تۆپی پێی ئاڵتونی
134 جار بینراوە 12/12/2016 02:28 PM

ئه‌مڕۆ باشترین یاریزانی‌ جیهان دیاری ده‌كرێت



سنور میدیا 

ئه‌مرۆ باشترین یاریزانی‌ جیهان دیاری ده‌كرێت‌و زۆربه‌ی‌ ئاماژه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن كه‌ رۆناڵدۆ بۆ جاری‌ چواره‌م تۆپه‌كه‌ وه‌ربگرێت، به‌ڵام میسی‌‌و گریزمانیش ركابه‌رێكی‌ سه‌رسه‌ختی‌ كریسن به‌و پێیه‌ی‌ له‌ڕێگه‌ی‌ ده‌نگدانه‌وه‌ باشترین دیاری ده‌كرێت‌و ئه‌گه‌ری‌ ده‌باره‌بونه‌وه‌ی‌ بالۆن دۆری‌ 2010‌و 2013ش له‌ئارادایه‌ كه‌ به‌شێكی‌ میدیاكان پێیانوابوو میسی‌‌و رۆناڵدۆ شایسته‌ی‌ بردنه‌وه‌ی‌ بالۆن دۆر نه‌بون.

رۆژی‌ دوو شه‌مه‌ رۆژێكی مێژوویی ده‌بێت بۆ جیهانی‌ تۆپی‌‌و ئه‌وه‌ی‌ بینه‌ر‌وهه‌وادار‌و ئه‌نجامده‌ری‌ تۆپی‌ پێ بێت چاوی‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ تیڤیه‌كانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ براوه‌ی‌ بالۆن دۆری‌ 2016 ببینێَت كه‌ ئه‌مساڵ گۆڤاری‌ فرانس فتبۆڵ به‌ته‌نیا خه‌ڵاته‌كه‌ ده‌به‌خشێت‌و له‌فیفا جیابوه‌وه‌ كه‌ 5 ساڵی‌ رابردوو به‌هاوبه‌شی‌ دابه‌شیان ده‌كرد.

 

شێوازی‌ دابه‌شكردنی‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی‌ ئه‌مساڵ جیاوازه‌ له‌ساڵانی‌ رابردوو، به‌تایبه‌تی‌ لای‌ گۆڤاری‌ فرانس فتبۆڵ كه‌ خودی‌ خۆی‌ داهێنه‌ری‌ خه‌ڵاته‌كه‌یه‌، به‌و پێیه‌ی‌ لیستی‌ یاریزانان كه‌منه‌كرایه‌وه‌‌و 30 یاریزان ململانێی بردنه‌وه‌ی‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ی‌ 5 ساڵی‌ رابردووه‌ كه‌ لیستی‌ كۆتایی بۆ 3 یاریزانه‌ كه‌مده‌كرایه‌وه‌.

 

هه‌رچه‌نده‌ فرانس فتبۆڵ ناوی‌ 30 یاریزانی‌ پاڵاوتوه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاته‌كه‌، به‌ڵام كریستیانۆ رۆناڵدۆی‌ ئه‌ستێره‌ی‌ یانه‌ی‌ ریاڵ مه‌درید نزیكترین یاریزانه‌ له‌بردنه‌وه‌ی‌ تۆپه‌ ئاڵتونیه‌كه‌، چونكه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ 2016 وه‌ك ئه‌ستێره‌ دره‌وشایه‌وه‌‌و چامپیۆنس‌و لیگ‌و جامی‌ یۆرۆی‌ به‌ده‌ستهێنا.

 

رۆناڵدۆش به‌ته‌نیا نیه‌ بۆ بردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌لیۆنێل میسی‌‌و ئه‌نتوان گریزمانیش له‌بازنه‌ی‌ ركابه‌رییه‌كه‌دان‌و به‌ئاسانی‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌ بۆ كریس چۆڵ ناكه‌ن.

 

یه‌كێكی تر له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی‌ بالۆن دۆری‌ ئه‌مساڵ شێوازی‌ ده‌نگدانه‌كه‌یه‌، چونكه‌ له‌ 5وه‌رزی‌ رابردودا راهێنه‌ر‌و كاپتنی‌ هه‌ڵبژارده‌كانیش ده‌نگیان ده‌دا، به‌ڵام له‌مساڵدا ته‌نها رۆژنامه‌نووسانی‌ گۆڤاری‌ فرانس فتبۆڵ‌و ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ بۆیان هه‌یه‌ ده‌نگ بده‌ن كه‌ گۆڤاره‌كه‌ دیاری ده‌كات، ئه‌وه‌ش ئه‌گه‌ری‌ رودانی‌ ئه‌نجامی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراو زیاتر ده‌كات.

 

به‌كۆی‌ گشتی‌ مێژووی‌ بالۆن دۆر، میسی‌ 5 جار به‌ده‌ستیهێناوه‌ كه‌ چواریان له‌سه‌ریه‌ك بووه‌، ئه‌ویش له‌ساڵانی‌ 2009‌و2010‌و2011‌و 2012دابوو، له‌ساڵی‌ 2015شدا بۆ جاری‌ پێنجه‌م به‌ده‌ستیهێنا كه‌ ژماره‌ی‌ پێوانه‌ییه‌.

 

هه‌رچی‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆشه‌، 3 جار بۆته‌ خاوه‌نی‌ تۆپی‌ ئاڵتونی‌‌ویه‌كه‌مجار له‌گه‌ڵی‌ مانچسته‌ر یونایتد وه‌ریگرت كه‌ له‌ساڵی‌ 2008 بوو، دواتریش له‌ساڵی‌ 2013‌و2014 بۆ دوه‌م جاری‌ له‌سه‌ریه‌ك‌و بۆ جاری‌ سێیه‌م بووه‌ خاوه‌نی‌.

 

رۆژنامه‌كانی‌ ئه‌وروپا‌و له‌سه‌روهه‌مویانه‌وه‌ رۆژنامه‌ی‌ دێر شبیگلی‌ ئه‌ڵمانی‌ بڵاویكردۆته‌وه‌، به‌ڵگه‌نامه‌كانی‌ رابردو رۆناڵدۆیان تۆمه‌تبار كردوه‌ به‌هه‌ڵهاتنی‌ له‌باجدان به‌حكومه‌تی‌ ئیسپانیا، ئه‌وه‌ش كاریگه‌ری‌ ده‌بێت له‌سه‌ر ده‌نگدانی‌ رۆژنامه‌نوسان به‌و ئه‌ستێره‌ پرتوگالیه‌.

 

گۆڤاری‌ فرانس فتبۆڵ بڵاویكردۆته‌وه‌ كه‌ كاره‌كه‌ی‌ ئه‌وان بێلایه‌نی‌ پێوه‌دیاره‌‌و وه‌ك كاره‌كانی‌ فیفا نیه‌، چونكه‌ رۆژنامه‌نووسان یاریزانی‌ هاوڕێیان نیه‌ له‌هه‌ڵبژارده‌‌و تیپه‌كان، ناچار نین پارێزگاری‌ له‌كه‌شی‌ ژوری‌ خۆگۆڕینی‌ یاریزانان بكه‌ن‌و له‌هه‌مان كاتدا روزه‌ردی‌ لای‌ یاریزانان نابن ده‌نگ به‌هه‌ر یاریزانێك بده‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ له‌ 5 ساڵی‌ رابردوودا رویده‌دا، به‌جۆرێك كاپتن‌و راهێنه‌ری‌ هه‌ڵبژارده‌كان ده‌نگیان به‌یاریزانه‌كانی‌ هاوڕێیان ده‌دا.

 

ئه‌وه‌ی‌ هانده‌ران چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن هاوشێوه‌ی‌ یاریی كۆتایی مۆندیال‌و چامپیۆنس لیگ‌و پاڵه‌وانێتیه‌ مه‌زنه‌كانه‌، به‌تایبه‌تی‌ هانده‌رانی‌ میسی‌‌و رۆناڵدۆ، له‌هه‌مان كاتدا ترسی‌ ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ هاوشێوه‌ی‌ ساڵی‌ 2010 كه‌ میسی‌ چاوه‌ڕواننه‌كراوانه‌ تۆپه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌‌و ساڵی‌ 2013ش بۆ رۆناڵدۆ سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو كه‌ بالۆن دۆری‌ پێبه‌خشرا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ 2016ش ساڵێكی‌ سوپرایز بێت بۆ براوه‌ی‌ بالۆن دۆر به‌و پێیه‌ی‌ ده‌نگدان باشترین دیار ده‌كات.

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure