نه‌وشيروان مسته‌فا |
299 جار بینراوە |
25/7/2016 01:30 PM |
|
گۆڕان دوای حەوت ساڵ لە کارکردنی
سنور ميديا
راپۆرتى چۆمان ئەحمەد
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ماوه‌ی حه‌وت ساڵه وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری سیاسی له هه‌رێمی كوردستان كارده‌كات و توانیوێتی ببێته هێزێكی كاریگه‌ر له ساحه‌ی سیاسی هه‌رێم و سیهسهتهكانی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك له خواست و داواكاری هاوڵاتیان بونیات بنێت، به‌درێژایی ئه‌م ماوه‌یه و به‌شداری سیاسی، بزوتنه‌وه‌كه به چه‌ندین بارودۆخدا تێپه‌ڕیوه به‌شێك له چاودێران پێیان وایه گۆڕان ئه‌گه‌رچی به‌ڕواڵه‌ت سیاسه‌تێكی جیاوازی پێشكه‌شكردووه، به‌ڵام له ناوه‌ڕۆكدا به‌هه‌مان شێوه‌ی حزبه‌كانی تر كاری كردووه .
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان یان نه‌وشیروانی
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه له ساڵی 2009 له هه‌ناوی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان هاتۆته ده‌ره‌وه بیرۆكه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی بۆ ناره‌زایی چه‌ند ساڵه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له ئه‌دای كاركردنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌تایبه‌تی و دۆخی سیاسی و ئه‌دای حوكمڕانی هه‌رێم به‌گشتی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ساتی دامه‌زراندنی بزوتنهوهكهشهوه تا ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌كو دامه‌زرێنه‌ر له‌ژێر ناوی (رێكخه‌ری گشتی) هه‌ر خۆی كه‌سی یه‌كه‌می ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كارگه‌رییه‌كی به‌هێزی هه‌یه و توانیوێتی سه‌ركه‌وتووانه درێژه به‌كاره ناوخۆییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه بدات و سه‌ره‌ڕای ناكۆكی و ململانێكان بزوتنه‌وه‌كه وه‌كو خۆی بمێنێته‌وه، بۆیه زۆرجار به‌شێك له چاودێرانی سیاسی وای بۆ ده‌چن كه خودی نه‌وشیروان مسته‌فا له بزوتنه‌وه‌كه كاریگه‌رتره ئه‌مه‌ش له چوارچێوه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كه‌سایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فاوه سه‌رچاوه‌ی گرتووه، به‌ڵگه‌ی به‌هێزیش بۆ ئه‌م بۆچونه ئه‌وه‌یه پێشتر له هه‌رێمی كوردستاندا چه‌ندین هه‌وڵ هه‌بووه بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان یان دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی وه‌كو به‌دیلی یه‌كێتی و پارتی به‌ڵام سه‌رجه‌میان نه‌زۆك بوون، بۆیه جیابوونه‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له یه‌كێتی و دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان مۆدێلێكی نوێی سیاسی بوو له هه‌رێمی كوردستان و توانی ناره‌زایی هاوڵاتیان له‌لایه‌ك و به‌ئاگاهێنانه‌وه‌ی یه‌كێتی و پارتی له هه‌ڵه و كه‌موكورتی و قۆرخكارییهكانیان له‌لایه‌كی تر بكاته هه‌وێنی كاركردنی بزوتنه‌وه‌كه‌ی، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی چه‌ندین سه‌ركرده‌ی پێشووی یه‌كێتی و خه‌ڵكی رۆشنبیر و ته‌كنۆكرات له دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌كه به‌شداربوون، به‌ڵام له‌به‌ر كاریگه‌رییه‌كانی خودی نه‌وشیروان مسته‌فا زۆرجار پێش ناوهێنانی گۆڕان ناوی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌هێنرێت، هه‌روه‌ك له ئاڵۆزییه‌كانی چه‌ند مانگی رابردووی هه‌رێم پارتی دیموكراتی كوردستان له به‌یاننامه فه‌رمییه‌كانیدا ناوی نه‌وشیروان مسته‌فای پێش ناوی بزوتنه‌وه‌كه ده‌هێنا، هه‌ر بۆیه چاودێران بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه كه هه‌ندێكیان پێیان وایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له دوای ئه‌و ماوه‌یه‌ی كاركردنی ئێستا له‌سه‌ر قاچی خۆی وه‌ستاوه و به‌بێ نه‌وشیروان مسته‌فاش به‌هه‌مان هێز ده‌مێنێته‌وه، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه به‌شێكی تر له چاودێران پێیان وایه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به بێ نه‌وشیروان مسته‌فا یان راستر بڵێین دوای ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت رۆژ به‌رۆژ لاوازتر ده‌بێت، ته‌نانه‌ت له ئێستاشدا هه‌ڵسوڕاو و لایه‌نگرانی بزوتنه‌وه‌كه‌ش تێروانینه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌م دوو بۆچوونه بونیاد ناوه.
نه‌وشیروان مسته‌فا و رابه‌رایه‌تیكردنی گۆڕان
نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌مین كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی و رۆشنبیری دیاری كوردستانه، به‌بڕوای به‌شێكی زۆر له‌چاودێران پیاوێكه له‌ماوه‌ی ده‌یان ساڵی كاری سیاسی‌دا سه‌لماندوویه‌تی توانایه‌كی به‌هێزی رابه‌رایه‌تیكردنی هه‌یه و سیاسیه‌كی به‌هێز و وردبین و دووربینه، هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردووه له نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌لای زۆرینه‌ی ره‌های هه‌ڵسوراوانی بزوتنه‌وه‌كه‌وه وه‌كو رێكخه‌ری گشتی په‌سه‌ندكراوه، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی بیرۆكه‌كانی هه‌میشه هه‌وێنی كاركردنی گۆڕانه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی پرس و راوێژ به چوارده‌وره‌كه‌ی ده‌كات، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كهههڵسوراوانی گۆڕان ده‌یخه‌نه‌ڕوو، له پرسه سیاسیه هه‌ستیاره‌كاندا دوا بڕیاری گۆڕان لای خودی نه‌وشیروان مسته‌فایه ئه‌گه‌رچی چه‌ند جارێك ئه‌م كارانه‌ی رێكخه‌ری گشتی بۆته جێگه‌ی نیگه‌رانی به‌شێك له سه‌ركرده و هه‌ڵسوڕاوه دیاره‌كانی بزوتنه‌وه‌كه به‌ڵام ئه‌مه نه‌گه‌یشتۆته ئاستێك كێشه‌یه‌ی گه‌وره له‌ناو بزوتنه‌وه‌كه بێته ئاراوه، بۆیه لێره‌وه ده‌رده‌كه‌وێت به‌هۆی ئه‌و پێگه گرنگه‌ی له نێو بزوتنه‌وه‌كه‌دا و هه‌روه‌ها توانای گه‌وره‌ی رابه‌رایه‌تیكردنی، پێده‌چێت نه‌وشیروان مسته‌فا تا خۆی بیه‌وێت یان له ژیاندا بێت وه‌كو رابه‌ری بزوتنه‌وه‌كه بمێنێته‌وه، ره‌نگه زۆرینه‌ی ههڵسوڕاوانیش به رابه‌ری نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ك هه‌ر رازی بن بگره خۆشحاڵیش بن.
نه‌وشیروان مسته‌فا و تاكڕه‌وی
له‌ماوه‌ی شه‌ش ساڵی كاركردنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و به‌شداری سیاسی و به‌شداری بزوتنه‌وه‌كه له كابینه‌ی هه‌شته‌می حكومه‌تی هه‌رێم و به‌شداری سیاسی له به‌غدا و دیاریكردنی كاندیداكان بۆ په‌رله‌مان و دانانی وه‌زیر و پله تایبه‌ته‌كان له حكومه‌تدا به‌پێی زانیارییه‌كان دوا بڕیار لای رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه بووه، بۆیه ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی لای به‌شێك له هه‌ڵسوڕاوه دیاره‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌دا دروست كردووه به‌و پێه‌ی له‌و پرسه گرنگانه‌دا وه‌كو پێویست بۆچوونیان وه‌رنه‌گیراوه، ئه‌مه جگه له ناڕه‌زایی ده‌ربڕین له كاروباری ناوخۆی بزوتنه‌وه‌كه ههروهوهك له ماوه‌ی ساڵانی رابردوو له‌لایه‌ن سێ گه‌وره هه‌ڵسوڕاوی بزوتنه‌وه‌كه كه پێكهتبوون له (عوسمان حاجی مه‌حمود، قادر حاجی عه‌لی، سالار عه‌زیز) بۆچوونی خۆیان له‌سه‌ر "تاكڕه‌وی" نه‌وشیروان مسته‌فا خسته‌ڕوو، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌شدا، به‌شێكی زۆر له هه‌ڵسوڕاوانی دیاری بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆچوونی ئه‌و سێ هه‌ڵسوڕاوه ره‌تده‌كه‌نه‌وه و پێیان وایه ئه‌گه‌ڕ نه‌وشیروان مسته‌فا تاكڕه‌ویش بێت بڕیاره‌كانی به‌جێن و پێویسته پشتیوانیان لێ بكرێت ئه‌وه‌ش له پێناو سه‌ركه‌وتنی گۆڕان و جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كانی كه دواجار له به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ده‌بێت.
نه‌وه‌ی نوێی و نه‌وی كۆن له نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی كاره‌كانیدا وه‌كو بزوتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی كۆمه‌ڵێك دروشمی به‌رزكرده‌وه ده‌رباره‌ی هێنانه پێشه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌ڵام تا ئێستادا له واقیعدا ئه‌م دروشمه له كاره سیاسییه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌دا وه‌كو پێویست ره‌نگدانه‌وه‌ی نه‌بووه به‌وه‌ی كه هه‌رچه‌نده نه‌وه‌ی نوێ و گه‌نجان له ئورگانه‌كانی بزوتنه‌وه‌كه و جڤاتهكانیدا زۆرینه‌ن، به‌ڵام تا ئێستا له بڕیاره‌كانی بزوتنه‌وه‌كه‌دا به‌شداری گه‌وره‌یان نییه، هه‌ر وه‌كو ده‌بنێرێت له زۆربه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی گۆڕان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان شاندی گۆڕان له نه‌وه‌ی كۆن پێكهاتووه نه‌وه‌ی كۆنیش واتا ئه‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌پێشتر له نه‌و یه‌كێتیدا بوون و ئێستا له نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا رۆڵی به‌رچاویان هه‌یه، هه‌ر به‌پێی زانیارییه رۆژنامهوانییهكانش له سه‌روبه‌ندی ئاڵۆزییه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان و رێگه نه‌دان به بۆچوونی سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ هه‌ولێر و ده‌ركردنی وه‌زیره‌كانی گۆڕان له حكومه‌تی هه‌رێم له غیابی نه‌وشیروان مسته‌فادا كه له ئێستادا له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته به‌ته‌نها پێنج كه‌س بڕیاریان له‌سه‌ر ئاراسته‌كردنی سیاسه‌تی گۆڕان داوه كه له نه‌وه‌ی كۆنی نێو بزوتنه‌وه‌كه بوون ئه‌وانه‌ش پێكدێن له (محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم، عوسمان حاجی مه‌حمود، قادر حاجی عه‌لی، جه‌لال جه‌وهه‌ر، عومه‌ر سه‌ید عه‌لی) كه به راوێژ له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فادا بڕیاره‌كانیان ده‌ركردووه، هاوكات نه‌وه‌ی نوێی بزوتنه‌وه‌كه‌ش لارییان له‌مه نه‌بووه ره‌نگه ئه‌وه‌ش بۆ هه‌ستیاری بارودۆخه‌كه بگه‌ڕێته‌وه، یان دوور نیه نه‌وه‌ی نوێ به‌هۆی كه‌م ئه‌زموونیان لارینه‌بوونیان ده‌ربڕیبێت.
گۆڕان و دیبلۆماسیه‌ت
له‌ماوه‌ی ده‌یان ساڵی رابردوودا و بوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت تا ئێستا په‌یوه‌ندی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌ی دامه‌زراوه‌یی نشتیمانی نه‌بووه له‌گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه، هۆكاره‌كه‌شی بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ردوو حزبی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم (یه‌كێتی و پارتی) زۆرجار له رێگه‌ی حزبه‌وه په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه رێكخستووه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش له زۆربه‌ی وڵاتانی ده‌وروبه‌ر و وڵاتانی رۆژاوا نوێنه‌رایه‌تی حزبی یان ده‌زگای تایبه‌ت به رێكخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌و وڵاتانه هه‌یه،به‌ڕای به‌شێك له چاودێرانیش یه‌كێتی و پارتی به‌م كاره‌یان زیاتر كاریان له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی حزبی خۆیان كردووه نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان، هه‌ر بۆیه له ئێستادا سه‌ره‌ڕای بوونی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ڵام تا ئێستاش هه‌ست ده‌كرێت په‌یوه‌ندییه‌كان به دونیای ده‌ره‌وه مۆركی حزبییان پێوه‌دیاره، له‌گه‌ڵ دروست بوونیشیدا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌میشه جه‌ختی له‌وه كردۆته‌وه كه پێویسته په‌یوه‌ندییه دهركییهكانی هه‌رێمی كوردستان به نیشتمانی بكرێت و له ده‌ستی حزبه‌كان ده‌ربهێنرێن، هه‌ر ئه‌مش وایكردووه له‌دوای شه‌ش ساڵ له دامه‌زراندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر ئاستی حزبی په‌یوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی نه‌بێت له‌گه‌ڵ حزب و رێكخراوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و كونسوڵخانه و نوێنه‌رانی وڵاتان له هه‌رێمی كوردستان، هه‌ندێ له چاودێرانیش وای بۆده‌چن له‌م تێڕوانینه‌یدا بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان هه‌ڵه‌ی كردووه هه‌ر ئه‌مه‌ش وایكردووه له رووی دیبلۆماسییه‌ت و په‌یوه‌ندی به ده‌ره‌وه بزوتنه‌وه‌یه‌كی لاواز بێت و نه‌توانێت هیچ پشتیوانییه‌ك بۆ خۆی دروستبكات، به‌تایبه‌ت چاودێران پێیان وایه له رووداوه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان كه رێگری له سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرا بچێته هه‌ولێر و له بینای په‌رله‌مانی كوردستان ده‌وامی ئاسایی بكات و ده‌ركردنی وه‌زیره‌كانی گۆڕان به‌شێوه‌ی نایاسایی له حكومه‌ت هۆكاره‌كه‌ی بۆ نه‌بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی بزوتنه‌وه‌كه له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تی وڵاتانی رۆژاوا و ده‌وروبه‌ر ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌و پێیه‌ش بززوتنهوهكه له هه‌وڵه‌كانی بۆ به‌نیشتمانیكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه زیانی به‌خۆی گه‌یاندووه.
گۆڕان له غیابی نه‌وشیروان مسته‌فادا
بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ساتی دامه‌زراندنییه‌وه تا ئێستا نه‌وشیروان مسته‌فای دامه‌زرێنه‌ری وه‌كو رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌كه درێژه به‌كاره‌كانی ده‌دات، به‌هۆی ئه‌وه‌ی سیاسییه‌كی كاریگه‌ره هه‌موو ئۆرگان و هه‌ڵسوڕاوانی دیاری بزوتنه‌وه‌كه هه‌میشه چاوه‌ڕوانی ده‌ستی بوون كه چۆن كار بكه‌ن و سیاسه‌ته‌كانی بزوتنهوهكهكه چۆن دابڕێژنه‌وه، له‌به‌رامبه‌ریشدا له حاڵه‌تی غیابی رێكخه‌ری گشتی ره‌نگه به‌رپرسانی باڵای بزوتنه‌وه‌كه توشی تێڕامان بن و نه‌توانن هیچ بڕیارێك بده‌ن كه هاوشێوه‌ی ئه‌و بڕیارانه‌ی بزوتنه‌وه‌كه بێت ئه‌و ده‌مه‌ی كه نه‌وشیروان مسته‌فا ئاماده‌یی هه‌بێت، هه‌رچه‌نده به‌پێی په‌یكه‌ری رێكخراوه‌یی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان خانه‌ی راپه‌ڕاندن باڵاترین ده‌سه‌ڵاته سه‌رپه‌رشتی هه‌موو ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كانی گۆڕان ده‌كات و خودی رێكخه‌ری گشتی ئه‌ندامێكی ئه‌م خانه‌یه به‌ڵام به‌شێك له چاودێران پێیان وایه به‌بێ ئاماده‌یی نه‌وشیروان مسته‌فا بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ناتوانێت بڕیاری كۆتایی له‌سه‌ر رووداو پێشهاته‌كان بدات، ئه‌مه هه‌رچه‌ند رێكخه‌ری گشتی گشتی بزوتنه‌وه ئه‌ندامێكی ئاسایی ئه‌م خانه‌یه ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی هێشتا ئه‌م خانه‌یه ده‌ستبه‌كار نه‌بووه، به‌ڵام ناراسته‌وخۆ خانه‌كه له ماوه‌ی رابردوودا كاره‌كانی خۆی ئه‌نجامداوه سه‌ركرده‌كانی پێشووی یه‌كێتی كه له ئێستادا له ناو گۆڕاندان وه‌كو ئه‌ندامی ئه‌م خانه‌یه كار ده‌كه‌ن.
بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له غیابی نه‌وشیروان مسته‌فادا به‌جۆرێك له جۆره‌كان به پرۆسه‌ی متبوونی سیاسی تێپه‌ڕیوه، هه‌روه‌ك بینرا له‌ماوه‌ی رابردوودا نه‌وشیروان مسته‌فا بۆ ماوه‌ی نزیكه‌ی حه‌وت مانگ هه‌رێمی كوردستانی به‌جێهێشت و له به‌ڕیتانیا مایه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌شدا رووداو و پێشهاته‌كانی هه‌رێم گه‌یشتنه ئاستی ته‌قینه‌وه و بنبه‌ست به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه بزوتنه‌وه‌كه نه‌یتوانی هیچ بڕیارێك بدات ته‌نانه‌ت چه‌ند ئۆرگانه‌كانی گۆڕان له‌سه‌ر روداوه‌كان چه‌ند به‌یاننامه‌یه‌كیان ده‌ركرد، به‌ڵام به‌شێك له چاودێران پێان وابوو به‌یاننامه‌كان لاواز بوون و له ئاست رووداوه‌كان و سه‌نگی گۆڕان نه‌بوون. هه‌ر له‌گه‌ڵ گه‌ڕانه‌وه‌شیدا نه‌وشیروان مسته‌فا به واژۆكردنی رێككه‌وتنامه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان گه‌وره‌ترین گۆڕانكاری له سیاسه‌تی بزوتنه‌وه‌كه هێنایه كایه‌وه، كه ئه‌م رێككه‌وتنه نه‌ك هه‌ر له غیابی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌ده‌كرا بگره دوور نیه تا واده‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی گۆڕان لێی ئاگادار نه‌بووبێتن، ته‌نانه‌ت زانیارییه‌كان ئه‌وه ده‌رده‌خه‌ن كه له‌ماوه‌ی ئه‌و حه‌وت مانگه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا له به‌ڕیتانیا بووه پاش دیراسه‌كردنی بارودۆخه‌كه ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌ی نوسیوه، ئه‌مه‌ش ده‌ری ده‌خات له غیابی نه‌وشیروان مسته‌فا قورسه گۆڕان هیچ بڕیارێك بدات.
رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ یه‌كێتی
له‌ماوه‌ی حه‌وت ساڵی كاركردنیدا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان به له‌به‌رچاوگرتنی بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان كۆمه‌ڵێك دروشمی به‌رزكردۆته‌وه، بۆ جێبه‌جێكردنیان چه‌ندین رێگه‌ی جیاوازی تاقیكردۆته‌وه به‌ڵام تا ئێستا سه‌ركه‌وتووه نه‌بووه و به‌شێك زۆریش له هاوڵاتیان و ده‌نگده‌ران له به‌دیهێنانی خه‌ونه‌كانیان له رێگه‌ی گۆڕانه‌وه بێ ئومێد بوون، ته‌نانه‌ت به‌شێك له لایه‌نگران و ده‌نگده‌رانی گۆڕان گه‌یشتونه‌ته ئه‌و بڕوایه‌ی كه گۆڕان هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی و پارتیدا نییه. به‌ڵام له به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆچوونه‌دا سه‌رانی بزووتنه‌وه‌كه ده‌ڵێن تائێستا هه‌رچییه‌كیان كردبێت سازشیان له‌سه‌ر دروشمه‌كانیان نه‌كردووه كه به داواكاری خه‌ڵكیان داناوه.
رێككه‌وتنی گۆڕان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی كه رۆژانێك نه‌یاری سه‌رسه‌ختی بووه، دوا بژارده‌ی گۆڕانه بۆ كاركردن له‌سه‌ر داواكارییه‌كانی له‌لایه‌ك كۆتاییهێنان به هه‌یمه‌نه‌ی پارتی له‌لایه‌كی تر، هه‌ر وه‌ك له ناوه‌ڕۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر چاكسازی ریشه‌یی له بواره جیاوازه‌كاندا و گۆڕینی سیستمی حكومڕانی كراوه‌ته‌وه، بۆیه گۆڕان پێی وایه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كێتی حزبێكی گه‌وره‌ی ده‌سه‌ڵاته له هه‌رێم ده‌كرێ له‌گه‌ڵیدا رێككه‌وتن بكرێ و لاپه‌ڕێكی نوێ هه‌ڵبدرێته‌وه كه تێدا كاری جیدی بكرێت له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك، به رێككه‌وتنیش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی گۆڕان به‌شێك له چاودێران پێیان وایه گۆران له دوای ده‌ركردنی له حكومه‌ت جۆرێك لاوازی به‌خۆوه بینیوه و به‌م رێككه‌وتنه‌ش له‌گه‌ڵ یه‌كێتی زیاتر لاواز ده‌بێت ئه‌وه‌ش به‌و پێیه‌ی یه‌كێتی له سنوری ناوچه‌ی سه‌وز ده‌سه‌ڵاتی ره‌های هه‌یه و گۆڕان ئه‌گه‌رچی له‌گه‌ڵیدا رێكده‌كه‌وێت ئه‌سته‌مه بتوانێت له ده‌سه‌ڵاتدا به‌شدار بێت هه‌ر وه‌كو چۆن له پۆسته‌كاندا به‌شداربووه، هه‌روه‌ها بارودۆخی نێوخۆیی و جیاوازی بۆچوونی باڵه‌كانی یه‌كێتی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی كۆسپێكی تره له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م بۆچوونه بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان پاساوی خۆی هه‌یه و ئه‌وه دوپاتده‌كاته‌وه كه له هیچ خاڵێكی خۆی سازشی نه‌كردووه و بگره ئه‌وه یه‌كێتییه هاتۆته ژێر باری گۆڕان.