هاوکار رەفیق رەحمان
145 جار بینراوە 25/5/2016 06:53 PM

گرنگى زمانى جه‌سته‌ى سیاسیه‌كان له‌ ناو بازنه‌ى سیاسه‌تى ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا .. به‌شى سێهه‌م



به‌ حوكمى ئه‌وه‌ى سیاسیه‌كان زیاتر له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانى دیكه‌ى كۆمه‌ڵگا چاوگێڕیان له‌سه‌ره‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى به‌رنامه‌ى به‌ڕێوه‌بردنى ده‌وڵه‌تدارى و حكومه‌تدارى له‌ بیرۆكه‌ و ئه‌جێنداى ئه‌وانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، له‌به‌ر ئه‌مه‌ پێویسته‌ ئاستى ده‌ركه‌وتنى سیاسیه‌كان له‌سه‌ر هه‌ردوو  بوارى ناوخۆ و ده‌ره‌كیدا وه‌ك دوو ژینگه‌ى جیاوازى سیاسه‌تكردن و مامه‌ڵه‌كردن بخه‌ینه‌ ڕوو. 

 

4038152552016_ho1.PNG


یه‌كه‌م: زمانى جه‌سته‌ى سیاسیه‌كان له‌ ناوخۆى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى خۆیاندا:

ڕوونه‌ سیاسه‌تمه‌داران له‌ ناوخۆى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى خۆیاندا كه‌متر ئاماده‌سازى و خۆ به‌ڕێوه‌ به‌رى ده‌كه‌ن  زمانى جه‌ستیه‌یاندا ، به‌تایبه‌تى ئه‌گه‌ر كاتێك  دڵنیا بن له‌وه‌ى له‌  ناوه‌نده‌ بینراوه‌كانى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ وێنه‌یان هه‌ڵناگیرێ و ناخرێنه‌ ژێر وردبینى و چاوى كامێرا و شاره‌زایانى بوارى زمانى جه‌سته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر زانیان وێنه‌ گیرى و فۆكسیان خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وا هه‌وڵده‌ده‌ن وه‌ڵام ده‌ره‌و و خۆگونجاندنیان هه‌بێت بۆ ئه‌و دۆخه‌ى تێیكه‌وتوون و جموجۆڵ و ئاماژه‌كانیان به‌ره‌و جڵه‌وگیرى و كۆنتڕۆڵى بارودۆخه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ، وا پیشانى ده‌ده‌ن هه‌ر ئاماژه‌یه‌كیان قسه‌یه‌كه‌ و هه‌ر قسه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یان هاوڕایه‌، به‌ تایبه‌تى له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌كانیاندا له‌گه‌ڵ چاوى كامێراكان و ده‌ركه‌وتنیان له‌ كۆنفرانس و سیمینار و كۆبوونه‌وه‌ و سه‌ردان و دیبه‌یت و به‌رنامه‌ ته‌له‌ فیزیۆنیه‌كان .... هتد.  به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرین كه‌ سیسته‌مى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و كلتورى و ئاینى هه‌ر ده‌وڵه‌تێك بۆ ده‌وڵه‌تێكى دیكه‌ جیاوازه‌، جۆریه‌تى و جیاوازى كلتور و مێژوو و بیركدنه‌وه‌ى تاكه‌كان و ئاستى وشیارى گشتى، كاریگه‌رى ده‌بێت له‌ ده‌ستنیشانكردنى جۆریه‌تى زمانى جه‌سته‌ى ئه‌و وڵاته‌ ، كه‌ به‌ به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكى تر و ژینگه‌یه‌كى تر جیاوازى زۆرى ده‌بێت، بۆنمونه‌ له‌ ده‌وڵه‌تانى ڕۆژ هه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى پیاو له‌گه‌ڵ ئافره‌تدا به‌ حوكمى په‌یڕوكردنى به‌رنامه‌ى دینى و كلتورى جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى ڕۆژ ئاوا، یان چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌كردنى كه‌سه‌كان به‌گشتى  جیاوازه‌ بۆ نمونه‌ له‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا یان له‌ به‌ریتانیا گه‌ر كه‌سێكى (ڕۆژنامه‌ڤان) به‌رامبه‌ر سه‌رۆكى ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته‌ قاچ بخاته‌ سه‌ر قاچى لێكدانه‌وه‌ى نه‌رێنى بۆ ناكرێت، چونكه‌ ئه‌م ئاماژه‌یه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ڕۆژ ئاوادا به‌ ماناى كراوه‌یى دێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌ ( سعودییه‌ یان له‌ ئێران یان له‌ میسر) به‌رامبه‌ر سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت قاچ بخه‌ینه‌ سه‌رقاچ لێكدانه‌وه‌ى بێرێزى و شكاندنى حورمه‌تى به‌رامبه‌رى بۆ ده‌كرێت.    باسكردنى ئه‌م نمونه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ بوو تا وا نه‌زانین ئاماژه‌كانى زمانى جه‌سته‌ جیهانین و كلتور و دین و پێكهاته‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى ...هه‌تد، رۆڵ نابینێت له‌ ئاراسته‌كردن و نه‌خشاندنیاندا، باشترین كات كه‌ سیاسیه‌كان له‌ سه‌رئاستى ناوخۆ گرنگى به‌ده‌ركه‌تنه‌كانى زمانى جه‌سته‌ و په‌یامه‌كانى جه‌سته‌یان ده‌ده‌ن بریتین له‌ دوو كاتى گرنگ ،  به‌ تایبه‌تى له‌ ناوخۆى ده‌وڵه‌ته‌ پێشكه‌وتوو وشیار و به‌ ئاگاكاندا.ئه‌وانیش بریتین له‌  

أ:  سه‌روبه‌ندى بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردنباشترین كاته‌ كه‌ سیاسیه‌كان پێداچوونه‌وه‌ى ورد به‌ وتار و ده‌ربڕین و جوڵه‌كانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌م جه‌ماوه‌ردا، تێكۆشان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك كه‌سانێكى میهره‌بان و خاوه‌ن هه‌ست و سۆزى پڕ له‌ خۆشه‌ویستیه‌وه‌ ده‌ربكه‌ن، به‌ موجامه‌له‌ و تێكه‌ڵاویى و ڕه‌فتاره‌ جه‌سته‌ییه‌كانیان خۆیان یه‌كسان ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ پێكهاته‌كانى خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگا، بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگیان مسۆگه‌ر بكه‌ن، ئه‌گه‌ر سروشتى دواكه‌وتووى سیاسى وڵاتانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست كه‌متر گرنگى دانى تێدا بێت له‌م بواره‌دا ، ئه‌وا ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا و ڕۆژئاوادا گرنگى دان به‌م بابه‌ته‌ زۆر زیاتره‌ ، بۆنمونه‌ (ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا) له‌ گرنگى دان به‌م وباره‌دا به‌ پێشه‌نگ داده‌نرێت به‌ تایبه‌تى له‌ سه‌روبه‌ندى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ، توێژه‌رانى سه‌ر به‌ ڕێبازى زمانى جه‌سته‌ى ئه‌مریكا پێیان وایه‌ ئه‌و كاندیده‌ براوه‌یه‌ كه‌ باشترین مامۆستایه‌ له‌ نمایشكردنى نیشانه‌كانى جه‌سته‌یدا، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش توێژه‌رانى سه‌ر به‌ ڕێبازى زمانى جه‌سته‌ له‌ ئه‌مریكا هوڵه‌كانیان چڕده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ى زمانى جه‌سته‌ى كاندیده‌ ئه‌مریكیه‌كان له‌ كاتى بانگه‌شه‌كانى هه‌ڵبژاردندا ، له‌ ڕابردووشدا قسه‌یان له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانى 2004 و 2008ى وڵاته‌كه‌یانكردووه‌ ، بردنه‌وه‌ى (جۆرج ده‌بلو بۆش له‌ به‌رامبه‌ر جۆن كیرى له‌ 2004 و بردنه‌وه‌ى ئۆباما له‌ به‌رامبه‌ر میت ڕۆمنى له‌ 2008 دووباره‌ سه‌ركه‌وتنى به‌سه‌ر جۆن مه‌كیندا له‌ 3012)  چانسى سه‌ركه‌وتنى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ش له‌ دووخولى سه‌رۆكایه‌تیدا  ده‌گه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ هه‌بوونى به‌هره‌ و تواناى خۆگونجان و تێكه‌ڵاوبوونی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر و هاوڵاتیه‌ ده‌نگده‌ره‌كانى، له‌ ئیستاشدا خوێندنه‌وه‌ى زمانى جه‌سته‌ى كاندیده‌كانى سه‌ۆكایه‌تى ئه‌مریكا پرسێكى گرنگه‌(كه‌ دواتر به‌ به‌شێكى تایبه‌ت قسه‌ له‌سه‌ر ڕۆڵى زمانى جه‌سته‌ ده‌كه‌م له‌ كاندیده‌كانى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا له‌ 2004 وه‌  تا ئیستا).

 ب: پێشوازى كردن له‌ نوێنه‌ره‌ دبلۆماسیه‌كانى ده‌وڵه‌تانى تر له‌ ناوخۆدائه‌مه‌ش ئه‌و كاته‌یه‌ كه‌ دیسانه‌وه‌ سیاسیه‌كان له‌ ناوخۆدا ئاماده‌ سازى جه‌سته‌ى ده‌كه‌ن ، بۆ پێشوازى كردن له‌ ئه‌و وه‌فد و نوێنه‌ره‌ دبلۆماسیانه‌ى دێنه‌ سه‌ردانیان جا ئه‌و نوێنه‌رایه‌تیه‌ له‌سه‌ر ئاستى سه‌رۆكى ده‌وڵه‌ت بێت یان له‌سه‌ر ئاستى و وه‌زیرى حكومه‌ت بێت یان هه‌ر نوێنه‌رێكى فه‌رمى ده‌وڵه‌ت بێت، له‌گه‌ڵ له‌ به‌ر چاوگرتنى ڕیكاره‌ دبلۆماسى و ئه‌ته‌كیه‌تى وموجامه‌له‌ییه‌كان له‌ پاڵ زمانى جه‌سته‌ كه‌ گرنگى دانى زیاتر به‌م ڕێكارانه‌  یارمه‌تى ده‌ر ده‌بن له‌ باشتر نیشاندان و ده‌ركه‌وتنى زمانێكى جه‌سته‌ى سه‌ركه‌وتوو، هه‌ر بۆیه‌ ئاماژه‌ نه‌رێنیه‌كانى جه‌سته‌ى كه‌سى پێشوازى كه‌ر ، به‌واتاى ساردوسڕى له‌ به‌خێرهاتن و بێڕێزى به‌رامبه‌ر لێك ده‌درێته‌وه‌، یان هه‌ر ئاماژه‌یه‌ك كه‌ واتاى هێز و هه‌ڕه‌شه‌ و بێزارى و زاڵده‌ستى له‌ خۆى بگرێت،یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌نیشانه‌كانى زمانى جه‌سته‌ ده‌بنه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ زانینى هه‌ستى دڵخۆشى به‌رامبه‌ر له‌ هاتنى نوێنه‌رى ده‌وڵه‌تى بیانیدا، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌ر چاو بگرین كه‌ هه‌موو كات  چۆنیه‌تى باش و خراپى  زمانى جه‌سته‌ جۆر  و ئاستى  په‌یوه‌ندى ده‌وڵه‌تان له‌گه‌ڵ یه‌كتر دیارى ده‌كات،بۆ نمونه‌ سه‌ردانى كردنى ده‌یڤید كامیرۆنى سه‌رۆك وه‌زیرانى به‌ریتانیا بۆ كۆشكى سپى ئه‌مریكا جیاوازتره‌ له‌ سه‌ردانى پۆتین سه‌رۆك كۆماى ڕوسیا له‌ زمانى جه‌سته‌ى ئۆباماوه‌ نیشانه‌كانى هێز و گه‌وره‌ى ده‌بینین كه‌ به‌رامبه‌ر پۆتین ده‌ریان ده‌بڕێت به‌ پێچه‌وانه‌ى مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵ كامیرۆن كه‌ زیاتر له‌ مامه‌ڵه‌ى دووكه‌سى هاوڕێ و دڵسۆزى یه‌كتر ده‌چێت.

2140152552016_ho2.PNG


دووه‌م زمانى جه‌سته‌ى سیاسیه‌كان له‌ سه‌ر ئاستى ده‌ره‌وه‌ى ده‌وڵه‌ته‌كانیان:

هه‌روه‌ك ده‌زانین سیاسه‌تكردن ته‌نیا له‌سه‌ر ئاستى ناوخۆى ده‌وڵه‌ت ڕه‌نگدانه‌وه‌ى نابێت به‌ڵكو كشان بۆ ده‌ره‌وه‌ى سنوره‌كانى ده‌وڵه‌تیش جۆرێكى دیكه‌ى سه‌ره‌كى سیاسه‌تكردنه‌،هیچ ده‌وڵه‌تێكیش ناتوانێت خۆى گۆشه‌گیرى و دابڕاو بكات له‌و گه‌مه‌ و ململانێ یانه‌ى له‌ناو هێڵه‌ ئاڵۆزه‌كانى سیسته‌م و پێكهاته‌ى نێوده‌وڵه‌تیدا ده‌گوزه‌رێت،هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش فراوانترین ڕووبه‌ر بۆ پراكتیزه‌كردن و ئاماده‌سازى زمانى جه‌سته‌ ئه‌م بواره‌ى سیاسه‌تكردنه‌، چونكه‌ كۆنفرانس و دانوستان و سه‌ردانیكردن و كاركردن له‌ ناو ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌ته‌ییه‌كان و جوڵه‌و سیاسه‌تكردن له‌ ناو بازنه‌ى په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسى و كونسوڵیه‌كان و به‌شدارى كردن له‌ ڕێكه‌وتنه‌ سیاسى و ئابوری و سه‌ربازییه‌ دولایه‌نى و فره‌لایه‌نیه‌كان و هه‌ر چالاكیه‌كى ترى ده‌ره‌وه‌ى سنورى ده‌وڵه‌ت له‌ ناو بازنه‌ى سیاسه‌تى ده‌روه‌دا په‌نگ ده‌خواته‌وه‌.له‌م پێناوه‌شدا  نوێنه‌رى   سه‌ركه‌وتووى ده‌وڵه‌ت ئه‌و  نوێنه‌ره‌یه‌ كه‌ جوڵه‌ جه‌سته‌ییه‌كانى به‌ زیره‌كى و وریای و خاوه‌ن تێبینى ورده‌وه‌ نمایش ده‌كات، به‌جۆرێك ڕه‌فتار ده‌كات كه‌ هه‌ر ئاماژه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتنێك و بێت و هه‌ر سه‌ركه‌وتنێكیش كه‌ نه‌توانێت به‌ قسه‌و ده‌ربڕین بیلێت پێویسته‌ به‌ ئاماژه‌ و نیشانه‌كانى جه‌سته‌ى پرۆسه‌ى سه‌لماندنى بۆ بخاته‌ گه‌ڕ، یاخود زۆرجاران كه‌مى كات و نه‌بوونى كات ڕێگه‌ نادا پرۆسه‌ى په‌یوه‌ندى كردن به‌ شێوه‌ى زاره‌كى ته‌واو بكرێت، بۆیه‌ ئه‌ركى زمانى جه‌سته‌یه‌ په‌یامه‌ ته‌واو نه‌كراوه‌كانى بگه‌یه‌نێت و له‌ برى زمان قسه‌ بكات. له‌به‌ر ئه‌مه‌ پێویستیه‌كى گرنگه‌ ئه‌ركى زمانى جه‌سته‌ له‌ ناو بازنه‌ى په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسیه‌كاندا بخه‌ینه‌ ڕوو. 

 

3051152552016_mo3.PNG

ئه‌ركى زمانى جه‌سته‌ له‌ناو بازنه‌ى په‌یوه‌نییه‌ دبلۆماسیه‌كاندا:

دبلۆماسیه‌ت له‌ ساده‌ترین واتایدا بریتیه‌ له‌ هه‌ڵگرتنى ناسینه‌ى هونه‌ر و زانست له‌ كه‌سێتى دبلۆماتدا، تا به‌ شێوه‌یه‌كى كارا وه‌گه‌ڕى بخات بۆ نوێنه‌رایه‌تى كردنى هه‌ڵویست و نیازه‌كانى ده‌وڵه‌ته‌كه‌ى له‌ په‌یوه‌نیده‌ ده‌ره‌كیه‌كاندا له‌گه‌ڵ یه‌كه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانى دیكه‌دا به‌ پێى ئه‌و به‌رژه‌وه‌نیده‌ى خۆى ده‌یه‌وێت، هه‌ر بۆیه‌ گومان له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ نوێنه‌ره‌ دبلۆماسیه‌كانى هه‌رده‌وڵه‌تێك له‌ چوارچێوه‌ى كارى وه‌زیفیاندا له‌ ڕێوشوێنه‌كانى یاساى نێوده‌وڵه‌تى خۆیان بدزنه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستى نێوده‌وڵه‌تى كۆمه‌ڵێك كۆمه‌ڵێك یاساى نوسرا و عورفى هه‌ن ، كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌ر ئاستى ده‌ره‌كى له‌ لایه‌ن نوێنه‌ره‌ دبلۆماسیه‌كانى ده‌وڵه‌تانه‌  ڕێزیان بگیرێت و سنور شكێنیان نه‌كرێت، خاڵێكى دیكه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌وه‌یه‌ ده‌بێت بزانین ئاماژه‌كانى جه‌سته‌ى مرۆڤه‌كان له‌ هه‌موو ده‌وڵه‌تێك هه‌مان ده‌لالات و لێكدانه‌وه‌یان نیه‌، بۆ نمونه‌ به‌رز كردنه‌وه‌ى دووپه‌نجه‌ى ته‌نیشت په‌نجه‌ گه‌وره‌ له‌ زۆر شوێن به‌ واتاى سه‌ركه‌وتن دێت له‌ زۆر ده‌وڵه‌ت لیكدانه‌وه‌یه‌كى خراپ و سه‌رزه‌نشتكارى بۆ ده‌كرێت و له‌ هه‌ندێ جیگاى تر به‌واتاى بێ ڕه‌وشتى  و كه‌مى ئاستى كه‌سێتى  ته‌فسیرى بۆ ده‌كرێت، باشترین چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى نوێنه‌رێكى دبلۆماسى دوچارى هه‌ڵه‌ به‌كار هێنان و هه‌ڵه‌ تێكه‌یشتن نه‌بێت له‌ زمانى جه‌سته‌ى خۆى یان له‌ زمانى جه‌سته‌ى تاكه‌كانى ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ى بۆى ده‌چێت، شاره‌زابوونبه‌تى له‌ دابونه‌ریت و ئاین و كلتور و ئاستى وشیاى گشتى تاكه‌كان وله‌ به‌ر چاوگرتنى شوێنه‌ فه‌رمى و نافه‌رمیه‌كان ئاستى پله‌ى ئه‌و سیاسه‌ى ڕووبه‌ڕووى ده‌بێته‌وه‌، له‌ گه‌ڵ ئاشنابوون و زانیى ڕێسا گشته‌یه‌ نه‌گۆڕه‌كانى دبلۆماسیه‌ت و ڕێساكانى سه‌ردانى كردن و پیَِشبه‌ندى و موجامه‌له‌ و ئه‌ته‌كیه‌تى به‌رز و ئسوبى پێشوازى كردن و چۆنیه‌تى مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زى جیاوازتر له‌ خۆى ... هتد چونكه‌ ئاشنا بوونى به‌ كۆى ئه‌م ورده‌كاریانه‌ یارمه‌تى زۆرى ده‌دات له‌ پیشاندانى زمانێكى جه‌سته‌ى سه‌ركه‌وتوو و كه‌متر دووچارى هه‌ڵه‌ ده‌بێت ، بۆ نمونه‌ هه‌موو نوێنه‌رێكى دبلۆماسى ئافره‌ت كاتێك سه‌ردانى ئێران ده‌كات ده‌بێت له‌وه‌ تێبگات كه‌ ده‌ست بردن بۆ (ته‌وقه‌كردن) له‌گه‌ڵ سیاسیه‌كانى ده‌وڵه‌تى ئێران ڕه‌تكردنه‌وه‌ به‌ دواى خۆیدا ده‌هێنیت هه‌ر وه‌ك چۆن له‌ ڕابروودا چه‌ندین حاڵه‌تى له‌م شێوه‌یه‌مان بینیوه‌، به‌ڵام ده‌كرێت به‌ نیسبه‌ت ده‌وڵه‌تێكى تره‌وه‌ (ته‌وقه‌كردن) له‌گه‌ڵ ئافره‌ت كلتور بیت و مه‌سه‌له‌یه‌كى ئاسایى بێت، به‌ تایبه‌تى له‌ ده‌وڵه‌تانى ڕۆژئاوا.    كه‌واته‌ له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌كى پێویسته‌ زمانى جه‌سته‌مان ئاماژه‌ گه‌لى ڕێزدارانه‌ و شكۆمه‌ندانه‌ له‌ خۆى بگرێت، به‌ ئاراسته‌ى دروستكردنى هاوڕێیه‌تى و پشتگیرى ڕابهێندرێت، پێویسته‌ زمانى جه‌سته‌ى سیاسیه‌كان له‌سه‌ر ئاستى ده‌ره‌كى هیچ ڕووكه‌شێكى دوژمنكارى و باڵاده‌ستى پێوه‌ دیار نه‌بێت گرنگ نیه‌ له‌ ناخه‌وه‌ هه‌ر چۆنێك بێت گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ڕِووكه‌ش میهره‌بان ده‌ربكه‌وێت ، چونكه‌ زمانى جه‌سته‌ هه‌میشه‌ نوێنه‌رایه‌تى ناخ و ویستى مرۆڤ ده‌كات، ته‌نانه‌ت پێویسته‌ له‌ كاتى خراپى په‌یوه‌ندى نێوان ده‌وڵ‌تانیش نوێنه‌راكانیان زمانى جه‌سته‌یان خراپ پیشان نه‌ده‌ن و نیشانه‌كانى جه‌نگ و پێكدادان و هه‌ڕه‌شه‌یان لێدابماڵن.

 

 

 

زۆرترین خوێندراوە

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure