.
2133 جار بینراوە 6/7/2017 10:11 PM

پاسه‌وانه‌كه‌ی‌ مه‌لا به‌ختیار له‌پێناوی‌ خۆشه‌ویستییدا كوژرا



سنور میدیا

كاتژمێر 11:30 خوله‌كی‌ رۆژی‌ یه‌كشممه‌ 25/6/2017 كوڕێكی‌ ته‌مه‌ن 34 ساڵ به‌ناوی‌ بێستون عه‌بدول له‌گه‌ڕه‌كی‌ وڵوبه‌ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ له‌به‌رده‌م ماڵی‌ خوشه‌ویسته‌كه‌یدا به‌فیشه‌كێك ده‌كوژرێت، مه‌لا به‌ختیار له‌یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌ی‌ پاسه‌وانه‌كه‌ی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌لاَتی‌ فه‌یسبوك ده‌ڵێت "برایه‌كی‌ دڵسۆزی‌ به‌نده‌ بوه‌ قوربانی‌ كۆنه‌په‌رستی‌‌و گیانی‌ به‌خاك سپارد".

 

عوبید هاوڕێ‌‌و دراوسێی ماڵی‌ بێستون كه‌ دوكانی‌ سه‌رتاشی‌ هه‌یه‌ له‌ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا‌و بێستون هه‌ر لای‌ ئه‌و سه‌ری‌ ده‌تاشی‌ باسی‌ چۆنیه‌تی‌ كوشتنی‌ بێستون ده‌گێڕێته‌وه‌، ئه‌‌و وتی‌ "به‌یانی بو كه‌ بێستون هاته‌ دوكانه‌كه‌م‌و وتی‌ ده‌موچاوم بۆچاككه‌و قژێكم بۆ خاوكه‌ره‌وه‌، جه‌ژنه‌ ده‌چم به‌و مالاَنه‌دا ده‌گه‌ڕێم‌و جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ ده‌كه‌م، من كاره‌كه‌م بۆكردو رۆیشت زۆری‌ نه‌خایاند هه‌واڵیان بۆ هێنام بێستون له‌كۆڵانێكی‌ گه‌ڕه‌كی‌ وڵوبه‌ كوژراوه‌".


وتیشی‌ "پێشتر چه‌ند جارێك بێستونیان ئاگادار كردبو نابێت له‌و كۆڵانه‌وه‌ هاتوچۆ بكات، چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه‌ی‌ بكوژرێت له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكدا شه‌ڕی‌ كردبو كه‌ برا بون، به‌و مه‌رجه‌ ئاشتببونه‌وه‌ له‌گه‌ڵی‌ له‌و كۆلاَنه‌وه‌ هاتوچۆ نه‌كات كه‌ ماڵی‌ خوشكه‌كه‌یانی‌ لێیه‌".


ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ فیشه‌كێكی‌ كڵاشینكۆف به‌ناو ده‌می‌ بێستونه‌وه‌ نراوه‌و هه‌ر ئه‌وكاته‌ی‌ فیشه‌كه‌كه‌ی‌ به‌ركه‌وتوه‌ گیانی‌ له‌ده‌ستداوه‌و فریای‌ نه‌خۆشخانه‌ نه‌كه‌توه‌، دواتریش له‌ڕێگه‌ی‌ چه‌ند هاولاَتیه‌كه‌وه‌ له‌نزیك روداوه‌كه‌ كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ بێستون ئاگادار ده‌كرێت‌و ده‌گه‌یه‌نرێته‌ نه‌خۆشخانه‌، ئه‌و وتی‌ "ئه‌وكات له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كم چوینه‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ سلێمانی‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی‌ ته‌رمی‌ بێستون".


یه‌كێكی‌ دیكه‌ له‌هاوڕێكانی‌ بێستون به‌ناوی‌ سۆران سه‌باره‌ت به‌ڕوداوه‌كه‌، وتی‌ "بێسون له‌ساڵی‌ 2003وه‌ كچێكی‌ خۆشده‌ویست نزیك له‌ماڵی‌ خۆیان، زیاد له‌ده‌ جار داخوازی‌ ئه‌و كچه‌ی‌ كردوه‌، به‌لاَم كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ نه‌یانده‌دایه‌".


وتیشی‌ "ماوه‌ی‌ مانگێك ده‌بو بێستون ته‌واو ژیانی‌ گۆڕابو، زۆر خه‌مباربو رۆژانه‌ ده‌هاته‌ لام باسی‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرد كه‌ ئه‌مشه‌و نه‌خه‌وتوه‌ سێ‌ پاكه‌ت جگه‌ره‌ی‌ كێشاوه‌‌و نازانێت چی‌ بكات".
هه‌رچی‌ براو ئامۆزاو كه‌سوكاری‌ بێسوتونیشه‌ كه‌ له‌پرسه‌كه‌ی‌ بێستوندا وه‌ستابون‌و په‌یامنێری‌ ئاوێنه‌ داوای‌ لێكردن له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌بكه‌ن ئه‌وان ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ كوژرانی‌ بێستون كێشه‌یه‌كی‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌و غه‌درێك له‌كوڕه‌كه‌یان كراوه‌، ئاماده‌نه‌بون ورده‌كاری‌ كوشتنی‌ كوڕه‌كه‌یان بگێڕنه‌وه‌‌و باسبكه‌ن.


محه‌مه‌د ره‌ئوف، كه‌ چه‌ندین جار كه‌وتۆته‌ نێوان هه‌ردو ئه‌م ماڵه‌ ناكۆكه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ كێشه‌و ناكۆكییان نه‌بێت، وتی‌ "ماوه‌ی‌ مانگێگ ده‌بێت خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ بێستونیان داوه‌ به‌خزمێكی‌ نزیكی‌ خۆی كه‌ به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌به‌و له‌ئه‌مه‌ریكا داده‌نیشت، چونكه‌ دایكی‌ كچه‌كه‌ عه‌ره‌ب بوه‌‌و سالاَنێكی‌ زوو باوكی‌ له‌به‌غدا ژیاوه‌‌و ژیانی‌ هاوسه‌رگیری‌ له‌گه‌ڵ ئه‌نجامداوه‌".


وتیشی‌ "ئه‌و شه‌وه‌ی‌ شیرینی‌ كچه‌كه‌ ده‌خورایه‌وه‌، من‌و برایه‌كم‌و ئامۆزایه‌كم‌و چه‌ند كه‌سێكی‌ دیكه‌ی‌ خزمی‌ خۆمان بانگ كراین‌و بۆ ماره‌كردنه‌كه‌، دواتر كه‌ هه‌ستاین هه‌ریه‌كه‌مان بڕۆینه‌وه‌ بۆ ماڵی‌ خۆمان كاتێك گه‌یشتمه‌ به‌رده‌رگای‌ ماڵی‌ خۆمان بێستونم بینی‌ وه‌ستابو چاوه‌ڕێی‌ منی‌ ده‌كرد ئاخۆ بزانیت ئه‌و میوانانه‌ كێ بون‌و چی‌ بوه‌، بێستون له‌گه‌ڵ من زۆر به‌ینی‌ خۆشبو زۆركات قسه‌م بۆ ده‌كردو كه‌ واز له‌و كچه‌كه‌ بهێنێت، به‌ڵێنیشی‌ دابو كه‌ دڵم نه‌شكێنێت، هه‌ربۆیه‌ هه‌رچی‌ هه‌بوایه‌ بۆم باسده‌كرد پێم وت ئه‌مشه‌و فڵان ماره‌ كراوه‌، هه‌ر له‌وێدا بێستون سوێندی‌ خوارد‌و وتی‌ نایه‌ڵم ئه‌وكاره‌ سه‌ربگرێت‌، من ئه‌و كچه‌م خۆشده‌وێ".


محه‌مه‌د ره‌ئوف باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ چه‌ند رۆژێك پێش ئه‌وه‌ی‌ بێستون بكوژرێت له‌گه‌ڵ برای‌ كچه‌كه‌ شه‌ڕیان ده‌بێت‌و ناوبژی‌ ده‌كرێن‌و ئاشت ده‌بنه‌وه‌، ئه‌و ده‌ڵێت "شه‌ڕیان ده‌بێت‌و په‌لاماری‌ یه‌ك ده‌ده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ بێستون نابێت به‌و كۆلاَنه‌دا بڕوات، تاكچه‌كه‌ ده‌ڕوات به‌لای‌ ژیانیه‌وه‌، شه‌وێك بێستون‌و براو كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ هاتنه‌ ماڵی‌ برای‌ كچه‌كه‌و من له‌دانیشتنه‌كه‌دا بوم، بێستون به‌ڵێنیدا كه‌ له‌و كۆلاَنه‌وه‌ هاتوچۆ نه‌كات‌و كاری‌ به‌و كچه‌وه‌ نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ر دو هه‌فته‌یه‌ك نه‌هات دواتر رۆژانه‌ به‌و كۆلاَنه‌دا ده‌ڕۆیشت تادواجار به‌داخه‌وه‌ ئه‌و روداوه‌ی‌ لێكه‌وته‌وه‌".
پاش روداوه‌كه‌، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی‌ ده‌سته‌ی‌ كارگێڕی‌ مه‌كته‌بی‌ سیاسی‌ یه‌كێتی ده‌رباره‌ی‌ كوژرانی‌ پاسه‌وانه‌كه‌ی‌ له‌ئه‌كاوه‌نتی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ له‌تۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ فه‌یسبوك رایگه‌یاند "به‌داخ‌و ئه‌سه‌فێكی زۆره‌وه‌، له‌یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژندا، برایه‌كی دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌كی به‌نده‌، به‌كاره‌ساتێكی ناخهه‌ژێن، بوه‌ قوربانی كۆنه‌په‌رستی‌و گیانی پاكی به‌خاك سپارد، هیوادارم ئه‌مه‌ دواناخۆشی كه‌سوكاری جوانه‌مه‌رگ‌و هه‌مولایه‌كمان بێت. رۆحت شاد كاكه‌ بێستون".


هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌، وته‌بێژی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای‌ سلێمانی‌، نه‌قیب سه‌ركه‌وت ئه‌حمه‌د وتوویەتی" كاتژمێر 11:30 خوله‌كی‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ كوڕێكی‌ ته‌مه‌ن34 ساڵ به‌ناوی‌ بێستون عه‌بدول به‌فیشه‌كێك ده‌كوژرێت كه‌ له‌ناو ده‌می‌ داوه‌‌و پیشه‌ی‌ پاسه‌وانی‌ مه‌لابه‌ختیاره‌".


وتیشی‌ " هێزه‌كانی‌ به‌ڵگه‌ی‌ تاوان گه‌یشتونه‌ته‌ شوێنی‌ روداوه‌كه‌و په‌ڕاوی‌ یاسایی‌ بۆ روداوه‌كه‌ كراوه‌ته‌وه‌‌و كوژراوه‌كه‌ ره‌وانه‌ی‌ پزیشكی‌ دادوه‌ری‌ كراوه‌‌و بكوژه‌كه‌ ده‌ستگیركراوه‌‌و دانی‌ به‌تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ كه‌ له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ كوشتوه‌"

 

و_ ئاوێنە

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure