دابه‌شكردنی مووچه‌
785 جار بینراوە 31/1/2017 10:47 AM

چه‌ند زانیاریه‌كی تازه‌ له‌باره‌ی تۆماركردنی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران



سنور میدیا 

به‌رپرسێكی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت زیاتر له‌ 750 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆر له‌ سیسته‌می بایۆمه‌تری تۆماركراون، ئاشكراشی ده‌كات بۆچۆنیه‌تی تۆماكردنی ئه‌وكه‌سانه‌ی له‌ ده‌ره‌وه‌ی وڵاتن یان قوتابین بڕیاری تایبه‌ت ده‌درێت.


هیوا فه‌رزنده‌ ئه‌فه‌ندی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیاو زانیاری له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕۆژنامه‌ی (باس) ی راگه‌یاندوه‌ ، تۆماركردنی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌ خۆران له‌ سیسته‌می بایۆمه‌تری به‌رده‌وامی هه‌یه‌، گوتی: تۆماركردنی فه‌رمانبه‌ران له‌ سیسته‌مه‌كه‌ زۆر باش رۆیشتووه‌ و ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌گاته‌ سه‌رووی حه‌فسه‌د و 50 هه‌زار كه‌س كه‌ تۆمار ده‌كرێن له‌و سیسته‌مه‌.


هه‌روه‌كو ده‌شیگووت: له‌ پلانی ئێمه‌ بوو مانگانه‌ 250 هه‌زار كوس تۆمار بكه‌ین به‌ڵام ئێستا مانگانه‌ له‌ سه‌رووی 320 هه‌زار كه‌سه‌، چونكه‌ رۆژانه‌ 18 هه‌زار كه‌س تۆمار ده‌كه‌ین.
به‌پێی داتاكانی حكوومه‌ت یه‌ك ملیۆن و 400 هه‌زار مووچه‌خۆر له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌.


ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كاتێك ده‌گاته‌ 800 هه‌زار كه‌س ئه‌و كات خێرایی تۆماركردن كه‌م ده‌بێته‌وه‌، گوتیشی: پاش ئه‌وه‌ زیاتر تیشك ده‌خه‌ینه‌ سه‌ر وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئێستا لیواكان تۆماكراون و بۆیه‌ مانگی داهاتوو حیسابێكی تایبه‌ت بۆ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ش بڕیارێك ده‌درێت تیمه‌كانی ئێمه‌ بڕۆنه‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ یانیش ئه‌وان سه‌ردانی بانكه‌كان بكه‌ن.


سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیا و زانیاری جه‌ختی كرده‌وه‌" وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێن 200 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵام ئێمه‌ له‌و ژماره‌یه‌ دڵنیانین بۆیه‌ خه‌ریكی ئه‌وه‌ین چۆن پێشمه‌رگه‌ به‌ گشتی له‌ سیسته‌مه‌كه‌ تۆمار بكه‌ین.


سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ی كه‌ له‌ خانه‌نشینن به‌ڵام له‌ ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپین یانیش مۆڵه‌تی خوێندنیان هه‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌فه‌ندی ده‌یگوت: لیژنه‌ی سه‌رپه‌رشتی پڕۆژه‌ی بایۆمه‌تری له‌م ماوه‌یه‌ كۆ ده‌بێته‌وه‌ و بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌ ئایا ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ ئه‌مریكا و ئه‌وروپا و ده‌ره‌وه‌ن و مووچه‌یان له‌ حكوومه‌ت هه‌یه‌ بێنه‌وه‌ خۆیان تۆمار بكه‌ن یانیش ئێمه‌ ده‌توانین سه‌ردانیان بكه‌ین، به‌ گشتی هه‌وڵ ده‌درێت ئاسانكاری بۆ ئه‌وه‌ بابه‌ته‌ بكرێت.


ئه‌و به‌رپرسه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی روون كرده‌وه‌ له‌ ئێستادا خانه‌نشینانیش دوای وه‌رگرتنی فۆڕم له‌ به‌رێوه‌به‌رایه‌تیه‌كانی خانه‌نشینی خۆیان له‌ سیسته‌مه‌كه‌ تۆمار ده‌كه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی ناسنامه‌كانیان فسفۆڕ بێت، گوتیشی: كه‌سوكار و وارسی شه‌هیدانیش تۆمار ده‌كرێن ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی سه‌ردانی یه‌كه‌كانی ژمێریاری خۆیان ده‌كه‌ن و فۆڕمی زانیاریه‌كانیان ده‌هێنن.


له‌ 3ی 2ی 2016 به‌ بڕیاری ژماره‌ 71ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری راسپێردراوه‌ وه‌كو لایه‌نی جێبه‌جێكاری ته‌كنیكی پرۆژه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری سه‌رجه‌م مووچه‌خۆران.
پێوه‌ند به‌ واده‌ی كۆتایی هێنانی پڕۆسه‌ی تۆماركردنی ناوی فه‌رمانبه‌ران له‌ سیسته‌می بایۆمه‌تری ئه‌و ده‌یگووت: به‌ فه‌رمی دوا مۆڵه‌تی تۆماركردن 15ی شوباته‌ به‌ڵام بۆ هه‌ندێك حاڵه‌تی تایبه‌ت ره‌نگه‌ پرۆسه‌كه‌ درێژ بكرێته‌وه‌، گوتیشی: له‌ دوای 15ی شوبات ژماره‌ی ئه‌و بانكانه‌ی مووچه‌خۆران تۆمار ده‌كه‌ن كه‌م ده‌كرێنه‌وه‌.


ئه‌فه‌ندی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كاتێك ده‌گه‌نه‌ قۆناخه‌كانی كۆتایی پڕۆسه‌كه‌ ئه‌و كات ئه‌وان لیستی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران بۆ وه‌زاره‌تی دارایی ده‌نێرن بۆ خه‌رجكردنی مووچه‌كانیان، گوتیشی: پرۆسه‌ی مووچه‌ دابه‌شكردن وه‌كو خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت تاوه‌كو داتاكانی ئێمه‌ ده‌گاته‌ ئه‌و قۆناخه‌ی كه‌وا ئێمه‌ لیسته‌كانی مووچه‌ ئاماده‌ ده‌كه‌ین و ده‌یده‌ینه‌ وه‌زاره‌تی دارایی.


ئه‌و داتایانه‌ی له‌ تۆماری بایۆمه‌تری مووچه‌خۆران تۆمارده‌كرێت راسته‌وخۆ ده‌چێته‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت بۆ ئاشكراكردنی دوو مووچه‌ی و سێ مووچه‌یی.


ڕوونی كرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر فه‌رمانبه‌رێك یان مووچه‌خۆرێك له‌ بانكێك تۆمار ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ نیه‌ یه‌كه‌ی حسابی بانكی له‌و بانكه‌ بێتن ته‌نها بۆ تۆماكردنه‌.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure