پەرلەمانی کوردستان
737 جار بینراوە 28/3/2017 07:37 PM

دەسەڵآتی یاسادانان لە سیستمە جیاوازەکانی حوکمڕانیدا و یاسادانان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە نمونە



ئامادەکردنی: گمۆ محمد

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی پەیمانگای كوردی بۆ هەڵبژاردن 

دەسەڵآتی یاسادانن وەک یەکێک لەو سێ دەسەڵآتەی کە دەوڵەت پێکدەهێنن و گرنگیەکەی هاوشانی دوو دەسەڵآتەکەی دیکە ( جێبەجێکردن و دادوەری)  یە و هەر سێ دەسەڵآتەکە پێکەوە سیستمی حوکمڕانی دەوڵەت دیاریدەکەن ، بۆیە لێرەدا گرنگە کە وەک پێشەکیەک باس لە سیستمەکانی حوکمڕانی بکەین تاوەکو لەوە تێبگەین ئەم سێ دەسەڵآتە چۆن یەکتر تەواودەکەن وسیستمی حوکمڕانی پێکدەهێنن.

سیستمی حوکمڕانی:

سیستمی حوکمڕانی بەشێوەیەکی گشتی واتای ئەو  ئالیەتە دەگەیەنێت کە دەوڵەت یاخود هەرێمێک لە دەوڵەتدا  دەیگرێتەبەر لە پرۆسەی بەرێوەبردندا، سیستمەکانی حوکمڕانی بەشێوەیەکی گشتی دیاریدەکرێت لە ڕێگەی دیاریکردنی ئالیەتەکانی حوکمڕانی .

کەواتە سیستمی حوکمڕانی پێکدێت  لەهەرسێ دامەزراوە سەرەکیەکەی دەوڵەت ( یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ) ، بۆیە شێوازی دابەشبوونی ئەرک و دەسەڵآتەکانیان و ئەو پەیوەندیەی پێکیانەوە گرێدەدات جۆری سیستمەکە دیاریدەکات . بە تایبەتی لە نێوان دەسەڵآتەکانی جێبەجێکردن و یاساداناندا ، بەوەی ئایا سیستمەکە پەرلەمانیە یان سەرۆکایەتییە یان ئەنجومەنیە یان تێکەڵآوە بەم جۆرەی خوارەوە :

ئەگەر پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای یەکسانی بێت لەنێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانن و جێبەجێکردندا ئەوا بە سیستمی پەرلەمانی ناودەبرێت .

ئەگەر پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای زۆری دەسەڵاتی جێبەجێکردن بێت ئەوا بە سیستمی سەرۆکایەتی ناودەبرێت .

ئەگەر پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای کۆکردنەوەی سەرجەم دەسەڵآتەکان بێت لە دەستەیەکی دیاریکراودا ئەوا بە سیستمی ئەنجومەنی ناودەبرێت

ئەگەر پەیوەندیەکە لەسەر بنەمای تێکەڵکردنی هەندێ جیاکاری و سیفاتی هەردوو سیستمی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی بوو ئەوا بە سیستمی تێکەڵآو ناودەبرێت. هەر لەبەر ئەوەشە سیستمی تێکەڵآو زۆر جار ناودەبرێت بە نیمچە سەرۆکایەتی یا نیمچە پەرلەمانی.

لەبەر گرنگی دەسەڵآتی یاسادانان لە هەریەک لەو سیستمانەی سەرەوەدا و کاریگەری ئەو دەسەڵآتە  بۆ دیاری کردنی جۆری سیستمەکە، ئێمە لێرەدا باس لەدەسەڵآتی یاسادانان دەکەین لە لە سیستمە جیاوازەکاندا .

دەسەڵآتی یاسادانان ( پەرلەمان ) ئەو دەسەڵاتەیە کە هاوشان لەگەڵ هەردوو دەسەڵآتە سەرەکیەکەی دیکە، سیستمی حوکمڕانی دەوڵەت یان هەریمێکپێکدەهێنن و جۆری سیستمەکە دیاری دەکەن، هەروەها ئەو لایەنەیە کە خاوەنداریەتی دەسەڵاتی دەرکردنی بنەمایاساییە پابەندیەکان دەکات بە هەردوو جۆرەکەیەوە ( بنەما دەستووری و یاساییەکان ) ،کە حوکمی هەڵسوکەوتی فەرمانڕەوا وفەرمانلەسەرکراوەکان دەکات لە چوارچێوەی دەوڵەت یاخود هەرێمێکدا . هەروەها ئەرکی دەسەڵآتی یاسادانان بە پێی جۆری دەوڵەتەکە دەگۆڕدرێت و گۆڕانی بەسەردا دێت .

دەسەڵآتی یاسادانان چەند ناویکی هەیە بە پێی دەوڵەت و ناوچەکان دەگۆڕێت لەوانە  :

پەرلەمان، کۆنگرێس،جەمعیەی وەطەنی ،مجلس نواب 

چۆنێتی دیاریکردنی ئەندامانی دەسەڵاتی یاسادانان :

زۆربەی ئەنجومەنەکانی یاساداناندا بە پێی فەرمانێکی ڕەسمی دەستوری تایبەت بە مافی دەنگدانی سەرتاسەری هەڵدەبژێردرێن . کە مافی دەنگدان بە پێی وڵآتان دەگۆڕێت، بۆ نمونە لە ئیتاڵیا دەبێت کەسی دەنگدەر بۆ ئەنجومەنی پیران تەمەنی ٢٥ ساڵ بێت و لە زۆربەی وڵآتانی تردا دەبێت ١٨ ساڵ بێت .

گرنگترین کارەکانی دەسەڵآتی یاسادانان:

ئەرکەکانی دەسەڵآتی یاسادانان بەپێی جۆری سیستمەکە دەگۆڕێت ، لە گرنگترین کارەکانی لە سیستمی پەرلەمانیدا  بریتیە لە:

ئەرکی سەرەکی دەسەڵآتی یاسادانان بریتیە لە یاسادانان و ڕێکخستنی کاروبارەکانی دەوڵەت ، جگە لەمە بە ئەرکێکی دیکە هەڵدەستێت کە ئەرکێکی سیاسیە کە بریتیە لە لە چاودێریکردنی دەسەڵآتی جێبەجێکردن سەبارەت بە کار و کردەوەکانی و چۆنیەتی جێبەجێکردنی یاساکان  ، ئەو چاودێریەش وەک ئەمانەی خوارەوە

یەکەم/ مافی پرسیارکردن: مەبەست لە پرسیار کردن داوای وەڵام دانەوە و ڕوونکردنەوەیە ، کە ئەندامێک لە ئەندامەکانی پەرلەمان داوا لە وەزیرێک یان سەرۆکی حوکمەت دەکات کە وەڵآمی بداتەوە و ڕوونکردنەوەی پێبدات سەبارەت بە مەسەلەیەکی دیاری کراو ، پرسیارکردن پەیوەندیەکی دوولایەنەیە  لە نێوان ئەندامانی پەرلەمان و وەزیری تایبەتمەندا . ئەگەر ئەندامی پەرلەمان بە وەڵآمی وەزیر ڕازی نەبوو یاخود زانیاریەکانی ڕوون نەبوو دەتوانێت داوای ڕوون کردنەوەی زیاتر بکات . وە پرسیار کردن کردن وەرگرتنەوەی متمانەی لێناکەوێتەوە بەڵکوو مەبەست لێی تەنها وەرگرتنی زانیاریە .

دووەم : مافی لێپرسینەوە: لێپرسینەوە ئەو مافایە کە پەرلەمانتار بە هۆیەوە داوا لە وەزیر دەکات ڕاپۆرتی سەبارەت بە سیاسەتی گشتی دەوڵەت یاخود سەبارەت بە خاڵێکی دیاریکراوی سیاسەتەکە پێشکەش بکات . لە لێپرسینەوە پرسیارکردنەکە تەنها لە نێوان ئەندامەکە و وەزیرەکە نامێنێتەوە بەڵکو دەتوانرێت هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەشداری تێدا بکەن . لێپرسینەوە مەترسیدار ترە لە پرسیارکردن ئەمە تەنها داوااکردن نیە بۆ دەستکەوتنی زانیاریەک ، بەڵکوو لێپرسینەوە داوای ڕوونکردنەوەیە لە چوارچێوەی تۆمەتێک یاخود گەندەڵیەک ، جاری وا هەیە پێشنیار دەکرێت لە لایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە متمانە لە وەزیر یاخود حوکمەت بسەندرێتەوە . بەڵام زۆربەی دەستوورەکان گرنتی دیاریدەکەن بۆ بەکارهێنانی مافی لێپرسینەوە ، وەک پێدانی ماوەیەکی دیاریکراو پێش ئەنجام دانی لێپرسینەوە ، تاوەکو حوکمەت دەرفەتی هەبێت بۆ دیراسەکردنی بابەتەکە.

سێیەم: مافی لێکۆڵینەوە: پەرلەمان بۆی هەیە لێکۆڵینەوە بکات لە کارەکانی وەزارەتێک ئەگەر بۆی دەرکەوت کەمتەرخەمە و کارەکانی بە باشی بەڕێوە نابات و گەندەڵی تێدایە ، پەرلەمان لیژنەیەک درووست دەکات یاخود ئەو لیژنانەی لە پەرلەمان هەیە دەینێرێتە وەزارەت . ئەگەر سەلمێنرا وەزارەتەکە گەندەڵە ، وەزیرەکە بانگێشتی پەرلەمان دەکرێت و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکرێت .

چوارەم : خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆکردن

ئەم مافەش دەستەبەرە بۆ هەموو ئەندامانی پەرلەمان ، جا دەقی دەستوری لەسەر هاتبێت یاخود نا ، بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان هەیە بابەبیتێکی گشتی بوروژێنن کە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوە یاخود ناوەوە هەیە ، شێوازێکە لە شێوازەکانی چاودێری حوکمەت بەڵام نابێتە هۆی لێسەندەوەی متمانە چونکە پێش ئەوەی حووکمەت قسەی خۆی بکات بەڕێوە دەچێت .    

لە گرنگترین کارەکانی لە سیستمی سەرۆکایەتی بریتیە لە:

دەسەڵآتی یاسادانان لەم سیستمەدا سەربەخۆ کارەکانی بەڕێوەدەبات و سەربەخۆیە لە دەسەڵآتی جێبەجێکردن، لەبەر ئەوەی سەرۆکی دەوڵەت مافی نیە داوای  پێشنیازکردنی یاسا و کۆبونەوەی پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی بکات .

وەک لە سیستمی ویلایەتە ئەکگرتووەکانی ئەمریکا و دانانی دەستورەکەی لە کۆنگرەی فیلادلفیا لە ساڵی ١٧٨٧

لە گرنگترین کارەکانی دەسەڵآتی یاسادانان لە سیستمی ئەنجومەنی :

دەستەی یاسادانان هەڵبژێردراوی گەلە و لە سەرووی دەستەکانی ترەوەیە ، دەسەڵآتی جێبەجێکردن ملکەچە بۆ دەسەڵآتی یاسادانان ، بە جۆرێک هیچ هاوسەنگی و یەکسانیەک لە نێوانیاندا نیە . پەیوەندی نێوانیان پەیوەندیەکی شوێنکەوتووییە .

 بەم شێوەیە لە سیستمی ئەنجومەنیدا هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی دەسەڵآتی یاسادانان کۆبۆتەوە . بۆیە دەسەڵاتی جێبەجێێکردن زیاتر وەک لیژنەیەکی سەر بە پەرلەمان دەردەکەوێت.

وەک لە دەستووری سویسرای ١٨٧٤ و پاش شۆرشی فەرەنسی و لە سێدارەدانی پاشا سیستمی ئەنجومەی لە فرەنسا جێبەجێکرا.

لە گرنگترین کارەکانی دەسەڵآتی یاسادانان لە سیستمی تێکەڵآوی:

سیستمی تێکەڵاو هاوشێوەی سیستمی پەرلەمانی بە پرنسیپی لێکجیاکردنەوەی نەرمی نێوان دەسەڵآتی یاسادانان و جێبەجێکردنی وەرگرتەوە . بە جۆرێک ئەم دوو دەسەڵآتە تەداخولی یەکتر دەکەن ، بە جۆرێک دەسەڵآتی یاسادانان مافی ئەوەی هەیە لێپرسینەوە لە ئەنجومەنی وەزیران بکات تا ڕادەی هەڵوەشانەوەی حوکمەت. لە هەمان کاتیشدا حوکەمەت مافی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە  هاوشێوەی سیستمی پەرلەمانی . جیاوازیەکە ئەوەیە کە ڕێگەی داوە بە هەڵبژاردنی سەرۆک لە لەیان گەلەوە  و دەسەڵاتە کرداریەکانیەتی و جێبێجەکردنیانە لە لایەن خودی خۆیەوە .

نمونەی ئەم سیستمە وەک لە کۆماری ئەلمانیا ی ساڵی ١٩١٩ پەیڕەو کرا . تا ساڵی ١٩٣٢ .

سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵآتی یاسادانان لە عێراقدا

دەوڵەتی عێراق لە دەستورەکەیدا کە ساڵی ٢٠٠٥ چۆتە بواری جیبەجێکردنەوە سیستمی فیدڕاڵی بۆ دەوڵەتەکەی پەسەند کردووە وەک لە دەروازەی پێنجەم بەشی یەکەم مادەی ١١٦ دا دەڵێت :سیستمی فیدڕاڵی لە کۆماری عێراقدا پێکدێت لە پایتەخت و هەرێمەکان و پارێزگاناوەندیەکان و کارگێڕیەخۆجیییاکان . کە ئەمریکا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە لە چەسپاندنی ئەم سیستمە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و ویستویەتی کە هەمان سیستمی ئەمریکا لە عێراقدا بچەسپینێت  و هەر لە دەستورەکەدا مافی بوون بە هەرێمی جیهێشتووە بۆ پارێزگاکان و دانیشتوانەکانیان تاوەکوو لە ریگەی ڕاپرسیەوە بە هەرێم بوون ڕابگەیەنن .

وەک لە دەستوری عێراقی مادەی  ٤٨ دا هاتووە کە دەسەڵآتی یاسادانان پێکدێت لە مجلیسی نواب و مجلیسی فیدڕاڵی

مجلیس نواب:  ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی هاوڵاتیانی عێراقی ئەندامەنی دیاری دەکرێت و مەرجە ئەو کەسەی خۆی دەپاڵوێت عێراقیەکی کامل ئەهلیە بێت .و مەرجەکانی دیکەی خۆ پاڵاوتنی جێهێشتووە بۆ ئەوەی بە قانونێک دیاری بکرێت .  بەڵآم جیاواز لە دەسەڵاتی یاسادانان کە لە ئەمریکادا هەیە ئەم دەستورە هەموو تایبەتمەندیەکانی دەسەڵآتی یاسادانای لە مجلیسی نوابدا کۆکردۆتەوە و لە ١٩ مادەدا باسی تایبەتمەندیەکانی مەجلیسی نواب کردووە بەڵآم تەنها لە یەک مادەدا باسی مجلیسی فیدڕاڵی کردووە کە لە مادەی ٦٥ دایە و دەڵێت :  مجلیسێکی یاسادانان پێدەهێنرێت بە ناوی مجلیسی فیدڕاڵی و کە نوێنەرایەتی هەرێمەکان و پارێزگاڕێکنەخراوەکان و کەمایەتیەکان دەکات لە عێراقدا ، بەڵآم تایبەت مەندی و کارەکانی ئەم مەجلیسەی جێهێشتووە بۆ مجلسی نواب تاوەکو بە قانونێکی عادی دیاری بکات . لە کاتێکدا وەک باسمان کرد ئەم دوو دەستەیە یان دەبێت هاوتای یەکبن لە دەسەڵاتدا یاخود دەبێت لەیەکدیەوە نزیک بن ، بەڵام مشرعی دەستوری عێراق ئەفزڵیەتی مجلسینوابی بەسەر مجلیسی فیدڕاڵیدا زەق کردۆتەوە . کە ئەمەش وای کردووە تاوەکوو ئێستا مەجلیسی فیدڕاڵی پێکنەێنرێت و فیدڕاڵیەکەی عێراق بە ناتەواوی بمێنێتەووە لە کاتێکدا وەک لە دەستورەکەدا ڕون کراوەتەوە کە عێراق پێکدێت لە هەرێمەکان و پارێزگا ڕێکنخراوەکان و  ئەمەش پێویستی بە مجلیسی فیدڕاڵی دەبێت بۆ پارێزگاری کردن لە مافەکانی پارێزگا بچوکەکان وەک لە ئەمریکا بوونی هەیە .

هەروەها سەبارەت بە ئاستی دەسەڵآت و جۆری سیستمی حوکمڕانیەکە، عێراق بە سەیرکردن لە ئاستی دەسەڵآتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری بە  سیستمی پەرلەمانی وەرگرتووە کە لە دەستووری عێراقیدا ئیختساس و تایبەتمەندیەکانی پەرلەمانی دیاریکردووە .

سیستمی حوکمڕانی و دەسەڵآتی یاسادانان  لە هەرێمی کوردستان

بەهۆی نەبوونی دەستوور لە هەرێمی کوردستاندا ، دەسەڵاتە سەرەکیەکانی یاسادانان و جیبەجێجێکردن و دادوەری ، لە ڕێگەی یاسایی ئاساییەوە دامەزراون و ئیختساس و تایبەتمەندیان پێدراوە ، ئەگەر سەرنج بدەینە ئاستی دەسەڵآتەکانی هەریەک لەم دامەزراوانە بە تایبەت دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن ، دەبینین کە بە سیستمی تێکەڵاوی و نیمچە سەرۆکایەتی وەرگرتووە ، کە جیاوازە لە جۆری سیستمەکە لە عێراقدا کە بە سیستمی پەرلەمانی وەرگرتووە .هەرچەندە مافی لێپرسینەوەی داوە بە پەرلەمان لە حوکمەت و وەزیرەکان بەڵآم ڕێگەی داوە کە سەرۆک لە ناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت کە ئەمەش پێچەوانەی سیستمی پەرلەمانیە کە دەبێت سەرۆک لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی لەبەردەم پەرلەماندا لێپرسراو بێت .

سەبارەت بە دەسەڵآتی یاسادانانەکەشی ،لە هەرێمی کوردستان پەرلەمان پێکهاتووە لە دوای هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمان لە ١٩/ئایاری /١٩٩٢کە پێکهاتەی پەرلەمان پێکهاتووە لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کە پێکدێت لە سەرۆک و جێگر و سکرتێر و پەرلەمانەکە لە ١١١ ئەندام پێکدێت.

کۆمەڵێک ئەرک و دەسەڵآت دراوە بە پەرلەمانی کوردستان کە بە پێی ئەم ئەرک و دەسەڵآتانە بۆمان دەردەخات کە سیستمی حوکمڕانی کاری بە سیستمی تێکەڵاوی کردووە ئەرک و دەسەڵاتەکانیش بریتین لە :

_دەرچواندنی یاسا

_بڕیاردان لەسەر ڕێکەوتننامەکان و یەکلایی کردنەوەی کێشەچارەنوسزازەکان و دەستنیشانکردنی پەیوەندی یاسایی لەگەڵ دەسەڵآتی ناوەنددا ( بەغداد)

_ناولێنانی سەرۆک وەزیران ومتمانەدان بە ئەنجومەنی وەزیران و لێسەندنەوەی متمانەلێیان .

_پەسەندکردنی بوجەی گشتی

_چاودێریکردنی دەسەڵآتی جێبەجێکردن

بەڵآم ئەگەر هەڵوەستەیەک لەسەر ئەرک و دەسەڵآتەکانی دەسەڵآتی یاسادانان بکەین لە هەرێمی کوردستاندا دەبینین کە ئەم ئەرکانەی خۆی وەک پێویست ممارەسە نەکردووە یاخود ڕێگەی لێگیراوە،

 بۆ نمونە :

_ سەبارەت بە دەرچواندنی یاساو هەموارکردنەوەی یاساکان ، لە ماوەی ڕابردوودا پەرلەمانی کوردستان لە هەوڵێکیدا بۆ هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کورستان ، شکستی هێناو لەلایەن حیزبێکی ناو پەرلەمانی کوردستانەوە و هێزێکی سەر بەوحیزبە ڕێگە لە کۆبونەوەی پەرلەمان گیرا بۆ هەموارکردنی یاساکە .

_ سەبارەت بە ڕیکەوتنمانە و کێشە چارەنوسسازەکانیش کە لە ئەرک و دەسەڵاتی پەرلەمانی کوردستانە دەبینین کە زۆر ڕێکەوتن و بڕیاڕی چارەنوسساز هەیە بێگەڕانەوە بۆ پەرلەمان ئەنجام دەدرێت و حوکمەت و سەرۆکایەتی هەرێم لە جێگەی پەرلەمان ئەو کارە ئەنجام دەدات .

_ سەبارەت بە متمانە لێسەندنەوە لە وەزیر و هەڵوەشاندنەوەی حوکمەت دەبینین کە لە ماوەی کارکردنی ٢٥ ساڵی پەرلەمانی کوردستاندا هیچ حوکمەت و وەزیرێکی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە متمانەی لێنەسەندراوەتەوە و بەڵکوو زۆرجار حوکمەت و حیزبەکان لێپرسینەوەیان لە پەرلەمان کردووە .

_ سەبارەت بە چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش چاودێریەکە لاوازە بەهۆی تێکەڵاوی دەستی حیزب لە پەرلەمانی کوردستان و نا شەفافی لە کاروبارەکانی حوکمەتدا .

بەم پێیە دەگەینەوە ئەوەی کە نەک سیستم پەرلەمانی نیە بەڵکوو لە سیستمی تێکەڵاویشدا ئەرک و دەسەڵاتی دەسەڵاتی یاسادانان وەک پێویست مومارەسە نەکراوە یاخود ڕێگەی پێنەدراوە مومارەسەی بکات، کە ئەمەش کێشە دروست دەکات بۆ یەکسانی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و کاردەکاتە سەر جۆری کارەکان و شەفافی لە بەڕێوەبردندا .

لە ئێستاشدا و بۆ ماوەیەکی زۆرە پەرلەمانی کوردستان هیچ کۆبونەوەیەکی ئەنجامنەداوە و ڕێگە لە پەرلەمان دەگیرێت بۆ کۆبونەوەی ئاسایی خۆی بەهۆی ناکۆکیە سیاسیەکانەوە کە هۆکاری سەرەکیە بۆ دروستبوونی کێشەکانی بەرێوەبردن ، چونکە لە هەرێمی کوردستان و لە ئەزمونی ٢٥ ساڵەی حوکمداریدا کار بە بەرێوەبردنی ئیتیفاقی کراوە و لە کاتی دروستبوونی کێشە لە نێوان لایەنە سیسایەکان،  کێشە بۆ دامەزراوە ڕەسمیەکانیش دروست بووە .  


3936162832017_kara.PNG

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure