سنور عومه‌ر
4472 جار بینراوە 1/3/2016 10:33 PM

سنور، دوور له‌ ئامێزى دایكى گه‌وره‌بوو به‌ڵام كاتێك كوژرا پاركى دایك له‌ئامێزى گرت



سنور میدیا-هونەر حەمید

سنور،بیست و یەک ساڵى ته‌مه‌نى دوور له‌ نازى دایكى به‌رێكرد ، به‌ڵام كاتێك له‌لایه‌ن باوكیه‌وه‌ درایه‌ به‌ر ده‌سترێژى فیشەک و كوژرا، ته‌نها پاركى دایك له‌ئامێزى گرت. 


سنور عومه‌ر ره‌زا، ئه‌و ژنه‌ ته‌مه‌ن (21) ساڵیه‌ بوو كه‌ له‌ رۆژى(2/10) ى ساڵى رابردوو له‌ نێو پاركى دایكى شارى سلێمانى له‌لایه‌ن باوكیه‌وه‌ كوژراو ، رۆژى (26/10) و دواى بیست وچوار رۆژ له‌كوژرانى له‌لایه‌ن شاره‌وانى سلێمانیه‌وه‌ و به‌ئاماده‌بوونى چالاكوانانى ژنان و رێكخراوه‌كان و بێ ئاماده‌بوونى كه‌س و كاره‌كه‌ى ئه‌سپه‌رده‌ى خاك كرا. 


هه‌رچه‌نده‌ نه‌هامه‌تیه‌كانى سنور هه‌ر له‌ منداڵیه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌ ، كاتێك له‌ته‌مه‌نى  (6)مانگى دایك و باوكى له‌یه‌كترى جیابوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و له‌ ماڵى باپیره‌ى و دوور له‌نازى دایكى و له‌ژێر چاودێرى و زه‌بر و زه‌نگى باوكى دا گه‌وره‌ ده‌بێت. 


كێشه‌كانى سنور كاتێك قوڵتر ده‌بنه‌وه‌ كه‌ ده‌چێته‌ په‌یوه‌ندى خۆشه‌ویستیه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كورێكدا و باوكى به‌م په‌یوه‌ندیه‌ ده‌زانێت ، دواتر باوكى فشار ده‌خاته‌ سه‌رى بۆ ئه‌وه‌ى زانیارى له‌باره‌ى كوره‌كه‌وه‌ پێبڵێت ، به‌ڵام ئه‌و زانیارى به‌باوكى نه‌داوه‌ بۆیه‌ فشاره‌كانى باوكى گه‌یشتووه‌ته‌ ئاستى هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتن. 


نیشتیمان جه‌مال توێژه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ رێكخراوى خانزاد له‌سه‌ر زارى سنوره‌وه‌ ده‌یگێرێته‌وه‌ ،" كه‌ دواتر سنور له‌ته‌مه‌نى (17) ساڵیدا و به‌هۆى ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ توشى گرفتى یاسایى بووه‌ و ساڵێك له‌زیندان دا بووه.‌"


وه‌كو نیشتیمان ، ئاماژه‌ى بۆ كرد دواى ئازاد كردنیشى ، سنور نه‌یتوانیوه‌ بگه‌رێته‌وه‌ و ماڵه‌وه‌ و له‌ترسى هه‌ڕه‌شه‌كانى باوكى به‌ناچارى رۆیشتووه‌ته‌ شه‌ڵته‌ر و ساڵێك له‌وێ ماوه‌ته‌وه‌. 


نیشتیمان جه‌مال وتى"سنور ئومێدى هه‌بوو شه‌ڵته‌ر جێبهێڵێت و بگه‌رێته‌وه‌ لاى خێزانه‌كه‌ى و درێژه‌ به‌ژیانى ئاسایى خۆى بدات ، بۆیه‌ ئاماده‌ نه‌بوو له‌پاى ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ى لێیكردووه‌ سكاڵا له‌سه‌ر باوكى تۆمار بكات." 


هه‌روه‌ها وتیشى"چه‌ند جارێك هه‌وڵى دا باوكى رازى بكات و بگه‌رێته‌وه‌ ماڵ به‌ڵام هه‌وڵه‌كانى بێ ئه‌نجام بوون." سنور كاتێك له‌شه‌ڵته‌ردا ژیاوه‌ هه‌میشه‌ چاوى له‌ده‌ره‌وه‌ بووه‌ و خواستى به‌سه‌ر بردنى ژیانێكى ئازادى هه‌بووه‌ ، بۆیه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى شه‌ڵته‌ر كارێکی بۆ په‌یدا ده‌كەن به‌ئومێدى رزگاربوون له‌و دۆخه‌ى كه‌ تێیدا بووه‌. 


دواى به‌رده‌وام بوونى بۆ ماوه‌ى دو مانگ له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى، كوڕێك ده‌ناسێت و هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ ده‌كات ، به‌ڵام هاوسه‌رگیریه‌كه‌ى دریِژه‌ ناكێشێت و ده‌كه‌وێته‌ بۆسه‌ى باوكیه‌وه‌ و له‌رۆژى (26/10)له‌ نێو پاركى دایكى سلێمانى ده‌كوژرێت.چیرۆكى كوژرانى سنور هاوشێوه‌ى ده‌یان چیرۆكى ترى كوژرانى ژنان و كچانى كورده‌ ، كه‌ به‌ بیانووى "ناموس"له‌لایه‌ن كه‌س و كاره‌كانیانه‌وه‌ كوژراون بێ ئه‌وه‌ى بكوژه‌كانیان سزا بدرێن. 

 

میهره‌بان ئه‌حمه‌دى پارێزه‌ر، ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد گه‌وره‌ترین كێشه‌ى سنور و كچانى ترى هه‌ڕه‌شه‌لێكراو ئه‌وه‌یه‌ ، كه‌ زۆربه‌یان راده‌ستى كه‌س و كاره‌كانیان ده‌كرێنه‌وه‌ له‌كاتێكدا هیچ یاسایه‌ك نیه‌ بۆ پاراستنى ژیانیان.

 له‌هه‌رێمى كوردستان دا به‌یاسا ژن كوشتن و ئه‌نجامدانى توندوتیژى به‌رانبه‌ر ژنان قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ ، به‌ڵام به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ى تۆمه‌تبارن به‌ كوشتن ى ژنان له‌لایه‌ن رێوشوێنى یاساییان به‌رانبه‌ر ناگیرێته‌ به‌ر

ته‌لار له‌تیف،ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، وتى"به‌ پێی یاسا كوشتنى ژنان به‌ بیانووى شه‌ره‌ف پارێزی قه‌ده‌غه‌كراوه‌ ." 


به‌ڵام ناوبراو ، ئاماژه‌ى به‌گرفتێكى گه‌وره‌ى كچان و ژنانى هه‌ڕه‌شه‌لێكراو كرد، به‌وه‌ى هیچ یاسایه‌ك بۆ چۆنیه‌تى كاركردنى شه‌ڵته‌ره‌كان و چۆنیه‌تى پاراستنى ژنانى هه‌ڕه‌شه‌ لێكراو له‌نێو شه‌ڵته‌ره‌كاندا ده‌رنه‌كراوه‌. 


به‌پێى یاسا كارپێكراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان ، كچان دواى تێپه‌راندنى ته‌مه‌نى (18) ساڵ مافى چوونه‌ نێو ژیانى هاوسه‌رگیرى و ده‌ستنیشانكردنى هاوبه‌شى ژیانیان هه‌یه‌ . 


عه‌مید سه‌ركه‌وت ماکۆک ،به‌رێوبه‌رى به‌رێوبه‌رایه‌تى توندتیژى دژ به‌ ژنان له‌ سلێمانى ده‌ڵێت"سنور 18 ساڵى تێپه‌راندبوو بۆیه‌ له‌سه‌ر داوای خۆى، رۆشتوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌شه‌ڵته‌ر و رێگه‌ى پێدراوه‌."
 گه‌وره‌ترین گرفتى چالاكوانان و رێكخراوه‌كان ژنان ئه‌وه‌یه‌ ، زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌دۆسیه‌كانى ژنان دا تۆمه‌تبارن ده‌ستگیرناكرێن ، ئه‌وه‌ش به‌هۆى پاڵپشتى لێكردنیان له‌لایه‌ن حیزب و به‌رپرسه‌كانیه‌وه‌. 


به‌هار مونزیر چالاكوانى بوارى ژنان ، پێیوایه‌ دۆسیه‌ى كوژرانى سنور زۆر جیاوازه‌ له‌دۆسیه‌كانى ترى ژنان ، به‌و پێیه‌ى ناوبراو له‌پێش چاوى هه‌موو خه‌ڵك و له‌شوێنێكى گشتیدا كوژراوه‌. 
به‌هار، روونیكرده‌وه‌ ژن كوشتن بووه‌ته‌ دیارده‌ و به‌شێوه‌یه‌كى ئاشكرا ئه‌نجام ده‌درێت ، وتى"سنور له‌لایه‌ن باوكیه‌وه‌ كوژرا ، كه‌ ئێستا به‌هۆى پشتیوانى لێكردنى له‌لایه‌ن حزبێكى ده‌سه‌ڵاتداره‌وه‌ ئازادانه‌ ده‌سورێته‌وه‌." 


له‌به‌رانبه‌رد، به‌رێوبه‌رى به‌رێوبه‌رایه‌تى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندتیژى دژ به‌ ژنان له‌ سلێمانى ، ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌وان له‌ژن كوژان خۆش بن و روونیكرده‌وه‌ بریارى ده‌ستگیركردن بۆ باوكى سنور ده‌ركراوه‌ به‌ڵام شوێنى نیشته‌جێبوونى نادیاره‌. 


عه‌مید سه‌ركه‌وت ، وتیشى"ئه‌گه‌ر بزانین باوكى سنور له‌كوێ یه‌ ده‌ستگیرى ده‌كه‌ین ، هه‌روه‌ك چۆن ئێستا هاوسه‌ره‌كه‌یمان ده‌ستگیركردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى خراپ بووه‌ له‌گه‌ڵیدا."


سنور عومه‌ر ، هاوشێوه‌ى قوربانیه‌كانى ترى كلتورى خێڵه‌كى و كۆمه‌ڵایه‌تى ، تا له‌ژیاندا بوو به‌ بێكه‌سى و دوور له‌كه‌س و كاره‌كه‌ى ژیا ، هه‌روه‌ها بێكه‌سى له‌ ساته‌وه‌ختى مردنه‌كه‌شیدا ده‌ستى له‌یه‌خه‌ى به‌رنه‌دا و دواجار له‌لایه‌ن شاره‌وانى سلێمانیه‌وه‌ نێژرا.


نیشتیمان جەمال، كاتێك باسى سنورى كرد ته‌واو دڵى ته‌نگ بوو ، وتى"سنور (24)رۆژ دواى كوژرانى ، ته‌رمه‌كه‌ى له‌ لایه‌ن شاره‌وانى و به‌ئاماده‌بوونى رێكخراوه‌كانى ژنان به‌خاك سپێردرا." 

 

 

بۆ زانینی سەرپێچی ئوتۆمبێلەکەت کلیک بکە

سلێمانی هەولێر دهۆک

ڕاپرسی

كام جۆری سیستەمی حوكمڕانی بۆ هەرێمی كوردستان دەگونجێت ؟




    
Copyright © 2015 Snur Media. Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure