هاوکار رەفیق رەحمان
292 جار بینراوە 5/7/2016 01:11 AM

ڕۆڵ و گرنگى ته‌وقه‌كردن له‌ زمانى جه‌سته‌ى سیاسیه‌كاندا ( به‌شى هه‌شته‌م)



 به‌ پێى زۆرێك له‌ سه‌رچاوه‌كان ته‌وقه‌كردن وه‌ك نه‌ریتێك له‌ سه‌رده‌مه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى مرۆڤایه‌تیه‌وه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌، له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستاش هۆكارێكى گرنگه‌ له‌ په‌یوه‌ندى نێوان مرۆڤه‌كاندا ، كلتور  و چۆنیه‌تى پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و جیاوازى لێكتێگه‌یشتنى كۆمه‌ڵگاكانیش فۆڕم و لێكدانه‌وه‌ و به‌كارهێنانى جیاواز ده‌به‌خشێت به‌م جۆره‌ نه‌ریته‌، كه‌واته‌ ته‌وقه‌كردنیش به‌ پێى تێپه‌ڕبوونى سه‌رده‌م و چه‌رخه‌ جیاوازه‌كان گه‌شه‌ى كردووه‌ و له‌گۆڕاندا بووه‌ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگایه‌كى دیكه‌ و له‌ كلتورێه‌وه‌ بۆ كلتورێكى دیكه‌ و له‌ تێگه‌یشتنى كه‌سێتیه‌كى سیاسى بۆ دانه‌یه‌كى دیكه‌ جیاوازى هه‌یه‌ و به‌ پێى بارودۆخ و ته‌مه‌ن و ڕه‌گه‌ز و ئاین و جۆرى په‌یوه‌ندى كه‌سێتى ... هتد فۆڕمى جۆرێتى و كاریگه‌رێتى و چۆنیه‌تیه‌كه‌ى ده‌گۆڕێ. 

401721472016_s2.PNG

په‌یوه‌ندى نێوان ته‌وقه‌كردن و سیاسه‌تكردن 

هه‌روه‌ك له‌به‌شه‌كانى پێشووتردا باسم كرد ، ڕه‌فتار و جوڵه‌ى سیاسیه‌كان زۆر جار له‌گه‌ڵ هه‌ست و نه‌ست و ناخیان یه‌كانگیر نابێته‌وه‌، ده‌گونجێت له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ستێكى شاراوه‌ هه‌بێت و به‌ ڕق و توڕه‌یى و خۆپه‌رستى و هه‌ستى دوژمنكارى نه‌خشه‌سازى بۆكرابێت، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ ڕه‌فتار و ئاماژه‌كانى جه‌سته‌یدا نوێنه‌رایه‌تى ڕاسته‌قینه‌ى هه‌سته‌كانى ناوه‌وه‌ى ناكان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ كه‌سى سیاسى ده‌ركه‌وته‌ چه‌نده‌ها شێواز ده‌گرێته‌ر به‌ر گه‌ر به‌ شێوه‌یه‌كى ساخته‌ش بێت ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك كه‌سێكى نیان و دڵسۆز و خودان متمانه‌ ده‌ربكه‌وێت، هه‌ر بۆیه‌ ته‌وقه‌كردن و ده‌ست ئاڵاندن له‌ ده‌ستى به‌رامبه‌ردا له‌یه‌كه‌م ساتى به‌یه‌كگه‌یشتدا یان له‌به‌ر ده‌م  فۆكسى كامێراكاندا یان له‌سه‌ره‌تا و كۆتایى كۆنگره‌ و كۆبوونه‌وه‌ و دانوستانه‌كاندا یان له‌ ساتى ماڵئاوایى خوداحافیزیدا وه‌ك نیشاندانى ڕێز و شكۆ بۆبه‌رامبه‌ر پیشانبدات و له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ وه‌ك موجامه‌له‌ و ڕێزێكى گه‌رم هه‌ست و نیازپاكێتى خۆى بۆ به‌رامبه‌ر  بسه‌لمێنیت، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا ته‌وقه‌كردن نابێته‌ ده‌ربڕینى هه‌ستى نیازپاكى و خۆشه‌ویستى ده‌كرێت كه‌سێتیه‌كى سیاسى له‌ ته‌وقه‌كردنێكدا ڕقى ناخى خۆى به‌ به‌رامبه‌ره‌كى بگه‌یه‌نێت، یان له‌ شێوازى ته‌وقه‌كردنه‌وه‌ هه‌ستى دوژمندارى خۆپه‌رستى و ڕكابه‌رى بگه‌یه‌نێت ئه‌ویش به‌ په‌نابردن بێت بۆ شێوازى ته‌وقه‌كردنى زاڵ یان گوشینى نائاسایى و توندى جومگه‌كانى ده‌ستى به‌رامبه‌ر یان ته‌وقه‌كردنێكى سارد و سڕ و ناچاریانه‌،   

182321472016_s3.PNG

یاخود ده‌كرێت شێوازى ته‌وقه‌كردن نیشانه‌ى پاشكۆیه‌تى و ملكه‌چى لایه‌نێك بۆ ئه‌وى تر ده‌ربخات یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ستى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى پیشانبدات، یان نه‌كردنى ته‌وقه‌كردن یان ده‌ستبردن  بۆ به‌رامبه‌ر و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ته‌وقه‌كردن هه‌موو ئه‌م شێوازانه‌ به‌ پێى بارودۆخ و كلتور ڕۆڵ ده‌بینن كه‌ دواتر و به‌ به‌شێكى دیكه‌ ورتر و چڕتر له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌دوێم.
پێویسته‌ چه‌ند خاڵێك له‌به‌ر چاوبگرین له‌كاتى ته‌وقه‌كردندایه‌كه‌م: له‌به‌رچاوگرتنى كلتور: كه‌سى ده‌ستپێشخه‌ر له‌كاتى ته‌وقه‌كردندا ده‌بێت ئاگادارى كلتورى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ بێت كه‌ سه‌ردانى ده‌كات یان وه‌ك نوێنه‌رێكى دبلۆماسى و كونسوڵى وه‌زیفه‌ى خۆى ده‌بینێت تێیایدا، چونكه‌ كلتور ڕۆڵێكى مه‌زن ده‌بینێت له‌ نه‌خشاندن و دروستكردنى داب و ڕێسا كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان هه‌ر له‌ شێوازى پۆشینى جل و به‌رگه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شێوازى مامه‌ڵه‌ و گفتوگۆكردن و ڕۆیشتن و خواردن ... هتد ، بۆیه‌ ده‌بینین ده‌وڵه‌تانى ئه‌روپایى له‌ ڕووى كلتور و داب و نه‌ریته‌وه‌ كراوه‌تر و بێ به‌ربه‌ستترن به‌راورد به‌ كلتورى ڕۆژهه‌ڵاتیه‌كان یان ئاسیاییه‌كان، بۆنمونه‌ له‌ ده‌وڵه‌تێكى وه‌ك ئه‌ڵمانیا ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ ئافره‌ت ته‌نانه‌ت ماچ كردن و له‌ ئامێزگرتنیشى زۆر ئاساییه‌ گه‌ر كلتوریش نه‌بێت. 

222421472016_s4.PNG

 به‌ڵام ئه‌م شێوازه‌ له‌ مۆدێلى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى بۆ ده‌وڵه‌تانێكى وه‌ك ئێران و عێراق  و سه‌رجه‌م ده‌وڵه‌ته‌ عه‌ره‌بیه‌كان  نه‌ گونجاو ئاسایى ده‌بێت.  

 

522421472016_s5.PNG

دووه‌م: له‌ به‌رچاوگرتنى ڕێسا  ئایینه‌كان: ئاین كاریگه‌رى زۆرى هه‌یه‌ وه‌ك باكگراوندێك له‌ پشتى سیسته‌مى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌وڵه‌تانه‌وه‌ به‌ جۆرێك زۆر ده‌وڵه‌ت له‌ مامه‌ڵه‌ و په‌یوه‌ندیه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسیه‌كانیاندا وه‌ك خۆى جێبه‌جێى ده‌كه‌ن، بۆنمونه‌ ده‌وڵه‌تى سعودییه‌ یان پاكستان یان ئێران به‌ پێى بنه‌ماكانى دینى ئیسلام حوكم ده‌كه‌ن و به‌ لایانه‌وه‌ ڕێگه‌ پێدراو نیه‌ نوێنه‌رێكى سیاسى ئافره‌ت یان ئافره‌تێكى خاوه‌ن پۆستى سیاسى له‌گه‌ڵ بێگانه‌یه‌كدا یان ته‌نانه‌ت  له‌گه‌ڵ هه‌ر پیاوێكى ترى نامه‌حره‌م ته‌وقه‌بكات، به‌ڵام ده‌كرێت حاڵه‌تى دیكه‌ هه‌بێت ده‌وڵه‌تێك بانگه‌شه‌ى ئیسلام بوونى سیسته‌مه‌كه‌ى بكات به‌ڵام به‌لایه‌وه‌ ئاسایى بێت ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ ئافره‌تێك بكات، وه‌ك ده‌وڵه‌تى توركیا كه‌ چه‌ندین جار ئه‌ردۆگان و داود ئۆغلۆ به‌ ئاسایى ئه‌م كاره‌یان كردووه‌.  

82621472016_s6.PNG

سێهه‌م: خاڵێكى دیكه‌ پێویسته‌ له‌به‌ر چاوى بگرین نابێت به‌رامبه‌ر ناچار بكه‌ین به‌وه‌ى ته‌وقه‌مان له‌گه‌ڵ بكات ڕه‌نگه‌ نه‌یه‌وێت یان حه‌ز نه‌كات ئه‌م كاره‌ بكات ، بۆیه‌ ناچاركردنى ده‌بێته‌ دروستكردنى كه‌شێكى بێزاركه‌ر. 

 

242721472016_s7.PNG


 چوراه‌م: پێویسته‌ چاوه‌ڕوانى ڕه‌خسانى ده‌رفه‌تى ته‌وقه‌كردن بین تا ئه‌و كاته‌ى به‌رامبه‌ر مه‌جالى بۆ دروست ده‌بێت ئه‌وسا ده‌ست  درێژبكه‌ین بۆ ته‌وقه‌كردن. 

 

422821472016_s8.PNG


پێنجه‌م: پێویسته‌ كه‌سێتى سیاسى له‌ یاساكانى دبلۆماسییه‌ت شاره‌زا بێت ، ده‌بێت بزانێت كه‌ى خۆى ده‌ستپێشخه‌رى ده‌كات بۆ ئه‌م كاره‌ و كه‌ى پێویسته‌ به‌رامبه‌ر ده‌ستپێشخه‌رى بكات چونكه‌ به‌ پێى چۆنیه‌تى سه‌ردان كردن و پێشوازى كردن و   چۆنیه‌تى ته‌وقه‌كردن ده‌گۆڕێت، نوێنه‌رى ده‌وڵه‌تى سه‌ردانكه‌ر پێویسته‌ یان جوانتره‌ ته‌وقه‌ى له‌گه‌ڵ بكرێت نه‌ك خۆى ده‌ست پێشخه‌رى بكات ، پێچه‌وانه‌وه‌ى ئه‌م دۆخه‌ش ڕاسته‌.

شه‌شه‌م: پێویسته‌ له‌ كاتى ته‌وقه‌كردندا مه‌وداو سنورى یه‌كتر نه‌به‌زێندرێت، پێویست ناكات سنورى گه‌رمى به‌رامبه‌ر ببه‌زێندرێت و تا ئاستێكى زۆر له‌ به‌رامبه‌ر نزیك بیته‌وه‌ ته‌نیا له‌ حاڵه‌تێكدا نه‌بێت ئه‌و كه‌سه‌ى چویته‌ سه‌ردانى یان هاتۆته‌ سه‌ردانت هاوڕێیه‌تى و په‌یوه‌ندیه‌كى توند وتۆڵ له‌ نێوانتاندا هه‌بێت.

حه‌وته‌م: پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ى به‌ ئه‌و كه‌سه‌ى چاوه‌ڕوانته‌ یان چاوه‌ڕوانى ده‌كه‌یت پێویسته‌ خۆت یه‌كلاى كردبێته‌وه‌ كه‌ چ جۆره‌ ته‌وقه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ده‌كه‌یت و یان چۆن وه‌ڵامى ته‌وقه‌كردنه‌كه‌ى ده‌ده‌یته‌وه‌ له‌ حاڵه‌تێكدا كه‌ هه‌ستت كرد له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندى خۆیدا ئه‌م پرۆسه‌یه‌ ڕێكده‌خات .

هه‌شته‌م: ئه‌گه‌ر زانرا به‌رامبه‌ر ساردووسڕه‌ یان ترسى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ ڕه‌تى ته‌وقه‌كردن بكاته‌وه‌ باشتره‌ خۆ به‌ دوربگیرێت له‌م حاڵه‌ته‌، باشترین ئاماده‌سازیش بۆ ئه‌م دۆخه‌ چاوه‌ڕوان كردنى به‌رامبه‌ره‌ بۆ ده‌ستپێشخه‌رى ، به‌ تایبه‌ت گه‌ر ڕه‌گه‌زى پێچه‌وانه‌ى هه‌بوو. 

 

343021472016_s9.PNG


نۆیه‌م: له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا زه‌روره‌ نوێنه‌رى سیاسى ده‌وڵه‌ت په‌یوه‌ندى خۆى و ده‌وڵه‌تى به‌رامبه‌ر له‌به‌ر چاوبگرێت ئینجا بڕیارى ته‌قه‌كردن یان بڕیارى جۆریه‌تى و چۆنیه‌تى ته‌وقه‌كردن بدات.

ده‌یه‌م: مه‌رج نیه‌ وا بیربكرێته‌وه‌ كه‌ كه‌سێتیه‌كى سیاسى یان نوێنه‌رێكى سیاسى له‌كاتێكدا خودان ده‌وڵه‌تێكى بچوكه‌ له‌ ڕووى سه‌رجه‌م فاكته‌ره‌كانى هێز و ئابورى و ڕووبه‌ر و سیاسى  و ته‌كنه‌لۆجى ، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ ده‌بێت ئه‌ویش به‌ بچوكى ده‌ربكه‌وێت به‌ڵكو شاره‌زایى ئه‌و له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌ ته‌وقه‌كردنێك یان هه‌ر ئاماژه‌یه‌كى تر گه‌وره‌یى به‌هێزى خۆى بسه‌لمێنیت، زۆر جار ئه‌م حاڵه‌تانه‌ ڕوویداوه‌ باشترین نمونه‌ ده‌ركه‌وتنى ئۆباما و كه‌سێتیه‌كى سیاسى ده‌وڵه‌تى سعودییه‌ بوو دواى ته‌واوبوونى كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌مه‌ڕ پرسى نه‌وتى كه‌نداو كه‌سێتیه‌ سیاسیه‌ سعودیه‌كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى زاڵ ته‌وقه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ ئۆباما كرد  و ئۆباما له‌م شێوازه‌دا به‌ بچووكى ده‌ركه‌وت، یان جوانتره‌ وه‌ك دۆڕاو و یان كه‌م به‌رژه‌وه‌ندى كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌ركه‌ووت، هه‌ر چه‌نده‌ له‌ واقیعدا ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى ئۆبامه‌ (100) هێنده‌ى سعودیه‌ به‌هێتر و كاریگه‌رتره‌ له‌ سه‌ر ڕووبه‌رى سیسته‌مى سیاسى جیهان.  

 

523121472016_s10.PNG

 یانزه‌یه‌م:له‌ كاتى سه‌رداندا، پیاو دێته‌ پێشه‌وه‌ بۆ لاى ئافره‌ت ، ئافره‌ت نایه‌ت بۆ لاى پیاو، ته‌نیا له‌ كاتى پێشوازى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌تدا نه‌بێت، كه‌ پێویسته‌ ئافره‌ت و پیاو بچن بۆ لاى له‌ كاتێكدا ئه‌و وه‌ستاوه‌ یان دانیشتوه‌، گونجاو نیییه‌ ئافره‌ت ده‌ست به‌رێت بۆ ته‌وقه‌كردن له‌گه‌ڵ پیاودا ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا كه‌ كلتور و دابو نه‌ریتى ده‌وڵه‌تى به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ به‌ ڕێگه‌ پێدراو دانه‌نێت. 


گرنگى ته‌وقه‌كردن له‌ لاى كه‌سێتیه‌ سیاسه‌كان

یه‌كه‌م: وه‌ك موجامه‌له‌یه‌كى گه‌رم خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌كرێت له‌ چوارچێوه‌ى په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسى و سیاسیه‌كانیشدا، له‌ حاڵه‌تى نه‌كردنى یان ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ته‌وقه‌كردنیش ڕه‌نگه‌ كاریگه‌رى هاومامه‌ڵه‌یى دروست بكات.

دووه‌م: سه‌لمێنه‌رى كه‌سێتى به‌رزه‌ و ده‌بێته‌ ڕه‌فتارێكى ئه‌رێنى به‌ نیسبه‌ت كه‌سایه‌تى كه‌سى ده‌ستپێشخه‌ره‌وه‌.

سێهه‌م: دوپاتكردنه‌وه‌ى ڕێز و خۆشه‌ویستیه‌ و هۆكارێكه‌ بۆ دروستكردنى متمانه‌ و نیاز پاكى له‌ پێش هه‌ر دانیشت  و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌یه‌كى سیاسیدا.

چواره‌م: ڕه‌نگه‌ له‌یه‌كتر نزیك بوونه‌وه‌ و ته‌وقه‌كردنى سه‌ركرده‌كان له‌ دواى جه‌نگێكى ده‌رونى یان جه‌نگێكى خوێناوى و گرفت ئامێز باشترین میكانیزم بێت بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ و دووباره‌ دۆستایه‌تى كردن باشترین نمونه‌ش ته‌وقه‌كردنى نێوان ( جه‌لال تاڵه‌بانى و مه‌سعودبارزانى) بوو له‌ (7/ ئه‌یلولى/1998) دواى جه‌نگى ناوخۆ و ئاشتوونه‌وه‌یان له‌ واشنتۆن.  

 

363221472016_s11.PNG

پێنجه‌م: زۆر جار مه‌به‌ست گه‌لێك هه‌ن به‌ده‌م ناوترێن یان بۆ وتن ناشێن ، بۆیه‌ له‌ ڕێگه‌ى ته‌وقه‌كردنێكه‌وه‌ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌گه‌یه‌ندرێت له‌ نمونه‌ى ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ش ڕازى بوونه‌ به‌ دۆڕان یان ملكه‌چى و پاشكۆبوون له‌گه‌ڵ كه‌سى به‌رامبه‌ردا.شه‌شه‌م: ده‌رخه‌رى په‌یوه‌ندى نێوان ئه‌و كه‌سێتیه‌ سیاسیانه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كترى ته‌وقه‌ ده‌كه‌ن، له‌ ڕێگه‌ى شێوازى ته‌وقه‌كردنیانه‌وه‌ ده‌توانین حوكم له‌ سه‌ر باشى و خراپى په‌یوه‌ندى وڵاته‌كانیان یان په‌یوه‌ندى شه‌خسیان بده‌ین، باشترین نمونه‌ ته‌وقه‌كردنى نێوان سه‌رۆكى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران و ئه‌مریكایه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى (جنێف) له‌ مه‌ڕ پرسى چه‌كى ئه‌تۆمى ئێران ئاشكرایه‌ زۆرینه‌ى ته‌وقه‌كان له‌ شێوازى هاریكارى و  به‌ره‌و ئاسایى بوونه‌وه‌ دۆخه‌كه‌ ده‌چوون. حه‌وته‌م: ته‌قه‌كردن ته‌نیا لایه‌نى ئه‌رێنى نیه‌ به‌ڵكو ده‌كرێت بۆ مه‌به‌ستى دوژمنكارى یان ده‌مارگیرى و خۆپه‌رستى و زاڵده‌ستى كه‌ڵكى لێوه‌ربگیرێت كه‌ له‌ به‌شى نۆیه‌مدا باشتر شێوازه‌كانى ته‌وقه‌كردن ڕوونده‌كه‌مه‌وه‌. 

 

353321472016_s12.PNG

ڕێكاره‌كانى ته‌وقه‌كردن له‌ كاتى دانیشتندا

زۆرجار سه‌ركرده‌ سیاسیه‌كان له‌ كاتى دانیشتندا  له‌گه‌ڵ یه‌كتر ته‌وقه‌ده‌كه‌ن ،  پێویسته‌ له‌م كاته‌دا ئاماده‌ باشیه‌كان بیریان لیبكرێته‌وه‌ و  جوڵه‌ و ڕه‌فتارى به‌رامبه‌ر و زمانى جه‌سته‌ى به‌گشتى سودى لێببینرێت هه‌تا جۆریه‌تى زمانى جه‌سته‌ى خۆى له‌سه‌ر بنیات بنێت ، له‌به‌رده‌م كامێرادا پێویسته‌ سه‌یرى كامێرا بكات، ئه‌گه‌ر به‌رامبه‌ر سه‌یرى كرد و ڕوانینه‌كانى ئاراسته‌ى كرد پێویسته‌ ئه‌ویش وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌بێت و به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌ و بزه‌یه‌كى نه‌رم و ڕاگرتنى سه‌ر به‌ به‌رزى وه‌ڵامى به‌رامبه‌ر بداته‌وه‌، پێویسته‌ قاچه‌كان له‌ ته‌نیشت یه‌كتر دابنرێن و زۆر بڵاو نه‌كرێن تا ڕووكارێكى شپرزه‌ نه‌به‌خشن به‌ كه‌سه‌كه‌، سوڕاندنى قاچیش ڕووه‌ و قاچى به‌رامبه‌ر یان سوڕاندنى جه‌سته‌ بۆ نیشاندانى هاوڕایى و وه‌رگرتنى په‌یوه‌ندیه‌كه‌ به‌ گه‌رموگوڕى گه‌لێك پێویستن، به‌ڵام پێویسته‌ سه‌ركرده‌ى سیاسى پێش ته‌وقه‌كردن بیرى له‌و جۆره‌ ته‌وقه‌یه‌ كردبێته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ره‌كه‌ى ئه‌نجامى بدات و به‌ شێوه‌ى هاوسه‌نگ و له‌سه‌ر خۆ و بێ شڵه‌ژان پرۆسه‌كه‌ به‌رێت به‌ ڕێوه‌. 

293521472016_s13.PNG

  ڕێكاره‌كانى ته‌وقه‌كردن له‌ كاتى به‌ پێوه‌ وه‌ستاندا

باشترین جۆرى ته‌وقه‌ كردن له‌ كاتى وه‌ستاندا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ شێوه‌یه‌كى زاڵ و سه‌ركه‌وتوانه‌ ده‌ربكه‌ویت پێویسته‌ ڕاهێنان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌ قاچى چه‌پ ڕووبه‌ڕووى به‌رامبه‌ره‌كه‌ت ببیته‌وه‌، پاشان به‌ قاچى ڕاست به‌ ره‌و  پێشه‌وه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گیرێت و كه‌سه‌كه‌ به‌ بزه‌ و ڕووخۆشیه‌وه‌ ده‌چێته‌ ناوچه‌ى سنورى كه‌سێتى به‌رامبه‌ر، ئه‌و جۆرى ته‌وقه‌یه‌ى كه‌ مه‌به‌ستیه‌تى له‌گه‌ڵ به‌رامبه‌ر بیكات به‌ ئه‌نجامى ده‌گه‌یه‌نێـت ، ئه‌م ڕێكاره‌ واتا پێشخستنى قاچى چه‌پ پێش قاچى ڕاست و ڕاوه‌شاندنى ده‌ستى كه‌سى به‌رامبه‌ر و بزه‌یه‌كى دروستكراو وا ده‌كات به‌رامبه‌ر بكه‌یته‌ كه‌سێكى گوێڕایه‌ڵ و ڕێگا بگریت له‌ زاڵده‌ستى و هێزى به‌رامبه‌ر ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌به‌سته‌ى هه‌بێت، ئه‌گه‌ر هاوكێشه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بكرێته‌وه‌ و قاچى ڕاست پێشبخرێت له‌ كاتێكدا زۆربه‌ى مرۆڤه‌كان ڕاسته‌ن، بۆیه‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌بینین توشى حاڵه‌تێكى خراپ ده‌بن و له‌ ئه‌نجام گه‌یاندنى ته‌وقه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوودا شكست ده‌هێنن، ئه‌م شێوازه‌ زیاتر ئه‌و كه‌سێته‌یه‌ سیاسیانه‌ په‌یڕه‌وى لێده‌كه‌ن كه‌ بنه‌ماكانى ئایبنى ئیسلام و سونه‌ت به‌سه‌ریاندا زاڵه‌ كه‌ له‌ كاتى چوونه‌ ناو هۆڵێكه‌وه‌ یان كۆڕێكى كۆبوونه‌وه‌ قاچى ڕاستیان پێشده‌خه‌ن ئه‌گه‌ر له‌م كاته‌دا توشى هاوڕێیه‌كى سیاسه‌تمه‌دار هاتن  ترسى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ توشى شڵه‌ژان بن هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م حاڵه‌ته‌ ڕه‌نگه‌ ده‌گمه‌ن بێت.  

 

 

تێبینى: نوسینى ناوى خۆم له‌سه‌ر وێنه‌كان ته‌نیا وه‌ك به‌ربه‌ستێكه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى وێنه‌كانم به‌كار ده‌هێنن به‌بێ ئه‌وه‌ى ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌كه‌ بده‌ن بێ ماندوو بوون خۆیان ده‌كه‌ن به‌ خاوه‌نى وێنه‌كان چه‌ند جار ئه‌م حاڵه‌ته‌م بینیوه‌ ، هیوادارم ئاماژه‌ به‌سه‌ر چاوه‌كان بدرێت له‌گه‌ڵ رێزم.هاوكار ڕه‌فیق ڕه‌حمان 

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure