ئامادەکردنی : هاوکار ڕەفیق
207 جار بینراوە 29/10/2016 07:45 PM

كاریگه‌رى زمانى جه‌سته‌ى (هیلارى كلینتن) له‌ سه‌روبه‌نده‌كانى هه‌ڵبژاردندا



  زمانى جه‌سته‌ى هیلارى كلینتن له‌ هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنى 2008دا 

 

50291629102016_pep1.JPG

هیلارى كلینتون  كاندیدى دیموكراته‌كان و ڕكابه‌رى (باره‌ك ئۆباما) بوو،  له‌ هه‌ڵبژاردنى ساڵى (2008) ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا، پرسیارى سه‌ره‌كى لێره‌وه‌ سه‌ر هه‌ڵده‌دات، ئایا گه‌ر (هیلارى) له‌ ئێستادا ئه‌م ڕۆڵه‌ به‌رزه‌ى پێده‌درێت وه‌ك پاڵه‌وانى یه‌كه‌مى مه‌یدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مریكا لێیده‌ڕواندرێت، بۆچى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى (2008) دا شكستى هێنا، زمانى جه‌سته‌ى ئه‌و هه‌ر هه‌مان زمانى جه‌سته‌ى ئێستا نه‌بوو؟ هه‌ر هه‌مان كه‌س و هه‌مان سیاسه‌تمه‌دار نه‌بوو؟ ئه‌ى بۆ له‌وێ شكست ده‌هێنیت و له‌ ئێره‌ش سه‌ركه‌وتنه‌كانى دنیاى سه‌رسام كردووه‌؟ 

7311629102016_pep2.JPG

 

  *یه‌كه‌مین هۆكارى شكست هێنانى (هیلارى) له‌وه‌دا خۆى ده‌بینیه‌وه‌ كه‌ نه‌یده‌توانى ڕكابه‌ى پاڵێوراوێكى وه‌ك (باره‌ك ئۆباما ) بكات، هه‌ر چه‌نده‌ (هیلارى ) له‌ ماوه‌یكى كه‌مدا توانى له‌ (6) ویلایه‌ت پله‌ى یه‌كه‌م به‌ده‌ست بهێنێت و له‌ ویلایه‌تى ( یوا و  كارولینا) نزیك بێته‌وه‌ له‌ (باره‌ك ئۆباما) و له‌و ویلایه‌تانه‌یشى نه‌یبرده‌وه‌ جیاوازیه‌كى كه‌مى هه‌بوو به‌راورد به‌ (ئۆباما) و هێزێكى به‌رزترى هه‌بوو به‌راورد به‌ (جۆنى رید ئیدوار دز) ى كاندێكى ترى دیموكراته‌كان، زۆرێك له‌ توێژه‌ران ده‌ڵێن هونه‌رى (وتاردانى) هیلارى له‌ سه‌ره‌تاى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى (2008) دا بووه‌ ده‌رخه‌رى خاڵێكى به‌هێز له‌م كاندیده‌دا، به‌ڵام هونه‌ر و ستراتیژ و تواناى جه‌سته‌ى (ئۆباما) له‌وه‌ به‌رزتر بوو كه‌ (هیلارى)  شكستى پێبهێت، بردنه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنى (ئۆباما) له‌ هه‌ردوو خولى هه‌ڵبژاردنى ئه‌و وڵاته‌دا حه‌تمى بوو، هه‌ر یه‌كه‌ له‌ (میت ڕۆمنى و جۆن مه‌كین) دوو كاندیدى كۆمارییكه‌كانن كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر توانا ستراتیژى و سیاسى و جه‌سته‌ییه‌كانى (ئۆباما) تاڵاوى شكستیان چه‌شتووه‌ و هه‌ردوكیشیان له‌ دواى شكست هێنانیان دانیان ناوه‌ به‌ تواناى ناوازه‌ى باره‌ك ئۆباما له‌ هونه‌رى وتاردان و هونه‌رى ده‌ركه‌وتن و بڕیاردان له‌ كێشه‌كان و چۆنیه‌تى ڕاكێشانى هه‌ستى جه‌ماوه‌ر.ئه‌وانه‌ و چه‌نده‌ها هۆكارى دیكه‌ى سیاسى كه‌ من له‌ ئیره‌دا زیاتر به‌ بابه‌تى باسى خۆم نازانم و قسه‌ كردنى به‌ گونجاو ده‌زانم له‌ ژێر ناونیشانێكى دیكه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى لاى من خاڵى بنه‌ڕه‌تیه‌ لاوازى تواناى هیلارى بوو له‌به‌رامبه‌ر تواناى به‌رزى ئۆباما كه‌ تاكه‌ سه‌رۆك بوو له‌ مێژووى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كاى ئه‌مریكادا به‌و ڕیژه‌ به‌رزه‌ ده‌نگ به‌ده‌ست بهێنیت كه‌ له‌ هه‌ر دوو خولى هه‌ڵبژاردنیدا له‌ سه‌رو (50%) ده‌نگه‌كانى به‌ده‌ست هێنا، كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر (60) ساڵ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ دواوه‌ ته‌نیا ( ڕۆناڵد ڕیگان) ده‌بینین له‌ سه‌رو (50%) وه‌ ده‌نگى به‌ده‌ست هێنابێت به‌م پێیه‌ هه‌تا ئێستا ( ئۆباما) یه‌كه‌مى سه‌ده‌ى بیست و یه‌كه‌ له‌و ڕیكۆرده‌دا، بۆیه‌ ئه‌سته‌م بوو هیلارى به‌رزتر له‌م ڕێژیه‌ به‌ده‌ست بهێنیت، نمونه‌ى له‌م چه‌شنه‌ زۆره‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكادا، هه‌روه‌ك چۆن (ڕیتشارد نیكسن) له‌ هه‌ڵبژاردنى ساڵى (1960) نه‌یتوانى به‌سه‌ر (جۆن كه‌نه‌دى)یدا زاڵ بێت، به‌ڵام دواى نه‌مانى (كه‌نه‌دى) كه‌سى تر نه‌بوو ببێته‌ ڕكابه‌رى (ڕیتشارد) به‌ڵكو توانى دووخولى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا بباته‌وه‌. 23321629102016_pep3.JPG


   زمانى جه‌سته‌ى هیلارى كلینتن له‌ ئێستادا

چه‌ند ساڵێك له‌مه‌و به‌ر كاتێك (هیلارى) وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا بوو ڕه‌خنه‌ى سه‌ره‌كى كه‌ له‌و ده‌گیرا بریتى بوو له‌وه‌ى كه‌  كه‌سێكى شپرزه‌ و ناڕێكه‌ و شاره‌زاى ورده‌كارییه‌كانى زمانى جه‌سته‌ نیه‌، به‌ڵام دواى پرۆسه‌یه‌كى ورد و ڕاهێنانێكى چڕ له‌م بواره‌دا توانى ئه‌دایه‌كى باش و سه‌ركه‌وتنێكى شایسته‌ به‌ده‌ست بهێنیت، هه‌ر وه‌ك چۆن  له‌ سه‌ره‌تاى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا له‌ نوسینێكیدا ( دۆن كاورى) ده‌نوسێت "من  پێم سه‌یر نیه‌ كه‌ له‌ ده‌نگدانى ئۆنلایندا (هیلارى) ده‌یباته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م شێوازه‌ له‌ ده‌نگدان لێوان لێوه‌ له‌ بێتاوانى، چونكه‌ هه‌ر قسه‌كردن و جوڵه‌یه‌كى پێمان ده‌ڵێت هیلارى براوه‌یه‌، هاوكات ئه‌و به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رسه‌ختانه‌ هه‌وڵده‌دات په‌یوه‌ندییه‌ نه‌وتراوه‌كانى جه‌سته‌ى ڕێكبخات و هاوسه‌نگى ڕابگرێت له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ندیه‌ زاره‌كیه‌كانى، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت ئێمه‌ كه‌ سه‌یرى ده‌كه‌ین وا ده‌زانین ته‌نیا نه‌رم و نیانه‌ به‌ڵام به‌ده‌ر له‌مه‌ش هه‌وڵى زۆر ده‌دات له‌ هه‌موو دۆخه‌كاندا پارێزگارى له‌م نه‌رم و نیانه‌ى بكات، ده‌توانین بڵێن هیلارى ته‌نیا كه‌سێكى زیره‌ك نیه‌ به‌ڵكو زۆر جار زیره‌كیش تێده‌په‌ڕێنیت". 

5331629102016_pep4.JPG
  خاڵى ئه‌رێنى له‌ زمانى جه‌سته‌ى هیلارى كلینتن دا

*ده‌ربڕینى چاوه‌كانى زۆر ڕوون و هاوسه‌نگه‌، ئه‌و فێره‌ ڕووبه‌ڕوو بڕوانێت له‌ كاتى په‌یفینیدا. 

*كردنه‌وه‌ى هه‌ردوو  ده‌ست و باڵه‌كانى وه‌ك ئاماژه‌ى كراوه‌یى و خۆشویستنى جه‌ماوه‌ر و  ڕاستگۆیى، ئه‌م شێوازه‌ له‌ ده‌ركه‌وتن به‌ تایبه‌تى له‌ كاتى لێدوان و قسه‌كردندا باشترین جۆرى ده‌ركه‌وتنه‌، كه‌ سیاسیه‌ توڕه‌ و درۆزنه‌كان به‌سه‌ر ڕووبه‌رى جه‌سته‌یانه‌وه‌ كه‌م كات ده‌رده‌كه‌وێت. *هه‌میشه‌ وه‌ك كه‌سێكى گه‌رم و گوڕ و به‌هێز ده‌ر ده‌كه‌وێت ، له‌ جوڵه‌ كردن و ڕۆیشتن و دانیشتندا. *شێوه‌ى سوڕاندنى جه‌سته‌ى و چۆنیه‌تى هاتنه‌ وه‌ڵامى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ى به‌ پێى باو دۆخ و كاته‌كان گونجاوه‌.*زۆرێك له‌ كاندیده‌كان ماسكیان هه‌یه‌ و پێكه‌نین و زه‌رده‌خه‌نه‌ى ڕاسته‌قینه‌ناكه‌ن، به‌ڵام هیلارى سه‌لماندویه‌تى كه‌ خۆى سه‌رقاڵ ناكات به‌ پێكه‌نینى ساخته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ واتاى ئه‌وه‌ نیه‌ ئه‌م جۆره‌ پێكه‌نینه‌ى نیه‌. 

* پێچه‌وانه‌ى سه‌رجه‌م كاندیدى كۆمارییه‌كان، ئه‌و قسه‌خۆشه‌ و زۆرینه‌ى كات به‌ به‌سه‌رهات و قسه‌كانى هه‌مووان دێنێته‌ پێكه‌نین، یان به‌ ئاماژه‌ و ده‌ركه‌وته‌كانى ڕووخسارى و داگرتنى چاوى چه‌نده‌ها دیمه‌نى شادى هێن ده‌خوڵقێنێت، پێچه‌وانه‌ى (ترامپ) ئه‌و هونه‌ره‌ى تێدا به‌رجه‌سته‌ نیه‌ و زۆرینه‌ى كات سه‌رقاڵى پیشاندانى خاڵى توند و به‌هێزه‌ به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه‌. *له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و خۆى به‌دور ده‌گرێت له‌ به‌كار هێنانى ئاماژه‌كانى (په‌لامارده‌رى و دوژمنكارى) زۆرینه‌ى كات له‌سه‌ر خۆ و هێمنه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ڕاكیشانى به‌نجه‌ى شایه‌تمانى واى لێده‌كات كه‌مێك بێمنه‌ت و به‌ فیز ده‌ربكه‌وێت، به‌ڵام كه‌متر ڕووكارى هه‌ڕه‌شه‌ى بێوه‌دیاره‌.*به‌جۆرێك له‌سه‌ر پێكه‌نین راِهاتووه‌ ته‌نانه‌ت ڕه‌تكردنه‌وه‌كانیشى نوقمى پێكه‌نین، هه‌رچه‌ند ئه‌مه‌ واتاى ئه‌وه‌ نیه‌ توڕه‌ نابێت به‌ڵام دۆخه‌كان واى پێویست ده‌كه‌ن توڕه‌ و بێزار بێت له‌به‌ر ئه‌مه‌ كاتى شیاو ئه‌دۆزێته‌وه‌ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌. 

 *ته‌كنیكى سرنجڕاكێشانى جه‌سته‌ لاى هیلارى له‌ لوتكه‌دایه‌، هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا ژیربێژێكى باڵایه‌.

*خاڵێكى دیكه‌ى به‌هێزى ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕواڵه‌ت ئێسك سوك و جوان ده‌ركه‌وتووه‌، هه‌ر چه‌نده‌ ته‌مه‌نێكى زۆرى هه‌یه‌ و له‌ ئێستادا (68) ساڵى ته‌واوه‌. 

*هه‌روه‌ها ئه‌و به‌وه‌ ڕاهاتووه‌ متمانه‌ بدات به‌ قسه‌كانى له‌ ڕێگه‌ى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌یه‌وه‌، یان پێدانى بزه‌ و زه‌رده‌هه‌نه‌ به‌ ووته‌كانى، یان به‌ جۆش و خرۆشه‌وه‌ ده‌ست به‌رز ده‌كاته‌وه‌ ده‌ڵێت " من ڕۆحى خه‌ڵكى ئه‌مریكام خۆش ده‌وێت".

 *هیلارى هاوشێوه‌ى (ئۆباما و بۆشى كوڕ) ڕاهاتووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى زیاتر ده‌ستى ڕاست بجوڵێنێت له‌كاتى قسه‌كردندا، به‌م چه‌شنه‌ش دڵنیا و ئارام ده‌رده‌كه‌وێت. 

*نیشانه‌كانى نه‌گۆڕن به‌راورد به‌ ڕكابه‌ره‌كانى ، كۆنتڕۆلكردنى دۆخه‌كانى زۆر گونجاوه‌، دڵنیا و هێوره‌ له‌وه‌ى ده‌یڵێت. 

*گه‌رم و گوڕى و شێوازى نواندن و په‌خشكردنى ئه‌ندامه‌كانى جه‌سته‌ و شێوازى باشى وه‌ستان و دانیشتن و جوڵه‌كردنى له‌ هه‌ریه‌كێك له‌ دیبه‌یته‌كاندا ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه‌، ئه‌وانه‌ى له‌ باره‌ى زمانى جه‌سته‌وه‌ شیكارى ده‌كه‌ن پێیان وایه‌، (هیلارى) له‌ هه‌ردوو دیبه‌یته‌كه‌دا براوه‌یه‌ و زمانى جه‌سته‌ى زۆر باشتر و شایسته‌تره‌ به‌راورد به‌ زمانى جه‌سته‌ى (ترامپ). 

* ئه‌و هه‌میشه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌و خاڵانه‌ ده‌رباره‌ى ئه‌و له‌ دژى ئه‌و ده‌وترێن بچوك پیشانبدات و به‌و شێوه‌ گه‌وره‌یه‌ به‌سه‌رخۆیدا جێبه‌جێیان نه‌كات و خۆى نه‌كات به‌ تاوانبار، نزیكردنه‌وه‌ى په‌نجه‌ى شایه‌تمان و په‌نجه‌گه‌وره‌ى ده‌ستى به‌ره‌و لاى یه‌كتر ئه‌و ئاماژه‌یه‌ ده‌گه‌یه‌نێت و زۆرینه‌ى كات ئه‌م ده‌ركه‌وته‌یه‌ى هه‌یه‌، كه‌ ده‌یه‌وێت له‌ گرنگى بابه‌ته‌ هه‌ستیاره‌كان كه‌مبكاته‌وه‌، كه‌ زۆرجار به‌ پرسیار به‌ره‌وڕووى ده‌كرێنه‌وه‌ یاخود خۆى باسیان لێوه‌ ده‌كات. 

خاڵى نه‌رێنى له‌ زمانى جه‌سته‌ى هیلارى كلینتن

*هه‌ڵته‌كاندنى شان به‌ واتاى ڕه‌تكردنه‌وه‌ یان پشتگوێخستن، كه‌ زۆر جار گومان له‌ هه‌ڵوێسته‌كانى دروست ده‌كات. *هیلارى به‌ ئاماژه‌ى نه‌خێر جار و بار سه‌رى ده‌له‌قێنێت (واتا ئاراسته‌ى سه‌ر له‌ ڕاسته‌وه‌ بۆ چه‌پ)، به‌ڵام ناگاته‌ ئه‌وه‌ى وه‌ك (میت رۆِمنى) بیكات به‌ دیارده‌ى چه‌ند جار باره‌.
* هیلارى بێ ئاگایى خۆى له‌ زۆر بابه‌تدا ده‌خاته‌ ڕوو،  به‌ڵام زمانى جه‌سته‌ى و هه‌ڵته‌كاندنى شانه‌كانى و ئاماژه‌ى چاوه‌كانى و سوڕاندى سه‌رى و گه‌ستنى لێوه‌كانى، ئه‌م نا ئاگاییه‌ى به‌درۆ ده‌خه‌نه‌وه‌، له‌م حاڵ‌ته‌دا كردنه‌وه‌ى له‌پى ده‌سته‌كانى ڕه‌نگه‌ هونه‌رێكى ساخته‌كارى بێت و مه‌به‌ست لێى فریودان بێت.  *هیلارى به‌ سروشت ترسنۆكه‌ له‌ به‌رامبه‌ر دۆخه‌ چاوه‌ڕوانه‌كراوه‌كان له‌به‌رامبه‌ر كامێرادا، بۆ نمونه‌ باكى نیه‌ هاورا بكات له‌گه‌ڵ بینینى مێشێكدا، یان تێگرتنى هه‌ر ماده‌یه‌ك به‌ ئاراسته‌ى ئه‌و، به‌ ته‌واوى په‌شۆكاوى ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌و وێنه‌كه‌دا دیاره‌، به‌ ته‌واوى له‌ ترسى هاتنى مێژووله‌یه‌ك خۆى كۆده‌كاته‌وه‌، له‌م لینكه‌شه‌وه‌ ده‌توانن زیاتر ببینن:https://www.youtube.com/watch?v=8gq7pw3Nypk * له‌ زۆرینه‌ى ده‌ركه‌وتنه‌كاندا و له‌ چه‌ندین وێنه‌دا هیلارى ده‌مى زیاتر له‌ ڕاده‌ى پێویست ده‌كاته‌وه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ كاتى ( پێكه‌نین و هاواركردندا) به‌ جۆرێك به‌ ته‌واوى ده‌م و دانى ده‌ر ده‌كه‌وێت ، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ ده‌ركه‌وتنێكى نه‌رێنى و ده‌رخه‌رى نمایشێكى ناباش.

 *هیلارى به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ له‌ حاڵه‌تى گوێگرتندا یان له‌و كاتانه‌ى پرسیارى لێده‌كرێت، سه‌ر و ملى بۆ دواوه‌ لارده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ كاتى قسه‌كردا به‌ ستوونى سه‌رى داده‌نێت، كه‌ پێویست بوو له‌ حاڵ‌تى گوێگرتن و بێده‌نگیشدا سه‌رى ستوون بێت و نه‌كه‌وێـه‌ ده‌ركه‌وته‌ى به‌رگرییه‌وه‌. *داخستنى چاوه‌كان بۆ ماوه‌یه‌كى زۆر وه‌ك نیشانه‌ى فیز و شاردنه‌وه‌ى بابه‌تێك، یان له‌گه‌ڵ وتنى ناڕاستیدا، ئه‌م كاندیده‌ په‌ناى بۆ ده‌بات له‌م خاڵه‌دا له‌ (ترامپ) ده‌چێت، یان له‌ حاڵه‌تى بێزارى و بیتاقه‌تى و ماندووبووندا، ڕووخسارى به‌م شێوه‌یه‌ ته‌واو ده‌شێوێت و ناتوانێت نیشانه‌كانى بیزارى و هیلاكبوونى په‌رده‌پۆش بكات. 

*  هیلاى به‌راورد به‌ كاندیده‌كانى ئێستا بچوكترین و نزمترین جه‌سته‌ى هه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت به‌راورد به‌ ( ترامپ) كه‌ خاوه‌ن جه‌سته‌یه‌كى به‌هێز و به‌رزه‌، به‌ڵام جیاوازى ڕه‌گه‌زى و ڕێكپۆشى و زه‌رده‌خه‌نى قوڵ و ڕێك وه‌ستان و باش دانیشتنى ، ڕێگه‌یان نه‌داوه‌ ئه‌م سیفه‌ته‌ى تێدا زه‌ق بێته‌وه‌، خۆیشى گه‌لێك وشیاره‌ له‌وه‌ى به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ر نه‌كه‌وێت له‌ پێناو ئه‌مه‌ش خۆى به‌دور ده‌گرێت له‌ نزیك بوونه‌وه‌ و وه‌ستان له‌ ته‌نیشت كاندیده‌كانى تره‌وه‌، یان ئاماژه‌ و بزاوتى وا ئه‌نجام ئه‌دات بینه‌ر خه‌یاڵیان نه‌چێت بۆ ئه‌م بابه‌ته‌. 

*هیلارى هاوشێوه‌ى (ئۆباما) زۆر كات ده‌سته‌ تێكئاڵاوه‌كانى له‌ خوار كه‌مه‌رییه‌وه‌ داده‌نێـت ئه‌و شێوازه‌ى له‌ زمانى جه‌سته‌دا پێى ده‌وترێت (گه‌ڵاى هه‌نجیر)، كه‌ ئه‌مه‌ش واتاى نه‌رێنى و كه‌مى متمانه‌ یان ملكه‌چى ده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ پرسه‌ى كه‌سێكدا یان به‌رامبه‌ر كه‌سێكى خاوه‌ن ڕه‌مزى دینى ، یان له‌ مزگه‌وت و كڵێسا ئه‌م ده‌ركه‌وته‌یه‌ بینرا ئه‌وه‌ نیشانه‌ى ڕێز و حورمه‌ت و پێزانینه‌، له‌ ڕابردوودا (ئۆباما) له‌ به‌رامبه‌ر (پاپاى ڤاتیكان)دا به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ركه‌وتووه‌.


 *توڕه‌بوونه‌كانى (هیلارى) زۆر نامۆ و نه‌گونجاون، ئه‌و له‌ حاڵه‌تى توڕه‌بووندا ڕووخسارێكى تێكچوو و ناباشى هه‌یه‌ و شێوازى كردنه‌وه‌ى ده‌م و زه‌قكردنى چاوه‌كانى" هیلارى له‌ زۆركاتدا چاوه‌كانى زه‌ق ده‌كات كه‌ به‌ زه‌قى پێوه‌ى دیاره‌ ئه‌وانیش حاڵه‌تى ترس، توڕه‌بوون، ئیره‌یی، سه‌رسامبوون، تێڕامان، ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه‌ هۆكارى ئه‌وه‌ بێت خۆى به‌ سروشت چاو گه‌وره‌یه‌" و تێكنانى برۆ و هاركردنه‌كانى، ده‌بنه‌ نیشانه‌گه‌لى زه‌ق و ناشایسته‌ به‌سه‌ر ڕووخسارییه‌وه‌ كه‌ كه‌م كات ده‌توانێت به‌رگرى بكات له‌ ده‌رنه‌كه‌وتنیان، به‌م شێوه‌یه‌ به‌راورد به‌ حاڵه‌تى پێكه‌نین و دڵخۆشیه‌كه‌ى ڕووخسارى گه‌ش ده‌ناكه‌وێـ.ت، له‌ دیبه‌یتى یه‌كه‌میدا له‌گه‌ڵ (ترامپ) چه‌ند جار كه‌وته‌ ئه‌م دۆخه‌وه‌. 

ده‌ر ئه‌نجام:

له‌ ئێستاشدا ( كاورى) زمانى جه‌سته‌ى ( هیلارى) به‌ باشترینى هه‌موو كاندیده‌كان ده‌زانێت و پێى وایه‌، به‌ده‌ست هێنانى زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان له‌ سه‌ر ئاستى ویلایه‌ته‌كان پڕه‌ له‌ بێ تاوانى، (هیلارى) ته‌واو شیاوى ئه‌و بردنه‌وه‌یه‌یه‌،هه‌ر چه‌نده‌ ده‌سته‌یه‌كى دیكه‌ پێیان وایه‌ ( هیلارى) چه‌ند خاڵێكى لاوازى وه‌ك نا هاوسه‌نگى ئاماژه‌ى چاوه‌كان و جوڵه‌ى نه‌رێنى شانه‌كان و نا هاوسه‌نگى له‌ سه‌رله‌قاندا، به‌ڵام نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و حاڵه‌ته‌ى وه‌ك خاڵى لاواز پێوه‌ى دیار بێت، هاوكات به‌ پێى توێژینه‌وه‌كانى ئه‌م بواره‌( ترامپ) یه‌كێكه‌ له‌ كاندیده‌ شپرزه‌ و سه‌رشێت و نه‌ترسه‌كان و وه‌ك كاندیدێكى به‌هێز ده‌رى ده‌خات به‌ڵام خاڵه‌ لاوازه‌كانى زیاترن له‌ خاڵه‌ئه‌رێنیه‌كانى به‌ راورد به‌ (هیلارى)، هه‌مووان ده‌زانن زمانى جه‌سته‌ى (هیلارى) بابه‌تى تر و گونجاوتر و نه‌رمتره‌ به‌راورد به‌ زمانى جه‌سته‌ى (ترامپ)، له‌ دیبه‌یته‌كانیشیدا له‌گه‌ڵ (ترامپ) هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌ باره‌ى زمانى جه‌سته‌ى ئه‌م دوو كاندیده‌وه‌ ته‌كیز ده‌كه‌ن، گه‌یشتوون به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ى كه‌ له‌ ڕووى زمانى جه‌سته‌ و ده‌ركه‌وته‌وه‌ (هیلارى) له‌ سه‌رجه‌مى دیبه‌یته‌كاندا له‌ به‌رامبه‌ر (ترامپ) دا براوه‌یه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا سه‌رجه‌م ئه‌و خاڵه‌ نه‌رێنیانه‌ى باسكران، سه‌رجه‌میان ناگه‌نه‌ ته‌نیا یه‌ك هاواركردنى (ترامپ) یان یه‌ك جوڵه‌ى توند و هه‌ڕه‌شه‌ ئامێزى ئه‌و، خاڵه‌ نه‌رێنیه‌كانى (هیلارى) له‌ به‌رامبه‌ر خاڵه‌ نه‌رێنیه‌كانى (ترمپ) ئه‌گه‌ر دابنرێن و به‌راورد بكرێن، ئه‌وه‌ سه‌رجه‌میان ده‌بنه‌ خاڵى ئه‌رێنى، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى لایه‌نه‌ ناباشه‌كانى ترامپ هێنده‌ زه‌ق و توند و ناباشه‌ سێ هێنده‌ى (هیلارى) تێپه‌ڕاندووه‌.  به‌ده‌ر له‌وه‌ (هیلارى) سه‌لماندوویه‌تى كه‌ به‌راورد به‌ (ترامپ) كاندیدێكى  ڕاستگۆ و خاوه‌ن متمانه‌ى جه‌ماوه‌ره‌، هه‌روه‌ك ئه‌و داتایانه‌ى ماڵپه‌ڕى (پۆله‌تیى فاكت _ Politifact) كه‌ ته‌نیا شیكارى بۆ ده‌ربڕینى زمانه‌وانى سیاسیه‌كان ده‌كات و به‌ پله‌ى یه‌كه‌میش لێدوانى كاندیده‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ده‌خاته‌ ژێر فۆكسه‌وه‌، كه‌ ئایه‌ تا چه‌ند ڕاستن یاخود ناڕاست،(واتا ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ له‌ سه‌ر بنه‌ڕه‌تى زمانى جه‌سته‌ ڕاستى و ناڕاستیه‌كان ناخاته‌ ڕوو، به‌ڵكو پێوه‌رى دیكه‌ له‌به‌ر چاو ده‌گرێت، به‌ڵام په‌یوه‌ند به‌م باسه‌ى ئێمه‌وه‌ زۆر سود مه‌نده‌). به‌ پێى داتاكانى ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ بێت (هیلارى) ته‌نیا (02%) قسه‌كانى ته‌واو ناڕاستن، به‌ڵام ترامپ (17%)ى ووته‌كانى به‌ ته‌واوى ناڕاستن، كه‌ ماڵپه‌ڕه‌كه‌ ئه‌م حاڵه‌تى درۆكردنه‌ى ناوناوه‌ (پانتۆڵى سه‌ر ئاگر)كه‌ به‌ بڕواى ئه‌و (ترامپ) زیاتر له‌ هه‌ر كاندیدێكى تر پانتۆڵه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر ئاگر واتا زیاتر له‌ هه‌موان درۆ ده‌كات، وه‌ ئه‌و لێدوانانه‌شى  (ناڕاستن یان گومانیان  لێده‌كرێت ناڕاستبن) بۆ هیلارى (10%)دیاركراوه‌ و بۆ  ترامپیش (35%)دیاریكراوه‌، ئه‌و  لێدوانانه‌شى (زۆرینه‌ى كات ناڕاستن)، بۆ هیلارى (15%)دایه‌ و بۆ ترمپ ڕێژه‌كه‌ ده‌گاته‌ (19%)، ووته‌ ڕاسته‌كانى ترمپیش ته‌نیا (4%)، به‌ڵام ووته‌ ڕاسته‌كانى هیلارى ڕێژه‌كه‌ى له‌ (24%)دایه‌، ئه‌و لێدوانانه‌شى (زۆرینه‌ى كات) ڕاستن بۆ ترامپ (11%) و بۆ هیلارى (27) دانراوه‌، لێدوانه‌ (نیوه‌ ڕاسته‌كانی)ش بۆ هیلارى (22%) و بۆ( ترامپ)یش (14%)، به‌م پێیه‌ بێت به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى (هیلارى) ته‌نیا (27%) ى لێدوانه‌كانى ناڕاستن یان گومانى ناڕاستیان لێده‌كرێت، به‌ڵام لێدوانه‌ ناڕاسته‌كانى (ترامپ) یان گوماناوییه‌كانى ڕێژه‌ى (71%) پێكده‌هێنن، واتا ته‌نیا له‌ (29%)ى لێدوانه‌كانى ڕاستن، له‌ كاتێكدا (هیلارى) ڕێژه‌ى (73%) لێدوانه‌كانى ڕاستن،

به‌م پێیه‌ بێت لێدوانه‌ ڕاسته‌كانى (هیلارى) به‌قه‌ده‌ر لێدوانه‌ ناڕاسته‌كانى (ترامپه‌). هه‌ریه‌كێك له‌و داتایانه‌ى باسكران له‌ خواره‌وه‌ خراونه‌ته‌ ڕوو:

 

30431629102016_pep5.JPG

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure