.ئۆباما و ترامپ
405 جار بینراوە 24/3/2017 12:27 AM

جیاوازی سیاسەت و ستراتیژیی ئۆباما و ترامپ؛ پرسی فەلەستین– ئیسرائیل به‌نمونه‌



 

1114212332017_255.PNGئ

امادەکردنی: هاوکار ڕەفیق

بەکالۆریۆس لە زانستەڕامیارییەکان

پێشەکى
لەمامەڵەکردنى کێشەى فەلەستین- ئیسرائیلدا، پێشبینى دەکرێت، ئیدارەى نوێ جیاوازتر لە ئیدارەى پێشوو مامەڵەیەکى تایبەت بکات، لەبەرژەوەندى ئیسرائیلدا، ئەمە لە کاتێکدا ترامپ چەندین بەڵێنى داوە بە ئیسرائیل کە ئۆباما هەرگیز ڕێگەى نەداوە بێنەدى، تەنانەت بۆتە بەربەستیش لەبەردەم هەندێک هەوڵى ئیسرائیل لە بەرامبەر فەلەستین، هەر لەبەر ئەمەش چەندینجار ترامپ ڕەخنەى لە ئیدارەکەى ئۆباما گرتووە، کە هاوڕێیەتى ئیسرائیلیان کاڵتر کردۆتەوە و لەبرى ئەوە گرنگیان بە ئێران داوە، ئەمەش هەمان ڕەخنەیە کە ئیسرائیل لە ئەمریکاى سەردەمى ئۆباماى هەبووە، چونکە لە دیدى ئیسرائیلدا، ئۆباما ئیسرائیلى پەراوێزخستووەو پلانەکانى لەمەڕ کێشەى فەلەستین پەکخستووە، ئەو بابەتانەى ئۆباما دژیان وەستاوە وەک (نیشینگە "ناوچەى نیشتەجێبوون"ەکانى ئیسرائیل لە کەرتى خۆرئاوا و ڕۆژهەلاتى قودس، گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، دەستبەسەرداگرتنى بەرزاییەکانى جۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە، پلانى فراوانخوازییەکانى ئیسرائیل بەسەر فەلەستینەوە، دانپیانەنان بە دەوڵەتى سەربەخۆى فەلەستین،بڕیاردانى تاکلایەنە لە بەرژەوەندى ئیسرائیل)، بە پێچەوانەوە هەموو ئەمانە لە ئیدارەى نوێدا یاسایی وڕێگە پێدراون، بەشێوەیەک ترامپ بەڵێنى کارئاسانى داوە بۆ هێنانەدى هەموو ئەم ئامانج و پلانانەى ئیسرائیل، لەم توێژینەوەیەدا وەڵامى ئەو پرسیارانە دەدەینەوە، کە ئەو نەخشەڕێگایاى ئۆباما، لەمەڕ کێشەى فەلەستین - ئیسرائیلدا دیاریکردبوو کامانەبوون؟ ستراتیژیەتى جیاوازى ئۆباما و ترامپ لە چیدایە لە چارەسەى کێشەى فەلەستین؟ ئەو پلان و سیاسەتەى ئۆباما، لەبەرامبەر ئیسرائیل پەیڕەویدەکرد، ئیسرائیل لێى ڕازیبوو؟ یان ترامپ تەواو پێچەوانەى ئۆبامایە لەم پرسەدا، بەجۆرێک ئەو کەسەیە کە ئیسرائیل خواستى لەسەرە؟ ئايا ئیدارەى نوێ لە بەرژەوەندى ئیسرائیل لە کێشەى فەلەستیندا هەنگاو دەنێت؟ لەم توێژینەوەیەدا وەڵامى ئەم پرسیارانەو چەندین پرسیارى تر دەدەینەوە.

 

پاڵپشتیە مادى و دبلۆماسیی سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، لە ڕابردوو و ئێستادا


لە یەکەم ساتى دروستبوونى دەوڵەتى ئیسرائیلەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پشتیوان وهاوکارى ئیسرائیل بووە، لە کۆتایى شەستەکان و لە جەنگى 1967شەوە پشتگیرى بێمەرجى لە ئیسرائیل کرد، لەو ساڵەدا ئیسرائیل گەورەترین وەرگرى یارمەتى ئابورى و سەربازى بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاوە، سەربارى پشتگیرییە زەبەلاحەکانى لە جەنگى ئۆکتۆبەرى 1973دا.(1) هاوکارییە مادییەکانى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، هەمیشە لە هەڵکشاندابوون، وەک دەبینین لە دواى جەنگى 1973وە، ئەمریکا وەک یارمەتى ڕاستەوخۆ ساڵانە 3ملیار دۆلاى داوە بە ئیسرائیل، بەم چەشنە سەرجەمى هاوکارییەکانى ئەمریکا بۆ ئەم وڵاتە، لە لە جەنگى جیهانى دووەمەوە هەتا 2004، زیاتر بووە لە 140ملیار دۆلار، ئاشکرایە ئیسرائیل 25% پێداویستیە سەربازییەکانى لە ئەمریکاوە وەردەگرێت، ئەمە سەربارى یارمەتى دانى ئیسرائیل لە پەرەپێدانى پرۆسەى بەرگرى و سەربازى وڵاتەکەى، لەگەڵ پێدانى بەرنامە و چەکى پێشکەوتوویى نهێنى وەک (فرۆکەى بلاک هۆک، هلیکۆبتەر، فرۆکەى ئیف16)، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بێجگە لە پاڵپشتى دارایی پاڵپشتیەکى دبلۆماسی پۆڵاینیە بۆ ئیسرائیل، بەجۆرێک تەنیا لە ساڵى 1982دا 32جار، ڤیتۆى لەبەرامبەر ئەو بڕیارانەى ئەنجومەنى ئاسایش بەکارهێناوە، کە لە دژى ئیسرائیل بوون. لە هەموو ئەمانە نامۆتر دەزگاى هەواڵگرى ئەمریکا یارمەتى ئیسرائیلى داوە، لە پەرەپێدانى چەکى ئەتۆمیدا، وێڕاى ئەوەى ئاستەنگیش بووە لەبەردەم هەوڵى بەردەوامى دەوڵەتە عەرەبییەکان، لەبەرامبەر وەستاندنى چالاکییە ئەتۆمییەکانى ئیسرائیل و فشارەکانیان بەرسەر ئەجێداى ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمەوە.(2)
قۆناغەکانى پشتگیرى و هاوکارى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل. (3)


1: قۆناغى پشتگیرى و بەردەوامى هاندانى کۆچکردنى جولەکەکان بۆ فەلەستین، لە دواى بڕیارەکانى کۆنگرەى بازل، لە ساڵى 1986 هەتا 1922.
2: قۆناغى پشتگیرى دروستکردنى دەوڵەت، سەرەتا بە دەرکردنى بڕیارێک لە کۆنگرێسى ئەمریکییەوە پشتگیرى کرد لە دەوڵەتى جولەکە، هەتا دەنگدان و دانپێدانان پێى، لە 15مایسى 1948دا.
3: قۆناغى هاوسۆزى و پشتگیرى مادى و مەعنەوى، لە ساڵى 1948وە هەتا کۆتایى ساڵى 1956.
4: قۆناغى هاوپەیمانى ستراتیژى، کە بە هاوبەشى بەریتانیا و ئیسرائیل، هاوپەیمانى سیانیان پێکهێنا بۆ شکستپێهێنانى میسر لە جەنگى 1956دا، ئەم هاوپەیمانێتیە بەردەوامى هەیە هەتا ئێستا، لەگەڵ یارمەتیدانى بەردەوام بۆ بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل.


لە سەروبەندى جەنگى 1967شدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە بارودۆخێکى ناهەمواردا تێدەپەڕى، لە لایەکەوە شەڕى بەوەکالەتى یەکێتى سۆڤیەتى دەکرد و، لە لایەکى تریشەوە مەترسى ڤێتنام و ناڕەزاییەکانى ڕایگشتى ناوخۆ، بەڵام سەربارى ئەمەش لە ژێر پەردەوە یارمەتیدەرێکى سەرەکى ئیسرائیل بوو، لەم جەنگەدا. بە ئاشکراش بانگەشەى ئەوەى دەکرد کە پێویستە ئەم دوو وڵاتە بگەنە ڕێکەوتن و چارەسەرى ئاشتى هەڵببژێرن، تەنانەت سەرۆکى ئەو کاتی ئەمریکا ، فەلەستین و دەوڵەتە عەرەبیەکانى بە تاوانبارى هەڵگیرساندنى ئەم جەنگە ئەزانى و بانگەشەى ئەوەى دەکرد کە پێویستە فەلەستین و ئیسرائیل بگەن بە ئاشتى.(4)بەدەر لەوە لە جەنگى ئۆکتۆبەرى 1973دا، (هینرى کیسەنجەر) وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتەی ئه‌مریكا ڕۆڵێکى کاراى هەبووە لە پاڵپشتیکردن و هاریکارى سەربازى و سیاسى و دبلۆماسى ئیسرائیل، لە پێناو ئیسرائیلدا پەیوەندییەکانى بە تەواوى لەگەڵ میسر و سوریا پچڕاند و میحوەرى ئیسرائیلى هەڵبژارد.(5)هەروها لە هەمان ساڵدا، ئەمریکا پردێکى ئاسمانى دروستکرد، بۆ هاریکاریکردنى ئیسرائیل لە ئاسمانەوە بە فرۆکە دژ بە سوپاى میسر و سوریا.(6)


لە ئیسَتاشدا، ئیدارەى نوێى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، لەگەڵ ئیسرایل ڕێکەوتنێکى وایان ئیمزاکردووە، کە ئەمریکا پابەندە بەوەى 38ملیار دۆلار یارمەتى سەربازى، پێشکەش بە ئیسرائیل بکات لەماوەى 10ساڵى داهاتوودا (2019-2028)، بە پێى ئەم ڕێکەوتنەش ئەمریکا یارمەتییە سەربازییەکانى بۆ ئیسرائیل بەرزکردۆتەوە، بۆ 3.1ملیار دۆلار، بەراورد بەو ڕێکەوتنەى ساڵى (2007)، کە کە ماوەکەى بەهەماشێوە دە ساڵ بووە(2007-2019)، بە پێى ئەم ڕێکەوتنە نوێیە بێت، لە ئیدارەى نوێدا بە ڕێژەى 27% یارمەتییە سەربازییەکانى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل زیادى کردووە.(7)


لێرەوە دەردەکەوێت، هەر لە قۆناغى دروستبوونى ئیسرائیلەوە، لەسەرجەم قۆناغەکانى(ئاشتى و جەنگ)دا، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پاڵپشتى و هاریکارى سەرەکى ئیسرائیل بووە، لە سەرجەم گفتوگۆ و دانوستاندنەکانیشدا، لەمەر کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل، ئەمریکا مەیلى بەلاى ئیسرائیلدا هەبووە، ئەگەر لە بەرژەوەندى ئەو هەنگاوێکى نەنابێت، ئەوە هەرگیز دژى نەبووە .

 


پەیوەندى نێوان ئیسرائیل و ئەمریکا، لە زمانى بارەک ئۆباماوە
ئۆباما دەڵێت" کاتێک سەردانى ئەیپاک (AIPAC)م کرد، بۆم دەرکەوت پەیوەندییەکى تۆکمە هەیە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیلدا، دەرکەوت دۆستێکى جدین، بۆیە من دڵنیایی دەدەم بە پەیوەندى بەهێزى نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل، بەجۆرێک پەیوەندى نێوان ئەم دوو دەوڵەتە ناپچڕێندرێت، نە ئەمڕۆ نە سبەى نە هەرگیز، هەماهەنگم لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى سەرجەم ئەو هەڕەشانەى لێى دەکرێت، چونکە ئێمە و ئیسرائیل بەرژەوەندى و ئامانجى هاوبەشمان هەیە، بۆیە هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئیسرائیل هەڕەشەیە بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، بۆیە لەگەڵ کۆشکى سپی پێکەوە پابەندین، بە پاراستنى ئاسایشى ئیسرائیل و ڕووبەڕووبوونەوەى ئاستەنگەکانى، لاى ئێمە دامەزراندنى ئیسرائیل دادپەروەرى و زەرووییە، بۆیە ئێمە دواى 60 ساڵ دەزانیین کە نابێت تەسلیم بین. بۆیە وەک سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، تەنانەت بە چارەسەرى ناوەندیش ڕازینیم، کاتێک لە بارەى ئاسایشى ئیسرائیلەوە گفتوگۆبکرێت".(8) بەڵام ئەم لێدوانەی ئۆباما وەک خۆی جێبەجێ نەکرا، بەڵکو لەلایەن خودی ئیسرائیل و زۆرینەی توێژەرانەوە درک بەوە کرا کە ئیدارەی ئۆباما، بە ئاستێکی بەرز ئیسرائیلی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆشەگیرکردە.


سەرەتاى ساردى پەیوەندى نێوان ئیدارەى بارەک ئۆباما و ئیسرائیل، لە مەسەلەى فەلەستیندا

لە میانەى سەردانێکى (جۆن بایدن) جێگر سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بۆ ئیسرائیل لە (2010)دا، ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا پابەندە بە دووبارە چاکسازى و چاککردنەوەى ئاسایشى ئیسرائیل. لە وەڵامدا ئیسرائیل ڕایگەیاند کە پلانێکى داناوە بۆ دروستکردنى 1.600 نیشینگە (ناوچەى نیشتەجێبوون)ى نوێ، لە ڕۆژهەڵاتى قودس. ئەمەش بووە یەکەم دەستپێکى ساردبوونى پەیوەندى نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، چونکە دروستکردنى نیشینگەکانى ئیسرائیل، لە دیدى (بارەک ئۆباما)دا، نایاسایی و نادادپەروەرین. هەروەها (هیلارى کلینتۆن) وەزیرى دەرەوەى ئەوکاتى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، ئەمەى وەک ئیهانەیەک وەسفکرد، بە پەیوەندى تەلەفونى (43)خولەک لەم بارەیەوە لەگەڵ (بنیامین ناتانیاهۆ) گفتوگۆى کرد، تێیدا ئەوەى دووپاتکردەوە کە پلانى نیشینگە (ناوچەى نیشتەجێبوون)، لە قودسدا نیشانەیەکى نەرێنیە، لە مامەڵەى ئیسرائیل لە چوارچێوەى پەیوەندى دوانەیی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکادا، سەربارى ئەوەى پێى وابوو کە ئەم هەنگاوە دەبێتە لاوازى دروستبوونى متمانە، لە پرۆسەى ئاشتى لەگەڵ فەلەستیندا. بۆیە هەموو ئەمانەش بوونە هێماى ساردوسڕى لە پەیوەندى نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا.(9)

 

ئۆباما وەک بەربەستی نیشینگەکانى ئیسرائیل لە سەر زەمینى فەلەستیندا


هەرچەندە ئیسرائیل لە سەرەتادا وا هەستی دەکرد، کە هاتنى ئۆباما دەبێتە مامەڵەیەکى ئەرێنى لەگەڵیدا. بەڵام دواتر دەرکەوت کە سیاسەتى ئەمریکا، لە ژێر سەرکردایەتى ئۆبامادا، بووەتە جیاکارییەکى گەورە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، و ئیسرائیلیش ئەو ئومێدى پێنەماوە، هەتا کار گەیشتە ئەوەى سەرۆکى ئیسرائیل (بنیامین ناتانیاهۆ) لە 2015دا و لە ناو کۆنگرێسى ئەمریکیەوە، نیگەرانى خۆى پیشاندا لە مامەڵە و پەیوەندى ساردى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا لەگەڵ وڵاتەکەیدا. چونکە (بارەک ئۆباما) شکستى بەسەرجەم بڕیارەکانى (ناتانیاهۆ) هێنا، بۆ دروستکردنى نیشنگە (ناوچەى نیشتەجێبوون) لە لەسەر زەوى فەلەستیندا.(10) لەو هەنگاوانەى کە (ئۆباما) هەڵیگرت دژى پلانى نیشنگەکانى ئیسرائیل، لە سەر زەمینى فەلەستین، لە 2سیپتەمبەرى 2010 دەرکەوت، کاتێک لە کۆشکى سپى هەریەکە لە (محمود عەباس و سەرۆک وەیزیرانى ئیسرائیل) ڕووبەڕووى یەکتر بوونەوە، (ئۆباما) بە پشتگیرکردن بۆ وەستاندنى پلانى نیشنگەکانى ئیسرائیل، لەسەر زەمینى فەلەستین کۆتایى بە دانوستاندنى نێوان ئەم دوو دەوڵەتە هێنا، لە 2011شدا ئۆباما سنورى فەلەستنیى لە کەنارى ڕۆژئاواى کەرتى غەزەوە بۆ ڕۆژهەڵاتى قودس دیاریکرد، ئەمەش بووە توڕەبوونى ئیسرائیل و ڕەتکردنەوەى ئەم لێدوانەى ئۆباما(11). سەربارى ئەوەى ماوەیەک پێش تەواوبوونى وادەى سەرۆکایەتى ئۆباما، بە بڕیارێکى نێودەوڵەتى و لە ئەنجومەنى ئاسایشەوە، بە دەنگى 14 ئەندام، بە بڕیارى ژمارە (2334)، ڕێگەنەدرا بە دروستنەکردنى نیشینگەکانى جولەکە لە سەر زەوى فەلەستین، بە دیاریکراویش لە ڕۆژهەڵاـى قودس، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڤیتۆى ڤیتۆى ئەم بڕیارەى نەکرد، ئەمە بووە توڕەبوونى تەواوەتى ئیسرائیل.(12)، ئەمە لە کاتێکدا سەرچاوە ئەمنییەکانى واشتۆن لە کۆتاییى 2015دا ئەوەیان ئاشکراکرد، کە بارەک ئۆباما بێ ئەمەلى خۆى ڕاگەیاندووە، بە جۆرێک پێى وابووە دەرفەتێکى ڕاستەقینەى نزیک مەودا بوونى نیە، بۆ هەنگاونان بۆ بەرەوپێشەوەچوون لە چارەسەرکردنى ململانێى فەلەستین و ئیسرائیلدا.(13)


نەخشتە ڕێگاى ئیدارەى ئۆباما، بۆ کێشەى فەلەستین - ئیسرائیل

دواى بڕیارى ژمارە (2334)ى ئەنجومەنى ئاسایش، ئیدارەى ئۆباما نەخشەڕێگایەکى بۆ کێشەى فەلەستین ئیسرائیل خستەڕوو، لە 28/کانونى یەکەمى 2016، جۆن کیرى خستیە ڕوو، کە تا کۆتایی ماوەى سەرۆکایەتى ئۆباما بۆچوونى سەرەکى ئەم ئیدارەیە بوو، بەم شێوەیە:(14)


یەکەم: گرەنتى سنورى ئەمنى دانپیانراو، لە نێوان ئیسرائیل و دەوڵەتى فەلەستینى، واتا هەمان ئەو سنورانەى 1967 دیاریکراون، لەگەڵ ئاڵوگۆڕى یەکسانى زەوییەکان بە هەماهەنگى هەردوولا .


دووەم: هێنانەدى بڕیارى ژمارە 181ى نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەویش دروستکردنى دوو دەوڵەتە (جوله‌كه‌و فەلەستینى)، لەگەڵ دانپێدانانیانى بەرامبەرى و لە یەکسانى لە تەواوی مافەکانیان، بۆ سەرجەم هاولاتییەکانیان.
سێهەم: گەیشتن بە چارەسەرێکى دادپەروەرانە و هەماهەنگ دەربارەى دۆسیەى پەنابەرە فەلەستینیەکان،بە یارمەتى نێودەڵەتى و داپێدانان بە گرفت و تەنگژەکانیان و گرتنەبەرى ڕێکارى پێویست بۆ دۆزینەوەى چارەسەرێکى گشتى و هەماهەنگى دولایەنە لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین، بە بێ ڕووداوى گۆرانکارى دیمۆگرافى لە ئیسرائیدا، یان بە بێ مافى گەڕانەوە.


چوارەم: قودس پایتەختێکى نێودەوڵەتى دانپێدانراوە، بۆ ئەو دوو دەوڵەتە، لەگەڵ گرەنتى ئازادى گەیشتن بۆ شوێنە پیرۆزەکان.


پێنجەم: گرەنتى پێداویستیە ئەمنیەکانى ئیسرایل، کە ئەویش گرنتی بێتن بۆ کۆتایی هێنان بە داگیرکارى بە شێوەیەکى تەواو لە دواتردا، بە شێوەیەک ئیسرائیل بتوانێت پارێزگارى بکات لە خۆى، فەلەستینیش بتوانێت گرەنتى ئاسایشى هاوڵاتیەکانى بکات، لە دەوڵەتێکى خاوەن سەروەرى داماڵراو لە چەک و سوپا.


سەرجەمى ئەم پێنج خاڵە لە لایەن ئیسرائیلەوە ڕەتکرانەوە، بەڵام لەهەمووى سەیرتر هیچ کام لەم بڕیارانە لە ئیدارەى نوێدا ئەرزشیان نیە و ترامپ بڕواى بەم بەستنەوەیەى ئیسرائیل نیە، بەڵکو تەواو پێچەوانەى ئەم خالانە، لەبەرژەوەندى ئیسرائیل بانگەشەى چارەسەر دەکات.


دۆخى مەترسیدارى پەیوەندیی ئیسرائیل و ئەمریکا، لە ئیدارەى پێشووى ئۆبامادا


ساردى پەیوەندى ئەم دوو دەوڵەتە بە تەواوى نیشانەکانى دەرکەوتن، وەک ئەوەى هەریەکە لە بلاکویل( بەرپرسێکى سیاسى لە ئیدارەى پێشووى بۆشدا) و جودون(بەرپرسێکى دیکە لە ئیدارەى پێشووى ئۆبامادا)، کە لە ئێستادا بە توێژەرە ناودارەکانى (ئەنجومەنى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئەمریکا) ناسراون، لە ڕاپۆرتێکدا بە ناونیشانى (چاکسازى پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل)، درکیان بەوەکردووە کە پەیوەندییەکانى ئەمریکا و ئیسرائیل لەمەترسیدایە، کەئەمەش سەریکێشاوە بۆ گۆڕانکاریی سیاسەتکردنیان لە لە دۆسیەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، هەروەک گۆڕانى دیموگرافى و گۆڕانى سیاسەتى ناوخۆى ئەمریکا و ئیسرائیل، کە هەموو ئەمانە بەسەر یەکەوە بوونە هۆکارى دووکەوتنەوەى ئەم دوو دەوڵەتە. لە توێژینەوەکەیاندا ئەم دوو توێژەرە پێشنیارى دووبارە داڕشتەکردنەوەى پەیوەندییەکانى نێوان ئەم دوو دەوڵەتەیان کردووە، ئەویش بە بانگێشتکردنى سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل دەبێت بۆ کامب دەیفید لە سەرەتاى 2017دا، (ترامپ ئەمەى کرد و لە 15/شوباتى ئەمساڵدا، پێشوازى لە ناتانیاهۆ کرد)، کە ئەویش بە جەختکردنەوە دەبێت لەسەر گەشەپێدانى روئیایەکى ستراتیژى نوێ، بە نیسبەت ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە. کە دەبێت ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بەردەوام پابەند بێت، بە بەشداریکردنى ئیسرائیل لە کێشە و بابەتە هەستیارەکانى ئەم ناوچەیەدا. ویڕاى چارەسەرکردنى کێشەى فەلەستین بە شێوەیەکى مەنهەجى و پێدانى شێوەیەکى دامەزراوەیی، کە لەسەر دیبەیتێکى ستراتیژى دوانەیى چڕ دامەزرابێت، کە ئەویش بە گەیشتن بە ئاشتى دەبێت لە ڕێگەى دانوستاندنەوە. (15)


مامەڵەکانى ئۆباما لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا و بە تایبەتى لە پرسى دۆسیەى ئەتۆمى ئێران و پرسى ناکۆکى فەلەستین ئیسرائیلدا، بوونە جێگەى توڕەیی و بێزارى ئیسرائیل. بەجۆرێک وایلێهاتبوو کە پلان وستراتیژیى ئۆباما بەدور بوو لە بەرژەوەندى و ئاسایشى ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.(16) ئەم شێوازە مامەڵەکردنەى ئۆباما لە بەرامبەر پرسەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، واى لە ترامپ کرد لە بانگەشەى هەڵبژاردنیدا، بە تەواوى ڕەخنە بگرێت لە سیاسەتى دەرەوەى ئیدارەى بارەک ئۆباما، لە مامەڵەکردنى لەگەڵ دۆسیەى چەکى ئەتۆمى ئێران کە ئیسرائیل بە مەترسى سەرەکى دەزانێت بۆ سەر وڵاتەکەى خۆى.(17)


چاوەڕانیەکانى ناتانیاهۆ لە ئیدارەى نوێى ئەمریکا، لەمەر کێشەى فەلەستین
ئیدارەى نوێى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا بە سەرکردایەتى ترامپـ، هەرچەندە هەتا ئێستا ڕۆئیایەکى ڕێکوپێکى نیە بۆ سیاسەتى دەرەوەى، بە جۆرێک هەتا ئێستا ناڕوونى و پەرتەوازەییەکى زۆر دیارە بە سیاسەتى کارکردنى ئەم سەرۆکە نوێیەوە. بەڵام لە بانگەشەکانى هەڵبژاردنیدا چەندەها بەڵێنى دا بە ئیسرائیل و دواى سەرکەوتنیشى جێبەجێکردنى بەڵێنەکانى بۆ ئیسرائیل دووپاتکردەوە.(18) هەروەها ترامپ چەندینجار ئەوەى ئاشکراکردووە، کە دەبێتە وەدیهێنەرى دەستکەوتێکى گەورە لە ڕێکەوتنى ئاشتى فەلەستین _ ئیسرائیلدا. ئەمە لە کاتێکدا ئیسرائیل چاوەڕواننیەکى گەشبینانەى هەیە لە ئیدارەى نوێ، چونکە بە بێ هیچ دەستکەوتێک بۆ ئیسرائیل ماوەى دووساڵ و نیوە، دانوستاندنى ڕاستەوخۆى نێوان ئەم دوو دەوڵەتە وەستاوە.(19) خاڵێکى تر کە وا دەکات ناتانیاهۆ سودى لێوەربگرێت، دژە ئیسلابوونى رادیكالیزمه‌ ترامپە (Anti-Muslim) چونکە ترامپ پێدەچێت هەڵگرى پلانێکى ترسناک بێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئیسلامی تونده‌ڕه‌و (20). کە ئەمەش لە بەرژەوەندى ئیسرائیلە چونکە بەرەى دژى ئیسرائیل، فەلەستینە و ئەوانیش مسوڵمانن. هەروەها لە مارسى 2016دا، لە کۆنگرەى ساڵانە بۆ لیژنەى کاروبارى گشتى ئەمریکا - ئیسرائیل (ئایباک) لە واشنتۆن، ڕایگەیاند" لە ئەمرۆ بەدواوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل وەک هاوڵاتى پلە دوو کۆتایی پێهات". ترامپ دواى سەرکەوتنى لە هەڵبژاردنى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ووتى " من تەنیا کەسێکم کە ئاشتى لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەدیدەهێنم" بۆ هێنانەدى ئەم دۆخەش زۆرێک پێان وایە دور نیە کە ترامپ هەنگاوگەلێک بنێت کە ئۆباما پێشتر نەیتوانیوە، ئەویش ڕەواییدانە بە نیشینگە ئیسرائیلییەکان لە سەر زەمینى فەلەستین، و گواستنەوەى سەفارەتى ئەمریکا بۆ قودس، کە ئەمەش واتاى بە پایتەختکردنى قودسە بۆ ئیسرائیل. (21)، لە دۆسیەى فەلەستیندا، پێشبینى دەکرێت ترامپ لەم چەند ئاستەدا هاوکارى ئیسرائیل بکات:-
یەکەم: وەلانانى یاسا و شەرعیەتى نێودەوڵەتى لە بەرژەوەندى ئیسرائیلدا


ئیدارەى نوێى ترامپ لە هەوڵى وەلانانى باڵادەستى نەتەوەیەکگرتووەکان و بڕیار و شەرعیەتى نێودەوڵەتیە (ئەنجومەنى ئاسایش) بۆ پرسى فەلەستین - ئیسرائیل، بەڵکو ویستى ئەوەیە تەنیا ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا باڵادەست دەبێت بەسەر ئەم پرسەدا، بە شێوەیەکى پتەو لەگەڵ ئیسرائیلدا دەبێت لە هێنانەدى ئامانجەکانى(22) ئەمەش ئەوەیە کە ئیسرائیل دەیەوێت، چونکە پێشتر ئەنجومەنى ئاسایش لە دژى ئیسرائیل لەمەڕ نیشینگەکانى(الاستیطان) ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتى قودس، هەڵوەستەى کردووە ئەم ویستەى ئیسرائیلى بە نایاسایى و نادادپەروەرى ناساندووە.(23) وێڕاى ئەوەى سەرجەم یاسا نيَودەوڵەتیەکان هیچ کات ڕەواییان نەداوە، بە پلان و ستراتیژى ئیسرائیل بۆ دامەزراندنى نیشینگە(ناوچەى نیشتەجێبوون) لەسەر زەمینى فەلەستین، (نەتەوە یەکگرتووەکان، خاچى سورى نێودەوڵەتى، یەکێتى ئەوروپا) چەندانى تر دژى ئەم هەوڵانەى ئیسرائیلن، بۆیە ئیسرائیل بۆ ڕەواییدان بەم هەنگاوەى دەیەوێت بازبدات بە سەر ڕێکخراو یاسا نێودەڵەتیەکاندا.(24)بەم شێوەیەش ترامپ لە هێنانەدى ئەم پلانەدا باشترین یاریدەدەرى ئیسرائیلە، چونکە ترامپ چەندینجار ئەوەى ڕاگەیاندووە کە پشتگیرى پرۆسەى زیادکردنى نیشینگەکانى ئیسرائیل لە کەرتى رۆژئاوا و خۆرهەڵاتى قودس. (25) بۆیە ناتانیاهۆ دواى ئەوە، دڵخۆشبوو بە سەرکەوتنى ترامپ، بۆئەوەى کاریگەرى دابنێت لە سەرى، بۆ فشارخستنە سەر میسر بۆ ڕاکێشانەوەى ئەو پرۆژە بڕیارەى لە دژى نیشینگەکانى ئیسرائیل، پێشکەشى ئەنجومەنى ئاسایشى کردووە.(26)


دووەم: گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس

خەونى مەزنى ناتانیاهۆ گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکایە لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، ترامپ لە بانگەشەى هەڵبژاردندا بەڵێنى بە ناتانیاهۆدا، کە لە کاتێکى گونجاودا، باڵوێزخانەى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا دەگوازێتەوە بۆ قودس.(27) لە دواى سەرکەوتنى ترامپیش، دیسانەوە سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل، دڵنیایی دا لەوەى کە ترامپ پابەند بووە بە بەڵێنەکەیەوە و ڕازییە بە گواستنەوەى باڵوێزخانەى وڵاتەکەى لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، بەمەش قودس دەبێتە پایتەختى ئیسرائیل، لەم پلانەشدا باڵوێزخانەى ئەمریکا دەبێـتە ڕێچکەشکێن بۆ گواستنەوەى باڵوێزخانەى وڵاتانى تر لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس.(28)قودس زیاتر لە هەر بابەتێکى تر جێگەى ناکۆکى نێوان ئیسرائیل و فەلەستینە، فەلەستینیەکان ڕۆژهەڵاتى قودس بە پایتەختى داهاتووى دەوڵەتەکەیان دەناسێنن، بەهەمان شێوە ئیسرائیلیش قودس بە پایتەختى ئەبەدى دەوڵەتەکەیان دەزانن، ئیسرائیل لە جەنگى 1967دا کەنارى ڕۆژئاواى و ڕۆژهەڵاتى قودسى داگیرکرد، دواتر قودسى ڕۆژهەڵاتى خستە پاڵخۆى، بەڵام کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى دانیپێدانەنا.(29) گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، لە ئیدارەى پێشووى ئۆبامادا بەڕەهاى ڕەتکراوەتەوە، سەربارى ئەوەى ئۆباما، لە ڕێکەوتى 18/کانونى دووەمى 2017، لەمەڕ ئەم لێدوانەى ترامپ کەوتە ڕەخنەگرتن و پێى وابوو گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا بۆ قودس، دەبێتە تەقینەوەى بارودۆخەکە و پاشەکشەکردن لە چارەسەرى ناکۆکى نێوان فەلەستین و ئیسرائیل.(30)


سێهەم: گواستنەوەى فەلەستینیەکان بۆ ناوچەى (پیرتۆ ریکۆ)!

لە سەروبەندى بانگەشەى هەڵبژاردندا، لە پرسى فەلەستین - ئیسرائیلدا، ترامپ ڕێگەچارەیەکى نامۆ و سەیرى خستەڕوو، کە ووتى "ئەگەر فەلەستینیەکان ڕازیبن، دەیان گوازمەوە بۆ ناوچەى (پیرۆ ریکۆ)، بەمەرجێک دەستبەردارى کەرتى ڕۆژئاوا و قودسبن، هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە ئەو ناوچەیە رووبەرەکەى هەزار مەتر چوارگۆشە، لە کەتى رۆژئاوا گەورەترە، کە فەلەستینیەکان لە پێناویدا دەجەنگن، هەروەها ئەوەشى خستەڕوو کە هاوشێوەى مزگەوتى قودسیان بۆ دروستدەکات لەم ناوچەیەدا"(31)


ئەم خاڵە دەچێتە خانەى بڕیارە سەیرسەمەرەکانى ترامپەوە، بۆیە پێدەچێت واقیع دەستبەردار و تەسلیمى خەیاڵى لەم چەشنە نەبێت، بۆیە ئەم تەنیا دروشمێکى هەڵبژاردنیە و لاى فەلەستینیەکان هەرگیز مایەى قبوڵ نیە.
چوارەم: ڕەواییدان بە نیشینگەکانى ئیسرائیل لەسەرزەوى فەلەستین

 

لە پرسەدا ترامپ بە ڕەهایی پشتگیرى دروستکردن و فراوانکردنى، نیشینگەکانى ئیسرائیل دەکات (32)، ئیسرائیلیش گەشبینە بەوەى ترامپ دەرفەت دەڕەخسێنێت، بۆ خێراتر بنیاتنانى نیشینگەکانى ئیسرائیل لە کەرتى رۆژئاوا و رۆژهەڵاتى قودس (33)،لە یەکەمین نیشانەى ڕازیبوونیشدا ترامپ لە بابەتى نیشینگەکاندا گڵۆپى سەوزى دابە ئیسرائیل، بۆ بنیاتنانى 566 کۆمەڵگەى نیشتەجێکردنى نوێ، لە سێ نیشینگەدا لە رۆژهەڵاتى قودس، کە ئەمەش سەرپێچیکردنى کۆتا بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایشە، کە تایبەتبوو بە ئیدانەکردنى نیشینگەکانى ئیسرائیل، لەسەر خاکى فەلەستین.(34)، بەم شێوەیە حکومەتى ئیسرائیل چاوەڕوانى ئەوە لە ئیدارەى نوێی ترامپ دەکات، کە باشتر و زیاتر لە ئۆباما پشتگیرى ئیسرائیل بکات، بە تایبەتى لە پرسى نیشینگەکانى ئیسرائیل لە کەنارى ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتى قودسى داگیرکراو.(35)،ئەمە ئەو ئامانجە بوو کە لە ئیدارەى پێشووى ئۆبامادا نەدەهاتەدى، چونکە ئۆباما پێى وابوو گەشەکردنى نیشینگەکانى ئیسرائیل واقیعێکى وا دروستدەکات، کە وا دەکات چارەسەرکردنى ململانێى نێوان فەلەستین و ئیسرائیل مەحاڵ بێت. (36)


پێنجەم: ترامپ پشتگیرى سەربەخۆیی فەلەستینیەکان ناکات
پێچەوانەى ئیدارەى پێشوو و دیموکراتەکان، ترامپ ئەو شێوە سیاسەتەى دێرینەى وەلاناوە، کە پێى وابوو کێشەى فەلەستین و ئیسرائیل، بە دروستکردنى دەوڵەتى سەربەخۆى فەلەستین کۆتایی پێدێت، لە تازەترین لێدوانى ترامپ لەمەڕ پرسى فەلەستین، 15/شوباتى/2017بوو، لەم ڕێکەوتەدا ناتانیاهۆ سەردانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکاى کرد و هیچکامێکیان دانیان بەوەدا نەنا کە پشتگیرى دروستبوونى دەوڵەتى سەربەخۆیی فەلەستینى بکەن، (37) (واتا ترامپ و ناتانیاهۆ، لەم پرسەدا تەواو کۆکن، لە کاتێکدا ئیدارەى پێشووى ئۆباما و زۆرینەى دیموکراتەکان ئەم شێوازەیان بەلاوە شیاو نەبوو)، هەرزوو ئەم لێدوانەى ترامپ، سکرتێرى گشتى نەتەوە یەکگرتووەکانى هێنایە دەنگ، ڕایگەیاند کە چارەسەرکردنى ململانێى فەلەستین ئیسرائیل تەنیا لەسەر ئەساسى دوو دەوڵەت دەبێت، کە ئەویش بە جەختکردنەوەى بەردەوام دەبێت لەسەر ئەو چارەسەرکردنانە هەیە و لەبەر دەستە، لەسەر بنەماى دوو دەوڵەت نەک ئەوەى ترامپ ناتانیاهۆ دەیانەوێت.(38)


شەشەم: ڕازییە بەوەی ئیسرائیل بەرزاییەکانی جۆلان بخاتە پاڵخۆى
لە میانەى لێدوانەکانى ناتانیاهۆ بۆ ڕاگەیاندنە بیانى و ئیسرائیلیەکان، ئاماژەى بەوەکردووە کە لە سەردانیکردنى 15شوباتى 2017 بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، داواى لە ترامپ کردووە دانبنێت بە سەروەرى ئیسرائیل لە جۆلانى سورى و بیخاتە پاڵخۆى، ئەوەى لە جەنگى 1967دا لە داگیرکرا، لە ڕابردوودا و لە 2015دا، ئیسرائیل هەمان داواى لە ئیدارەى سەرۆکى پێشوو بارەک ئۆباماکرد، بەڵام ئەم داواکارییەى ئیسرائیل ڕەتکرایەوە، هەروەها نەتەوەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش ئەم بابەتەیان ڕەتکردەوە، بڕیارى ژمارە (497) ئەنجومەنى ئاسایش لە ساڵى 1981دا، ئەم هەڵویستەى ئیسرائیلیان بە نایاسایی ناساندووە، بەڵام ناتانیاهۆ ئامانجیەتى لە ڕێگەى ترامپەوە ئەم ستراتیژەى بهێنیتەدى کە پێچەوانەى یاسا و شەرعیەتى نێودەوڵەتیە.(39) (ئەمەش ئەمان باتەوە بۆ خاڵى یەکەم، کە ئەویش وەلانانى یاسا و شەرعیەتى نێودەوڵەتى لە بەرژەوەندى ئیسرائیلدا).
حەوتەم: ناساندنى بزوتنەوەى حەماس وەک ڕێکخراوێکى تیرۆرستى


(ناجى شراب)، مامۆستاى زانستە ڕامیارییەکان لە زانکۆى ئەزهەر، لە نوسینێکدا ئاماژە دەکات بەوەى، کە دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەکە و پەیوەندى توندى لەگەڵ حەماسدا، وا دەخوازێت ترامپ پشتگیرى ئیسرائیل بکات، لە دژى حەماس و ئێران، چونکە ترامپ پشتگیرى پرۆژەى جولەکە دەکات، کە ئەویش دژ بە بزوتنەوەى حەماسە، ئاراستەى ترامپیش بە چەشنێکە کە بڕواى وایە، حماس و حزبواللە ڕێکخراوى تیرۆرستین، هەروەها دەکرێت ترامپ هەنگاو بنێت بەرەو هاوپەیمانیەکى نوێى بەریتانى و ئەمریکى و ئیسرائیلى(هاوپەیمانى سیانى)، ئەمەش وادەکات کە پێویست بێت حەماسیش بەرەو بەرەیەکى نوێ بڕوات کە میحوەرەکەى ئێران بێت (40)، ئەمە لەپاڵ خاڵەکانى تر خەونى ناتانیاهۆیە، چونکە ئەو بە توندى لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەى حەماسدایە، تەنانەت هەوڵى بەردەوامیشى داوە بۆ ناساندنى لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى وەک ڕێکخراوێکى تیرۆرستى، کاتێکیش دادگاى ئەوروپى لە یەکێتى ئەوروپا، حەماسى لە لیستى تیرۆردا سڕییەوە، ناتانیاهۆ بە توندى کەوتە ڕەخنەگرتن لێیان و بڕیارەکەى ئەو دادگایەى ئیدانەکرد.(41)
ڕێژەیەک لە نەرمینواندن، لە هەڵوێستى ترامپدا


سەربارى ئەوەى ترامپ نەرمنوێنیەکى پێوەدیاربوو، پێش سەردانیکردنى یەکەمى ناتانیاهۆ بۆ لاى ووتى" من دەمەوێ ئیسرائیل عەقڵانى و زیرەک و حەکیمبێ، لەو بابەتەى پەیوەندیدارە بە پرسى ئاشتیەوە لەگەڵ فەلەستین، دەمەوێت ببینم ئاشتى بەدیبێت، چاوەڕوانى بینینى ڕێژەیەک لە عەقڵانیەت دەکەم لە هەردوولا، واى بۆدەچم کە دەرفەتێکى نوێمان هەیە بۆ کارکردن لەو پرسەدا" (42) لە سەردانیکردنى دووەمى ناتانیاهۆ بۆ ئەمریکا، لە 15 شوباتدا، بەهەمان شێوە ترامپ بە ڕێژەیەک نەرمی نواندن لە هەڵوێستەکانیدا بەدیدەکرا، هەرچەندە ئەو هەر سوربوو لەسەر دانپێدانەنان بە دەوڵەتى فەلەستین و پشتگیرى کردنى تەواوى ئیسرائیل و تاوانبارکردنى نەتەوەیەکگرتووەکان بە فشارخستنە سەر ئیسرائیل لە کێشەى فەلەستین بە جۆرێک پێى وابوو ستەمکار و یەکلایەنانە هەڵوێستى هەیە، تەنانەت ترامپ ئاماژە دا بەوەى ڕیکارە زۆردارى و یەکلایەنەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان بە ئاراستەى ئیسرائیل، قابیلى ڕەتکردنەوەن، بەڵام لەمەڕ پرسى گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا بۆ قودس، هاوشێوەى بانگەشەکانى هەڵبژاردنى، بە ڕەهایی لەسەرى نەوەستاو ڕایگەیاند کە ئێمە لێکۆلینەوە و دیراسەى ئەو پرسە بە ئاگاییەکى بەرزەوە دەکەین، لە بابەتى نیشینگەکانیشدا، ترامپ پێشتر بە توندى پشتگیرى ئیسرائیلى دەکرد، بەڵام لە 15/شوباتدا، داواى لە ناتانیاهۆ کرد، ماوەیەک ئەم پڕۆژەیە ڕابگرێت. (43) بەڵام بە گشتى ترامپ پشتگیرییەکى تەواوى ئیسرائیلى کرد، لە کێشەى فەلەستیندا، بەم چەشنە ترامپ ڕایگەیاند ئەو هاندەرى گەیشتن بە ڕێکەوتنى ئاشتى دەدات، هەروەها داواى لە فەلەستینیەکان کرد کە دەست لە ڕقلێبوونەوە هەڵبگرن لە بەرامبەر ئیسرائیل، لە کۆتایشدا ئاماژەى بە هاوپەیمانى و پەیوەندى گرنگى نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل کرد(44).


ئینتیماى ترامپ و سروشتى پارتى کۆمارییەکان، لە پرسى فەلەستیندا
ئەوەى بۆ ئیسرائیل شادیهێنە ئەوەیە کە ترامپ تەبەنى ئەجێنداى ڕاستڕەوە ئیسرائیللیەکان دەکات، لە کێشەى فەلەستیندا، کە ئاشکراشە ترمپ تەواو کۆکە لەگەڵیان لەمەر ئەم پرسە بەتایبەتى لەسەر گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس و ڕەوایدان بە نیشینگەکانى ئیسرائیل لەسەر زەمینى فەلەستین.(45) بێجگە لەوە ئاشکرایە کە ترامپ سەر بە پارتى کۆمارییەکانە، پاڵپشتى کۆمارییەکانیش بەراورد بە پاڵپشتى دیموکراتەکان لە پرسى فەلەستیندا هەنگاوى زۆر گەورەى بە خۆوە بینیوە، بەڵام پاڵپشتى دیموکراتەکان لەم بابەتەدا وەک خۆى ماوە، ئەمەش بۆشایى سیاسى لە نێوان ئەم دوو پارتەدا قوڵتر کردۆتەوە، هەر یەکەیان ڕوئیایەکى جوداى هەیە بەراورد بەویتر، کۆمارییەکان وا لە پاڵپشتیکردنى ئیسرائیل تێگەیشتوون کە ئامراێکە بۆ لەخۆگرتنى بەهاى هاوبەش، کە ئەمەش سەردەکێشێت بۆ ململانێى فراوان لە دژى دوژمنە هاوبەشەکانیان، بەم شێوەیە کۆمارییەکان فەلەستینیەکان بەوەتۆمەتبار دەکەن کە هیچ هەنگاوێکیان نەناوە بۆ ئەوەى ئاشتى نێوان ئەوان و ئیسرائیل بێتەدى، (واتا ئەمریکیەکان فەلەستین بەتاوانبار ئەزانن)، بەڵام دیموکراتەکان یەکگرتوو و یەکدەنگن لە پاڵپشتیکردنى کێشەى ئەم دوو دەوڵەتە بە هاوسەنگى، تەنانەت دژایەتى نیشینگەکانى ئیسرائیلیشن لەسەر زەمینى فەلەستین، (بڕیارى ژمارە 2334 نمونەى ئەم باسەیە)، بەڵام دیموکراتەکان لە دیاریکردنى تاوانبارى ئەم ناکۆکیە دابەشبوونیان پێوە دیارە، تەنانەت لە ئاستى ڕۆڵبینینى ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستیشدا دابەشبوونیان پێوە دیارە.(46)


ئەو بەرپرسە ئەمریکیانەى لە ئیدارەى نوێدا، یارمەتی ئیسرائیل دەدەن، دژ بە فەلەستین
یەکەم: ترامپ (دایفید فریدمان)ى وەک باڵوێزى ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ئیسرائیل دیاریکرد، ناوبراو لە بنەڕەتدا جولةكةيةو لایەنگرى تەواوى ڕاستڕەوە توندڕەوەکانە، ئەو بە ڕەهایی پشتگیرى سیاسەتى ئیسرائیل دەکات لەکێشەى فەلەستیندا.(47) ئەو پەرۆشى سەرکەوتنى پلانى نیشینگەکانى ئیسرائیلە لە کەنارى ڕۆژئاوا و خۆرهەڵاتى قودس، چەندینجار هانى ئیسرائیلى داوە بۆ ئەوەى پرۆسەى نیشینگەکانى فراوانتر بکات، سەربارى ئەوەى لە پرسى گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا بۆ قودس، تەواو هەماهەنگە و بەڵێنى چەندینجارەى بە ناتانیاهۆ داوە کە باڵوێزخانەى وڵاتەکەى دەباتە قودس(48).


دووەم: (دانى دانوب)، باڵوێزى ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئێستاوە کەوتۆتە خۆ بۆ بەدەستهێنانى یاریدەیی کۆشکى سپى، بۆ دروستکردن و فراوانکردنى نیشینگەى نوێ، لە کەرتى رۆژئاوا.
سێهەم: هەروەها وەزیرى دەرەوەى ئەمریکا (ریکسن تیلرسون)، بە ناتانیاهۆى ڕاگەیاندووە کە ئۆباما هەڵەى کردووە لەوەى بووەتە بەربەست لەبەردەم دروستکردنى نیشینگەکانى ئیسرائیل. (49)


چوارەم: هەروەها (نیکى هالى) نوێنەرى ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، زۆرێک لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بە نوێنەرى ترامپ و ئیسرائیل دەیناسێنن، هەرچەندە لە بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا ڕەخنەى لە ئەداى ترامپ لەمەر ستراتیژیەتى سیاسەتى دەرەوەى، بەڵام ئێستا تەواو هاوڕایە لەگەڵیدا، لە بابەتى سیاسەتى دەروەى ئەمریکا و ئاسایشى ئیسرائیل (50)،


پێنجەم: هەروەها وەزیرى بەرگرى ئەمریکا (جیمس ماتیس)، دژایەتیەکى زۆرى هەیە بۆ ئێران و دەستڕۆیشتوویییەکانى لە ناوچەکەدا، هەمیشە جەخت لەوە دەکاتەوە باڵادەستى ئێران مەترسیە بۆ ئیسرائیل.(51)
شەشەم: لەسەروو هەموو ئەمانەوە (جارید کوشنەر)، لە لایەن ترامپەوە دیاریکرا وەک نوێنەرى سەرۆکى ئەمریکا بۆ ئاشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، هەرچەندە ئەو لێهاتوویى دبلۆماسى نیە، بەڵام ئەو لە دایکبووى خێزانێکى دیندارى جولةكةيةو بەوە ناسراوە کە پشتگیرى باڵاى ئیسرائیل دەکات لە سیاسەتى نیشینگەکانى لە کەرتى خۆرئاوا و رۆژهەڵاتى قودسدا.(52)

 

پێگەى لۆبى ئیسرائیل لە ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و کاریگەری لەسەر ترامپ
ئەوەى مانەوەى ئیسرائیلى مسۆگەرکردووە کاریگەرى لۆبییەکانیەتى، بەشێوەیەک جولەکە ئەمریکیەکان هەمیشە هەوڵى خۆیان دەدەن بۆ بەکار هێنانى سیاسەتى دەرەوەى ئەمریکا و ئاراستەکردنى لە پێناو بەرژەوەندى و خزمەتکردنى فەلەستیندا، بۆ ئەم مەبەستەش جولەکە ئەمریکیەکان بە پاڵپشتى ئیسرائیل کۆمەڵە و لۆبى کاریگەریان دروستکردووە، کە (ئایباک)یش بە بە هێزترین و کاریگەرترینیان دادەنرێت، وێڕاى لەخۆگرتنى لۆبى ئەندامى مەسیحى کاسۆلیکى، کە بە تەواوى پشتگیرى لە پلانى فراوانخوازى ئیسرائیل دەکەن. (53)کەواتە (لۆبى ئایباک) بە بەراورد لەگەڵ لۆبیەکانی تر، هەلومەرج و پێگەیەکی زۆر کاریگەری هەیە، لەسەر سیاسەتی دەرەوەی (ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکا)، بەجۆرێک فشارى زۆر دەخەنە سەر سەرۆک کۆمار و ئەندامانى ئەنجومەنى نوێنەران و کۆنگرێس، وێراى هاندانى ڕایگشتى ئەمریکا لەبارەى ئیسرائیل وە و ناساندنى وەک دەوڵەتێکى نمونەیی، لەبەر ئەم هۆکارەیە کە زۆربەی زۆری ئەمریکییەکان، پشتیوانی ئامانجەکانى (ئیسرائیل)دەکەن، هیچ کاتێک پرسیار لە یارمەتییە زۆرە سەربازی و دارایی و دیبلۆماتیەکانی وڵاتەکەیان بۆ (ئیسرائیل) ناکەن، چونکە زۆرینەیان بەپشتیوانی و یارمەتی دارایی (ئیسرائیل) دەگەنە دەسەڵات.(54) هەروەک چۆن سەرجەم جوولەکە ئەمریکیەکان، لە هەڵبژاردنەکاندا پاڵپشتى ترامپیانکرد. لە سەروبەندى بانگەشەى هەڵبژاردنیشدا بڕوانامەى ڕێزلێنانی لە لە لایەن ڕێکخراوێکى جولەکەوە پێ بەخشرا، لە کۆنگرەى ساڵانەى (ئایباک)یشدا، پاڵپشتى بۆ دەوڵەتى ئیسرائیل دووباتکرەوە (55)، لە سەروبەندى بانگەشەى هەڵبژاردنیشدا چەندینجار ترامپ دووپاتى کردەوە کە ئەو ئیسرایلى خۆشدەوێت. (56) بۆیە لە ئێستادا لۆبى ئیسرائیل کاریگەرى و فشارى زۆرى هەیە بەسەر سیاسەتەکانى ترامپەوە، بەجۆرێک لە بەرژەوەندى و ئامانجى ئیسرائیلدا، وەگەڕیدەخات.


دەرئەنجام:
هەرچەندە ئیدارەى نوێى ترامپ ماوەیەکى کەمە دەستبەکار بووە، بەڵام گۆڕانکارى جەوهەرى لەمەڕ مەسەلەی فەلەستین -ئیسرائیل، لە پلان و ستراتیژیەتى خۆى نمایش دەکات، کە لە زۆر ڕەهەندەوە جیاوازترە لە سیاسەتى ئیدارەى پێشووى بارەک ئۆباما، کە هەمیشە هەوڵى پاراستى هاوسەنگى دەدا لە نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا، تەنانەت زۆرجار لەبەرژەوەندى فەلەستینیش هەڵوێستى هەبووە، لە پێناو تێکنەچوونى دۆخى ناوچەکە، هەر لەبەر ئەمە دژى سیاسەتى فراوانخوازى و دروستکردنى نیشینگەکانى ئیسرائیل بووە، گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکاى بۆ قودس و دەستبەسەرداگرتنى بەرزاییەکانى جۆلان لە لایەن ئیسرائیلەوە، و سیاسەتى فراوانخوازى و داگیرکارى بەسەر خاکى فەلەستینەوە، لە دیدى ئۆبامادا مایەى قبوڵ نەبوون، ئۆباما زیاتر لەگەڵ چەپەکانى ئیسرائیلدا کۆکبوو لەمەڕ ئەم پرسە، بە پێچەوانەى ترامپەوە کە زیاتر سیاسەتى ڕاستڕەوە توندڕەوە ئیسرائیلیەکان تەبەنى دەکات، بۆیە کەمتر خاسیەتى هاوسەنگى لە خۆیگرتووە، بگرە ڕەخنە لە هاوسەنگبوونى نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەگرێت لە پرسى فەلەستیندا، هەرچەندە ترامپ دەڵێت بێلایەنانە هەڵسوکەت دەکەم، بەڵام ئەو چەندینجار ئاماژەى بەوە داوە، کە ئەوە ئیسرائیلیەکانن هەوڵى وەگةرخستنى ئاشتى دەدەن، بەڵام فەلەستینیەکان هەنگاوى ئاشتیانەى ئیسرائیل ڕەتدەکەنەوە و بەڕق و کینەوە لەگەڵ ئیسرائیل جوڵە دەکەن، بۆیە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەى کە ئیدارەى نوێ و گەورە سیاسیەکانى ناوى و کاریگەى لۆبى ئیسرائیل و لاسەنگى کۆمارییەکان بەرەو لاى ئیسرائیل و توندئامێزى سروشتى ترامپ و پاڵپشتى ڕاستڕەوە توندڕەوەکانى ئیسرائیل چەندەها هۆکارى تر، لە بەرژەوەندى پلان و سیاسەت و ستراتیژى ئیسرائیلدان، بۆیە زەحمەتە واى دابنێن کە ترامپ بێلایەنانە لەگەڵ ئەم پرسە مامەڵە دەکات، بەڵکو پێچەوانەى ئیدارەى پێش خۆى، دەبێتە جەنگاوەرى بەرژەوەندییەکانى ئیسرائیل لە بەرامبەر فەلەستیندا، هەرگیز دۆستایەتى هاوپەیمانى ستراتیژى ئیسرائیل لە پێناو فەلەستیندا نادۆڕێنێت، هەر چەندە پێدەچێت سەرجەمى بەڵێن و بانگەشەکانى نەهێنێتەدى بە تایبەتى لە پرسى گواستنەوەى باڵوێزخانەى ئەمریکا بۆ قودس، چونکە فشارى دەوڵەتانى ئەوروپا و ناڕەزایی دەوڵەتە عەرەبیەکان و ورژاندنى ئێران و پێکدادانى سەربازى فەلەستین و ئیسرائیل و شڵەژاوى دۆخى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست، ڕەنگە وابخوازێت ترامپ بە لەسەرخۆیی و پلەبەندى مامەڵە لەگەڵ پرسى فەلەستین - ئیسرائیلدا بکات، هەروەک و چۆن لە کۆتا لێدوانیدا، نەرمینوێنى لە هەڵوێستیدا بە ڕێژەیەک بەدیدەکرا، چونکە زیاتر جەختى لەسەر هەڵسەنگاندن و دیراسە و عەقڵانى بوون دەکردەوە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هەموو هەنگاوەکانى ئیدارەى پێشوو، کە دژى بەرژەوەندى ئیسرائیل بوون، لە ئیدارەى نوێدا گەر نەیەنەدیش، ئەوە ترامپ نابێتە بەربەست لەبەردەم ئیسرائیلدا.

 

لیستی سەرچاوەکان:
(1)نعوم تشومسكى، أوهام الشرق الأوسط، ترجمة: شيرين فهمي، مكتبة الشرق الدولية، الطبعة الثانية، 2006، 29-30.
(2)جون مير شايمر و ستيفن والت، حرب الأفكار أو طواحين الجدل (اللوبى الأسرائيلي و السياسة الخارجية الأمركية)، ترجمة مدحت طة، 2007، ص 3-4.
(3)خالد بن سلطان، أسس العلاقات الاسرائيلية - لأمريكية، البحث مركز الموقاتيل، المبحث الثالث، بدون رقم الصحفة، تاريخ الزيارة 22/1/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.moqatel.com/openshare/Behoth/Siasia21/Isar-Ameri/sec06.doc_cvt.htm
(4)دان تشيرجى، أمريكا و الاسلام في الشرق الأوسط، ترجمة: محمد مصطفي غنيم، دار الشرق، 1993، ص 26-35.
(5)محمد حسن، الموقف الأمريكى والسوفيتى من "أكتوبر" يحول المنطقة العربية إلى ساحة للحرب الباردة، موقع الاهرام، تاريخ الزيارة 26/1/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.ahram.org.eg/NewsPrint/440321.aspx
(6)حرب اكتوبر، ماهي حرب تشرين 1973؟، موقع فلسطين سؤال و جواب، تاريخ الزيارة 26/1/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.palqa.com/%D8%A7%D9%84%D8%AD%D8%B1%D9%88%
(7) المركز العربى للأبحاث و دراسة السياسات (وحدة تحليل السياسات)، تصعيد إدارة أوباما مع إسرائيل: الدوافع والآفاق، 18/2/2017 http://www.dohainstitute.org/release/30e21cc5-4fa0-4a25-8116-9ff31b8eab5a
(8) تصريح بارك أباما، في موقع YouTube، بعنوان (علاقة أمريكا مع اسرائيل على لسان اوباما)، تاريخ الزيارة 28/1/2017، متاح على الرابط الأتي، https://www.youtube.com/watch?v=YUbmIleB6fo
(9)لقمان أحمد، العلاقات الأمريكية الاسرائيلية: تداعيات و احتمالات، موقع BBC Arabic، تاريخ الزيارة 2/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.bbc.com/arabic/worldnews/2010/03/100315_us_israel_tc2.shtml
(10) Jonathan Rynhold and Elliott Abrams, U.S-Israel Relations: A Changing Landscape? website Washington Institute, 2015, http://www.washingtoninstitute.org/policy-analysis/view/u.s.-israel-relations-a-changing-landscape
(11) تاريخ محادثات السلام بين الفلسطينيين و الاسرائيليين، موقع BBC Arabic، تاريخ الزيارة 2/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.bbc.com/arabic/middleeast/2013/07/130729_timeline_history_mid_east_peace_talks
(12)نتنياهو "يستقبل" سفير أمريكا وسط خلاف على قرار دولي بوقف الاستيطان، موقع BBC Arabic، تاريخ الزيارة 2/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.bbc.com/arabic/middleeast-38431548
(13)مصادر أمنية في واشنطن، أوباما: لايوجد حل للصراع الفلسطيني الاسرائيلي قريبا، تاريخ الزيارة 2/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.alarab.com/Article/712638
(14) تصعيد ادارة اوباما مع اسرائيل .. الدوافع ولافاق، موقع الجزيرة،
(15)بلاكويل و جودون، العلاقات الأمريكية الإسرائيلية فى خطر، مجلس العلاقات الخارجية الأمريكى، موقع DW، تاريخ الزيارة 4/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.dw.com/ar/%D8%AA%D9%82%D8%B1%D9%8A%D8%B1-
(16)علاء المطيري، دبلوماسي اسرائيلي يكشف تفاصيل جديدة في علاقة أوباما مع نتنياهو، تاريخ الزيارة4/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.akhbarak.net/news/2017/01/24/10169753/articles/242170
(17)ترامب ينتقد السياسة الخارجية الأوباما، موقع BBC Arabic، تاريخ الزيارة4/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.bbc.com/arabic/media-38637187
(18) المركز العربى للأبحاث و دراسة السياسات (وحدة تحليل السياسات)، السياسة المتوقعة لإدارة ترامب نحو الصراع الفلسطيني - الإسرائيلي، تاريخ الزيارة5/2/2017، متاح على الرابط الأتي،http://www.dohainstitute.org/release/cd11f16a-61e3-4738-a681-341dc17c47d9
(19) ترامب يود تحقيق السلام بين الفلسطيين و الاسرائيليين، موقع فرانس24، تاريخ الزيارة5/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.france24.com/ar/20161122-
(20) Trump's Anti-Muslim Plan Is Awful. And Constitutional,website DEC, https://www.nytimes.com/2015/12/10/opinion/trumps-anti-muslim-plan-is-awful-and-constitutional.html?_r=0
(21)تغير مواقف ترمب من الصراع الفلسطيني - الاسرائيلي وارد، موقع الاخبار قطر، تاريخ الزيارة5/2/2017، متاح على الرابط الأتي، http://www.akhbarqatar.net/2017/01/30/%D8%AA%D8%BA%D9%8A%
(22) غموض موقف ترمب من الصراع الفلسطيني الاسرائيل، موقع الجزيرة، http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2017/1/29/%D8
(23)عبد الحميد صيام، قرار مجلس الأمن 2334 حول الاستيطان من الناحيتين القانونية والسياسية، http://www.alquds.co.uk/?p=653267
المستوطنات الاسرائيلية و القانون الدولي، تاريخ الزيارة 6/2/2017 (24)
http://nad-plo.org/atemplate.php?id=56
(25) نتنياهو يتعهد جديد للاستيطان لاسرائيلى مع تولى ترامب رئاسة أمريكا، موقع شرق العربى، تاريخ الزيارة 6/2/2017. http://www.alshoruq.net/ar/?Action=Details&ID=55052
(26)نتنياهو "يستقبل" سفير أمريكا وسط خلاف على قرار دولي بوقف الاستيطان، مصدر السابق ، http://www.bbc.com/arabic/middleeast-38431548
(27) ترامب "يتراجع" عن قرار نقل السفارة الأميركية إلى القدس مؤقتا.. ومقتدى الصدر يهدد بتشكيل قوة لتحريرها، تاريخ الزيارة 6/2/2017، http://azamil.com/?p=28511
(28) نتنياهو يطالب ترامب بنقل السفارة الامريكية الى القدس المحتلة "كما وعد"، تاريخ الزيارة 7/2/2017، http://alwaght.com/ar/News/86080/%D9%86%D8%AA%D9%86%D9%
(29) نتنياهو يدعو ترامب للوفاء بتعهده الانتخابي بنقل السفارة الأمريكية للقدس، تاريخ الزيارة 7/2/2017
http://www.bbc.com/arabic/middleeast-38789618
(30) أوباما: نقل السفارة الأمريكية للقدس قد يفجر الوضع، تاريخ الزيارة 7/2/2017 http://ara.reuters.com/article/topNews/idARAKBN153031
(31)MUSLIM CLERIC SLAMS FAKE 'TRUMP SOLUTION' TO CREATE PALESTINIAN STATE IN PUERTO RICO
http://www.jpost.com/Not-Just-News/Muslim-cleric-slams-fake-Trump-plan-to-create-Palestinian-state-in-Puerto-Rico-412651
(32) ترامب يتخلي عن "الدعم المطلق " للاستيطان الاسرائيلي وينحاز للسلام، تاريخ الزيارة 7/2/2017
http://www.alghad.tv/%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D9%85%D8%A8- /
(33) ترامب يود تحقيق السلام بين الفلسطينيين والإسرائيليين، موقع فرانس24، تاريخ الزيارة8/2/2017
http://www.france24.com/ar/20161122-
(34) السياسة الأميركية في الشرق الأوسط محور اتصال ترامب ــ نتنياهو، تاريخ الزيارة8/2/2017، http://www.almustaqbal.com/v4/article.aspx?Type=NP&ArticleID=728688
(35) الحكومة الإسرائيلية توافق على بناء مئات المنازل في القدس الشرقية المحتلة، موقع بى بى سى العربى، تاريخ الزيارة 8/2/2017. http://www.bbc.com/arabic/middleeast-38711641
(36) أوباما يلمح إلى أن نقل السفارة الأمريكية للقدس قد يفجر الوضع، التاريخ زيارة8/2/2017، http://ara.reuters.com/article/topNews/idARAKBN153031
(37) ترەمپ پشتگیریی سەربەخۆیی فەلەستینییەکان ناکات، ماڵپەڕی میللەت پرێس، بەرواری سەردانکردن، ١٦/٢/٢٠١٧.
http://www.milletpress.com/Detail.aspx?Jiamre=34605&T=%D8%A
(38)الأمم المتحدة تصر على حل الصراع الفلسطيني الإسرائيلي على أساس الدولتين، روسيا اليوم، تاريخ الزيارة 16/2/2017،
https://arabic.rt.com/world/863760-%D8%A3%D9%85%D9%85-
نتنياهو يدعو للاعتراف يضم أسرائيل للجولان، موقع الجزيرة، تاريخ الزيارة 16/2/2017(39)
http://www.aljazeera.net/news/international/2017/2/16/%D9%86%D8
(40) حماس وإيران.. فرص التقارب قوية في عهد ترامب، تاريخ الزيارة 8/2/2017
https://www.alwatanvoice.com/arabic/news/2017/02/11/1017791.html(41) نتنياهو: الأوروبيين "لم يتعلموا شيئا من المحرقة" بعد قرار شطب حماس من لائحة الارهاب، موقع القودس، http://www.alquds.co.uk/?p=266406
(42) ترامب: ينبغي لإسرائيل أن تتصرف «بعقلانية» في عملية السلام، تاريخ الزيارة 10/2/2017. http://www.alayam.com/alayam/world/631666/News.html
(43) ترامب: حل الدولتين ليس الوحيد لإنهاء الصراع، موقع سكاى نيوز، http://www.skynewsarabia.com/web/article/918903/%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D9%85%D8%A8-%D8%AD%D9%84-
(44) مؤتمر صحفى لدونالد ترامب و بنيامين نتنياهو، تلفزيون سكاى نيوز عربىة، مباشر 15/2/2017، ساعة 9:00 ليل.
(45) غموض موقف ترمب من الصراع الفلسطيني الاسرائيل، مصدر سابق، http://www.aljazeera.net/news/reportsandinterviews/2017/1/29/%D8
(46) العلاقات الأمريكية - الإسرائيلية: مشهد متغير؟، مصدر سابق، http://www.washingtoninstitute.org/ar/policy-analysis/view/u.s.-israel-relations-a-changing-landscape
(47)فريدمان ... سفير أمريكى أولويته نقل السفارة للقدس، موقع الجزيرة، http://www.aljazeera.net/encyclopedia/icons/2016/12/19/%D9%81%D8
(48) سفير ترامب في إسرائيل: طعنة لمشاريع «السلام»، تاريخ الزيارة 13/2/2017،
http://al-akhbar.com/node/269807
(49) أميركا: المستوطنات لا تعيق السلام لكن توسيعها ليس مفيدا، تاريخ الزيارة 13/2/2017 https://www.alarabiya.net/ar/arab-and-world/american-elections-
(50) نيكي هالي: مندوبة ترامب وإسرائيل إلى الأمم المتحدة،تاريخ الزيارة 14/2/2017 http://al-akhbar.com/node/271555
(51) «ترامب» يختار «جيمس ماتيس» عدو إيران وزيرا للدفاع، تاريخ الزيارة 12/2/2017، https://medium.com/thenewkhalij/%D8%AA%D8%B1%D8%A7%D
(52) President Trump and the US embassy in Israel: What's going on?
http://www.cnbc.com/2017/01/23/president-trump-and-the-us-embassy-in-israel-whats-going-on.html
(53) جون مير شايمر و ستيفن والت، مصدر سابق، ص9.
(54) گەیلان عەباس و هاوکار ڕەفیق، فەرهەنگى زانستى ڕامیاریی، چاپخانەى ئاسیا، سلێمانى، 2017، ل 275
(55) Where does Donald Trump stand on Israel?, website Haaretz, http://www.haaretz.com/world-news/u-s-election-2016/1.720213
(56) Trump pledges to be 'neutral guy' in Israel-Palestinian negotiations, website CNN, http://edition.cnn.com/2016/02/18/politics/donald-trump-israel-palestinian-neutral/

ئەم بابەتە وەک توێژینەوەیەکی زانستی بۆ یەکەمجار لە پێگەی (میللەت پرێس) بلاوکراوەتەوە.

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure