یه‌كێتی و گۆڕان
1294 جار بینراوە 14/1/2017 03:53 PM

ڕێکەوتنی ١٧ی ئایار لە لیواری تیرۆرکردندا



سنور میدیا _ تایبه‌ت

شیکاری: درەو مهدی

نزیکەی ٨ مانگ بەسەر ئەم ڕێکەوتنە مردووەدا تێپەڕیووە، تا ئێستا نەک هیچ لە خاڵەکانی جێ بەجێ نەکراوە،بەڵکو بۆتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزای بەشێکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی گۆڕانی لی بکەوێتەوە


بەرواری ٨/١/٢٠١٧، کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی گۆڕان لە ئاستە جیاوازەکان، نامەیەکیان ئاڕاستەی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان کرد و تیایدا داوای ئەوەیان کرد کە فشار لە یەکیەتی بکرێت بۆ جێ بەجێ کردنی ڕێکەوتن نامەکە و لە ناوەڕۆەکەیدا پێیان وابوو ،بەهۆی خۆدزینەوەی بەشێک لە سەرکردایەتی و بڕیاربە دەستانی یەکێتییەوە، یەک خاڵی جێبەجێ نەکراوە، داواشیان کرد بەفەرمی سەرکردایەتی یەکێتی ئاگادار بکرێتەوە لەوەی کە ئایا ئامادەن ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکەن یان نا.

 


لە ئێستادا بزوتنەوەی گۆڕان زۆر باش دەزانێت کە ئەو ڕێکەوتنە تا ئێستا هیچی لێ جێبەجێ نەکراوە و ئەمەش جۆرێک لە ئیحراجی بۆ ئەم بزوتنەوەیە دروست کردووە و بۆتە هۆی ئەوەی کە ناڕەزایی جەماوەر و هەڵسوراوەکانی لێ بکەوێتەوە. هەرچۆنێک بێت ئەو ڕاگەیەندراوەی ئەو کۆمەڵە هەڵسوڕاوە لە ڕۆژانی ڕابردوودا فشارێك بوو بۆ سەر سەرکردایەتی و بڕیار بەدەستانی گۆڕان. هەر "بۆیە شۆڕش حاجی" وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەکە لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا ووتی:" ئێمە وەک گۆڕان داواکاری ئەو هەڵسوڕاوانە بەگرنگ دەزانین و لە بەرچاوی دەگرین و لە کۆبوونەوەی جڤاتی نیشتیمانیدا تاوتوێی دەکەین".


سروشتی چوار چێوەی حیزب وایە کە بۆ هەر حەدەسێکی گرنگ کۆبونەوە گرێ دەدات و دۆخی وەپێشهاتوو تاوتوێ دەکات. ئێستاش دۆخێكی ئیحراجی سیاسی بۆ بزوتنەوەی گۆڕان وەپێشهاتووە، ئەو مادەم لە ڕابردوودا وای ویناکردووە کە بناغەی دروست بوونی ئەو دەنگە ناڕازی و یاخیەکانە لە کوردستاندا، ئەوا ئێستا بەهۆی پشتگوێ خستنی هەنگاو نانێکی زۆر گەورەی ئەم حیزبەوە لە لایەن بڕیار بەدەستەکانیەوە،کە ئەنجامدانی ریکەوتنامەیەک بوو لە گەڵ حیزبیک کە هەر خۆی لە ڕابردوودا کەوڵی کرد.ڕۆژانە چەندەها دەنگی ناڕەزایی و یاخی بوون لە ناو ئەم بزوتنەوەدا بەرامبەر بەم هەنگاوەی بزوتنەوەکە بەرز دەبێتەوە و پرسیار دەکرێت کە بۆچی گۆڕان گوێی لە جێبەجێ کردنی هەنگاوەکەی ساڵی ڕابردووی خەواندووە؟!


بەو پێیەی کە ئاماژەمان بۆ کرد، ڕاگەیەندراوەکەی کۆمەڵێک هەڵسوڕاوی گۆڕان لەم ڕۆژانەدا لە بەرامبەر وەپێسهاتنی دۆخێکی گرن و چارەنوس سازی بزوتنەوەکەدا نوسراوە و ئاڕاستە کراوە. دەبوو بزوتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەی نائاسایی بۆ تاو توێکردنی ناوەڕۆکی ئەم ڕاگەنەدراوە ئەنجام بدایە!ئەوەی من بزانم، هەر چەندە لە ڕابردوودا جڤاتی نیشتیمانی ئەم بزوتنەوەیە لە ڕۆژانی شەمان زۆر کات کۆبوونەوەی ئاسای خۆی ئەنجامدەدا بەڵام ئەوەتا لە ڕۆژی ٩ ی مانگەوە هیچ کۆبوونەوەی ئەنجام نەداوە و هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆی بەرامبەر ئەو ڕاگەیەندراوە پیشان نەداوە!


ئەمە ئەوە دەر دەخات کە لەگەڵ ئەوەی کە زۆرێک لە جەماوەری گۆڕان یەکیەتی بە تۆمەتبار دەزانن لە پەکخستنی جێبەجێ نەکردنی ڕیکەوتنەکەدا بەڵام وەک دەبینین ئاسودەییەکی زۆر لەناو گۆڕانیشدا لەسەر ئەستی باڵا بوونی هەیە بۆ جێ بەجێ نەکردنی ئەم ڕێکەوتننامەیە!

 

بۆ ئەمەش، عەدنان عوسمان،هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتاری پێشووی ئەو بزوتنەوەکە،لە چاوپیکەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا، نیگەرانی خۆی لە جێ بەجێ نەبوونی ڕێکەوتنە کە سستە ڕوو. سەبارەت بە ئەڵتەرناتیڤی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەگەر بێت و رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت،دەڵێت: "یەکێک لەو ئەڵتەرناتیڤانە ئەوەیە بزووتنەوەی گۆڕان ئیدی لە پرۆسەی سیاسی لە کوردستان و بەتایبەتیش لە حکومەتی خۆجێی لەم ناوچەیە دەتوانێت دوا بڕیاری خۆی بدات و دەتوانێت هێزێکی ئۆپۆزسیۆن بێت لەو ناوچەیە".


پەڕلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان،پێی وایە: "سیاسەتی بەشێک لە ناوەندی بەرژەوەندیخواز لەنێو یەکێتی رێگربووە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یەکێتی".

 


بێزاری بەرامبەر جێ بەجی نەکردنی ڕیکەوتنەکە،هەر هەڵسوڕاوانی گۆڕانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو بێزاری دەربڕینەکە بۆ ناو ئەندامانی لیژنەی پێکهێنراو بۆ جێ بەجێ کردنی ریکەوتنەکە،لە بزوتنەوەی گۆڕان، تەشەنەی کردووە.


لەو چوارچێوەیەدا،هاوار شێخ رەئووف، سەرۆكی ئەو لیژنەیەیە كە یەكێتی و گۆڕان دوای رێككەوتنەكەیان بۆ لێكۆڵینەوە لە دارایی هەردوو حیزب و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكیان هێنا، لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا،ڕایگەیاند: "ئەگەر ئەو رێككەوتنە قابیلی جێبەجێكردنە با جێبەجێی بكەن، ئەگەرنا با بۆ جەماوەری گۆڕان و یەكێتی و خەڵكی كوردستانی ڕوون بكەنەوە كە رێككەوتنەكە تەواو بووە".


بەهەند وەرنەگرتن و نەخستنەڕووی هیچ گوزارشتێکی فەرمی،سیاسی لەسەر ئاسی باڵای گۆڕان لە بەرامبەر داواکاری ژمارەیەکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی ناو بزوتنەوەکە لە ئاستە جیاوازەکاندا بۆ جەختکردنەوە لە جێبەجێ کردنی ڕیکەوتنامەکە،وای لە بەرپرسانی یەکیەتی کردووە بی منەتانە قسە لە بارەی هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەنگی ناڕازی ناو گۆڕان بۆ جێبەجێ نەکردنی ڕیکەوتنەکە بکەن!


بۆ ئەمەش، فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی کوردستان لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا،راگەیاند "ئەو پەیامە كە بڵاوكراوەتەوە بە هی گۆڕانی نازانین، چونكە ناوی كەسی لەسەر نییە و، رەنگە ساختە بێت".

 

ئەسەسەرد، دەڵێت:"پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەوپەڕی باشیدایە، گوتەبێژی گۆڕان خۆیشی ئەوەی گوتووە، كە پەیوەندییەكانمان زۆر باشن".

 

لە بەرامبەر ئەو تۆمەتبارکردنەی یەکیەتی بۆ جێ بەجی نەکردنی ڕیکەوتنەکەی نێوان گۆڕان و یەکیەتی، لە لایەن بەشێکی زۆر لە هەڵسوڕاوانی گۆڕانەوە، یەکیەتیش خەتاکە لەسەر خۆی لادەبات و هۆکارەکەی بۆ جەند خاڵێک دەگێڕێتەوە.

 

سەبارەت بەمە، لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی، لە چاو پیکەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا،ڕایگەیاند:"هۆکاری خاو بەڕێوەچوونی ڕێککەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی سیاسیی، یاسایی و ئیدارین و ئەگەر نەوشیروان مستەفاش لێرە بووایە ئەوا هەنگاوەکان باشتردەبوون".

 

ناوبراو وتیشی "بەشێکی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بە چاکسازی ڕیشەیشەوە وە لەلایەن حکومەتەوە جێبەجێ دەکرێت، ئێستا حکومەت لە دۆخێکدایە و چاکسازی ناکرێت، هاوکات بەشێکی دیکەی ڕێککەوتننامەکە یاساییە و پەیوەندی بە پەرلەمان و سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە هەیە و ئەوەش یەکێتی نییە کە پەرلەمانی پەکخستووە".

 

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد:"لایەنی سیاسیش هۆکارێکی تری خاو بەڕێوەچوونی ڕێککەوتنەکەیە و کۆنەبوونەوەی گۆڕان و پارتی خەتای یەکێتی نییە".

 

لە ماوەی ڕابردوودا لەسەر زاری هەندیک لە بەرپرسانی بڵای هەردوو لا و هەندێک لەجەماوەریشیانەوە، ئەوە دەبیسترا کە هەوڵی هەردوو حیزب بۆ ئەنجامدانی ڕیکەوتنێک و هەوڵدان بۆ نزیک بوونەوە لە یەکتر بۆ ڕاستکردنەوەی باڵانسی هێزە لەم دەڤەرەدا بەرامبەر بە هەژموونی دەسەڵاتی پارتی لە کوردستاندا، بەڵام بەبەهۆی نادیاری و ناڕوونی هەڵوێستی هەر دوو حیزب لەسەر جی بەجێ کردنی ڕیکەوتنێكی نێوانیان کە ماوی نزیکەی ٨ مانگی بەسەردا تێ پەڕیوە، ئەوە ڕوون بۆتەوە کە ئەم دوو هێزە هەرگیز ناتوانن باڵانسی هێزی خۆیان لە بەرامبەر فراوان بوونی ئەو هەژمونگەراییەی پارتی لە کوردستاندا ڕاست بکەنەوە کە وەک فۆبیایەکی گەورە لای جەماوەرەکانیان وینای دەکەن.

 

لەماوەی ڕابردوودا، چەند بەرپرسێكی سەربە ناوەندی بڕیاری یەکیەتی بۆ میدیاکان ئەوەیان دەخستە ڕوو کە چەند جارێك پێشنیاری یەکگرتەوەیان لەگەڵ گۆڕان بەو بزوتنەوەیە داوە و چاوەڕێی وەڵامی گۆڕانن. لەتیف نێروەیی، وتەبێژی ئەجومەنی ناوەندی یەکیەتی ئەمە پشتڕاست دەکاتەوە و لە لێدوانە تەلەفزیۆنیکەیدا دەڵێت: "یەکێتیش بە زۆرینە داوا دەکات ئەم ڕێککەوتنەکە جێبەجێ بکرێت، تەنانەت چەند بەرپرسێکی باڵاش داوایان کردووە کە ڕێککەوتنەکە بگاتە ئاستی یەکگرتنەوەی گۆڕان و یەکێتی تاوەکو ببنەوە بە یەک حزب".

 

هەر چەندە یەکیەتی ئەیەوێت بەو ڕەفتارانەی بە خەڵک و جەماوەری هەردوو حیزب بڵێت کە ئێمە زۆر مەیلمان لە جێ بەجێ کردنی رێکەوتنەکە هەیە تا ئاسیی یەکگرتنەوەی هەر دوو حیزب بەڵام بزوتنەوەی گۆڕانیش خاڵی نیە لە هیلاک بوونی سیاسی بەدەست ڕاڕای و هەر دەمەی لە ئاوازێک خوێندنی یەکیەتی بۆ جێ بەجێ کردنی ڕیکەوتنەکەیان و لێک نزیک بوونەوەیان، ئەوەتا لە بەرامبەر پیشاندانی میل بۆ نزیک بوونەوە و یەکگرتنەوە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان کەچی لە دانوستانەکانی ئەم کۆتاییەیان لەگەڵ پارتی وەک پارتی ئاماژەی پێدەکات تا ئاستێکی بەرچاو لە پارتی نیزک بوونەتەوە، ئەمەش بەڕوونی لە وتەکانی، عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژى ئەنجومەنى سەرکردایەتى پارتى لە سلێمانى و هەڵەبجەدا دیارە کە لە هۆشدارینامەکەی دوێنێ ١٣/١/٢٠١٧ دا بۆ دەزگا ئەمنیەکانی سلێمانی سەبارەت بە ڕێگری کردن لە نانەوەی ئاژاوە لەبەردەم بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی ڕایگەیاند:"دوای نزیكبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی پارتی و یه‌كێتی له‌ گفتوگۆكانی ئه‌م جاره‌دا، "ئاگادارین كه‌ دوێنێ و ئه‌مڕۆ له‌ پشتی ده‌رگا داخراوه‌كانی لایه‌نێكی سیاسیدا، كۆبونه‌وه‌ كراوه‌ كه‌به‌مه‌به‌ستی ئاژاوه‌گێڕی خه‌ڵكانیك به‌ناوی خۆپیشانده‌ره‌وه‌ بنێرنه‌‌ به‌رده‌م باره‌گای ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، یان لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردوستان".

 

لە بەرامبەریشدا، لە كۆبوونەوەی شاندی پارتی و گۆڕان لە ١٩ی دیسەمبەری ساڵی ڕابردوودا لەسلێمان،لە دوای کۆبونەوەکە، ئەحمەد كانی، ئەندامی سەكردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، كە بەشداری كۆبوونەوەكە بوو، لە لێدوانێكی تەلەفزیۆنیدا،ڕیگەیاند:" كۆبوونەوەكە ئیجابی بووە و لەسەر سەرۆكایەتییەكانیش قسەیان كردووە".

 

هەموو ئەم ڕەفتارە سیاسیانە و ئەم مەیلە ناڕونانە لە لایەن هەردوو حیزبەوە بەرامبەر بە ئەنجام نەگەیاندنی ڕیکەوتنەکەی نێوانیان وای کردووە کە ئەو ڕیکەوتنەی کە زۆرێک لە جەماوەری هەردوو ئومێدی لەسەر هەڵچنی بوو لە لێواری تیرۆکردن نزیک بێتەوە.

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure