دۆناڵد ترامپ
227 جار بینراوە 10/2/2017 06:57 PM

ئایا ترامپ دەبێتە سۆپەرمان یان جەنگاوەرێكی دۆڕاو؟



ئامادەکردنی: ئارام هادی

وڵاتانی ئەوروپی لەخۆكۆكردنەوەدان!!.

پێشتر ئەوروپیەكان بەكاڵكردنەوەی سنورەكانیان و پەرەدان بەسیستەمی حوكمڕانی دیموكراسی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەی گەلان لەناو وڵاتەكانیان, زەنگی بەهەشتی سەرزەوی یان بەگوێی جیهاندا دەچپاند, بۆ ئەمەش یەكێتی نەتەوەكانی ئەوروپایان دامەزراند لەگەڵ ئەمەشدا یەك بازاڕی هاوبەش و یەك دراوی هاوبەشیان هەبو(euro) بەڵام ئێستا بەچونەدەرەوەی (ئینگلیزەكان)لەو یەكێتی یە گریمانەی بەهێز ئەوەیە لەداهاتودا چونەدەرەوەی وڵاتەكانیتر نەوەستێت تا لێك هەڵوەشاندنەوەی یەكێتی یەكە!!, وڵاتی چین لە بازدانی قەبە ناوەستێت تا لە ڕوی سەربازی و سیاسیەوە نەگاتە سەركەوتنەكانی وەك ڕوە ئابوریەكەی, هەرچی ڕوسیاشە جەنگی ناوخۆیی سوریا بۆی بوو بەخێر و بەرەكەت و دووبارە بەقورسایی و لێزانیەوە گەڕایەوە ساحە گەرمەكە(ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست), بەجۆرێك هیچ وڵاتێك بەقەد ڕوسیا لە ڕەوشی نالەباری سوریادا دەستكەوتی نەچنیەوە بە ئەمریكاشەوە!!, داخستنی سیستەمی پەڕلەمانی لەتوركیا و هەڵپەكانی ئەردۆغان ڕوە و كۆماریەكی تا ئەندازە توند, ئەگەری زۆرە ئەو وڵاتە بەرە و دابەشبونی یەكجاری ببات, بەڵام تاكە شانسی توركیا كۆماری ئیسلامی ئیرانە كەبۆ ڕۆژئاواییەكان بەتایبەتیش ئەمریكا, دۆستایەتی توركیایان بە هەڵە و كەموكوڕیەكانەوە پێباشترە تا ئیران, ئەم خۆكۆكردنەوەی وڵاتان سەرهەڵدانی بیری ناسیۆنالیستی لەئەڵمانیا و هاتنە سەركاری هاوشێوەكەی( ترامپ) لەفڕەنسا, دەرچونی ئینگلیزەكان لە یەكێتی ئەوروپا و هاتنە ناوەوەی ڕێژەیەكی بێشوماری كۆچبەر لەئەوروپا بەگشتی, لە ڕەوشی پێش جەنگێكی زۆر ترسناك دەچێت, كە هەرچی هەیە تیایدا بەكاربێت!!.

 

*دامەزراوەكانی ئەمریكا و ڕۆڵیان لە سیاسەتدا

بەهۆی باڵا دەستی ئەمریكا بەسەر جیهاندا, گۆڕانكاریەكانی ئەو وڵاتە گەر پەیوەندیشی بەناوخۆی وڵاتەوە هەبێت دەبێتە جێگەی باس و خواسی جیهان و زۆرترین جاریش بڕیارە دەرەكیەكانیان كاریگەری زۆر لەسەر وڵاتانی جیهان لەمەڕ گۆڕینی سیستەمەكانی حوكم دادەنێت, كلتوری ئەمریكی لەبنەچەدا لەچاو هەر وڵاتێكیتردا فرە ڕەنگترە, بەجۆرێكە بەئاستەم دەتوانی ڕەنگەكانیان جیاكەیتەوە, سەرباری ئەمەش( سپی و زەرد)پێستە ئەوروپیەكان قۆرخی پایەكانی سیاسەتیان لەو وڵاتە كردوە, تادواجار ناچار بون بۆ خۆدوورگرتن لە هەژمونی (ئینگلیز. ئیسپانی . فەڕەنسی)یەكان, مۆدێلێكیان بۆخۆیان لە (كاوبۆیی)ەكان(گاوانەكان), داتاشی و ئێستا زیاتر لەسەر ئەو چەمكانە دەڕۆن, وەك فكرێكی خۆماڵی, دیارە كلتوری (كاوبۆیی)ەكانیش زیاتر بە شەڕانگێز و خۆبەزلزان و سەركردایەتی جیهان ناویان دەركردوە!!.

 

سیاسەتكردن و دەوڵەت بەڕێوەبردن لە (كۆشكی سپی)یەوە زۆرجیاوازتر و قورسترە لە چاو هەر كۆشكێكی وڵاتێكیتر جا لەهەركوێیەكی جیهان بێت, لەبەر ئەم هۆكارانە( مانەوەی ئەمریكا بە باوكی جیهان. پاراستنی یەكگرتویی ولایەتەكان, دڵڕاگرتنی كۆنگرێس و ئەنجومەنی نوێنەران, لەهەموشی گرنگتر و مەترسیدارتر دەوڵەتی قوڵ), یان شاراوە, لەهەندێك شوێنیش دەستەواژەی دەوڵەتی (پشتی پەردە)ی پێدەڵێن, لەناوخودی ئەمریكیەكانیش زیاتر بە كۆمپانیای ئاسایشی نەتەوەیی ناسراوە!!, سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەیان جا ئەگەر ستراتیژ بێت یان تاكتیكی, هێندەی ئەم دامەزراوانە بە ئۆكەی دەوڵەتی شاراوە دایدەڕێژن بایی نیوهێندە گەلی ئەمریكی ئاگاداری نیە, تەنانەت هەندێك جار ڕۆڵیان لەدەستنیشانكردنی سەرۆكی وڵاتیشداهەیە و قسە و بڕیاریان گەڕانەوەی نیە, هەمیشە دەوڵەتی پشتی پەردە بڕیارەكان لە ئەمریكا بە قازانجی ئەو سیاسەتەی دایڕوشتوە دەشكێنێتەوە, سیاسەتی ئەمریكی لەمێژە دابەشی سەر دوو بۆچونی جیاواز بوە لە ناوخۆی ئەمریكادا كە لەناو دوو پارتی سەرەكیدا كۆبۆتەوە (دیموكراتەكان, كۆماریەكان), ئەم دوو حزبە بەجۆرێك ڕێككەوتون كە زۆربەی كات هەر لایەكیان بۆ دووخول لە دەسەڵاتدا بمێننەوە هەندێك جاریش خولێك بەڵام زیاتریان نیە, جگە لە یەك جار لەسەر و بەندی شەڕی جیهانی دووەمدا (ڕۆزفێلت ) بەهۆكاری تایبەتمەندیەكانی شەڕی دووەمی جیهانی بۆ سێ‌ خول لەسەر دەسەڵات مایەوە, دەوڵەتی شاراوە كە ئیتر لەئێستابەدواوە لەم شیكاریەدا بە ئاسایشی نەتەوەیی ناویان دەبەم, خۆیان لەسەروی حزب و حكومەت و سەرۆككۆمار و دادگاكانیشەوە دەبینن, بەجۆرێك ئاڕاستەی ڕوداوەكان دەكەن خۆیان نابینرێن و هەمیشە بزرن, بەداڕێژەری سیاسەتە دەرەكیەكانی ئەمریكاش دەناسرێن, بەپێی ستراتیژی ئەم دەزگایەبێت, كاریان تەنها پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكیەكانە, لەكاتی پێویستدا بەپێی هەل و مەرجی زەمەن دوابڕیار لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكایەتی دەدەن.


*ڕۆڵی ئاسایشی نەتەوەیی لە دەستنیشانكردنی كاندیدی سەرۆكایەتیدا

ڕێكەوتنێكی ستراتیژی قوڵ لە نێوان هەردووحزب هەیە بۆ دابەشكردنی ڕۆڵەكان, بەجۆرێك دیموكراتەكان زیاتر سەرقاڵن بە كێشە ناوخۆییەكانی وڵاتەوە و هەركاتێكیش دەستوەردانی دەرەكیان كردبێت, كەمتر ڕاستەوخۆ خۆیان پێی هەستاون لەڕێگەی دۆستەكانیانەوە دەست وەردانیان كردوە لەو شوێنانەی كەمەبەستیان بوە, نمونە ڕێوی بیابانی سەردەمی كلنتۆن و شۆڕشەكانی بەهاری عربی سەردەمی ئۆباما, بەڵام كۆماریەكان ئارەزومەندن لەو گۆڕانكاریانەی كە لەدەرەوەی سنورەكانی خۆیان دەستی پێدەكەن ڕاستەوخۆ بە وجودی خۆیان بیكەن, لەنمونەی شەڕی كەنداوی دووەم بۆ پارێزگاریكردن لە وڵاتی كوەیت, ڕوخاندنی هەردوو دەسەڵاتی ئەفغانستان و عیراق لە دوای یانزدەی سێپتەمبەر, لەگەڵ ئەمانەشدا ڕەچاوی هەلومەرجی جیهان دەكەن لەو پەڕی توڕەیی جیهاندا بەرامبەر بە سیاسەتی ئەمریكی, كەسێكی وەك ئۆبامای لەسیاسەتدا نەرم و لەلایەك موسڵمان دەهێننە كۆشكی سپی, لەدوای ئەویش وەك نوێترین تاقی كردنەوە (ترامپ)كە كەسایەتیەكی جێگیری نیە, وە خاوەن پاشخانێكی سیاسیش نیە, ئێستا لەكۆشكی سپی یە, وشەی یەكەم و كۆتایی ئەم پیاوە دروستكردنەوەی (ئەمریكای بەهێز و مەزن)ە كە بەردەوام بەزاریدا دێت!!.

 

*ترامپ دەبێتە سوپەرمان یان جەنگاوەرێكی دۆڕاو

كۆشكی سپی لەلایەن كۆمەڵێك لەنوخبەی سیاسیەوە قۆرخكراوە, بەردەوام وەك تۆپێك وایە لەناو یانزدە یاریزانی دیاریكراودا هەرجارە و كەسێك شەقی تێهەڵدا, بەهاتنی (ترامپ), كەهیچ پاشخانێكی سیاسی نیە و تەنانەت پێشتریش ڕۆڵێكی ئەوتۆی نەبوە لەبەڕێوەبردنی سیاسەتدا, جگە لەبەشداریكردنی لەچەند فلمێك و گۆرانی و پێشكەشكاری بەرنامەی تەلەفزیۆنی, ئایا سیاسەتی نەرمی (ئۆباما بەرامبەر ئیران و ڕوسیا و چین), ترامپی بەهێزی باوەڕبو بەخۆی و گەلەكەی هێنایە پێشەوە؟, یان ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكی, بەشێوەیەكی نهێنی كاریان بۆكردوە و كەسێكی توند و ڕەقیان لەسیاسەتدا بەمەبەست هێناوەتە پێشەوە؟, لەهەردوو حاڵەتەكەدا دەبێت ترامپ زۆر لەوە بەهێزتربێت كە تا ئێستا دەركەوتوە, چونكە سیستەمی حوكمڕانی ئەمریكی لەو وەرەقەی هەر ڕۆژ جارێك دەدرێتە دەست سەرۆك بازی بەسەردابدات, كوشتنی سەرۆكی بەدوادا دێت, جا بەتیرۆركردن بێت, وەك (جۆنیف كەنەدی) یان ژەهر خواردكردن بێت, لەگەڵ ئەمانەشدا ئەركی سەرۆكی نوێ‌ قورسە, سیاسەتەكانی ترامپ هانی هاتنە سەردەسەڵاتی هاوشێوەكانی دەدات لە وڵاتانی ئەوروپیدا, كە لەئێستادا مەیلێكی زۆری ئەو سیاسەتە هەیە لە فڕەنسا و ئەڵمانیا, بۆهاتنە سەركاری پارتە ڕاستڕەوەكان, پێشتر باسی خۆكۆكردنەوەی وڵاتانی ئەوروپیمانكرد, ئەوەی لێی چاوەڕوان دەكرێت, بەهاتنە سەركاری ڕاستڕەوەكان, بازاڕی هاوبەش و دراوی یەكگرتوو, دواجار لێكهەڵوەشانەوەی یەكێتی یەكە و تۆخكردنەوە و توندكردنی سنورەكانی لێدەكرێت, ڕەوشی سیاسی و كۆمەڵایەتی پێش جەنگی دووەمی جیهانی باڵ بەسەر ئەوروپیەكان و جیهاندا دەكێشێت!!.

 

*ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەجێندای ترامپدا

ترامپ لە بەرنامەیەكی كۆنی( ئۆپرا)ساڵی1988زدا, دەڵێ‌ ئەمریكا دەبێت لەبەرامبەر پاراستنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا, بەتایبەت( سعودیە و كوەیت و ئیمارات و قەتەر), وەك مانگا بیان دۆشێت و هەرچی سەروەت و سامانیان هەیە لێیان وەربگرێت, ئەم تێڕوانینانەی ترامپ ئێستاش لەناخیدا پەنگی خواردۆتەوە و هەر لەسەر هەمان بیر و باوەڕە بەرامبەر بەو وڵاتانە بەڵام ئێستا سیاسیانە دەری دەبڕێت و پەیڕەوی دەكات, گریمانەی هەرە بەهێزیش بۆ گۆڕانكاری ڕیشەیی لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەردوو وڵاتی (ئیران. توركیا)ن, لە نوێترین كۆبونەوەی (ماردین ئۆڵبرایت)ی وەزیری پێشوتری ئەمریكا, لەگەڵ كۆمەڵێك لە باڵیۆز و دیپلۆماتكار و كەسانی ئەكادیمی وڵاتەكەی سێ‌ خەتەری جدیان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا باسكردوە, دانەیەكیان هەنگاوەقەبەكانی ئەردۆغانە بەرە و دیكتاكتۆریەتی مەترسیدار, لەگەڵ ئەمەشدا ئەمریكا باش ئاگادارە توركیای ئەردۆغان چۆن هەموو هێزی خۆی لەهاوكاری گروپە تیرۆریستیەكانی ناو سوریا و عیراقدا سەرف دەكات و بۆتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆژەكانی سەرۆكی نوێ‌, كەواتە دەبێت گۆڕانكاری لە حوكمی توركیادا بكات, جا بە كودەتایەكی بەهێزبێت, یان تەداخولی ڕاستەوخۆی ئەمریكیەكان!!, یان دابەشكاری وڵاتەكە بۆچەند وڵاتێكی بچوكتر!!, بەڵام وەك پێشتر باسمكردوە تاقە كارتی بەهێزی توركیا ئیرانە لە1979وە هیچ كات نێوانی ئیران و ئەمریكا خۆش نەبوە, ترامپ لە بانگەشەكانی هەڵبژاردندا بەئاشكرا باسی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێكەوتنە5+1ی دەكرد و بەمەترسی بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی دەزانێت, بەڵام گۆڕانكاری لەتوركیا گەر دواشبكەوێت دواجار توركیا مەحاڵەلێی دەربازبێت, بەڵام بۆ وڵاتانی عربی هەروەك خۆی وتەنی ڕۆڵی مانگاكە دەبینن لەدابینكردنی شیر بۆ ئەمریكا.

 

*ئەمریكا لە ترسی چین لە ڕوسیا نزیك دەبێتەوە!!

سەركەوتنەكانی چین لەبواری ئابوریدا دەمێكە تەنگی بە ئەمریكا و ئەوروپا هەڵچنیوە, بەڵام چین نایەوێت تەنها لەبواری ئابوریدا سەركەوتوبێت و هەمیشە وەك ئۆقیانوسێك شەپۆلی سەركەوتن لە ڕووی سەربازی و سیاسیشەوە دەدات, كە ئەمە بۆئەمریكا زۆرمەترسیدارە و سەركەوتنی چین واتای مردنی ئەمریكا!!, هەر لەبەر ئەمەش هەست بەپەیوەندیەكی تەندروست دەكرێت لەنێوان (ترامپ و پۆتین)دا, دەكرێ‌ ئەم دوو سەركردەیە بەئاگاداری ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەكانیان ڕێككەتبن, ئەمریكا هاوكاربێت لەهێنانە پێشەوەی ڕوسیا بۆ ناو ململانێی جیهانی وەك ڕابردوو, لەبەرامبەردا ڕوسیا پشت لە چین بكات!!, بۆ ئەمریكاش تا دەرفەتی هەبێت, لەگەڵ ڕوسیادا دەكەوێتەوە ناو ململانێ‌ چونكە بۆهەردوو وڵات باش لە تاكتیك و ستراتیژی یەكتر تێگەیشتون و دەست و پەنجەیان لەگەڵ یەكتر ڕاهاتوە, بەڵام بۆ هەر یەكێكیان چین وڵاتێكە تا لە سیاسەت و چاوتێبڕینەكانی تێدەگەن زەحمەتە, لەسەر و هەموشیانەوە سەرباری ململانێی دژواری قۆناغی جەنگی سارد هەمیشە لە دوالوتكەدا بەپەیوەندیەكی تەلەفونی نێوان(كرملین و كۆشكی سپی)دۆخەكە ئاسایی بۆتەوە, بەڵام مەرج نیە چین لە دواخاڵدا بە یاریەكی نەرم گرژیەكان خاوبكاتەوە, ترسناكترین وڵات بەلای ئەمریكاوە چینە!!, چونكە گەر توركیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتێكیتر لەجێگەیەكیتر ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم پڕۆژەی ئەمریكیدا, ئەوا تەنها لەناوچەیەكی دیاری كراوی جوگرافیدا ڕێگە لەئەمریكا دەگرن, بەڵام چین باڵادەست بێت لەسەرانسەری جیهاندا دەبێتە ژانەسەرێكی جدی بۆ ئەمریكیەكان.

 

*ئەمریكا لە ئایندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ كورد دەكات

بەهۆی دۆخی ناجێگیری جیهان بەگشتی و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی, سەرەتای كۆتایی هێنانی نكوڵیكردنی كورد هاتۆتە پێش, بەتایبەت لەڕووبەڕووبونەوەی شەڕی داعشدا, لە باشوری كوردستان سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و لە ڕۆژئاوای كوردستان سەركەوتنەكانی شەڕڤان, بەهاوكاری هاوپەیمانان كوردی بەرە و سەركەوتن برد, دەتوانین بڵێین سەركەوتنەكانی (پێشمەرگە و شەڕڤان), وڵاتانی ناچار بەهاوكاری زیاتركرد, پێشتریش لە وتارێكدا بەناونیشانی (ئایا ئەمریكا دەبێتە دۆستی ڕاستەقینەی كورد)لەو بارەوە بۆچونەكانم خستۆتە ڕوو, گرفتەكە لەوەدایە,لەلایەك ناكۆكی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستان لەناوخۆیان و لەلایەكیتر بنبەستبونی سیاسەتی حكومەتی هەرێم لەگەڵ كانتۆنەكانی ڕۆژئاوادا, ڕێگرە لەبەردەم دیاریكردنی چارەنوسماندا, گەر كورد یەكهەڵوێست و یەكڕەنگ بێت هەلێكی مێژویی بۆ ڕەخساوە و هاتۆتە سەر ئەوەی كە لەدەستی نەدات, چونكە لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا ترامپ بە ئاشكراوتی كوردەكان لە ڕوبەڕوبونەوەی جەنگ لەگەڵ تیرۆریستان سەركەوتوبون و پێویستە لەسەرمان هاوكاری زیاتریان بكەین, گەر ناوماڵی كورد یەكگرتووبوایە گومانی تیانەبوو, ترامپ قسەگەلێكی زۆرتری لەمەڕ مافی سیاسی و دیاریكردنی چارەنوسی كوردان دەكرد لەناوچەكە, لەبەر ئەوەی ئیدی كوردان سەلماندیان كە توانای بەڕێوەبردنیان هەیە و هێزێكیشن كە بەبێ‌ بونی كورد دۆخی ناوچەكە وەك ڕابردوو هەمیشە جەنگە و سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت, لەهەموشی گرنگتر سیاسەتی كورد یارمەتیدەرنیە بۆ بیری توندڕەوی.

 

*چارەنوسی ترامپ

ترامپ بەدەر لە هاوكاری ئاسایشی نەتەوەیی, پنتاگۆن و ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران, گەر ئەم دامەزراوانەش هاوكاریبن, ئەوا سەركەوتنی ئاسانترە, بەڵام گەر ئەم دامەزراوانە هاوكاری نەبن, تەنها ئاسایشی نەتەوەیی(دەوڵەتی شاراوە)هاوكاری بن, هەر سەردەكەوێت بەڵام زەحمەتیەكانی زیاتردەبن و سەركەوتنی قورستردەبێت, گەر پیاوی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی نەبێت ئەوا گریمانەی ئەوەدەكرێت پێش خولی دووەمی ئەگەرێك لەم ئەگەرانە ڕووبەری خودی ترامپ بێتەوە(دەستلەكاركێشانەوەی بەبێ‌ ویستی خۆی. دەرنەچون لەهەڵبژاردنی خولی دووەمی سەرۆكایەتیەكەی لەكاتێكدا خۆشی كاندیدبكاتەوە. یاخود تیرۆركردنی), ئایندە وەڵامدەرەوەیەكی دروستتردەبێت تا ئێمە ئێستا قسەی لەبارەوەبكەین, بەسەركەوتنەكانی دەبێتە سوپەرمان, بە شكستەكانی دەبێتە جەنگاوەرێكی بەهێز بەڵام بێ‌ هاوكاری چارەنوسی جەنگاوەرێكی دۆڕاوی لەپێشە.

 

*سەرچاوەكان.
*دائیرەالمعاریف/ بەرگی یەكەم
*فەرهەنگی سیاسی زاراوەكان
*زانیاری گشتی

 

 

 

955151022017_16473867_1099112370216967_6849133580433959134_n.jpg

ئارام هادی

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure