرسێ‌، ئەویش باسی ژیانی خۆی بۆ دەكات و دەڵێت هاوژینەكەی ناچاری كردووە واز لە خوێندن بێنێ‌، جگە لەوەش هێشتا بووكی یەك ساڵییە، ژنێكی دیكەی بەسەر هێناوە. خالید دڵنەوایی دەداتەوە و دەڵێت خەمت نەبێ‌، كارێكی باشت بۆ دەدۆزمەوە.

 

زەینەب وەكوو فریادڕەسێك لە خالید دەڕوانێ‌، بە تایبەتی كاتێك پێیدەڵێت كارێكت بۆ دەدۆزمەوە مانگانە بەلانیكەم 1000 دۆلارت دەستبكەوێ‌.

دێتە هەولێر

زەینەب دەڵێت: "خالید ئەو شەوە منی بردە ماڵێك، تەنیا پیرەژنێكی لێبوو. كاژێر شەشی بەیانی بەرەو هەولێر بەڕێكەوتین، دواتر لە كافتریایەكی شاری هەولێر لە شارۆچكەی عەنكاوە منی دانا و رۆیشت. دوای دوو كاژێر بە كۆمەڵێك جلوبەرگی نیمچەڕووتەوە هاتەوە و پێیگوتم لەچكەكەت دانێ و ئەم جلوبەرگانە لەبەربكە. لەمەودوا رۆژانە تۆ لەم كافتریایە كاردەكەی، جێگای خەوتن و خواردنیشت بەبێ بەرامبەرە".

 

زەینەب زۆر دڵخۆش بوو بە كاركردن لە كافتریاكە، بەڵام دڵخۆشییەكەی تەنیا سێ‌ رۆژی خایاند، زەینەب دەڵێت "زۆر دڵخۆش بووم. سێ رۆژ تەنیا كارم جێبەجێكردنی داواكاری مشتەرییەكان بوو بۆ پێشكەشكردنی خواردن و خواردنەوە و هیچ كێشەم نەبوو، بەڵام رۆژی چوارەم ژیانم گۆڕا، خالید گەڕایەوە بەغدا و منی بەجێهێشت، من نەمزانی كاری خالید هێنانی ئافرەتە بۆ كافتریا و هۆتێلەكان".

 

زەینەب دەڵێت دوای رۆیشتنی خالید، خاوەنی كافتریاكە پێیگوتووە ئەگەر بتەوێت لێرە بمێنیتەوە، نابێت وا رووگرژ و داخراو بیت، بەڵكو دەبێت بە مشتەرییەكان بڵێی ئامادەم بۆ دڵخۆشی و ئاسوودەییتان خزمەتتان بكەم.

 

زەینەب تێنەگەیشتووە مەبەستی خاوەن كافتریاكە چی بووە، بۆیە بە قسەی خاوەن كافتریاكە دەكات. دەڵێت "خاوەن كافتریاكە منی نارد بۆ لای موشتەرییەك تەمەنی لە 50 ساڵ زیاتر دەبوو، پێمگوت لەخزمەتتداین بۆ ئاسوودەكردنت. ئەویش پێیگوتم بڕۆ لە دەرەوە چاوەڕێم بكە. من تێنەگەیشتم، بۆیە بە خاوەن كارەكەم گوت؟ ئەویش گوتی مەترسە لەگەڵی بڕۆ، تەنیا گۆرانی بۆ بڵێ، ئەمشەو پارەت بەسەردا دەبارێنێ".

دەبێتە لەشفرۆش

زەینەب لەسەر قسەی خاوەن كافتریاكە لەگەڵ پیاوەكە دەڕوات "پیاوەكە بردمی بۆ هۆتێلێك بەناوی (خ)، ئەو شەوە یەكەم شەوی كاری لەشفرۆشی من بوو، ماوەی چوار رۆژ لەو هۆتێلە مامەوە، بەبێ ئەوەی بێمە دەرەوە".

 

زەینەب دەڵێت ئەو پیاوە جگە لەوەی سێكسی لەگەڵ كردووە، ئەشكەنجەشی داوە . پیاوەكە دوای چوار رۆژ زەینەب دەباتەوە كافتریاكە، زەینەب گوتی "پیاوەكە 800 دۆلاری دا بە خاوەن كافتریاكە، ئەویش 400 دۆلاری پێدام و گوتی ئەوەی تۆ بە چوار رۆژ وەرتگرت، مووچەی مانگێكی فەرمانبەرێكی حكومەتە، ئەمە باشترین كارە و خۆت رابێنە لەسەری".

 

لەوكاتەوە تاوەكوو ئێستا بەردەوامە لەسەر كاری لەشفرۆشی، زەینەب كە هەفتەی رابردوو لە شوێنی كارەكەی لەلایەن مەفرەزەیەكی پۆلیسەوە دەستگیر كرا، دەڵێت "تاوەكو ئەمڕۆ كە دەستگیركراوم، بەردەوام هەر شەوەی لەلای پیاوێكم، زۆربەی ئەو پیاوانەی كە لەگەڵم دەخەوتن ژن و منداڵیان هەبوو".

 

بازرگانییەكی شاراوە

ماوەیەكە بەشێك لە كافتریان كارمەندی كچ بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتكردنی موشتەرییەكانیان دادەنێن، بەڵام پۆلیس دەڵێت هەندێك خاوەن كافتریا بازرگانی بەو كچانەوە دەكەن. موقەدەم فەخرەدین نووری، بەڕێوەبەری پۆلیسی شارۆچكەی عەنكاوە بە (رووداو)ی گوت :"ژمارەیەكی زۆر ئافرەتی بیانی لە هۆتێل و كافتریاكان بەناوی كاركردنەوە كاری لەشفرۆشی دەكەن. ئێمە بەردەوامین لە گرتنی ئەو ئافرەتانە و ئەوانەشی كە بازرگانییان پێوەدەكەن".

هەروەها گوتی "بەدەیان هوتێل و كافتریا لەسەر ئەم كارە سزادراون و داخراون، خاوەن كارەكانیش بەند كراون".

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure