کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور
519 جار بینراوە 15/7/2017 06:15 PM

بۆ بەدەستهێنانی دۆلار، هاوڵاتییەکانی بە"کۆیلە" دەداتە روسیا



سنور میدیا 

سەرۆکی کۆریای باکوری دەیان هەزار لە هاوڵاتیانی هەژاری وڵاتەکەی رەوانەی روسیا دەکات لەپێناو بەدەستهێنانی دراوی قورسی دۆلاردا، بۆ بەردەوامیدان بە سیستمە دیکتاتۆرییەکەی.

کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە؛ کیم جۆنگ ئون سەرۆکی کۆریای باکور دەیان هەزار کەس لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی وەک "کۆیلە" دەنێرێتە روسیا بۆ ئەنجامدانی کاری قورس و زەحمەت، بۆ بەدەستهێنانی دراوی دۆلار، لەپێناو بەردەوامیدان بە فەرمانڕەوایی خۆی و ئەو تەنگەژە داراییەی تێی کەوتوە.

 

لەبەرامبەردا، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان لەو هەڵسوکەوتەی دیکتاتۆرە گەنجەکە دەربڕیوە کە بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیانی وڵاتەکەی دەکات و رایانگەیاند: کرێکارەکانی کۆریای باکور لە روسیا وەکو کۆیلە و بەشێوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت و کاری قورسیان پێ ئەنجامدەدرێت و بەشی هەرەزۆری کرێی کارەکەیان دەدرێتە رژێمی کوریای باکور.

 

بەپێی راپۆرتەکان زیاتر لە (50) هەزار کرێکاری کۆریای باکور لە روسیا بەکرێیەکی کەم کاریان پێدەکرێت و ناچارن ساڵانە بڕی (120) ملیۆن دۆلاری ئەمەریکی بدەنە رژێمی پیۆنگ یانگ کە دەکاتە نزیکەی (90%)ی کرێی کارەکەیان، کە لە ئێستادا زۆربەی ئەو کرێکارانە لە دروست کردنی یاریگایەکی نوێی تۆپی پێ لە سان پترسبۆرگ و کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێ بونی گەورە لە مۆسکۆی پایتەخی روسیا کاردەکەن، تائێستا ژمارەیەکیان روبەڕوی لێدان و سوکایەتی و کوشتن بونەتەوە.

 

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا؛ ئەو کارەی کۆریای باکور دەچێتە خانەی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە و کرێکارەکان روبەڕوی کاری قورسی تاقەت پڕوکێن دەبنەوە و بەشێکیشیان بازرگانیان پێوە دەکرێت، لەبەرامبەردا دەست بەسەر ناسنامە و پاسپۆرت و بەڵگەنامەکانیاندا دەگیرێت و کرێی پێویستیان پێنادرێت و روبەڕوی سزای جەستەی و دەرونی و دەستدرێژی دەبنەوە.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure