یه‌كێتی و گۆڕان
893 جار بینراوە 11/5/2016 01:13 PM

سنور میدیا ده‌قی پڕۆژه‌ی ڕێككه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان بڵاو ده‌كاته‌وه‌



سنور میدیا _ تایبه‌ت

له‌ئیستا هه‌ریه‌ك له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێـی نیشتمانی له‌ ڕێككه‌وتنی نزیك بوونه‌ته‌وه‌ ، و دوێنێش جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌و ڕێككه‌وتنه‌ ڕازی بوو .

دەقی پرۆژەی یەکگرتنەوەی یەکێتی و گۆڕان

بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دوو ھێزی کاریگەرن لە گۆڕەپانی سیاسی لە کوردستان، جۆری پەیوەندی و دوورو نزیکی ئەم دوو ھیزە لە یەکتری کاریگەری لەسەر شێوازی حوکمڕانی و پرۆسەی سیاسی لە کوردستانی عێراق دروست دەکات، ھەر بۆۆیە ھاوھەڵوێستی ئەم دوو لایەنەیە، لەسەر ھەر مەسەلەیەکی چارەنوسساز زەمانەتی ئەم مەسەلەیە دەبێت لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و دابین کردنی دواڕۆژێکی گەش بۆ نەوەکانی داھاتوو. بزووتنەوەی گۆڕان ڕێکخستن و گەشەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کووردستان بە قازانجی خەڵکی کوردستان دەزانێت.


بە ڕای ئێمە ڕێکەوتنی سیایس ھەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەری کێشە ئاڵۆزەکانی کوردستان. ڕادەی کاریگەری ڕێکەوتنی سیاسی نێوان گۆڕان و یەکێتیش لەسەر ھەموو مەسەلەکان بە شیواز و ئاستی ئەو ڕێکەوتنە بەستراوەتەوە.دەکرێ ئەم ڕێکەوتنە دۆستاایەتی و ھەماھەنگی یاخود دروست کردنی بەرەیەک بێت کە ھەردوولامان کۆبکاتەوە تا ئاستی یەکگرتن.


بنەماکانی ڕێکەوتن: ئەمانەی خوارەوە ئەو بنەمایانەن کە پێمان وایە دەکرێ ببنە بنچینەیەکی باش بۆ کارکردنی ھاوبەش:


١- ڕیکەوتنی دەباشانی ساڵی ٢٠١٢، کە لە کۆبوونەوەی ھەردوولاو بەڕێزان مام جەلال و کاک نەوشیروان کراو سیستەمی پەرلەمانی تێدا پەسەند کرا


٢- پڕۆژە پێنج قۆڵییەکەی گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوەی ئیسلامی بۆ ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم لە پەرلەمانی کوردستان بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی ھەرێم و گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی و بۆ سیستەمی پەرلەمانی.


٣- پابەند بوونی ھەردوولا لەسەر نووسینەویە دەستورێکی پێشکەوتوو و مەدەنی سەردەمیانە، کە سیستەمی پەرلەمانی و دیموکراسی و سەروەری یاساو جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و دەستاو دەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات و لامەرکەزیەتی ئیداری و زامنکردنی مافی پێکھاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستان بچەسپێنێ.


٤- پرۆژەکانی چاکسازی ئابوری ھەردولا بۆ بنیادنانی ئابورییەکی سەربەخۆو جێگیرکردنی بازاڕی ئازادو ھێنانەکایەی شەفافیەتی دارایی بەتایبەتی لە بواری بەرھەمھێنان و فرۆشتن و گێڕانەوەی داھاتی نەوت و گازو بەنیشتیمانیکردنی پرسی نەوت و گاز.


٥- داڕشتنەوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێم لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن.


٦- خاڵە ھاوبەشەکانی ناو پڕۆژە سیاسییەکانی ھەردولا بۆ چاکسازی.


٧- گێڕانەوەی شەرعییەت بۆ دامەزراوە شەرعییەکانی کوردستان.

میکانیزمەکانی کارکردن: ئەمانەی خوارەوە چەند میکانیزمیکن، کە دەکرێ بۆ دەستپێکردن و بەرەو پێشبردنی ڕێکەوتنەکە لەسەر ئاستە جیاکاندا پەیڕەو بکرێت:


١- پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان: پێویستە فراکسیۆنەکانمان لە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان، ھاوکاری و ھەماھەنگی یەکتر بکەن، لەسەر پرسە نیشتیمانیی و گرنگەکان و ئەگەر بارودۆخەکە لەبار بێت دەکرێت فراکسیۆنەکانمان لەژێر چەترێک کۆبکرێنەوە یان یەک بگرنەوە.


ھاوکاری و ھەماھەنگی لەسەر پرسی؛

آ- دەستوور ، سەرۆکایەتی ھەرێم و سیستەمی سیاسی، بوجەو نەوت و چاکسازی.

ب- ڕێکخستنەوەو بە دامەزراوەیی کردنی پەیوەندی لەگەڵ بەغدادو ھێز و دەوڵەتە ئقلیمی و جیھانییەکان لەسەر بنەمای نیشتیمانی و نەتەوایەتیەکان.


٢- حکومەتی خۆجێی لە پارێزگاکانی ھەرێم و ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی گەرمیان:


ا- کاری ھاوبەشی و ھەماھەنگی بۆ سەقامگیری و ئەمن و ئاسایش لە ڕێی دەزگاکانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە و ...ھتد.


ب- پڕکردنەوەی ھەموو پۆستە کارگێڕییەکان بەپێی بەرکەوتەی ھەڵبژاردن.


ج- پێداگری ھەردوولا بۆ کاری ھاوبەش بۆ جێبەجێکردنی سیستەمی لامەرکەزی لە ھەرێمی کوردستان و گێڕانەوەی ھەندێ لەو دەسەڵاتانەی براونەتە مەرکەز و ڕێگرن لە بەردەم ئاوەدان کردنەوەو دابینکردنی خزمەتگووزاری بۆ ھاوڵاتیانی ئەو ناوچانە.

٣- ڕێکخستن و ئۆرگانە حیزبییەکان: پەروەردە کردن و ھاندانی ئەندام و لایەنگرانی ھەردوولا لە ھەموو ئاستەکان بە گیانی ھاوخەباتی و کاری بە یەکەوەیی و یەک ھەڵوێستی لەسەر پرسە نیشتیمانییەکان و ھەڵبژاردنی سەندیکاو ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان.


٤- ڕاگەیاندن: کارکردن لەسەر درووستکردنی ھەڵوێستی ھاوبەش و ڕای گشتی لەسەر پرسە گرنگ و چارەنوسسازەکان کە ڕەھەندی نیشتیمانیان ھەیە.


٥- لەسەر ئاستی کوردستان: پشتیوانیکردن لە خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە بەشەکانی تری کوردستان بۆ بەدەستھێنانی مافە نەتەوایەتییەکانیان و جەختکردنەوە لەسەر چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای کورد لە ھەموو پارچەکانی کوردستان.


٣٠-٣-٢٠١٦

 

زۆرترین خوێندراوە

  • یەک ڕۆژ
  • یەک هەفتە
  • یەک مانگ

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure