د. شۆڕش حسن
436 جار بینراوە 25/5/2015 06:53 PM

له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنی 21ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی نویسنه‌وه‌ی ده‌ستوری هه‌رێمی كوردستان مامۆستایانی یاسایی ده‌ستوری ڕای جیاوازیان هه‌یه‌



 

له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن و دیاریكردنى 21ئه‌ندامه‌كه‌ى لیژنه‌ى نویسنه‌وه‌ى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان مامۆستایانى یاسایى ده‌ستورى ڕاى جیاوازیان هه‌یه‌,

سنور میدیا له‌و باره‌یه‌وه‌ چاوپێكه‌وتنى له‌گه‌لأ دوو مامۆستاى یاسایى ده‌ستورى ئه‌نجام دا.

د.شۆڕش حه‌سه‌ن,دكتۆرا له‌ یاسایى ده‌ستورى و پرۆفیسۆر له‌ زانكۆى سلێمانى كه‌ هاوكات ئه‌ندامى نوسینه‌وه‌ى پڕۆژه‌ى ده‌ستورى كوردستانه‌,به‌م شێوه‌یه‌ بۆ سنور میدیا دووا.

سنور:پێت وایه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور ئه‌ندامانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ كه‌ دیارى ئه‌كرێن پسپۆڕیان له‌ چى بوارێكدا بێت باشه‌؟

د.شۆڕش"له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌ستور قانونى باڵاى وڵاته‌,كۆمه‌ڵگاى له‌سه‌ر به‌نده‌,بۆیه‌ پێویسته‌ بۆ دانانى ڕێگایه‌كى دیموكراتیانه‌ بگیرێته‌ به‌ر,ئه‌ویش یان به‌ ڕێگاى ڕاپرسى,یان به‌ دانانى كۆمه‌ڵێك كه‌ هه‌ڵسێ به‌ دانانى ده‌ستور,یان ڕێگایه‌ك ئاوێته‌ى ئه‌م دوو ڕێگایه‌.بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌م لیژنه‌یه‌ى كه‌ ده‌ستوره‌كه‌ ئاماده‌ ئه‌كات,ته‌واوى پێكهاته‌ سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و نه‌ته‌وه‌ جیاواز و ئاینه‌ جیاوازه‌كان,نوێنه‌ریان هه‌بێت,ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى كه‌ ئه‌و ڕێكخراوانه‌ى كه‌ قورسایان هه‌یه‌ له‌ ناو كۆمه‌ڵگادا,پێویسته‌ نوێنه‌ریان هه‌بێت له‌ ناو لیژنه‌كه‌دا.به‌ڵام ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت له‌ دانانى لیژنه‌كه‌,ته‌نها پێك هاته‌ سیاسیه‌ په‌رله‌مانیه‌كانى له‌ خۆ گرتووه‌ ئه‌مه‌ش ناكرێت وابێت,چونكه‌ له‌ كوردستاندا كه‌ هه‌ڵبژاردن كراوه‌,ڕێژه‌ى به‌شدارى له‌ 65% زیاتر نیه‌,كه‌واته‌ لانى كه‌م له‌ 20%ى زیاتر له‌ په‌رله‌مان نوێنه‌ریان نیه‌ و به‌مه‌ش ئه‌م ڕێژه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگادا,ئه‌ندامیان له‌و لیژنه‌یه‌ نیه‌.

سنور:زۆربه‌ى ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ پسپۆڕیه‌تی یاساییان تێدا نیه‌,پێت وایه‌ ئه‌مه‌ كێشه‌ دروست بكات و نه‌توانن ده‌ستورێكى باش ئاماده‌ بكه‌ن؟

د.شۆڕش"مه‌رج نیه‌ هه‌موو ئه‌ندامان پسپۆڕى یاسا بن,به‌ڵكو ئه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ ئه‌ندامان ته‌عبیر له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى كۆمه‌ڵگا بكه‌ن,بۆیه‌ بوونى پسپۆڕى یاسایى ته‌نها بۆ ڕێكخستنى سیاغه‌ یاساییه‌كانى گرنگه‌, بۆ ڕێكخستنى ناوه‌ڕۆكى ده‌ستوره‌كه‌ گرنگه‌.بۆیه‌ ئه‌گه‌ر له‌ 15%ى ئه‌ندامان ده‌ستورى بن باشه‌,به‌ڵام پێویستمان به‌ پسپۆڕیه‌ته‌ جیاوازه‌كانى تر هه‌یه‌,هه‌ر له‌ ئابوورى و جوگرافی و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان.

سنور:له‌ یاسایى نوسینه‌وه‌ى ده‌ستوردا له‌ یه‌كێك له‌ مادده‌ كاندا,ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات,كه‌ بڕیاره‌كانى ناو لیژنه‌كه‌,له‌سه‌ر ده‌ستور,به‌ كۆده‌نگى (ته‌وافق)ئه‌بێت,ئه‌مه‌ كێشه‌ دروست ناكات؟ د.شۆڕش"بێگومان ده‌بێت كۆده‌نگیه‌ك هه‌بێت,له‌ نێوان پێكهاته‌كان,به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت,هه‌ر لایه‌نێك له‌سه‌ر بچوكترین كێشه‌,ده‌ستوره‌كه‌ ڕه‌ت بكاته‌وه‌,به‌ڵكو سازانێكى گشتى هه‌بێت,ئه‌بێت هه‌ر لایه‌ن و هه‌ندێك شت قبوڵ بكات,به‌ڵام نابێت كه‌س مافى ڤیتۆى هه‌بێت له‌سه‌ر ده‌ستور.

سنور:به‌ده‌ر له‌ قسه‌ كردن له‌سه‌ر لیژنه‌كه‌,تۆ وه‌كو مامۆستایه‌كى ده‌ستورى,پێت باشه‌ سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى یان پارله‌مانى بچه‌شپێت له‌ ده‌ستوره‌كه‌دا؟

د.شۆڕش"هه‌موو سیسته‌مه‌كان دیموكراتیه‌,له‌م وڵاتانه‌ى خۆمان,هه‌موو سیسته‌مه‌كان چى سه‌رۆكایه‌تى چى پارله‌مانى شكستیان هێنا.بۆیه‌ كێشه‌ له‌ سیسته‌مه‌كان نیه‌ كێشه‌ له‌ دۆخى وڵات دایه‌,به‌ڵام له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا سیسته‌مى په‌رله‌مانى,له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هاوسه‌نگى نێوان ده‌سڵاته‌كان هه‌یه‌ و وه‌ مه‌جالى لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌سڵاتى جێ به‌ جێ كردن زیاتره‌,من بۆ خۆم سیسته‌مه‌ په‌رله‌مانیه‌ كلاسیكیه‌كه‌ به‌ گونجاو تر ئه‌زانم,چونكه‌ سه‌ركه‌وتنى زیاترى به‌ده‌ست هێناوه‌.

سنور:لایه‌نێك داواى ئه‌وه‌ كات كه‌ ئه‌گه‌ر سیسته‌مى په‌رله‌مانى هه‌بێت,ئه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێم له‌ ناو خه‌ڵكدا هه‌ڵبژێردرێت؟

د.شۆڕش"ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ له‌ سیسته‌م پێى ئه‌وترێت په‌رله‌مانى پێشكه‌وتوو,یان(محرف ) تێكه‌ڵاو كه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش واده‌كات و پێویسته‌ سه‌رۆك ده‌سڵاتێكى زۆرى پێ بدرێت,به‌ پێچه‌وانه‌ى سیسته‌مى په‌رله‌مانى كلاسیكى.

سنور:دواین پرسیار تۆ ئومێدت هه‌یه‌ به‌وه‌ى لیژنه‌ 21 كه‌سیه‌كه‌ له‌ ماوه‌ى 3 مانگدا ده‌ستوره‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن؟

د.شۆڕش"مه‌حاڵه‌ له‌ ماوه‌ى 3 مانگ دا بتوانن ده‌ستوره‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن,مه‌گه‌ر سود له‌ پرۆژه‌ ده‌ستوریه‌كه‌ى پێشوو تر وه‌ر بگرن,ئه‌گینا ناكرێت و مه‌حاڵه‌ بتوانن له‌ ماوه‌ى 3 مانگدا ده‌ستوره‌كه‌ ئاماده‌ بكه‌ن. هاوكات م.شاڵاو كه‌ مامۆستاى یاسایى ده‌ستوریه‌ له‌ زانكۆى سلێمانى,به‌م شێوه‌یه‌ بۆ سنور میدیا دووا.

سنور:پێت وایه‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ پسپۆڕى پێویستیان هه‌یه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستورى كوردستان؟

م.شاڵاو عبدالرحمن"سه‌ره‌تا ده‌ست خۆشى بۆ ئێوه‌ له‌ وڵاتانى دیموكراتى ده‌سته‌یه‌ك دا ئه‌نرێت بۆ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور,سه‌باره‌ت به‌ لیژنه‌ 21 كه‌سیه‌كه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ هه‌ڵبژێردراون چه‌ند كه‌مو كورتیه‌ك هه‌یه‌,یه‌كێك له‌وانه‌: ئه‌ندامانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ ته‌نها له‌ پێنج حزبه‌كه‌ گه‌وره‌كه‌ى په‌رله‌مانه‌,به‌ڵام حزبه‌ بچوكه‌كان ئه‌ندامیان نیه‌,كه‌ من پێم باشه‌ ئه‌م حزبانه‌ش به‌ یه‌ك ئه‌ندام بۆ هه‌ر یه‌كه‌یان به‌شدار بونایه‌,دواتریش ئه‌ندامه‌كانى تر ئه‌بوایه‌ كه‌سانى پسپۆڕى بێلایه‌ن بن. به‌لام حزبه‌كان ده‌ست كراوه‌ بون له‌ دانانى ئه‌و كه‌سانه‌,كه‌ به‌شێكى زۆر له‌ ئه‌ندامه‌كانى ئه‌وپه‌ڕى بروانامه‌ى سه‌ره‌تاى یاساییا هه‌یه‌.یان له‌ لقه‌كانى ترى یاسایه‌ نه‌ك ده‌ستور,بۆیه‌ من پێم وایه‌ بۆ نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور,پێویسته‌ كه‌سانێك سودیان لێوه‌ر بگیرێت كه‌ ئه‌كادیمى بن و شاره‌زاییان له‌ یاسادا هه‌بێت,نه‌ك هه‌ر ئه‌مه‌ به‌ڵكو نوسینه‌وه‌ى ده‌ستور پێویستى به‌ قوڵبونه‌وه‌ى زیاترو ئاماده‌كارى زیاتر هه‌یه‌.

سنور:واته‌ تۆ پێت وایه‌ ئه‌م ئه‌ندامانه‌ هه‌ر ئه‌بێت بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ شاره‌زایى یاسایى ده‌ستورین؟

م.شاڵاو"ناڵێم ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌كان هه‌موویان كه‌م ئه‌زموونن,به‌ڵكو كه‌سى به‌ توانایان تێدایه‌,به‌ڵام بۆ وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌ هیچ یاسایه‌ك پابه‌ندیان ناكات بۆ ڕاوێژ وه‌رگرتن,بۆیه‌ من نامه‌وێت قسه‌كه‌م به‌و شێوه‌یه‌ له‌ یه‌ك بدرێته‌وه‌,كه‌ هه‌موو ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كه‌م ئه‌زمونن,نا به‌ڵكوو مامۆستاى ده‌ستورى باشیان تێدایه‌,به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ شێك له‌ ئه‌ندامان ئه‌زموون و شاره‌زاییان له‌ یاسادا نیه‌,بۆیه‌ ئه‌بوایه‌ كۆمه‌ڵێك كه‌سى شاره‌زاتر دابنرایه‌.چونكه‌ گوێڕایه‌ڵى و ملكه‌چیه‌تى ته‌واویان بۆ حزب هه‌یه‌,وه‌ڵامى حزبیان زیاتره‌ نه‌ك توانا و ئه‌زمون و شاره‌زایى.

سنور:تۆ وه‌كو مامۆستایه‌كى ده‌ستورى چى سیسته‌مێكت بۆ كوردستان پێ گونجاوه‌؟

م.شاڵاو"من چه‌ندین جار له‌ وانه‌كانم به‌ خوێندكاره‌كانم و له‌ گفتوگۆو له‌ گۆڤارى یاسایى زانكۆى سلێمانى ئه‌وه‌م خسته‌ ته‌ ڕوو,كه‌ بۆ هه‌ر سیسته‌مێك پێویسته‌ بارى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئابورى و یاساى وڵات له‌به‌ر چاو بگیرێت,هه‌روه‌ها ئه‌زموون ده‌رى خستوه‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانى له‌ به‌ریتانیا سه‌ركه‌وتو بوه‌,وه‌ ئه‌زموون ده‌رى خستووه‌ سیسته‌مى سه‌رۆكایه‌تى له‌ ئه‌مریكاو سیسته‌مى ئه‌نجومه‌نى له‌ سویسرادا سه‌ركه‌وتوو بوه‌,له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ تاكه‌ سیسته‌مێك سه‌لمێنراوه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵاته‌كه‌ى خۆى سه‌ركه‌وتنى به‌ده‌ست هێنا بێـت سیته‌مى په‌رله‌مانییه‌,بۆیه‌ من پێم باشه‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانى دابنرێت,به‌ڵام به‌هه‌موو بناغه‌و بنه‌ماكانیه‌وه‌ نه‌ك سیسته‌مێكى په‌رله‌مانى لاده‌ر.مه‌به‌ستم له‌ لاده‌ر ئه‌وه‌یه‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانى بنه‌ماكانى بریتیه‌ له‌وه‌ى كه‌ ده‌سلأاتى جێ به‌جێكردن دوو لایه‌ن بێت,كه‌ سه‌رۆكى وڵات ته‌نها چه‌ند ده‌سڵاتێكى ره‌مزى بدرێتێ و نابێت سه‌رۆكى وڵات فه‌رمانده‌ى هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت و ده‌سڵاتى ڕاگه‌یاندنى بارى نائاسایى هه‌بێت,ئه‌مه‌ له‌ سیسته‌مى په‌رله‌مانیدا,نابێت په‌رله‌مان تواناى لێپرسینه‌وه‌ى له‌ سه‌رۆك نه‌بێت,بۆیه‌ من ره‌خنه‌م هه‌یه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و دیبه‌یت و چاو پێكه‌وتنانه‌ى كه‌ ئه‌كرێن له‌ ڕاگه‌یاندنه‌كانه‌وه‌,ئه‌كرێت كه‌سه‌كان ئه‌وه‌نه‌ سه‌رقاڵ بن به‌وه‌ى سه‌رۆك چۆن هه‌ڵ ده‌بژێردرێت,ئه‌وه‌نه‌ سه‌رقاڵ بن به‌وه‌ى ده‌سڵاته‌كانى سه‌رۆك چین.

سنور:پێت وایه‌ لیژنه‌كه‌ له‌ ماوه‌ى 3 مانگدا ده‌توانێت كاره‌كانى خۆى ته‌واو بكات؟

م.شاڵاو"ئه‌م ماوه‌یه‌ زۆر كه‌مه‌,چونكه‌ ناكۆكیه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر ده‌سڵاته‌كان,واته‌ ئه‌م ئه‌ندامانه‌ مه‌رج نیه‌ خاوه‌ن بڕیارى خۆیان بن,به‌ڵكو ئه‌مانه‌ هه‌ڵگرى بڕیاره‌كانى سه‌ر خۆیانن,وه‌ مه‌سه‌له‌ى سازانى نیشتیمانى خۆى بۆ خۆى جێگه‌ى پرسیارو گومانه‌,لێره‌دا هێزێكى دیاریكراو پێداگیرى له‌ سیسته‌مێكى په‌رله‌مانى لاده‌ر ئه‌كات,به‌ پێچه‌وانه‌ى كۆى لایه‌نه‌كانى تر,ئه‌مه‌ش ده‌ر خه‌رى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سازانى نیشتیمانى كارێكى ئاسان نیه‌.

 

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure